وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

جەیمز جێفری: توركیا خاڵی یەكلاكەرەوەیە بۆ هەر گۆڕانكارییەك لە رەوشی كوردستاندا

لەلایەن رێباز عەلی 13/7/2017
جەیمز جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق و توركیا بۆ رووداو: گشتپرسی دەستی هەولێر بەهێز دەكات بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا

رووداو - واشنتن 

جەیمز جێفری بە یەكێك لە بەنێوبانگترین دیپلۆماتەكانی ئەمریكا دادەنرێت كە لە 2008 بۆ 2010 باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە توركیا و دواتریش لە سەردەمی سەرۆكایەتیی باراك ئۆباما بۆ ماوەی دوو ساڵ لە 2010 تاوەكو 2012 باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە عێراق. ئاشنایەتی جێفری لەگەڵ كاروباری عێراق بۆ 2004 دەگەڕێتەوە، كاتێك وەكو راوێژكاری هاوپەیمانان بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان بۆ باڵیۆزخانەی بەغدا كاری دەكرد. جێفری لە سەردەمێكدا باڵیۆزی ئەمریكا بوو لە عێراق كە هەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەكە ببووە گەورەترین باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە جیهاندا و هەمیش ژمارەی كادیر و بودجەی باڵیۆزخانەكە بۆ شەش ملیار دۆلار بەرزكرابووەوە. 

جێفری كە ئێستا لێكۆڵەرە لە پەیمانگەی واشنتن، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) بۆچوونی خۆی لەبارەی گشتپرسیی سەربەخۆیی كوردستان و كاردانەوەی توركیا بەرامبەر گشتپرسییەكە، هەروەها دۆخی نێوخۆی هەرێمی كوردستان و هەماهەنگیی نێوان ئەمریكا و یەپەگە لە رۆژئاوای كوردستان دەخاتەڕوو.

  گشتپرسیی كوردستان تەنیا بەهایەكی سیمبولیكی هەیە


رووداو: هەواڵی ئەنجامدانی گشتپرسیتان لە كوردستان بیستووە، كاردانەوەتان چی بوو كە هەواڵەكەتان بیست؟

جێفری: گشتپرسییەكەی ساڵی 2005م لەبیرە، ئەم گشتپرسییەی ئێستاش بە هەمانشێوە سەیر دەكەم، ئەمە بژارەیەكە كە كورد حەزدەكەن بە كراوەیی بیهێڵنەوە. پێموایە رێژەیەكی زۆری خەڵك دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن بەهەمانشێوەی ساڵی 2005، جا ئایا ئەوە مانای ئەوەیە بەڕاستی سەربەخۆییان دەوێت؟ لە چ هەلومەرجێكدا سەربەخۆییان دەوێت و رەوشی گونجاو بۆ سەربەخۆیی چۆن دەبێت؟ ئەمە پرسێكی جیاوازە، بەڵام جارێكی دی ئەمە دەستی هەولێر بەهێز دەكات بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا.

رووداو: بەدرێژایی ماوەی ئیدارەی ئۆباما، سیاسەتی ئەمریكا بریتی بوو لە سیاسەتی یەك عێراقی یەكگرتووی دیموكراسی فیدراڵی، وادیارە ئێستاش ئیدارەی ترەمپ  هەمان سیاسەتی هەیە. دواجار كە وەزارەتی دەرەوە قسەی لەبارەی كاتی ئەنجامدانی گشتپرسی لە كوردستان كرد، گوتی ئەوە پرسێكی نێوخۆیی عێراقە. هەڵوێستی ئەمریكا چییە لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی؟

 گشتپرسی دەنگێكی زۆری بەڵێ‌ بەدەستدێنێ‌


جێفری: من ئەنجامدانی گشتپرسی جیادەكەمەوە لە راگەیاندنی سەربەخۆیی. سیاسەتی ئەمریكا بریتییە لە عێراقێكی یەكگرتووی فیدراڵی دیموكراسی، ئەم سیاسەتە چەندین ساڵە هەیە و 4500 سەربازی ئەمریكی لەو پێناوەدا گیانیان بەخشی. ئەمە چارەسەرێكە كە ئێمە بەباشترینی دەزانین بۆ هەموو خەڵكی عێراق، بە خەڵكی هەرێمی كوردستانیشەوە. ئەمە خاڵێكی جێگیرە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا. لەبارەی گشتپرسی، ئایا ئەمریكا پێی باشە ئێستا ئەنجام بدرێت؟ یان نیگەرانی دەرهاویشتەكانی دوای گشتپرسی و كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێرە؟ جگە لەم پرسیارانە، ئەمریكا ناڵێت گشتپرسی شتێكی خراپە، چونكە ئیرادەی خەڵك یەكێك لە بنەماكانی فەلسەفەی سیاسی ئەمریكایە.

