وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

مۆفەق روبەیعی: بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەبێ‌ لە عێراق گشتپرسی بكرێ‌

لەلایەن رەنج سەنگاوی 11/10/2017
مۆفەق روبەیعی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا
مۆفەق روبەیعی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا

جیاواز لە زۆربەی سەركردە شیعەكان كە پێیانوایە دەبێ‌ حكومەتی عێراق توندترین كاردانەوەی هەبێ‌ بەرامبەر گشتپرسییەكەی باشووری كوردستان، مۆفەق روبەیعی، سەركردەی شیعە و پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، پێیوایە دیالۆگ بە "سەرپەرشتی مەرجەعیەتی نەجەف" تاكە دەرچەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە، بەڵام دەڵێت نابێ‌ دەستی دەرەوە بێتە نێو دیالۆگەكە، چونكە ئەوكات پرسەكە بە نێودەوڵەتی دەكات و عێراق دەخاتەوە ژێر بەندی حەوتی نەتەوە یەكگرتووەكان.  

مۆفەق روبەیعی كە پێشتر راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە، لەم هەڤپەیڤینەدا كە لە ماڵەكەی خۆی لە بەغدا لەگەڵی كراوە، ئامۆژگاری بەرپرسانی عێراق دەكات دووربكەونەوە لە چارەسەری ئەمنی، داواش لە بارزانی دەكات ئەنجامی گشتپرسی سڕ بكات یان هەڵیبوەشێنێتەوە "بۆ ئەوەی دەست بە دیالۆگێكی كراوە و بێ‌ مەرج بكرێ لەگەڵ بەغدا". 



رووداو: چۆن دەڕوانیتە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا؟ 

مۆفەق روبەیعی: كێشەیەكی بنەڕەتی هەیە، كێشەكە ئەوەیە گەلی كوردستان خوازیاری سەربەخۆییە. ئەو تموحاتەش نەتەوەیی و شەرعین و لە سەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەكاندا هەن. لە بەرامبەر ئەمەدا رەوشێكی نیشتیمانی عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە رێگە بە بیرۆكەی سەربەخۆیی نادات. ئێستا ئەمە كێشەیەكە. چۆن لەو قەیرانە دەردەچین؟ گەلی كوردستان لە گشتپرسییەكەدا گوزارشتی لە حەزەكانی كرد، رێكارە نیشتمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەكانیش گوزارشتیان لە دژی ئەو تموحانە كرد، ئێستا چارەسەر دیالۆگە. ناكرێت رێگە بەگەڕانەوە بۆ دواوە بدرێت لە بەكارهێنانی چەك یان هێزی سەربازی لەژێر هەر بارێكدا، چونكە دەستوور بەكارهێنانی هێزی سەربازی دژی هەر پێكهاتەیەك لە پێكهاتەكانی گەلانی عێراق قەدەغە كردووە. راستە دادگای باڵای دەستووری لە بەغدا حوكمی لەبارەی گشتپرسییەوە دا كە دەستووری نییە، بەڵام هەر دیالۆگ رێگەكەیە. من داوای شتێك دەكەم دەڵێم گفتوگۆ و دیالۆگ لە چوارچێوەی دەستوور لەژێر سێبەری دەستوور، بەڵام بە سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان نا، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی بەنێودەوڵەتیكردنی پرسێكی عێراقی و هێنانە ناوەوەی لایەنێكی بیانی، بەڵكو لەژێر سەرپەرشتی مەرجەعیەتی نەجەف بێ‌، چونكە مەرجەعیەتێكە بۆ هەموو عێراقییەكان. 

