وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

كاكەمین نەجاڕ: پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران باشە و كاك مەسعودیش سەردانی ئێران دەكات

لەلایەن مەحموود یاسین کوردی 7/12/2016
كاكەمین نەجاڕ: 10 مانگی دیكە هەڵبژاردن لە كوردستان دەكرێت
كاكەمین نەجاڕ: 10 مانگی دیكە هەڵبژاردن لە كوردستان دەكرێت

رووداو- هەولێر

كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەولێر لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت 10 مانگی دیكە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دەكرێت. سەبارەت بە پرسی ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستانیش لە بەغداوە، دەڵێت پارتی بەو مەرجە رازی دەبێت نەوتی كوردستان رادەستی بەغدا بكات، كە بەغدا ئامادە بێت مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات.

رووداو: بارزانی پەیامێكی بۆ چارەسەری قەیرانە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاند، چۆن ئەو پەیامە لەسەر ئەرزی واقیع دەكەنە پڕۆژەیەكی سیاسی؟

كاكەمین نەجاڕ: زۆربەی لایەنەكان پشتگیرییان لە پرۆژەكەی سەرۆك بارزانی كرد. بەبڕوای من یەك رێگا هەیە بۆ تەرجەمەكردنی پەیامەكەی كاك مەسعود، ئەویش حیزبەكان بە یەكەوە دانیشن و گفتوگۆ بكەن، وەكو پارتیش شاندێكمان پێكهێناوە بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێك.

رووداو: هیچ پرۆژەیەكتان پێیە لەو كۆبوونەوانەدا گفتوگۆی بكەن؟

كاكەمین نەجاڕ: وەكو مەكتەبی سیاسی پارتی بڕیارمانداوە هیچ قسە و لێدوانێك لەسەر ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوانە نەدەین، دەمانەوێ‌ لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان دابنیشین و دواتر بۆچوونی خۆمان بخەینەڕوو بزانین چۆن دەگەینە رێككەوتن.

رووداو: بەڵام قەیرانی سیاسی هەیە، قەیرانی دارایی و شەڕی داعش هەیە، نابێت خەڵك لەو پرۆژانە ئاگادار بكەنەوە؟

كاكەمین نەجاڕ: قەیرانی داراییەكە واقیعە پێمان خۆش بێت پێمان ناخۆش بێت تازە دروستبووە، بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا، دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش، پێویستی بە چارەسەركردنە، ئەویش بە كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات، نەهێشتنی دوو مووچە و چەندین رێوشوێنی دیكە. هێواش هێواش ئەو قەیرانە بەرەو چارەسەر دەڕوات. سەبارەت بە قەیرانە سیاسییەكەش دوای پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ حیزبەكان سەرقاڵی ئەوەین چۆن نێو ماڵی خۆمان ریكبخەینەوە.

رووداو: بۆ قەیرانە داراییەكە بۆچی ناگەڕێنەوە بەغدا و چارەسەری قووت و مووچەی خەڵك بكەن؟

كاكەمین نەجاڕ: ئەوانەی دەڵێن بەغدا بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر نەوت دەنێرێ‌ موزایەدە دەكەن، هیچ بنەمایەكی نییە، قەناعەتمان وایە بەغدا مووچە نادات، چونكە ئەگەر بیدابایە بۆچی پێشتر دەیبڕی. ئەو كاتەی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بڕدرا خۆ كێشەی نەوت و ئەو بابەتانە لە نێوانمان نەبوو، ئەوانەی پێشتر بە بەغدایان گوت بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕە هەر ئەوانەش ئەمڕۆ موزایەدە دەكەن و دەڵێن بەغدا مووچە و بودجە دەنێرێت.

رووداو: بۆچی پارتی ئەو بیانووەی بەغدا نابڕێ‌ و نەوتەكەی رادەست ناكات؟

كاكەمین نەجاڕ: ئێمە ئامادەین نەوتەكەمان لە رێگای بەغداوە بفرۆشین ئەگەر ئەوان بودجە و مووچە بنێرن، بەڵام ئەو بودجەیە نا كە بەغدا باسی دەكات، ئێمە ملیۆنێك و 400 هەزار مووچەخۆر و فەرمانبەرمان هەیە، بەغدا دەڵێ‌ هەرێمی كوردستان 700 هەزار فەرمانبەری هەیە، جگە لەوە بەغدا لە بودجەی گشتی چوار ملیار دۆلار بودجەی حاكیمە و 21 ملیار دۆلار بودجەی سیادی و قەرزی شەڕی سەدام و قەرزی كوێت و چەندین شتی دیكە دەردەهێنێ، ئینجا 17%ی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، جا ئەگەر وابێت نەوتەكەی ئێمە زیاتر دەكات، بۆچی چاوەڕێی بەغدا بكەین، خۆ ئەگەر بەغدا مووچەی ملیۆن و 400 هەزار مووچەخۆری هەرێمی كوردستان بدات، هەموو نەوتەكەی رادەست دەكەین.

