وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

دكتۆر فایەق گوڵپی: یەكێك لە هەڵە گەورەكانی من گەڕانەوەم بوو بۆ ناو یەكێتی

لەلایەن کاوە ئەمین 4/4/2019
فایەق گوڵپی: یەكێتی لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران پێش هەموو حیزبەكانی دیكە كەوتەوە
فایەق گوڵپی: یەكێتی لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران پێش هەموو حیزبەكانی دیكە كەوتەوە
رووداو - سلێمانی
بەشی چوارەم و كۆتایی


دكتۆر فایەق گوڵپی، سەرۆكی پێشووی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لە دوایین بەشی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ بەرنامەی پەنجەمۆری كەناڵی (رووداو) بەشێكی دیكە لە یادەوەرییەكانی لەنێو یەكێتی و پارتی گەل دەگێڕێتەوە و دەڵێت گەورەترین هەڵەی ژیانی ئەوە بوو كە وازی لە یەكێتی هێنا و بوو بە پارتی گەل، پاشانیش گەڕایەوە نێو یەكێتی. هەروەها باسی شاڵاوی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و هەروەها باسی جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕش لە كۆمەڵە و گرتنی مەلا بەختیار و ئەو پلینیۆمە دەكات كە بڕیاری كوشتنی مەلا بەختیاری تێدا پەسەند كرا، بەڵام دواتر مام جەلال بڕیارەكەی ڤیتۆ كرد.

رووداو: بۆچی گفتوگۆی یەكێتی و رژێمی عێراق ئەنجامی نەبوو؟

فایەق گوڵپی: باشە كام گفتوگۆیە ئەنجامی هەبووە؟ .. گفتوگۆكان زۆرتر تەكتیكی بوون. سیاسەتی حكومەتە مەركەزییەكان بەرامبەر بە پرسی كورد ستراتیژی و دیموكراسی نەبوو، نەیاندەویست كورد وەكو پێكهاتەی عەرەب مافی هەبێ‌. لەكاتی لاوازبوونیان پەنا بۆ گفتوگۆ دەبەن، لەكاتی بەهێزبوونیان پەشیمان دەبنەوە. لەلای خۆشمانەوە بەرنامەیەكی ستراتیژیمان نەبووە. بۆ نموونە یەكێتی كە چوو بۆ لای رژێم، هیچ بەرنامەیەكی ئامادە نەكردبوو كە داوای چی دەكات. لە گەرمەی گفتوگۆدا یەكێتی دەیویست دەست بەسەر بانكێكدا بگرێ‌ لە دەرەوە كە پارەی حكومەتی عێراقی تێدابوو. ئەمە مانای چی. واتە یەكێتی ئەو گفتوگۆیەی بۆ وەرگرتنی پارە بووە.

رووداو: دوای شكستهێنانی گفتوگۆ شەڕ دەستپێدەكاتەوە، یەكێتی پاسدار دێنێ‌ بۆ سەر بیرە نەوتەكانی كەركووك، لە كاتێكدا پێشتر گلەیی لە پارتی دەكرد كە هێزی ئێرانی دێنێ‌ و حسكیش وا دەكات.

فایەق گوڵپی: پەیوەندی پارتی و حسك لەگەڵ حكومەتی ئێران پەیوەندییەكی سنووردار بوو، زۆرتر لە سنوورەكان پێكەوە شەڕیان دەكرد. بەڵام كە یەكێتی لەگەڵ حكومەتی ئێران رێككەوت، راستە یەكێتی بەهێز كرد كە توانی لە چاڵە نەوتەكانی كەركووك بدات، بەڵام ئەنجامەكەی ئەوە بوو كە بینیمان. من لە هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتیم بیستووە كە كاتی خۆی پێشمەرگە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا لە چاڵە نەوتەكانی كەركووكی داوە. ئەوان دەیانویست بەشێوەیەك لە چاڵە نەوتەكان بدەن لەوەی پارتی بەهێزتر بێ‌. یەكێتی كە هاتە پێشەوە لەگەڵ ئێرانییەكان، دەیویست قەرەبووی ئەو شتانە بكاتەوە كە پێشتر لە دژی ئێران كردوونی، بۆ نموونە لە سنە یارمەتی كۆمەڵەی دا لە دژی ئێران. ساڵی 1982 هێزی پشتیوانی هاوكاری دیموكراتی كرد. لەشكری ئیسلامی چەك كرد. یەكێتی لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران پێش هەموو حیزبەكانی دیكە كەوتەوە.

