Rudaw
كوردي | Kurdî | English | Türkçe | عربي
پەخشی راستەوخۆ     راستەوخۆ رادیۆ رووداو میوزیك

کوردستان

قەڵای سوور شوێنەوارێکی مێژوویی رۆژهەڵاتی کوردستانە

لەلایەن فەلاح رەحیمی 4/8/2015
2953 ژمارەی بینین

رووداو- رۆژهەڵاتی کوردستان

قەڵای سوور شوێنەوارێکی مێژوویی کە لە نیزیک شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. ئەم شوێنەوارە مێژووییە، بۆ سەدەی هەشتی کۆچی مانگیی و سەردەمی دەسەڵاتداریەتی بابانەکان دەگەڕێتەوە.


ئەنوەر رەوشەن نووسەر و لێکۆڵەر لەبارەی قەڵاکەوە دەڵێت:" ئەم قەڵایە سەرەتا ناوەندێکی زانستیی بووە بۆ خوێندن و دواتر پاش باڵداکێشانی دینی ئیسلام، وەک مزگەوت کەڵکی لێوەرگیراوە، کەسانێک وەک مەلا قوتبەدین و مەلا ئەبووبەکر لیرەدا وانەی ئایینیان بە شاگردەکانیان گوتوەتەوە".

ئەنوەر رەوشەن هەروەها گوتی:" چەند مانگ پێش ئاسەوارناس (محەممەد مەعسوومیان) داوای لە زانکۆی تاران کرد کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم ئاسەوارە مێژووییەبکرێت، لە هاوینی ئەمساڵدا، کۆمەڵێک لە ئاسەوار ناسان ماوەی 40 رۆژ دەستیاندایە لێکۆڵینەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەم قەڵایە".

محەممەد مەعسوومیان ئاسەوارناس لەبارەی قەڵاکە و ناوەکەیەوە دەڵێت:" ئەم قەڵایە بە خشتی سوور بینا کراوە، رەنگە ناوەکەی لە پێکهاتەو رەنگەکەی وەرگیرابێت، دەستەی لێکۆڵەران پێیانوایە کە سەردەمانێک بە هۆی بوومەلەرزەوە رووخاوە، قەڵای سوور ساڵانێکە لە لایەن حکومەتەکانەوە پشتگوێ خراوە".

مەعسوومیان هەروەها دەڵێ:" لەژوورێکی ئەم قەڵایەدا چەندین ئێسک دەبینرێت کە هێشتا دیار نیە هی چ بوونەوەرێکەو بۆ کەی دەگەڕێتەوە. گرفتی ئێستای ئەم ئاسەوارە مێژووییە، نەبوونی بوودجەی پێویستە بۆ پاراستن و خێراتر ئەنجامدانی کارەکانی کە بە وتەی گرووپی لێکۆڵەر ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە بە هۆی بارشتەکان یان بوومەلەرزەیەک، لە ناوبچێت".

مەریوان شارێکی رۆژھەڵاتی کوردستانە کە ناوەندی شارستانی مەریوانی پارێزگای سنەیە.

مەریوان لە باکوورەوە هاوسنووری سەقزەو لە رۆژھەڵاتیشەوە هاوسنووری شاری سنەی ناوەندی پارێزگای سنەیە.

مەریوان لە رۆژئاواوە تەنیا16 کیلۆمەتر لە سنووری باشماخ کە لە خاڵە سنوورییە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستانە دوورە و ئەمە بووەتە ھۆی گەشەی ئابووریی دانیشتووانی ئەم شارە. 

دەریاچەی زرێبار و نزیکبوون لە ناوچەی ھەورامان کە دوو ناوچەی گەشتیارین بوونەتە ھۆی بەناوبانگ بوونی ئەم شارە. بە پێی ئامارەکانی ساڵی2011 مەریوان زیاتر لە 100 و 15 هەزار کەس دانیشتووی ھەبووە. زاراوەی سەرەکیی دانیشتووانی سۆرانییە ھەروەھا ژمارەیەکیش ھەورامیی تێدایە.

Copyrights 2019 Rudaw. All rights reserved©"