PKK ئاگربەستی كۆتایی پێ هێنا و ئۆجەلان درێژی كردەوە
هێمن خۆشناو
تایبەت بە رووداو
پارتی كرێكارانی كوردستان PKK، سەرەتای ئەم مانگە كۆتایی بەو ئاگربەستە یەكلایەنەیەی هێنا كە لە 1/8/2010ەوە بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی توركیا لە 12/6/2011 رایگەیاندبوو. بەڵام رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئۆجەلان رایگەیاند دەبێ تاوەكو نەورۆز بەردەوام بێت.
بۆ جاری هەشتەم لەساڵی 1993وە، PKK یەكلایەنە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو ئاگربەستی یەكلایەنەی راگەیاندەوە، وەك زەمینەسازییەك بۆ حكومەتی توركیا تاوەكو بەڵێنەكانی لەبارەی چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد جێبەجێبكات. بەڵام بەر لە وادەی دەستنیشانكراو بۆ كۆتایی ماوەی ئاگربەست، PKK لەگەڵ دەستپێكی مانگی ئاداردا رایگەیاند كە كۆتایی بەئاگربەست دێنێ و دەست بە بەرگری لەخۆ كردن دەكات ، چونكە حكومەت هیچ هەنگاوێك ناهاوێژێ، بەڵام رۆژێك دوای ئەو راگەیاندنەی PKK ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری PKK لەكاتی چاوپێكەوتنی لەگەڵ پارێزەرانی لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی لەڕۆژی 2/3/2011 رایگەیاند كە ئەوان تاوەكو نەورۆز رادەوەستن" لە توركیا هەمان زەمینە هەیە. ئەگەر بخوازین دەتوانین پرۆسەیەكی بەهەمان شێوە دەست پێبكەین. توانا و پشتگیری جەماوەریمان لە میسر، توونس و باشووری كوردستان زیاترە. تاوەكو نەورۆز رادەوەستین و چاوەڕێی هەڵوێستی حكومەت دەكەین. ئێمە وای بۆ دەچین ئەگەر پەشێوی بەم شێوەیە تاوەكو حوزەیران بێنە پێشەوە ئەوا بنچینەی چارەسەری ئاستەنگ دەكەن . پێویستە لەم قۆناغەدا دەوڵەت بەشەڕی گەورە بێزار نەكرێت. چونكە پێمانوایە هێشتا هیوای چارەسەری ماوە".
پرۆفیسۆر باسكن ئۆران، مامۆستای زانكۆ لە توركیا كە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەماندا لەساڵی 2007 پاڵێوراوی پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDP بوو، لەبارەی بڕیاری PKK بۆ كۆتایی هێنان بە ئاگربەست گوتی " حكومەت لەجیاتی هەنگاونان بەرەو چارەسەری، خۆدزینەوەو بێدەنگی لەبەرامبەر كێشەی كورد هەڵبژارد، بۆیە بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئاگربەست پەیوەندی بە رەفتاری حكومەتەوە هەیە".
دۆزدار حەمۆ، گوتەبێژی هێزی پاراستنی گەل HPG جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە ئامانج لە بڕیاری ئاگربەستی هەشتەمیان جەختكردنەوەبوو لەسەر پێشاندانی نیازپاكی بۆ چارەسەری ئاشتیانە. لەوبارەوە بۆ (رووداو) گوتی: "ئاواتی هەموو لایەك ئەوە بوو كە دەوڵەت ئەمجارە هەنگاوی ئەرێنی بنێ. بەڵام لەجیاتی ئەوە تەنیا بە زمان گوتی كورد هەیە و دەتوانن لە ماڵەوە بە كوردی قسەبكەن، بەڵام مافتان نییە داوای خوێندن بە زمانی كوردی بكەن و بڵێن ئێمە نەتەوەی دووەمین لە توركیا. وەك خەڵكی ئەم وڵاتە دەتانناسین، بەڵام مافی داوكاری سیاسیتان پێنادەین".
بەڵام سڕی ساكیك پەرلەمانتاری BDP لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ كەناڵی (گوڤەن تیڤی) توركی، هۆكاری سەرەكی بڕیارەكەی بۆ بەبنبەست گەیشتنی گفتوگۆكان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی گەڕاندەوە "ماوەی ساڵێكە لەگەڵ بەڕێز عەبدولڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی گفتوگۆ دەكرێ، بەڵام گفتوگۆكان لەم دواییە گەیشتنە بنبەست. ئەگەر گفتوگۆ لە ئیمرالی لەسەر رێچكەی گەیشتن بە چارەسەری درێژەی پێدرابا، PKK ئەو بڕیارەی نەدەدا".
