رووداو- دهۆك
ئانا هینتس، خانمە دەرهێنەرێكی ئیستۆنیە و بە فیلمێك بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلمی دهۆك كردبوو. هەرچەندە هیچ خەڵاتێكی لەگەڵ خۆی نەبردەوە، بەڵام گوتی كە گەڕایەوە ئیستۆنیا بە خەڵكی وڵاتەكەی دەڵێت كوردستان شوێنێكی جیاوازە لە عێراق لەڕووی هێمنی و ژیانی ئاساییەوە. ئانا لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی كارەكانی دەكات.

رووداو: بەر لەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەی، هیچ زانیارییەكت لەسەر كورد هەبوو؟
ئانا: هەموو ئەوەی كە لەسەر كوردستان دەمزانی لەڕێی میدیای ئەوروپییەوە دەمزانی، ئەویش هەمووی بریتی بوو لە چیرۆكەكانی پەیوەست بە تیرۆر، بەڵام بەبۆنەی ئەم فێستیڤاڵەوە من كوردستانی راستەقینەم ناسی كە زۆر جوانە. لە رووی كولتوور و مێژوویشەوە زۆر دەوڵەمەندە.
رووداو: كەواتە لە ئەوروپا وێنایەكی خراپ هەیە دەربارەی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی؟
ئانا: هەموو شتەكان پەیوەست دەكرێنەوە بە ئیسلام و خەڵك زۆر دەترسێنرێن، پێموایە ترساندنی خەڵك شتێكی سیاسییە، هەندێك لە راستڕەوەكان دەیانەوێت بە هۆیەوە بگەنە دەسەڵات. ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە.

رووداو: حەز دەكەی وەك دەرهێنەر یان گۆرانیبێژ زیاتر بناسرێی؟
ئانا: جگە لە دەرهێنەری، من گۆرانیبێژێكی فۆلكلۆریشم. سەیری فیلمێكی دۆكیومێنتاریی كوردیم دەكرد، گۆرانییەكی فۆلكلۆری كوردی تێدابوو، گۆرانییەكە منی گریاند، چونكە كاریگەری لەسەر هەستم دانا، ئەمە ئەو هەستەیە كە تێماندەگەیەنێت میوزیك دەتوانێت گەلان یەكبخات.
رووداو: كە گەڕایتەوە چی بۆ هاوڕێكانت لەبارەی كوردستانەوە دەگێڕیتەوە؟
ئانا: كە گەڕامەوە بە میدیاكان و بە خەڵكەكەم دەڵێم كوردستان شتێكی جیاوازە لە بەشەكانی دیكەی عێراق، ئیسلامیش پەیوەندی بە تیرۆریزمەوە نییە. لە رێگەی میدیای ئیستۆنیاوە كار لەسەر كرانەوەی مێشكی خەڵك دەكەم سەبارەت بە كوردستان و ئیسلام.

رووداو: بەنیاز نیت فیلمێك لەسەر كوردستان بەرهەمبێنی؟
ئانا: بەڵێ حەز دەكەم رۆژێك فیلمێك لەسەر كەلەپووری كوردی بەرهەم بهێنم.
رووداو: ئەو فیلمەی تۆ كە بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلمی دهۆك كردبوو باسی چی دەكرد؟
ئانا: فیلمی "ئایس" چیرۆكی یەكگرتنەوەی باوكێكە لەگەڵ كوڕە 10 ساڵانەكەی، باوكەكە لە عێراق سەرباز بووە. ئەوان بەشێوەیەكی تراژیدی جیابوونەتەوە. فیلمەكە بە تەواوی لەسەر شێوازی سینەماتۆگرافیك بەرهەمهێنراوە. پەیامەكە بە نیسبەت منەوە ئەوەیە كە ژیان وەك پارچە سەهۆڵێك وایە بە سەریدا دەڕۆیت، بەڵام هەر ساتێك ئەگەری ئەوە هەیە بشكێت. بۆیە ژیان زۆر ناسكە و پێویستە هەموو دەرفەتەكانی بۆ خۆشەویستی و بەختەوەری بقۆزینەوە نەك بۆ رق.

رووداو: ئاستی فیلمی كوردیت چۆن بینی؟
ئانا: چیرۆكی زۆر بەهێز لە فێستیڤاڵەكەدا هەبوون، هەروەها دەرهێنەری ژنی زۆر باشیش، ئەوانە دەبنە سەرچاوەی ئیلهام بۆ من كە ئێستا كار لەسەر یەكەمین فیلمی درێژم دەكەم، ناوەڕۆكەكەی باس لە توندوتیژی دژی ژنان دەكات.

رووداو: ئاستی فیلم و سینەما لە ئیستۆنیا چۆنە؟
ئانا: لە ئیستۆنیا تا دێت ژمارەی دەرهێنەری ژن زیاتر دەبن. حكومەت پارەی زۆر دەخاتە كەرتی سینەماوە. ئێستا بارودۆخەكە زۆر لە سەردەمی سۆڤیەت باشترە، پەیمانگای سینەمامان هەیە، ئەمەش نموونەیەكە دەتوانێت یارمەتیی كوردستان بدات كە پەروەردەی سینەمایی تێدا بەهێزە و بەم شێوەیە گەنجان و ژنانی زیاتر روو دەكەنە بەرهەمهێنانی فیلم.

