وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

فازڵ نەبی بۆ رووداو: بەهۆی کێشەی سیاسییەوە خانەنشین کرام

لەلایەن مەحموود یاسین کوردی 9/5/2017
"دەكرا زۆر شت لە مالیكی وەربگری، بەڵام ئەوە لەگەڵ عەبادی زەحمەتە"
رووداو - هەولێر

دوای ماوەیەك بێدەنگی، د. فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق باسی هۆكاری دەستلەكاركێشانەوە و خانەنشینبوونی بۆ (رووداو) دەكات. 

فازڵ نەبی كە زیاتر لە 12 ساڵ وەكو كوردێك لە وەزارەتی دارایی عێراق كاری كرد، دوای لەسەر كارلابردنی هۆشیار زێباری لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق دەڵێ‌: "چەندین لایەنی سیاسی داوایان لێكردم ئەو پۆستە وەربگرم". فازڵ نەبی لەبارەی دەستبەسەركردنی لە فڕۆكەخانەی هەولێر، دەڵێ‌ "حەقیقەتەكان روونبوونەوە"، دەشڵێت پارتی لەبەغدا بە كەسێكی وەكو ئەو سەری بەرزە.


رووداو: ئەگەر لێت بپرسن بۆ هەرێمی كوردستان چی باشە، رێككەوتن لەگەڵ بەغدا یان فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی، چ وەڵامێك دەدەیەوە؟

فازڵ نەبی: تاوەكو كۆتایی 2013 لەگەڵ رێككەوتن بووم لەگەڵ بەغدا، بە برادەرانی هەرێمی كوردستانیشم دەگوت با پەیوەندییە دارایی و ئابوورییەكان لەگەڵ بەغدا نەپچڕێت، ئەگەر راسپاردەكانم بە باشی وەرگیرابایە ئەو قەیرانە داراییە بەو شێوەیە دروست نەدەبوو، بەتایبەتی لە ساڵی 2014.

رووداو: ئەو راسپاردانە چی بوون؟

  لە 2015 بەدواوە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا نەما
فازڵ نەبی: لەگەڵ رێككەوتن بووم لەگەڵ بەغدا. ئەوكات بەغدا داوای هەناردەكردنی 100 هەزار بەرمیل نەوتیان دەكرد، دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بداتە بەغدا، لە بەرامبەردا بودجەی وەرگرتبا. بەڵام لە ساڵەكانی دوایی لە یاسای بودجەدا بڕگەیەك زیاد كرا دەڵێ‌ 17%ی خەرجیی فیعلی بدرێتە هەرێمی كوردستان. وشەی (فیعلی) بووە هۆی ئەوەی لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە بەغدا، ئەو بودجەیە كە بەغدا ئامادەبوو بیدات كەمتر بوو لەوەی خۆت لە فرۆشتنی نەوت دەستت دەكەوت. بۆیە لە دوای 2015 رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا نییە. لە شەش مانگی یەكەمی 2015 كە رێككەوتنی هەولێر بەغدا جێبەجێ‌ دەكرا، لە باشترین حاڵەتدا 600 ملیار دینارمان بۆ هەرێمی كوردستان دەنارد، لە كاتێكدا هەولێر 900 ملیار دیناری دەستدەكەوت.

رووداو: بەڵام بەو 900 ملیارە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیتوانی مووچەی فەرمانبەران بدات؟ ئەم سیستەمی پاشەكەوتی مووچەیە چی بوو؟

فازڵ نەبی: راستە بە فرۆشتنی نەوت و سەرجەم داهاتەكان زیاتر لە 900 ملیار دیناری دەستدەكەوێت، لە باشترین حاڵەتیشدا مووچەی فەرمانبەران 800 ملیار دینارە، بەڵام حیسابی ئەوە بكە هەرێمی كوردستان قەرزدارە، پارەی موستەحەقاتی كۆمپانیای نەوتی هەیە، خەرجی بەكاربردنی وەزارەتەكانی هەیە. لە هەمووشی گرنگتر خەرجیی شەڕی داعشی هەیە.
  ئەگەر راسپاردەكانم بە باشی وەرگیرابایە، قەیرانی دارایی بەو شێوەیە دروست نەدەبوو

رووداو: قەیرانی دارایی لە بەغداش روویداوە، بۆچی ئەوان توانییان مووچەی فەرمانبەران بدەن و شەڕی داعشیشیان كرد، بۆچی هەرێمی كوردستان نەیتوانی؟