رووداو: بەپێی قسەی ئێوە بێت جیاوازی لە نێوان سیاسەتی عەبادی و مالیكیدا نییە، لە كاتێكدا ئێوە پشتگیریی عەبادی دەكەن و چەندین كۆبوونەوە و دانیشتن كراوە لە نێوانتان؟

كاكەمین نەجاڕ: راستە لە مامەڵەكردن عەبادی لە مالیكی باشترە، بەڵام عەبادیش بە رێچكەی مالیكیدا رۆیشت. مالیكی بودجەی بڕی و ئەویش نەیدایەوە. پێشتر پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا نەمابوو، ئێستا خەریكە پەیوەندییەكان چاك دەبنەوە، دەمانەوێ‌ كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین، بەڵام شتێكی عەمەلیمان لە بەغداوە نەبینیوە.

رووداو: یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ پرۆژەیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان پێشكەش كردووە، بۆچی پشتگیرییان ناكەن؟

كاكەمین نەجاڕ: بەغدا بەبێ‌ حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتن لەگەڵ پەرلەمانتار و هیچ حیزبێك ناكات. بەغدا لەگەڵ پەرلەمانتار دانوستاندن ناكات. ئەوە موزایەدەی هەندێك لە پەرلەمانتارانە، هیچ حیزبێك مافی نییە بە تەنیا رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكات، ئەوانیش لەگەڵ هیچ حیزبێك رێكناكەون، باشە لە پەرلەمانی عێراق یاسای حەشدی شەعبی دەرچوو، ئەو هەموو ئیمتیاز و دەستكەوتە درایە حەشدی شەعبی، بۆچی مووچەی پێشمەرگە نادەن؟ با وەڵام بدەنەوە.

رووداو: ئێستا پەیوەندی ئێوە لەگەڵ بەغدا لەسەر چی ماوە، تەنیا شەڕی مووسڵ كورد بە بەغداوە دەبەستێتەوە؟

كاكەمین نەجاڕ: نەخێر تەنیا بواری عەسكەری و شەڕی مووسڵ نییە، ئێمە وەكو كورد پۆستەكانمان لە بەغدا نەماوە، مووچەی پێشمەرگە نەدراوە، بودجە نەگەڕاوەتەوە لەسەر ئەرزی واقیع هیچ نەكراوە و پۆستەكانیش نەگەڕێندراونەتەوە.

پەرلەمانتاری پارتی نایەتە سەر شاشە درۆ بكات بڵێ‌ وەعدم لە عەبادی وەرگرتووە مووچەی هەرێمی كوردستان بنێرێت، خەڵك دەزانێت ئەمە بۆ راگەیاندن و قسەی تەلەفزیۆنە. نەوتی كەركووك و هەرێمی كوردستان چۆن بە قسەی پەرلەمانتارێك دەدرێتە بەغدا، ئەوە ئیشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە.

رووداو: ئێوە وا بە توندی لەسەر بەغدا قسە دەكەن، تەنیا لەبەر ئەوەیە كە پارتی لە بەغدا كراوەتە ئامانج و پۆستەكانی لێ وەرگیراوەتەوە؟

كاكەمین نەجاڕ: نەخێر تەنیا پارتی نەكراوەتە ئامانج، بەشێوەیەكی گشتی كورد ئامانجە. راستە ئەو پۆستانە زۆربەی پۆستی پارتی بوون، رەنگە پارتی زیاتر كرابێتە ئامانج لە بەغدا و زەرەری كردووە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كورد زەرەری كردووە.

رووداو: لە ماوەی رابردوو مالیكی كۆمەڵێك لێدوانی دژی بارزانی و هەرێمی كوردستان دا، بەڵام هەندێ فراكسیۆنی كوردی لەگەڵی كۆدەبنەوە. ئەوە بەو مانایەیە كە مالیكی توانیویەتی كورد پەرتەوازە بكات؟

كاكەمین نەجاڕ: مالیكی نە سەرۆكوەزیرانە نە سەرۆكی پەرلەمانە. پەرلەمانتارانی كورد بۆ لەگەڵی كۆدەبنەوە؟ حەقە پرسیار لەو پەرلەمانتارانە بكەن چ ئیشیان بە مالیكییە؟ ئەگەر باسی پەیوەندیی حیزبایەتییە ئەوە ئیشی پەرلەمانتار نییە ئەوە بكات، ئەو كارانە تەنیا بۆ موزایەداتی سیاسین. كورد نابێت لەبەر مالیكی نێو ماڵی خۆی تێكبدات، كورد نابێت بە گوێی مالیكی بكات، ئەگەر ئێمە دانوستاندن دەكەین لەگەڵ بەغدا، دەبێت پێكەوە بیكەین. ئەگەر پەرتەوازە بین، بەغداش حیسابمان بۆ ناكات.

