رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەواڵی بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی لەلایەن ئەوەوە راست نییە.
رۆژی یەکشەممە 3ـی نیسانی 2022، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەواڵی بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی لەلایەن منەوە راست نییە و من تەنیا کارەکانی وەزارەتەکەی خۆم رایی دەکەم."
ئەمە لەکاتێکدایە، زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا دەوام ناکات و بەپێی زانیارییەکانی ئەو "جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی."
زیاد جەبار ئاماژەی بەوەکردبوو، "دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کارەکانی وەزیری دارایی رایی دەکات."
بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست رووداو کەوتوون، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئێستا لە ماڵی خۆیەتی لە هەولێر و ئەمڕۆش پۆستی نووسراوەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری واژۆکردوون، بەڵام دەست لەکارکێشانەوەی خۆی داوەتە بزووتنەوەی گۆڕان و چاوەڕێ دەکات ئەم هەفتەیە وەڵام بدرێتەوە.



