وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

ئازاد جوندیانی: مام جەلال ئامۆژگاری دەكردم نابێ‌ قسە لەسەر ماڵی مەلا مستەفا بكەین

لەلایەن مەحموود یاسین کوردی 15/5/2017
ئازاد جوندیانی، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان
ئازاد جوندیانی، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان

رووداو- هەولێر

ئازاد جوندیانی، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە زۆر نییە لەو حیزبە هاتووەتە دەرەوە، لە یەكەم هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ هەفتەنامەی (رووداو) پاش دەستلەكاركێشانەوەی لە یەكێتی، باسی پرسی سەربەخۆیی و كێشە سیاسییەكانی ئەمڕۆی كوردستان دەكات و دەڵێ‌: "نابێ‌ هیچ قەیرانێك رێگر بێ‌ لەبەردەم گشتپرسی و سەربەخۆیی". 

جوندیانی كە رۆژی  9/2/2017 نامەی وازهێنانی لە یەكێتی ئاراستەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی كرد، ئاشكرای كرد دوای وازهێنانی لە یەكێتی چاوی بە مەسعود بارزانی كەوتووە و دەڵێت بڕیاری داوە ئیشی حیزبی ناكات، بەڵام لەپێناوی سەربەخۆیی ئەگەر ئەو كارە پێویستی بەو بێت، ئامادەیە بچێتە ناو پارتی.

 دوای وازهێنانم لە یەكێتی چوومە خزمەتی بارزانی

رووداو: پرسیارێكی تەقلیدی كە زۆر دەكرێت، كورد چۆن دەگاتە سەربەخۆیی؟

ئازاد جوندیانی: بۆ سەربەخۆیی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان تێزەكەی دیاری كردووە كە رێگایەكی ئاشتیانە و نەرمە، بە دوو ئاراستە ئیش لەسەر ئەو مافە دەكرێت: بە گشتپرسی، بە ئاراستەی دەرەوەش كە ئێمە لەگەڵ بەغدا نامانەوێ‌ ببینە دراوسێیەكی دوژمن و ناكۆك. هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش دەمانەوێ‌ بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بەو مافە رەوایەی خۆمان بگەین.

رووداو: بەو ناكۆكییە سیاسییەی لە نێوان لایەنەكاندا هەیە، دەتوانرێت گشتپرسی بكرێ‌؟
 
نابێ‌ بەهۆی پەرلەمانەوە خۆمان لە گشتپرسی بدزینەوە


ئازاد جوندیانی: هەر لایەنێك دەتوانێت پاساوی نەبوونی زەمینە بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی بهێنێتەوە، بەڵام نابێ‌ هیچ قەیرانێك رێگر بێت لە بەردەم گشپرسی و سەربەخۆیی، چونكە سەربەخۆیی بەشێك لەو كێشە و قەیرانانە چارەسەر دەكات. زەمەن و مێژوو لەسەر من و تۆ ناوەستێ‌، لە 100 ساڵی رابردوودا چ كاتێك هەلومەرج وەكو ئەوەی ئەمڕۆ لەبار بووە بۆ سەربەخۆیی تاوەكو ئێمە بەهۆی قەیران و كەموكوڕیی ناوخۆیی ئەم دەرفەتەی ئێستا هاتووەتە پێش، وازی لێبهێنین؟ كێ‌ دڵنیایی دەداتە من وەكو هاونیشتمانییەك كە ئەو هەلومەرجە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەی ئێستا هەیە دوای 10 ساڵی دیكە بەردەوام دەبێت؟

رووداو: ئێستا قەیرانێكی سیاسی هەیە كە پەرلەمانی پەكخستووە، دەكرێ‌ بەبێ‌ پەرلەمان گشتپرسی بكرێت؟

ئازاد جوندیانی: پەكخستنی، پەكخرانی و پەككەوتنی پەرلەمانی كوردستان بە هەر سێ‌ ماناكە، ناكرێ‌ بكەینە بیانوو بۆ خۆدزینەوە لە گشتپرسی، بەكارهێنانی گشتپرسی وەكو كارتێكی گوشار لەلایەن حیزب و لایەنێك دژی لایەنێكی دیكە، بۆ سازشپێكردنی لە بابەتێكی دیاریكراو بۆ سەرخستنی بەرژەوەندییە حیزبی و شەخسییەكان، لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا نییە.
 
سێ‌ مانگە مووچەی پاسەوانەكانم بڕاوە


رووداو: وەڵامی پرسیارەكەت نەدامەوە، بەبێ‌ پەرلەمان گشتپرسی دەكرێت؟

ئازاد جوندیانی: من كەسێكی یاسایی نیم و سیاسیم، پێتدەڵێم بەڵێ‌ دەكرێت.

