وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

ئابووری

"عێراق دەتوانێ‌ لەجیاتی ئێران غاز لە سلێمانی بكڕێ‌"

لەلایەن رووداو 11/4/2018
 حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی فراوانکردن و زیادکردنی توانای پاڵاوگەکانی کەڵەک و بازیانی راگرتووە. فۆتۆ: رووداو
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی فراوانکردن و زیادکردنی توانای پاڵاوگەکانی کەڵەک و بازیانی راگرتووە. فۆتۆ: رووداو

رووداو - هەولێر

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێنەوە، هەوڵی فراوانكردنی سنووری ئۆتۆنۆمی خۆی داوە و هەنگاوی بەرەو سەربەخۆیی ناوە. نەوت و غاز دوو فاكتەری سەرەكی بوون لەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێوخۆیی پەرەبستێنێ و لەسەر ئاستی ناوچەییش پێگەیەكی نوێ وەربگرێت. پەیمانگای وزەی عێراق لە راپۆرتێكی تێر و تەسەلدا لایەنەكانی كەرتی هایدرۆكاربۆنی هەرێمی كوردستانی شیكردووەتەوە كە لێرەدا پوختەیەكی دەخەینە روو.

 راپۆرتەكە بەشێوەیەكی سەرەكی جەخت لەوە دەكاتەوە كە بێ گۆڕانكاریی جەوهەری لە ستروكتوری كەرتی وزە و پێكهاتە و پلانی ئابووریی هەرێمی كوردستان، ناكرێ چاوەڕێی گەشەی زیاتری ئەو كەرتە لە داهاتوودا بكرێ. 

 
غازی سلێمانی دەتوانێ‌ ببێتە دەرفەتێك بۆ نزیكبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان لە بەغدا

یەدەگ و سەرچاوەكان

گەڕان و دۆزینەوەی كێڵگەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان بە جۆرێك خێرا و بەربڵاوبوو كە لەسەر ئاستی جیهاندا بە یەكێك لە بەرزترین ئاستەكانی گەڕانی سەرچاوەكانی وزە لە جیهاندا لەقەڵەم دەدرا. تاوەكو 2005 بیست هەڵمەتی گەڕان و هەڵسەنگاندنی بیرە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستاندا تۆمار كرابوون، لە نێوان ساڵانی 2005 تاوەكو ئەیلولی 2014 (كە قەیرانی نرخی نەوت بە تەواوەتی دەركەوت) 160 هەڵمەتی دیكەی گەڕان بەڕێوەچوون. 

وەك راپۆرتەكە دەڵێت، مەزندەی جیاواز بۆ یەدەگی نەوتی كوردستان هەیە و ئەو مەزندانەش بەردەوام گۆڕانیان بەسەردا دێت. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی نەوتی یەدەگی كوردستانی بە 45 ملیار بەرمیل دانابوو، بەڵام لە ئایاری 2015 مەزندەكەی بۆ 70 ملیار بەرمیل بەرز كردەوە. بە بۆچوونی ئامادەكاری راپۆرتەكە ئەم ژمارەیە هیچ بناغەیەكی تەكنیكیی نییە، ئینجا ئەو ژمارەیە نەوتی یەدەگی ناوچە كێشەلەسەرەكانیش دەگرێتەوە كە چیدی لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نین.

ساڵی 2000 فەرمانگەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریكا بڕی نەوت و غازی شلی نەدۆزراوەی كوردستانی بە 41 ملیار بەرمیل خەمڵاند، بڕی غازی سروشتی كوردستانیشی بە 54 ملیار پێ سێجا مەزندە كرد. بەگوێرەی راپۆرتی كۆمپانیاكان و راپۆرتەكانی حكومەت، بڕی نەوتی یەدەگی پشتڕاستكراوەی هەرێمی كوردستان 6.7 ملیار بەرمیلە.
 