رووداو: دەگوترێ‌ رژێمی بەعس لەكاتی گفتوگۆدا هەڕەشەی لە یەكێتی كردووە ئەگەر ئێوە پەنا بۆ ئێران ببەن ئەوە چەكی خراپ لە دژی كورد بەكاردێنین، ئەوە راستە؟

فایەق گوڵپی: گفتوگۆ هەبووە، ئەگەر رێكبكەون وا دەكەن، ئەگەر رێكنەكەون وا دەكەن، ئەمانەیان هەموو گوتووە. من ئەوكاتەی لە زانكۆ بووم، خوێندكارێكی عەرەب هاوڕێم بوو، گفتوگۆمان دەكرد، خوێندكارەكە گوتی: ئەگەر عاقڵ نەبن، شاخەكانتان بۆ دەكەینە ئاگر. هەمان شت لەلایەن نوێنەرانی رژێمی بەعس بە نوێنەرانی كورد گوتراوە.

رووداو: لە هێرش بۆ سەر چاڵە نەوتەكان، هەموو ئەو خاڵانەی دیاریكرابوون لێدران، تەنیا خاڵەكەی ئازادی سەگرمە نەبێ‌، ئەوە تاكتیك بوو، یان ئەو سەرپێچی كرد؟

فایەق گوڵپی: نازانم چۆن بوو. چاڵە نەوتەكان سێ‌ بەرە بوو، دوو بەرەیان لە مەڵبەندی یەك بوون، بەرەیەكیشیان لە مەڵبەندی دوو بوو، كاك نەوشیروان خۆی سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەكەی كرد. لە سنووری مەڵبەندی دوو، تیپی 21ی كەركووك چوونە سەر بیرە نەوتەكانی بابەگوڕگوڕ.

 مەڵبەندی یەكیش بوو بە دوو بەشەوە. بەشێكیان بۆ سەر چاڵە نەوتی جەبەل بۆر كە ئازادی سەگرمە سەرپەرشتی دەكرد، بەشەكەی دیكەش بۆ سەر چاڵە نەوتەكانی زەمبوور بوو كە مەحموود سەنگاوی سەرپەرشتی دەكرد. منیش لەگەڵ مەحموود سەنگاوی بووم، من وەكو دكتۆر لەگەڵیان رۆیشتم. بەڵام حەزیشم لە شەڕەكە بوو، ئۆتۆمبێلێكم پێبوو كە گەیشتینە قادر كەرەم، دەرمانەكانم دانا و تۆپێكم خستە سەر ئۆتۆمبێلەكە. نزیكەی سەعات دووی شەو بوو دەستمان بە تۆپباران كرد.

رووداو: خۆت ئەوكاتە باوەڕت بەو شەڕە هەبوو كە پاسداری لەگەڵ بێ‌؟

فایەق گوڵپی: بڕوام بە سەركردایەتی حیزبەكەم هەبوو كە هەڵە ناكات. من ئەوكات هیچ دژی ئەو سیاسەتە نەبووم، بەڵام دوایی كە ئەنجامەكەمان بینی، ئەوكات زانیمان شتێكی هەڵەیە. 

رووداو: ئەگەر بە كورتیش بێ‌ باسی جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕش بكە، ئایا ئاڵای شۆڕش درێژكراوەی كۆمیتەی هەرێمەكان بوو؟

فایەق گوڵپی: تەقریبەن. ئەوانەی كۆمیتەی هەرێمەكانیان دروستكرد، لەوانە: مەلا بەختیار، سالار عەزیز، شەهید ئازاد و شەهید ئارام. ئەوان وایاندەبینی كە نەوشیروان كەسێكی ماركسی نییە، مام جەلال پشتیوانی كردووە و كردوویەتی بە سكرتێری كۆمەڵە. ئەوەش دژی بەرنامەی سەرەكی كۆمەڵەی ماركسی لینینی بووە.

رووداو: جا ئەوان راستیان نەدەكرد؟

فایەق گوڵپی: بەڵێ ئەوان لەو رووەوە راست بوون. بەڵام لە هەندێك مەسەلەی وەكو سیاسەت و رێكخستن، زۆر شارەزا نەبوون. 

رووداو: بەڵام تۆ ئاڵای شۆڕش بە منداڵە زۆڵەكەی نێو هەناوی یەكێتی ناو دەبەی.

