وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

د.موحسین عەبدولحەمید: ئیخوان لەڕێگەی چوار مامۆستای میسرییەوە گەیشتە عێراق

لەلایەن كاوە ئەمین 5/2/2019
پرۆفیسۆر د.موحسین عەبدولحەمید، سەرۆكی پێشووی حیزبی ئیسلامی عێراق
پرۆفیسۆر د.موحسین عەبدولحەمید، سەرۆكی پێشووی حیزبی ئیسلامی عێراق

بەشی یەكەم

رووداو – سلێمانی

بەهۆی برا گەورەكەیەوە تێكەڵی ئیخوان موسلمین بوو، نزیكەی 60 ساڵ لە ریزەكانی ئیخوان و حیزبی ئیسلامیی عێراقدا كاری كردووە. د.موحسین عەبدولحەمید، لە سیاسەت و كاری حیزبیدا تا سكرتێری حیزبی ئیسلامیی عێراق رۆیشت. لە خوێندنیش تا پلەی پرۆفیسۆری. لە بەرنامەی پەنجەمۆردا كە شەوی هەینی سەعات 22:05 خولەك لە كەناڵی (رووداو) پەخش دەكرێ‌، باسی پەڕینەوەی بیری ئیخوان لە میسرەوە بۆ عێراق دەكات و دەڵێت لە رێگەی چوار مامۆستای میسرییەوە ئیخوان گەیشتە عێراق. 

رووداو: تۆ لە كەركووك لەدایكبووی، بەڵام دواتر لە سلێمانی نیشتەجێبووی، دەتوانی بە كورتی باسی ئەمەمان بۆ بكەی؟

د.موحسین: من لە ساڵی 1937 لە قەڵای كەركووك لەدایكبووم، چونكە باوكم لەوێ‌ ئیمام و خەتیبی مزگەوتی حەسەن مەكی بوو. یەك ساڵ لە كەركووك خوێندم، كاكم (برا گەورەكەم) زانكۆی تەواو كرد و لە سلێمانی دامەزرا. بۆیە قۆناغی سەرەتاییم لە قوتابخانەی كانێسكان تەواو كرد. دواتر چووم بۆ قۆناغی ناوەندی كە ئەوكات تەنیا یەك قوتابخانەی ناوەندی هەبوو، تازە دروستكرابوو. دواتر كە چوومە قۆناغی ئامادەیی، كاكم گوازرایەوە بۆ كەركووك.

رووداو: لە سلێمانی مامۆستاكانتان پارتی بوون یان شیوعی؟

د.موحسین: یەكێك لە مامۆستاكانم رەفیق چالاك بوو كە شیوعی بوو، یەكێكیشیان لە هەشتاكان بوو بە سكرتێری حیزبی شیوعی، بەڵام ناوەكەیم بیرچووەتەوە. ئەوكات ململانێكە زۆر بەهێز بوو، شیوعی كۆنترۆڵی بەسەر سلێمانیدا هەبوو، پارتی لاواز بوو. تەنانەت رەفیق چالاك كە بەیانیان سروودی "ئازادیخوای كوردین ئێمە"ی ئەحمەد هەردی پێدەگوتینەوە، دەستكاری كردبوو، دەیگوت بڵێن ".. حوڕین ئێمە". مامۆستایەكی دیكەمان هەبوو كە زۆر كوردپەروەر بوو دەیگوت نەخێر بڵێن كوردین ئێمە.

رووداو: ئەوكات لە سلێمانی زۆر خۆپیشاندان دەكران، ئێوە بەشداریتان دەكرد؟

د.موحسین: ئەوكات ئێمە منداڵ بووین، بەڵام كە لە ناوەندی بووین، هەندێكجار بۆ خۆشی لەگەڵیان دەڕۆیشتین. چونكە ئەوكات زۆر لە سیاسەت تێنەدەگەیشتن.