رووداو: واتە تۆ دژی ئەوەی بە هاوكاریی وڵاتانی دراوسێ‌ مانۆڕی سەربازی بكرێ‌، ئەوە جۆرێك نییە لە دەستێوەردان؟ 

  
رەوشی عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتی رێگە بە سەربەخۆیی نادەن 



مۆفەق روبەیعی: وڵاتانی ناوچەكە با یەك یەك وەریانگرین، بۆ نموونە ئێران نیگەرانە، هەروەها ئێمە لە بەغدا نیگەرانین، چونكە هەژموونی ئیسرائیلی لە كوردستان زیاد دەبێت، بەو شێوەیە جەنگی ئێران ـ ئیسڕائیل لە سنووری لوبنان ـ ئیسرائیلەوە دەگوازرێتەوە سنووری عێراق - ئێران، واتا ئیسرائیل دەگاتە سەر سنووری ئێران و سنووری ئێمە. 

رووداو: تۆ پێشتر راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بووی، ئەوەی دەیڵێی زانیارییە؟ 

مۆفەق روبەیعی: بەڵێ‌، ئەوەی من دەیڵێم واقیعە، زانیاریشە. دوایین دەوڵەت لە ناوچەكە دامەزرا كەی‌ بوو؟ ساڵی 1948 بوو. لەو ساڵەوە كە دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزراوە شەش جەنگی زۆر گەورەی بەدواداهاتووە، تاوەكو ئێستاش ناوچەكە سەقامگیر نییە. ئێستا ئەگەر كوردستان سەربەخۆ بوو، شەڕی بەدوادا دێت و هەرێم دەبێتە سەرچاوەی هەموو نیگەرانی و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكەدا، چ لە عێراق یان لە ئێران یان لە توركیا، بۆ نموونە با بچینە سەر باسی توركیا. نیگەرانیی توركیا لەوەیە كە ئەگەر كوردی عێراق سەربەخۆ بوون، كوردی توركیا بۆ سەربەخۆیی هاندەدەن. لەبەر ئەوە پێویستە لەسەر هەرێم دڵنیایی بداتە توركیا، كە ئەو پرسە بەلای كوردی توركیا و كوردی ئێراندا نەكشێ. 

رووداو: ئایا رەوایە میللەتێك لەبەر ئەوەی ئێران و توركیا قەلەق نەبن، واز لە هەموو شتێك بهێنێ‌ و درێژە بە شتێك بدات كە خۆی نایەوێ‌؟  

 
دیالۆگی هەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتیی یوئێن عێراق دەخاتەوە ژێر بەندی حەوت 



مۆفەق روبەیعی: من دەڵێم بە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی پلە بە پلە لە نێوان بەغدا و هەولێر، بەڵام لەماوەی 20 ـ 30 ساڵی داهاتوو، نەك بە پڕۆسەیەكی نەشتەرگەری و سەپاندنی ئەمری واقیع بەسەر هەموو گەلی عێراقدا. من دەڵێم بژارەی سەربازی لە بنەڕەتەوە بژارە نییە. من لەگەڵ سەپاندنی یان بەكارهێنانی هێزی نەرمدام دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناوی ئەوەی لە ئەنجامەكانی گشتپرسی پاشەكشە بكات. 

رووداو: بەرامبەر بە چی؟ 

مۆفەق روبەیعی: بەرامبەر دیالۆگێكی كراوە، بۆ بژارەی كراوە، یەكەم وەرن با دەستوور هەموار بكەینەوە و راستی بكەینەوە. دەستوور دەڵێ فیدراڵیەت، ئەگەر كورد فیدراڵیەتی ناوێ بۆی دەكەینە كۆنفیدراڵی. ئەگەر كۆنفیدراڵی نەویست، سەربەخۆیی دەخەینەڕوو، بەڵام پێویستە پرس بە هەموو گەلانی عێراق بكرێت، واتا گشتپرسی. 

