رووداو - هەولێر
ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3 هەزار و 656 کەس بەمەبەستی بەجێهێنانی فەریزەکانی حەجکردن بەرەو عەرەبستانی سعودیە بەڕێکەوتوون، تێچووی حەج ئەمساڵ زیاترە لە ساڵانی رابردوو، ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەوەیە کە سعودیە لە خزمەتگوزارییەکانی حەجدا ئەنجامی داون.
سەبارەت بە تێچووی حەج لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەنێوان 4000 - 5000 دۆلارە، لەو بڕە پارەیە 36٪ ی پارەکە پێش هاتنی وەرزی حەج دەدرێت، 64٪ ی دوای گەیشتنی حاجیان دەدرێت. 40% ی ئەو پارەیە بۆ کەرتی هوتێل و شوێنی نیشتەجێبوون دەچێت، 15% ی بۆ کڕینی دیاری و 10% ی بۆ کڕینی خۆراک.
تێچووی حەج لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت، کەمترینیان سعودیەیە کە 900$ تا 2000 دۆلاری تێدەچێت، زۆرترینیش قەتەرە کە 20 تا 50 هەزار دۆلاری تێدەچێت.
داهاتی حەج بۆ سعودیە نزیکەی 5 ملیار دۆلارە کە یەکسانە بە کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، پێشبینیش دەکرێت تا ساڵی 2022 ژمارەی حاجیان بگاتە 3 ملیۆن و 350 هەزار کەس.
هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە 1.4 ملیۆن ئاژەڵ بکرێنە قوربانی، کە 1.5 ملیار ریال داهاتی بۆ سعودیە دەبێت.
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف پێشبینی دەكات ساڵانە نزیكەی شەش ملیۆن دۆلار لەلایەن هاووڵاتیانی كوردستانەوە بدرێتە هەندێك كۆمپانیای حەج و عومرە بۆ كڕینەوەی حەج، لەكاتێكدا ئەو كەسانە روكنەكانی حەجیش جێبەجێ ناكەن. ئەندامێكی لیژنەی فتوای پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت "بەشێكی زۆری پارەی كڕینەوەی حەج بەهەدەر دەڕوات".
هەندێك لەو كەسانەی لە كوردستان حەج دەكڕنەوە نزیكەی 800 دۆلار دەدەنە خاوەنی كۆمپانیاكان، ئەوانیش رەنگە 300 دۆلارێك بە كەسێكی عەرەب بدەن، كە ئەویش تەنیا وەرەقە و مۆرێك دەداتەوە كۆمپانیاكە، لەكاتێكدا هیچ روكنێكی حەجەكەشی بۆ ناكات، بە هەموو كۆمپانیاكان ساڵانە نزیكەی شەش ملیۆن دۆلار بەوشێوەیە پەیدا دەكەن، لەكاتێكدا حەجەكەش وەك پێویست ناكرێت.