رووداو: كەواتە پێتانوایە لەنێو ئیدارەی ئەمریكا دژایەتی هەیە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان؟

جێفری: من ناڵێم هەیە، حكومەتی ئەمریكا باوەڕی وایە تاوەكو هەل هەبێت بۆ دروستبوونی عێراقێكی دیموكراسی و فیدراڵ، بە نەوتەكەی و پێگە ستراتیژییەكەیەوە بتوانێت بەشێك بێت لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەبێتە شوێنی سەرهەڵدانی داعشێكی دیكە، نەبێتە لوبنانی دووەم بۆ ئێران. پێموایە تاوەكو ئەم هەلە هەبێت، ئەوە ئەمریكا لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان نابێت، لەبەرئەوەی كوردستانێكی سەربەخۆ عێراق بەرەو ئەو ئاقارە خراپانە دەبات كە باسمكردن، ئەوە لۆژیكەكەیە.

  پێشمەرگە راهێنراوتر و بەهێزترە لە حەشدی شەعبی


رووداو: چی تێدەچێ بۆ ئەمریكا كوردستانێكی سەربەخۆ قبوڵ بكات؟ 

جێفری: سەرەتا، هەمیشە سەختە بۆ دەوڵەتێكی گەورەی وەك ئەمریكا كە سەركردایەتی هاوپەیمانییەكی جیهانی دەكات، هەڵوێستی خۆی لەسەر هەر بابەتێك بگۆڕێت. بەتایبەتی بابەتێكی گرنگ بۆ هەموو دۆست و هاوپەیمانانمان كە پرسی سەروەرییە. دوور لە راستییە مەیدانییەكان، ئەمریكا زۆر دوودڵە لەوەی دابەشبوونی هەر دەوڵەتێكی دۆستی قبوڵ بكات. لەبەرئەوەی دەكرێ لە دەوڵەتانی دیكەش روووبدات، وەكو ئیسپانیا، رۆمانیا، فلیپین، هەموو ئەو دەوڵەتانەی كە كەمینەی نەتەوەیی و ئاینییان تێدایە وادەزانن ئەمە سیاسەتی نوێی ئەمریكایە و نیگەران دەبن، ئەوەش كاریگەریی خۆی دەبێت. كەواتە دوور لە رەوشی كوردستان، لە سیاسەتی ئەمریكادا دژایەتییەك هەیە بۆ دابەشبوونی دەوڵەتان، مەگەر دابەشبوونەكە زۆر پێویست بێت. ئەگەر عێراق بكەوێتە نێو فەوزا، ئێران تەراتێنی تێدا بكات و عێراق بكاتە سووریا یان لوبنانێكی دیكە، ئەوە پێموایە پێویستە ئەوكات جارێكی دی دانیشین و باسی پرسی سەربەخۆیی كورد بكەین، بەڵام هێشتا وای لێنەهاتووە.

رووداو: پێتوایە ئێستا بەو جۆرە نییە؟

جێفری: هێشتا وای لێ نەهاتووە، بەڵام هەمیشە ئەو ئەگەرە هەیە.

  هەماهەنگیی ئەمریكا لەگەڵ یەپەگە كاتی و سنووردارە


رووداو: بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی ئێستای عێراق، بارزانی لە واشنتن پۆست نووسی لە 2003وە لەگەڵ عێراقین، لەو كاتەوە حكومەتی عێراق شكستی هێناوە لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد و هیچ پێویست ناكات كورد لەگەڵ عێراق بمێننەوە، چونكە وا هەست ناكەن هیچ كاتێك داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێ. 