فازڵ نەبی: عێراق دەتوانێت قەرزی نێودەوڵەتی بكات، چونكە خاوەنی سەروەرییە. جگە لەوە عێراق لە یەدەگی بانكی ناوەندی دەتوانێت پارە رابكێشێ‌، ئەویش لە رێگای بانكی رەشید و رافیدەین، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بانكێكی وا نییە. ئەوانەی كوردستان بانك نین، بەڵكو هەندێك ئیشی بچووك پەیوەست بە مووچە و هەندێك بابەت دەكەن، عێراق لە سەروبەندی دەستپێكردنی شەڕی داعش پارەی یەدەگی نزیكەی 55 ملیار دۆلار بوو. بەبڕوای من هەرێمی كوردستان دەتوانێت كۆمەڵێك هەنگاوی دیكە بنێت كە ئێستا دەستی پێكردووە، لەوانە جێبەجێكردنی یاسای گومرگی، بۆ نموونە ئێمە لە بەغدا بۆ زیادكردنی داهات، پەنامان بردە بەر جێبەجێكردنی یاسای گومرگی و داهات، نزیكەی 200% داهاتمان زیاد بوو. تۆ دەبێ باج زیاد بكەی و یاسای باج چالاك بكەی، بەداخەوە هەندێك كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان باج نادەن، ئێمە لە بەغدا لە رێگای یاسای بودجەوە باجمان خستە سەر كۆمپانیاكانی مۆبایل، ئەوە بۆ هاووڵاتیان زۆر نەبوو، بەڵام نزیكەی دوو ترلیۆن دینارمان بۆ گەڕایەوە. ئەگەر هەرێمی كوردستان هەنگاوی لەو جۆرەی نابا، پەیكەری حكومەتی بچووكتر كردبایەوە، خەرجییە زیادەكانی كەم كردبایەوە، رەنگە بەم جۆرە تووشی پاشەكەوتی مووچە نەبووایە، بە بڕوای من هێشتا دەكرێ حكومەت بچووك بكرێتەوە.

جگە لەوە دەبێ‌ كارئاسانی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران و سەرمایەداران بكرێ و دڵنیایی و ئەمان بدرێتە سەرمایەداران، ئەگەر ئێستا سەیر بكەین شتێك بە ناوی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان نەماوە. وەبەرهێنەرەكان كشانەوە، ئەگەرچی من ستایشی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە لە ماوەی رابردوودا كەشوهەوایەكی گونجاوی رەخساند و وەبەرهێنەران دەستیان بە سەرمایەگوزاری كرد.
  مالیكی پێیدەگوتم پارەی عێراقت هەمووی بۆ كوردستان نارد

رووداو: قەرزەكانی عێراق گەیشتوونەتە چەند؟

فازڵ نەبی: قەرزەكانی عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا كەڵەكە بوون، قەرزە نێوخۆییەكان نزیكەی 35 تریلیۆن دینارە، قەرزە نێودەوڵەتییەكانیش نزیكەی 80%ی خۆشبوون و 20% كە ماوە، عێراق بە قیستی درێژخایەن دەیداتەوە، عێراق 45 ملیار دۆلاری دیكە قەرزدارە كە بە من قەرزی مردووی دادەنێم، چونكە زۆربەی قەرزەكان هی وڵاتانی كەنداون كە خاوەنی قەرزەكان داوای ناكەنەوە. هەندێك قەرزی دیكەش لە بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی وەریگرتوون كە بە قەرزی ئاسانكار ناسراون، چونكە زیادەی قازانجەكەی ناگاتە 1.5% ، هەروەها ماوەی دانەوەشی درێژە. لەبەر ئەو هۆكارانەی باسم كرد، عێراق دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران بدات و خەرجیی بەكاربردن و شەڕ بكات بەبێ‌ كێشە.
  شتێك بەناوی وەبەرهێنان لە كوردستان نەماوە

رووداو: لەو قەرزە نێودەوڵەتییانە بۆچی بەغدا پشكی هەرێمی كوردستان نادات، ئێوە رۆڵتان لەوێ‌ چی بوو؟