رووداو: قسەیەك بەردەوام لە نێو رای گشتی دەكرێت و تەنانەت یەكێتییەكان كە هاوبەشن لە حوكمڕانی، دەڵێن دۆسیەی نەوت تەنیا لە دەست پارتییە، ئەمە هۆیەكی ئەو پەرتەوازەییە نییە؟

كاكەمین نەجاڕ: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كوڕی جەلال تاڵەبانییە، جا پێیان خۆش بێت یان نا ئەو رۆژێك لە رۆژان گوتوویەتی ئاگام لە دۆسیەی نەوتە؟ كادیرێكی خوارەوەی یەكێتی دەڵێ‌ ئاگام لێی نییە، راست دەكات، منیش ئاگام لە دۆسیەی نەوت نییە. دۆسیەی نەوت هەموو كەس ئاگاداری نییە. وەزارەتێك هەیە تایبەت بەو بابەتە و ئەنجوومەنی نەوت و غاز هەیە بەرپرسیارە لەو دۆسیە. پێش چەند رۆژێك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیرەكان هاتنە ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەولێر، هەموویان بە داتا و ئامار و ژمارە بۆ روونكردینەوە. هەر حیزبێك بڵێ‌ ئاگام لە دۆسیەی نەوت نییە با داوا لە سیاسەتی نەوت و دارایی بكات. ناكرێت لە راگەیاندن بۆڵە بۆڵ بكەن.

رووداو: ئێوە و یەكێتی ئاڵۆزییەكی سیاسیتان دروستكردووە، كەس نازانێت كێ‌ حوكمڕانە و كێ‌ ئۆپۆزسیۆنە، هەندێك لە حكومەت بەشدارن، بەڵام گوتار و هەڵوێستیان ئۆپۆزسیۆنە ئەم بابەتە بۆچی یەكلا ناكەنەوە تا خەڵك بزانێت بەرپرسیاری راستەقینە لەم وڵاتە كێیە؟

كاكەمین نەجاڕ: ئەم قسەیە زۆر باوە، جار بە جار یەكێتییەكانیش بە خۆیان دەڵێن ناكرێت لە سلێمانی ئۆپۆزسیۆن بین و لە هەولێر بەشداری حكومەت بین. هەندێك لە حیزبەكان  بەیانیان لە حكومەتن و دوای نیوەڕۆش دەبن بە ئۆپۆزیسیۆن. وایان لێكردووە كە حكومەت تەنیا هی پارتی بێت.

رووداو: جا ئەم حكومەتە بە هی پارتی ناچێت؟ سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتی: 70%ی دەسەڵاتەكانی حكومەت لای پارتییە.

كاكەمین نەجاڕ: ئێمە 38 كورسیمان هێناوە و بایی ئەوەندەش دەسەڵات و پۆستمان هەیە، ئێمە وەكو پارتی رازین بەرپرسیارێتی نیوەی حكومەت لە ئەستۆ بگرین، با حیزبەكانی دیكەش بەرپرسیارێتی نیوەكەی دیكە هەڵبگرن. ئەگەر بەرپرسیارێتی هەڵناگرن بۆچی لە حكومەتن؟

رووداو: بارزانی لە پەیامەكەیدا داوای دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك دەكات، ئەوەندەی تۆ ئاگادار بیت، بارزانی خۆی كاندید دەكاتەوە؟

كاكەمین نەجاڕ: رەنگە رووداوە سیاسییەكان وەڵامی ئەوە بداتەوە كە بارزانی خۆی كاندید دەكات یان نا، بەڵام پەیامەكەی روونە كە داوا لە حیزبەكان دەكات بەدیلێك بدۆزنەوە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

رووداو: هەرێمی كوردستان بەو دۆخەی هەیە ئامادەیی هەڵبژاردنی تێدایە؟

كاكەمین نەجاڕ: هەڵبژاردن 10 مانگی ماوەو پێویستە بكرێت.

