وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

خۆشەویستە یۆنانییەكەی سەددام نهێنییەکان بۆ رووداو ئاشکرادەکات

لەلایەن رووداو 8/3/2018
پارسیولا لامپسۆس، خۆشەویستە یۆنانییەكەی سەددام حوسێن
پارسیولا لامپسۆس، خۆشەویستە یۆنانییەكەی سەددام حوسێن

رووداو- هەولێر

لە ماڵەكەی خۆی لە سوێد، لاپەڕەی ئەلبوومی وێنەكانی هەڵدەداتەوە و بە پەنجە ئاماژە بۆ وێنەكانی نێو ئەلبوومەكە دەكات و دەڵێت :"ئەمە باوكمە، ئەمە دایكمە، ئەمە برامە، ئەوەش منم، ئەوانە هەموویان خزم و كەسوكارن، مامەكانم لەگەڵ هاوژینەكانیان". بەڵام ئەو بەتەنیا یادەوەرییەكانی ئەو رۆژانە دەگێڕێتەوە كە لەگەڵ بەهێزترین پیاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەری بردووە.

ئەم چیرۆكەی لێرە دەیخوێننەوە، دۆكیۆمێنتارییەكی تەلەڤزیۆنی رووداوە لەگەڵ ژنێكی یۆنانی كە خۆشەویستی سەددام بووە، دۆكیۆمێنتارییەكە بەم نزیكانە لە كەناڵی (رووداو)ـەوە پەخش دەكرێ‌.
پارسیولا لامپسۆس، ئافرەتێكی بە رەچەڵەك یۆنانییە، بەڵام لە لوبنان لەدایكبووە. باوكی خاوەن كارگەیەكی گەورە بووە، لە پەنجاكانی سەدەی رابردوو حكومەتی عێراق بانگهێشتی دەكات بۆ ئەوەی پاڵاوگەی نەوت لە عێراق دروست بكات، ئیدی یادەوەرییەكانی پارسیولا لێرەوە دەستپێدەكەن.

یەكەم بینینی سەددام

پارسیولا هەرچەندە بچووك بووە، بەڵام باشی لەبیرە كە ساڵی 1956 دێنە عێراق و ژیانێكی نوێ‌ دەستپێدەكەن. ئەو دەڵێت: "دەستم كرد بە گەشەكردن، رۆژ بە رۆژ جوانتر دەبووم، سەرنجڕاكێشتر و بەهێزتر دەبووم. لەو تەمەنەدا كە هەموو كچان خەون بە ژیانێكی نوێ و بەختەوەرییەوە دەبینن. لەو ساتەوەختەی ژیانمدا سەدام حوسێنم ناسی".
  عودەی دەستدرێژی كردە سەر هەردوو كچەكەم

هەر كاتێك چاو دادەخات، حەز دەكات ئەو رۆژەی بێتەوە خەیاڵ كە سەددام حوسێنی تێدا ناسی. پارسیولا باسی ئەو رۆژە دەكات و دەڵێت: " دراوسێكەم، جینا، تەلەفۆنی بۆ كردم. گوتی ئەمڕۆ میوانم هەیە. وەك ئەوەی پێشتر زانیبم كەسێكی نوێ دەناسم، زۆر خۆم جوان كردبوو، بەڵام سوێند دەخۆم ئەو كات نەمدەزانی كێیە. هەرگیز بۆ یەك خولەكیش لەبیری ناكەم. هەر كە چاوم دادەخەم، دەمەوێ جارێكی دیكە لەو ساتەدا بژیم. كە سەیریم كرد، ئای خوایە، زۆر قۆز بوو. بۆ من وەك ئەوە بوو شازادەیەك بە سواری ئەسپ هاتبێت و منی لەگەڵ خۆی رفاندبێت. تەنیا چەند چركەیەكی كەم بوو، بەڵام من تاوەكو ئێستاش هەرگیز ئەو چەند چركەیەم لەبیر نەكردووە".

چوون بۆ كۆشكەكەی سەددام


شۆخ و شەنگییەكەی هەر زوو سەرنجی سەددام رادەكێشێ‌، بەوجۆرە یەكتر بینینەكەی ماڵی جینا، دوا دیداری نێوان سەددام و پارسیولا نابێ‌.

