وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

بیرەوەری كچی فڕۆكەوانە تایبەتەكەی سەدام لە كۆشكەكانی كۆماریدا

لەلایەن رووداو 15/4/2018
 زەینەب سالبی: گریانی ژنێكی كۆنگۆیی هانیدام نهێنییەكانی ژیانم ئاشكرا بكەم
زەینەب سالبی: گریانی ژنێكی كۆنگۆیی هانیدام نهێنییەكانی ژیانم ئاشكرا بكەم

هەڤپەیڤین: ئایشە ئارمان
حوڕییەت - ئەنقەرە

خانمە چالاكڤانی عێراقی زەینەب سالبی، چالاكڤانێكی نێودەوڵەتی و دامەزرێنەر و سەرۆكی رێكخراوی نێودەوڵەتیی ژن بۆ ژنە، ئەركی سەرەكی سالبی دابینكردنی كەشێكی گونجاوی ژیان و سەقامگیری و ئاشتەواییە بۆ ئەو ئافرەتانەی لە جەنگ رزگاریان دەبێ. 

 
بە "مامە" بانگی سەدامم دەكرد

سالبی لە خێزانێكی بەناوبانگی عێراقە كە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی رژێمی پێشوو، پێگەیەكی تایبەتیان لەلای ئەو رژێمە هەبوو، باوكی سالبی فڕۆكەوانی تایبەتی سەدام حوسێن بوو. سالبی لە ساڵی 1990 لە دەستی رژێم هەڵات و رووی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد، ئەو لە ئەمریكا خاوەنی پەرتووكێكە بەناوی (بین عالمین:  الهروب من الگغیان: العیش فی ڤل صدام حسین)  كە چیرۆكی تراژیدی ئافرەتانی عێراق دەگێڕێتەوە. چیرۆكەكە بۆ بەر لە هاتنی سەددام حوسێن بۆ جڵەوی دەسەڵاتی عێراق دەگەڕێتەوە كە چۆن عێراقێكی كراوە و مۆدێرن، دوای هاتنی سەددام، بۆ وڵاتێكی دواكەوتوو گۆڕا.

ئایشە: كاتێك بیرەوەرییەكانی سەردەمی سەددام حوسێن دەهێنیتە بەرچاوت، هەست بەچی دەكەیت و بیر لە چی دەكەیتەوە؟

سالبی: ترس! ترس لە دەسەڵات تاوەكو ناخی مرۆڤ كاریگەریی خۆی دەبێت. هێدی هێدی راپێچی نەمانت دەكات. ژیانت و ستایلی ژیانت شەكەت دەكەن. لە هەموو روویەكەوە نەخۆش دەكەوی.

ئایشە: خێزانەكەت زۆر بەناوبانگ بوو، باسیان بكە..

سالبی: سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەم بڕوانامەی بەرزیان هەیە. چەند زمانێك دەزانن. باوكم دەرچووی فڕۆكەوانییە لە سكۆتلەندا. فڕۆكەوانی تایبەتی سەددام بوو. دایكم كەسێكی زۆر رۆشنبیرە، تێگەیشتووە، بەگشتی خێزانەكەم زۆر كۆمەڵایەتی بوون و لەسەر ئاستی وڵات ناوبانگیان هەبوو. 
ئایشە: چۆن سەددامت ناسی؟
 
دایكم دەیگوت سەیری نێوچاوی سەدام مەكە چونكە هەستەكانت دەخوێنێتەوە

سالبی: وەك مامێك دەهاتە بەرچاوم، بە مامە بانگم دەكرد. پێموابوو سەددام تاكە فریشتەی سەر زەوییە. هەروەها سوودی زۆری بۆ عێراقیش هەبوو. دیكتاتۆر هەروایە، تەنیا خراپەكاری ناكەن. پشتیوانی زانست و هونەری دەكرد، خوێندنی كردە زۆرەملێ‌. هەر كەسێك منداڵەكەی نەناردبایە قوتابخانە، شەش مانگ بەند دەكرا. هەر ئەو سەددامە، ئیمپراتۆریەتێكی ترسی دامەزراند.
ئایشە: چۆن ئەم ترسە پێناسە دەكەیت؟ 

سالبی: شتێك نەبوو ببینرێت. وەك گازێكی ژەهراوی دزەكراو وابوو لەنێو هەموو ماڵ و خانەوادەیەكدا. مرۆڤەكانی سەبر سەبر راپێچی مەرگ دەكرد.