كۆتایی ساڵی رابردوو قەرزەكانی كوردستان گەیشتبوونە 25 ملیار دۆلار

راپۆرتەكەی پەیمانگەی نەوتی عێراق بە پشتبەستن بە راپۆرتی 2015ی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە یەدەگی غازی پشتڕاستكراوەی كوردستان 25 ترلیۆن پێ سێجایە، بەگوێرەی راپۆرتەكە چانسی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوە و پەرەپێدانی سەرچاوەی نوێی غازی سروشتی زیاترە لە هی نەوت، بەو پێیەش كە سەرچاوە غازییەكانی هەرێمی كوردستان پاكن (واتە تێكەڵاو بە سەرچاوەی نەوتی نین)، كاركردن و كۆنتڕۆڵكردنیان لە سەرچاوە غازییەكانی عێراق ئاسانترە.

خشتەی كێڵگە سەرەكییەكانی غاز و نەوتی هەرێمی كوردستان:

ژێرخانی وزەی كوردستان:

كاتێك لە ساڵی 2005 حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە پەرەپێدانی ژێرخانی هایدرۆكاربۆن كرد، ژێرخانی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكجار سنووردار بوو. بەڵام لەو كاتەوە ژێرخانەكە بەجۆرێك گەشەی كردووە كە بەشی بەرهەمی پیشەسازیی وزەی كوردستان دەكات.
بەڵام گەشەی ژێرخانی هایدرۆكاربۆنی كوردستان لە 2015ەوە خاو بووەتەوە، ئەمەش بۆ نەمانی بودجە و شەڕی دژی داعش دەگەڕێتەوە. 
 
 كوردستان دەتوانێ ببێتە هەناردەكارێكی سەرەكیی بەرهەمە نەوتییەكان

سەبارەت بە بۆڕییە نەوتییەكەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەندەری جەیهان لە توركیا، ئەم بۆڕییە لەسەر كاغەز توانای گواستنەوەی 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێكدا، بەڵام تێكچوونی بەردەوامی هەندێك لە بەشەكانی و چاكنەكردنەوەیان، توانای ئەو بۆڕییەی بۆ تەنیا 500 بۆ 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزاندووە. راپۆرتەكە دەڵێت ئەگەر بڕیار بێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرزبكرێتەوە (وەكو لە رێككەوتنەكەی رووسنەفت و كوردستاندا هاتووە)، ئەوە بۆڕییەكان پێویستیان بە چاككردنەوەیە، بەڵام بۆ ئێستا پێویست نییە، تەنانەت ئەگەر بڕیار بێت بەرهەمی نەوتی كەركووكیش بگەڕێتەوە ناو ئەو بۆڕییە.
 
هەولێر لەگەڵ بەغدا رێكنەكەوێ‌، ناتوانێ‌ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بكاتەوە

ئاستی بەرهەمهێنان، داوا و هەناردەی نەوت

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە تشرینی دووەمی 2016 وە هیچ ژمارەیەكی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی كوردستانی بڵاونەكردووەتەوە. لە راپۆرتەكەی 2016دا ئاستی بەرهەمهێنان 597 هەزار و 587 بەرمیل لە رۆژێكدا بووە، جیا لەمە كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتیش رۆژانە 64 هەزار و 102 بەرمیلی لە كەركووك بەرهەمهێنابوو. 

ئەوكات رۆژانە 587 هەزار و 646 بەرمیل هەناردە دەكرا و 64 هەزار و 102 بەرمیلش رەوانەی پاڵاوگەكانی نێوخۆ دەكران. ئاستی هەناردەكردن بۆ بەندەری جەیهان لە ئەیلولی 2017 بریتی بووە لە 583 هەزار و 600 بەرمیل لە رۆژێكدا، بەڵام بەهۆی كەوتنی كەركووكەوە ئاستی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەرە توركییەكە لە كانوونی یەكەمی 2017 بۆ 275 هەزار و 575 بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزی. 

بەگوێرەی راپۆرتەكە، بازاڕە سەرەكییەكانی نەوتی كوردستان لە باشووری ئەوروپا هەڵكەوتوون، واتە یۆنان، ئیتاڵیا، كرواتیا و ئیسپانیا. گواستنەوەی نەوتی كوردستان بۆ قوبرس و ئیسرائیلیش بەشێوازی دیكە دەكرێت. 