فازڵ نەبی: قەرزەكان دوو جۆرن، هەندێكیان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە بوو كە حكومەتی عێراق پێیوایە مادام رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان نییە، پشكی هەرێمی كوردستان نەدرێت. هەندێك قەرزی دیكەش هەیە كە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانە. لەو قەرزانە پشكی هەرێمی كوردستان دراوە، بۆ نموونە لە قەرزی یابانی. هەروەها لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو لە واشنتن بووین لە كۆبوونەوەی ساڵانەی بانكی نێودەوڵەتی، ئەوان داوای رەزامەندیی ئێمەیان كرد بۆئەوەی 500 ملیۆن دۆلار بدەنە هەرێمی كوردستان وەكو قەرز، منیش سەرۆكی شاندی عێراق بووم، سەرەڕای بەرپرسیارێتیم، بەڵام وەكو كوردێك رەزامەندیم دا. لێرەش وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیشی زۆری لەسەر ئەو بابەتە كرد، بڕیاریش بوو بەشی یەكەمی ئەو قەرزە كە 150 ملیۆن دۆلار بوو بدرێتە هەرێمی كوردستان، بەڵام دوای خانەنشینبوونم ئاگادار نیم قەرزەكە دراوە یان نا.

رووداو: دوای وەرگرتنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری، كێ‌ وەزیری دارایی بوو؟

فازڵ نەبی: 90%ی ئیشوكارەكانی وەزارەتی دارایی لەسەر شانی من بوو، لە سەردەمی بەیان جەبر زۆرترین دەسەڵاتم پێدرابوو، دوای گەڕانەوەی كاك هۆشیار زێباری هەموو ئەركەكان 100% لای من بوو، ئەگەرچی سەرۆكوەزیران خۆی بە وەكالەت وەزیری دارایی بوو، بەڵام عەبادی 100% پشتی بە من دەبەست بۆ راپەڕاندنی ئیشوكارەكانی وەزارەت، راستی بڵێم دەستی لە كاروبارەكانم وەرنەدەدا و رێزی لە شارەزایی من دەگرت.
  عێراق 80 ملیار دۆلار قەرزدارە

رووداو: لە پشتی پەردەوە هیچ داخوازییەك لە تۆ نەكرا بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دارایی؟

فازڵ نەبی: زۆربەی كوتلە سیاسییەكان داوایان دەكرد من پۆستی وەزیری دارایی وەربگرم، منیش لە تەلەفزیۆنەوە گوتم كە من ئەندامێكی پارتیم، ئەگەر حیزبەكەم رازی نەبێ‌ ئەو پۆستە وەرناگرم. تا ئەم كاتەش كە قسە بۆ ئێوە دەكەم من پابەندی بڕیارەكانی حیزبم، لە رابردووشدا هیچ ئیشێكم بەبێ‌ پرسی حیزب نەكردووە.

رووداو: وەكو كەسێكی شارەزا، تۆ لەگەڵ ئەوەی پۆستی وەزیری دارایی پڕ بكرێتەوە؟

فازڵ نەبی: لەڕووی سیاسییەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە ناكەم، پڕكردنەوەی ئەو پۆستە پەیوەندی بە سەركردایەتی سیاسییەوە هەیە، ئەوان دەزانن چۆن و چ كاتێك ئەو پۆستە پڕ بكەنەوە، بەڵام وەكو لایەنی دارایی و ئابووری پێم باشە بە زووترین كات سەركردایەتی سیاسی پۆستەكە پڕ بكاتەوە و كەسێك دەستنیشان بكات بۆ پۆستی وەزیری دارایی، ئەگەر هیچ سوودیشی نەبێت، خۆ ئاگاداری وەزارەتەكە و رەوشی دارایی عێراق دەبێ و زانیاریت دەداتێ‌، جگە لەوە دەتوانێت بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكات.

رووداو: بەغدا چەند پارەی هەرێمی كوردستان قەرزدارە؟

فازڵ نەبی: حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆیان حسابیان كردووە و ئەوان دەزانن بەغدا چەند قەرزدارە و تا چەند ئامادەیە ئەو پارەیە بدات، بەڵام بۆ پارەی پێشمەرگە بەغدا قەرزداری پێشمەرگەیە، جگە لە شەش مانگی سەرەتای 2015 كە مانگانە 33 ملیار دیناری بۆ پێشمەرگە دەنارد، دەنا پارەی پێشمەرگەیان نەناردووە. ئەوەندەی من بەرپرس بووم هەموو ساڵێك تاوەكو كۆتایی 2013 ئەوەی لە یاسای بودجە بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە، هەموومان رەوانە كردووە و نەمانهێشتووە درهەمێكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بێت. چەندینجار تووشی كێشە بووم بە تایبەتی لەگەڵ نووری مالیكی، هەموو جارێك دەیگوت دكتۆر فازڵ هەموو پارەكانی بۆ كوردستان نارد و تۆمەتی ئاراستە دەكردم.
  بانكی راستەقینە لە هەرێمی كوردستان نییە