ئایشە: كەس بەرەوڕووی نەدەبووەوە؟

سالبی: بەرەنگاربوونەوەی بچووك هەبوو، بەڵام بێسوود بوو، چونكە سەددام لەو باوەڕەدا بوو خۆی خاوەنی هەموو شتێكە. خاوەنی دەوڵەت، هاووڵاتییان، ئافرەت و منداڵەكانیش موڵكی ئەون.

ئایشە: چۆن پێناسەی كەسایەتی سەددام دەكەیت؟

سالبی: كاریزماتیك بوو. كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەموو ئەوانە هەبوو كە لە نزیكەوە دەیانناسی. بەهرەیەكی زۆر سەیری هەبوو بۆ راكێشانی هەستی خەڵك بۆلای خۆی، بەڵام ئەم كەسە، نزیكترین هاوڕێ و برازای خۆی كوشت. واتە ئەمڕۆ بەڕوویەكی گەش مامەڵەی لەگەڵ دەكردی، بەیانیش تۆی بەكوشت دەدا. وتار و دروشمی بریقەداری بۆ ئافرەتان هەبوو، بەڵام لەڕووی چاكسازییەوە هیچ گۆڕانكارییەكی لە یاساكاندا نەدەكرد. حەزی لەوەبوو كە مافەكانت بەخێر پێ ببەخشێت، نەك وەك مافێكی سرووشتیی خۆت. دەستی لە كێشە كۆمەڵایەتییەكانیش وەردەدا، لە پرسی جیابوونەوە و پێدانی میرات بە ئافرەتان. خۆی لەسەرووی هەموو یاساكانەوە دەبینی. ئەو پێیوابوو هەموو شتەكان دەبێت لە رێگەی خۆیەوە چارەسەر بكرێن.
 
دایكم بەردەوام لە باوكم دەپاڕایەوە بۆ ئەوەی هەڵبێین و خۆمان رزگار بكەین


ئایشە: ئەم كتێبەت بۆ ئەوە نووسیوە تاوەكو بەڕای گشتیی بڵێیت كە ژیان چۆن بووە لەژێر سێبەری رژێمێكی دیكتاتۆری؟

سالبی: هێندە ئاسان نییە، پەیوەندییەكانی خانەوادەكەم لەگەڵ ئەو، نهێنییەكی هەمیشەیی بوو. هەرگیز باسمان لەم پەیوەندییە نزیكە نەكردووە. پێیانگوتم هەرگیز نابێت ئەم نهێنییە ئاشكرا بكرێ.

ئایشە: بەڵام هەموو كەس دەیزانی؟

سالبی: بەڵێ. هەموو رۆژێك وێنەی باوكم لەگەڵ ژمارەیەك سەركردەی ئەو رژێمە لە مانشێتە گەورەكانی رۆژنامەكاندا دەبینرا. ئێمە وەك خێزانێكی گەورە وابووین. دەبووایە لە هەموو كۆبوونەوەیەك و بۆنەكاندا ئامادە بین. پێویست بوو نوێنەرایەتیی عێراق بكەین.

ئایشە: بۆچی؟

سالبی: سەددام لە رابردوویەكی زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارەوە هاتبوو. دەستدرێژی كرابووە سەر. بەردەوام لەلایەن زڕباوكییەوە لێی دراوە و لەماڵەوە دەركراوە. تاوەكو تەمەنی نۆ ساڵیش رەوانەی قوتابخانە نەكرابوو. خانەوادەكەی، پاشخانێكی سەربازی و سیاسییان نەبوو، بەڵام خانەوادەیەكی رەسەن بوون. لەڕوانگەی سەددامەوە ئێمە خانەوادەیەكی بە رەچەڵەك و رەسەن و رووی گەش و بەهێزی عێراقیمان پێشان دەدا. ئەمەش هۆكاری سەرەكی ئامادەبوونی بەردەواممان بوو لەلای سەددام. لەپاڵ سەددامدا وەك نوێنەری چینێكی ماڵباتی رەسەنی كۆمەڵایەتیی عێراق لە بۆنەكاندا دەردەكەوتین، بەڵام هۆكار و سەرچاوەی سەرەكیی نووسینم بۆ ئەم كتێبە، لەمەش قووڵترە.

ئایشە: چییە؟ 
 
سەدام لە رابردوویەكی زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارەوە هاتبوو

سالبی: من وەك ژنێكی چالاكڤان، دوای ئەوەی كارم لەگەڵ ژنە چالاكوانە نێودەوڵەتییەكاندا كرد. بەردەوام بانگەشەی ئەوەم دەكرد كە "كەس نهێنییەكانی نەشارێتەوە". لە كاتێكدا خۆم نهێنییەكانم شاردبووەوە. كاتێك لە كۆنگۆ بووم، ژنێك و كچەكەیم ناسی كە دەستدرێژییان كرابووە سەر. بەسەرهاتەكانی خۆی بەچاوی پڕ فرمێسك و بەدەم گریانەوە گێڕایەوە و گوتی "ئەگەر توانای ئەوەم هەبووایە، بەسەرهاتەكانم بۆ هەموو جیهان بگێڕمەوە، بەدڵنیاییەوە دەمگێڕایەوە. چونكە دەبووە هۆكارێك بۆ ئەوەی ژنانی دیكە تووشی هەمان دۆخی من و كچەكەم نەبنەوە". كاتێك ئەم رستەیەی گوت، ئارەقەی شەرمەزاریم رشت. من وەك ئەو نەخوێندەوار نیم، هەژاریش نیم. من هەموو شتێكم بۆ رەخساوە، كەسێكی بەناوبانگ و خاوەن پێگەیەكی كۆمەڵایەتیم. بەڵام بوێریی ئەوە ناكەم چیرۆكی خۆم بگێڕمەوە. چونكە شەرمم دەكرد. شووم بە كەسێك كرد كە هەرگیز بەدڵم نەبوو، دایكم بەشوویدام. هەروەها دەستدرێژیشم كرابووە سەر. پارەیەكی زۆر كەم لە گیرفانم هەبوو، تەمەنم 20 ساڵ بوو كە ماڵەوەم جێهێشتبوو، شەرمەزار بووم. بەڵام چەندین ساڵ ئەم راستییانەم شاردنەوە. كەچی ئەو ئافرەتە، راستییەكانی دەگێڕایەوە. دوو بژارەم هەبوو، یان دەبووایە خۆم بەشێوەیەكی دیكە دەربخەم و راستییەكانم لەژێر جلوبەرگ و پۆشاكێكی جوان و پۆشتەدا بشارمەوە. یانیش بەدەنگێكی بەرز و بەدەم هاواركردنەوە، وەك ئەم ژنە بەستەزمانە، بەسەرهاتەكانم بگێڕمەوە و نەیشارمەوە.

ئایشە: ئێوەش بژارەی دووەمتان هەڵبژارد؟

سالبی: بەڵێ. بەڵام زۆر سەخت بوو! چونكە بەردەوام لەژێر گوشاری خێزانەكەمدا بووم كە ئەم كارە نەكەم. بۆیە كتێبەكەم مەنەفێستێك بوو بۆ سەرجەم ئەو رووداو و بەسەرهات و ئەزموونانەی كە بینیمن و هەستم پێكردن. بێدەنگیم شكاند، چیرۆكی خۆم و خانەوادەكەم گێڕایەوە. شتێكی دیكەش هەبوو بێگومان، ئەگەر من ئەم كارەم نەكردایە، مێژوو بەپێی ویستی خۆی دەیگێڕایەوە و دەینووسی. لە كاتێكدا ئێمە مرۆڤگەلێك بووین، لە سەددام دەترساین. ئەم كتێبەم نەنووسیایە، هەرگیز ئازاد نەدەبووم.
 
گریانی ژنێكی كۆنگۆیی هانیدام نهێنییەكانی ژیانم ئاشكرا بكەم


ئایشە: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو ساڵانە، دایكت چ گۆڕانكارییەكی بەسەردا هات؟
 
سالبی: دایكم كەسێكی زۆر سەخت بوو. بەردەوام پێیدەگوتم "زەینەب، هەمیشە پێبكەنە، بۆ ئەوەی دنیا بەڕووتدا پێبكەنێت". لە حەفتاكان و هەشتاكاندا، لە ماڵەكەماندا بەردەوام ئاهەنگ ساز دەكرا. دایكم بەردەوام دانسی دەكرد. دایكم كاریزمایەكی بەهێزی هەبوو، بەڵام لە ناخەوە رووخابوو. مەیلی خۆكوشتنی هەبوو بەشێوەیەكی بەردەوام. چەندینجار هەوڵی خۆكوشتنی دا. وەك بەندكراوێك بوو لە قەفەسێكی زێڕیندا. ژیانێكی ئاستبەرزمان هەبوو، بەڵام بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوكێدا دەژیاین! چونكە سەددام نزیكترین هاوڕێی خۆی بەهۆی ئەوەی هاوبیری نەبوو، دەستبەجێ دەكوشت. بەهۆی نزیكیی سەددام لە ئێمەوە، خەڵك وا بیری دەكردەوە كە ئێمەش وەك سەددامین. بۆیە لە هەردوو جیهاندا بە هەڵواسراوی مابووینەوە.

ئایشە: ئەی باوكت؟

سالبی: ماوەیەكی زۆر بوو لە باوكم تووڕە بووم. چونكە بەردەوام گەشتمان بۆ ئەملاو ئەولا دەكرد. دایكیشم بەردەوام دەپاڕایەوە بۆ ئەوەی هەڵبێین و خۆمان رزگار بكەین. بەڵام ئەو، بەردەوام رەتیدەكردەوە. هەرگیز قبووڵی نەدەكرد. دوای چەند ساڵێك، زانیم كە چەند هۆكارێك و پاساوێك هەبوون رێگربوون لەوەی هەڵبێت و ئێمەش رزگار بكات.

ئایشە: چۆن گەڕانەوە نێو جیهانی عەرەبی؟ 

سالبی: دوای نزیكەی بیست ساڵ بڕیاری گەڕانەوەم دا. لە عێراق نووسینگەیەكم كردەوە و لەگەڵ ژنانی عێراق كۆبوومەوە و دیداری بەردەوامم هەبوو. بەرنامەی تەلەڤزیۆنیم بۆ ژنانی عێراق رێكدەخست. بەردەوام هانی ژنانم دەدا كە  پێویستە سەرقافڵەی گۆڕانكاری و پێشوەچوونی ناوچەكە بن. ئۆپرا وێنفری پشتیوانیی دەكردم. میوانی بەرنامەكەم بوو.

ئایشە: لە كتێبەكەتدا ئاماژەت بەوە داوە، لە ساڵانی حەفتاكاندا دەستپێكی ژیان بوو لەگەڵ سەددام، لە هەشتاكاندا ناچاریی گوزەران بوو لەگەڵ سەددام و لە نەوەتەكانیشدا ساڵانی باجی قورس بوو بەهۆی سەددام. ئێوە شاهیدی هەرسێ سەردەمەكە بوون؟ 
 

دایكم بەندكراوێك بوو لە قەفەسێكی زێڕیندا

سالبی: بەڵێ. باجی زۆر قورسم دا. حەفتاكان ساڵانی ئازادی بوو. هەشتاكان ئازادی نەما، بەڵام خۆشگوزەرانی هەبوو. سەددام مرۆڤەكانی بە پارە خەڵات دەكرد. خانوو، ئۆتۆمبێل... هتد. لە نەوەتەكاندا، خۆشگوزەرانی نەما، چونكە رژێم بەرەو نەمان دەچوو. بیرو هزری ئاینی و پارتی سیاسی سەریهەڵدا. دوای چەندین ساڵ لە دابڕان، كاتێك گەڕامەوە بینیم لەبری ئەوەی عێراق سیكولار بێت، بەرەو ئاینگەری و مەزهەبچێتی گەڕاوەتەوە. خەڵك دابەشی سەر دوو بەرە ببوون. سەددام وەك پەڵەیەكی رەش لە دڵی هەموو كەسدا شوێنەواری هەبوو. 

ئایشە: ئەی چی لەبارەی هێرشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق دەڵێی؟

سالبی: سەرەتا هەموو كەس وا بیریان دەكردەوە كە ئەمریكا برین و زامەكانیان ساڕێژ دەكات. ئەوسا راپۆرتێكی رۆژنامەڤانیم لەگەڵ ژنێك كرد لە شاری كەربەلا و پرسیارم لێكرد "ژیانی ئێستا خراپترە، یان سەردەمی سەددام؟" ئەو ژنە وەڵامێكی دامەوە، وەڵامەكەی پەندێكی زۆر گەورەبوو بۆ من. گوتی "سەددام ئەمن و ئاسایشی بۆ دابین دەكردین، بەڵام ئازادی لێ زەوت كردبووین. ئەمریكا ئازادیی پێداین، بەڵام ئەمن و ئاسایش بەرقەرار نییە. ئەگەر لە نێوان سەقامگیری و ئازادی پرسیارم لێ بكەیت. بەدڵنیاییەوە ئاسایش و سەقامگیری هەڵدەبژێرم".

ئایشە: ئەی دوای سەددام؟ 

سالبی: وڵات بەتەواوی داڕما. عێراقییەكان خۆزگەیان بە سەردەمی سەددام دەخواست. لەم نێوەندەدا، داعش سەریهەڵدا و دۆخەكەی زۆر خراپتر كرد. بەڵام من دیسان رەشبین نیم. عێراقی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لە عێراقی سەردەمی سەددام. ئێستا گوتاری خۆی هەیە. هەوڵ هەیە بۆ پێكهێنانی قەوارەیەكی خاوەن بەها. 

ئایشە: بۆچی دایكت ویستی لە تەمەنێكی بچووكدا بەشووت بدات؟

سالبی: چەندین ساڵ داوای لێبووردنەكەی دایكمم قبوڵ نەكرد. دایكم بۆ من نموونەی فیمینیزم بوو. هەر لە تەمەنێكی زوو، زۆری لێكردم بۆ ئەوەی زۆرترین كتێب لەبارەی ژنی هاوچەرخ و فیمینیزم بخوێنمەوە. قۆڵی دەگرتم و رایدەوەشاندنم و دەیگوت: "هەرگیز رێگە نەدەیت پیاو ئەشكەنجەت بدات. لێنەگەڕێی دەستت بۆ درێژ بكات بەواتای شكاندنی شكۆمەندیت". بەردەوام رێگر بوو لەوەی فێری چێشتلێنان و پاكوخاوێنی ببم. هەرگیز باوەڕی بەوە نەبوو، بەهۆی ئافرەتبوونمەوە ئەم كارانە بكەم. بەڵام لە هەمانكاتدا زۆری لێكردم لە تەمەنی 19 ساڵیدا شوو بەگەنجێكی عێراقی بكەم كە لە بانكێكی ئەمریكا كاری دەكرد. گریا، پاڕایەوە، هەموو هەوڵ و توانایەكی خۆی خستەگەڕ، تا ئەو كاتەی ئامانجەكەی پێكا. بەخێرایی بەشوویدام و لە ئەمریكا نیشتەجێ بووم.

