رووداو - تەندروستی
زیاتر لە دوو هەفتە سەنتەری راوێژکاری بۆ نەخۆشییەکانی پێست لە سلێمانی بەهۆی نەبوونی کارەباوە داخرا، دوای بەدواداچوونێکی رووداو؛ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: ''کێشەکە چارەسەرکراوە''.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی حوزەیرانی 2024 د. محەممەد جاف، پزیشکێکی پسپۆڕ لە سەنتەری راوێژکاریی شەهید جەبار شێخ فەتاح کە تایبەتە بە نەخۆشییەکانی پێست بە رووداوی گوت، چەند رۆژێک بەبێ کارەبا دەوامیان کردووە و دواتریش سەنتەرەکە داخراوە، بەڵام ئێستا دەوام لە سەنتەرەکە ئاسایی بووەتەوە.
د. محەممەد جاف گوتیشی، لەو چەند رۆژەی کە دەوام نەبووە نەخۆشەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی شار و سەنتەری راوێژکاریی عەلی کەمال کردووە.
لەم بارەیەوە د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، کێشەی نەبوونی کارەبا لەو سەنتەرە ماوەیەکی کاتی بووە و چارەسەر کراوە.
د. هێرش سەید سەلیم ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو موەلیدەیەی بۆ سەنتەرەکە تەرخانکراوە چاکدەکرێتەوە و دەخرێتەوە کار تاوەکو هەمیشە سەنتەرەکە کارەبای هەبێت.
سەنتەری راوێژکاریی شەهید جەبار شێخ فەتاح کە تایبەتە بە نەخۆشییەکانی پێست دەکەوێتە گەڕەکی خەبات لە شاری سلێمانی و بە گوتەی ئەو پزیشکە پسپۆڕەی نێو سەنتەرەکە، رۆژانە 200 بۆ 300 نەخۆش سەردانی سەنتەرەکە دەکەن.
دانیشتوویێکی خەبات لە شاری سلێمانی بە رووداوی گوت، ''خەڵک لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان دێن بۆ ئەو سەنتەرە و بەشێکی زۆریان کەسانی کەمداهاتن و لە رێگەی دوورەوە سەردانی سەنتەرەکە دەکەن''، تەنانەت باسی ئەوەش دەکات کە سەنتەرەکە 20 رۆژە بەهۆی نەبوونی کارەباوە داخراوە.



