وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

لوقمان فەیلی: هەرێمی كوردستان ناتوانێ خۆی لە سزاكانی سەر ئێران بدزێتەوە

لەلایەن هیوا جه‌مال 2/11/2018
لوقمان فەیلی، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە ئەمریكا: ناكرێ ئەولەویەتی كورد جێبەجێكردنی ماددەی 140 بێ‌
لوقمان فەیلی، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە ئەمریكا: ناكرێ ئەولەویەتی كورد جێبەجێكردنی ماددەی 140 بێ‌
رووداو - هەولێر  

لە ساڵی 2010 تاوەكو 2013 باڵیۆزی عێراق بوو لە ژاپۆن. زیاتر لە 20 ساڵ لە ئەمریكا ژیاوە، بۆیە ساڵی 2013 پۆستی باڵیۆزی عێراقی پێدرا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لە 24ی تەمموزی 2016 نامەی كۆتاییهاتنی كارەكەی بڵاوكردەوە. شارەزایی لە كارگێڕی كار و ژمێریاریدا هەیە. 

لوقمان عەبدولڕەحیم فەیلی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی تەحەددییەكانی بەردەم حكومەتی داهاتووی عێراق و كاریگەریی سزاكانی ئەمریكا لەدژی ئێران، بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات.

رووداو: حكومەتی داهاتووی عێراق رووبەڕووی چ جۆرە تەحەددیەك دەبێتەوە؟ 

لوقمان فەیلی: تەحەددیاتی جۆراوجۆری رووبەڕوو دەبێتەوە. بەشێكیان پەیوەندیدارن بەدۆخی نێوخۆی عێراق، بەشێكیان پەیوەندییان بەجیۆپۆلیتیكی ناوچەكەوە هەیە. ئەركێكی زۆر قورس لە هەموو روویەكەوە دەكەوێتە سەر حكومەت، هەر بۆیە زۆر گرنگە حكومەت كارە لە پێشینەكانی خۆی دیاری بكات، چونكە ژمارەی تەحەددییەكان زۆرن و قووڵن و چارەسەركردنیشیان ئاسان نین. 

رووداو: سەرۆكوەزیران رۆڵی دەبێت لەم تەحەددیانە، بەتایبەتی ئەم سەرۆكوەزیرەی راسپێردراوە كە لە پۆستەكانی پێشوویدا چەند جارێك دەستی لەكاركێشاوەتەوە؟

لوقمان فەیلی: سەختە بۆ بەرپرسێك ئامادەیی هەبێت بۆ ئەنجامدانی كارێك، هاوكاتیش بەردەوام بیر لە دەستلەكاركێشانەوە بكاتەوە. بەپێچەوانەوە بەرپرس دەبێ هزری بەرەنگاربوونەوەی تەحەددییەكانی هەبێت و رێگەچارەشی بۆ بدۆزێتەوە. هەروەها دەبێت وا بیربكاتەوە كە هەموو شتێك چارەسەر دەكرێ، بەڵام لە چوارچێوەی لۆژیك و هەماهەنگی نێوان هەموو لایەنەكان. ئەركی سەرشانی سەرۆكوەزیران دكتۆر عادل عەبدولمەهدی ئاسان نییە و هیچ كەسایەتییەكیش هەرچەندە بەهێزیش بێت، ناتوانێ بەتەنیا كێشەكان چارەسەر بكات، ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران و كوتلە سیاسییەكان و تەنانەت حكومەتی هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ نەكەن، چونكە تەحەددیەكان گەورەن.

رووداو: پێتوایە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانێكی بەهێز بێت لە كاتێكدا هیچ كوتلەیەكی پەرلەمانیی نییە؟

لوقمان فەیلی: عەبدولمەهدی خۆی كەسێكی حیزبی نییە، ئەمە دژیەكە، چونكە پەرلەمانێك لەنێو دەیان حیزبی سیاسیدا هەڵبژێردراوە، كەچی سەرۆكوەزیرانێكی دەستنیشان كرد كە حیزبی نییە. 

