وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

ئیبراهیم گاباری: بە ئاگاداریی مەلا مستەفا كارم لەگەڵ موخابەراتی بەعس دەكرد

لەلایەن کاوە ئەمین 14/7/2018
ئیبراهیم گاباری: حەمید دەروێش خیانەتی لە مەلا مستەفا كرد
ئیبراهیم گاباری: حەمید دەروێش خیانەتی لە مەلا مستەفا كرد

رووداو- سلێمانی

ئیبراهیم گاباری، لەلایەن دەزگای موخەبەراتی عێراقییەوە راسپێردرابوو كە مەلا مستەفا بارزانی تیرۆر بكات، گاباری كە كوردی رۆژئاوای كوردستانە و ساڵانێكی زۆر لە نێو شۆڕشی باشووری كوردستاندا بووە، بە ئاگاداریی مەلا مستەفا دەبێتە جاسووسی دەزگای موخابەراتی عێراق، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی وردەكاری هەوڵی تیرۆركردنی مەلا مستەفا لەلایەن دەزگای موخەبەراتی عێراقەوە دەكات. هەروەها باسی رووداوەكانی كۆنگرەی هەشتی پارتی دەكات كە لەو كۆنگرەیەدا مەلا مستەفا زۆر لە سیاسەتكاری كوردی رۆژئاوای كوردستان سەڵاح بەدرەدین تووڕە بووە، بە جۆرێك بۆ ماوەی سێ‌ مانگ دەستبەسەری كردووە.

بەشی یەكەم

رووداو: تۆ ناسناوت گابارییە و لە حەسەكە لە دایكبووی، ئەمە چۆنە؟

ئیبراهیم گاباری: گاباری عەشیرەتە، نزیكەی 300 ساڵ لەمەوبەر لە چیای گابارەوە روویان لە شنگال كردووە. ساڵی 1934 لە گوندەكانی شنگالەوە چووین بۆ سووریا، ئێستا 45 گوندمان لە ناوچەی عاموودا و حەسەكە هەن. من لە گوندی كەژێ‌ لە حەسەكە لەدایكبووم.

رووداو: ئەوكات عەرەب لە حەسەكە هەبوون؟ 

ئیبراهیم گاباری: بەڵێ‌، عەشیرەتی جبوور و شەمەر هەبوون، بەڵام هەتا بەعس نەهاتنە سەر حوكم هیچ كێشەیەكمان لەگەڵیان نەبوو.

رووداو: عەشیرەتی ئێوە چۆن كەوتنە بەر هەڵمەتی كەمەری عەرەبی؟

ئیبراهیم گاباری: عەشیرەتەكەمان بەناوبانگ بوو بە كوردپەروەری و نیشتمانپەروەری. ئەوكات محەممەد تەڵەب هیلال، سەرۆكی موخابەراتی سووریا بوو لە سەردەمی یەكێتییەكەی جەمال عەبدولناسر، ئەو كەمەرە ئەو دروستی كرد، بیرۆكەی ئەو بوو، باسی هەموو عەشیرەتە كوردییەكانی كردبوو، لە باسی عەشیرەتەكەی ئێمەدا نووسیبووی "الاكپر عنصریا، الاكپر كوردیا". زۆر بە مەترسیدار باسی كردبووین، ئەوەش شەڕەفێك بوو بۆ ئێمە.

رووداو: كە پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا دروستبوو، ئێوە تێكەڵی بوون؟

ئیبراهیم گاباری: نەخێر من لە رۆژئاوا حیزبایەتیم نەدەكرد.

رووداو: بەڵام لە كۆتایی شەستەكاندا رۆژئاوات بەجێهێشت و هاتیتە باشووری كوردستان، ئەمە چۆن بوو؟

ئیبراهیم گاباری: ئێمە عاشقی پێشمەرگە بووین، پێشمەرگە لەلای ئێمە شتێكی پیرۆز بوو، شەو و رۆژ گفتوگۆمان لەسەر شۆڕشی ئەیلول و جەنابی مەلا مستەفا دەكرد. مەلا مستەفا بەلای ئێمەوە غاندی بوو، ماوتسی تۆنگ بوو، پێغەمبەری كوردان بوو. 