جێفری: قسەكەی راستە، بەڵام بەر لە سەرهەڵدانی داعش، كوردستان لە ئاشتیی تەواودا دەژیا. بۆ یەكەمجار دوای چەندین دەیە، ئەگەر نەڵێم سەدە، لە 2003 تاوەكو 2014 هەرێمی كوردستان توانی بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، كەرتی نەوت و گازی خۆی بەرەوپێش ببات. ئێستا دابینكەرێكی نێودەوڵەتی نەوتە و ئەگەری هەیە گازیش هەناردە بكات. پەیوەندی دیپلۆماسی باشیشی هەن لەگەڵ چەند وڵاتێكی زلهێز، وەكو توركیا و ئەمریكا و چەند دەوڵەتێكی دیكە لە جیهاندا. ئەوە پێگەیەكی باش دەداتە كوردستان، ئەگەر سەیری ژیانی خەڵك بكەی لە ئێران، هەروەها لە باشووری رۆژهەڵاتی توركیا، باشووری عێراق و رۆژئاوای سووریا، كوردستان وەك دوورگەیەكی ئارامی پڕ لە گەشەی ئابووری دەردەكەوێت، لە ناوچەیەكدا كە بە توندوتیژی و حوكمڕانیی خراپ تەنراوە. پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا سەربەخۆیی شتەكان بەرەوپێشتر دەبات؟ لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە سوودی زۆرتری بۆ خەڵكی كوردستان دەبێت؟ هەروەها تا راددەیەك بۆ خەڵكی عێراقیش، چونكە ئێوە بەشێكن لە عێراق، یان خراپتری دەكات؟ هەموو ئەمانە پشت بە هەلومەرجەكانی جیابوونەوە دەبەستن، هێشتا نزیك نین لە رەخسانی ئەو هەلومەرجانە. لەبەرئەوە من ئەنجامدانی گشتپرسی جیادەكەمەوە لە راگەیاندنی سەربەخۆیی.

 هەمیشە ئەو ئەگەرە هەیە كە ئێران عێراق بكاتە سووریا یان لوبنانێكی دیكە


رووداو: گوتت كوردستان پەیوەندی دیپلۆماسی باشی لەگەڵ زۆر دەوڵەت هەن، بەڵام لەگەڵ بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی، زۆر وڵات دەنگی ناڕەزاییان بەرزكردەوە، بەتایبەتی توركیا و ئێران، ئێوە لە توركیا وەك باڵیۆزی ئەمریكا خزمەتتان كردووە، ناڕەزایی ئەو وڵاتە جدییە؟

جێفری: لە هەردوو وڵات كەمینەی كورد دەژین، بۆیە نایانەوێت ئەوەی لە عێراق روودەدات بەسەر ئەوانیش بێت. دەزانم ئەم قسەیەی كە دەیكەم بۆ ئێران راستە، خۆشم ئاگاداری رەوشی توركیام، لە عێراقیش بە هەمانشێوە. بە تەواوی روون نییە كام ناوچە، كام گوند، كام شاخ كوردییە، كامیان عەرەبییە. یان كام چیا كوردییە و كام شار توركییە. كام رووبار فارسییە، كام كێڵگە كوردییە، بەمجۆرە ناكرێ. دانیشتووان تێكەڵن، كەواتە چۆن جیایان دەكەیەوە؟ جگە لە ئەگەری لەدەستدانی بەشێكی گرنگی وڵاتێك، لەڕووی پێگەی جوگرافی و بوونی سەرچاوە سروشتییەكان، چارەسەركردنی كێشەی سنوورەكان هەمیشە كێشە بووە، چ لە وڵاتانی بەڵكان، چ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

رووداو: كەواتە هەڵوێستی توركیا بۆ نموونە، تا چەند بەلای ئەمریكاوە گرنگە، لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان؟

جێفری: ئەمریكا بۆ هەر مەسەلەیەكی هەرێمی گوێ لە توركیا دەگرێت، چونكە یەكەم: توركیا ئەكتەرێكی زۆر گرنگە. هیچ ئیشێك نییە لە ناوچەكەدا ئەمریكا بەبێ توركیا بەباشی بیكات. دووەم، بۆ كەیسی كوردستان، توركیا ڤیتۆی ئەوە دەكات كە لە كوردستان روودەدات، ئەگەر توركیاش نەبێت، ئێران بە دڵنیاییەوە دژایەتی ئەو هەنگاوە دەكات، بەهۆی پەیوەندییە باشەكەی لەگەڵ ئەمریكا و دەنگۆی بوونی پەیوەندیی كورد لەگەڵ ئیسرائیل و پەیوەندیی نزیكی لەگەڵ توركیا، ئێران و سووریا تەنانەت رێگە بە هاتوچۆی ئاسمانی و زەمینیش نادەن، چجای راكێشانی بۆڕی نەوت و گازی سروشتی. كەواتە كورد پێویستی بە توركیایە، توركیا خاڵی یەكلاكەرەوەیە بۆ هەر گۆڕانكارییەك لە رەوشی كوردستاندا.

