رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لەو کاتەی کە لە رۆژی دووشەممەوە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە سەرووی 2140 دۆلار، تاوەکو ئەمڕۆ نەیتوانیوە نزیک بێتەوە لەو ئاستە پێوانەییە.
لەکاتێکدا رۆژی سێشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 2019 دۆلار، ئەمڕۆ چوارشەممە تەنیا یەک دۆلار بەرزبووەتەوە و لە نزیک 2020 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هۆکاری بەردەوامیی دابەزینی نرخی زێڕ لەلایەن شرۆڤەکارانەوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەهێزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکە.
پێنوێنی دۆلار کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکی دەپێوێت بەرزبووەتەوە بۆ 103.96 و ئەوەش بە هۆکاری سەرەکی دابەزینی نرخی زێڕ هەژمار دەکرێت.
داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا کە رۆژی سێشەممە بڵاوبوونەوە، ئاماژەی تێکەڵاو لەسەر ئابووری ئەمریکا لەخۆدەگرن.
لەلایەکەوە نرخی کۆفرۆشیی کە نرخی بەرهەمی کارگەکانە لە ئەمریکا زیادبووە، لەلایەکی دیکەوە ژمارەی هەلەکانی نوێی کارکردن لە مانگی رابردوو لەو وڵاتە دابەزیوە بۆ هەشت ملیۆن و 733 هەزار هەلی کار کە کەمترین ئاستییەتی لە چەند ساڵی رابردوودا.
بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئاماری نوێی بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئامارەکان کاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ دابنێن.
لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش نرخی زێڕ دابەزیوە، سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر دەڵێت، نرخەکان ئەمڕۆ چوارشەممە بەمشێوەیە دەبن:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 513 هەزارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 473 هەزارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 453 هەزارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 393 هەزارە
هۆکارێکی دیکەی بەرز و نزمی نرخی زێڕ پەیوەندی بە بەهای دۆلارەوە هەیە بەرامبەر بە دیناری عێراقی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، 100 دۆلار بە 156 هەزار و 750 دینار و لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر 100 دۆلار بە 156 هەزار و 800 دینار دەفرۆشرێت.