راپۆرتەكە جەخت لەوەش دەكاتەوە كە پێگەی دارایی لاوازی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكارێكە بۆ ئەوەی نەتوانێت پارە بخاتە نێو پەرەپێدانی ژێرخانی غاز (هەرچەندە رووسنەفت لەوانەیە ئەو پارەیە تەرخان بكات)، یان پارەی كۆمپانیاكان بە تەواوەتی و لە كاتی خۆیدا بدات، هەموو ئەوانەش بەربەست بۆ وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی بەرهەمهێنان دروست دەكەن، بۆیەش راپۆرتەكە پێشبینی دەكات بەرهەمهێنانی راستەقینەی كوردستان لە خوارەوەی ئەو ئاستە بێت كە باس دەكرێت.
 
چانسی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوە و پەرەپێدانی غازی سروشتی زیاترە لە نەوت

هەرێمی كوردستان دوو پاڵاوگەی سەرەكی هەیە كە یەكەمیان پاڵاوگەی كەڵەكە و توانای پاڵاوتنی رۆژانە 100 هەزار بەرمیلی هەیە. بەپێی پلانێك، دەبوو لە ساڵی 2018 تواناكەی بۆ 175 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز بكرێتەوە. دووەم پاڵاوگەش لە بازیانە كە توانای پاڵاوتنی 34 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێكدا، بەپێی پلانەكە، دەبوو توانای پاڵاوتنی رۆژانەی ئەو پاڵاوگەیەش ئەمساڵ بۆ 100 هەزار بەرمیل بەرز بكرێتەوە. بەڵام پلانی فراوانكردنی توانای هەردوو پاڵاوگەكە راگیراوە و چاوەڕێش ناكرێ دەست بە جێبەجێكردنی بكرێتەوە. 

جیا لەم دوو پاڵاوگە سەرەكییە، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا نزیك 150 پاڵاوگەی بچووك هەن كە توانای پاڵاوتنی رۆژانەی هەموویان 145 هەزار بەرمیل نەوتە. بەو پێیەش كۆی توانای پاڵاوتنی نەوتی هەرێمی كوردستان 284 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا. ساڵی 2015 وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پڕۆژەی دروستكردنی سێ‌ پاڵاوگەی لە دهۆك، سلێمانی و هەولێر خستە نێو تەندەرەوە، كە كۆی توانای رۆژانەی پاڵاوتنی هەرسێكیان نزیك 150 بەرمیل بوو. بە گوێرەی ئەو راپۆرتەكە ئەگەر ئەو سێ پڕۆژەیە زیندوو بكرێنەوە ئەوە كوردستان لە درێژخایەندا دەبێت بە هەناردەكارێكی سەرەكیی بەرهەمە نەوتییەكان.
 
بازاڕی وزەی توركیا تاكە بازاڕی غازی كوردستان دەبێت

بەرهەمهێنان، خواست و هەناردەكردنی غاز

بەرهەمهێنانی غازی سروشتیی هەرێمی كوردستان لە نێوان 3 بۆ 4 ملیار مەتر سێجایە كە ئێستا هەمووی بۆ بەكارهێنانی نێوخۆیی تەرخانكراوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە زووەوە تموحی هەناردەكردنی غازی بۆ توركیا لەسەردا بووە. بەپێی رێككەوتنەكەی 2013، حكومەتی هەرێم دەبووایە لە 2017دا بتوانێت 4 ملیار مەتر سێجا غاز بۆ توركیا هەناردە بكات، بڕیار بوو ئاستی هەناردەكە لە 2020 بگاتە 10 ملیار و دواجاریش كوردستان 20 ملیار مەتر سێجا غاز رەوانەی توركیا بكات، بەڵام ئەو پڕۆژەیە بەهۆی كێشەی پەرەپێدانی كێڵگەكان، مەلەفی دانا غاز لە دژی كوردستان (كە چارەسەر بووە) و خاوبوونەوەی پەرەپێدانی ژێرخانی وزەی كوردستان خاوبووەتەوە. 