ئەو بێ‌ ئاگا بوو لەوەی سەددام چ تەڵەیەكی بۆ ناوەتەوە. ئەو خرابووە ژێر چاودێریی دارودەستەكەی، دەیانزانی هاوڕێكانی كێن.

پارسیولا دەڵێت: "یەكێك لە هاوڕێكانم كە ناوی فریال بوو، ئیشی ئەوە بوو هەركات سەددام داوای كچێك یان ژنێك بكات بۆی پەیدا بكات. هات بۆ لای من و بە سەیارەی ئەو رۆیشتین. لە شار چووینە دەرەوە. خانوویەكی زۆر گەورەم بینی، دەرگا كرایەوە، سەیری ناوەوەم كرد، خوێنم بە جۆش هات. خۆی بوو، سەددامم بینی. وەك بەفرم لێهات، شۆك بووم". پارسیولا حەز ناكات باسی ئەوە بكات كە دواتر چی روویدا "هیچ توانایەكم نەبوو بۆ ئەوەی دووری بخەمەوە یان بڵێم نەخێر. سەیری خۆمم كرد، چیدی خۆم نەبووم".
  ساجیدە دەیزانی كە سەددام براكەی دەكوژێ‌


لەو رۆژانەدا سەددام ئامادەكاری دەكرد بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی حیزبی بەعس. پارسیولا شوو بە سیرۆب ستیڤان سكەندەریان دەكات كە كوڕی دەوڵەمەندترین خێزانی عێراق بوو. بەڵام سێبەری سەددامی لێ‌ جیانابێتەوە :"زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەر بووم. چونكە منداڵم لە سیرۆب هەبوو، بوومە دایك، هەستی نوێم لەلا دروست بوو. رێزم لە مێردەكەم دەگرت. بەڵام هیچ كات سەدامم لەبیر نەكرد".

سەددام ماڵی وێرانكردن

كریسمسە، ماڵەكەی پارسیولا و سیرۆب بە داری كریسمس رازێنراوەتەوە، بەدیار تەلەفزیۆنەوە دانیشتوون و سەیری هەواڵەكان دەكەن. بێژەری هەواڵەكان بەیاننامەیەك دەخوێنێتەوە، لە نێو بەیاننامەكەدا لیستێكی درێژی ناوی خێزانە دەوڵەمەندەكان دەخوێندرێتەوە كە حكومەت دەست بەسەر سەروەت و سامانەكانیاندا دەگرێ‌. یەكێك لە ناوەكان سیرۆب ستیڤان سكەندەریان بوو.
پارسیولا دەڵێت: "لەو كاتەدا مێردەكەم هەستایە سەر پێ و پڕی دایە درەختی كریسمسەكە، فڕێیدایە حەوشەی ماڵ. گوتی هەموو شتێكمان لەدەستچوو. خاوەنی مەزرەعەی دیالە و ئومەلعەزام بوو. هەموو عێراقییەكان دەیانزانی ئومەلعەزام چییە". پارسیولا ئەوكات نەیدەزانی چی روودەدات، بەڵام دوای چەند ساڵێك بۆی روون دەبێتەوە كە ئەوە پەیامێكی بچووكی سەددام بوو بۆ ئەو "یەكەم زەڕبە بوو لێیداین. پێموابوو منی لەبیر كردووە، بەڵام پێیگوتم بۆ هەمیشە بۆ هەر كوێ بچی چاودێریت دەكەم و دەزانم چی دەكەی، هەمیشە".

هەر ئەو شەوە لە دەرگای ماڵیان دەدرێ‌. دوو هاوڕێی مێردەكەی بوون، بە سكەندەریان دەڵێن "تۆ لێرە چی دەكەی. تۆ دەمری، سەددام بەری بەیانی دێت و دەتبات، هەر ئێستا لێرە بڕۆ". هەر هەمان شەو هاوژینەكەی دەچێتە دەرەوە و ئیدی نایبینێتەوە.

پارسیولا ئەوكات تەمەنی 22 ساڵ بوو، دەستی منداڵەكانی دەگرێ‌ و دەچێتەوە ماڵی دایكی، دەچێتەوە هەمان ئەو ژوورەی تێیدا گەورە بووە. رۆژێك دانیشتبوون، تەق تەق لە دەرگای ماڵی دایكی درا "عەلی سوێدی بوو، پارێزەری مێردەكەم، زەرفێكی نامەی بۆ هێنابووم، گوتی ئەمە بۆ تۆیە. سەیری كاغەزەكەم كرد، تەڵاقنامە بوو. من لە مێردەكەم جیابووبوومەوە بێ ئەوەی خۆم ئاگادار بم".

گەڕانەوە بۆ یۆنان

دوای سیرۆب، ژیان لە عێراق بۆ پارسیولا هیچ مانایەكی نەما، بۆیە بڕیاری دا بچێتە یۆنان، لەوێ‌ خانووی بەكرێ‌ گرت و ئیشیشی دەستكەوت، بەڵام بابەتی خوێندنی منداڵەكانی هاتە گۆڕێ‌، ناچار بوو بگەڕێتەوە عێراق. پارسیولا دەڵێت "كە قوتابخانە كرایەوە، منداڵەكانم برد، پێیانگوتم پێویستمان بە نامەی پشتگیریی باڵیۆزخانەیە كە بیسەلمێنێ منداڵەكانت لە عێراق خوێندوویانە".

وەك بڵێی ئەو نامەیە تەڵەیەك بێ‌ بۆ پارسیولا دانرابێتەوە "چوومە باڵیۆزخانەی عێراق، باڵیۆزم بینی، لەگەڵی دانیشتم. گوتی دەزانم بۆچی هاتووی، نامەی پشتگیریت بۆ ئامادە دەكەین، بەڵام بابەتێك هەیە دەمانەوێ پێتی بڵێین. گوتی لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراقەوە نامەیەكمان بۆ هاتووە. منیش گوتم چی؟ لە نامەكەدا نووسرابوو خاتوو پاریسولا بە فەرمانی جەنابی سەرۆك كۆماری عێراق- سەددام حوسێن- لەگەڵ سێ منداڵەكەی بگەڕێتەوە عێراق. گوتی پێویستە ئەمڕۆ پاسپۆرتی یۆنانیت بدەیە ئێمە، بیرت نەچێ لەوێ خێزانێكت هەیە".

  سەدام دەیگوت خەڵكی عێراق باش دەناسم و دەزانم چییان دەوێت


پارسیولا گەڕایەوە عێراق، بەڵام ئەوە لەلای پارسیولا هێشتا سەرەتای چیرۆكەكەیە، پارسیولا دەڵێت "چوومەوە لای دایكم، دیسان تووشی پەرێشانی بووم. رۆژی دواتر كاژێر هەشتی بەیانی، دوو ئەفسەر هاتن بە دوامدا و بردیانم بۆ فەرمانگەی نشینگە. لەوێ لە دەرگای یەكەم سڵاوی سەربازییان بۆ كردم. گوتم كێشە چییە؟ پاسپۆرتەكەم دەدەنەوە؟ گوتیان پاسپۆرتێكی عێراقیت دەدەینێ بە ئیمزای خودی سەددام حوسێن. پاسپۆرتی ڤی ئای پی".

سەددام پەلەی بینینی دڵبەرەكەیەتی، هەر رۆژی دواتر دارودەستەكەی بەدوای پارسیولادا دەنێرێ‌. پارسیولا ناچارە، بەڵام دەزانێ‌ میوانی سەددامە، بۆیە خۆی بە جوانترین شێوە دەڕازێنێتەوە و نایەوێ‌ بە لاوازی دەربكەوێ‌ "دەرگای دڵم داخست، بیرم دەكردەوە، چونكە ئەگەر بە قسەی دڵم كردبا، دەمردم. وەك فیلمێك وا بوو. كە چووم بۆ لای، لە پشت من راوەستابوو. گوتی "ئاها، نەگۆڕاوی، بەڵام زۆر زۆر زۆر جوانتری. وەڵامم نەداوە، هیچم نەگوت. تەنیا سەیری نێو چاویم كرد. سەیری كردم و گوتی: بەم  جۆرە سەیرم مەكە. ئەو نیگایەم زۆر تووڕەی كرد. گوتی تەواو، ئەوەی ویستت بیڵێی گوتت. دەتوانی بڕۆی، تەلەفۆنت بۆ دەكەم".

سەددام حوسێن ژیانێكی سەختی هەبووە، لەسەر شەقامەكان ژیاوە و بەبێ‌ پێڵاو سووڕاوەتەوە. كە لەدایك بووە، باوكی خۆی نەدیوە. دایكی شووی كردووەتەوە. دوای چەندین ساڵ ژیانی كولەمەرگی، بە یارمەتی خەیروڵڵا تولفاح، دەبێتە ئەندامی حیزبی بەعس. بەعس دەسەڵاتی دەداتێ. هەنگاو بە هەنگاو دەستیكرد بە دۆزینەوەی خۆی. 

"سەددام زۆر تایبەت بوو"



پارسیولا لە وەسفی سەددامدا دەڵێت: "سەددام  تایبەت بوو، زۆر زیرەك بوو لە خۆدەرخستن. بەڵام كاتێك تووڕە دەبوو یان دڵخۆش، یان ئەگەر شتێكی لە كەسێك ویستبا، كێشەیەكی هەبا، نەیدەتوانی هەستەكانی بشارێتەوە. هەموو ئەو كەسانەی لە دەوروبەری بوون، دەبووایە هەمیشە چاوەڕێی شتی باش و خراپ بكەن. سەددام بەجۆرێك بوو كە لەیەك ساتدا دەكرا بە كەسێك بڵێ وەرە خانوویەكت دەدەمێ، دوای كەمێك بانگی بكاتەوە و بڵێ وەرە دڵت دەردێنم. نەدەكرا پێشبینی بكرێت بیر لە چی دەكاتەوە. لەبەرئەوە كەسایەتییەكی زۆر ئاڵۆزی هەبوو".

ئەو رەفتارانەی سەددام وای لە پارسیولا كردبوو كە هیچ هەستێكی بۆ سەددام نەمێنێ، تەنیا لەبیری ژیانی خۆیدا بوو، چۆن بژی، چۆن بتوانێ‌ لەگەڵی هەڵبكات "بەڵام هەمیشە دەترسام نەمدەزانی سبەی بە زیندوویی دەمێنمەوە یان نا. كەس لەگەڵ سەدام گەرەنتی ژیانی نەبوو".
پارسیولا یادەوەرییەكانی خۆی لەگەڵ سەددام لە دووتوێی كتێبێكدا بەناوی (My Life With Saddam) بڵاوكردووەتەوە كە تا ئێستا بۆ نزیكەی 40 زمان وەرگێڕدراوە.

عودەی نزیكترین هاوڕێی سەددامی كوشت

پارسیولا دەڵێت دوور لە ویستی خۆی، عودەی بە زۆری كردوویەتی بە سكرتێری خۆی لە لێژنەی ئۆڵۆمپی. ئەو زۆر شت لەبارەی عودەی دەزانێ‌ و دەڵێت "عودەی جۆرێك لە مادەی هۆشبەری بەكاردەهێنا، مەترسییەكەی لەوەدا بوو هاوڕێی زۆر باشی هەبوون، عودەی لەژێر كاریگەریی ماددەی هۆشبەردا چەندین هاوڕێی خۆی كوشت".

  عودەی لە سەددامیش نەدەترسا چونكە نازی دایكی هەبوو


تەنانەت عودەی دەستی لە هاوڕێكانی باوكیشی نەدەپاراست. پارسیولا باسی كوشتنی كامیل حەننا دەكات و دەڵێت "كامیل حەنا باشترین هاوڕێی سەددام بوو، زۆری خۆشدەویست. سەددام هیچ شتێكی نەدەخوارد و نەدەخواردەوە ئەگەر پێشتر كامل حەننا تاقی نەكردباوە. بەبێ ئەو بۆ هیچ شوێنێك نەدەچوو، بەڵام سەیركە چی روویدا. رۆژێكی ساڵی 1988، حوسنی موبارەك و سوزان موبارەك سەردانی سەددامیان كرد. سەددام  ئەو شەوە ئاهەنگێكی رێكخست.  عودەی كێشەی زۆری نایەوە. لە سەرەتاوە پێیانگوت بۆت نییە بچیتە لای باوكت و بێزاری بكەی، عودەی لە نزیك ئەو ژوورەی سەددام و میوانەكانی لێ دانیشتبوون، میوزیكی بەدەنگی بەرز لێدابوو. سەددام بە كامیل حەننای گوت بچێ بە عودەی بڵێ دەنگی میوزیكەكە كەم بكات. لەو كاتەدا عودەی كامیل حەنای كوشت. عودەی گوێی بە كەس نەدەدا، نە لە سەددام و نە لە هیچ كەس دەترسا، چونكە نازی دایكی هەبوو".