فایەق گوڵپی: بۆچی وا دەڵێم! ساڵی 1979 پارتی ئینشیقاق دەكات. ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی دێنە دەرەوە و پارتی گەل دروست دەكەن، لە ژێرەوە لە نێو پارتی ئیش ناكەن، حیزبێكی دیكە دروست دەكەن. من پێم باش بوو ئاڵای شۆڕشیش لە كۆنفرانسی سێی كۆمەڵە بە ئاشكرا رێكخستنێكیان دروست بكردایە. بەڵام ئەوان بە نهێنی رێكخستنێكیان دروستكرد. سەدان ئەندام و كادریان هەبوو یەكێتی بوون، ئیشیان بۆ كۆمەڵە دەكرد، بەڵام لە ژێرەوە ئاڵای شۆڕش بوون. كە كۆمەڵەش پێی زانین بەو شێوەی پێكردن كە پێی كردن.

رووداو: ئەی مەلا بەختیار چۆن گیرا، تۆ دەڵێی لە هەندێك پیلانگێڕیی نێو یەكێتی رۆڵی هەبوو؟

فایەق گوڵپی: یەكێتی و كۆمەڵە كە زانییان رێكخستنیان دروستكردووە، بانگیان كردن. مام جەلال بانگی مەلا بەختیاری كردبوو، قسەی لەگەڵ كردبوو، مەلا بەختیار ئیعترافی كردبوو كە رێكخستنی هەیە و ناتوانن لەگەڵ سكرتێری كۆمەڵە بژین، بەس گوتبووی دەتوانین لە نێو یەكێتیدا بین. مەلا بەختیار لە سەركردایەتی بوو، هاتەوە. كاتێكیش كە مەلا بەختیار هاتەوە، ئێمە بروسكەمان بۆ هاتبوو لە سكرتێری كۆمەڵەوە كە كۆبوونەوە بكەین دژی جیابوونەوە. گوتیان مەلا بەختیار لەگەڵ مام جەلال رێككەوتووە كە ئاڵای شۆڕش لە كۆمەڵە جیاببێتەوە و بێتە ناو یەكێتی. مەلا بەختیار ئەوكاتە لە تەكیەی قەرەداخ بوو، بێدەنگ بوو، سەیرمان كرد هەموو رۆژێك هێز دێت بۆ ئەو ناوچەیە. ئەوكات جەبار فەرمان بەرپرسی مەڵبەند بوو، بەرپرسی هێزەكەش شەوكەتی حاجی موشیر بوو. هەموو گومانەكە ئەوە بوو كە ئەو هێزە بۆ ئەوە هاتوون مەلا بەختیار دەستگیر بكەن. دواتریش وا دەرچوو، لە مانگی 11ی 1985 شەوێك بەسەر بارەگاكەی مەلا بەختیاریاندا دا و لە ماوەی چەند خولەكێكدا دەستگیریان كرد. هەر لە هەمانكاتدا لە دۆڵی جافەتی مامۆستا پشكۆ و شێخ عەلیشیان دەستگیر كرد. ئیدی ئەوە قیادەكەی ئاڵای شۆڕش بوون، ئەوانیان خستە زیندانەوە. مەلا بەختیاریشیان بردەوە بۆ سەركردایەتی. مەلا بەختیار لە چەند شتێكدا ئەو فڕوفێڵەی یەكێتی بینیوە و بەشداریش بووە. بۆ نموونە دەڵێن كوشتنی شێركۆی شێخ عەلی بەسەرپەرشتی مەلا بەختیار بووە. مەلا بەختیار پێشبینی نەكردبوو وای بەسەربێنن. ئەو زۆر بڕوای بە مام جەلال هەبوو، بەڵام مام جەلال كڵاوی كردە سەری.

رووداو: دەڵێن جگە لە ئەندامێكی سەركردایەتی، هەموویان لەگەڵ ئەوە بوون مەلا بەختیار لەسێدارە بدرێ‌؟

فایەق گوڵپی: پلینیۆمێك بۆ ئەو مەسەلەیە كرا، لەوێ‌ بڕیاری لەسێدارەكانی مەلا بەختیار پەسەند كرا، تەنیا مولازم عومەر و ئازاد هەورامی لەگەڵ ئەوە نەبوون ئیعدام بكرێ. بەڵام مام جەلال ڤیتۆی كرد و گوتی: دەبێ‌ زیندانی بكرێن. 