رووداو: باس لەوە دەكرێ‌ كە موخابەراتی سووری دەستی لەوەدا هەبوو ئیبراهیم گاباری بنێرێ‌ بۆ باشووری كوردستان، ئەوە تا چەند راستە؟

ئیبراهیم گاباری: ئەوە هەمووی تەحلیلاتە، موخابەرات هیچ ئاگاداری هاتنی من نەبووە بۆ نێو شۆڕش. تەمەنەكەشم كەم بوو، سەركردەی هیچ پارتێك نەبووم تاوەكو موخابەرات پەیوەندیم پێوە بكات. باوكم زۆر هانی دام، چونكە كەسێكی نیشتیمانپەروەر بوو، دۆستی ساڵح یوسفی بوو.

رووداو: تۆ ساڵی 1969 – 1970 دێیتە باشووری كوردستان، ئەوكات كورد خەریكی دانوستاندن بوو لەگەڵ بەغدا، تۆ كە هاتی پەیوەندیت بە كێوە كرد؟

ئیبراهیم گاباری: یەكەمجار چووم بۆ شنگال، دواتر چووم بۆ مەكتەبی سیاسی پارتی لە ناوپردان. لەوێ‌ جەنابی كاك مەسعود و كاك ئیدریسی رەحمەتیم بینی. 

رووداو: بەڵام ئەوانە كەسانێك بوون زۆر بە ئاسانی نەتدەتوانی تێكەڵاویان ببی، تۆ چۆن وا بەزوویی ئەوانت ناسی؟

ئیبراهیم گاباری: كاتێك من هاتم عەلی شنگالی لە شنگال بوو، كوردی شنگال، ئاغای شنگال، هەروەها مەحموود عەبدولڕەحمان باوكی رەحمەتی كاك سامی عەبدولڕەحمان، بە عەلی شنگالییان گوت ئەوە كوڕی حاجی محەممەدە كە بە كەسێكی كوردپەوەر و نیشتمانپەروەر ناسراوە. ئەو منی هێنا بۆ ناوپردان و لەوێ‌ باسی منی بۆ كاك مەسعود و كاك ئیدریس كرد. لەوێ‌ ماوەیەك مامەوە، بە كاك ئیدریسم گوت حەز دەكەم خوێندنەكەم تەواو بكەم. نووسراوێكی بۆ كردم بۆ لقی سلێمانی، فاخیر مێرگەسووریی رەحمەتی لەوێ‌ بوو. ئەویش پێیگوتم وەرە لام لە سلێمانی. لەوێ‌ زۆر هاوكاری كردم، پەیوەندی بە سەرۆكی زانكۆی سلێمانییەوە كرد و گوتی تۆ قبوڵ كرای. چووم بۆ زانكۆ و لەوێ‌ لە هەندەسەی مەدەنی وەرگیرام، بەڵام لەبەر ئەوەی بە ئینگلیزی بوو نەمتوانی بخوێنم.

رووداو: لە كۆنگرەی هەشتی پارتی بەشداربووی، دەكرێ‌ باسی كۆنگرەكە بكەی؟

ئیبراهیم گاباری: ئەوكات حەبیب محەممەد كەریم سكرتێری پارتی بوو، پەیوەندی لەگەڵ سەڵاح بەدرەدین باش بوو، كەمێكیش چەپ بوو، داوەتی كۆنگرە كرابوو، جەماعەتی ئێمە لەوانە حەمید دەروێش، جگەرخوین كە زانیان دەعوەتنامە بۆ سەڵاح چووە، ئەوان بەبێ‌ دەعوەتنامە هاتن، چونكە جەماوەریان نەدەما. ئەوان كە هاتن لە هوتێلێك دانران لەنزیك ناوپردان، بەڵام كە كۆنگرە دەستیپێكرد، تەنیا سەڵاح بەدرەدین بەناوی كوردی رۆژئاوا لە كۆنگرە بەشداربوو. كە كاتی قسەكردنی ئەو هات بە عەرەبی قسەی كرد و بە باشە باسی حیزبی بەعسی كرد و بە خراپیش باسی ئێرانی كرد و گوتی پۆلیسی ناوچەكەیە، مەلا مستەفاش نەیزانیبوو ئەوە كێیە، گوتبووی: "ئەو كەرە كێیە؟". گوتیان ئەوە نوێنەری حیزبە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستانە. مەلا مستەفا گوتی: ئەوە كێ‌ داوەتنامەی بۆ ناردووە؟ گوتیان حەبیب كەریم. دوای كۆنگرە حەمید دەروێش و جگەرخوین مەلا مستەفایان بینیبوو، گوتبوویان ئاوا نابێ‌، ئێمەش كوردین، نوێنەری دیكەی سەربەخۆش هەن. 