رووداو: تۆ ماوەیەكی زۆر لە بەغدا بووی، بۆ كورد لە نێوان مالیكی و عەبادی لە رووی داراییەوە كەمیان باشترن؟

فازڵ نەبی: هەر یەكەیان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، سەرەڕای توندییەكەی، بەڵام دەكرا زۆر شت لە مالیكی وەربگری. عەبادی پیاوێكی نەرم و دیبلۆماسییە، بەڵام بە زەحمەت دەتوانرێت شتی لێ‌ وەربگیرێ‌، پیاوێكی وردە و حیسابی هەموو شتێك دەكات.

رووداو: داهاتی گەشتیاریی ئایینی هیچی كەمتر نییە لە داهاتی نەوت، بۆچی وەزارەتی دارایی نەیتوانی كۆنترۆڵی ئەو داهاتە بكات؟

فازڵ نەبی: زۆر گوشاریان لەسەر ئێمە دەكرد كە گەشتیاری ئاینی بدرێتەوە پارێزگاكان، پێشتر وابوو، بەڵام بەمدواییە زۆربەی داهاتەكان دەگەڕایەوە بەغدا، ئەگەر كێشەی سیاسی نەبووایە، لەسەر نرخی ڤیزا و زۆر شتی دیكە لەنێوان ئەو وڵاتانەی خەڵكیان سەردانی عێراقی دەكرد، دەتوانرا داهاتی گەشتیاری ئاینی زیاتر بكرێت.

رووداو: میكانیزمی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی مووسڵ ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتی داعش بوون چۆن بوو؟

فازڵ نەبی: عێراق هەتا ئەم دواییە مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی دەنارد، بەڵام لەبەر ئەوەی داعش بەشێك لە مووچەكەی دەبرد و ئەوەش دەبووە هۆی بەهێزبوونی داعش، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران مووچەی فەرمانبەرانی راگرت، بەڵام دواتر داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كرد مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی لە كوردستانن خەرج بكات، بۆیە لە رێگای وەزارەتەكانەوە مووچەی ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەكرا كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی داعش بوون. مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی لەژێر دەسەڵاتی داعش بوون بۆیان پاشەكەوت كرا و لە دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ دەیاندرێتەوە. مووچەی فەرمانبەرانی ژێر دەسەڵاتی داعش بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەكان خەرج دەكرا، بۆ نموونە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە كە لە كەركووك بوو، بەڕێوەبەری قوتابخانەكان لە مووسڵەوە دەهاتن مووچەكانیان دەبرد و لە مووسڵ دابەشیان دەكرد. ماوەیەكیش لە رێگای نووسینگەكانی حەواڵە مووچەی فەرمانبەران خەرج دەكرا.

رووداو: ژمارەیان چەند بوو؟

فازڵ نەبی: ژمارەی تەواوم لا نییە، بەڵام زیاتر لە نیوەی فەرمانبەرانی مووسڵ لەژێر دەسەڵاتی داعش بوون و دەهاتن لە ناوچەكانی نزیك مووسڵ مووچەكانیان وەردەگرت.
 عێراق دەتوانێت بەبێ‌ گرفت مووچەی فەرمانبەران بدات

رووداو: ماوەیەك پێش ئێستا بەغدا رێگری لە نیشتنەوەی فڕۆكەی بارهەڵگر لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان كرد، بە بڕوای تۆ بەكارهێنانی ئەم بابەتە پەیوەندی بە نەگەڕاندنەوەی داهاتەوە هەبوو بۆ بەغدا؟

فازڵ نەبی: بەبڕوای من داهاتی فڕۆكەخانەكان بۆ خۆیان بوو، ئاگادار نەبوومە هیچ داهاتێكی فڕۆكەخانەكانی كوردستان هاتبێتەوە بەغدا.

رووداو: دوای ئەم هەموو ساڵە لە بەغدا چۆن بوو گەڕایتەوە هەولێر؟

فازڵ نەبی: پەیوەندی بە هەندێك كێشەی سیاسییەوە هەبوو، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران خانەنشین كراوم و ئێستا وەكو سەرپەشتیاری دكتۆرا گەڕاومەتەوە زانكۆی سەڵاحەدین.