ئەمە پرسی شەقام و پرسی واقیعە. هەروەها هیچ كوتلەیەك نییە بانگەشەی ئەوە بكات كە سەرۆكوەزیران لە كوتلەی ئەوە و هیچ كوتلەیەكیش نییە بڵێت كە سەدا سەد پشتیوانی دەبێت. 

ئەمەش جۆرێكە لە كێشە. كاتێك كەسێك هەڵدەبژێردرێت بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كە حیزبی نییە، مانای وایە حیزبەكان كێشەیان لەگەڵ شەقام هەیە و خاڵی لاوازییان هەیە و ناتوانن رووبەڕووی گەل ببنەوە. لەكاتێكدا شەقام پێویستی بەچارەسەركردن هەیە و بێزارە لە بەڵێن و دروشم. 

دەرئەنجام لەنێو ئەو تەحەددیانەی رووبەڕووی عەبدولمەهدی دەبنەوە، تیمێكی راستەوخۆی هەیە و كابینەیەكیشی هەیە هاوسۆزە لەگەڵی و كوتلە سیاسییەكانیش بۆ ئەوەی رووی خۆیان سپی بكەنەوە، دەبێ سازش لە بەشێك لە دەستكەوتەكانیان بكەن كە پێشتر دەستیانكەوتووە بۆ پشتیوانیكردن لە حكومەت. بەپێچەوانەوە ئەگەر كوتلە سیاسییەكان و تەنانەت حكومەتی هەرێمی كوردستان وا مامەڵە بكەن كە خۆیان سەركەوتوو بن و حكومەتی ناوەند شكست بهێنێ، ئەوە پرۆسەی سیاسی شكست دەهێنێ و هەموو لایەك زەرەرمەند دەبن.

رووداو: تاوەكو ئێستا كارنامەی حكومەتی داهاتووت بینیوە، هیچ شەفافیەتێك هەیە بۆ ئەوەی بزانرێت لە داهاتوودا چی دەكرێت؟ 

لوقمان فەیلی: كارنامەكە، وەك ئەوانی پێشوو باس لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هێڵە گشتییەكان دەكات. كێشەكە لە نێوەڕۆكەكەدایە. واتە چ پرۆژەیەك لەبەردەستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی؟ چ دەكرێت بۆ كێشەی چەك كە لە دەرەوەی دەستی دەوڵەتە؟ چ فەرمانگەیەك و دامەزراوەیەك ئەركەكانی دەگۆڕدرێن و دەهێنرێتە سەر رێڕەوی راستەقینەی؟ پرسی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، پرسی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێم. ئەمانە هەموویان كەیسی گەرم و پرسی رۆژەڤن و هاوكات سەختیشن. بۆیە ئەستەمە حكومەتێكی غەیرە حیزبی توانای چارەسەركردنی ئەم هەموو كێشانەی هەبێت. تاوەكو ئەم ساتەش ئەوەی دەگوزەرێت تەنیا باسوخواسی وەزیرەكانە. كام بەربژێر بۆ كامە پۆستی وەزیر دەستنیشان بكرێن، هیچكات باس لە كارنامەی حكومی نەكراوە. واتە عەقڵیەتی بەشەخسیكردنی پرسەكە هێشتا باوە و پێش كارنامەی حكومەت كەوتووە و باسی ئەوە نەكراوە كە كارنامەی حكومەت لە كوێ و چۆن دەستپێبكرێت و كارە لە پێشینەكانی دیاری بكرێت. ئەمە یەكەم كێشەیە رووبەڕووی حكومەتی داهاتوو دەبێتەوە. چونكە بەبێ دەستنیشانكردنی كارە لەپێشینەكان و دەستبردن بۆ 30-40 كەیسی پێویست و گرنگ، پێموایە حكومەت سەرناكەوێ لە كارەكانی. 