راپۆرتەكەی پەیمانگای نەوتی عێراق ئاشكراشی دەكات كە بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی لەسەر كەیسی دانا غاز دژی كوردستان كراوە، لە كۆتایی 2019دا، بەرهەمی كێڵگەی غازی كۆرمور لە 3.4 ملیار مەتر سێجاوە بۆ 8.3 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێكدا بەرز دەكرێتەوە، كە 2.6 ملیار مەتر سێجای بۆ بەكارهێنانی نێوخۆیی تەرخان دەكرێت. چەمچەماڵیش توانای بەرهەمهێنانی 6 ملیار مەتر سێجای لە ساڵێكدا هەیە، غازی تێكەڵاو دەتوانێت سەرچاوەی بەرهەمهێنانی 2.1 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێكدا بێت. هەردوو كێڵگەی تۆپخانە و كوردەمیریش دەتوانن 1.6 ملیار مەتر سێجا بەرهەم بهێنن. 
 
كاركردن لە سەرچاوە غازییەكانی كوردستان ئاسانترە لەوانەی عێراق


 بەرهەمهێنانی 29 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێكدا و هەناردەكردنی ساڵانە 20 ملیار و دواتر 30 ملیار مەتر سێجا غاز لەلایەن رووسنەفت بۆ توركیا شتێكی مومكینە، بەڵام هەموویان بەستراونەتەوە بەوەی هەموو ئەو كێڵگانە لە كاتی خۆیاندا كاریان لەسەر بكرێ. 

بەگوێرەی راپۆرتەكە، بازاڕی وزەی توركیا تاكە بازاڕی غازی كوردستان دەبێت. بەڵام راپۆرتەكە هۆشداری دەدات لە چەند ساڵی داهاتوودا توركیا ناتوانێت هەموو غازی كوردستان بەكاربهێنێ. توركیا لە ساڵی 2016 دا بڕی 42.3 ملیار مەتر سێجا غازی هاوردە كردووە. لە رووسیاوە 24.5 ملیار مەتر سێجا و لە ئێرانەوە 7.7 ملیار مەتر سێجا، هەروەها ئازەربایجان 6.5 ملیار مەتر سێجا و جەزائیر 4.3 ملیار مەتر سێجا.

تاوەكو 2020 ئاستی هاوردەی ساڵانەی غازی توركیا لە ئازەربایجانەوە دەگاتە 16 ملیار مەتر سێجا و دواجاریش بۆ 31 ملیار مەتر بەرز دەبێتەوە. لەو بڕە غازە تەنیا 6 ملیاری لە توركیا دەسووتێنرێ و ئەوەی دیكەی بە بۆڕیی غازی ترانس ئادریاتیك رەوانەی ئەوروپا دەكرێ. جیا لەمە لە چارەكی چوارەمی 2019 بۆڕی غازی توركیش ستریم دەستبەكار دەكات كە توانای گواستنەوەی 31.5 ملیار مەتر سێجا غازی هەیە، توركیا لە رێگەی بلوستریمیشەوە بەردەوام دەبێت لە ناردنی 16 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێكدا. 
 
قەرزەكانی توركیا ساڵانە 1.25 ملیار دۆلار سوودیان دەچێتە سەر


راپۆرتەكە هەروەها دەڵێت، بەبێ هاوردەكردنی غازی شلی سروشتیش، توانای بۆڕییەكانی توركیا لە 2020ەوە بۆ 70 ملیار مەتر سێجا بەرز دەبێتەوە. دوایین راپۆرتی پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ توێژینەوەی وزە دەریدەخات بەكارهێنانی غازی سروشتی لە توركیا لە ساڵانی داهاتوودا روو لە كەمی دەنێت، چونكە توركیا خەریكی دروستكردن و دامەزراندنی سەرچاوەی نوێی وزەیە، لەوانەش وزەی ئەتۆمی.