ئایشە: دواتر؟

سالبی: دوای پرۆسەی هاوسەرگیری، خێزانەكەم گەڕانەوە. ئەوكات سەددام كوێتی داگیركرد و سنوورەكان داخران. ماوەی نۆ ساڵ پەیوەندیم لەگەڵ خێزانەكەم پچڕا. زۆر تووڕە بووم لە دایكم. ژیانی تاڵ كردم. هاوسەرگیرییەكەم تەنیا لەسەر كاغەزێك بوو. ئەو كەسەی كە هاوژینم بوو، رۆژانە ئازار و ئەشكەنجەی دەدام و دەستدرێژیی دەكردە سەرم، لە كاتی سێكسدا توندوتیژ بوو.

ئایشە: چۆن خۆت رزگار كرد؟

سالبی: هەڵاتم! پۆشاكی گرانبەهام لەبەربوو، بەڵام هیچ پارەیەكم لە گیرفاندا نەبوو. سەردانی نووسینگەی كۆچبەرانم كرد و پاسپۆرتەكەم دانێ. پرسیارم كرد، چۆن بگەڕێمەوە وڵاتەكەم، ناتوانم پەیوەندییان پێوە بكەم، رێگایەكم نیشان بدەن و هاوكاریم بكەن. ئەو ئافرەتەی قسەم لەگەڵی كرد، بەزەیی پێمدا هاتەوە و یارمەتی دام و مۆڵەتی كاركردنی پێدام. منیش لە تەمەنی 20 ساڵی لە سفرەوە دەستم بەژیانێكی نوێ كردەوە. دووبارە شووم كردەوە.

ئایشە: ئەی دایكت؟ دووبارە بینیتەوە؟

سالبی: بەڵێ. دوای نۆ ساڵ سەردانی ئەمریكای كرد. پرسیارم لێكرد "بۆچی وات لەمن كرد؟" ئەوكات زۆر نەخۆش بوو. دەنگی نەمابوو. بەنووسین وەڵامی دامەوە "بۆ پاراستنی تۆ ئەو كارەم كرد". دواتر بۆی گێڕامەوە كە لەژێر چ گوشارێكدا بووە. منیش لێی خۆشبووم و دوای چەند رۆژێك كۆچی دوایی كرد بەداخەوە. 

ئایشە: دایكت ئامۆژگاریی كردبووی كە سەیری نێوچاوی سەددام نەكەی، ئەمە بۆ؟

سالبی: دایكم پێیدەگوتم "هیچ شتێك لە مێشكتدا نەهێڵیتەوە، هەموویان بسڕەوە، چونكە سەددام كاتێك سەیری نێو چاوت دەكات، دەستبەجێ هەستەكانت دەخوێنێتەوە".  دایكم ئامۆژگاری دەكردم كە هەرگیز سەیری نێو چاوی سەددام نەكەم. ترسێكی زۆر گەورە لەدایكم دەخوێندرایەوە لە بەرامبەر سەددام. بەردەوام هۆشداری پێدەدام و دەیگوت: "ئەگەر سەددام پێكەنی، تۆش پێبكەنە، تەنانەت ئەگەر گریا تۆش لەگەڵی بگری". 

ئایشە: دایكت سەرباری ئەو هەموو ترس و دڵەڕاوكێیە، چۆن دەیتوانی ئاهەنگ بگێڕێ و دانس بكات؟ 

سالبی: بەپێچەوانەوە، دایكم بۆ ئەوەی هەموو گومانەكان لەسەرخۆی دووربخاتەوە، بەتایبەتی لە بەرامبەر هەژموونی پیاوسالارێتی ئەم كارەی دەكرد. زۆربەی كاتەكانی لەگەڵ ئافرەتان بەسەردەبرد. لە زۆربەی ئاهەنگ و رێوڕەسمەكاندا ژمارەیەكی زۆر لەشفرۆش هەبوون، دایكم بە ئەنقەست ئەم كارەی دەكرد، بۆ ئەوەی پیاوەكان سەرقاڵی ئەم لەشفرۆشانە بن و دووربكەونەوە لە توندوتیژی دژی هاوژینەكانیان.