رووداو: زۆربەی هاوڕێكانت پارتی و شیوعی بوون، تۆ چۆن بوویت بە ئیسلامی؟

د.موحسین: بەهۆی كاكمەوە بوو. كاكم نیزامەددین لە ساڵی 1944 بوو بە ئیخوان موسلیمین. جگە لەوە ئێمەش خێزانێكی دیندار بووین. باوكم ئیمام و خەتیب و زانا بوو. بیرمە رۆژێكی ساڵی 1949 كاكم زۆر خەمبار دیار بوو، لێمپرسی بۆچی وا خەمباری؟ گوتی: ئەمڕۆ حەسەن بەننایان كوشت. ئەو ناوە چووە مێشكم. من بەردەوام لەگەڵ كاكم دەچووم بۆ مزگەوت بۆ لای مەلا. لەوانە شێخ محەممەدی خاڵ. مەلا مستەفای حاجی مەلا رەسوڵ. زۆر رێزیان دەگرت، چونكە یەكەم كەس بوو لە سلێمانی بكالۆریۆسی لە شەریعە بەدەستهێنابوو، لە گۆڤاری ئەزهەر دەینووسی. 

رووداو: باسی شێخ محەممەدی خاڵت كرد، تۆ لە نزیكەوە بینیبووت؟

د.موحسین: زۆرجار، شەوانی هەینی لە مزگەوتی حاجی مەلا ئەمین دادەنیشت كە هی باپیری بوو. كەسێكی زۆر رێزدار بوو. ئەدیبێكی گەورە بوو، قازیی سلێمانی بوو. منیش هەرچەند منداڵ بووم، بەڵام زۆر سوودم لەو مەجلیسانە دەبینی. ئەوكات دووكانێك هەبوو بەرامبەر سەرای سلێمانی، وابزانم خاوەنەكەی ناوی حاجی قادر بوو. رۆژنامەكانی بەغدای دەهێنا. رۆژانەكەم 10 فلس بوو، بە چوار فلس هەموو رۆژنامەكانم دەخوێندەوە. بەو هۆیەوە عەرەبییەكەم باش بوو. هەروەها لە رووی سیاسیشەوە سوودی زۆرم بینی. 

رووداو: لە بیرەوەرییەكانت كە هێشتا چاپت نەكردوون، دەڵێی زۆر حەزت دەكرد بچیتە دادگاكان، بۆچی دەچووی؟

د.موحسین: هەموو سێشەممەیەك دادگای گەورە هەبوو لە سەرا، لەوێ‌ هۆڵەكەیان دەكردەوە و خەڵك دەهاتن. من دوو سەعات زووتر دەچوومە ئەوێ‌. زۆر شت فێربووم. مەسەلەی شەهادەت و عەدالەت و كوشتن و شتی وا. 

رووداو: چی ئەو دادگایەت لەبیرە؟

د.موحسین: ئەوەی لە بیرمە بەسەرهاتی كچێكی سلێمانی بوو، وابزانم یەكەم كچی سافیرە بوو لە سلێمانی. ئەوكات كەسێكی عەرەب بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بوو، كوڕی ئەو بەڕێوەبەرە لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە كچەكەیان رفاندبوو. كوڕەكەیان گرت. دواتر هێنایان بۆ دادگا، لەبیرمە كچەكە لە نێو دادگا تەقەی لێكرد و كوشتی. 

رووداو: ئەی شێخ مەحموودی حەفیدت بینیوە؟

د.موحسین: بەڵێ‌ جارێك بینیم، لە ساڵی 1953 بوو، من لە مزگەوتی گەورە نوێژم دەكرد، هەر ئەوەندەم گوێ لێبوو خەڵك هاواری دەكرد، مەلیك هات، مەلیك هات. خەڵك دەچوون دەستیان ماچ دەكرد، منیش بە هەر شێوەیەك بوو خۆم گەیاندە لای و تەوقەم لەگەڵ كرد و دەستیم ماچ كرد، ئەویش سەری ماچكردم. 

رووداو: حەز دەكەم باسی سەرەتای هاتنی ئیخوانمان بۆ بكەی بۆ عێراق.

د.موحسین: عێراق پێویستی بە چوار پرۆفیسۆر هەبوو، ئیمام حەسەن بەننا چوار پرۆفیسۆری نارد، لە ساڵی 1944 فیكری ئیخوان لە رێگەی ئەو چوار كەسەوە وردە وردە لە عێراق بڵاوبووەوە. بەڵام پێشر لە ساڵی 1942 رۆژنامەی ئیخوان موسلمین لە مووسڵ و بەغدا و بەسرە بڵاودەكرایەوە.  