بەپێی ئەو فاكتەرانە، راپۆرتەكە دەڵێت ئەگەرێكی كەم هەیە بازاڕی توركیا بتوانێ ئەو 10 ملیار مەتر سێجا غازە بەكاربهێنێ كە بڕیارە لە 2020 لە كوردستانەوە رەوانەی توركیا بكرێ، چجای ئەوەی 20 بۆ 30 ملیار مەتر سێجا بەكاربهێنێ كە بڕیارە لەساڵانی دوای 2020 بەولاوە هەناردە بكرێ. راپۆرتەكەی پەیمانگای وزەی عێراق چاوەڕێ دەكات توركیا بەشێك لە غازی كوردستان وەك شوێنگرەوەی غازی ئێران بەكاربهێنێ كە هەم گرانە و هەمیش هی ئەوە نییە بە تەواوەتی پشتی پێ ببەسترێ. بەڵام بەشی زۆری غازەكەی كوردستان لە رێگەی بۆڕی ترانس ئاناتۆلیاوە رەوانەی ئەوروپا دەكرێ. 
 
ژمارەكانی یەدەگی نەوتی كوردستان هیچ بناغەیەكی تەكنیكییان نییە

پەیمانگەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە بۆ ئەوەی كوردستان بتوانێ لە بازاڕی توركیا یان ئەوروپا ركابەریی وڵاتە بەرهەمهێنەرەكانی دیكە بكات، دەبێ ئاگای لە دانانی نرخ بێ.

لە ماوەی زیاتر لە یەك ساڵی رابردوودا، كۆمپانیای رووسنەفت بەشێوەیەكی چالاكانە هاتووەتە ناو كەرتی غازی هەرێمی كوردستان. رووسنەفت گەورەترین ركابەری گازپرۆمی رووسییە، لە كاتێكدا گازپرۆم غازی هەردوو بۆڕی بلوستریم و توركیش ستریم دابین دەكات. بەگوێرەی راپۆرتەكە تاوەكو ئێستا دیار نییە ئاخۆ ئەو دوو كۆمپانیایە وەكو ركابەر كار دەكەن یان رووسنەفت دەیەوێ یەكێك لە ركابەرەكانی داهاتووی رووسیا لە بواری غازی سروشتیدا جڵەو بكات، بە جۆرێك پێشكەوتنی ركابەرەكەی (واتە كوردستان) خاو بكاتەوە، بەو پێیەش قورسایی جیۆپۆلیتیكی رووسیا لە رێگەی غازی سروشتییەوە بپارێزێ.

بە گوێرەی راپۆرتەكە "دیوی باشووری هەرێمی كوردستان كە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان تێیدا باڵادەستن، دەتوانێت غاز بۆ عێراق هەناردە بكات، یان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و پاشان هەناردەكردنی سوودی لێ وەربگرێ، چونكە ئێستا عێراق بە نرخێكی بەرز غاز لە ئێران دەكڕێ". راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە كێڵگەی وەكو تۆپخانە و كوردەمیر لە بەغداوە نزیكترن تاوەكو لە سنووری توركیا. راپۆرتەكە پێشبینی دەكات كە ئەم غازە دەتوانێ دەرفەتێك بێت بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سلێمانی و بەغدا.
 
پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق حەوت ملیار دۆلارە نەك 11.9

بودجە و قەرزەكانی كوردستان

كورتهێنانی بودجەی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی 2012 و 2013 یەكجار كەم بوو. بەڵام لە ساڵی 2014ەوە قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیان كرد. راپۆرتەكە هۆكاری ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ: بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی، دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت، شەڕی دژی داعش و داخرانی رێگە بازرگانییەكانی نێوان كوردستان و ناوەڕاستی عێراق، هەروەها لەخۆگرتنی سەتان هەزار ئاوارەی شەڕی داعش.

جگە لە مووچە، پێداویستی ئاسایش و پشتیوانی دارایی سەر خۆراك، بەشێكی زۆر لە داهاتی كوردستان بۆ پشتیوانی خەرجییەكانی دابینكردنی وزە دەچێت. بە جۆرێك نرخی یەك مانگ گازی وێستگەی كارەبای دهۆك 100 ملیۆن دۆلار لەسەر حكومەت دەكەوێ‌. بە گوێرەی راپۆرتەكە، كیلۆواتێك كارەبا لە كاژێرێكدا 11 دۆلار لەسەر حكومەت دەكەوێ، بەڵام حكومەت تەنیا 1.9 دۆلار لە هاووڵاتیان دەستێنێ كە زۆربەی جاران هەقی كارەبا هەر نادرێ. هەوڵەكانیش بۆ گواستنەوەی غازی سروشتیی نێوخۆ بۆ پارێزگای دهۆك سەری نەگرتووە. 
 