رووداو: لەسەر داوای پارتی خۆت خانەنشین كرد؟

فازڵ نەبی: نامەوێ‌ بچمە نێو وردەكاریی ئەو بابەتە، بەڵام بە دڵنیاییەوە زۆر بڕیار هەیە تۆ لە خۆتەوە نایدەی، جگە لەوە گوشارێكی زۆرم لەسەر بوو. سێ‌ مانگ پێش گەڕانەوەم لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆبوومەوە، داوام لێكرد دەست لەكاركێشانەوەكەم قبوڵ بكات.
  داعش لەو مووچەیەی دەبرد كە بۆ فەرمانبەرانی مووسڵ دەنێردرا

رووداو: دەستبەسەركردنی تۆ لە فڕۆكەخانەی هەولێر لەسەر چی بوو؟

فازڵ نەبی: حەز ناكەم باسی ئەو شتانە بكەم، وابزانم ئێستا حەقیقەتی رووداوەكان بۆ بەرپرسانی من دەركەوت، گرنگ ئەوەیە ئەو رووداوانە بخەینە لایەك و چاومان لە ئایندە بێت. خەڵكی كوردستان و حیزبەكەشم دەزانن چ خزمەتێكی كوردستانم كردووە، لە توانای خۆم زیاتر كارم كردووە، هەمیشە مرۆڤ كە سەركەوتوو بوو، بەردی تێدەگرن.

رووداو: تۆ چاوەڕێی پاداشت بووی لە پارتی؟

فازڵ نەبی: ئێستاش چاوەڕێی پاداشتم لە حیزبەكەی خۆم، یەكێكم لەو كادیرانە كە پارتی سەری بە من لە بەغدا بەرزە، دەتوانن لە كاك دكتۆر رۆژ بپرسن كە من چ ئیشێكم بۆ كورد و بۆ حیزبەكەم كردووە.


داڕشتنەوە: حەکیم داود
نیشانەکردن : فازڵ نەبی
10448 ژمارەی بینین

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

ره شید | 19/09/2017 10:54:26 ص
بی شک جه نابی سه روک بارزانی ئه فه رموی " به چاوان "
ئەگەر بگەمە خزمەت جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی
| 14 کاژێر لەمەو بەر | (1)
وه رزير | 19/09/2017 09:01:05 ص
بارزانی قسەی سەنەدە هەرچی ووت دوایکەون ومەترسن ! بیخوێنەوە مێژوو وادەڵێت من واناڵێم !! ـ ساڵی ۱۹۸۸دوای ئەنفال و کیمیا باران و رووخاندنی ٥٠٠٠هەزار...
سعودیە: داوا دەکەین بارزانی حیکمەت و ئازایەتی خۆی بنوێنێت
| 15 کاژێر لەمەو بەر | (1)
مسرور محمد معروف | 18/09/2017 03:42:13 م
بژى كوردستان
welat | 19/09/2017 06:09:14 ص
بوچی ناتوانم په‌یچی كومسیون ناوێك توماربكه‌م ؟؟ په‌یچه‌كه‌ وه‌ستاوه‌ ؟؟؟
مەرجی فۆرمی خۆراک بۆ کوردستانیانی تاراوگە لابرا
| دوێنێ کاژێر 10:22 | (2)
Azad Azad | 18/09/2017 11:32:06 م
جه‌بهه‌ی توركمانی به‌ پشت كیری شیعه‌ ده‌یانه‌وێت ئاژاوه‌ بنێنه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك بۆ په‌كخستنی گشتپرسی ئه‌مه‌ ڕاست دروستیه‌كه‌یه‌.
لە کەرکووک لەسەر بانگەشە بۆ گشتپرسی کەسێک کوژرا
| دوێنێ کاژێر 11:12 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

 راوێژکارێکی ئەردۆغان: پێویست ناکات دژی گشتپرسی هیچ هەنگاوێک بگرینەبەر 6 کاژێر لەمەو بەر |

راوێژکارێکی ئەردۆغان: پێویست ناکات دژی گشتپرسی هیچ هەنگاوێک بگرینەبەر

"ترسمان هەیە ئێران و حەشدی شەعبی هێرش بکەنە سەر زۆرتر
هەر 30 خولەک جارێک جووڵەیەک بکە 6 کاژێر لەمەو بەر |

هەر 30 خولەک جارێک جووڵەیەک بکە

بۆ رزگاربوون لە مەترسییەکانی زۆر دانیشتن زۆرتر
گۆڕان رابوون مەعرووف دەردەکات 6 کاژێر لەمەو بەر |

گۆڕان رابوون مەعرووف دەردەکات

لە ئەندامێتی و فراکسیۆنی گۆڕان دوورخرایەوە زۆرتر
0.407 seconds