سەبارەت بە قوسەی كوڕی سەددامیش، پارسیولا دەڵێت: "قوسەیم دەناسی، زۆر جیاواز بوو لە عودەی. زۆر هاوشێوەی خاڵی بوو. كۆپی ئەو بوو. جیاواز بوو، كەسێكی هەڵەشە و هەڵچوو نەبوو وەكو عودەی. بەڵام دواجار ئەویش ئەندامی هەمان خێزان بوو".

كۆڕی خاڵی خۆی كوشت

عەدنان خەیروڵڵا برای ساجیدە و كوڕی خەیروڵڵا تولفاح بوو. بەلای پارسیولاوە كەسێكی زۆر باش بوو "سەدام ترسی لێی هەبوو. خۆشیدەویست، بەڵام سەددام كوشتی، چونكە لە كودەتا دەترسا".
پارسیولا باسی ئەو رۆژە دەكات كە عەدنان كوژرا و دەڵێت: "ئەو رۆژە سەددام داوای لە ساجیدە كرد سەردانی خەیروڵڵا تولفاح بكەن. عەدنان خەیروڵڵا بە ئەركێك دەبووایە چووبا شوێنێك، رۆژی دواتر گەڕاباوە. ساجیدە گوتی دەزانم كە بەنیازی بیكوژی، دەزانم دەیكوژی. چەند خولەكێك دواتر هەلیكۆپتەرەكەی لە ئاسمان تەقییەوە". پارسیولا دەڵێت  "سەددام متمانەی بە كەس نەبوو، هەموو ئەو بەرپرسانەی لە دەوروبەری بوون وەك ئەوە وابوو نەبن، سەددام متمانەی بە سێبەری خۆیشی نەبوو".

حەز و ئارەزووەكانی سەددام

پارسیولا لەبارەی  حەزەكانی سەددامەوە دەڵێت: "خولیای جیاوازی هەبوون، زۆر حەزی لە راوكردن بوو. حەزی لە نێو سروشت بوو. ئەگەر خەمبار با هەمیشە بە تەنیا لە یەك ژوور دەمایەوە. سەیری فیلم یان شتێكی دەكرد، حەزی نەدەكرد لەگەڵ كەس قسە بكات". هەروەها دەڵێت: "ویسكییەكی تایبەتی هەبوو، هەندێجار بە بوتڵی ویسكییەوە سەمای دەكرد. ئەو كات هەستت دەكرد كە زۆری خواردووەتەوە و سەرخۆشە. پاشان دەمانچەكەی بەرز دەكردەوە. ئەوە شێوازی خۆشی دەربڕینی بوو".

پارسیولا زیاتر لەبارەی حەزەكانی سەددامەوە قسە دەكات و دەڵێت: "حەزی دەكرد كڵاوی لەسەر بێت، وەك فیلمە ئەمریكییەكان. زۆر حەزی لە سەیركردنی فیلمی گاد فازەر دەكرد، مانگی جارێك سەیری دەكرد". 
 هەر كە بە بوتڵی ویسكییەوە سەمای دەكرد، دەمزانی كە سەرخۆشە


هەروەها دەڵێت: "سەددام چەندین كۆشك و شوێنی حەوانەوەی لە باكووری عێراق هەبوون. زۆر حەزی لەو ناوچەیە بوو، چێژی لە مانەوە لەوێ دەبینی. هەركات سەردانی دهۆك یان سلێمانی دەكرد ڤیدیۆی گەشتەكەی دەگرت. لەگەڵ خێزانەكەی یاری دەكرد و پێدەكەنی".

كاتێك پارسیولا پرسیاری ئەو هەموو خوێنڕشتنەی لە سەددام كردووە، سەددام وەڵامی داوەتەوە "تۆ هیچ نازانی. تۆ لێرە لەسەر شەقامەكان گەورە نەبووی. من لەسەر شەقام گەورە بووم. بۆیە خەڵكەكە باش دەناسم، دەشزانم چییان دەوێت".

دەستدرێژی بۆ سەر كچەكانی

یادەوەرییە تاڵەكانی پارسیولا كۆتایی نایەن. نەك خۆی، منداڵەكانیشی بەدەست خێزانەكەی سەددامەوە گرفتار بوون. ئەو باسی ئەو رۆژە دەكات كە عودەی دەستدرێژی كردووەتە سەر كچەكانی و دەڵێت "رۆژێك بەتەنیا كچەكانمی بانگ كرد بۆ ئەوەی بیانبا بۆ راو. چیمان كردبا، سێ ژن، كێ دەیتوانی بە عودەی بڵێ نەخێر؟ ئێوارە بوو كە هاتنەوە. یەكێك لە كچەكانم حاڵی زۆر خراپ بوو. زۆر خراپ. نەمدەتوانی پێیان بڵێم چیتان بەسەرهات. راستەوخۆ تێگەیشتم كە چی روویداوە. چاوم داخست و تەواوی فیلمەكە كە بەسەرخۆم هاتبوو، هاتەوە پێش چاوم".

پارسیولا لە رابردووی خۆی پەشیمان نییە، چونكە بەدەست خۆی نەبووە، بەڵام دەڵێت ئەگەر ئێستا بگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتە، چەندین رێگەی هەن بۆ ئەوەی بە سەددام بڵێ نا.

پارسیولا ئەو ماوەیەی لە كۆشكەكانی سەددام بووە، بەردەوام بەدوای دەرفەتێكدا گەڕاوە خۆی لە دەستی رزگار بكات. ئەو رۆژە هات و پارسیولا رایكرد، ئەو دەڵێت: "دوای رۆژێكی درێژ، گەیشتمە دهۆك. چەند كەسێك هاتن، خۆم لەنێو موخابەراتی كوردستان بینییەوە. گوتیان تۆ پارسیولای؟ گوتیان میوانی ئێمەی، لەگەڵمان وەرە. منیان برد، بەڕێگای مووسڵدا. بەرلەوەی بگەینە موسڵ وەستاین. ئۆتۆمبێلێكی رەشم بینی هات، شۆفێرەكەم دابەزی و قسەی لەگەڵ شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە كرد، پارەی لێوەرگرت و گەڕایەوە، دواتر گەیشتینە ئوردن". 

لەوێ‌ پارسیولا تەسلیمی چەند كەسێك دەكرێ‌ كە سەرپەرشتیارەكەیان كەسێك بوو بە حەجی بانگ دەكرا" ئەو پێیگوتم ئێمە هەموو شتێك لەبارەی تۆوە دەزانین. پارەیەكی زۆرمان داوە بۆ دۆزینەوەی تۆ. نەمدەزانی ئەو كەسە دەبێ كێ بێت كە لە پشت ئەم چیرۆكەوەیە. پێیانگوتم دەبێ لێرەوە بچیتە سووریا. بەڵام زۆر زۆر قورس و مەترسیدارە، چونكە هەموو موخابەراتی عێراق بەدوای تۆوەن. رۆژێك حەجی هات و گوتی میوانمان هەیە. میوانی ئەمریكی. باشە ئەمریكییەكان چییان دەویست؟ تەلەڤزیۆنی ئەی بی سی، گەورەترین رۆژنامەوانیان ناردبوو، كلێر شیپمان و تیمەكەی. ئەو كات بەتەواوی لە چیرۆكەكە تێگەیشتم كە ئەوە ئەمریكییەكان بوون پشتگیرییان دەكردم. ئەوان پێویستیان بە من بوو، ژیاننامەی راستەقینەی سەددامیان دەویست".

ئەمریكییەكان پێشنیاز بۆ پارسیولا دەكەن بگەڕێتەوە یۆنان، بەڵام ئەو سوێد هەڵدەبژێرێ‌. ئەو دەڵێت "بەیارمەتی چەند ناسیاوێك، منیان هێنایە سوێد، چونكە من لە یۆنان كێشەیەكم هەبوو، لەوكاتەدا یۆنان كراوە بوو، هەموو كەسێك دەیتوانی بە ئاسانی بگاتە یۆنان، موخابەراتی سەددامیش دەیانتوانی. پێیانگوتم وەرە سوێد."
 