بەرهەمی راستەقینەی نەوتی كوردستان لە خوار ئەو ئاستەیە كە باس دەكرێ

راپۆرتەكەی پەیمانگای وزەی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نیسانی 2015 نزیكەی 17 ملیار دۆلار بووە، 1.3 ملیار دۆلاری هی مووچەی دواكەوتوو بووە. 1.1 ملیار دۆلاری قەرزەكانی پارێزگاكان بووە، 10 ملیار دۆلاری هی بانكە نێوخۆیی و توركییەكان بووە. سێ‌ ملیار دۆلاری لە حكومەتی توركیا قەرز كراوە، 1.6 ملیار دۆلاریش قەرزی بەڵێندەر و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت بووە. قەرزی بازرگانانی نەوت لە كۆتایی 2014دا نزیكەی 1.47 ملیار دۆلار بووە و لە سەرەتای 2016 لە نێوان 1.5 بۆ 1.8 ملیار دۆلار بووە. 

قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان فرەجۆرن، هەندێك لەو قەرزانە فەرمین و هەندێكیان نافەرمین، هەندێكیان سوودیان دێتە سەر و هەندێكیان بەبێ مەرجی سوود وەرگیراون، هەندێكیان قەرزی فەرمانبەرانی كەرتی گشتین و هەندێكیان پەیوەندییان بە خەرجییەكانی حكومەتەوە هەیە. بەپێی راپۆرتەكە، لە كۆتایی ساڵی رابردوودا قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆیان لە 25 ملیار دۆلار دابوو، شەش ملیاری قەرزی بانكەكان، چوار ملیاری قەرزی بازرگانانی نەوت، 1.4 ملیار قەرزی توركیا، 8.4 ملیار دۆلار قەرزەكانی پەیوەندیدار بە مووچەی فەرمانبەران و 5.2 ملیار دۆلاریشی قەرزی بەڵێندەرانی پڕۆژە جیاجیاكان بووە. راپۆرتەكە نایشارێتەوە كە بەشێك لەو قەرزانە بەهۆی رێككەوتنی نێوان حكومەت و كۆمپانیاكان نەماون.

پەیمانگای نەوتی عێراق ئەوەش دەخاتەڕوو كە ئەگەر قەرزەكانی حكومەتی توركیا، بانكەكان و كۆمپانیاكانی نەوت 11٪ سوودیان بێتە سەر، ئەوە ساڵانە 1.25 ملیار دۆلار سوود دێتە سەر ئەو قەرزانە.

بەشە بودجەی كوردستان لە دوای گشتپرسی

بەپێی رەشنووسی بودجەی 2018ی عێراق، بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە 17%ەوە بۆ 12.6% كەمكراوەتەوە. ئەم بەشە بودجەیە بە پارە دەكاتە 11.5 ملیار دۆلار لە كۆی 91.47 ملیار دۆلار، بەو پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە 960 ملیۆن دۆلار پارەی لە بودجەی عێراق بەردەكەوێت.

بەڵام راپۆرتەكەی پەیمانگای نەوتی عێراق پەنجە لەسەر كۆمەڵێك كێشەی دیكەی ئەو بودجەیە دادەنێت: لەو بودجە گشتییە هێشتا خەرجی سیادی عێراق و بڕی پێویست بۆ دانەوەی قەرزەكانی عێراق دەرنەكراوە. بەگوێرەی راپۆرتەكە ئەگەر ئەو خەرجییە و بڕە پارەی پێویست بۆ دانەوەی قەرزەكانی عێراقی لێ دەربكەن، ئەوە بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەكە بۆ حەوت ملیار دۆلار دادەبەزێت، واتە 580 ملیۆن دۆلار لە مانگێكدا. 
 