مەلا مستەفاش گوتی كۆنگرەیەك بكەن و یەكێك هەڵبژێرن. دوای ساڵێك لە بامەڕنێ‌ كۆنگرەیەكیان كرد، لەوێ‌ سەربەخۆكان هاتن. دەهام میرۆیان هەڵبژارد. دەهام میرۆ لەوێ‌ گوتی ئەگەر حەمید دەروێش و جگەرخوین بگەڕێنەوە سووریا، ئێمە ناتوانین كار بكەین، مەلا مستەفا داوای لە حەمید دەورێش كرد لەوێ‌ بمێنێتەوە. سەڵاح بەدرەدینیش مایەوە. سەڵاح بەدرەدین سێ‌ مانگ لێرە وەكو بەندكراوێك وابوو، بە حەبیب كەریم-ی گوتبوو من ئیستیقالە دەكەم و دەچمەوە. ئەویش بە مەلا مستەفای گوتبوو، بارزانی گوتبووی با بڕوا. كە رۆیشت پەیوەندی لەگەڵ حیزبی بەعس و فەلەستینییەكان دانا.

رووداو: كەوتە دژایەتی شۆڕش و مەلا مستەفا؟

ئیبراهیم گاباری: بەڵێ‌. بە ئاشكرا دژایەتی دەكرد.

رووداو: دەیتوانی سەردانی عێراق بكاتەوە؟

ئیبراهیم گاباری: بەڵێ‌ چونكە پەیوەندی لەگەڵ بەعسییەكان دانابوو. ئەو قوتابی بە مینحەی بەعسی عێراق دەناردە دەرەوە. حەمید دەروێش و جگەرخوین و رەشید حەمۆ لە كوردستان مانەوە. خولێكی كادیران كرایەوە لە بەغدا مەلا مستەفا بە حەمید دەروێشی گوت تۆ دەبیتە بەرپرسی ئەو خولە. كە خولەكە تەواو بوو گەڕایەوە، داوای لە مەلا مستەفا كرد بگەڕێتەوە سووریا. مەلا مستەفا پێیگوتبوو بڕۆ، بەڵام دەگەڕێیتەوە ئێرە، ئەویش گوتبووی بەڵێنی شەرەف بێ‌ بگەڕێمەوە. حەمید دەورێش رۆیشت و نەگەڕایەوە. پاشان لەلای من گوتی خیانەتم لە مەلا مستەفا كرد، ئەوە ئیعترافێكی زۆر پیاوانە بوو. بەڵام بەداخەوە هەڤاڵانی لە حیزب رێگەیان پێنەدابوو بگەڕێتەوە.

رووداو: بەڵام حەمید دەروێش دەڵێت مەلا مستەفا وەكو كوڕی خۆی سەیری دەكرد؟

ئیبراهیم گاباری: راستە، مەلا مستەفا زەعیم بوو بە زۆر كەسی دەگوت كوڕم. بەڵام كاك ئیدریس وا نەبوو، قسەی دەكرد، كاك مەسعودیش هیچ بۆچوونی نەدەدا. كاك ئیدریس بە ئاشكرا دەیگوت حەمید خیانەتی كردووە. پەیوەندی كاك ئیدریس و حەمید بەو شێوەیە نەبوو كە حەمید باسی دەكات.

رووداو: تۆ دەبیتە جاسووسی دەزگای موخەبەراتی عێراق بەسەر شۆڕشی كورد و مەلا مستەفاوە، ئەمە چۆن بوو؟