رووداو: تا ماوەیەك پێش ئێستا تۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بووی، یەكێتی لە مەسەلەی گشتپرسی جدییە و هاوڕایە لەگەڵ پارتی؟

ئازاد جوندیانی: یەكێتی لە چاو چوار مانگ پێش ئێستا دیدێكی رۆشنتری بۆ سەربەخۆیی هەیە، بۆ یەكێتی وا باشە كە گشتپرسی بكرێت، چونكە یەكێك لە دروشمەكانی یەكێتی مافی چارەی خۆنووسین بووە، یەكێتی لەبارەی سەربەخۆیی موراجەعەیەكی خۆی كردووە، هیوادارم جدیتر و بوێرتر موراجەعە بكاتەوە.
 
یەكێتی لەچاو چوار مانگ پێش ئێستا دیدێكی رۆشنتری بۆ سەربەخۆیی هەیە

رووداو: پێتوایە هەموو یەكێتی بێنە پاڵ یەكدی و لەگەڵ پارتی گشتپرسی بكەن؟

ئازاد جوندیانی: پێموایە بەشێكی یەكێتی لە سەرەتاوە بۆ گشتپرسی نایەت، دواتر ناچار دەبێت ئەویش بێت، پێشتر هەر كاتێك كاك مەسعود بارزانی باسی سەربەخۆیی و گشتپرسی بكردایە وەڵامێكی خێرا لە لایەنەكانەوە دەبوو كە دەیانگوت موزایەدەیە، بەڵام دوای هاتنی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هەولێر، ئیدی ئەو وەڵامە گۆڕاوە، ئێستا دەڵێن بەبێ‌ پەرلەمان ناكرێت، یاخود بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێ‌ شانشین دروستبكەن، بێگومان پارتی و ئەو بەشەی یەكێتی لەگەڵ یەكگرتوو، هەروەها لایەنەكانی دیكە بچنە پاڵ یەكدی و هەنگاو بنێن، پێموایە ئەو بەشەی یەكێتی ناچارە رابكات و بگاتەوە بەوان.

رووداو: ئەو بەشەی یەكێتی كاتێك دەچێتەوە سلێمانی و كۆبوونەوەی سەركردایەتی دەكات، دەڵێ‌ بەبێ‌ كاراكردنەوەی پەرلەمان گشپرسی ناكرێت، كەواتە پارتی دەتوانێت بە تەنیا ئەم ئیشە بكات؟

ئازاد جوندیانی: پارتی ئەگەر چاوەڕێی چارەسەر دەكات ئەوە گرنگ و پێویستە، بەڵام ئەگەر پارتی وای دەبینن ئەم گفتوگۆیانە زیاتر بۆ پەكخستن و رێگرییە لە چوونەپێشەوەی گشتپرسی، پێموایە پێویست ناكات چاوەڕێ‌ بكات.
 
بەشێك لە یەكێتی دواتر بۆ لای سەربەخۆیی رادەكەن


رووداو: هەندێك لایەن گومانیان لە بارزانی هەیە لەوەی سووربوونی لەسەر گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی نییە، بەڵكو مەبەستی سیاسی هەیە، تۆ هەستت بەوە كردووە؟

ئازاد جوندیانی: بەبێ‌ ئەوەی وردەكارییەكەت پێبڵێم، كاك مەسعود بارزانی لە گشتپرسی و سەربەخۆیی راستگۆیە، مەبەستێتی بە بەشداریی كارای ئەو، یان رۆڵی هەبێت لەوەی كورد بگاتە ئەو مافە رەوایەی خۆی، بە نەفەسێكی درێژ لەگەڵ لایەنەكان ئیش دەكات بۆ ئەوەی زۆرترین لایەن و ئاراستەی سیاسی لەو پرسە كۆبكاتەوە، پێموایە لە یەك دوو مانگی داهاتوودا كاك مەسعود بارزانی هەنگاوی باش بۆ گشتپرسی دەنێت.

رووداو: یەكێتی رێككەوتنێكی ستراتیژی لەگەڵ پارتی هەیە و هەروەها رێككەوتنی 17ی مایسی پارساڵیشی هەیە لەگەڵ گۆڕان، تا ئەوكاتەی تۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووی، پێتوابوو كامیان لە بەرژەوەندیی حیزبەكەت بوو، كامەیان بۆ ئەو گرنگترە؟

ئازاد جوندیانی: تێبینیم لەسەر رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان هەبوو، كاتی خۆیشی بە راشكاوانە ئەو تێبینیانەم گوتووە، ئەو رێككەوتنە ئەوەندەی پەیوەستە بە جوگرافیایەكی دیاریكراوەوە، ئەوەندە پەیوەست نییە بە سەرتاسەری كوردستان، هەر لایەك لە شوێنی یەكێتی بووایە رێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان دەكرد، چونكە هەردووكیان خاوەنی نفوز و جەماوەرن لە یەك ناوچە، ئەوكاتیش گوتم كە چۆن یەكێتی رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی هەیە، دەبێ‌ پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ گۆڕانیش هەبێت.
 
ئەگەر گفتوگۆكان بۆ پەكخستنی گشتپرسی بێت نابێ‌ پارتی چاوەڕێی لایەنەكان بكات


رووداو: ئەی بۆچی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا؟

ئازاد جوندیانی: پەیوەندی بە كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتییەوە هەبوو، بەشێكی دیكەشی پەیوەندی بەو مێژووە كورتە پڕ لە تەشەنوج و ناكۆكییەی نێوان گۆڕان و یەكێتییەوە هەبوو، ئەگەرچی دڵنیاییەك درابووە پارتی كە ئەم رێككەوتنە لە دژی ئەوان نییە، بەڵام وەكو سلێمانی دەڵێن، هەرچی سەرە واوێكی لەسكدابێت، دەیزانی ئەم رێككەوتنە بۆ پەراوێزخستنی پارتی بوو. رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی جۆرێك بوو لە زیندووكردنەوە و بەردەوامی ئەو مەدرەسە سیاسییەی كە لە سلێمانی هەبووە بۆ دژایەتی پارتی، هەندێك نووسەر و رۆشنبیریش نووسیویانە كە ئەمە جۆرێكە لە زیندووكردنەوەی ناكۆكییەكانی ساڵی 1964.

رووداو: تۆ بۆچی لەنێو یەكێتی نەمایتەوە پەرە بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی بدەی، بۆ ساحەكەت چۆڵ كرد؟

ئازاد جوندیانی: ئەگەر ئومێدم هەبووایە دەمامەوە، بەڵام ئومێدم نەبوو یەكێتی بخەینەوە سەر سكەی خۆی، پێموانەبوو لەنێو یەكێتی بەو میكانیزمی ئیشكردنە بتوانم هیچ رۆڵێكم هەبێت، من بەدوای رۆڵی سفر ناگەڕێم، نامەوێ‌ رۆڵم 100 بێ، بەڵام لەو شوێنە نابم كە رۆڵم سفر بێت، دەمەوێ‌ ئەوەش بڵێم، موتڵەقەن لەسەر بەرژەوەندی شەخسی وازم لە یەكێتی نەهێناوە.
 
بارزانی لە یەك دوو مانگی داهاتوودا هەنگاوی باش بۆ گشتپرسی دەنێت



رووداو: بۆچی هاوڕێیەكانت جێهێشت، چونكە خەڵكی دیكەش لە نێو یەكێتی نیگەرانن، بە تایبەتی ناوەندی بڕیار و جێگرانی سكرتێری گشتی؟

ئازاد جوندیانی: بڕوا ناكەم جێگرانی سكرتێری گشتی ئەوەی دەیانەوێ‌ بتوانن لەنێو یەكێتی جێبەجێی بكەن، من خۆم پێموایە ژمارەیەك لە رەفیقەكانیشم لە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئێستا رۆڵی سفر لەنێو یەكێتی دەبینن.

رووداو: لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەت نووسیوتە ئەگەر مام جەلال لە كایە مابایەوە ئەو نامەیە نەدەنووسرا، مەبەستت چییە؟

ئازاد جوندیانی: مام جەلال بە هەموو ئەو كەموكوڕی و ناكۆكیانەی نێو یەكێتی كە تا ئاستێك لەوانەیە دەستی ئەویش تێدابووبێ‌، توانی ئیدارەی یەكێتی بكات و رۆڵی كەسمان سفر نەبێت.
 
رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی زیندووكردنەوەی ئەو مەدرەسەیە بوو كە دژایەتی پارتی دەكات

رووداو: ئێستا چۆن یەكێتی بەڕێوەدەچێت؟

ئازاد جوندیانی: هەر وەكو پێشتر بەڕێوەدەچێت، گرووپێك كۆنترۆڵی هەموو شتێكی یەكێتی كردووە.

رووداو: ئەو كاتەی تۆ بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی بووی تۆمەتبار دەكرای بە دژایەتی گۆڕان و دەرپەڕاندنی ئەوانەی مەیلیان بەلای باڵی ریفۆرم و گۆڕانەوە هەبوو لە دوای 2009؟

ئازاد جوندیانی: ناڵێم هەڵەم نەكردووە وەكو هەر سیاسییەكی دیكە، لە هیچ هەڵەیەكی خۆشم پەشیمان نیم، هەموو  كارەكانم بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی كردووە و هەموویشیم بە بەڵگە هەیە، من بەرپرس بووم لە بەرامبەر شاڵاوێك كە دەیویست یەكێتی وردوخاش بكات، دەبوو بەرگری لەوە بكەم یەكێتی وردوخاش نەبێت.

