رووداو- هەولێر خەڵكی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەڵام هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ بنەماڵەكەی چووەتە كەنەدا. ئێستاش بەتەنیا لە لۆس ئەنجلس-ی ئەمەریكا دەژی و ماوە ماوە سەردانی خێزانەكەی دەكات. باران، خاوەنی ناوبانگێكی زۆرە لە ئێران و وڵاتانی دیكەش، هەوادارانی لە كوردستان گلەیی ئەوەی لێدەكەن كە تا ئێستا هیچ گۆرانییەكی بە كوردی تۆمار نەكردووە. ئەو كە بۆ دوو كۆنسێرت سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) رایگەیاند كە گۆرانییەك بە كوردی تۆمار دەكات. رووداو: چەند رۆژێكە لە كوردستانی، كۆنسێرتەكانت لە هەولێر و سلێمانی چۆن بەڕێوەچوون؟ باران: كۆنسێرتەكان زۆرباش بوون، بەتایبەتی لە كۆنسێرتەكەی هەولێر سێ رۆژ بەر لە دەستپێكردنی، هیچ بلیتێك نەما و هەموویان فرۆشران. جۆش و خرۆشی خەڵك هەستێكی زۆر خۆشی پێدام. رووداو: تۆ كوردی، چۆن بوو بە گۆرانیی فارسی دەستتپێكرد؟ باران: لە كەنەدا و لۆس ئەنجلس كۆمپۆزەری كوردم نەدەناسین. سەرەتا ویستم بە گۆرانیی ئینگلیزی دەستپێبكەم و گۆرانی ئینگلیزیشم گوت، بەڵام باوكم نەیهێشت بەردەوام بم، بۆیە دەستم بە گۆرانیی فارسی كرد. رووداو: ماوەیەكی باش لە كوردستان بووی، كەواتە دەبێت ئێستا پەیوەندیت دروستكردبێت بۆ ئەوەی گۆرانی كوردی بڵێی؟ باران: بەڵێ، ئێستا پەیوەندیم هەیە، كار بۆ گۆرانییەكی كوردی دەكەم و تا مانگێكی دیكە بڵاویدەكەمەوە. رووداو: بیرت لەوە نەكردووەتەوە لەگەڵ هونەرمەندێكی كورد گۆرانی هاوبەش تۆمار بكەن؟ باران: بەڵێ پڕۆژەیەكی وام لەبەردەستە، لە ماوەی رابردوو لەگەڵ میكائیل بەرهەمێكی دوێتمان بڵاوكردەوە، ئێستاش پڕۆژەیەكی دیكەم هەیە. رووداو: یەكەمجارت بوو سەردانی كوردستان بكەیت، چی زۆر سەرنجی راكێشایت؟ باران: هەموو شتێك لای من سەیر بوو، هەموو شتێك سەرنجی راكێشام، پێشتر كە چووینە كەنەدا باوكم هەمیشە باسی غەریبی و غوربەتی بۆ دەكردم، ئەودەم من تێنەدەگەیشتم، بەڵام ئێستا تێدەگەم كە غوربەت و غەریبی مانای چییە. تازە كە هاتم ناتوانم بێ كوردستان بژیم و دەبێت زوو زوو ئەگەر بۆ كاریش نەبێت، بێمەوە ئێرە. رووداو: جگە لە كاری هونەری بیر لە كاری دیكە ناكەیتەوە؟ باران: بەڵێ، بۆ نا، من خۆم بازرگانیم خوێندووە، بۆیە دەمەوێت ببمە بازرگان و لە ماوەیەكی نزیكدا براندێكی تایبەتی مكیاژ دەخەمە بازاڕەوە، ئێستا چەند كارێكی ماون دەبێت ئەنجامبدرێن. رووداو: شارەزاییت تا ئەو رادەیە لە مكیاژ هەیە كە براندی تایبەت بە مكیاژ بكەیتەوە؟ باران: بەڵێ شارەزایی تەواوم هەیەو بەشێوەیەكی ئەكادیمی ئەو كارە دەكەم. رووداو: ساڵی رابردوو دوو ناسناوت بردەوە، ناسناوی جوانترین خانمە هونەرمەندی ئێران و باشترین خانمە هونەرمەندی ئێران، كام ناسناو بۆ تۆ گرنگتر بوو؟ باران: هەردوو ناسناو بۆ من دەستكەوتی گەورە بوون، چونكە رێوڕەسمی ئینتەرناشناڵ و جیهانی بوون، بەڵام بۆ من باشترین گۆرانیبێژەكە هەستێكی خۆشتر بوو. رووداو: لە كاتی وەرگرتنی ئەم ناسناوە لە Apple Music Awards چەندین هونەرمەندی جیهانیت ناسین، پەیوەندیت لەگەڵیان ماوە؟ باران: بەڵێ، پەیوەندیم لەگەڵیان ماوە، بەتایبەت خانمە هونەرمەندی خەلیجی ئەحلام، ئەو بۆچوونی زۆر لەسەر من باش بوو، زۆر سەرسامی كارەكانم بوو، ئەمە بۆ من جێگەی دڵخۆشی و شانازییە. رووداو: خەڵكێكی زۆر تۆ دەناسن، بەڵام زانیارییان لەسەر تۆ كەمە، تۆ لە كوێ دەژیت؟ ژیانت چۆن بەسەر دەبەیت؟ باران: من لە لۆس ئەنجلس دەژیم، بەڵام بنەماڵەكەم لە كەنەدان، زۆرینەی كارەكانم لە ئەمەریكان، ماوە ماوەش دەچمەوە سەردانی دایك و باوكم، بەتەنیا دەژیم و هەر بەتەنیاش دەمێنمەوە. خوێندنم تەواو كردووە و ئێستاش زۆربەی كات خەریكی پڕۆڤە و كاری هونەریم.