رووداو: كەی گەیشتە كوردستان؟

د.موحسین: درەنگ گەیشت، لە كەركووكەوە گەیشت. دەتوانم بڵێم ساڵی 1955 بوو.

رووداو: زۆر باسی پەیوەندی ئیخوان و ماسۆنییەكان دەكرێ‌، ئەم پەیوەندییە هەبووە؟

د.موحسین: هەر گروپێك دابمەزرێ‌، گروپێكی دیكە پروپاگەندەی بۆ دەكەن. هێرشی دەكەنە سەر، درۆی بەناوەوە دەكەن. من 60 ساڵ لە ناو ئیخوان بووم. شت نییە نەمخوێندبێتەوە. ئەمەی دەگوترێ‌ ئەسڵی نییە. مومكین نییە، چونكە ئیخوان گروپێكی ئیسلامین، ماسۆنیەت گروپێكی جوون. لە زەمانی جەمال عەبدولناسرەوە ئەو پروپاگەندەیە هەیە. 

رووداو: بەڵام گومانەكە زۆرتر لەڕووی تەشكیلاتییە كە هەردوولاتان نهێنیپارێزن؟

د.موحسین: ئێمە هیچ كاتێك نهێنیمان نەبووە.

رووداو: بەڵام دروشمەكانیشتان لە یەكەوە نزیكن، ئەوان دەڵێن ئازادی یەكسانی برایەتی، ئێوەش دەڵێن عەدالەت و ئازادی و برایەتی؟

د.موحسین: ئیخوانەكان لەسەر رۆژنامەكەیان دەنووسن: دعوە الحق والحریە.

رووداو: لە رۆژنامەیەك لە میسر لە ساڵی 1943 وتارێك بەناوی سەید قوتب بڵاوكراوەتەوە بەناونیشانی: بۆچی بووم بە ماسۆنی، ئەوە راستە یان دروستكراوە؟

د.موحسین: ئەوە دروستكراوە. سەید قوتب پێش ئەوەی ببێتە ئیخوان، چەپ بوو، گۆڤارێكی هەبوو بەناوی فیكر.

رووداو: دەڵێن سەید قوتب رەخنەی لە حەسەن بەنا گرتووە؟

د.موحسین: پێش ئەوەی ببێتە ئیخوان هیچ رەخنەیەكی نەگرتووە، بەڵام دەڵێن پاش ئەوەی بووەتە ئیخوان بە تایبەتی پاش شۆڕشی میسر لە ساڵی 1952، رەخنەی لە شێوازی كاركردنی حەسەن بەننا هەبووە. سەید قوتب بۆ مەسەلەی جیهاد لە حەسەن بەننا توندتر بوو، چونكە ئەو كاریگەری چەپی شۆڕشگێڕی هەر لەسەر مابوو.

رووداو: دەڵێن شێخ محەممەد مەحموود سەواف، دامەزرێنەری ئیخوان بووە لە عێراق؟

د.موحسین: دامەزرێنەری حەقیقی ئیخوان لە عێراق حوسێن كەمالەددین بوو لە ساڵی 1944. كەمالەدین مامۆستا بوو لە كۆلێژی ئەندازیاری. ئەوكات سەواف لە ئەزهەر دەیخوێند. ساڵی 1946 ئەوان رۆیشتن، سەواف گەڕایەوە و ئەركەكەی وەرگرت.

رووداو: ئیخوانەكانی عێراق فەرمانیان لە میسرەوە وەردەگرت یان نیمچە سەربەخۆ بوون؟

د.موحسین: بێگومان كە حەسەن بەننا لە ژیاندا بوو، پابەندبوونێك لە ئاستی باڵادا هەبوو. تەنانەت دوای ئەویش، چونكە سەواف بەیعەتی دابوو بە حەسەن بەننا. بەڵام لە هەندێك مەسەلەدا سەربەخۆ بوون. 

رووداو: زیرەك كەمال لە وتارێكدا دەنووسێ‌ لە ساڵی 1952 سەواف دوو قوتابیی كوردی لە میسر بە گرتندان، راپۆرتی لەسەر نووسیبوون كە ئەمانە پیاوی ئیسرائیلن و تەنانەت گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە لە سێدارە بدرێن.