ئیبراهیم گاباری: وەك پێشتر باسم كرد، كە لە كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی وەرگیرام، نەمتوانی بخوێنم. فاخیر مێرگەسووری كاغەزێكی بۆ نووسیم بۆ لای عادل موراد كە ئەوكات لە بەغدا بوو. كاك سامی عەبدولڕەحمانیش لە بەغدا وەزیر بوو، لەوێ‌ كاك سامی پێیگوتم تۆ بە پاسپۆرت نەهاتووی، پێویستە ببی بە پەنابەری سیاسی بۆ ئەوەی بتوانی لە زانكۆ بخوێنی. لەوێ‌ لە زانستە سیاسییەكانی زانكۆی موستەنسرییە وەرگیرام. لە ماوەی حەوت رۆژدا بووم بە پەنابەری سیاسی و 45 دیناریشیان دامێ‌. سێ‌ مانگ بوو لە زانكۆ دەوامم دەكرد، موخابەراتی عێراقی بەدوایاندا ناردم، گوتیان ئێمە زانیاریمان لەبارەی تۆوە هەیە كە كوڕێكی باشی، حەز دەكەین لەگەڵ ئێمە كار بكەی. پێمگوتن ناتوانم لەگەڵ ئێوە كار بكەم، چونكە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كار دەكەم. ئێوە و پارتی ئێستا هاوپەیمانن. گوتیان نەخێر، هەندێك شت هەیە، دواتر دەیزانی. پێمگوتن با بیرێكی لێ‌ بكەمەوە. گەڕامەوە ناوپردان و بابەتەكەم بۆ مەلا مستەفا و كاك مەسعود و كاك ئیدریس باسكرد، مەلا مستەفا پێیگوتم ئەگەر ئاگات لە خۆت نەبێ‌، نازم گزار (بەڕێوەبەری گشتی  ئەمنی عێراق لە سەردەمی ئەحمەد حەسەن بەكر) دەتكوژێ‌. ئەگەر دەتوانی ئیشیان لەگەڵ بكەی، ئێمە مەجالت پێدەدەین، بەڵام ئەگەر متمانەت بە خۆت نەبێ‌، دەتكوژن. منیش گوتم دەتوانم. 

رووداو: تۆ لە نزیكەوە نازم گزارت بینی، لەگەڵی دانیشتووی؟

ئیبراهیم گاباری: بەڵێ‌، باسم ئەحمەد ئەعرەجی، بەرپرسی قیودی نهێنی بوو، راستەوخۆ پەیوەندیم لەگەڵ ئەو هەبوو. نازم دەهات لەگەڵمان دادەنیشت، بەڵام یەك قسەی نەدەكرد، ئەگەر پرسیارێكی هەبووایە دەینووسی و دەیدایە باسم. گزار چاویلكەیەكی رەشی لەچاو دەكرد، بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە، بەڵام من دەمزانی ئەوە نازم گزارە.

رووداو: بەڵام تۆ چۆن توانیبووت لە یەك كاتدا پەیوەندیت لەگەڵ موخابەراتی عێراق و شۆڕش هەبێ‌.

ئیبراهیم گاباری: من پەیوەندی راستەوخۆم لەگەڵ مەلا مستەفا و كاك ئیدریس و كاك مەسعود هەبوو. ئیدی ئەوە ئیشكالی بۆ دروستكردبووم لەگەڵ شەكیب عەقراوی كە ئەوكات بەرپرسی دەزگای پاراستن بوو. چونكە كارەكان بەبێ‌ ئاگاداری شەكیب كرابوون. من ئەوكات سەرم لەو یارییە موخابەراتیانە دەرنەدەچوو. مەلا مستەفا دەیویست من لەلای موخابەرات بەهێز دەربكەوم. دوو شت هەبوو كە منی لەلای موخابەرات بەهێز كردبوو، یەكەم: مەلا مستەفا پێیگوتم ئیبراهیم لەلای خۆت بنووسە: تهران نەك تەهران. شەوێك جێبێك هاتە حاجی ئۆمەران، رەقەمەكەی هێندە و هێندە بوو، كەسێكی تێدابوو ناوی كیسەچی بوو، كابرایەكی قژ درێژ بوو، قەمسەڵەیەكی عەسكەری لەبەردابوو، پێشمەرگە گونیەی پڕ لە كاغەزیان لە جێبەكە دەهێنایە خوارەوە. زۆر رێزیان لەو كابرایە گرت و دوو سێ‌ سەعات مایەوە و رۆیشت. هەر كاتێك دەچووم بۆ بەغدا یەكسەر كۆبوونەوەیان لەگەڵ دەكردم. بەڵام مەلا مستەفا ئامۆژگاری كردم گوتی زانیارییەكان زۆر بە گرنگی وەرمەگرە و پێیانبڵێ‌ فڵانە زانیاری هەیە، ئایا بە كەڵكتان دێت یان نا. كاتێك باسی جێبەكەم بۆ كردن، زۆر گرنگییان پێدا. گوتیان ژمارەی ئۆتۆمبێلەكە چەند بوو؟ بە فارسی بۆم نووسین، رەقەمەكە زەرد بوو، عەسكەری بوو، ناوی كیسەچی بوو. ئەم زانیارانە بەلای ئەوانەوە زۆر گرنگ بوون، وەكو تەقینەوەی بۆمبێك وابوو، گوتیان قسەكانی تۆ لە هی هەموو بەكرێگیراوەكانمان راستترن. 