بەر لە بڕیاری PKK لەمەڕ كۆتاییهێنان بە ئاگربەست، میدیاكانی توركیا، بەتایبەت ئەوانەی نزیك لە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار AKP ، پێداگیرییان لەسەر ئەوە دەكرد كە AKPلە هەڵبژاردنی داهاتوودا رێژەی دەنگەكانی لەناوچە كوردییەكان دەپارێزێ و لەهەمانكاتدا لە رۆژئاوای توركیا قەڵاكانی MHP بەدەستدێنێ و دەتوانێ رێژەی 50%ی هەموو دەنگەكانی توركیا ببات. ئەمەشیان وەك لێدانێكی كوشندە لە PKK و BDP لە قەڵەم دەدا، هەربۆیە ئەم بڕیارەی ئێستاش بەو راستییەوە دەبەستنەوە.
پڕۆفیسۆر و شارەزای كێشەی كورد یاسین ئاكتای لە زانكۆی سەلجوق لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو)، پێیوایە چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا بووەتە راستییەك و خەڵك باوەڕی پێكردووە. ئەوەش بەبڕوای ئەو بە زیانی PKK دەشكێتەوە، یان PKK لاوازی خۆی لەم پێشكەوتنەدا دەبینێتەوە "بەتایبەتی ئەمڕۆ هەردوو رەوتی نەتەوەپەرستی كوردی و توركی كە یەكێكیان BDP و ئەوەیتریان MHP نوێنەرایەتی دەكات، بەرەو لاوازی دەچن. هەموو راپرسییەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە MHP ناتوانێ رێژەی 10%ی چوونە پەرلەمان تێپەڕێنێ، بەڵام ئەگەر شەڕ دەست پێبكاتەوە ئەوا MHP دەتوانێ تێیپەڕێنێ. بۆیە PKK هەوڵدەدات هاوسەنگییەكان بە پەنا بردن بۆ چەك بگۆڕێت".
نووسەری تورك، محەممەد ئاڵتان، بەشێوەی ئاكتای پێیوایە بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئاگربەست، هەوڵێكە بۆ گۆڕینی هاوسەنگییەكان بەر لە هەڵبژاردن "ئەو لایەنانەی هەستدەكەن پرۆسەی هەڵبژاردن بە بەرژەوەندی ئەوان ناڕوات، هەوڵدەدەن جڵەوی ئاراستەكان بگرنە دەست".
PKK لە بەیاننامەی كۆتاییهاتنی ئاگربەست، جەخت لەوە دەكاتەوە كە چیدی واتای ئاگربەست نەماوە، بۆیە لەمەودوا ئەوان تەنیا سەنگەری بەرگریكردن دەگرنەبەر و چاودێری هەنگاوەكانی حكومەت دەكەن. كە ئەمەش بەڕای زۆر لە چاودێران نەرمی تێدا بەدیدەكرێ و ئەگەر لایەنی بەرامبەر چەند هەنگاوێك بگرێتەبەر، بۆی هەیە رێگە لە روودانی شەڕ بگیرێ. گوتەبێژی HPG لەوبارەوە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان لەم قۆناغەدا تەكتیكی راپەڕینی جەماوەری دەگرنەبەر"تەكتیكی سەرەكی ئێمە لەم قۆناغەدا راپەڕینی جەماوەرییە، بەڵام ئەگەر دەوڵەت و حكومەت هێرش بكەن، یان بخوازن رێگە لە كورد بگرن بۆ ئەوەی داواكانیان لە كۆبوونەوەی جەماوەری بێننە زمان، ئەوا تەكتیكی بەرگری چەكداری دەبێتە رێگەیەكی ناچاری، چونكە ئێمە بەرخ نین تاوەكو سەری خۆمان بۆ چەقۆ دابێنین".
پرۆفیسۆر باسكن ئۆرانیش، پێیوایە زمانی بەیاننامەكەی PKK زۆر نەرمە و دەتوانرێ رەوشەكە وەك پێش 1ی ئاداری لێبكرێتەوە:"ئەگەر دادگا رێگە بداتە زیندانیانی دۆسیەی KCK، تاوەكو بەزمانی كوردی بەرگری لە خۆیان بكەن، كە پێموایە دادگا ئەم رێگایە لە داهاتووی نزیكدا دەگرێتەبەر، ئەوا رەوشەكە ئاسایی دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە دۆخی پێش 1ی ئادار".




بۆچوونی خۆت بنووسه