  ئەمریكا بۆ هەر مەسەلەیەكی هەرێمی گوێ لە توركیا دەگرێت


رووداو: رۆژ بە رۆژ حەشدی شەعبی لە عێراق بەهێزتر دەبێت، لەگەڵ رووخانی داعش لە مووسڵ، لە كوردستان نیگەرانیی جددی هەیە لەوەی ئەو گرووپانە ببنە كێشە بۆ كوردستان، پێتانوایە دوای داعش لە عێراق ئاڵۆزی دیكە سەرهەڵبدات پەیوەست بەو میلیشیا شیعانە؟

جێفری: پێموایە هەوڵدەدەن رۆڵیان هەبێت، چونكە ئەوان چەكی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانن، سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیش دۆستی هەرێمی كوردستان نییە. پێموایە كوردستان سەلماندوویەتی كە دەتوانێ بەرگری لە خۆی بكات، خاوەنی هێزێكی پڕ چەك و باش راهێنراو و بەهێزترە لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی. هەروەها پشتگیری ئەمریكا و تا راددەیەك توركیای هەیە. 

رووداو: پێتانوایە ئەمریكا نێوبژیوانی لەنێوان هەولێر و بەغدادا بكات بۆ پرۆسەی جیابوونەوە لە عێراق؟ 

جێفری: پێموانییە پرسیارەكە ئەوەبێت چۆن رایدەگەیەنن؟ بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە ئایا سەربەخۆیی رادەگەیەنن؟ ئاشكرایە پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكرێت بەگوێرەی دەستووری عێراق و رێڕەوە یاساییەكان. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەوە هەنگاوێكی زیرەكانە دەبێت؟ ئەوەش دەوەستێتە سەر ئەوەی ئاخۆ داهاتوویەكی گەشەسەندووتر، ئاشتیانەتر و دیموكراسیتر دەبینن، بێئەوەی بەشێك بن لە عێراق؟ ئەگەر ئەو داهاتووە بەراورد بكەن لەگەڵ 12 ساڵی رابردوو، واتە ماوەی نێوان 2003 بۆ 2014، چونكە ماوەی دوای 2014 نائاساییە بەهۆی سەرهەڵدانی داعش كە هێندەی ناوچەكانی دیكەی عێراق كاریگەری لەسەر كوردستانیش دانا. بەڵام دوای داعش، ئەو پێوەرەی كە بەكاریدەهێنن بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی ژیانی تایبەتی و سیاسی، دەبێ  پێگەی ئێستا بەراورد بكەن بە پێگەی داهاتوو، ئایا ئەو داهاتووە باشتر دەبێت یان خراپتر؟ ئەمە پرسیارێكە هێشتا نەمبینیوە كوردستان كاری لەسەر كردبێت. تاوەكو ئەوە یەكلانەكەنەوە، شتێكی بێ مانا دەبێت ئەگەر پلان دابنێن بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی شتێك، كە دڵنیا نەبن ئەو شتە رەوشی ئێوە لە رەوشی پێش 2014 باشتر دەكات. پێموایە پێویستە گوتارێكی بەهێزتان هەبێت كە لە سەرووی گشتپرسییەوە بێت، بەهێز و قەناعەتپێكەر بێت بۆ خەڵكی كوردستان، كە رەوشی ژیانیان بە سەربەخۆیی باشتر دەبێت لەچاو مانەوەیان وەك هەرێمێك لەنێو عێراقدا. ئەم گوتارە پێویستە هەبێت بەرلەوەی لەگەڵ بەغدا دابنیشن و باسی رێككەوتن بكەن.

 توركیا خاڵی یەكلاكەرەوەیە بۆ هەر گۆڕانكارییەك لە رەوشی كوردستاندا


رووداو: كەواتە پێتانوایە دەبێ ئەم مەسەلانە لە نێوخۆی كوردستان یەكلایی بكرێنەوە؟

جێفری: بەڵێ پێموایە. پێشموایە یەكلانەكراونەتەوە. من نیگەرانی گشتپرسی كوردستان نیم، چونكە پێشتر كراوە، دەشزانم ئەم گشتپرسییەش وەك گشتپرسییەكەی 2005 تەنیا بەهایەكی سیمبولیكی هەیە. ئەو گشتپرسییە گفتوگۆ لە كوردستان بەهێزتر دەكات لە روانگەی سەرۆك بارزانی و ئەوانی دیكەوە، ئەمە دەزانم. دەبێ سەیری سوود و زیانەكانی سەربەخۆیی بكەن. بەڵام هێشتا زۆر دوورن لە كۆتایی ئەو پرۆسەیە. هێشتا وەڵامی كۆتاییم نەبیستووە، وەڵامێك كە دڵنیابم لەسەر بنەمای هەڵوێستی بەغدا و ئەكتەرەكانی دیكەی عێراق داڕێژراوە. پێویستە گفتوگۆیان لەگەڵ بكرێت. پێویستە پێشبینیتان هەبێت بۆ كاردانەوەكانی بەغدا، پێشبینی كاردانەوەكانی ئێران بكەن بەوجۆرە كە هەمیشە كاردانەوەی هەیە. هەروەها پێشبینی كاردانەوەی توركیا و ئەمریكاش بكەن. ئەم چوار ئەكتەرە گرنگن. هەروەها بپرسن بۆچی سەربەخۆیی باشترە لەچاو ئەو رەوشەی پێش 2014 تێیدا بووین؟ ئەوە ئەو پرۆسەیەیە كە دەبێ كوردستان پێیدا تێپەڕێت.

رووداو: كاروباری نێوخۆی هەرێمی كوردستان چەند بەلای كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە گرنگە؟ بەتایبەتی بۆ ئەمریكا؟  وەكو ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، گۆڕان و پارتی، یان مەسەلەی پەرلەمان. ئەم مەسەلانە چەند بۆ ئەمریكا گرنگن؟

جێفری: زۆر گرنگ نین، چونكە ئەو كێشانە ئاست نزمن، كێشەكانی نێو هەرێمێكن لەنێو دەوڵەتێكدا. كێشەی نێوخۆیین. لە گەرمەی شەڕی داعشدا كەمێك نیگەرانی هەبوو لەوەی كورد نەتوانن یەكگرتوو بن بەرامبەر داعش، بەڵام كورد زۆر سەركەوتووانە و ئازایانە دژی داعش یەكیانگرت و كاریگەریی گەورەیان هەبوو. ئەگەر بۆ بڕیاردان لە داهاتووش یەكگرتووبن شتێكی باش دەبێت، بەڵام ئێمە لەوە دڵنیانین. قسەی من ئەوەیە ئەگەر رێژەیەكی بەرزی خەڵكی وڵات لەگەڵ شتێك نەبن، ئەوە باشترە بەوجۆرە بمێنێتەوە كە خەڵك پێی راهاتوون و پێی ئاشنان و دەتوانن تێیدا بژین. لەبارەی گشتپرسیشەوە پێشبینی دەكەم رێژەیەكی بەرزی بەڵێ بەدەستبێنن، وەكو ساڵی 2005، بەڵام ئەمە هەموو شتێك نییە، ئەمە مانای ئەوە نییە لە رووی سیاسییەوە كوردستانێكی یەكگرتووتان هەیە. ئێستا لەڕووی سیاسییەوە كوردستانێكی دابەشبووتان هەیە. ئەوەش بناغەیەكی باش نییە بۆ ئەوەی بڕیارێكی هێندە گرنگی لەسەر بدرێت، ئەو بڕیارە پێویستی بە بڕیاری گەورەی سیاسی هەیە. ئایا ئەو بڕیارە لەلایەن سەركردەی ئەو لایەنانەوە دەدرێ كە خاوەن بنكەی جەماوەریی بەرفراوانن، یان ئەوانەی تەنیا بەشێكی جەماوەریان هەیە. ئەمە نیگەرانیی واشنتنە.

رۆژئاوای كوردستان

 پەیەدە باڵێكی سەر بە پەكەكەیە و ئەوەش بۆ ئەمریكا كێشەیە


رووداو: ئێستا حەوت بنكەی سەربازی و 1500 سەربازی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستانن، زۆربەیان لەگەڵ هێزەكانی یەپەگە هەماهەنگی دەكەن. وەك دەزانرێ رۆژئاڤا و یەپەگە پەیوەندیی باشیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان نییە، پەیوەندیی باش لە نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژاڤا بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا تا چەند گرنگە؟ 