شتی دیكەش، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی نهێنی بوو، پێمدەگوتن سەبری بۆتانی، بەرپرسی ئەرشیفی مەكتەبی سیاسییە، زۆر برادەری منە. جاروبار كە سەبری بۆتانی دەردەچێ‌، من لە شوێنی ئەو دەبم. كۆپی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی وەردەگرم. مەحزەری كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بە زۆر شێواز بۆیان دەچوو، بەڵام كاتێك كۆپی ئەرشیفیان بۆ باس دەكەی، زۆرتر متمانە بە تۆ دەكەن، نەك بەكرێگیراوەكانی دیكە.

رووداو: موخابەراتی عێراقی داوات لێدەكەن وێنەیەك لەگەڵ مەلا مستەفا بگری، ئەمە چۆن بوو؟

ئیبراهیم گاباری: ئەوان پێیانگوتم تۆ راستەوخۆ لەگەڵ مەلا مستەفا دادەنیشی، گوتم بەڵێ‌. گوتیان باشە دەتوانی وێنەیەكی لەگەڵ بگری؟ گوتم: بەڵێ‌. گوتیان زەحمەت نییە، گوتم نەخێر. گوتیان چۆن داوای لێدەكەی؟ گوتم: پێیدەڵێم ئەزبەنی حەز دەكەم وێنەیەك لەگەڵ تۆ بگرم بۆ كەسوكارەكەمی دەنێرم لە سووریا. گوتیان دە باشە تاقیبكەوە. هاتم بابەتەكەم بۆ مەلا مستەفا گێڕایەوە. گوتی باشە. مەلا مستەفا لە حاجی ئۆمەران ژووری تایبەتی هەبوو بۆ پێشوازی لەگەڵ ژوورێكی گشتی. بە پێشمەرگەكانی گوت بانگی ئیدریس بكەن. گوتی: ئیدریس وێنەیەكی من و ئیبراهیم پێكەوە بگرە. مەلا مستەفا گوتی دەستی خۆت لەسەر كورسییەكەی من دابنێ‌. ئەوكات كامێرای فەوری هەبوو، مەلا مستەفا سەیری رەسمەكەی كرد و گوتی رەسمەكەیان بدەرێ‌. دوایی تێگەیشتم كە مەلا مستەفا بۆچی گوتی دەست لەسەر كورسییەكەی دابنێم، بۆ ئەوەی بوو موخابەرات گومان نەكەن كە رەسمەكە دەستكاری كراوە و ساختە كراوە. كاتێك موخابەرات وێنەكەیان بینی، سەریان سوڕما و گوتیان واتە مەلا مستەفا متمانەی بە تۆ هەیە!

رووداو: موخابەراتی عێراقی دەیانەوێ‌ لە رێگەی تۆوە مەلا مستەفا تیرۆر بكەن، ئەوە چۆن بوو؟

ئیبراهیم گاباری: مەلا مستەفا دەیگوت ئیبراهیم ئەوانە شتێكیان لەژێر سەردایە. تۆ هەوڵ بدە بەڵگەیەكیان لێوەربگرە. گوتم باشە. كاتێك ساڵی 1972 قائیمقامی شنگال كوژرا. ئەوان یەكسەر بەدوایاندا ناردم و گوتیان پێویستە مەلا مستەفا بكوژرێ‌. پێمگوتن من ناتوانم ئەو كارە بكەم. گوتیان ئەگەر هەندێك ژەهرت بدەینێ‌، دەتوانی لە نێو خواردنەكانی مەتبەخی پێشمەرگەكانی بكەی؟ منیش گوتم دەتوانم، بەڵام ئامانجەكەی ئێوە مەلا مستەفایە یان پێشمەرگە؟ چونكە مەلا مستەفا لەو مەتبەخە نان ناخوات، لە ماڵی خۆی خواردنی بۆ دێت. چایشی بە تایبەتی بۆ دێت. ئەوان گوتیان نەخێر ئێمە سەری مارەكەمان دەوێت. گوتیان بەیانی وەرە كۆبوونەوەیەك دەكەین، بەیانی هاتن گوتیان تۆ دەچیتە ئەوێ‌ جانتایەكت پێیە، جانتایەكی لەو شێوەیەت دەدەینێ‌، لە نێو جلەكانت دەیشاریتەوە، جانتاكەی خۆشت بە دەستەوە دەگری. تۆ لەگەڵ جەرجیس فەتحوڵڵا لە ژوورێك دەخەوی، مەلا مستەفا بە شەو دێت. كاتێك مەلا مستەفا دێتە ژوورەوە، جانتاكە تەوقیت دەكەیت و دەچیتە دەرەوە. لەوێ‌ سواری سەیارەیەك دەبیت و دێیتە رواندز. لەوێش فڕۆكەیەكت بۆ ئامادە دەكەین، دوای سەعاتێك بۆمبەكە دەتەقێتەوە. ئەگەر ئۆتۆمبێلیش نەبوو تۆ لەوێ‌ دوور دەكەویتەوە، كاتێك بۆمبەكە دەتەقێتەوە كەس لەوێ‌ نامێنێ‌.