د.موحسین: من ئەوەم نەزانیوە و نكۆڵی لێدەكەم. بە پێچەوانەوە سەواف كوردی زۆر خۆشدەویست. ئەو دوو كەسەی تۆ باسیان دەكەی كێ‌ بوون؟

رووداو: حوسێن رەشوانی و عەبدوڵڵا زێباری..

د.موحسین: حوسێن رەشوانی لە من گەورەترە، هاتوچۆی كاكمی دەكرد، چەندینجار بینیومە، قەت شتی وای بۆ باس نەكردووم.

رووداو: دەڵێن سەواف بەرنامەیەكی هەبوو لە رادیۆ بەناوی "علی مائدە القران" لەوێ‌ بەردەوام سووكایەتی بە كورد دەكرد؟

د.موحسین: نەخێر ئەو قسەیە ئەسڵ و ئەساسی نییە، چونكە من هەموو رۆژێك گوێم لە بەرنامەكەی دەگرت. با پێت بڵێم ململانێ‌ لە عێراق لە نێوان دوو بەرەدا هەبوو، شیوعی و ئیخوان. شیوعییەكان بەرامبەر بە ئیخوانەكان قسووریان نەدەكرد، تەنانەت شیوعییەكان ناویان لە بەرنامەكەی سەواف نابوو "علی مائدە امریكان". ئەوكات لەناو شیوعییەكان ئیرهابی فیكری هەبوو، كەسێك دژیان بووایە هەزاران پروپاگەندەیان لە دژی دەكرد. كاكم كە حەوت ساڵ لە سلێمانی بوو، كاتێك بە جادەدا دەڕۆیشت، شیوعییەكان جنێویان پێدەدا.

رووداو: رۆڵی ئەمجەد زەهاوی لەنێو ئیخواندا چی بوو؟

د.موحسین: ئەو زانایایەكی گەورەی كورد بوو، هانی ئیخوانەكانی دەدا كە حەقیقەتی ئیسلام لە خەڵك بگەیەنن، بەڵام قەت لە رێكخستنەكانی ئیخواندا كاری نەكردووە.

رووداو: هەستی كوردایەتی هەبوو؟ بە كوردی قسەی دەكرد.

د.موحسین: هەستی كوردایەتیم لێ‌ نەبینیوە، بە كوردییەكی زۆر لاوازیش قسەی دەكرد. چونكە لە بەغدا گەورە بووبوو.

رووداو: ئەی مەسەلەی شاعیرەكەی ئیخوان چییە؟

د.موحسین: ئەوە وەلید ئەعزەمی بوو، بەردەوام هێرشی دەكردە سەر نووری سەعید.

رووداو: بەو هۆیەوە رێگری لە ئیخوانەكان نەدەكرا؟

د.موحسین: نەخێر، بەڵام بەناوی ئیخوان موسلیمین مۆڵەتیان نەدا، بۆیە ناوەكەیان گۆڕی بۆ "جمعیە اخوە الاسلامیە". بەڵام دواتر كە وەلید ئەعزەمی لە رۆژنامەكەیان دژی جەماعەتی مەلیك شتی بڵاوكردەوە، جەمعییەكەیان داخست.

رووداو: تۆ كەی بووی بە ئیخوان؟

د.موحسین: من لە ساڵی 1949 كە بینیم كاكم بەهۆی كوژرانی حەسەن بەنناوە خەمبار بووە، ئەو فیكرەیە چووە دڵمەوە. لە ساڵی 1952 كە گەڕاینەوە كەركووك، برەدەران هاتنە ماڵمان، چەند نامەیەكی حەسەن بەننایان بۆ هێنام، نامەكانم خوێندنەوە، زۆر كاریگەریان لەسەرم دانا. لە ساڵی 1954 كە پۆلی شەشی ئامادەیی بووم، بوومە ئەندامی ئیخوان.

رووداو: لەوانەی كە لە كەركووك زۆر چالاكبوون، كێ‌ بوون؟

د.موحسین: لەوانە نوورەدین كە كورد بوو، پارێزەرێكی بەناوبانگ بوو. سەید ئەحمەد محێدین بوو، سلێمان قابیل كە توركمان بوو.