جێفری: پرسیارێكی هەم ئاسان، هەم قورسە. ئەمریكا لەگەڵ ئەوەدایە هەموو لایەنەكان پەیوەندی باش لەنێوانیاندا هەبێت، بەڵام چەند جیاوازییەكی بنەڕەتی هەن. پەیەدە باڵێكی سەر بە پەكەكەیە، ئەوە كێشەیە بۆ توركیا، بۆ ئەمریكاش كێشەیە بەهۆی ئایدیۆلۆژیا و كارە تیرۆریستییەكانی پەكەكەوە. بۆ كوردی باكووری عێراقیش كێشەیە، بەتایبەتی بۆ سەرۆك بارزانی، ئەوە بەدڵنیاییەوە دەزانم. ئەوە یەكێك لە هۆكارەكانە كە پرسیارمان لێدەكرێ لەبارەی كوردی رۆژاڤا، دەڵێین هەماهەنگیمان سنووردارە، مەبەست لێی تەنیا تێكشكاندنی داعشە، هەروەها لەڕووی كاتیشەوە، ماوەكەی دیاریكراوە. پێموایە دوای لەنێوبردنی داعش، بیر لەوە دەكەینەوە چۆن كار لەسەر پرسی گەورەتری سووریا و ئێران بكەین. بەڵام ئەوە پێویستی بە هەماهەنگیی هەرێمی كوردستان هەیە، هەماهەنگی عەرەب و كورد لە باكووری سووریا، هەروەها لەوە گرنگتر، هەماهەنگیی توركیا. 

رووداو: ئێستا توركیا هەڕەشەی چوونە نێو عەفرین دەكات، خۆت رەوشی عەفرین دەزانی. ئەمریكا بێدەنگیی هەڵبژاردووە. بۆچی ئەمریكا لەوبارەوە هیچی نەگوتووە؟ 

 توركیا و رۆژئاڤا دەتوانن وەكو ئیسرائیل و حەماس لەتەنیشت یەك بژین


جێفری: لەبەر دوو هۆكار، یەكەم: ئەمریكا هاوپەیمانی نزیكی هەردووكیانە، پێویستمان بە پەیەدەیە، بەتایبەتی هێزەكانی سووریای دیموكرات، یان واقیعیانەتر بڵێم، یەپەگە بۆ تێكشكاندنی داعش. لەهەمانكاتدا بۆ تێكشكاندنی داعش پێویستمان بە توركیاشە، جگە لە هاوكاریكردنمان بۆ سنوورداركردنی ئێران و مامەڵەكردن لەگەڵ رووسیا. توركیا پێگەیەكی گرنگی هەیە بۆ ئەمریكا. كەواتە نامانەوێ هیچ كام لە دۆستەكانمان لێمان تووڕە بن. دووەم: پێمانوایە دەتوانین لەگەڵ توركیا و خەڵكی رۆژاڤا كار بكەین بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە. ئیسرائیل حەماس بە گرووپێكی تیرۆرستی دەزانێت، حەماسیش خۆی یەكلاكردووەتەوە بۆ رووخاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، خواستی حەماس دژی ئیسرائیل بەهێزترە لە خواستی پەكەكە لەدژی توركیا. لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین سنووری نێوان حەماس و ئیسرائیل بێ كێشەیە. سنووری نێوان توركیا و رۆژاڤاش بێ كێشەیە. ئێمە دەڵێین مادام سنوورەكە دوێنێ بێ كێشە بووبێت، پێرێش بێ كێشە بووبێت، بۆ ناكرێ سبەی و دوو سبەی هەر بێ كێشە بێ؟ ئەوە تێڕوانینی ئەمریكایە بۆ كێشەكان. ئێمەی ئەمریكی، رەنگە لەنێو خۆماندا كۆك نەبین لەسەر ئەوەی چ جۆرە سیاسەتێكمان هەبێت بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، رەنگە هەڵەش بكەین، بەڵام دەتوانم دڵنیاتان بكەمەوە، هەموو ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان دەژین، ئێمە وەك دۆست و هاوپەیمانی ئازا دەیانبینین. وەك كەسانێك دەیانبینین كە لە ساڵی 2003 و پێش ئەو ساڵەش زۆر شتتان قەرزارین. زۆر زۆر بە جددی هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا كارتان لەگەڵ بكەین، بێگوێدان بەوەی رەوشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی چی بەسەر دێت.