رووداو: تۆ چۆن شۆڕشت ئاگادار كردەوە؟

ئیبراهیم گاباری: من قسەم لەگەڵ كاك مەسعود كرد و گوتم ئەوان زۆر بە پەلەن بۆ ئەنجامدانی كارەكە. كاك مەسعودیش گوتی كێشە نییە، ئێمە وشەی نهێنییت بۆ دادەنێین بۆ بازگەكانمان كە گەیشتیتە بازگەی بەرزێوە، بە بێتەل پەیوەندیم پێوە بكە. لە بەغدا دەورەیەكیان پێكردم لەسەر چۆنیەتی تەقاندنەوەی بۆمب. دوایی بە سێ‌ ئۆتۆمبێل منیان لە رێگەی مووسڵەوە هێنایە هەولێر، لە هەولێریش ئۆتۆمبێلێكی فۆڵكس واگن هات و شوفێرەكەی گەنج بوو، مەدەنی بوو، هاتین بۆ بەرزێوە، كەسێك لەوێ‌ بوو بەناوی سابیر، پێویست بوو ئۆتۆمبێلەكە زۆر بە وردی بپشكنرێ‌. بە سابیرم گوت تەلەفۆنت هەیە، گوتی نەخێر پچڕاوە. ئێ‌ ئەگەر بمپشكنن و ئەم جانتایە بدۆزنەوە، هەتا مەسەلەكەیان تێدەگەیەنم رەنگە بمكوژن. گوتم سابیر وەرە كارم پێتە. وەفدێكی نهێنی دێت بۆ ئێرە، من سەعاتێك پێش ئەوان هاتووم كاك مەسعود پێیگوتم تەلەفۆنم بۆ بكە. ئەگەر تۆ دوامبخەی دواتر بەرپرس دەبی. پێویستە بە سەعاتێك پێش گەیشتنی وەفدەكە من بگەمە لای كاك مەسعود. ئەویش گوتی بەبێ‌ پشكنین بڕۆ. ئیدی هاتم بۆ گەڵاڵە، سەنتەرێكمان لە گەڵاڵە هەبوو، گەنجێك لەوێ‌ بوو، گوتم حەز دەكەم لەگەڵ كاك مەسعود قسە بكەم. گوتی: چی؟ نابێ‌ بڕۆ. گوتم باشە لەگەڵ فەرەنسۆ حەریری قسە دەكەم، گوتی باشە لەگەڵ فەرەنسۆ مەعقولە. تەلەفۆنی بۆ كرد، لەگەڵ ئەو قسەم كرد و پێمگوت من فڵان كەسم، ئەویش گوتی من تۆ دەناسم. گوتی: چیت دەوێ‌. گوتم كێشەیەكم لەگەڵ كاك مەسعود هەیە و نهێنییە، پێویستە قسەی لەگەڵ بكەم. بە كاك مەسعودی گوت ئەوە ئیبراهیم گابارییە، ئەویش یەكسەر گوتی لاسلكییەكە بدە بە من. كاك مەسعود گوتی ئیبراهیم تۆی. گوتم بەڵێ‌. گوتی: چۆنی. منیش گوتم :"زۆر زۆر زۆر باشم" (ئەوە كۆدی نهێنی نێوان من و كاك مەسعود بوو) ئینجا گوتی لە كوێی؟ منیش گوتم لە گەڵاڵەم. گوتی: لەوێ‌ بە، ئێستا دێم. یەكسەر سێ‌ سەیارەی نارد، عەبدولموهەیمن هات و پێیگوتبوو جانتاكە لە شوێنێكی دوور دابنێن نەوەك بتەقێتەوە، ئیبراهیم بێنن و وەرن. كە هاتمەوە حاجی ئۆمەران مەلا مستەفام بینی، منی ماچ كرد و گوتی كارێكی باشت كرد. هەر ئەو شەوە بروسكە كرا كە رۆژنامەنووسێك هاتووە ویستوویەتی مەلا مستەفا تیرۆر بكات. هەواڵەكە بڵاوبووەوە، بۆ بەیانی سەدام حوسێن و ئەحمەد حەسەن بەكر بروسكەیان نارد و گوتیان ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتە نین، ئەگەر رۆژنامەنووسێك بەناوی بەعس هاتبێ‌ ئەوە درۆیە. ئێمە ئامادەین لێكۆڵینەوە بكەین. لێژنەی لێكۆڵینەوە هات، بەڵام مەلا مستەفا رازی نەبوو، گوتی دەبێ‌ لە حاجی ئۆمەران بكرێ‌.