رووداو: رۆڵی ئەفسەرانی ئیخوان لە شۆڕشی ساڵی 1958 چی بوو؟

د.موحسین: رۆڵیان نەبوو، چونكە لە پێش ئینقیلاب بەرەی نیشتیمانی هەبوو. كە پێكدەهات لە شیوعییەكان و بەعسییەكان و حیزبی ئیستقلال حیزبەكەی كامیل چادرچی، داوایان لە ئیخوان كرد بەشداری بەرەكە بكەن، بەڵام نەیانكرد و گوتیان ئێوە هەمووتان عەلمانین و ئێمە ئیسلامین. دووەم شت: ئیخوانەكان عیبرەتیان لە ئینقیلابی ساڵی 1952ی میسر وەرگرت. هەتا عەبدولناسر لە ئیخوانەكان بوو جا بە درۆ بووبێ‌ یان بە راست، ئەفسەرەكان هەموویان ئیخوان بوون. كاتێك دەسەڵاتیان گرتەدەست ئیخوان داوای چاكسازی كرد، ئەوانیش نەیانكرد. ئەوان چەكیان بەدەستەوە بوو كەوتنە كوشتاری ئیخوانەكان. بۆیە ئیخوانەكانی عێراق ترسیان هەبوو هەمان مەرگەسات دووبارە ببێتەوە. كە ئینقلابەكەش كرا و ناویان لێناوە شۆڕشی 1958، سەواف بەیاننامەیەكی دەركرد و پشتگیری كردن، چونكە ئیخوانیش دژی مەلەكییەت بوو.

رووداو: كە باسی شۆڕش دەكرێ‌ تۆ بە ئینقیلاب ناوی دەبەی، هەمیشەش دەڵێت ئەمریكا و ئیسرائیل لە پشت ئەو شۆڕشانەن، ئەو بۆچوونەت لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

د.موحسین: من دژی شۆڕشی سەربازیم، چونكە هەموو كارەساتەكانی ئێستا بەسەر ناوچەكەماندا هاتووە، بەهۆی كودەتای سەربازییەوە بووە. حیزبی شۆڕشگێڕی جگە لە خۆی هەموو حیزبەكانی دیكە بە خائین دەزانێ‌. شۆڕش بۆ گۆڕانكاریی و چاكسازییە، بەڵام كودەتای سەربازی بووە هۆی وێرانبوونی ناوچەكە.

رووداو: بۆچی پێتوایە دەستی دەرەكی لە پشتیانە؟

د.موحسین: بە بڕوای من كە جوو لەو ناوچەیە دەوڵەتیان بۆ دروستكرا، دەوروپشتەكەی دەبێ‌ لاواز بێ‌، هەندێك لەو تەدەخولانە روون و ئاشكران. لەوانەش ئینقیلابەكەی سووریا. ئینقیلابەكەی بەكر سدقی ناتوانین بڵێین دەستی ئیسرائیلی تێدا نەبووە. ئینقیلابەكەی ساڵی 1958 ئیختیلافی تێدایە، عەجەب عەبدولكەریم قاسم پەیوەندی لەگەڵ ئینگلیز هەبووە یان نا. من باوەڕم وایە عەبدولكەریم قاسم پەیوەندی لەگەڵ ئینگلیز نەبووە. كەسێكی نیشتیمانپەروەر بوو، بەڵام سەربازی بوو. لە سیاسەتی نەدەزانی و هەندێكجار تووشی هیستریا دەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤێكی پاك بوو، دز نەبوو. بەڵام كاتێك ژمارەیەك ئەفسەر رێكدەكەون، شیوعی تێدایە، بەعسی تێدایە. نەتەوەیی تێدایە، بەدینی تێدایە، ئەمە چۆن دەتوانن بەرنامەی شۆڕش دابنێن! بۆیە كە تەماشا دەكەین. من دیراسەی هەموو ئەوانەم كردووە، هیچیان شۆڕش نین. هەتا دەڵێن شۆرش هەموو شتێك دەڕوخێنێ‌ و هیچ بنیات نانێتەوە. زۆر لە سیاسییەكان ئێستا دەڵێن ئەگەر رژێمی پاشایەتی مابووایە، ئێستا عێراق زۆر پێشكەوتووتر دەبوو. ئیبن خەلدوون دەڵێت دەكرێ‌ حكوم لەسەر شێ‌ شت بنیات بنرێ‌: عەقڵ، دین، غەریزە. پاشایەتی نەختێك عەقڵانییەتی تێدایە. عەبدولكەریم قاسم رەنگە گوتبێتی با ئێمە ئەو عێراق باش بكەین، بەڵام شیوعی و بەعسی و قەومی و بەدینی لەگەڵ بووە. ئەنجامەكەی چی بوو؟ یەكتریان تەفروتونا كرد.

