Rudaw
كوردي | Kurdî | English | Türkçe | عربي
پەخشی راستەوخۆ     راستەوخۆ رادیۆ رووداو میوزیك

جیهان

چوار كورد سوپرایزێكی خۆش پێشكەشی كەنەدییەكان دەكەن

لەلایەن رووداو 18/1/2015
4125 ژمارەی بینین
 چوار كورد سوپرایزێكی خۆش پێشكەشی كەنەدییەكان دەكەن
یەكێك لە تابلۆكانی پێشانگاكە

ئاڤا هۆما
رووداو- كەنەدا

پێشانگایەكی هونەریی چوار كوردی نیشتەجێی كەنەدا لە پرسی "شوناس" دەڕوانێت و لەوە دەكۆڵێتەوە كە كوردبوون لە كەنەدا چۆنە. كەنەدییەكانیش كاری ئەو چوار هونەرمەندە وەك "سوپرازێكی خۆش" دەبینن.

نیگاركێش دارا ئارام، فۆتۆگرافەر هەندرێن چالاك، هونەرمەند خەدیجە بەكر و مامۆستای هونەری دانس فەتحی كەراكەجلی كە هەموویان كوردی باشووری كوردستانن و لە كەنەدا دادەنیشن، هەفتەی رابردوو كارەكانیان لە گەلەری سیدار ریچ لە تۆرۆنتۆ لە پێشانگایەكی یەك هەفتەییدا نمایش كرد.

ئارام كە رێكخەری پێشانگاكەش بوو، بە (رووداو)ی راگەیاند كە ئەو ستایلی ئەكریلیك و ئەنكاوستك لە تابلۆكانیدا بەكاردەهێنێت و ئەو تابلۆیانەی بە تایبەتی بۆ ئەو پێشانگایە نەخشاندووە.
"من ئێكسپرێشنی فەرمی و وتاری سیاسی تێكەڵ دەكەم" ئارام وا دەڵێت. ئەو پێیوایە دەربڕینی ئیستاتیكی گرنگیی زۆری بۆ ئاشتەوایی جیهانی هەیە. ئەو سوود لە فۆتۆگرافی و پەیكەرتاشی وەردەگرێت بۆ ئەوەی بەهرەكانی خۆی نمایش بكات.

نەخشەكانی كە وێنای منداڵی كورد دەكەن لە چوار جێگەدا نمایش كراون و تابلۆكانی ئەوە نیشان دەدەن كە چۆن نەوەی نوێ تەنیا سروشت پارێزگارییان لێدەكات. "چەند جارێك پێشتر كاری هونەریم تێكەڵ بە سیاسەت كردووە، هەرچەندە كە ئەوە بواری سەرەكی منیش نییە". هەروەها دەڵێت "ئەم پێشانگایەم بۆ ئەوە رێكخست تاوەكو لە رێگەی هونەری سەردەمەوە هونەردۆستانی كەنەدا لە كەلتور و مێژووی كورد نزیكتر بكەمەوە".

كراكەجلی لە نمایشێكی دانسی پێشانگاكەدا ئاگری بەكارهێنا و دانسەكەی بە ژمارەیەك لە تابلۆكان و هەیكەلێكی پەرستگای ئێزدی تێكەڵ كرد بۆ ئەوەی كە خەباتی كورد وێنا بكات و هیوای خۆشبەختی بۆ هەرچوار پارچەكەی كوردستان بنێرێت.

"پێموایە باشترین شێوە بۆ نمایشكردنی شوناسی كورد ئەوەیە كە رێگە بدەیت دەنگی كوردی ئێزدیی شنگال ببیسترێ و بەرخۆدانی كۆبانی پێشان بدەیت" كاراكجلی وا دەڵێت. ئەو جلێكی بە رەنگ و نەخشی تاوس لەبەردا بوو، ئەو باڵندەیەی كە لە ئاینی ئێزدیدا رێزی زۆری لێدەگیرێت. كوردی ئێزدی لە باشووری كوردستان و عێراق زۆرترین چەوساندنەوە و كوشت و بڕیان لەسەر دەستی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بینی.

یەكێك لە كارەكانی ئارام لە ناوەڕاستی ژووری سەرەكی گالەرییەكدا نمایشكراوە. ئەو كارەی ئارام هەیكەلێكی بچووكی پەرستگای لالش بوو كە بە چوار پۆستاڵ دەورەگیراوە، لەسەر هەریەك لە پۆستاڵەكانیش وێنەی ئاڵای عێراق و ئێران و توركیا و سوریا هەیە، وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەو دەوڵەتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشبووە.

بەلای خەدیجە بەكرەوە، شوناس "بریتییە لە مەترسییەكانی وڵات و چەوساندنەوە و شوێنگۆڕكێ و یادەوەری" ئەو  تێكستایڵ، دەنگ، ڤیدیۆ، چیرۆك گێڕانەوە، نمایش و هونەری دیجیتاڵی تێكەڵ بەیەك دەكات و كاری هونەری لێ دروست دەكات.

كارەكانی ئەو بینەر تێكەڵ بە هونەرەكەی دەكات و بەشدارییان پێدەكات. یەكێك لە ڤیدیۆكانی "گۆرانی نیشتیمان" وا لە بینەر دەكات كە ئەزموونی نووسینی نامە بۆ نیشتیمان بكەن. ئەو كارەی لە كاتێكدا دروستكردووە كە دووگیان بووە و هەوڵی ئەوەی دەدا یادەوەرییەكانی نیشتیمانی رابردووی لەگەڵ ئەزموونی جێگیربوون لە نیشتیمانێكی تازەدا یەكبخاتەوە و پەناگەیەك بۆ منداڵە هێشتا لەدایك نەبووەكەی مسۆگەر بكات.

هەندرێن چالاك 40 ساڵە كوردستانی بەجێهێشتووە و بە ئەمریكای باكوور و ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەڕاوە و كاری فۆتۆگرافی تێدا كردوون. فۆتۆكانی لە پێشەنگاكەدا سروشت و ژیانی كوردستان نمایش دەكەن. ئەو وێنەی منداڵانی كوردستان لە كاتێكدا كە بەسەر رێگای خۆڵیندا رادەكەن، پیاو لەكاتی گفتۆگۆدا و هەروەها وێنەی ئامێری مۆسیقی و فەرش دەخاتەڕوو.

شەهریار جەمشیدی، كوردێكی دانیشتووی تۆرۆنتۆ كە ژەنیاری كەمانچەیە، پێشەنگاكەی بە پارچەیەك مۆسیقای خۆی كە بەشێك بوو لە مۆسیقای "فرمێسكەكانی شنگال" كردەوە. جەمشیدی دەیەوێت دەنگی ئێزدییەكانی كوردستان بەمشێوەیە بەرز بكاتەوە.

بینەرانی كەنەدی بە گەرمی پێشوازییان لەگەلەرییەكە كرد و بە "سوپرایزێكی خۆش" وەسفیان كرد.
ئارام دەڵێت "ئەو كەسانەی كە سەردانی پێشەنگاكەیان كرد، ئاشنای كەلتوورێكی نوێ بوون". ئەو دەڵێت "ئەوان پێیانوابوو كە پێشانگاكە كەلتوورێك پێشان دەدات پێشتر ئاشنای نەبوون، سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئەوان هێشتا بە بینینی دانس و ڤیدیۆكان و بیستنی مۆسیقاكە دڵخۆش بوون".

Copyrights 2019 Rudaw. All rights reserved©"