رووداو: كەواتە ئەم حكومەتە لە سەرەتای تونێلێكە كۆتاییەكەی دیار نییە؟ 

لوقمان فەیلی: تا ئەم ساتەش، بەهیچ شێوەیەك باسی ئەوە نەكراوە كاری لەپێشینە كامە پرس و كەیس بێت. دەست بۆ چ جۆرە قەیرانێك ببەن. خزمەتگوزاری كارەبا یان ئاو، تەندروستی یان پەروەردە یاخود چ جۆرە كەیسێكی دیكە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. دەوڵەت هەوڵ و توانای نییە و تەنانەت پارەشی نییە بۆ ئەوەی پرسە گرنگەكان چارەسەر بكات. دیاریكردنی كارە لەپێشینەكان و قەناعەتهێنان بە شەقام و چارەسەری هەنووكەیی و خێرا و دەستبردن بۆ پرۆژەكانی ژێرخان ئەمانە ئەركی ئاسان نین.

رووداو: نوێنەرانی كورد چۆن بەشداری لەم حكومەتەدا بكەن؟ 

لوقمان فەیلی: دوای گشتپرسییەكە، زۆر گرنگە حكومەتی هەرێم و حیزبە كوردستانییەكان چاو بەجۆری مامەڵەكردن و سیاسەتكردنیان بگێڕن لەگەڵ حكومەتی ناوەند و كۆمەڵگەی عێراقیدا. زۆر بەداخەوە ناكۆكی و ململانێ لە نێوان هەرێم و ناوەند گۆڕدرا بۆ ناكۆكیی نێوان پێكهاتەكان. 

پێموایە ئەمەش پێویستی بە هەوڵ و توانایەكی زۆر باڵا دەبێت لەلایەن سەركردەكانی هەرێم و حیزبە كوردییەكان لەگەڵ حیزبە سوننی و شیعی و لایەنەكانی دیكەش بۆ ئەوەی هاوكێشەیەكی نوێ لە نێوان تاكەكانی هەردوولا پێكبهێنرێ. ناكرێت پێكهاتەكان تێكەڵی ئەم پرسە بكرێن.

رووداو: خۆت لە 2016ـدا گوتت، بەدیدی سوننە و شیعە و كوردییەوە سەیری دەوڵەتی عێراق دەكرێت؟ دەكرێ ئەمە لە حكومەتی داهاتوودا رووبدات؟ 

لوقمان فەیلی: دوای 2003، دەوڵەتی عێراق شكستی خوارد. مەبەستم پێكهاتەی تەواوی دەوڵەتە. بنیاتنانەوەی دووبارەی دەوڵەتی عێراق پێویستی بەنەفەسێكی دیكە هەیە، بەگیانێكی ئەرێنی، ئەمەش ئاسان نییە. ئەو تەحەددیانەی لەم ناوچەیە رووبەڕوومان دەبێتەوە كە ناوچەیەكی نائارامە، ئێمە لە ئەوروپای رۆژهەڵات نین دوای پارچەپارچەبوونی یەكێتیی سۆڤییەت بچینە نێو ئەوروپای رۆژئاوا. هەروەها ئەڵمانیای رۆژهەڵات و رۆژئاوا نین. تەحەددیاتی ئێمە زۆرترە. دوای گشتپرسی دەركەوت كە هاوكێشەی نێودەوڵەتی رێگە بەوە نادات دەوڵەتێكی كوردی لە بەرامبەر دەوڵەتێكی غەیرە كوردی دابمەزرێت. بۆیە پێویستە چاو بەم پرسەدا بخشێنرێتەوە. 

رووداو: چۆن؟

لوقمان فەیلی: هەماهەنگی حكومەتی هەرێم لە پێكهێنانی كابینەی نوێ و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و دەستبردن بۆ هەندێك كەیس بەمەبەستی سەرخستنی ئەگەر كەیسەكان بچووكیش بن، باشترە لە پێشكەشكردنی لیستێكی درێژی داواكارییەكان كە جێبەجێكردنیان زەحمەت دەبێ‌. 

