وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

بارزانی: وڵاتانی جیهان رێز لە په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگرن و دژایەتیمان نەکەن

لەلایەن هێمن عەساف 10/8/2017
مەسعود بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
مەسعود بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

رووداو- هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئامانجی گشتپرسیی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌ و بۆ ئه‌نجامدانیشی پێویستمان به‌وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی هیچ لایه‌نێك نییه‌". داوای لە وڵاتانی جیهان کرد: "رێز لە په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگرن و دژایەتیمان نەکەن".


بارزانی پەیامی ئاشتی بۆ دراوسێکانی هەرێمی کوردستان و سعودیە و میسر دەنێرێت و بە تورکیا دەڵێت: "كوردستان پشت و په‌نای دڵنیاكه‌ر و پارێزراوتانه‌". لە پەیامەکەشیدا بۆ تاران رایگەیاند: "هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌یاد ناكه‌ین. كاتێك داعش هێرشیكرده‌ سه‌ر كوردستان، كه‌سانی یه‌كه‌م بوون به‌كردار پاڵپشتیان كردین و شانبه‌شان له‌گه‌ڵمان بوون". 

دەقی هەڤپەیڤینەکەی رۆژنامەی ئەهرامی میسر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ئه‌هرام: په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ قاهیره‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ 

بارزانی: له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، کۆنسوڵخانەی میسر هه‌یه‌، شانازی به‌بوونیان ده‌كه‌ین و كارمه‌ندانیشیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییه‌كانمان تۆكمه‌تر و پته‌وتر بكه‌ن. ئێمه‌ش هیوا ده‌خوازین په‌یوه‌ندییه‌كانمان په‌ره‌ی پێ بدرێت و به‌رده‌وام بێت. 

ئه‌هرام: هیچ په‌یوه‌ندییەك و هاوئاهه‌نگییه‌كتان له‌گه‌ڵ قاهیره‌ هه‌یه‌ له‌باره‌ی پرسی ئه‌نجامدانی گشتپرسیی كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ ئه‌نجامی بده‌ن؟ 

بارزانی: بانگهێشتی سه‌رجه‌م نوێنه‌رانی کۆنسوڵخانە‌ بیانییه‌كانمان له‌ هه‌ولێر كردووه‌ و کۆنسوڵخانەی میسریش له‌نێویاندایه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ بانگهێشتی نوێنه‌رانی فه‌رمی و نیمچه‌ فه‌رمییه‌كانی قاهیره‌ش ده‌كه‌ین بۆ چاودێریكردنی پرۆسه‌ی گشتپرسی، هه‌روه‌ها بۆ دیالۆگی نێوانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌مباره‌یه‌وه‌. 

ئه‌هرام: چۆن په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ عه‌بدولفه‌تاح سیسی هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، ئایا نیازتان هه‌یه‌ سه‌ردانی قاهیره‌ بكه‌ن؟ 

بارزانی: میسری مه‌زن، رۆڵێكی پێشه‌نگی هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌رده‌وام هه‌وڵه‌كان چڕده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ میسر و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تمه‌دار سه‌رۆك عه‌بدولفه‌تاح سیسی و به‌دڵنیاییه‌وه‌ په‌نا به‌خوا به‌م نزیكانه‌ سه‌ردانی میسر ده‌كه‌ین. 

ئه‌هرام: ئه‌و هۆكارانه‌ چین پاڵی پێوه‌نان بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری ئه‌نجامدانی گشتپرسیی بده‌ن بۆ مافی چاره‌ی خۆنووسین بۆ گه‌لی هه‌رێمی كوردستان؟ 