کۆمێنتەکان

 
کامیل ژیر | 13/7/2017
کورته‌ وه‌ڵام23بۆجه‌یمز جێفری وه‌ڵام بۆهه‌ڤپه‌یڤینه‌که‌ی روداوی 13/7/2017 له‌گه‌ڵ باڵیۆزی پێشوی ئه‌مریکی له‌ئیراک، هه‌ویرێکی ئاوکێشه‌، به‌ڵام ئه‌کرێ به‌کورتی وه‌ڵامی هه‌نێ لایه‌نی بده‌ینه‌وه‌: سه‌ره‌تا ئه‌ڵێم ئه‌م به‌ڕیزه،‌ بیرمه‌ندێکی سه‌ر به‌دیموکراتییه‌کانی ئه‌مریکایه‌، مه‌رجنیه وته‌کانی گوزاره‌ له‌ڕای کۆمارییه‌کانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئێستابکا. -جێفری: سیاسه‌تی ئه‌مریکا بریتییه‌ له‌ئیراکێکی یه‌کگرتوی فیدراڵی دیموکراسی، 4500سه‌ربازی ئه‌مریکی له‌و پێناوه‌دا گیانیان به‌خشی. +که‌ی وایه‌!؟ ئه‌مریکا له‌من باشتر ئه‌زانێ که‌ ئیراکێکی یه‌کگرتوی فیدراڵی دیموکراسی، له‌وه‌ ئه‌سته‌متره‌ بته‌وێ 4+3 بکاته‌8. ئه‌و سه‌ربازه‌ کوژراوانه‌ش له‌پێناوی داگیرکردنی ئیراکابو. به‌ڵام به‌خت نه‌یهێنا وه‌کچۆن له‌ڤێتنامیش به‌و مه‌ره‌یه‌ چون. - کورد حه‌زئه‌که‌ن ئه‌م گشتپرسییه‌ش وه‌ک ئه‌وه‌ی 2005 به‌کراوه‌یی بهێڵنه‌وه‌. +تۆ به‌م قسه‌یه‌ دانمان بۆڕۆئه‌که‌ی! وانیه‌، جه‌ماوه‌ری کورد به‌م گشتپرسییه‌ خوازیاری راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییه‌. تاکه‌ی ئه‌میش به‌کراوه‌یی بهێڵینه‌وه‌؟ تائه‌وکاته‌ی ئیراک ئه‌بێته‌وه‌ هێزه‌که‌ی جارانو‌ به‌ئه‌نفالو کیمیایی وه‌ڵاممان ئه‌داته‌وه‌!؟ -کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ، ئیراک به‌ره‌و ئاقاری سه‌رهه‌ڵدانی دائشێکیدیکه‌ ئه‌با. تاوه‌کو ئه‌م هه‌له‌ هه‌بێ، ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆنابێ! +جوانه‌! شیردا بۆداپیر. نه‌ له‌ئیراکێکی فیدراڵی یه‌کگرتوی دیموکراسیو نه‌ له‌ئیراکێکی دائشاویدا مافی سه‌ربه‌خۆییمان نه‌بێ، ئه‌ی که‌ی!؟ ئنجا خۆئێمه‌ گه‌ره‌نتیمان نه‌داوه‌ به‌ئیراک که‌هه‌ر پارێزه‌ریبین. بۆچی ئیراک پیاوه‌تی زۆره‌ به‌سه‌رمانه‌وه‌؟ ئنجا خۆ چاره‌نوسی کورد یا هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌کیدی، نه‌به‌سراوه‌ به‌ راو ره‌زامه‌ندیی ئه‌مریکاوه. راسته‌ ئه‌مریکا، یا هه‌ر ده‌وڵه‌تێ، له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییماندابن باشتره‌، پێچه‌وانه‌که‌شی، رێ له‌سه‌ربه‌خۆییمان ناگرێ.‌ -هه‌ماهه‌نگی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه،‌ کاتیو سنورداره‌! +واتا دوایی به‌گورگانخواردومان ئه‌ده‌ن! -پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا سه‌ربه‌خۆیی، شته‌کان به‌ره‌وپێشتر ئه‌با؟ له‌ڕوی ئابوریو سیاسییه‌وه‌ سودی زۆرتری بۆخه‌ڵکی کوردستان ئه‌بێ؟ +با ئه‌و پرسیاره‌ هه‌ڵگێڕینه‌وه‌. ئایا مانه‌وه‌ی کورد‌ به‌ ژێرده‌سته‌ییو دیلی، له‌ڕوی ئابوریو سیاسییه‌وه‌ سودی زۆرتری بۆخه‌ڵکی کوردستانئه‌بێ؟ بۆچی به‌ژێرده‌سته‌یه‌تی تورکیاو ئیران، خێری دنیا به‌سه‌ر باکورو رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا رژاوه‌!؟ راسته‌ ئه‌شێ سه‌ره‌تا توشی هه‌ندێ کێشه‌ی ئابوریو سیاسی ببین، به‌ڵام زۆرناخایه‌نێ به‌سه‌ر ئه‌و کێشانه‌دا زاڵئه‌بین -به‌ته‌واوی روننیه‌ کام ناوچه‌ کام گوند کام شاخ کوردییه‌. +کاتی خۆی کامیل چادرچیش وایوت، ره‌شید ئارفیش وتی: وشتر ئه‌که‌ین به‌حه‌که‌م، له‌کوێدا وه‌ستا، ئیتر دوایئه‌وه‌ کوردستانه‌. (وشتر به‌به‌رزاییو شاخا سه‌رناکه‌وێ).