رووداو: كەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆدەبنەوە؟

كاكەمین نەجاڕ: چاوەڕێ‌ دەكەین ئەوان رۆژێك دیاری بكەن.

رووداو: بەپێی ئەو زانیاریانەی لێرەوە لەوێ‌ باس كراون پارتی لەو گفتوگۆیانە كات دەكوژێت، ئەگەرنا هیچ نەخشەیەك بۆ حكومەتی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكان نییە؟

كاكەمین نەجاڕ: پارتی ئەوەندە بێ‌ ئیش نییە كات لەگەڵ لایەنەكان بكوژێت. حكومەتی هاوپەیمانی و كابینەی هەشتەم سەركەتوو نەبوو. لە هەموو جیهان بەڕێوەبردنی كابینەی هاوپەیمانی ئاسان نییە. ئێمە سەرقاڵی دانوستاندنین لەگەڵ لایەنەكان و هەڵبژاردنیش 10 مانگی ماوە، دوای هەڵبژاردن باس لە ئیستیحقاقاتی هەڵبژاردن دەكەین.

رووداو: تۆ دڵنیایی 10 مانگی دیكە هەڵبژاردن دەكرێت؟

كاكەمین نەجاڕ: ئومێدەوارم تاوەكو 10 مانگی دیكە شەری موسڵ تەواو بێت، باری دارایی هەرێمی كوردستانیش باشتر دەبێت، هەڵبژاردن بكرێت، ئینشاڵڵا دەكرێت؟

رووداو: بەڵام هەڵبژاردن بە ئینشاڵڵا نییە، بە زەمینەسازییە ئێوە دوای ئەو 10 مانگە هەڵبژاردن دەكەن؟

كاكەمین نەجاڕ: ئەگەر شەڕی موسڵ بە 10 مانگ تەواو نەبێت ئەوا هەر تەواو نابێت، دوای شەڕەكە دۆخی هەرێمی كوردستان ئارام دەبێتەوە، زۆر ئاساییە هەڵبژاردن بكرێت.

رووداو: بەڵام هەڵبژاردنیش پێویستی بە كاراكردنەوەی پەرلەمان و رێككەوتنی سیاسی هەیە كە حاڵی حازر نییە؟

كاكەمین نەجاڕ: ئێمە خەریكین لەگەڵ لایەنەكان و لە گفتوگۆداین، یاسای هەڵبژاردنیش هەیە بەپێی ئەو یاسایە هەڵبژاردن دەكرێت،  ئومێد دەكەین تا ئەو كاتە پەرلەمان كاراببێتەوە.

رووداو: پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ رۆژئاوا خراپە، ئەو ململانییە گەیشتە سوتاندنی ئاڵای كوردستانیش، هیچ لێكتێگەیشتنێك هەیە لە نێوان ئێوە و پەیەدە؟

كاكەمین نەجاڕ: ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ رۆژئاوا خراپ نییە، حیزبەكانی رۆژئاوا خۆیان ناكۆكی و كێشەیان هەیە داوامان لێكردوون چارەسەری كێشەكانیان بكەن. رۆژئاوا هی هەمووانە ئەو خەڵك گرتن و سووتاندنی ئاڵای كوردستانە خراپە.

رووداو: بەڵام كێشەكانی پارتی و پەكەكەیە لە شنگال و لە باكوور لە زۆر شوێنی دیكە، پەڕیوەتەوە بۆ رۆژئاوا؟

كاكەمین نەجاڕ: ئەگەر پەیەدە لە پەكەكە فەرمان و رێنمایی وەربگرێت، نەك لەگەڵ پارتی لەگەڵ زۆر لایەنی دیكە تووشی كێشە دەبێت. ئێمە حیزبەكانی رۆژئاوا لێرە بەخێو دەكەین و خزمەتی ئاوارەكانیان دەكەین و پێشمەرگەمان ناردە كۆبانێ‌، حیزبەكانی رۆژئاوا خۆیان پێكنایەن ئێمە چی بكەین!

رووداو: بەڵام ئەوە حیزبە هاوپەیمانەكانی پارتین لە رۆژئاوا كێشەیان لەگەڵ پەیەدە هەیە.

كاكەمین نەجاڕ: ئێمە كاتێك هێزمان ناردە رۆژئاوا بۆ ئەو حیزبانە نەبوو، بەڵكو بۆ یەپەگە بوو، ئێمە بەبێ‌ جیاوازی هاوكاری هەموو كوردێكی رۆژئاوا دەكەین و داواشیان لێدەكەین كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن، ئێمە كێشەمان لەگەڵ هیچ لایەنێكی رۆژئاوا نییە.