بارزانی: سه‌رجه‌م حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، بنه‌مای "هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی نێوان هه‌ردوو پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌"یان شكست پێهێنا، به‌چاوی ركابه‌ر و دووژمن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردین و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ دژی ئێمه‌ چه‌كیان هه‌ڵگرت و جه‌نگان و كۆمه‌ڵكوژییان ئه‌نجامدا. به‌چه‌كی كیمیایی هێرشیانكرده‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌نفالیانكردین كه‌ 180 هه‌زار رۆڵه‌ی كوردستان بوونه‌ قوربانی. هه‌روه‌ها له‌ كۆی پێنج هه‌زار گوند، چوار هه‌زار و 500 گوندیان به‌ته‌واوه‌تی خاپوور كرد. به‌ڵام دوای ساڵی 2003، هیوامان هه‌بوو كه‌ سه‌رده‌مێكی خێر ده‌ستپێبكات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چووینه‌ به‌غدا به‌و نیازه‌ی ده‌وڵه‌تێكی نوێی هاونیشتمانیی و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ دابمه‌زرێنین و قه‌ره‌بووی زیانی گه‌لی كوردستان بكه‌ینه‌وه،‌ كه‌ ده‌یان ساڵ رووبه‌ڕووی دڕنده‌ترین مامه‌ڵه‌ی دژ به‌مرۆڤایه‌تی هاتبوونه‌وه‌. بۆیه‌ به‌شداریمانكرد له‌ داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی وڵات. به‌داخه‌وه‌ كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا له‌ماوه‌ی 14 ساڵی دوای ئه‌م رێککەوتنە نه‌یانتوانی بیسه‌لمێنن كه‌ له‌ كاربه‌ده‌ستانی پێشوو باشترن له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆزی گه‌لی كوردستان. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌مان سیاسه‌تی نكۆڵیكردن، پشتگوێخستن، وێرانكاریكردنیان گرته‌به‌ر و كار گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمیان بڕی و له‌ ساڵی 2014یش مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان بڕی و تاوەكو ئێستاش بێبه‌شكردن له‌ مووچه‌ و بودجه‌ به‌رده‌وامه‌. ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ كۆمه‌ڵكوژیی و هه‌وڵدان بۆ نانه‌وه‌ی ئاشووب و تێكدانی دۆخ و گوزه‌رانی رۆڵه‌ی گه‌لی كوردستان و رێگریكردن له‌و گه‌شه‌پێدان و پێشكه‌وتنه‌ی هه‌رێم به‌خۆیه‌وه‌ ده‌یبینی. به‌ كاربه‌ده‌ستانی به‌غدامان راگه‌یاند، شه‌قام گوشارمان ده‌خاته‌ سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئێوه‌ بگۆڕین و ئێمه‌ش مه‌به‌ستمانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان زیاتر په‌ره‌ نه‌سه‌نێت، هاوبه‌شێتی شكستخواردوو به‌ره‌و دراوسێتی سه‌ركه‌وتوو بگوازینه‌وه‌. 

ئه‌هرام: ئه‌ی له‌باره‌ی ئامانجی گشتپرسیی؟

بارزانی: به‌یه‌ك وشه‌ "سه‌ربه‌خۆیی". 

ئه‌هرام: هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان بڕیاری مافی چاره‌ی خۆنووسین و رووداوه‌ به‌رجه‌سته‌كان هه‌یه‌ كه‌ له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌دا ده‌گوزه‌رێت؟ 

بارزانی: ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌گوزه‌رێت، كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌باره‌ی پێشهاته‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. رێكخراوی تیرۆریستی داعش، كوردی له‌ عێراق و سووریا به‌ئامانج گرت و چه‌ند شارۆچكه‌یه‌كی هه‌رێمی کوردستانی داگیركرد و هه‌وڵیدا له‌ هه‌ولێری پایته‌خت و كه‌ركووك و دهۆك نزیك ببێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی قۆسته‌وه‌ كه‌ هه‌رێم له‌ژێر ئابڵۆقه‌یه‌كی سه‌ختدایه‌ به‌هۆی بڕینی به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی كه‌ هه‌وڵیان ده‌دا له‌ رێگه‌ی ئه‌م ئابڵۆقه‌یه‌وه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ لاواز بكه‌ن و بێبه‌شی بكه‌ن له‌ مه‌شق و راهێنانی نوێی سه‌ربازی و چه‌كی پێ نه‌ده‌ن. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌پێی ده‌ستووری عێراقی، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌شێكن‌ له‌ سیسته‌می سه‌ربازیی ئه‌م وڵاته‌. كۆی ئه‌م رووداوانه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ئاراسته‌یه‌ هاته‌كایه‌وه،‌ كه‌ به‌غدا هه‌وڵیده‌دا له‌ رێگه‌ی خۆسه‌پاندن به‌هه‌ژموونی زۆرینه‌ی سیاسی و تائیفه‌گه‌رییه‌وه‌ ئه‌نجامی بدات. ئێمه‌ش بۆ رێگریكردن له‌ ته‌شه‌نه‌ نه‌كردنی ئه‌م كێشه‌ و ناكۆكیانه‌، پێمان باشبوو ئاراسته‌ و بژارده‌ی وه‌رگرتنی راو بۆچوونی گه‌ل بگرینه‌به‌ر له‌ رێگه‌ی گشتپرسییه‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی مافی چاره‌ی خۆنووسین دیاری بكه‌ین، ئه‌مه‌ش بژارده‌یه‌كی دیموكراسییه‌ و له‌ پرۆتۆكۆڵ و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هه‌یه‌. 

ئه‌هرام: هیچ سازانێك له‌ نێوان كوردانی عێراق، سووریا، توركیا و ئێران هه‌یه‌ له‌باره‌ی خه‌ونی ده‌وڵه‌تی كوردی؟ 

بارزانی: له‌ راستیدا هه‌موو رۆڵه‌ی گه‌لی كورد مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌خوازن. دواتر شێوازی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ دیاری ده‌كرێت كه‌ كورد تێیدا به‌شێكی سه‌ره‌كین به‌گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌ گڵاوه‌كه‌ی سایكس بیكۆ. له‌ عێراقیش، رۆڵه‌كانی گه‌لی كوردستان بڕیاری شێوازی په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ برایانمان له‌ عێراق كه‌ هاوبه‌شمانن له‌م وڵاته‌دا. بۆیه‌ بژارده‌و بڕیاره‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان دیاری بكه‌ین له‌گه‌ڵ برا كورده‌كانی دیكه‌مان له‌ پارچه‌كانی دیكه‌. هه‌روه‌ها پشتیوانی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان ده‌كه‌ین به‌شێوازێكی ئاشتیانه‌ و دیموكراسییانه‌. 

ئه‌هرام: ئایا هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ی عێراقتان لەبه‌رچاوگرتووه‌ له‌باره‌ی سازكردن و ئه‌نجامی گشتپرسیی؟

بارزانی: نه‌خێر، من و هاوخه‌باته‌كانم كار ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی خواسته‌كانی گه‌له‌كه‌م، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا له‌گه‌ڵ برایانمان له‌ عێراق گفتوگۆ و دیالۆگ ئه‌نجام ده‌ده‌ین له‌باره‌ی گشتپرسی و سه‌ربه‌خۆیی. چونكه‌ هیچ بژارده‌یه‌كمان نییه‌ جگه‌ له‌ دیالۆگ و پێكه‌وه‌ژیانی ‌ئاشتیانه‌. 

ئه‌هرام: ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كه‌ به‌مادده‌ی 140 هه‌ژمار ده‌كرێت، له‌باره‌ی به‌شداریپێكردنیان له‌ بازنه‌ی گشتپرسیدا، له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌غدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناوچه‌ی جێناكۆك بوونی نییه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێوه‌ چۆنه‌؟ 

بارزانی: راسته‌ ناكۆكی نییه‌ به‌ڵام پێداگیری هه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نی باڵاده‌ست له‌ به‌غدا كه‌ كاریان كردووه‌ و ده‌یكه‌ن به‌ گۆڕینی پێكهاته‌ی ناوچه‌كه‌ و گۆڕینی دیموگرافییه‌تی دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌ كوردستان دابڕێندراوه‌ وه‌ك كه‌ركووك، شنگال، زوممار، مه‌خموور، خانه‌قین، شێخان و ناوچه‌كانی دیكه‌. وێڕای باوه‌ڕبوونمان به‌ دابڕێندراوی ئه‌م ناوچانه‌ له‌ كوردستان، كه‌چی رازیبووین له‌سه‌ر نه‌خشه‌ رێگایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه‌ به‌هۆی ئاڵۆزبوونییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان له‌مپه‌ڕیان خسته‌ به‌رده‌م رێگاكه‌مان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ رێگاكه‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت و هه‌وڵیاندا مادده‌ی 140 په‌كبخرێت كه‌ ده‌بوو له‌ كۆتایی ساڵی 2007 كۆتایی پێبهاتایه‌، به‌ڵام به‌غدا فه‌رامۆشیكرد. 