رووداو: ئەمە بۆچوونی خۆتە، یان زۆر لە سەركردەكانی عێراق هەمان باوەڕیان هەیە؟ 

مۆفەق روبەیعی: نا نا زۆربەی سەركردەكانی هاوپەیمانی نیشتیمانی بڕوایان بەوە هەیە. ئێمە چووینەتە نێو گرێبەستێكی مێژوویی سیاسی كۆمەڵایەتی ناوی دەستووری عێراقە، 12 ساڵ لەمەوبەر، گەلی كوردستانیش دەنگیان بۆ داوە، بۆیە ناكرێ ئەو گرێبەستە بشكێنین. ئێستا ئێمە پێویستمان بە دیالۆگ و گفتوگۆیە، بەڵام لەژێر سێبەری دەستوور. من هەموو جۆرە هەڵچوونێك دژی گەلانی كوردستان رەتدەكەمەوە، هەر پڕۆسەیەكیش بۆ برسیكردن و گوشارخستنە سەر گەلی كوردستانی خۆشەویست بەهەموو شێوەیەك رەتكراوەیە. 

رووداو: بەڵام ئەوە ساڵانێكە ئەو دەستوورە پێشێل دەكرێ‌، كێ‌ ئەو گرێبەستەی شكاند؟ 

  دەبێ‌ دیالۆگی هەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتی مەرجەعیەت بێ‌ 


مۆفەق روبەیعی: بەغدا و هەولێر هەردووكیان لە پێشێلكردنی دەستووردا تۆمەتبارن، زۆر لە سیاسەتڤانانی كورد و عەرەب بەرژەوەندیان لەمەدا هەیە. بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە سەر زیندووكردنەوەی برایەتیی كورد و عەرەب. ئێستا بەداخەوە بۆ خۆم دانی پێدادەنێم كە هەستەكان لە بەغدا زۆر گەرم و توندن دژی كورد. 

رووداو: ئێستا بە زمانی هەڕەشە موخاتەبەی كورد دەكرێ‌، ئایا كاتی ئەوە نییە، شیعە رەخنە لە زمانی هەڕەشە بگرێ‌؟ 

مۆفەق روبەیعی: من پێموایە هەڕەشەكردن لە هەردوولایەن هەڵەیەكی زۆر گەورەیە، بەڵام بەكارهێنانی هێزی نەرم بۆ گوشاركردن لەسەر حكومەتی هەولێر باشترە، بەڵام پێویستە لەسەرمان گوشار نەخەینە سەر گەلی كورد، گەلی كوردستان بەشێكە لە گەلی عێراق و جیاناكرێتەوە. 

رووداو: بۆچی كورد گەیشتە ئەم دۆخە، كورد بەشدارییان كرد لە بنیاتنانەوەی عێراق و نووسینەوەی دەستوور. بارزانی چەندینجار هاواری كرد با دەستوور پێشێل نەكرێ‌، ئایا كورد هەر لە خۆیەوە بڕیاری جیابوونەوەی دا؟ 

مۆفەق روبەیعی: كورد پێش 2003 بە هێڵی شین، وڵاتێكی سەربەخۆ بوون لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی عێراقی. هەر خۆیان دوای 2003 بە ئارەزووی خۆیان هاتنە بەغدا و گوتیان دەمانەوێ‌ گرێبەستێكی مێژوویی، سیاسی و كۆمەڵایەتی لەگەڵ عەرەب بكەین، ناوماننا دەستوور و دەنگمان لەسەری دا، ئەگەر دەستوور حوكممان بكات ناكرێت لەلای لایەنێكەوە رەتبكرێتەوە، پێویستە هەردوولا كۆببنەوە و بڵێن وەرن با بچینە نێو گرێبەستێكی نوێ‌، لەڕێگەی گفتوگۆوە. ئەوەی رەوشەكەی بەو رۆژە گەیاند، گشتپرسی بوو. 

رووداو: بەڵام كورد دەڵێ‌ شیعە دەستووری كردووە بە مەترێكی تایبەتی خۆی و تەنیا بەرژوەندییەكانی خۆی پێ‌ دەپێوێ‌؟ 

مۆفەق روبەیعی: من گوتم بەشێك لەو كێشەیە بەغدایە بەشەكەی دیكەش هەولێرە. 

رووداو: بەشەكەی بەغدا چییە؟ 

مۆفەق روبەیعی: بەشەكەی بەغدا دوو پرسە، پرسی یەكەم هەندێك لەو سیاسیانەن كە هەستێكی نەتەوایەتیی توندیان هەیە دژی كورد، ئەوانە پاشماوەی رژێمی پێشوون. بەشەكەی دیكەیان پرسەكە بەكاردێنێ لە پێناوی دەنگی شەقام. لەڕاستیدا ئەو دوو پرسەش پرسی هەڵبژاردنن، لەبەر ئەوە كاتی گشتپرسی هەڵە بوو بۆ؟ چونكە ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین، بۆ نموونە ئێستا كێشەمان هەیە، بەڕاستی ئێستا كێشەی راستەقینەمان هەیە لە دەوڵەتی عێراق كە سەرۆك مەسعود بارزانی یەكێك لە بونیادنەرە سەرەكییەكانی بونیادنانەوەی ئەو دەوڵەتە بووە. ئێمە پێكەوە لە ئەنجوومەنی حوكم بووین و سوور بوو لەسەر بونیادنانی دەوڵەتێكی مۆدێرنی مەدەنی، بەڵام گشتپرسی زۆر شتی وێران كرد. 

رووداو: بارزانی دەڵێت دەستوور جێبەجێ‌ نەكرا، نانی كوردیان بڕی، ئەو سەركردانەی عێراق تەنیا بڕوایان بەوە هەیە كە خۆیان بڕوایان پێیەتی؟ 

مۆفەق روبەیعی: پشكی هەرێم لەبەغدا لە سامانە سروشتییەكان مافە، بەخشین نییە و موكافەئە نییە. 

رووداو: واتە تۆ دژی بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستانی؟ 
 سەربەخۆیی هەژموونی ئیسرائیل لە كوردستان زیاد دەكات 


مۆفەق روبەیعی: بەدڵنیاییەوە. من لەگەڵ سەپاندنی سزای ئابووری نیم لەسەر هەرێم. بەڵام من شتێك دەڵێم: پێنج پرس هەیە رێگەم بدە باسیان بكەم. بۆ نموونە مەسەلەی پێشمەرگە. ساڵی 2007 سەرۆك مەسعود بارزانی لە بەغدا بوو، من ئەوكات راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقی بووم، لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری لەگەڵی كۆبووینەوە، رێككەوتین كە چۆن پێشمەرگە بخرێتە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و نێو هەیكەلیەتی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق. 
تەنانەت لەسەر پرسی نەوت و غازیش رێككەوتین، یاسای نەوت و غاز لە شوباتی 2007 ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی كرد و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان كرد، بەڵام بەهۆی تێكهەڵپژانی نێوان ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكی ئەنجوومەن یاساكە پەسەند نەكرا. كەواتە چارەسەر هەبوو. هەروەها پرسی كەركووكیش لە نەتەوە یەكگرتووەكان من لەگەڵ برای بەڕێز دكتۆر بەرهەم ساڵح و دیمستورا نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبەغدا كۆبووینەوە و راپۆرتێكیشمان دەركرد و راپۆرتەكەش لەلایەن ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان واژۆ كرا، تەنانەت لە مەسەلەی دەروازە سنوورییەكانیش هیچ كێشەیەكمان نییە، هەروەها پرسی رێژەی 17%ی بودجە هەموویان چارەسەر بوون، واتا ئەگەر ئیرادەی سیاسی و نیازپاكی هەبێت، كێشەكان چارەسەر دەبن.
 
رووداو: ئێستا باس لە كۆنفیدراڵی دەكرێ‌، بە بڕوای روبەیعی كۆنفیدراڵی چارەسەرە؟ 

مۆفەق روبەیعی: چارەسەر بۆ پێشەوە دیالۆگە، هەموو بژارەكانیش كراوەن، هەمواركردنەوەی دەستوورمان لەپێشە، دەستوور كێشەی تێدایە، مینی تێدایە، ناكۆكی و هەڵە و شتی ناڕوونی تێدایە. دەبێ دووبارە بینووسینەوە. سیستمی سەرۆكایەتی دابنێین یان سیستمی فیدڕاڵی یان كۆنفیدراڵی؟ یان هاوشێوەی ویلایەت وەكو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە قەوارەیەكدا؟ هەموو بژارەكان كراوەن، بەڵام دەبێ بە دیالۆگ دەستپێبكەین. 

رووداو: ئێستا هەرێمی كوردستان دیالۆگی راگرتووە؟ 

مۆفەق روبەیعی: پێویستە لەسەر برایانی كورد لانیكەم لەپێناو خەلقكردنی كەشێك هاوكاریی دیالۆگ بكەن. بۆ نموونە پێشنیازێكیان بۆ دەكەم كە بڵێن ئێمە ئەنجامەكانی گشتپرسی سڕدەكەین، یان هەڵیدەوەشێنینەوە. بەشێوەیەك رۆڵەكانی گەلەكەمان دڵنیابكەنەوە كە ئەوان بە ئاراستەی جیابوونەوە هەنگاو نانێن. ئەو كات هەموو بژارەكان كراوە دەبن، دادەنیشین ئەگەر بڕیارمان دا قەوارەی كوردی و قەوارەی عەرەبی لە عێراق هەبن، دواتر لە نێوان قەوارەی كوردی و قەوارەی عەرەبی رێككەوتن دەكەین، بۆ نموونە رێككەوتنی دارایی، ئابووری، بازرگانی، رێڕەوەكان، دەروازە سنوورییەكان، داهاتەكان، ئاو، سنوور و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان. بە وردی رێككەوتن لەسەر هەموو شتێك دەكەین. 

رووداو: بەڵام ئەوە مەرجێكی تەعجیزی نییە؟ 

مۆفەق روبەیعی: نەخێر، چونكە دەكرێت گشتپرسییەكە بە تێكەڵكردنی رای رۆڵەكانی كوردستانی خۆشەویست لێكبدرێتەوە، تێكەڵكردن، واتا ئێمە گشتپرسیمان ئەنجامدا، واتا چۆن گشتپرسیمان لەبەسرە كرد و 30%ی دەنگەكانی هێنا ئاخۆ هەرێمێك پێكبێنن یان نا. 

رووداو: تۆ سەركردەیەكی كورد بیت چی دەكەی؟ 

مۆفەق روبەیعی: من لەپێناوی پاراستنی دەستكەوتە گەورەكان، ئابووری، سیاسی، ئەمنی كە لەكوردستان بەدەستهاتووە، ئەنجامەكانی گشتپرسی سڕ دەكەم. 

رووداو: بەرامبەر بە چی؟ 

مۆفەق روبەیعی: بەرامبەر بە دەستكردن بە دیالۆگێكی بێ مەرج لە چوارچێوەی دەستوور. هەموو شتێك كراوەیە. لەسەر هەموو شتیك رێكدەكەوین. 

رووداو: ئێستا پرۆسەی سیاسی لە خاڵێكدا چەقی بەستووە، ئێوە دەڵێن دەبێ‌ ئەنجامی گشتپرسی هەڵبوەشێننەوە كە ئەمە
  سەربەخۆیی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەگوازێتەوە سەر سنووری عێراق - ئێران 
زەحمەتە و ئیرادەی گەلێكە. چ رێگایەكی دیكە شك دەبەی؟ 

مۆفەق روبەیعی: رای گەلی كورد لە گشتپرسی، گوزارشت لە هەستی نەتەوەیەكی بەڕێز دەكات، بەڵام سەركردە سیاسییەكانی وڵات دەبێ بە گەلەكەیان بڵێن ئەی گەل رێز لە تێڕوانینتان دەگرین، بەڵام ئێستا رەوشی نیشتیمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتی رێگە نادات كار بە ئەنجامەكانی گشتپرسی بكەین، لەبەر ئەوە گشتپرسی سڕ دەكەین و كاری پێناكەین، ئەوە بوار بۆ دیالۆگ دەكاتەوە، منیش داوا دەكەم داوایەكی دڵسۆزانە لە براو هاوڕێ و هاوپەیمانم سەرۆك مەسعود بارزانی دەكەم و پێیدەڵێم برام ئەبوو مەسرور، تكات لێدەكەم تكایە، وەرە بچینە نێو دیالۆگێكی كراوە، دیالۆگێكی بێمەرج، لە چوارچێوەی دەستوور و لەژێر چاودێری مەرجەعیەت. مەرجەعیەت چاودێری بكات، نەك نەتەوە یەكگرتووەكان، چونكە نەتەوە یەكگرتووەكان واتا بەنێودەوڵەتیكردنی پرسەكە كە پرۆسەكەش بەنێودەوڵەتی كرا، دەگەڕێینەوە بۆ ژێر بەندی حەوت. 

رووداو: ئەگەر ئیرادەی كوردی سوور بوو لەسەر ئەوەی كە دەوڵەتی هەبێ‌، مەرجەعیەت دژی دەبێ‌، لە كاتێكدا مەرجەعیەت دژی زوڵم دروستبووە؟ 

مۆفەق روبەیعی: ناكرێت مەرجەعیەت لەگەڵ ستەم رێككەوێ چ لەگەڵ گەلی عەرەب یان كورد یان توركمان، مەرجەعیەت پارێزگاری لە گەلی كورد كردووە و لە رێگەی فتواوە بەرگری لێكردووە دژی هەموو ستەمكاران لە حكومەتەكانی پێشوو. مەرجەعیەت بە یەك چاو سەیری هەموویان دەكات، من پێموایە مەرجەعیەت گرێنتیە بۆ مافەكانی رۆڵەكانی گەلانی عێراق، هەروەها گوشارێكیش دەبێت لەسەر عەرەب وەك چۆن گوشارێك دەبێت لەسەر كورد لەپێناوی گەیشتن بە چارەسەرێك، چارەسەرێك بۆ دوورخستنەوەی رشتنی یەك دڵۆپە خوێنی كوردێك یان عەرەبێك.  

رووداو: ئەی قسەت چییە بۆ سەركردەكانی عەرەب كە بەبێ‌ مەرجی تەعجیزی ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن؟ 
 لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پلە بە پلەی پەیوەندیی بەغدا و هەولێرم لە ماوەی 20 ساڵدا 


مۆفەق روبەیعی: یەكەم شت دەبێ پرسی ئەنجامەكانی گشتپرسی چارەسەر بكەین. من لەوە تێدەگەم كە هەڵوێستەكەی مەسعود بارزانی سەختە، لەگەڵی هاوسۆزم، بەڵام سەركردە مێژووییەكان، ئەوانەن كە هەڵوێستی مێژوویی و ئازایانە دەنوێنن. بەڵام بانگەوازم بۆ بەغدا، ئەوەیە كە پێویستە خۆی لە هەر رووداوێكی ئەمنی بەدووربگرێت، چونكە هەر رووداوێكی ئەمنی لە ناوچەكان بە تایبەتی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان رووبدات، داعش دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە. بۆیە داوا لە حكومەتی بەغدا دەكەم ژیرانە و دانایانە كاربكات، بە دیالۆگ و دیالۆگ و دیالۆگ. 

رووداو: بەڵام گفتوگۆ بەبێ‌ مەرج؟ 

مۆفەق روبەیعی: مەرجی تەعجیزی بوونی نییە، ئەوە كاغەزە، گشتپرسی هێشتا كاغەزە، پاشان سەپاندنی ئەمری واقیع لەسەر زەوی بە هێز، پرسێكی دیكەیە، واتا تۆ لە ناوچەیەك ئەمری واقیع لەسەر من دەسەپێنی و دەڵێی وەرە با گفتوگۆ بكەین، براكەم دە تۆ لە ئەمری واقیع بگەڕێوە، ئینجا با گفتوگۆ بكەین. 

رووداو: تا چەند بڕوات بە دەوڵەتی كوردستان هەیە؟ 
  دەستوور پڕیەتی لە مین و هەڵە و شتی ناڕوون 
 


 مۆفەق روبەیعی: من بڕوام بە مافی بڕیاردان لە چارەنووسی گەلان هەیە، هەروەها بڕوام بە مافی گەلی كوردستانی خۆشەویست هەیە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی. بەڵام لەهەمانكاتدا پێموایە رەوشی نیشتیمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتی گونجاو نییە بۆ  سەربەخۆیی. تۆ مومارەسەی هەموو مافەكانت ناكەی؟ ئێستا بۆ نموونە بە ئاینی ئیسلام مافت هەیە چوار ژن بێنیت، ئایا مومارەسەی ئەو مافەت دەكەی؟ نەخێر، واتا هەموو مافێك مومارەسە ناكرێت چونكە كاتی  نییە، چونكە ئەو كاتە ناوچەكە و كوردستانی خۆشەویست پەلكێشی نێو ماڵوێرانی دەكات. 

رووداو: ئەگەر ململانێی نێوان هەولێر و بەغدا هەر بەردەوام بوو، كۆنفیدراڵی بە چارەسەر دەزانی؟ 

 

مۆفەق روبەیعی: من پێموایە هەموو دەرگاكان كراوەن، فیدڕاڵیەتی پێشكەوتوو، پێشخستنی ئەو فیدڕاڵیەتەی ئێستا، كۆنفیدراڵی، هەموو بژارەكان كراوەن، بەڵام لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی هەمواركراو. 

رووداو: پێشبینی دەكەی بەمزووانە دیالۆگ بكرێت؟ دەستپێشخەرییەكانی گفتوگۆ دەبینی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق؟ 

مۆفەق روبەیعی: من زۆر نیگەرانم لە بێدەنگی، ئەو بێدەنگییە هەڵچوونی بەدواوە دێت، هەڵچوونیش رۆژێك لە رۆژان بۆ توندوتیژی دەگۆڕێ، توندوتیژیش بژارە نییە، بۆیە جێهێشتنی پرسەكان وەكو خۆی وەكو ئەوەی ئێستا بەبێ گفتوگۆ زۆر ترسناكە. بەپێی پێشبینی پێموانییە چونكە بەرەو هەڵبژاردنەكان دەچین. هەڵبژاردنەكانیش پێویستی بە هەڵچوونە لە هەردوولا، بەداخەوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

 
Azad Azad | 11/10/2017
به‌عس و داعش ئه‌مانه‌ هیچ فه‌رقێكیان نیه‌ باده‌ستیان بروات به‌ ته‌واوی ئه‌وه‌خته‌ ده‌رده‌كه‌وێت بۆ میله‌تی كورد ئه‌مانه‌ش داعش و به‌عسن...!!! گورگ هه‌ر گورگه‌ به‌ڵام ئه‌مانه‌ جارێك كه‌وڵی مه‌ڕیان له‌ به‌ر كردوه‌.
ئەردەڵان | 11/10/2017
قسەکانی ڕوبەیعی بایی ڕوبعێکە !
گۆمەیی | 11/10/2017
من ٢١ ساڵ لەمەوبەر لە پەرپێشەکی پەرتووکی "گەلێکی پەژموردە و نیشتمانی پەرت"ـدا نووسیومە ( هەچ نیشتمانپەروەرێکی عەرەب ئانیشک بخاتە سەر ئەو مێزەی ئەمڕۆ سەددامی لەسەرە لەئێمەی کورد دەبێتە سەددام) فەرموون ئەوە ئەنجامەکەیەتی. ئەوەتا مۆفەق روبەیعیش دەڵێت: كورد پێش 2003 بە هێڵی شین، وڵاتێكی سەربەخۆ بوون لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی عێراقی. هەر خۆیان دوای 2003 بە ئارەزووی خۆیان هاتنە بەغدا و گوتیان دەمانەوێ‌ گرێبەستێكی مێژوویی، سیاسی و كۆمەڵایەتی لەگەڵ عەرەب بكەین، ناوماننا دەستوور و دەنگمان لەسەری دا. ــ باشە سەرکردەکانی کورد بۆ لەوڕۆژەدا هەلی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عیراقتان نەقۆستەوەو /لەبەر ناتەبایی/ میللەتتان کردەوە کۆیلەی نەتەوەیەک کە خۆیان کۆیلەن؟
ykf14 | 12/10/2017
سلاو هاوري ككومه ى قسه ى دلى منت وت زور
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

