وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

د.فایەق گوڵپی: یەكێتی بووم بەڵام قەت بە قسەی مام جەلالم نەكردووە

لەلایەن کاوە ئەمین 9/3/2019
د.فایەق گوڵپی، سەرۆكی پێشووی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
د.فایەق گوڵپی، سەرۆكی پێشووی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
بەشی یەكەم

رووداو - سلێمانی

باوكی یەكێك لە پێشمەرگە دیارەكانی شۆڕشی ئەیلوول بووە، بەڵام ئەو بە پێچەوانەی باوكییەوە لەگەڵ ئەو رەوتە دابووە كە هەندێكجار دژایەتیی رێبەرانی شۆڕشەكەیان كردووە. د.فایەق محەممەد گوڵپی، كاروانی سیاسی لە یەكێتی قوتابیانەوە دەستپێدەكات، پاشان كاژیك، دواتریش یەكێتی و كۆمەڵە. ئەو پەلەی بوو زوو خوێندنەكەی تەواو بكات و بگاتە نێو شۆڕش بۆ تیماركردنی ئەو بریندارانەی براكەیان كوشت. د.فایەق، پزیشك و پێشمەرگەی دێرین و سەرۆكی پێشووی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) لاپەڕەی بیرەوەرییەكانی هەڵدەداتەوە.


رووداو: كاتێك باوكت شەهید دەبێ‌، ناوبانگی زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە. هۆكاری ئەوە چی بوو؟

فایەق گوڵپی: ساڵی 1963 سوپای عێراق بە سەركردایەتی زەعیم سدیق پەلاماری كوردستانی دا. چەند شوێنێكی داگیركرد، پەلاماری سلێمانی دا و كۆمەڵكوژییەكەی حوزەیرانی كرد، پەلاماری كۆیە و دووكانی دا، لەوێش كۆمەڵێك كۆمەڵكوژی كرد. سوپاكە چەند رۆژێك بوو لە سەیدسادق خۆی مۆڵدابوو، دەیویست بەرەو خورماڵ و هەڵەبجە بڕوات و لەوێش كۆمەڵكوژی بكات. من ئەو كاتە منداڵ بووم، بیرم دێت پێشمەرگە خۆی ئامادە دەكرد بۆ ئەوەی بەرگری بكات. لە دەوروبەری پردی زەڵم سەنگەریان لێدا. شەڕ چەند رۆژێكی خایاند، پێشمەرگە لەبەر ئەوەی چەكی نەبوو، وردە وردە پاشەكشەی دەكرد، ژمارەیەكیشیان شەهید بوون كە باوكم یەكێكیان بوو. تەرمەكەی باوكمیان لەدوای دەبابە خست و لە پردی زەڵمەوە رایانكێشا بۆ سەید سادق.

رووداو: بۆچی تەنیا تەرمی ئەویان برد؟

فایەق گوڵپی: بە خەڵكی سەیدسادقیان گوتبوو، ئەو پێشمەرگەیە تا فیشەكی پێ بووە شەڕی كردووە، پاشان بە خەنجەر پەلاماری دەبابەی داوە. واتە شەڕەكەی ئەو جێی سەرنجی دوژمن بووبوو. 

تەرمەكەشی سێ‌ رۆژ مایەوە و نەیانناشت، بەهۆی ئەوە بوو شەهیدبوونەكەی دەنگی دایەوە.

رووداو: لە بیرەوەرییەكانتدا باس لە سەركردەكانی ناوچەكەتان دەكەی كە جگە لەوەی خەڵكی شۆڕشگێڕ بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كاری خراپیان كردووە؟

فایەق گوڵپی: من لە بیرەوەرییەكانی خۆمدا لەسەر شۆڕشی ئەیلوول سێ‌ نموونەم هێناوەتەوە. باسی حەبیبی كادیر دەكەم كە خەڵكی بیارەیە و كەسێكی زۆر دڵسۆز و مولتەزیمە. مانگانە كۆبوونەوە بە خەڵكی ناوچە دەكات و ئابوونەیان لێوەردەگرێ‌، پاشان لە ئابوونەكە چوار دینار بۆ ئێمە دەنێرێ بۆ ماڵی شەهیدەكە. باسی فەتاح ئاغا دەكەم كە پیاوێكی ستراتیژی یوو، پیاوێكی سەربازییە، كە دەزانێ‌ من كوڕە شەهیدم و كوڕێكی زیرەكم، بەڵام باری داراییم باش نییە، لە نەسریەی سرییەكەی خۆی خەرجی من دەكێشێ‌. باسی نموونەیەكی خراپیش دەكەم كە عەبدولوەهاب ئەتروشی بوو. كاتی خۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی چوارتا بووە، پێشمەرگە دەچنە سەر پۆلیسخانەكەی، خۆی نادات بەدەستەوە. پاشان لەبەر هۆكارێكی كۆمەڵایەتی بوو بە پێشمەرگە، دواتر بوو بە فەرماندەیەكی گەورە، بەڵام ئیشی زۆر خراپی كرد، لەوانە بەبێ‌ دادگایی و لێكۆڵینەوە خەڵكی دەكوشت. باسی كەمالی ئەحەڕەش دەكەم كە سەرلق بوو، كێشەی لەگەڵ عەبدولوەهاب هەبوو، تووڕە بوو، پاشان عەبدلوەهاب جوابی بۆ نارد كە بگەڕێتەوە و هیچی لێناكات. كەمال هاتەوە لای عەبدولوەهاب، بەڵام زیندانی كرد و پاشان كوژرا، هەر بەوە نەوەستا، باوكی كەمالیشی دەستگیر كرد. دوای ماوەیەك ئەویشی كوشت. كەسیش لێی نەپرسییەوە. رەشەی ساڵحە كە پێشمەرگە و هاوڕێی كەمال بوو، گەڕایەوە هەڵەبجە و چەكی جاشایەتی هەڵگرت. تا لە ژیاندا بوو بەشداری لە هەموو ئەو شەڕانەدا كرد كە لە دژی پێشمەرگە لەو ناوچەیەی ئێمە كران.

رووداو: لەدوای شەهیدبوونی باوكت شتێك لە دژەپارتیبوون لە ناختدا دروست دەبێ‌، نازانم پەیوەندی بە هەڵسوكەوتەكانی عەبدولوەهابەوە هەیە، یان پەیوەندی بەوەوە هەیە كە تۆ زۆر سەرسام بووی بە مام جەلال و دواتریش بووی بە جەلالی؟

فایەق گوڵپی: راستە من بووم بە یەكێتی، بەڵام هیچ شتێكم بە گوێی مام جەلال نەكردووە. سەرەتاش كە یەكێك لە كاسێتەكانی مام جەلالمان بۆ دێت لە رێكخستنی نهێنی لە مووسڵ، رەخنەم لەو كاسێتە گرت كە مام جەلال چۆن قسەی كردووە. باوكم هەر لە سەرەتاوە سەرسام بوو بە مام جەلال، خەڵكی گوندەكانی ئێمە قوماشێكیان ناونابوو ریشی مام جەلال، بۆ ئەوەی فرۆشی زیاتر بێ‌. 
كێشەی من لەگەڵ پارتی و شۆڕشی ئەیلوول عەبدولوەهاب بوو. كوڕێك لە بیارە نارنجۆكێكی هاوێشتە نێو ماڵی پێشمەرگەیەك و رایكرد بۆ نێو جەلالییەكان، عەبدولوەهاب باوك و مامی كوڕەكەی گرت و هەردووكیانی كوشت. لە گوڵپ كەسێك هەبوو بەناوی مامۆستا برایم، ئەو مامۆستای خۆم بوو شیوعیش بوو، رەخنەكانی لەسەر شۆڕشی ئەیلوول و هەڵسوكەوتی عەبدولوەهاب زۆر چووبووە مێشكمەوە. لەدوای بەیاننامەی 11ی ئادار، وەكو بنەماڵەی شەهید حەمە گوڵپی سەردانی بارەگای پارتیمان كرد بۆ ئەوەی داوای هاوكاری بكەین، هەڵسوكەوتیان لەگەڵمان زۆر خراپ بوو، دەتوانم بڵێم بەخێرهاتنیشیان نەكردین، هیچیشیان نەداینێ‌. نامەیەكیان داینێ‌ بۆ ناوچەی پارتی لە هەڵەبجە كە یارمەتیمان بدەن، بەڵام هەر كە لە خێوەتەكە هاتینە دەرێ‌ لە حاجی ئۆمەران، نامەكەم دڕاند. لە هەڵەبجە گەڕەكێك كرابووەوە بۆ شەهیدان، ئەوە یەكێك بوو لە خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان رژێم و شۆڕش، بەڵام ئێمە لەو گەڕەكە كرێچی بووین. خاڵێكی دیكە هەڵوێستی نەرێنی هەندێ‌ سەركردەی شۆڕش بوو بەرامبەر بە كوردی رۆژهەڵات. هەموو ئەوانە وایكرد هەڵوێستم بەرامبەر پارتی نێگەتیڤ بێ‌.

رووداو: هەڵوێستی خەڵك لەسەر جیابوونەوەی باڵی جەلالی چی بوو؟

فایەق گوڵپی: ئەوەی من بیرم بێ‌، لە ناوچەی هەورامان زۆربەی ئەوانەی بەرپرس بوون، نەمان، بۆ نموونە نەوشیروان فوئاد مەستی، حەمەی فەرەج، گوتیان ئەوانە بوونەتە جەلالی و چوونەتە پاڵ حكومەت. لەوێ‌ بە جەلالییەكانیان دەگوت جاش. تا من چووم بۆ شار، سەیرم كرد لە هەڵەبجە بە جەلالییەكان دەڵێن پێشمەرگە. خەڵكەكە لە دەرەوەی شار لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوو، پارتی چی پێدەگوتن، خەڵكیش ئەوەی پێدەگوتن. خەڵكی ناو شاریش كە زۆربەی لەژێر دەستی جەلالیدا بوو، چیان بە مەلاییەكان دەگوت، خەڵكەكەش هەمان شتیان پێدەگوتن.

رووداو: ئەی شیوعییەكان لە نێوان هەردوولا چ رۆڵێكیان هەبوو؟

فایەق گوڵپی: وەكو باسی دەكەن پێش شۆڕشی ئەیلوول خەڵكی ناوچەی هەورامان و هەڵەبجە، زۆرینەیان شیوعی بوون. رەنگە ئەمەش بەهۆی ئەوە بووبێ‌ كە ئەوان كەمینەیەك بوون لە ناوچەكە و دەسەڵاتدارانی ئەوێ‌ فەرامۆشیان كردبن، بۆیە بەدوای بەدیلی تازەدا گەڕابن، بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكانیان بەو شتە نوێیە بكەن. دوای ئەوە ئیسلامییەكانیش هاتنە پێش. تەنانەت كە لە دووی ناوەندی بووم، دوو هاوڕێم هەبوون، هەوڵیان لەگەڵدام لە ئیسلامی سیاسی نزیكم بكەنەوە. 

رەئوف لە قوتابخانە و مەلا برایمیش لە دەرەوەی قوتابخانە. لەولا هاوڕێیەكی دیكەم هەبوو، ئەو شیوعی بوو چاودێری دەكردم. واتە لە هەڵەبجە ململانێیەكی توند لەسەر پێگە لە نێوان ئیخوانەكان و شیوعییەكاندا هەبوو. بەڵام لەبەر ئەوەی شیوعییەكان دژی بەرژەوەندییە نەتەوەیییەكانی كورد بوون، بۆیە پاشەكشەیان كرد. بەپێچەوانەوە ئیخوانەكان لە هەڵەبجە دەسەڵاتی زۆریان هەبوو، بۆ نموونە ئەگەر كەسێك خوازبێنی ژنی بكردایە، شیوعی بووایە یان نزیكبووایە لێیان، بەبێ‌ رەزامەندی مەلا عەلی ژنیان نەدەدایێ، مەلا عەلی ئەوەندە كاریگەری زۆر بوو لە ناوچەكە. تەنانەت لە قائیمقامی هەڵەبجە دەسەڵاتی زیاتر بوو.

رووداو: تۆ لە رێگەی یەكێتی قوتابیانی كوردستانەوە تێكەڵی سیاسەت دەبی، ئەوە چۆن بوو؟

فایەق گوڵپی: من كە لە پۆلی یەكی ناوەندی بووم، هاتمە سلێمانی لە قوتابخانەی ئەزمڕ دەمخوێند، كەسم نەدەناسی. قوتابییەك هاتە لام و گوتی: بۆ لە یەكێتی قوتابیان كار ناكەی؟ قوتابییەكە ناوی عەلی بوو كوڕی حەمە كۆڵنەدەر بوو. ئیدی لە رێگەی قوتابیانەوە دلاوەری ئەحمەد مەجید و سەڵاح رەشیدم ناسی. جا سەرەتا نەمزانی ئەو یەكێتی قوتابیانە هی جەلالییەكانە، بەڵام دوایی كە زانیم دەنگم نەكرد، بەس لە ناخەوە پێمناخۆش بوو. بەڵام باش بوو بەرگرییەكی باشیان لێكردم، لەسەر ئەوەی هەورامیم لە سلێمانی چییان پێدەكردم، رەنگە دوو ئەوەندەی دیكەیان پێ بكردمایە.

رووداو: لە دوای 11ی ئادار تۆ باس لەوە دەكەی كە نارنجۆكێك فڕێدراوەتە نێو خۆپیشاندانێكەوە، دەڵێن ئەوە هەمان ئەو دەستەیە كە نارنجۆكی خستە نێو ئامادەیی كچانی سلێمانی؟ 

فایەق گوڵپی: بەڵێ‌، ئەوكات خەڵك بەبۆنەی 11ی ئادار ئاهەنگی دەگێڕا. ئەو كەسەی نارنجۆكەكەی خستە نێو ئامادەیی كچان دەستگیر كرا و بڕیار درا لەبەردەركی سەرا هەڵبواسرێ‌، خەڵك كۆبووەوە، ئیدی دوای ئەوە ئاسایش لە سلێمانی بەرقەرار بوو، هیچ رووینەدا.

رووداو: هەندێك دەڵێن نەوشیروان مستەفا دەستی لە مەسەلەی ئەو نارنجۆكانەدا هەبووە؟

فایەق گوڵپی: من ئەوكات كاك نەوشیروانم نەدەناسی و كەسێكی دیاریش نەبوو، بەڵام بۆ شایەتی شتێك دەڵێم، من كە لە ساڵی 1983 بووم بە پێشمەرگە، یەكێك لەو قسانەی كردی، من لە یادەوەرییەكان بیرم چووە بینووسم، گوتی: تاوەكو ئێستا گرنگترین دەستكەوت بۆ گەلی كورد بەیاننامەی 11ی ئادار بووە.

رووداو: ئەی مەسەلەی كاژیكبوونەكەت چۆن بوو؟

فایەق گوڵپی: حەزم دەكرد لەگەڵ رێكخستنەكان كار بكەم، لەبەر هەندێك هەڵوێست لەناو پارتی ئیشم نەدەكرد، مەیلم بەلای شیوعییەكانەوە نەبوو، لەگەڵ ئیسلامییەكانیش نەبووم. لە فەراغێكی سیاسیدا دەسووڕامەوە. قوتابی پۆلی پێنجی ئامادەیی بووم، قوتابییەك بە ناوی كەریم عوسمان بانگی كردم و باسی رێكخستنێكی نەتەوەیی بۆ كردم، چەند جارێك گفتوگۆم لەگەڵ كەریم كرد و گوتی: ئەو رێكخراوەی ئێمە ناوی كاژیكە، فكرەكەم قبوڵ كرد. من وەكو قوتابییەك بە نهێنی دەستم بەكار كرد. هەستم دەكرد قوتابیانی پارتیش بە مەسەلەكەیان زانیبوو، جاروبار توانجیان لێدەدام.

رووداو: هەستت دەكرد جیاوازییەك لە نێوان رێكخستنەكانی ئەوان و مەلایی و جەلالییەكاندا هەیە؟

فایەق گوڵپی: لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە، ستراتیژێكی روونیان هەبوو دەتزانی چ دەكەی. دیسپلینێكی رێكخراوەیی زۆر بەهێزیان هەبوو چاودێرییان دەكردی، جارێكیان كەریم كاژیكنامەی دامێ‌ و گوتی: بیخوێنەوە، هەمووی سێ‌ سەعاتی پێنەچوو هات و گوتی: كوا كتێبەكە؟ لە ترسی ئەوەی نەوەك كتێبەكەم دابێ‌ بە پارتییەك یان شیوعییەك. بەڵام دوای ساڵی 1975 كە چاوەڕێم دەكرد كاژیك دوای پارتی درێژە بە شۆڕش بدەن، نەیانكرد، ئیدی پەیوەندیم پێیانەوە نەما.

رووداو: ئێوە دوای ئەوە دەچن بۆ زانكۆی مووسڵ؟ چۆن پەیوەندیتان بە رێكخستنەكانی یەكێتییەوە كرد؟

فایەق گوڵپی: پێش ئەوەی بچم بۆ زانكۆ، لە رێگەی رادیۆوە زانیم یەكێتی دروستبووە. پێش ئەوەی بچین بۆ بەشە ناوخۆیی، قوتابییە كوردەكان لە هوتێلێك بووین، شەوان كۆدەبووینەوە و باسی بارودۆخی سیاسیمان دەكرد. هەندێكجار ئەو قوتابیانە دەهاتنە لامان كە پێش ئێمە لەو زانكۆیە وەرگیرابوون، لەوێ‌ باسی رێكخراوی قوتابیانی یەكێتیان بۆ دەكردین، تومەز دەیانویست رامانكێشنە نێو رێكخراوەكە. لە رێگەی ئەو كۆبوونەوانەوە شێركۆ عەبدوڵڵام ناسی و باسی یەكێتی بۆ كردم، لەگەڵ شێركۆ یەك مەرجم هەبوو، پێمگوتن ئەوانە جەلالین، بە مەرجێ‌ ئیشیان لەگەڵ دەكەم رەخنەیان لە سیاسەتی رابردووی خۆیان گرتبێ‌. بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتیم لێ‌ وەرگرت. 

نەمتوانی لە ژوورەكەم بیخوێنمەوە، چونكە ئێمە چوار قوتابی لە ژوورێكدا بووین، چووم لە ئاودەست بە ئیسراحەت دوو جار خوێندمەوە. ئەڵبەتە دروستبوونی رێكخراوێكی سیاسی لەو كاتەدا زۆر گرنگ بوو، ئەگەر بەدڵی منیش نەبووایە هەر قبووڵم دەبوو. بەڵام مەرجەكەی من لە بەیاننامەكەدا نەبوو، منیش لەبەر ئەوەی زۆر تامەزرۆی شۆڕش و پێشمەرگە بووم، وازم لەو مەسەلەیە هێنا. من لە مانگی چواری 1976 بە فەرمی بوومە یەكێتی.

رووداو: تۆ لە رێگەی د.شێركۆوە دەبی بە یەكێتی، بەڵام دواتر نێوانتان تێكدەچێ‌، ئەمە لەسەرچی بوو؟

فایەق گوڵپی: رۆژێكیان لە مووسڵ چەند كەسێك لەسێدارە درابوون، زانكۆی سلێمانیش گەشتی زانستییان هەبوو هاتبوون بۆ زانكۆی مووسڵ، لەوێ‌ دەستیان كردبوو بە هەڵپەڕكێ‌، من و د.نزار محەممەد سەعیدیش، لێیان نزیكبووینەوە و پێمانگوتن كاكە ئەمڕۆ چەند پێشمەرگەیەك لە سێدارەدراون و ناكرێ‌ ئێوە هەڵپەڕن. ئەو شێركۆیەی منی رێكخستبوو هات گاڵتەی پێكردم، ئیدی تۆزێك لە یەكدی تووڕە بووین.

رووداو: لەدوای ساڵی 1975 حكومەتی عێراق دەیویست زۆرترین كەس لەنێو كورد بكاتە بەعسی، لە نێو قوتابیان چۆن بوو، ئایا قوتابیانی كورد بوونە بەعسی یان رەتیانكردەوە؟

فایەق گوڵپی: یەكێك لە ئیشەكانمان لە زانكۆ ئەوە بوو، هەوڵمان دەدا كەمترین قوتابی كورد ببنە بەعسی، خۆشمان لە بەعسیبوون دەپاراست. ئەو قوتابیانەی تازە لە زانكۆ وەردەگیران پەیوەندیمان پێوە دەكردن بۆ ئەوەی نەبن بە بەعسی.

رووداو: بە قسەیان دەكردن؟

فایەق گوڵپی: هەندێكیان، بۆ نموونە ئەوەی د.شوانم گێڕاوەتەوە رۆژێك هاتە لام زۆر شڵەژابوو، گوتی چووم پێشوازیم لە قوتابیانی هەولێر كردووە، پێمگوتوون نەبن بە بەعسی، كەچی یەكێك لە كچەكان گوتی: وەڵڵا من بەعسیم. منیش پێمگوت مەترسە شكاتت لێناكات. كوڕێكی كۆییم لەگەڵ بوو لە مووسڵ دەژیان، بەعسی بوو، هەموو جارێك پێیدەگوتم ببە بە بەعسی، ئەگەر نەبیتە بەعسی ناهێڵن كۆلێژ تەواو بكەی. رۆژێكیان قوتابیانی بەعس كۆبوونەوەیان پێكردین، دەعوەتیان كردین. دواتر گوتیان پرسیارتان هەیە. منیش گوتم: پرسیارم هەیە. راستە هەر كەسێك نەبێ‌ بە بەعسی نابێ‌ كۆلێژ تەواو بكات؟ گوتی: نەخێر ئەسڵ و ئەساسی نییە، خەڵك ئازادە. ئیدی ئەو قسەیە بوو بە مەعنەویات بۆ من. جا ئێمە پلانێكمان دانابوو، هەر كاتێك جەماعەتی قوتابیان لەگەڵ قوتابییەكی كورد پیاسەیان بكردایە، دەمانزانی داوای لێدەكەن ببێ‌ بە بەعسی، بۆیە یەكێكمان دەچوو دەیگوت: فڵان وەرە میوانت هاتووە.

رووداو: ئەی پەیوەندیتان لەگەڵ قوتابیانی عەرەب و توركمان چۆن بوو؟

فایەق گوڵپی: بەگوێرەی هەڵوێستی سیاسی ئەوان بوو، بۆ نموونە ئەو قوتابیانەی لە كەركووك هاتبوون، كورد و عەرەب و توركمانیان تێدا بوو. كوڕێك هەبوو ناوی یەشار بوو شیوعی بوو، پەیوەندی زۆرباشی لەگەڵ كورد هەبوو. یەشارێكی دیكەمان هەبوو تۆرانی بوو، رۆژێكیان قوتابییەكی سوودانی گوتی: فایەق لە سلێمانی كورد زۆرترن یان توركمان؟ گوتم: لە سلێمانی توركمانی لێ نییە، كێ‌ ئەو زانیاریانەی پێداوی؟ گوتی: یەشار پێیگوتم. لەنێو عەرەبەكانیش بە هەمانشێوە، ئەوانەی كە چەپ بوون و شۆفێنی نەبوون، زۆر باشبوون لەگەڵمان. 

رووداو: ئەوكاتەی لە مووسڵ بووی، كوردی ئەوێ‌ چۆن بوون، بەرگریان لە زمان و كولتووری خۆیان دەكرد؟

فایەق گوڵپی: بەڵێ‌، كە دەچووین بۆ بازاڕ كوردمان زۆر دەبینی. بە تایبەتی خەڵكی هەژار. بۆ نموونە كە دەچووینە چێشتخانەیەك نانمان دەخوارد و بە كوردی قسەمان دەكرد، دەمانبینی كرێكارەكانی كوردن. ئەوكات بۆچوون وابوو، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی مووسڵ كوردن، بەڵام پێكهاتەیەكی چەوساوەی هەژارن و لە دەسەڵاتدا نین،  توانای بازرگانی و سەرمایە كۆكردنەوەیان زۆر سنووردار كرابوو.

رووداو: پێش ئەوەی ببی بە پێشمەرگە برایەكت لەلایەن یەكێتییەوە شەهید دەبێ‌، ئایا ئەمە هیچ كاریگەری لەسەر هەڵوێستی تۆ بەرامبەر یەكێتی نەبوو؟

فایەق گوڵپی: من ئەو كاتە موقیم بووم لە نەخۆشخانەی سەورە لە بەغدا، ناجیحی برام قوتابی كۆلێژی پزیشكی ڤێتەرنەری بوو، هات بۆ لام گوتی نامیقی برام لە شەڕی پارتی و یەكێتیدا بریندار بووە، من دەمزانی نامیق رۆیشتووە و بووە بە پێشمەرگەی پارتی. كە گەیشتمەوە هەڵەبجە سەیر دەكەم پرسەی بۆ دانراوە. ساڵی 1981 لە رەزڵە شەڕێك كراوە، هێزێكی پارتی و حسك و پاسۆك هاتوونەتە ناوچەی شارباژێڕ، ژمارەیەكی زۆر لە پێشمەرگەی پارتی و هەندێك پێشمەرگەی یەكێتی شەهیدبوون، یەكێك لەوانە براكەی من بوو. راستییەكەی من ئەوكاتەی لە زانكۆ بووم، پەیوەندیم لەگەڵ رێكخستنەكانی یەكێتی چەند جارێك پچڕانی تێكەوت. ئەوكات هیچ پەیوەندییەكی رێكخستنم لەگەڵ یەكێتی نەمابوو، چونكە بەرپرسەكەم خەڵكی دهۆك بوو، كە زانكۆی تەواو كرد، پەیوەندی رێكخراوەییم نەما. بێگومان زۆر ناخۆش بوو، كەسێكی ئازیزت بەدەستی ئەو كەسانە شەهیدببێ‌ كە تۆ باوەڕت پێیان هەیە. ململانێیەكی زۆر گەورەی لەلای من دروستكرد. لەدواییدا قەناعەتی خۆم زۆرتر كاری تێكردم لە مەسەلە خێزانی و كۆمەڵایەتی و عەشایرییەكە. دوو رۆژ دوای پرسەی براكەم برادەرانی لقی چوار نامەیان بۆ ناردم.

رووداو: داوای چییان لێكردی؟

فایەق گوڵپی: سەرەخۆشییان لێكردم و گوتیان تۆڵەی دەكەینەوە. هەر ئەوەندەم لەبیر ماوە. كە گەڕامەوە بەغدا هاتنە لام داوایان لێكردم ببمە پارتی. پێمگوتن ناتوانم و قەناعەتم پێتان نییە.

كە لە ئامادەیی بووم دەگریام و دەمگوت بۆ شۆڕش وای بەسەرهاتووە، كاژیكیش نەیتوانیوە هیچ بكات. رۆژێكیان لە پۆل دەستم كرد بە گریان، فوئاد ئەسكەندەر گوتی: ئەم لوشكە لوشكە سوودی نییە، بخوێنە ببە بە گیڤارا. منیش دەمویست ببمە پزیشك و پاشان ببمە پێشمەرگە چارەسەری بریندارەكان بكەم. جا ئەم كێشەیەشم بۆ دروستبوو، براكەم كێ شەهیدی كردووە، ئەوانەی كە من دەمەوێ‌ بچم گیڤارایەتیان بۆ بكەم.

کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
نیشانەکردن : د.فایەق گوڵپی
6274 ژمارەی بینین

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

داود | 24/03/2019 05:53:24 ص
زۆر بە داخەوە بۆ خەلکی مووسلی بەڕێز،هاوخەمی لێقەوماوین،زوای گەورە دلنەوایی و ئارامییەن پێ ببەخشێت،خوا تۆلەیان لە سیاسی و دەسەلاتدارانی بەغدای عیراق...
120 تەرم لە رووباری دیجلە دەرهێنراون
| دوێنێ کاژێر 11:22 | (1)
ئەحمەد | 24/03/2019 05:19:56 ص
بەردێک نەزانێک بیخاتە گۆمەوە، بە دە زانا، دەرنایەتەوە. باشترین چارەسەر قەدەغەکردنی یەکجارەکی دیاردەی چەکدارییە.
دوو ئامۆزا لەسەر كێشەیەكی بچووك دەكوژرێن
| 22/3/2019 | (1)
Azad Azad | 22/03/2019 10:34:07 ص
پیرۆز بێت له‌ روداو و خانمه‌ جوانه‌كه‌ی روداو به‌ڕێز ئاڵا شاڵی به‌راستی شایانی ئه‌و ناسنامه‌یه‌یه‌ هه‌ر سه‌ر كه‌وتو بن.
ئه‌نجوومەنی یەكێتی ئەوروپا وێنەی ئاڵا شاڵی لە پێشانگەکەیدا دادەنێت
| 22/3/2019 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

هەنگاوەکانی وازهێنان لە جگەرەکێشان 4 کاژێر لەمەو بەر |

هەنگاوەکانی وازهێنان لە جگەرەکێشان

جێگرەوەکانی نیکۆتین بەکاربهێنە زۆرتر
تەندروستی جیهانی  داوادەکات ریکلامی جگەرە و تووتن قەدەخەبکرێت 6 کاژێر لەمەو بەر |

تەندروستی جیهانی داوادەکات ریکلامی جگەرە و تووتن قەدەخەبکرێت

نابێت سپۆنسەریکردنی یانەکانی پێشبڕکێ لەلایەن زۆرتر
0.172 seconds