رووداو-هەولێر
بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی پارێزگای سنە دەڵێت، پارێزگاکە دەتوانێ گازی سرووشتی بۆ هەرێمی کوردستان هەناردە بکات.
ئەحمەد فیعلەگەری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی پارێزگای سنە رایگەیاند، بە هەوڵی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران ئێستا 100%ی دانیشتووانی شارەکان و 78.5%ی دانیشتووانی گوندەکان لە پارێزگای سنە گازیان بۆ رۆیشتووە و بەگشتی 96.4%ی پارێزگاکە گازیان هەیە.
فیعلەگەری هەروەها جێبەجێکردنی پرۆژەی هێڵەکانی گواستنەوەی گاز بۆ پارێزگا و دەرەوەی پارێزگای سنەش بە یەکێک لە بەرنامەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران باس دەکات و دەڵێ: ئێستا 320 کیلۆمەتر لە هێڵی سەرانسەریی گواستنەوەی گازی ئێران بە پارێزگای سنەدا تێدەپەڕێ و ئەمەش دەرفەتێکە کە دەتوانێ بوار بۆ هەناردەکردنی گاز لە پارێزگای سنەوە بۆ هەرێمی کوردستان خۆش بکات.
فیعلەگەری جەختی لەوە کردەوە کە لە هەردوو شاری مەریوان و سەقزەوە بواری پێویست بۆ گواستنەوەی گاز بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و هیوای خواست بە رەخساندنی ئەو دەرفەتە کۆمپانیای گازی پارێزگای سنە بتوانێ پشکێکێ هەبێ لە بازرگانیی جیهانیی گازدا.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان