رووداو - هەولێر
بەپێی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر دابەشكردنی وەزارەتەكان، لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە سەرۆكایەتی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح، وەزارەتەكانی ناوخۆو پێشمەرگە دەدرێنە پارتی و وەزارەتی داراییش دەدرێتە یەكێتی.ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش-باڵی ریفۆرم دەڵێ " د.بەرهەم بۆچوار ساڵ سەرۆكی حكومەت نابێت".
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی بەرپرسی نێو یەكێتی و پارتییەوە دەست (رووداو) كەوتوون، كابینەی شەشەمی حكومەتی كوردستان لە 21 وەزارەت پێكدێت كە لەنێوان دوو لایەنەكەی لیستی كوردستانیدا دابەشدەكرێ بەشێوەیەك كە 10 وەزارەتیان بۆ پارتی دەبن و 9 وەزارەتیان بۆ یەكێتی. جگە لە دوو وەزارەت كە بۆ توركمان و مەسیحییەكان دانراوە، پارتی ویەكێتیش لەسەر دابەشكردنی سێ وەزارەتە سیادییەكە رێككەوتوون و تەنیا دابەشكردنی وەزارەتەكانی دیكە ماوە. سەرچاوەیەكی بەرپرسی پارتی لەوبارەوە گوتی "هەردوولا بەوە رازی بووین دارایی بدرێتە یەكێتی و وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەش بدرێتە پارتی".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەدا كە لیستی گۆڕان و لیستی چاكسازی بڕیاریانداوە وەك ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە، جگە لەو دوو وەزارەتەی دەدرێتە توركمان و مەسیحییەكان، سەرجەم وەزارەتەكانی دیكە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا دابەش دەكرێن. هەرچەندە هێشتا دیارنییە ئاخۆ بزووتنەوەی ئیسلامی كە خاوەن 2 كورسی و لیستی چەپەكان خاوەن یەك كورسی پەرلەمانن، بەشداریی حكومەت دەكەن یان نا، بەڵام سەرچاوە بەرپرسەكەی پارتی بەدووری زانی هیچ وەزارەتێك بدرێتە ئەو دوولایەنەو گوتی "رەنگە بەبریكاری وەزیر یان بەڕێوەبەری گشتی بەشدارییان پێبكرێت".
كابینەی نوێی حكومەت لەپاش راسپاردنی د.بەرهەم ساڵح لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، لەماوەی 20 رۆژدا پێكدێت. سۆزان شەهاب، گوتەبێژی لیستی كوردستانی لەوبارەوە بۆ(رووداو) گوتی "پەرلەمانی كوردستان رۆژی 1/9/2009 یەكەمین دانیشتنی خولی نوێ دەستپێدەكات، ئەوكات ئێمە پاڵێوراوی سەرۆكایەتی حكومەت دەستنیشان دەكەین و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بۆ پێكهێنانی حكومەت رایدەسپێرێ، بەڵام دیار نییە كەی كابینەی نوێ بەفەرمی رادەگەیەندرێت".
جەمال محەممەد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی –باڵی ریفۆرم وبەرپرسی پێشووی مەڵبەندی دەرەوە لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) گومان لەوە دەكات پۆستی سەرۆكی حكومەت بدرێتە یەكێتی بۆ ماوەی چوار ساڵ " د.بەرهەم چوار ساڵ سەرۆكی حكومەت نابێت، بۆ راستكردنەوەی باری گلاوی یەكێتی بۆماوەیەك سەرۆكی حكومەت دەدرێتە یەكێتی، نازانم ماوەكەی چەندە بەڵام ماوەیەكی زۆر نییە".