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Ahoora | 23/11/2017 11:19:19 م
گوران باشتر وایه پروژه و پلانی هبی بو هلوشانوه و راست و دروست بوونی خویی، هلوشینیتوه و دستی هاوکاری بو حکومتی کوردی دریژ بکا و پشت و متمانه یی...
گۆڕان پرۆژەکەی بۆ حکومەتی کاتی بڵاودەکاتەوە
| دوێنێ کاژێر 08:29 | (1)
ره شید | 23/11/2017 10:05:10 م
نه ته وه یه کگرتوه کان له ژیر هه ژموونی ئه مریکا دایه و سیاسه تی زلهیزه کان وه ک به رژه وه ندیه کانیان عه ینی حه لقه کانی زنجیر به یه ک به ستراونه ته...
یان کوبیش: ئەو هێزانەی هاتنە کەرکووک هێزی فیدراڵی عێراق بوون
| دوێنێ کاژێر 09:50 | (1)
bawer | 23/11/2017 05:44:03 م
kura aw flimana dameka hana
Rondek Be Dang | 23/11/2017 09:33:18 م
پیڕۆز به‌ت و به‌ هیواێ ژیانه‌ک خۆش بۆ هموو کورده ک و کوردوستانیک و ئه‌وانه‌ی کوردیان و کوردوستانیان خۆش ده‌ۆه‌ت۰
بەهۆی كچێكی نەمسایی بە ئاواتی خۆی دەگات
| دوێنێ کاژێر 05:51 | (2)
Azad Azad | 23/11/2017 06:42:15 م
ته‌نیا ڕێگا بۆ حكومه‌تی كوردستان ئه‌ویش ده‌بێت پارتی بیكات ئیعلانی مقاوه‌مه‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی گۆمه‌كه‌ بشڵقێنێت نه‌ێڵن ئه‌مانه‌ جێی پێی خۆیان قه‌یم...
جەواد یارئەحمەدی | 23/11/2017 08:21:26 م
کاربەدەستانی هەرێم باش دەزانن کە تاکه کەسێکی دەزگای فیدراڵی باوەڕی بەو دەستوورە نیە کە ئەمان هەموو ڕۆژێک پەنای بۆ ئەبەن. دەستوور تەنیا هێزە، لە...
حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی لێدوانه‌‌كانى عه‌‌بادی دەداتەوە
| دوێنێ کاژێر 08:02 | (3)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

لەبارەی پیسبوونی ئاوی زەریاکان بە پلاستیک هۆشداری دەدرێ 2 کاژێر لەمەو بەر |

لەبارەی پیسبوونی ئاوی زەریاکان بە پلاستیک هۆشداری دەدرێ

"ساڵانە 11 هەزار خەوشی پلاستیکی لە گۆشتی زۆرتر
لەبارەی گواستنەوەی مەلاریای سەرسەخت بۆ ئەفریقا هۆشداری دەدرێ 4 کاژێر لەمەو بەر |

لەبارەی گواستنەوەی مەلاریای سەرسەخت بۆ ئەفریقا هۆشداری دەدرێ

ئێستا لە چەند ولاتێکی ئاسیا بڵاوبووەتەوە زۆرتر
پیشەسازیی شەکر تاوانباردەکرێ بە شاردنەوەی زیانەکانی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ 12 کاژێر لەمەو بەر |

پیشەسازیی شەکر تاوانباردەکرێ بە شاردنەوەی زیانەکانی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ

"تەنیا ئەو توێژینەوانەیان بڵاوکردووەتەوە کە زۆرتر
0.484 seconds