رووداو: ئێوە بۆچی دژی بوونی پەكەكەن لە شنگال؟

كاكەمین نەجاڕ: بوونی بنكەی سەربازی پەكەكە لە شنگال باش نییە، پێویستە لەوێ‌ نەمێنن، چونكە شنگال شوێنی ئەوان نییە. ئومێد دەكەین بە لێكتێگەیشتن و رێككەوتن ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، بەتایبەتی شنگال بریندارەو خەڵكەكەی غەدری لێكراوە، ئێمە لەگەڵ دروستكردنی كێشە نین لە شنگال و ئەوە لە بەرژەوەندی كورد و هەرێمی كوردستاندا نییە.
رووداو: پەیوەندییەكانی پارتی و ئێران زۆر ساردە، بۆچی گەیشتووەتە ئەو حاڵەتە لە رێگەی میدیاوە پەیامتان بۆ بنێرن؟

كاكەمین نەجاڕ: پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران سارد نییە و هیچ عەیبی نییە و لێكتێگەیشتن و پەیوەندییەكی باشمان هەیە، سەردان و یەكتر بینین هەیە.

رووداو: بۆچی بارزانی نەچوو بۆ ئێران؟

كاكەمین نەجاڕ: كاك مەسعود دەچێتە ئێران، بەڵام سەرقاڵی شەڕی داعشە. لە كاتی دیكە سەردانی ئێرانیش دەكات، پێشتر كاك نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئێرانی كرد و ئاگامان لە یەكدی هەیە.

رووداو: بەڵام ئێرانییەكان رەخنەیان لە پارتی هەیە و دەڵێن رێگەی بە سعودیە داوە لە كوردستان چالاكی سەربازی دژی ئەوان بكات؟

كاكەمین نەجاڕ: ئەو قسانە پڕوپاگەندەن، ئێران پێویستی بە كەس نییە بەرگری لێبكات و قسەی لەسەر بكات، ئێران كونسوڵخانەی لە هەولێر هەیە و زانیاریی لە من و تۆ باشتر هەیە. 

نیشانەکردن : كاكەمین نەجاڕ
3280 ژمارەی بینین

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Avin | 26/09/2017 06:19:45 ص
گڕینگ ئویه‌ پڕۆسه‌ رفراندوم سه‌رکه‌ڤتی بۆ ،کورد ئاشتی خۆازیین ؛ زۆڵمیش قه‌بۆڵ ناکه‌یین
ئازاد كه ريم | 26/09/2017 07:01:08 ص
منو خيزانةكةم دانيشتووي البحرين ن بة ئةسل خةلكي خورماتوو ين بروا دةكةم ئيمة يةكةم كورداني وولاتاني عةرةب و كةنداو بين بة بةلي بؤ دةنكدان بؤ سةربةخويي...
129 هەزار جار هەوڵی هاككردنی سایتی كۆمسیۆن دراوە
| 3 کاژێر لەمەو بەر | (2)
ئومید | 26/09/2017 06:10:21 ص
ئه م ده سکه وته گه وره پیروزه له ته واوی کوردستان هه ر بژین
اسماعیل | 26/09/2017 06:46:52 ص
سلاو، هه له بجه ده بیت به 101%
باشووری كوردستان سەربەخۆیی هەڵبژارد
| 3 کاژێر لەمەو بەر | (2)
Rebwar | 26/09/2017 06:45:02 ص
Dastxosh, hiwadarin baraw sarkawtn hangaw bnein
شەڕ و نیوەشەڕ هەر یەكە
| 3 کاژێر لەمەو بەر | (1)
Ranja | 25/09/2017 11:35:15 م
Slaw la sherakay hawler mandw nabe barasty helak bwe shayane rezgrtneke zor gawrayt kak kosrat
 هەنگاوە نیشتمانی و دیبلۆماسی و سیاسییەکانی کۆسرەت رەسول لە گشتپرسیدا
| دوێنێ کاژێر 12:55 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

کچێک ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی دەباتە بنکەیەکی دەنگدان 4 کاژێر لەمەو بەر |

کچێک ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی دەباتە بنکەیەکی دەنگدان

ژنێکی تەمەن 93 ساڵ دڵی بۆ ئەوە لێدەدات دەوڵەتی زۆرتر
پیر و پەککەوتەکانی سلێمانی تینوێتی سەربەستییان شکاند 6 کاژێر لەمەو بەر |

پیر و پەککەوتەکانی سلێمانی تینوێتی سەربەستییان شکاند

زۆربەی بەشداربووانی پرۆسەی گشتپرسییان پێکدەهێنا زۆرتر
0.359 seconds