رووداو: داواكاری ئەمجارەی كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق چی بێت؟  

لوقمان فەیلی: دەبێ لەم قۆناغەدا چاو بخشێنرێتەوە بە پرسی باجەكان، كێشە دەستوورییەكان، چونكە لێكتێنەگەیشتن و تەفسیركردنی جیاواز لەبارەی دەستوور هۆكارێكە بۆ ئەوەی كێشەكان كۆتاییان نەیەت. پرسی لامەركەزییەت، وزە، گرێبەستە واژۆكراوەكان، بۆ نموونە هەندێك قەرز هەن حكومەتی ناوەند پێوەی پابەند نییە و قەرزەكانیش زۆر گەورەن. بۆیە ئەركی سەرشانی حكومەتە كارە لە پێشینەكانی دیاری بكات. دەبێ دوو تا سێ كەیس بدەیتە بەغدا، بەڵام ئەگەر بیست كەیسی بۆ بنێری، گەرەنتیت دەدەمێ پەیوەندییەكان شكست دەهێنن.

رووداو: بۆ نموونە جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە ئەولەویاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت؟ 

لوقمان فەیلی: ناكرێت. هۆكارەكەشی دیارە. دوای گشتپرسی پێویستمان بەوە دەبێت كێشەكان سفر بكەینەوە، یان لەو خاڵەوە دەستپێبكەین كە كۆتایی هات؟ ئەم پرسیارە تاوەكو ئێستا وەڵامی نییە لەلایەن هیچ كەسێكەوە.

رووداو: پێت باشە سفر بكرێتەوە یان لەو خاڵەوە بێت كە كۆتایی هاتووە؟

لوقمان فەیلی: تاوەكو ئێستا گفتوگۆ لەوبارەیەوە نەكراوە. تاوەكو ئێستا بەهیچ شێوەیەك لە گفتوگۆكان ئاماژە بە لێكەوتەكانی گشتپرسی نەكراوە. عێراق بەفەرزكردنی ئەمری واقیع مامەڵە دەكات. بۆیە كێشەكە چارەسەر نابێت، چونكە كێشەكە بووەتە كێشەی كۆمەڵگە، نەك كێشەیەكی سیاسی و بەس. ویستی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، خواستێكی كۆمەڵگەی كوردییە، بەتەنیا ویست و خواستی لایەنە سیاسییەكان نییە. بۆیە پێویست دەكات چاو بەم پرسەدا بخشێنرێتەوە.

كاری لەپێشینەی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێ تەحەددیاتە گرنگەكان دەستنیشان بكات. بۆ نموونە، ئابڵووقەی ئەمریكا لەسەر ئێران كە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق دەبێت، دەبێ لە كارە لەپێشینەكان بێت.

رووداو: كاریگەریی ئابڵوقەی ئەمریكا لەسەر ئێران بۆ كوردستان چی دەبێت؟ 

لوقمان فەیلی: چەندین مەرزی سنووری راستەوخۆ هەن. ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەولێر و ئێران هەیە، هەروەها دەوڵەتی عێراقیش لەم نێوەندەدا رۆڵی هەیە و ئەمریكا پێداگرە لەسەر ئەوەی كە بەهیچ شێوەیەك نابێت قاچاخی لەم نێوەندەدا بكرێت. چونكە ئەمریكا بڕیاری خنكاندنی ئێران دەدات و رێگە بەكورد نادات چاوپۆشی بكات، چونكە كورد بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ ئەمریكا هەیە. هاوكێشەكانی پێشوو ئەمجارە هەرگیز دووبارە نابنەوە. ئیدارەی ترەمپ زۆر جیاوازە لە ئیدارەی ئۆباما و بووش. 

رووداو: پێتوایە ئەمریكا چاودێریی چڕتر بخاتە سەر عێراق لە كاتی سەپاندنی ئابڵوقە لەسەر ئێران؟ 

لوقمان فەیلی: بەشێوەیەكی زۆر چڕ دەیكات. كونسوڵگەری ئەمریكا لە هەولێر بە وردی زانیاری كۆدەكاتەوە لەبارەی جموجۆڵی كورد بە ئاراستەی ئێران. بەهەمان شێوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا ئەویش چاودێری چڕی مامەڵەی عێراقییەكان دەكات لەگەڵ ئێران و راپۆرت بۆ وەزارەتی گەنجینە بەرز دەكەنەوە.