رووداو: تۆ لە كتێبەكەتدا زۆر باسی ئەنفال دەكەی، ئایا یەكێتی و بەرەی كوردستانی چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد كە سەدام كورد ئەنفال بكات؟

فایەق گوڵپی: ئەوكات بەرەی كوردستانی نەبوو، بەڵام ئاشتەوایی هەبوو، ئەویش بە هەوڵی خۆمان نەبوو، بەڵكو ئێران بوو، پارتی و یەكێتی لە یەكدی نزیككردنەوە. هاشم رەفسنجانی، مام جەلال و كاك ئیدریسی بانگ كرد. ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیشی لەگەڵیان كۆكردەوە. پاشان لە كوردستانەوە كە ئەوكات تاڕاددەیەك پارێزراو بوو، دەستی بە هەڵمەتی سەربازی كرد لە دژی عێراق. ئیدی شەڕەكە گەورە بوو. ئەنفال دەستیپێكرد. رژێمی سەددام رژێمێكی شۆڤینی بوو، بەڵام ئەگەر سەیری سیاسەتی حكومەتەكانی عێراق بكەین، بە تایبەتی حكومەتی بەعس، بۆ نموونە دوای 1975 گوندەكانی وێران كرد، تەعریبی كرد. پاشان كە لاواز بوو گفتوگۆی لەگەڵ یەكێتی كرد، رێككەوتنەكە سەری نەگرت، ئینجا یەكێتی لەگەڵ ئێران رێككەوت، بەڵام ئەمجارەیان لەبەر ئەوەی ئێرانمان هێنایە نێو سنوورەكانەوە، پاسدارمان هێنایە سەر چاڵە نەوتەكانی كەركووك، پاسدارمان هێنا سلێمانیی پێ‌ بگرین، بەرنامە هەبوو دوكان و رانیە و قەڵادزێ‌ بگرین، هەڵەبجەمان گرت. ئەمەش هەلێكی باشی دایە سەدام بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیەی هەیەتی، جێبەجێبی بكات.

رووداو: بەڕاستی پلانی ئەوە هەبوو سلێمانی بگرن؟ شۆڕش ئیسماعیلیش باسی كردووە..

فایەق گوڵپی: كاك شۆڕش ئەو شتەی بۆ من باس كرد، من ئەوكات دكتۆری مەڵبەندی یەك بووم، لەگەڵ هێزەكەی ئەوان هاتبووم. كاك شۆڕش بۆی باسكردم كە قۆناغی یەكەم شارباژێڕ دەگرین، قۆناغی دووەم سلێمانی دەگرین. جا ئەگەر سلێمانی بگیرایە وەكو هەڵەبجەی لێدەهات. بەڵام ئێران نەهات.

رووداو: دەگوترێ‌ پێش پرۆسەی ئەنفال زۆربەی بەرپرسانی پارتی و یەكێتی ژن و منداڵەكانی خۆیان ناردەوە بۆ كەركووك و شوێنەكانی دیكە. تەنانەت خۆیشت هاوژینەكەت ناردەوە بۆ سلێمانی. جیاوازی منداڵەكانی ئێوە لەگەڵ ئەو خەڵكە چی بوو؟

فایەق گوڵپی: سێ‌ هۆكار هەبوو. یەكەم: ئێمە ماڵمان هەبوو، ترسمان لەوە هەبوو خانووەكانمان بڕوخێنن و ئەو ماڵ و منداڵە دەستمان بگرێ‌. دووەم: ئێمە تەوەقوعمان نەدەكرد خەڵكی مەدەنیش بەو شێوەیە بەربكەوێ‌. لەو باوەڕەدا بووین رژێم تەنیا دژی ژن و منداڵی پێشمەرگە هەڵوێست نیشان بدات. سێیەم: ئێمە وەكو بیرمان لە ماڵ و منداڵی خۆمان دەكردەوە، لە خەڵكمان نەدەكردەوە. من ئەگەر بڵێم وابووم، راست ناكەم.