"سەددام ژیانی لێسەندم"

سەددام ژیانی پارسیولا و هاوژین و منداڵەكانی برد، بەڵام ئەو هەرگیز حەزی نەكردووە كۆتایی سەددام بەو شێوەیە تراژیدی بێ‌، پارسیولا دەڵێت: "سەددام هەرگیز پەشیمان نەبوو، هەرگیز داوای لێبوردنی نەكرد. خەفەتم بۆی دەخوارد، نەك لەبەرئەوەی كەسێكی باش بێت یان خۆشمویستبێت، بەڵكو لەبەرئەوەی دەمگوت بۆ ئەمە كۆتایی سەددام بێت، بۆ رێگەی بەخۆی دا  ئاوای لێ بێت؟ نەمدەویست ئاوا بیبینم. دەسەڵاتت چی لێهات؟".

پارسیولا دیمەنی لە سێدارەكانی سەدامی بینیوە و دەڵێت: "لەوكاتەدا دیمەن بە دیمەنی ژیانی ئەوم دەهاتەوە بەر چاو. دیمەنی باش و خراپ. نەمدەتوانی باوەڕ بكەم، ئەوە سەددام نەبوو كە وای بەسەرهات". 
  سەددام مانگی جارێك سەیری فیلمی گاد فازەری دەكرد


ئەو باسی هەستی خۆی دەكات و دەڵێت: "چی بڵێم؟ كە دڵخۆش بووم؟ دڵتەنگ بووم؟ شۆك بووم. سەددام ژیانی لە من ستاند. منی نەكوشت، بەڵام ژیانی لێستاندم. زۆر باشتر دەبوو ئەگەر كوشتبامی. زیندوو بووم، بەڵام ژیانی بردم".


 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Azad Azad | 16/09/2018 01:10:21 م
به‌ ته‌ئكید شیعه‌ و ئێران مه‌لا به‌ختیاریان پێ باش نیه‌ له‌تیف ره‌شیدیان پێ زۆر باشه‌..!!! به‌رهه‌میش تازه‌ بگه‌ڕێته‌ ناو یه‌كیه‌تی یان نه‌ هه‌ر وه‌ك...
لە بەربژێرەکانی یەکێتی بۆ سەرۆککۆماری عێراق دوو کەس مانەوە
| 16/9/2018 | (1)
dara hama | 15/09/2018 03:51:53 م
ئه‌گه‌ر بۆ بانگه‌شه‌ نییه‌ 2 مانگ پێش ئێستا بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ نه‌كرا ؟؟
دڵشاد شەهاب: پلانی حکومەتە لە نزیکترین کاتدا پاشەکەوتی مووچە بەیەکجاری نەمێنێت
| 15/9/2018 | (1)
سەردار بێرکۆتی | 15/09/2018 12:20:20 م
پرسیارێك؛ بۆ تەنها لە کوردستان دۆڕاو هەردەم وتوویەتی تەزویر کراوە!!
چوار لایەنی کوردستانی: نوێنەرە دڵسۆز و راستەقینەكانتان بنێرنە پەرلەمان
| 15/9/2018 | (1)
Azad Azad | 15/09/2018 08:07:39 ص
كاك موسه‌نا امین والله‌ به‌راستی وه‌ حه‌ق و عه‌داله‌ت ئێوه‌ حه‌قی هیچ پۆستێكی سیادیتان نیه‌ له‌ په‌ڕه‌مانی كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه‌ له‌ كاتی...
سەردار بێرکۆتی | 15/09/2018 09:19:52 ص
شایستەیەتی دوکتۆر موسەنا
موسەننا ئەمین: بە بەرکەوتەی نیشتمانی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان مافی یەکگرتووە
| 15/9/2018 | (2)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

جگەرەکێشان کار لە بینایی دەکات 8 کاژێر لەمەو بەر |

جگەرەکێشان کار لە بینایی دەکات

پێکهاتەیەکی جگەرە لەسەر تۆڕی چاو دەنیشێت زۆرتر
تاکسییەکەی یاریزانانی کورد 19 کاژێر لەمەو بەر |

تاکسییەکەی یاریزانانی کورد

یاریزانی کورد لەرووی رۆشنبیرییەوە زۆر هەژارە زۆرتر
پەیوەندی زیاتر لەنێوان قەڵەوی و رەبۆ دەبینرێتەوە 22 کاژێر لەمەو بەر |

پەیوەندی زیاتر لەنێوان قەڵەوی و رەبۆ دەبینرێتەوە

بە زیاتر لە رێگایەک لوولەکانی هەوا تەسکدەکاتەوە زۆرتر
0.329 seconds