ئه‌هرام: سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ به‌غدا هه‌رگیز له‌سه‌ر ئه‌م گشتپرسییه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌شی رازی نابێت و هه‌روه‌ها تاران و ئه‌نقه‌ره‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ قایل نابن و به‌سه‌ركێشی كوردی هه‌ژماری ده‌كه‌ن.  هه‌ڵوێستی پایته‌خته‌كانی وڵاتانی دراوسێش چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ 

بارزانی: ئێمه‌ مافه‌كانی ژیانمان به‌شێوازی مرۆڤایه‌تی، دیموكراسی و شارستانییه‌ته‌وه‌ به‌كارده‌هێنین و پێم وانییه‌ جیهان به‌رگه‌ی دژایه‌تیكردن بكات ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م لایه‌نه‌ رێز له‌ رێككه‌وتننامه‌ و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگرێت. ئێمه‌ له‌ دژی كه‌س ناجه‌نگین و هه‌رێمه‌كه‌شمان به‌كردار له‌ ساڵی 1991ـه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ و بوێری خۆیشی نواندووه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌رێنی و تۆكمه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كانی وه‌ك توركیا و ئێران و سووریا و عێراقیش. لێدوانه‌كانی ئه‌م وڵاتانه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ راسته‌وخۆ گشتپرسیی و ئه‌نجامه‌كانی ره‌تده‌كه‌نه‌وه،‌ یان ته‌نانه‌ت بیرۆكه‌كه‌ش په‌سند ناكه‌ن، ئه‌وان ته‌نیا تێبینییان له‌سه‌ر كاته‌كه‌ هه‌یه‌ و پێیان وایه‌ گونجاو و دروست نییه‌. 

ئه‌هرام: چاودێران باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن گه‌وره‌ترین ته‌حه‌ددی كه‌ رووبه‌ڕووی حكومه‌تی عێراق ده‌بێته‌وه‌، هه‌وڵدان ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ شیعه‌كانی به‌شداربووی حكومه‌ت، كێشه‌ی سووننه‌ له‌ رۆژئاوا، كورده‌كان له‌ باكوور. سیناریۆ پێشنیازكراوه‌ن چین؟ 

بارزانی: به‌داخه‌وه‌، سیاسه‌تی خۆسه‌پاندن و فه‌رامۆشكردنی هاوبه‌شه‌كانی دیكه‌، هه‌م كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانی كه‌ڵه‌كه‌ كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ناكۆكی و قه‌یرانی زیاتری به‌رهه‌مهێناوه‌ كه‌ له‌ كێشه‌ی تائیفی و شه‌ڕی نه‌خوازراو قه‌تیسكراوه‌. دوای رووخانی رژێمی پێشوو، زۆر هه‌وڵماندا بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی نوێ له‌ عێراق نه‌كه‌وێته‌ نێو ئه‌و زۆنگاوه‌ی كه‌ پێشتر زۆربه‌ی حكومه‌ته‌ عێراقییه‌كان تێیدا خنكان، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ چوونه‌ نێو زۆنگاوه‌كه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ش مامه‌ڵه‌یان دژ به‌گه‌لی كوردستان كرد و ئه‌مه‌ش وایكرد ناچارمان بكه‌ن به‌ره‌و گشتپرسیی هه‌نگاو بنێین. 