رووداو: گلەیی ئەوە لە پێشمەرگە دەكرێ‌ كە لە كاتی ئەنفالەكەدا رێگەی بە خەڵك نەدا بڕوات؟

فایەق گوڵپی: من لە كاتی ئەنفالی دوو لە قەرەداغ بووم. كە سێوسێنان گیرا، من لە بەلەكجار بووم، بینیمان مەڵبەند چۆڵیان دەكرد و دەچوون بۆ گەرمیان. خەڵكیش هەبوو تەسلیم دەبووەوە. ئەوكات عومەر فەتاح جێگری مەڵبەند بوو، بە كاك عومەرم گوت خەڵكی ناوچەكە هەموویان تەسلیم بوونەوە و رۆیشتن. گوتی: چی بكەین، نابێ‌ رێگریان لێ‌ بكەین. بەڵام لە شوێن و كاتی دیكە بەرپرس هەبووە گوتوویەتی: نابێ‌ كەس باسی ئەوە بكات كە خەڵك بڕوات. ئێمە بەرگرییان لێدەكەین، ئیدی رێگەنەدانەكە لەو روانگەیەوە بووە. لە ئەنفالی پێنج من لە مەڵبەندی سێ‌ بووم. ئەوكاتە مولازم عومەر و كۆسرەت رەسوڵ لەوێ‌ بوون. خەڵكی هەموو گوندەكانیان ئاگادار كردەوە، یان بچن بۆ سنووری ئێران، یان بچن بۆ هەولێر و هەریر و رانیە، بۆ ئەوەی وەكو شوێنەكانی دیكەتان بەسەر نەیەت. بەڵام لە گەرمیان هەندێك بەرپرس رێگرییان لە خەڵك كرد كە بڕۆن. 

رووداو: جیاوازی شەڕی ئەنفال لەگەڵ شەڕەكانی پێشوو چی بوو؟

فایەق گوڵپی: شەڕەكانی پێشوو زۆرتر كاردانەوە بوون، بۆ نموونە شوێنێكمان دەگرت رژێم شەڕی دەكرد بۆ ئەوەی لێمان بسەنێتەوە، شەڕەكانیش سنووردار بوون، بەڵام ئەوەی ئەنفال وا نەبوو، شەڕی بەرفراوان بوو، بۆ نموونە رژێم لە ئەنفالی یەك هەموو قەرەداخ دەخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆی، لە ئەنفالی دوو و سێ‌ هەموو گەرمیان. جگە لەوەش هەموو جۆرە چەكێكی تێدا بەكاردەهات. پێش هەموو ئەنفالێك چەكی كیمیایی بەكاردەهێنا. لە ئەنفال تەنیا پێشمەرگە بە ئامانج نەگیرا، خەڵكی مەدەنیش بە ئامانج گیران. یەكێك لە خاڵە گرنگەكانیش هەڵوێستی جاشەكان بوو، ئەگەر ئەوان لە زۆر شوێن هاوكارییان نەكردینایە چەندان ئەوەندەی دیكە ئەنفال دەكراین. لە چەندان شوێن پێشمەرگەیان كەوتووەتە دەست، رادەستی سەربازەكانیان نەكردووە. 