رووداو: لێژنەكەی بەغدا چەند كەس بوون؟

ئیبراهیم گاباری: لێژنەكە پێكهاتبوون لە عەبدولخالق سامەڕایی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕش، موكەڕەم تاڵەبانی لە بەرەی نیشتمانی، عەزیز شەریف، سكرتێری لێژنەی ئاشتی. لێژنەی پارتیش پێكهاتبوون لە كاك ئیدریس و كاك مەسعود و حەبیب كەریم و د.مەحموود عوسمان و سامی عەبدولڕەحمان.

رووداو: جانتاكە چی بەسەرهات؟

ئیبراهیم گاباری: دواتر جانتاكەیان پشكنی، بیرمە عەزیز عەقراوی و كەسێكی دیكە كە مەسیحی بوو، ناوەكەیم بیر نەماوە، جانتاكەیان پشكنی. بۆیان دەركەوت ئەو كەرەستەیەی لە ئامادەكردنی قونبەلەكە بەكارهاتووە لە دەرەوە هاتووە. ئەگەر بتەقیبایە كەس لەوێ‌ نەدەما.

کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
4416 ژمارەی بینین

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

بورهان ره شيد | 15/07/2018 06:00:53 ص
زؤر به داخه وه رؤحى مردوه كان شدبيت خواى كهوره شفاى بريناره كانيان بدات
ازاد | 15/07/2018 09:26:46 ص
بەداخەوەى جیگایان بەهەشت بیت
 سێ کەسی خێزانێک کە لە ئەڵمانیاوە دەگەڕانەوە بە رووداوێکی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
| 14/7/2018 | (2)
Rayo | 14/07/2018 10:28:39 م
Hech ma7qul nya iraq hech paywande ba ema nya entarnet la hareme kurdustan dabexn 😑
lawand barzani | 15/07/2018 03:58:44 ص
بۆ دەتوانن بەم شێوەیە دەنگی نارەزایی خەڵک کپ کەن
فەیسبووک لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگیرا
| 14/7/2018 | (8)
Awat | 14/07/2018 01:46:41 م
ئەو گوران کاریانە زور پیویست بون بەتایبەت لە کەرکوک پاش ەوەی کە ثاش ماوەچی کورت پیشمەرگە دەگەریتەوە لو کەرکوک لو ئەوەی دەست بە ژیانەچی نوی بکری لەو...
پارتی گۆڕانکاریی نێوخۆیی لە چەند پۆستێکی کەرکووک و سلێمانیدا دەکات
| 14/7/2018 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

حکومەتی عێراق هۆشداری دەداتە ئەو خۆپیشاندەرانەی هێرشدەکەنە سەر دامەزراوەکانی  دوێنێ کاژێر 01:37 |

حکومەتی عێراق هۆشداری دەداتە ئەو خۆپیشاندەرانەی هێرشدەکەنە سەر دامەزراوەکانی

خۆپیشاندەران داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان زۆرتر
گوشاری دەروونی ئەگەری کوێربوون زیاددەکات 13/7/2018 |

گوشاری دەروونی ئەگەری کوێربوون زیاددەکات

بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی کۆرتیزۆڵ زۆرتر
0.187 seconds