ئه‌هرام: پرسی كێڵگه‌كانی نه‌وتی كه‌ركووك، بۆ كوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، داهاتی ئه‌م نه‌وته‌ یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ ئاڵۆزه‌كان و ته‌حه‌دییه‌كی گه‌وره‌ی سیاسییه‌ كه‌ رێگری له‌ سیاسه‌تی داهاتووش ده‌كات. تا چه‌ند ده‌توانرێت ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن؟ 

بارزانی: كه‌ركووك و هه‌موو سامانه‌كه‌ی كوردستانییه‌. هه‌موو خێروبێره‌كانی موڵكی گه‌له‌كه‌یه‌تی له‌ كورد، عه‌ره‌ب، توركمان و كریستیانه‌كان و پێكهاته‌كانی دیكه‌ش. له‌وه‌ته‌ی نه‌وت له‌ كه‌ركووك دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌ داهاته‌كانی، حكومه‌ته‌ عێراقییه‌كان چه‌ك و بۆمبیان پێكڕیووه‌ و دژی گه‌لی كوردستان تاقییانكردووه‌ته‌وه‌ و كوردستانیان پێ سووتاندووه‌. سه‌دان هه‌زار رۆڵه‌ی گه‌لی كوردستان بوونه‌ قوربانی. له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌ییدا مادده‌یه‌ك هه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌ئه‌نجامدانی گشتپرسیی ده‌كات له‌م پارێزگایه‌ و حكومه‌تی خۆجێی و پارێزگاری ئه‌م شاره‌ش بڕیاریاندا به‌ به‌شداریپێكردنی كه‌ركووك له‌و گشتپرسییه‌ی كه‌ بڕیاره‌ رۆژی 25ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ ئه‌نجامی بده‌ین. 

ئه‌هرام: كورد یه‌كێكه‌ له‌و گه‌لانه‌ی جیهان كه‌ خاكه‌كه‌یان دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر عێراق، توركیا، ئێران و سووریا و ژماره‌شیان نزیكه‌ی 50 ملیۆنه‌ و ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌م چوار وڵاته‌ ده‌بێته‌وه. ئایا ئه‌م دۆخه‌ ئه‌رێنییه‌ یان نه‌رێنی؟ ئایا كوردانی ئه‌م چوار وڵاته‌ له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدی كۆكن؟ 

بارزانی: گه‌له‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدی كۆكن. به‌ڵام پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌هۆی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و ئایدیۆلۆژیای سیاسییه‌وه‌ جیاوازبن له‌ بیروبۆچوونه‌كانیان به‌ڵام هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مافه‌كانیان زه‌وت كراوه‌ و مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ وه‌ك گه‌لانی دونیا مافی چاره‌ی خۆنووسینیان بۆ دیاری بكرێت. 

ئه‌هرام: ئه‌ی له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی توركیا بۆ گشتپرسیی؟

بارزانی: لێدوانه‌كانیان له‌ راگه‌یاندنه‌كان جیاوازن. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی و له‌ بنه‌مادا دژایه‌تی مافی گه‌لی كوردستان ناكه‌ن. به‌ڵام وه‌ك ده‌زانرێت، ئه‌وان ده‌وڵه‌تن و ئه‌ندامن له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و له‌ پره‌نسیبی ئه‌م رێكخراوه‌ جیهانییه‌ پابه‌ندبوونیانه‌ به‌ڕێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی وڵاتان بۆیه‌ ده‌بینین زۆربه‌ی لێدوانه‌كان له‌م چوارچێوه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت نه‌ك هه‌ر له‌ بنه‌ماوه‌ دژایه‌تی خۆیان بنوێنن. ئێمه‌ش له‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان ده‌گه‌ین كاتێك تێبینی خۆیان له‌باره‌ی واده‌ی گشتپرسیی ده‌رده‌بڕن. 

ئه‌هرام: په‌یوه‌ندی نێوانتان له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، له‌ دوا سه‌ردانتان بۆ ئه‌نقه‌ره‌، ئه‌ردۆغان داوای چی لێكردن؟

بارزانی: په‌یوه‌ندی كوردستان و توركیا زۆر باشه‌ هه‌ردوولایه‌ن په‌یوه‌ندی ئابووری و سیاسی زۆر پته‌ومان هه‌یه‌ و هاوڕێیانمان له‌ توركیا زۆر باش له‌ بایه‌خی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ن. بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵمانن، ملیاره‌ها دۆلار وه‌به‌رهێنانیان كردووه‌و ده‌یكه‌ن و هاوبه‌شی زۆر باشن له‌ زۆربه‌ی پرۆژه‌كانمان. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئه‌ردۆغان په‌یوه‌ندییه‌كی باش و دێرینه‌ و پێكه‌وه‌ له‌ رێوڕه‌سمێكدا فڕۆكه‌خانه‌ی نێودەوڵەتی هەولێرمان كرده‌وه‌. ئه‌و كه‌سه‌ جگه‌ له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان هیچ شتێكی دیكه‌ی داوا نه‌كردووه‌. 