رووداو: تۆ چۆن هەواڵی بۆردومانی هەڵەبجە و شەهیدبوونی دایكت و كەسوكارەكەتت زانی؟

فایەق گوڵپی: پێش كیمیابارانەكە گوتیان هەڵەبجە ئازادكراوە و لە ماوەیەكی كەمدا دەربەندیخانیش ئازاد دەكرێ‌. زۆر دڵم بەوە خۆش بوو، چونكە ئەگەر وابێ‌ سەردانی دایكم و ئەوان دەكەم كە دەمێك بوو نەمبینیبوون. دوای چەند رۆژێك بروسكەیەكمان بۆ هات كە هەڵەبجە كیمیاباران كراوە و نزیكەی 3-4 هەزار كەس شەهید بوون. من سەرەتا بڕوام نەدەكرد، چونكە هەندێك زانیاریم هەبوو لەسەر چەكی كیمیایی، حكومەتی عێراقیش پێشتر تەنیا گازی خەردەلی بەكارهێنابوو. زۆر كوشندە نەبوو، ئەگەر 100 كەس بەركەوتبان رەنگە یەكێكیان بمردبایە. دەفتەرێكم هەبوو زانیاری لەبارەی چەكی كیمیایی تێدابوو، سەیرم كردەوە، بینیم غازی ئەعساب ئەو كاریگەرییە زۆرەی هەیە. ئیدی كەوتمە سۆراغی كەسوكارم، ئەوەندەی پێنەچوو سێوسێنانیش بۆردومان كرا، ئیدی ئەنفالی دووش دەستیپێكرد، چووین بۆ گەرمیان، ئەنفال بە ئەنفال راویان دەناین، من نەجاحی براشم لەگەڵدا بوو كە گەیشتینە دەشتی كۆیە، پێمگوت تۆ بڕۆ سۆراغی دایكم و ئەوان بكە. ئەویش هیچ هەواڵێكی بۆ نەناردم. من لە مەڵبەندی سێ‌ مامەوە. هیچ هەواڵی كەسوكارەكەمم نەدەزانی، رۆژێكیان مولازم عومەر و كۆسرەت رەسوڵ بروسكەیەكیان بۆ كردم. ئەوان لە نزیك خەتێ‌ بوون، من لە مەلەكان بووم. گوتیان دكتۆری دیكەمان بۆ هاتووە، تۆ بڕۆ پشوو بدە و سۆراغی كەسوكارەكەت بكە. پێش ئەوەی بگەینە سنووری ئێران لە بارەگای حیزبی دیموكرات لاماندا، ئەوكات بارەگایان لە بۆڵێی بناری قەندیل بوو. هەواڵم بۆ خێزانەكەم نارد كە بێن بۆ ئەوێ‌، كە هاتن پرسیاری دایكمم لێكردن، بەڵام هیچ زانیارییەكیان نەدامێ‌. چوومە سەقز كەس هیچی پێنەگوتم. چووم بۆ پاوە لەوێ‌ قادر كۆكۆییم بینی. ئەو راستییەكەی پێگوتم و گوتی كەسوكارەكەت هەموویان شەهید بوون. 

رووداو: خەڵكی هەڵەبجە گلەییان لە حیزبەكان هەبوو كە سەردانی ئاوارەكانیان نەكردووە، تەنانەت مامۆستا شاهۆ بە كاك نەوشیروانی گوتووە: بۆ سەردانیان ناكەن. گوتوویەتی سەردانی كێ‌ بكەین، ئەوان یان جاشن یان ئاشن.. 

فایەق گوڵپی: بەڵێ‌ وایە، مامۆستا شاهۆ بۆ منی گێڕایەوە. كاك نەوشیروان ئەو تەبیعەتانەی هەبوو كە تووڕە دەبوو شتی وای دەگوت.

رووداو: ئەی مام جەلال و كاك نەوشیروان سەرەخۆشییان لە تۆ كرد؟

فایەق گوڵپی: كاك نەوشیروان نەیكرد. لە مانگی حەوتی 1988 كۆبوونەوەیەك هەبوو، كاك نەوشیروان و د.فوئاد دانیشتبوون، سڵاوم لێكردن، بە هەزار حاڵ وەڵامیان دامەوە. لەگەڵ مام جەلال لە 1984 بەدواوە لە یەكدی دابڕابووین، لە 1988 ئاشتی كردمەوە و سەرەخۆشی لێكردم.

رووداو: ئێوە كە لە سەقز بوون سەركردایەتی یەكێتی باوەڕی بە دەستپێكردنەوەی شۆڕش هەبوو، دەڵێن كاك نەوشیروان و د.فوئاد مەعسووم پێیانوابووە كە باشترە ئەو خەڵكە بگەڕێنەوە عێراق..

فایەق گوڵپی: بەڵێ‌ بۆچوونێكی وا هەبوو. كاك نەوشیروان هەر بڕوای بە رێكخستن هەبوو، دەیگوت مانەوەی هێزەكەمان لێرە ئەنجامی نابێ‌. رەنگە پێی باشبووبێ‌ كۆتایی بە پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ ئێران بهێنرێ‌. بەڵام مام جەلال و كۆسرەت رەسوڵ و مولازم عومەر و عومەری سەید عەلی، ئەوان بۆچوونیان لەگەڵ كاك نەوشیروان یەك نەبوو، هەر لەسەر ئەوەش ناكۆكی كەوتە نێوانیان.