كوردستان پلانی فراوانكردنی توانای پاڵاوگەكانی كەڵەك و بازیانی راگرتووە

بەگوێرەی راپۆرتەكە رەنگە هەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵی خاڵە سنوورییەكانیشی لێ وەربگیرێتەوە، بەغدا دەست بەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا بگرێت، هەر چەند لە پڕۆژەی بودجەی 2018دا ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە 5%ی پارەی پێترۆدۆلار بۆ پارێزگایانە دادەنرێت كە نەوتیان تێدا بەرهەمدێت و دەپاڵێورێت، وەك چۆن هەمان رێژەش بۆ پارێزگاكانی بەرهەمهێنەر غازی سروشتی دادەنرێ. بەپێی مەزندەی راپۆرتەكە ئەگەر خەرجییەكانی سیادی، پارەی پێترۆدۆلار و پارەی پێویست بۆ دانەوەی قستی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم لەبەر چاو بگیرێت، ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە 520 ملیۆن دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە، كە بۆ مووچە و ئاسایشی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان بەسە، هەڵبەت بەو مەرجەی پشتیوانییە ماڵییەكان، بەفیڕۆدانەكان و فێڵ و ساختەكارییەكان بە تەواوەتی بنبڕ بكرێن. راپۆرتەكە پێیوایە بەكارهێنانی غازی سروشتی لە شوێنی گاز بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا دەكرێ پارەیەكی زۆر بۆ حكومەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە.

هەقدەستی كۆمپانیاكان

پەیمانگای وزەی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە لە ساڵی 2014 بەدواوە حكومەتی هەرێم توانی كڕیار بۆ نەوتەكەی خۆی بدۆزێتەوە، بێ ئەوەی تووشی كێشەی یاسایی ببێتەوە لەگەڵ بەغدادا. بەو حاڵەشەوە نەوتی كوردستان بە نرخێكی كەمتر فرۆشراوە، هۆكارەكەشی بۆ كواڵێتی نەوتەكە، خەرجییەكانی گواستنەوە و ئەو دڵنیاییەیە دەگەڕێتەوە كە بەهۆی هەڕەشە یاساییەكانی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە دروست دەبێ. هەر بەرمیلێك نەوتی كوردستان بە 10 بۆ 15 دۆلار هەرزانتر دەفرۆشرێت. 

هەرچەند حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تشرینی یەكەمی 2015ەوە بڕیاری داوە مانگانە هەقدەستی كۆمپانیاكان بدات، بەڵام بەهۆی لاوازی باری داراییەوە ئەو بڕیارەش دواكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. راپۆرتەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر هەقدەستی كۆمپانیاكان بەشێوەیەكی ئاسایی و مانگانە نەدرێ، كۆمپانیا بچووكەكان گوشارێكی دارایی زۆریان لەسەر دروست دەبێت، ئەمەش توانای وەبەرهێنانیان كەم دەكاتەوە. 

راپۆرتەكە پێشبینی دەكات ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا رێك نەكەوێ، ئەوە بەرزكردنەوەی ئاستی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كارێكی ئەستەم دەبێ، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ هەولێر و بەغدا لەسەر جۆری ئەو رێككەوتنانە دانوستاندن بكەن كە لە نێوان حكومەت و كۆمپانیاكاندا دەكرێن. 
 
هەرێمی كوردستان دەتوانێ‌ رۆژانە 284 بەرمیل نەوت بپاڵێوێت


گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جۆری "رێككەوتنی هاوبەشی لە بەرهەمهێنانن" كە تێیدا كۆمپانیاكە پشكی لە نەوتی دەرهێنراو و قازانجەكەی دەبێ، بەڵام گرێبەستەكانی حكومەتی عێراق لە جۆری "رێككەوتنی خزمەتگوزارین". كە تێیدا كۆمپانیاكان تەنیا خزمەتگوزاری و تەكنیك پێشكەش بە حكومەتەكان دەكەن و هیچ پشكێكیان لە نەوت و قازانج یان زیانی فرۆشتنی نەوتەكە نابێ. 