رووداو: ئەمانە زانیارین یان بۆچوونن؟ 

لوقمان فەیلی: من ئەگەر زانیاریم لەبارەی كەیسێكەوە نەبێت ناتوانم قسەی لەبارەوە بكەم. ئەمریكا بڕیاری داوە بەهیچ شێوەیەك مامەڵەی ئەرێنی لەگەڵ ئێران ناكرێت. هەر كەسێكیش پێچەوانەی ئەمە كار بكات وەك نەیاری ئەمریكا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

رووداو: ئایا عێراق لەنێوان ئەمریكا و ئێران چی لێدێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئابڵوقەی دەخرێتە سەر؟ 

لوقمان فەیلی: هاوكێشەكە زۆر لەمە ئاڵۆزترە. ئایا دەوڵەتی عێراق توانای ئەوەی هەیە ببێتە نێوەندگیر؟ پێموایە نەخێر، چونكە ئیرادەی سزادانی ئێران زۆر لەوە گەورەترە كە عێراق هەوڵ بدات نێوەندگیری لەنێوانیان بكات، یان سزاكان كەمبكاتەوە یاخود بتوانێ كەمێك كاریگەری لەم نێوەندەدا هەبێت. 

رووداو: بۆچی؟ 

لوقمان فەیلی: هۆكار زۆرن. ئەم كێشەیە چەند دەیەیەكە بەردەوامە، رژێمی ئێران لەسەر بنەمای دژایەتیكردنی ئەمریكا دامەزراوە. كێشەی گەلان نییە، كێشەی حكومەتەكانە. ئەمەش دۆخی تەواوی ناوچەكەی ئاڵۆز كردووە. ئیدارەی ترەمپ بەتەنیا بەدیدێكی تەواو ئەمریكی سەیری داهاتووی ناوچەكە ناكات. هاوكات بەدیدی ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات و توركیا سەیری ناوچەكە دەكات. 

رووداو: دیدی عێراقی نییە؟ 

لوقمان فەیلی: نەخێر مومكین نییە. 

رووداو: بۆچی؟

لوقمان فەیلی: نە دیدی كوردی نە دیدی عێراقی نییە. بەرژەوەندییەكانیان دوای دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گۆڕانكاری بەسەرداهات. دواتر پاش سەرهەڵدانی داعش دووبارە گەڕانەوە. داعش لە دوا قۆناغەكانیەتی. ئەوان ویستیان لە رێگەی پەیوەندییەكانەوە ئەڵتەرناتیڤێك بدۆزنەوە. ئەمریكا ویستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووربكەوێتەوە. ویستی تەنیا مامەڵە و گرێبەستی بازرگانی بكات، ئەمە دیدی ئیدارەی ترەمپ بوو. بۆیە لەم نێوەندەدا دەبێ ئاراستەیەكی عێراقی هەبێت دوور بێت لە كەیسی ئەمنی بۆ ئەوەی ئەمریكا بۆچوونەكانی جیابێت لە چۆنیەتی سەیركردنی بۆ ئەم ناوچەیە. ئەوسا دەكرێ ئەمریكا بە دیدێكی عێراقی سەیری ناوچەكە بكات. 

رووداو: ئەگەر ئەمریكا نەهێڵێت ئێران هیچ كاڵایەك بنێرێتە ناو عێراقەوە، رەنگە شۆڕش لە عێراق بەرپابێت. وانییە؟ 

لوقمان فەیلی: لەوانەیە كێشەیەك سەرهەڵبدات كە دەبێتە كێشەی كۆمەڵگە و هەروەها بەرپرسیارێتی دەوڵەتیش دەبێت. ئەمانە دوو شتی جیاوازن. لەوانەیە شەقام، ئابڵوقە قبووڵ نەكات و پێموایە هیچ كەسێكیش ئابڵوقە قبووڵ ناكات. چونكە گەلی عێراق رووبەڕووی ئابڵوقە هاتنەوە و نەهامەتی زۆریان چەشت.