يونس حسن محمد | 22/10/2017 12:19:03 م
به يامى من بو سه روك ... با ده ستى هه مو كه وره كانى كوردستان بكرئت وه بئ يان بلئت هه ر ئوه بون كه كوردستان تان ئازاد كردوه له ده ستى دوزمن وه هه ر...
محەمەد | 22/10/2017 12:20:54 م
گوڕان چی؟ کێها لەو نێوانە گوڕانە؟
32 حیزب بە پارتی و یەکێتییەوە: دەستبەرداری ئەنجامی گشتپرسی نابین
| 22 کاژێر لەمەو بەر | (4)
Nina | 22/10/2017 11:14:24 ص
Yes we agree with you
كۆرد | 22/10/2017 11:56:01 ص
ماندوو نەبن! چاووی هەموو خەڵکی کۆرد ماچ دەکەم و سەری رێز و حۆرمەتیان بۆ دادەنەوێنم. تێبینی: تکایە با لە بوواری فەنییەوە تۆزێک سەرنج بدەین. مایکەکان...
یەکێتی: مەرجەکانی عەبادی قابیلی پەسندکردن نین
| 23 کاژێر لەمەو بەر | (2)
کچە شەهید | 22/10/2017 09:06:58 ص
وەڵڵا هەموو تاوانبار و بەرپرسیارن لەم ڕووداوانە. یانی ئێوە جیاوازی جەیشی عراقی و حەشدی شەعبی و هاوپەیمانانتان نەدەزانی. عەیبە بەسە خۆتان مەدزنەوە ،...
هەندێ لە فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتی: فێڵمان لێکرا
| دوێنێ کاژێر 10:48 | (1)
Naser F. Hado
Naser F. Hado | 22/10/2017 07:16:50 ص
هێرش کردنى ئەوان سەر خاکى ئێمە دەستدرێژى نەبوو؟
karkuk | 22/10/2017 07:58:18 ص
کۆنسوڵخانەی ئێران دەڵێت: ئەو کەسانە بەمەبەستی سیاسی هێرشیان کردووەتەسەر کۆنسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی. ??????? كاري وان سياسي نينه وه دياره ؟
کۆنسوڵخانەی ئێران داگرتنی ئاڵای وڵاتەکەیان سەرکۆنە دەکات
| دوێنێ کاژێر 09:45 | (2)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: مافە دەستوورییەکان بە کورد نەدراون 3 کاژێر لەمەو بەر |

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: مافە دەستوورییەکان بە کورد نەدراون

"کورد زۆر داوایان لە حکومەتی عێراق هەبووە بۆیان زۆرتر
ئەندامێكی ئەنجوومەنی ناوەند: پڕكردنەوەی شوێنی مام جەلال خەیاڵە 3 کاژێر لەمەو بەر |

ئەندامێكی ئەنجوومەنی ناوەند: پڕكردنەوەی شوێنی مام جەلال خەیاڵە

یەكێتی شوێنی تاڵەبانی پڕناكاتەوە زۆرتر
نهێنییە نێودەوڵەتییەكانی كەوتنی كەركووك 3 کاژێر لەمەو بەر |

نهێنییە نێودەوڵەتییەكانی كەوتنی كەركووك

عەبادی چی بە کۆشکی سپی گوتووە؟ زۆرتر
0.282 seconds