رووداو: تۆ ساڵی 1959 گەڕایتەوە كەركووك؟

د.موحسین: بەڵێ‌، چونكە زانكۆم تەواوكرد و دامەزرام، جاران هەر قوتابییەك نمرەی زۆرباشەی هێنابا بە بڕیاری وەزارەتی مەعاریف لە شوێنی خۆی دادەمەزرا، منیش نمرەم 86 بوو، بۆیە لە دواناوەندی كەركووك دامەزرام.

رووداو: لەوێ‌ كاری حیزبایەتیت دەكرد؟

د.موحسین: بەڵێ‌، ئەندامێكی كارابووم. گوتارم دەدا لە مزگەوتەكان. ساڵێك ئیمام و خەتیبی مزگەوتی ئیبراهیم تكریتی بوو، لەوێ‌ وتارێكم خوێندەوە لە دژی عەبدولكەریم قاسم كە لە ژێر كاریگەری شیوعییەكان یاسای باری كەسی عێراقی گۆڕی. دواتر معاونی ئەمنی كەركووك هات و نەیهێشت چیدی لەوێ‌ خوتبە بخوێنم. معاونەكە كەسێكی مەسیحی بوو، گوتی تۆ رەخنەت لە زەعیم گرتووە و بە كافریش ناوت بردووە، من ناتگرم، بەڵام تۆ مامۆستای قوتابخانەی و واز لە وتارخوێندنەوە بهێنە، ئەگەر نا راپۆرت بۆ بەغدا دەنووسم كە بتگرن.

رووداو: دەڵێن توركیا رۆڵی خراپی هەبوو لە بەهێزكردنی ناسیۆنالیستی تورك لە كەركووك؟ تۆ ئاگات لەمە هەبوو؟

د.موحسین: ئەوكات تۆرانییەكان هەبوون. كۆمەڵێك رۆشنبیر كە لە توركیا خوێندبوویان. زۆر دەمارگیربوون، دژایەتی ئێمەیان دەكرد. دژایەتی هەموو ئەو توركمانانەیان دەكرد كە دەبوون بە ئیخوان. ئەوانە ژمارەشیان كەمبوو. دواتر بەعس سەركردەكانیان كە پێنج كەس بوون، لە سێدارەیان دان. هەتا بیرمە جارێك وەلید ئەعزەمی هاتە خانەی مامۆستایان، بەبۆنەی یادی لە دایكبوونی پێغەمبەر، شیعرێكی خوێندەوە، هێرشی كردە سەر ئەتاتورك. من ئەوكاتە سەرۆكی كۆمەڵەی ئیرشادی دینی بووم لە كۆلێژەكە. شەو من و د.عیرفان عەبدولحەمید ئەویش كوردبوو خەڵكی كەركووك بوو، لە چایخانەیەك دانیشتبووین، هەر هێندەمان زانی چەند قوتابییەكی توركمان هاتن و پەلاماریان داین، یەكێكیان چەقۆیەكی لێدام. دواتر ئەو قوتابیانە لە زانكۆ فەسڵ كران. ئەو جۆرە دەمارگیرییە هەبوو، بەڵام زۆر بڵاو نەبوو.

رووداو: ئەی مەسەلەی كوشتنی توركمانەكان لەلایەن شیوعییەكان لە كەركووك لەسەر چی بوو؟

د.موحسین: ئەوە ساڵی 1959 بوو، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر شۆڕش بوو، خۆپیشاندانیان كرد، لەوێ‌ هێرشیان كردە سەریان، 39 كەس كوژران. 