رووداو: كە دەچیتە بەغدا هەست دەكەیت لە ئێرانی هێندە شتی ئێرانی و ئۆتۆمبێلی ئێرانی دەبینی..

لوقمان فەیلی: بۆیە ئەمە كێشەیەكی راستەقینەیە. پێموایە تسۆنامییەك لەڕێگایە و گرنگە هەموو كەس ئەمە بزانێ. جگە لەمەش كاتێك كێشەی داعش سەریهەڵدا، ئێران یەكەم وڵات بوو بەهانای كورد، عەرەب، سوننە و شیعەوە هات. هەموو سەركردایەتی كورد و عەرەبەكانیش دانیان بەمەدا ناوە. دەرئەنجام واقیعێك هەیە خۆی سەپاندووە. هەروەها گۆڕانكاریی نوێش هەیە كە ئیدارەی ترەمپ و ئاراستەیەكی زۆر بەهێز هەیە بۆ دژایەتیكردنی ئێران.

رووداو: عێراق دەوڵەتە، بەڵام كوردستان هەرێمێكی بچووكە. ئەگەر عێراق نەتوانێ شتێك بكات ئەی كورد چۆن دەتوانێت بڕیار بدات، دەبێ چ بڕیار بدات؟ 

رووداو: هاتنە سەرخەتی لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق لەگەڵ لایەنی ئەمریكا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی تێیانبگەیێنن كە كێشەكە زۆر ئاڵۆز و قووڵە. ئەمە خواستی عێراقی بێت یان نەبێت، بەڵام ئەمە پێویستییەكی زۆر گرنگە دەبێت عێراق لە رووی ئاسایشی نیشتمانییەوە پلانی هەبێت. ئایا ئەڵتەرناتیڤەكانی چین. دەبێ ئەڵتەرناتیڤێكی هەبێ لەنێوان ئێران و ئەمریكا ئەگەر یەكێكیانی لەدەست دا، چۆن مامەڵە لەگەڵ دیوەكەی دیكەی بكات. ئەگەر هەرێمی كوردستان سیاسەتێكی جیاواز لە سیاسەتی بەغدا بگرێتەبەر پێموایە  زیانی پێدەگات. چونكە ئەمە تەحەدییەكی زۆر گەورەترە لە عێراق و هەرێمی كوردستان.

رووداو: پێتوایە ئەمریكا ریزپەری بكات لە نێوان هەولێر و بەغدا؟ بۆ نموونە ئەمریكا گەورەترین كونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر دروست دەكات؟

لوقمان فەیلی: نەخێر، چونكە گەورەترین باڵیۆزخانەشی لە بەغدایە. واتە پرسەكە بەم جۆرە نییە. ئەگەر سەیری لایەنە فەرمییەكە بكەین، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی گەنجینە مامەڵە لەگەڵ بانكی ناوەندی عێراق و دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق دەكەن جا لە هەولێر بێت یان بەشەكانی دیكەی عێراق، بەڵام ئەگەر باس لە كاری قاچاخچیەتی بكرێت، ئەمە جیاوازە، چونكە دەوڵەت قاچاخی ناكات و لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوە. ئەگەر بتەوێت داوایەك ئاراستەی ئەمریكا بكەیت بەوەی چاوپۆشی بكات لە رێگەی قاچاخەوە، ئەمە مەحاڵە و قبووڵ ناكرێ. 

رووداو: كورد چی بكات؟ شاندێكی عێراقی پێكبهێنێ و لەگەڵ عێراقییەكان دانوستاندن بكات یان شاندێكی سەربەخۆ پێكبهێنێ و لەگەڵ ئەمریكا بەجیا دابنیشێ‌؟ 