رووداو: ئەی خۆت بۆچی وازت لە یەكێتی هێنا؟

فایەق گوڵپی: باوەڕم بە یەكێتی نەما. من وامدەزانی سەركردایەتی یەكێتی پۆڵان و قەت شكست ناهێنن، بێ‌ ئیرادە نابن. بەڵام ئەوەی بینیم.. لە ئەنفالەكان چەند جارێك بەجێیانهێشتم. دواتر ئەوەی لە هەڵەبجە كردبوویان نە عەشایری بوو، نە ئینسانی بوو، نە سیاسی بوو، نە كوردایەتی بوو. من بڕوام بە پەیوەندی ئەو حیزبانە لەگەڵ ئەو وڵاتە داگیركەرانە نەبوو، تەوەقوعم نەدەكرد یەكێتی وا بكات. یەكێتی ئەوەی لەسەر پارتی و حیزبەكانی دیكە دەیگوت، خۆی بە ئاسانی كردی و لاسایی كردنەوە. ئەمانە مەسەلەی گشتی بوون. مەسەلەی تایبەتیش ئەوە بوو كە من دكتۆرێكی یەكێتی بووم. ئەوان هەموو كەسوكاری خۆیان بانگ كردبوو كە بچن بۆ سلێمانی یان ئێران، بەڵام كەسوكارەكەی منیان ئاگادار نەكردبووەوە. كەواتە من كەسێكی زیادەم لەناو ئەو حیزبە. دواتر دەستلەكاركێشانەوەكەم دا بە عومەر فەتاح. دوای ئەوە لە برادەرانی پارتی گەل نزیك بوومەوە.

رووداو: بوویت بە سەركردایەتی پارتی گەل؟

فایەق گوڵپی: بەڵێ‌. 

رووداو: تۆ ئەو هەموو رەخنەیەت لە یەكێتی هەبوو، كەچی گەڕایتەوە لای ئەوان؟

فایەق گوڵپی: ئەوە یەكێك لە هەڵە گەورەكانم بوو. هەڵە بووم كە چوومە نێو پارتی گەل، هەڵەشم كرد كە گەڕامەوە نێو یەكێتی. 

کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
نیشانەکردن : فایەق گوڵپی
2465 ژمارەی بینین

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

ره شید | 13/04/2019 05:18:11 م
ده ست خوش کاک " مامه ند" هه موو خه لکی کوردستان دلنیا بن کابینه ی نوی ؛ کوردستانیکی نوی پیشانی جیهان ده داتن !ئیمه سه رده که وین .
ستراتیژی كابینەی تازە
| 12/4/2019 | (1)
ئاسۆ | 12/04/2019 01:29:39 م
سڵاوو ڕێز، سەرەتا سپاس بۆ نوسینی ئەم بابەتە. هەر وەک بەڕێزتان ئاماژەتان بە نەبوونی دیپڵۆماسی دیجیتاڵی کورد کردووە،بەڵام، لە هەمانکاتدا لە کوردستان بە...
ستار | 12/04/2019 07:15:58 م
ده ست خۆش ڕاست ئه فه رمی های تاك له هه مو بواره کاندا ڕۆڵی کاریگه ری گێراوه له په یوه ندی و ئاڵو گۆڕی زانیاریدا
بارزانی لە سریلانكا
| 12/4/2019 | (3)
Aso | 12/04/2019 04:18:07 م
کاتێک لە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان ئاڵای عێراق شەکاوەیە و مووچەی خەڵکی کوردستان لە بەغداوە دێت ، دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕەچاوی ...
کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر هۆشداریی دەداتە هەرێمی کوردستان
| 12/4/2019 | (1)
Peshwaz | 12/04/2019 04:06:32 م
بيزه حمه ت بوچى او زانياريانه كو اكه نه وه له خلقى پردى
23 گوندی شارۆچکەی بەرکاری زاخۆ چۆڵکراون
| 12/4/2019 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

دەرمانێکی شەکرە رێگە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەگرێت 12 کاژێر لەمەو بەر |

دەرمانێکی شەکرە رێگە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەگرێت

مەترسییەکە بەرێژەی %20 - 40 کەمدەکاتەوە زۆرتر
رووداو لە سوودان؛ ئاگری ناڕەزایەتیی خەڵک نەکوژاوەتەوە 18 کاژێر لەمەو بەر |

رووداو لە سوودان؛ ئاگری ناڕەزایەتیی خەڵک نەکوژاوەتەوە

چاوەڕێی هەنگاوی کرداری دەکەن زۆرتر
 پزیشكانی بەریتانیا بەدەست گرفتە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن 23 کاژێر لەمەو بەر |

پزیشكانی بەریتانیا بەدەست گرفتە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن

زیاتر لە چارەگێكی پزیشكانی بەریتانیا لە دۆخێكی زۆرتر
0.204 seconds