رووداو: ئەوانەی كوژران هەموویان توركمان بوون؟

د.موحسین: بەڵێ‌، هەموویان توركمان بوون.

رووداو: بەڵام تۆ تۆمەتەكە دەخەیتە پاڵ شیوعییەكان؟

د.موحسین: ئەوانە دەستگیركران، وابزانم ژمارەیان 27 كەس بوو، ئەوانە دوای ئەوەی بەعسییەكان هاتنە سەر حوكم لە سێدارەدران. من هەندێكیانم دەناسی كە هەڵواسرابوون، لەوانە جەبارخان بوو كە كوڕی موختاری گەڕەكی ئیمام قاسم بوو، شێخ مارف بەرزنجی بوو كە من پێموایە بێ تاوان بوو، بەڵام ئەو سەرۆكی شارەوانیی كەركووك بوو، تەرمەكانی كۆكردبووەوە، ئەویشیان تۆمەتبار كرد. 
تەناتەت لە وەسیەتنامەكەی كە بۆ كوڕەكەی ناردبووی، سوێند دەخوات كە كەسی نەكوشتووە.

رووداو: ئەی بۆچی توركمانەكان تۆمەتەكەیان خستە پاڵ كورد؟

د.موحسین: چونكە ئەوانەی تاوانەكەیان كرد، هەموویان كورد بوون.

کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
نیشانەکردن : میسر , ئیخوان
2127 ژمارەی بینین

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Srur barzani | 11/02/2019 03:00:29 م
زۆر سوپاسی ئەم مامۆستایە و برایە دەکەم بە راسی ئەوە کارێکە کە بۆ کەسێک و دوو کەس نیە بۆ میلەتێکە ئەو کارە ئینشاللە بە هیوای سەرکەوتن و کاری باشتر و...
کەریم | 14/02/2019 09:43:37 ص
زۆر سپاس بۆ کاک بۆکانی بەڕێز بۆ ئەم کارە گەورەیە دەست خۆش و سەرکەوتوبیت.
گەنجێک هەوڵدەدات شێوەزاری سۆرانی بۆ گوگڵ زیادبکات
| 11/2/2019 | (2)
hershhaji | 11/02/2019 02:53:55 م
باشە لێرەدا پرسیار ئەوە یە ئەی چۆن بڕوانامەی پۆلی ۱۱ و۱۲یان داوەتێ ؟؟؟؟
omer salem | 13/02/2019 08:33:21 م
slaw
قوتابییەك لە زانكۆوە دەگەڕێندرێتەوە ئامادەیی
| 11/2/2019 | (2)
Rebwar | 11/02/2019 01:53:12 م
Dastxosh
پارتی دەبێ خۆی لەو داوە رزگار بكات
| 11/2/2019 | (1)
Adnan sherwani | 11/02/2019 12:16:27 م
كاك قوباد باسی لیڤەرپول دەكات لە بەر ئەوەی زۆر دەناڵێنن لە دەستی گەورەكەی ئینگلتڕا ولە 24 مانگ دوبارە لێتان دەبەینەوە لە ناو ئۆلتڕافۆرد
قوباد تاڵه‌بانی: سندان له‌ لیڤه‌رپوول
| 10/2/2019 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

 ئەمڕۆ نەخۆشخانەی گشتیی بلێ یادی سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەکاتەوە 5 کاژێر لەمەو بەر |

ئەمڕۆ نەخۆشخانەی گشتیی بلێ یادی سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەکاتەوە

نەخۆشخانەکەیان چەندین پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە زۆرتر
جەواد زەریف بۆ رووداو: پەیوەندییەکی ئابووری باشتر لەگەڵ کوردستان بنیاددەنێین دوێنێ کاژێر 01:48 |

جەواد زەریف بۆ رووداو: پەیوەندییەکی ئابووری باشتر لەگەڵ کوردستان بنیاددەنێین

"کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ راوێژکاری زۆرتر
خەوی باش، سیستەمی بەرگری جەستە بەهێزدەکات 14/2/2019 |

خەوی باش، سیستەمی بەرگری جەستە بەهێزدەکات

سیستەمی بەرگری وەڵامدانەوەی باشترە زۆرتر
0.266 seconds