ئه‌هرام: هه‌ندێك لایه‌ن گومانیان له‌ ره‌وایی یاسایی ئه‌م گشتپرسییه‌ ده‌كه‌ن. كۆمێنتتان چییه‌؟ 

بارزانی: گشتپرسیی له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ پشت به‌یاسادانان ده‌به‌ستێت سه‌رچاوه‌ی یاساكانیش گه‌له‌. بۆیه‌ پێویست ناكات مۆڵه‌ت له‌كه‌س و لایه‌نێك وه‌ربگرین. چونكه‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیی و سرووشتییه‌. له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوو و دیموكراسییه‌كاندا گشتپرسیی بۆ هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن چونكه‌ باش ده‌زانن بڕیاری یه‌كه‌م و كۆتایی بۆ گه‌ل ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 

ئه‌هرام: كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چۆن ده‌ڕوانێته‌ گشتپرسیی، به‌تایبه‌تی راپۆرته‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن له‌م كاته‌دا،  هه‌ریه‌ك له‌ رووسیا و ئه‌مریكا ئاماده‌نین بۆ دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی نوێ له‌ناوچه‌كه‌دا؟ 

بارزانی: هیچ وڵاتێك نییه‌ له‌كاتی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، پشتیوانی هه‌موو وڵاتانی جیهان به‌ده‌ستبهێنێت. زۆربه‌ی وڵاتان ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ چاوه‌ڕوانیدابوون. ئێمه‌ خواستی گه‌له‌كه‌مان به‌دی ده‌كه‌ین. باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ وڵاتێكی جیهان دژایه‌تی ئیراده‌ی زیاتر له‌ شه‌ش ملیۆن هاونیشتمانی كوردستان بكات به‌وه‌ی بڕیار بۆ داهاتووی خۆی بدات. 

ئه‌هرام: ئایا له‌مباره‌یه‌وه‌ پرس و راوێژتان به‌واشنتن، برۆكسل، مۆسكۆ و په‌كین كردووه‌؟   

بارزانی:  ئه‌مه‌ ئه‌ركی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن و ریفراندۆمی هه‌رێم و ئه‌نجوومه‌نی باڵای گشتپرسییه‌ بانگهێشتی چاودێره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكات له‌ هه‌موو جیهان به‌دامه‌زراوه‌ فه‌رمی و حكومی و چاودێری و راگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی چاودێریكردن به‌ڕێوه‌ببه‌ن له‌ كوردستان و ئه‌م وڵاتانه‌ش له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ناوتان هێنا. 

ئه‌هرام: چۆن فیدرالییه‌ت له‌ عێراق هه‌ڵده‌سه‌نگێنن له‌وه‌ته‌ی 2003؟

بارزانی: ئه‌گه‌ر بێت و سیسته‌می فیدراڵی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی له‌ عێراق جێبه‌جێ بكرایه‌، سه‌رجه‌م كێشه‌كان چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزرایه‌وه‌. به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كاریانكرد بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بایه‌خ و قه‌باره‌ی فیدراڵییه‌ت. هه‌روه‌ها دژایه‌تیشیان كرد. لەكاتێكدا ده‌ستووری عێراق، ئه‌م وڵاته‌ به‌ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی ده‌ناسێنێت. هه‌روه‌ها له‌ مادده‌یه‌كی دیكه‌شدا هاتووه‌ كه‌ پارێزگایەک‌ یان چه‌ند پارێزگایه‌ك پێكه‌وه‌ ده‌توانن هه‌رێمێكی فیدراڵی رابگه‌یێنن، به‌ڵام له‌ به‌غدا پێشێلكاری دژ به‌ده‌ستوور كرا. 