پەیمانگای وزەی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ساڵانێك قەیرانی سیاسی و سنوور و دواكەوتنی هەقدەست، كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر متمانەی كۆمپانیاكان داناوە. بۆیەش كۆمپانیا سەرەكییەكان مەیلی خستنەكاری سەرمایەی خۆیان لە كوردستان نییە و چالاكییەكانیشیان لە كوردستان نەیتوانی سەرمایەیەكی ئەوتۆیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بۆیەش پێیوایە كۆمپانیا گەورەكانی وەكو ئیكسۆن مۆبیل و شیڤرۆن، سینۆپێك و گازپرۆم نێفت چاوەڕێی باشتر بوونی دۆخە سیاسی و ئابوورییەكە بكەن، لە كاتێكدا رووسنەفت بەشێوەیەكی كورتخایەن لە چالاكییەكانی بەردەوام بێ.


 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

سیپان | 19/01/2019 08:19:55 ص
به راستى كاره ساته..وەک کوردیک روژ نیه خەفەت نەخوم بو کچانى کوردى ئیزیدى.گریانم دیت.ئەوەى کچى کوردى ئیزیدى بە ناموسى کورد نەزانیت با خوى به کورد...
بەکرحەسەن | 19/01/2019 11:21:23 ص
زۆر دەستخۆش، هیوادارم هەر بەردەوام بیت، کارێکی زۆر جوانە،کارێکی زۆر بەرزە،هیوادارم بیکەیت بە کتێب،دڵنیاش بە وەک ئەدەبیش بەشێک دەبێت لە ئەدەبی...
هەموو شتێكی داعشی پێ جوان بوو تەنیا كەنیزەكڕاگرتن نەبێ
| دوێنێ کاژێر 09:24 | (2)
ره شید | 19/01/2019 10:49:00 ص
هه تا کوردستان به شیک بیت له عیراق ئه مریکا و ئه وانیتریش ناتوانن کورد وه ک حه لیفیکی ستراتیژیک بو خویان دا بنین ! به واتایه کی دیکه کورد هه تا نه...
لە چاوەڕوانیی گۆڕانكارییە هەرێمییەكاندا
| دوێنێ کاژێر 09:06 | (1)
خەلیل شرنەخی | 19/01/2019 03:18:01 ص
جهێ داخێ یە مرۆڤێ هۆسا هندە خوە پەرست و بێ وژدان و دلڕەق هەبن.
ئەو سێ کوردەی لە بەریتانیا بوونە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج کەس، سزادران
| 18/1/2019 | (1)
Azad Azad | 18/01/2019 08:34:02 م
قسه‌كانی مه‌كگۆرك زۆر راست و واقعیانه‌یه‌. به‌ڵام ترامپ بازرگانه‌ سیاسی نیه‌ به‌ته‌ئكید زۆر هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی سیاسی ده‌كات و زه‌ره‌ریش ده‌گه‌ێنێت...
مەکگۆرک رەخنە لە ترەمپ دەگرێت: ژیانێکی نوێی بەخشییە داعش
| 18/1/2019 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

وەرزشکردن لە کەشوهەوای سارد وزەی زیاتر دەسوتێنێت 12 کاژێر لەمەو بەر |

وەرزشکردن لە کەشوهەوای سارد وزەی زیاتر دەسوتێنێت

کاریگەرتر دەبێت لە دابەزاندنی کێش زۆرتر
سەگ چۆن هاوکار دەبێت لە چارەسەکردنی شەکرە؟ 13 کاژێر لەمەو بەر |

سەگ چۆن هاوکار دەبێت لە چارەسەکردنی شەکرە؟

نزمیی ئاستی شەکر دیاریدەکات زۆرتر
گوشاری دەروونی ئەگەری ئەڵزهایمەر زیاددەکات 14 کاژێر لەمەو بەر |

گوشاری دەروونی ئەگەری ئەڵزهایمەر زیاددەکات

مەترسیی تووشبوونیان %25 زیاترە زۆرتر
0.578 seconds