لوقمان فەیلی: دەبێ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو ئەو لایەنە ئەمریكییانە بكرێ كە دۆستایەتییان لەگەڵ عێراق هەیە، چونكە كێشەكە پەیوەستە بە دەوڵەت و كۆمەڵگەی عێراقی. كێشەكە لە نێوان دوو دەوڵەتدا نییە. كاریگەری نەرێنی بەسەر قووتی رۆژانەی هاووڵاتییانەوە دەبێت. هەموو كەرەستەیەكمان كە لە ئێران و دەرەوە هاوردە دەكرێت كاریگەری دەكەوێتە سەر لەو كاتەی ئەمریكا ئابڵوقە دەخاتە سەر ئەم وڵاتە. دەرئەنجام چونكە كێشەكە كێشەی دەوڵەت و كۆمەڵگەیە، بۆیە دەبێ لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان گفتوگۆ بكرێ، بەڵام ئەگەر پەیوەندییەكی تایبەت هەبێ بتوانێ كاریگەری بخاتە سەر شەقام و رای گشتیی ئەمریكی و ئەندامانی كۆنگرێس، زۆر گرنگە بگیرێتە بەر. 

کۆمێنتەکان

 
Rizgar Khoshnaw
Rizgar Khoshnaw | 2/11/2018
ئه گه ر ئێران بروخێنرێت ، تۆش ناتوانیت به م شێوه یه سه دامیانه شت به سه ر کورد بسه پێنیت .
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
نیشانەکردن : لوقمان فەیلی
1775 ژمارەی بینین

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

کاوە | 18/11/2018 02:17:58 ص
ئەو سمێل زلە جەمانە لەسەرە لەناو خوپیشاندانەکەدا دەرکەوت ناوی مام خدر بو لە کوردستان، نازانم چ ناویکی بوخی داناوە وەک دیارە ناوە نویەکەی کردووە بە ی...
حەوت هەزار کورد لە بەریتانیا گرفتی نوێکردنەوەی پاسپۆرتیان هەیە
| دوێنێ کاژێر 10:24 | (1)
Azad Azad | 17/11/2018 06:02:02 م
ترامپ ڕاست ناكات ترامپ كابراێكی زۆر مه‌كار ه‌ چاوه‌ڕێی ئابلۆقه‌ی ئێران ده‌كات به‌ته‌واو بونی ئێران ئۆردوغان له‌ حوكم نامێنێت.
ترەمپ ستایشی ئەردۆغان دەکات: پیاوێکی بەهێز و عاقڵە
| 17/11/2018 | (1)
ئالان عزیز | 17/11/2018 06:18:13 ص
دەست خۆشی لەو کەسانە ئەکەم کەئەو بیرۆکە جوانەیان بەمێشکدا هاتوە وە ئەوانەشی کە کاری تێدا دەکەن، ژنانی کورد ئیتر دەبێ پارێزگاری لەخۆیان بکەن لە جیاتی...
ئەمریكییەك كچانی كورد فێری بەرگری لەخۆكردن دەكات
| 17/11/2018 | (1)
Azad Azad | 16/11/2018 07:36:07 م
با شیعه‌ پاداشتی ئه‌مه‌ریكا بداته‌وه‌..!!! ئه‌مه‌ریكا باباش تێبگات له‌ شیعه‌ و عه‌رب نه‌ختێك قه‌دری گه‌لی كورد بزانێت.
لە بەغدا خۆپیشاندەران ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیلیان سووتاند
| 16/11/2018 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

پیاوێك لەبەر خۆشەویستەکەی بە فیلەر چووکی گەورە دەکات 21 کاژێر لەمەو بەر |

پیاوێك لەبەر خۆشەویستەکەی بە فیلەر چووکی گەورە دەکات

بیرۆکەکەی 100% سەرکەوتوو بووە زۆرتر
هەفتەی هۆشیارییە لەبارەی دەرمانە دژەزیندەکان دوێنێ کاژێر 10:23 |

هەفتەی هۆشیارییە لەبارەی دەرمانە دژەزیندەکان

بۆ دوورکەوتنەوەیە لە خراپبەکارهێنانی دەرمانەکان زۆرتر
شیردانی سرووشتی مەترسی جەڵتەی مێشک کەمدەکاتەوە 17/11/2018 |

شیردانی سرووشتی مەترسی جەڵتەی مێشک کەمدەکاتەوە

ئەگەری تووشبوونیان بەجەڵتەی مێشک بەرێژەی %23 زۆرتر
0.235 seconds