رووداو- هەولێر
خولی پاییزەی پەرلەمانی کوردستان سبەی دەستپێدەکات، بەڵام ئەمڕۆ کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکان ئەنجام نەدرا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش بە رووداوی گوت "پەرلەمان شەرعیەتی ماوە، بەڵام تەوافوق شەرعیەتی نەماوە، هیچ بەرنامەیەکیش نەبووە بۆ دانیشتن و کۆبوونەوە".
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " پارتی پەرلەمان بەدوێنێ و ئەمڕۆ و داهاتووی خۆی دەزانێت و لە روانگەی پارتی پەرلەمان شەرعیەتی هەیە، بەڵام تەوافوقەکە شەرعیەتی نەماوە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هیوای خواست لە داهاتوودا وەک رابردوو مامەڵە نەکرێت و گوتی " ئومێدەوارین لەداهاتوودا بە نەفەسی رابردوو کارنەکرێت، چونکە پەرلەمان لەم خولەدا کێشەکانی ناو پەرلەمانی دەخستە ناو شەقام، کە ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی هەبوو لەسەر نێوانی لایەنەکان، لەبەرئەوە لەداهاتوو دەبێت هەوڵبدرێت بەو شێوازە کارنەکرێت".