ئایشە: كەی "رێكخراوی نێودەوڵەتی ژن بۆ ژن"ت دامەزراند؟ 

سالبی: لە سێیەم ساڵی نیشتەجێبوونم لە ئەمریكا. كاتێك لە عێراق بووم تەنیا ژنانی عێراقیم دەبینی. كاتێك لە ئەمریكا بووم، بۆ یەكەمجار گوێم لە مەینەتییەكانی ژنانی بۆسنی بوو لە كەمپەكان. بیرم كردەوە كە كاتی هاتووە شتێك بكەم بۆ ژنان. كاتێك لە عێراق بووم، ئازاد نەبووم. بەڵام لە ئەمریكا ئازادیی قسەكردنم هەیە. پێویست بوو ئەو ئازادییە بەكاربهێنم. كاتێك ئەم رێكخراوەم دامەزراند، هەموو كەس گاڵتەیان پێدەكردم. چونكە من پەنابەرێكی عێراقی نیشتەجێبووی ئەمریكا بووم. موسڵمان و زمانی دووەمیشم ئینگلیزی بوو. هەروەها پارەیەكی باشم نەبوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەم رێكخراوە. سەرەتا پارەم بۆ 32 ژن كۆكردەوە. چوومە سنووری كرواتیا و پارەكەم بەسەر ژنانی ئاوارەی بۆسنیدا بەشكرد. دوای 12 ساڵ خاوەن كۆمەكی یەك ملیۆن دۆلاری بووم كە دەستی یارمەتیم بۆ هەزاران ژنی لێقەوماو درێژ كرد. ژنانی رواندا، كۆنگۆ، كۆسۆڤۆ، عێراق، ئەفغانستان و چەندین وڵاتی دیكەش. دەستی یارمەتی و هاوكارییەكانم تەنیا لە رووی بەخشینی پارە نەبوو، بەڵكو دابینكردنی دەرفەتی كار و پێدانی هیوا و ئومێد بوو.
 

15143 ژمارەی بینین

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

بورهان ره شيد | 15/07/2018 06:00:53 ص
زؤر به داخه وه رؤحى مردوه كان شدبيت خواى كهوره شفاى بريناره كانيان بدات
ازاد | 15/07/2018 09:26:46 ص
بەداخەوەى جیگایان بەهەشت بیت
 سێ کەسی خێزانێک کە لە ئەڵمانیاوە دەگەڕانەوە بە رووداوێکی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
| دوێنێ کاژێر 05:06 | (2)
Rayo | 14/07/2018 10:28:39 م
Hech ma7qul nya iraq hech paywande ba ema nya entarnet la hareme kurdustan dabexn 😑
lawand barzani | 15/07/2018 03:58:44 ص
بۆ دەتوانن بەم شێوەیە دەنگی نارەزایی خەڵک کپ کەن
فەیسبووک لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگیرا
| دوێنێ کاژێر 06:13 | (8)
Awat | 14/07/2018 01:46:41 م
ئەو گوران کاریانە زور پیویست بون بەتایبەت لە کەرکوک پاش ەوەی کە ثاش ماوەچی کورت پیشمەرگە دەگەریتەوە لو کەرکوک لو ئەوەی دەست بە ژیانەچی نوی بکری لەو...
پارتی گۆڕانکاریی نێوخۆیی لە چەند پۆستێکی کەرکووک و سلێمانیدا دەکات
| دوێنێ کاژێر 04:35 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

حکومەتی عێراق هۆشداری دەداتە ئەو خۆپیشاندەرانەی هێرشدەکەنە سەر دامەزراوەکانی  16 کاژێر لەمەو بەر |

حکومەتی عێراق هۆشداری دەداتە ئەو خۆپیشاندەرانەی هێرشدەکەنە سەر دامەزراوەکانی

خۆپیشاندەران داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان زۆرتر
گوشاری دەروونی ئەگەری کوێربوون زیاددەکات 13/7/2018 |

گوشاری دەروونی ئەگەری کوێربوون زیاددەکات

بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی کۆرتیزۆڵ زۆرتر
0.343 seconds