ئه‌هرام: بۆچوونتان چییه‌ جگه‌ له‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، سه‌رجه‌م پارته‌ سیاسییه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گشتپرسیی بۆ سه‌ربه‌خۆیی؟

بارزانی: هیچ هاونیشتمانییەكی كوردستانی دژ به‌گشتپرسیی و سه‌ربه‌خۆیی نییه‌، به‌ڵام له‌ سیسته‌می دیموكراسیدا به‌رده‌وام ململانێی سیاسی هه‌یه‌ و ده‌بێت له‌ نێوان پارته‌ سیاسییه‌كاندا هاوكات هاوپه‌یمانێتیش ده‌بێت. بۆیه‌ پێم وایه‌ هه‌ر پارتێكی سیاسی دژ به‌سه‌ربه‌خۆیی بووه‌ستێته‌وه‌، ئینتیحاری سیاسی و نیشتمانی ده‌كات. 

ئه‌هرام: بۆچوونت چییه‌ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی؟

بارزانی: په‌یوه‌ندی باش و مێژوویین، خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانمان زۆرترن له‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كان. 

ئه‌هرام: وێڕای به‌شداریكردنی كورد له‌ داڕشتنی ده‌ستوور، به‌ڵام میكانیزمی دابه‌شكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی پله‌ و پۆست و سامانی نیشتمانی و دابینكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی دروست و رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌سیسته‌می به‌رگریی عێراقی هه‌موویان شكستیان هێنا. هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م شكسته‌ چییه‌؟ 

بارزانی: پێم وایه‌ هاوبه‌شه‌كانمان له‌ به‌غدا كاریان كرد بۆ شكستپێهێنانی. باشترین به‌ڵگه‌، یاسای نه‌وت و گازیان فه‌رامۆشكرد و كاریان پێنه‌كرد. لەكاتێكدا پێكه‌وه‌ بنه‌ماكانی ئه‌م یاسایه‌مان داڕشت. كه‌ باس له‌ وزه‌ی هه‌موو پارێزگایه‌ك و هه‌رێمێكی ئه‌م عێراقه‌ ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ كاره‌كانیان له‌گه‌ڵ ناوه‌ند رێكده‌خات. كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا، به‌شێكی زۆری مادده‌كانی ده‌ستووریان پێشێلكرد له‌مانه‌ش مادده‌ی 140 و پرسی پێشمه‌رگه‌ و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌. 

ئه‌هرام: داوای كورد چی بوو له‌ عێراقێك كه‌ له‌ رووی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و ده‌ستووری و ئه‌منییه‌وه‌ شكستیان هێنا؟

بارزانی: شكستیان هێنا له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی هاونیشتمانیبوون و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ و دیموكراسییه‌تێكی ره‌ها ، قۆناخ به‌قۆناخ هه‌وڵیاندا ده‌سه‌ڵاته‌كان و ته‌واوی جومگه‌كان بخه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه‌ و دواتر هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه‌یان فه‌رامۆشكرد. 

ئه‌هرام: هه‌ندێك له‌ چاودێران پێیان وایه‌ ئه‌م گشتپرسییه‌ له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ خواستی سیاسی ناوخۆ ناگونجێت، وه‌ڵامتان چییه‌؟ 

بارزانی: ئه‌مه‌ سته‌مه‌ و لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌، گه‌لی كوردستان زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ خه‌ون به‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌بینێت و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش به‌هه‌موو شێوازێكه‌وه‌ هه‌وڵی له‌باربردنی ده‌ده‌ن و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به‌كێشه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیش نییه،‌ ئێمه‌ بۆ خزمه‌ت و خواستی گه‌له‌كه‌مان ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌نێین. 

ئه‌هرام: پێتان وانییه‌ مانه‌وه‌ له‌ عێراق له‌ روانگه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسا و ده‌ستوور و پێدانی مافه‌كانتان باشتره‌ له‌وه‌ی جیاببنه‌وه‌؟

بارزانی: پێموانییه‌، كاتیش تێپه‌ڕی بۆ ئه‌م پرسه‌. له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقی، ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ بدۆزینه‌وه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان له‌ده‌ستدا و به‌هۆی سیاسه‌توانه‌ نابه‌رپرسه‌كانی به‌غدا هیچ سوودێك نه‌ما و هیچ هیوایه‌كیش نه‌ما كه‌ ده‌وڵه‌تێكی به‌مشێوه‌یه‌ دابمه‌زرێت؟      

ئه‌هرام: په‌یامتان چییه‌ بۆ ئه‌م پایته‌ختانه‌؟ 

ئه‌هرام: بۆ به‌غدا؟

بارزانی: شكستمان هێنا ببینه‌ هاوبه‌ش... لێمانگه‌ڕێن سه‌ركه‌وتووبین وه‌ك دراوسێ و هاوپه‌یمان. 

ئه‌هرام: بۆ ئه‌نقه‌ره‌؟

بارزانی: كوردستان پشت و په‌نای دڵنیاكه‌ر و پارێزراوتانه‌. 

ئه‌هرام: بۆ دیمه‌شق؟

بارزانی: رێز له‌ بژارده‌كانی گه‌لی سووریا ده‌گرین و هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵیان نییه‌. 

ئه‌هرام: بۆ سعودیه‌؟ 

بارزانی: گه‌ل و حكومه‌ت و شای ئه‌م وڵاته‌ هاوڕێ و دۆستمانن. په‌یوه‌ندی تووندوتۆڵمان هه‌یه‌. 

ئه‌هرام: بۆ تاران؟

بارزانی: هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌یاد ناكه‌ین. كاتێك داعش هێرشیكرده‌ سه‌ر كوردستان، كه‌سانی یه‌كه‌م بوون به‌كردار پاڵپشتیان كردین و شانبه‌شان له‌گه‌ڵمان بوون. 

ئه‌هرام: بۆ قاهیره‌؟

بارزانی: په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ قاهیره‌، دێرینه‌. سه‌رۆك بارزانی ساڵی 1958 له‌ مۆسكۆوه‌ له‌ رێگه‌ی قاهیره‌ گه‌ڕایه‌وه‌ به‌غدا و له‌وێشه‌وه‌ چاوی كه‌وت به‌سه‌رۆك عه‌بدولناسر.  

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان


 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Rebwar | 16/12/2017 11:09:20 م
Dastxosh
بكرحاجى محمد | 17/12/2017 08:10:31 ص
وةك هاو ولاتيةكى دةربةنديخان زورزور دةستخوشيمان بوكاك رةنج سةنكاوى وسةتةلايتى رووداو هةية,دةستانخوش ونمونةتان زوربيت.
قۆناخی یەکەمی هاوکارییەکانی کەمپەینی رووداوی دەربەندیخان
| دوێنێ کاژێر 10:15 | (2)
اوات | 17/12/2017 07:11:15 ص
ئه گه ر.........روژى ئالام دابگرى چى. ......... له روژى دوايى ده كه ى ئه گه ر.........سه وزى ئالام بسوتينى چى. ........... له سه وزى ره زوباخم ده...
ئەمڕۆ رۆژی ئاڵای کوردستانە
| 19 کاژێر لەمەو بەر | (1)
سكفان خالد | 16/12/2017 07:22:39 ص
موجه ي خانه نشينكان كي دابش دكرئ
صلاح | 16/12/2017 01:41:02 م
مانگی 3ی خانه‌نشین چووه‌ هین .
 خشتەی مووچەی مانگی نۆی سەرجەم وەزارەتەکان راگەیێندرا
| 15/12/2017 | (2)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

سەرۆکی لێژنەی تەندروستی و ژینگە رەتیدەکاتەوە دەستی لەکارکێشابێتەوە 5 کاژێر لەمەو بەر |

سەرۆکی لێژنەی تەندروستی و ژینگە رەتیدەکاتەوە دەستی لەکارکێشابێتەوە

پەیوەندی بە گرفتێكی تەندروستی خۆیەوە هەیە زۆرتر
دوو هونەرمەندی ئەمریکی سەردانی نەخۆشخانەیەکی منداڵان دەکەن 7 کاژێر لەمەو بەر |

دوو هونەرمەندی ئەمریکی سەردانی نەخۆشخانەیەکی منداڵان دەکەن

لە نەخۆشخانە گۆرانی سەری ساڵ بۆ منداڵە نەخۆشەکان زۆرتر
0.375 seconds