رووداو: تۆ لە مام جەلال نزیك بووی، تێڕوانینی مام جەلال بۆ سەربەخۆیی چی بوو؟

ئازاد جوندیانی: من سەرپشك نیم بە ناوی مام جەلالەوە قسە بكەم، دەستم بە نووسینەوەی یاداشتەكانم كردووە و ناویشم بۆ داناوە: (ژوورە شێدارەكانی سیاسەت)، لەوێ‌ زۆر شت باس دەكەم، مام جەلال لایەنگری سەربەخۆیی كوردستان بوو، كتێبێكی هەیە كە وەڵامی شیوعییەكانی داوەتەوە بە ناوی (أغد ودیمقراگی وحرمان شعب حتی من حق الحلم؟) لەوێ‌ روانگە و ستراتیژی مام جەلال بۆ سەربەخۆیی خراوەتەڕوو، من حەقم بە لێدوانی لابەلا بۆ مامەڵەكردنی رۆژانە لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی نییە، ئەمە شتێكی تاكتیكیە، بەڵام روانگەی ستراتیژیی مام جەلال لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانە.
 گرووپێك هەموو شتێكی یەكێتی كۆنترۆڵكردووە

رووداو: تۆ لە تاڵەبانی نزیك بووی، سەرنجت لەسەر بڵاوبوونەوەی كتێبی دیداری تەمەن چییە؟

ئازاد جوندیانی: زۆر جاران كاك سەڵاح رەشیدم دەبینی كە دەهاتە لای مام جەلال بۆ تۆماركردنی ئەو یاداشتە، پتر لە دووجار گوێم لێبووە مام جەلال دەیگوت كاكە سەڵاح ئەم شتانە بە ئەمری خۆم نەبێت یان لە دوای خۆم، بڵاوناكرێنەوە.

رووداو: تاڵەبانی دوای رێككەوتنی ستراتیژی چۆن ئامۆژگاری و رێنمایی ئێوەی دەكرد لە مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی و بنەماڵەی بارزانی؟

ئازاد جوندیانی: ئامۆژگارییەكانی ئەوە بوو كە نابێ‌ لەگەڵ پارتی تێكیبدەین، بەو پێییەی من بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندن بووم، دەیگوت ئەگەر پێویست بكات، قسە لەسەر پارتی بكەن، بەڵام نابێ‌ لەسەر ماڵی مەلا مستەفا قسە بكەن، مام جەلال پیاوێكی تێگەیشتوو بوو، دەیزانی كە بە ناكۆكییەكی 50 ساڵی نەتوانرا هیچ لایەك ئەوەكەی دیكە بسڕێتەوە، بۆیە دەبێ‌ رێكبكەوین.
 
500 كەس كە بەهۆی منەوە بوونەتە یەكێتی دەیانەوێ‌ خۆیان بگوازنەوە

رووداو: تۆ رەخنەت لە وجودی پەكەكە لە شنگال گرتبوو، بۆچی؟

ئازاد جوندیانی: بۆ بەس لە شنگال، لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان هەیە، وجودی پەكەكە بەم تەشەنوجە لێرە نابێت، ئەم بوونە زەرەری لە هەرێمی كوردستان داوە، نابێ‌ بەبێ‌ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان پەكەكە لێرە هەبێت، چۆن ئێمە بۆمان نییە لە كوردستانی توركیا خۆمان بسەپێنین ئەوانیش لێرە ناتوانن وا بكەن. مەترسییەكە لێرەیە كە روانگەی پەكەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كوردستان لەگەڵ هەرێمی كوردستان جیاوازە، بە تایبەتی لەدوای دەرچوونی تێزەكەی ئۆجەلان كە بڕوای بە دەوڵەتی نەتەوەیی نییە، بەڵكو خۆسەری دیموكراتی كە ئێستا لە رۆژئاوا جێبەجێ‌ كراوە، بە چارەسەر دەزانێ. ئەگەر ئەوە لە شنگال جێبەجێ‌ بكرێت، مەترسی پێكدادانی دوو فەلسەفە هەیە.

رووداو: پەكەكە سوودی لە بۆشایی وەرگرتووە، بە تایبەتی لە سلێمانی هەندێك سەركردەی یەكێتی پشتگیرییان دەكەن، ئەمە مەترسی نییە بۆ هەموو حیزبەكان؟

ئازاد جوندیانی: پەكەكە لە كوردستانی عێراق زۆر پەرەی سەندووە، رەنگە لە بواری سەربازی پەرەی نەسەندبێ‌، بەڵام لە بواری پروپاگەندە و راكێشانی خەڵكێكی تەمەن دیاریكراو بۆ لای خۆی، چالاكە.
  مام جەلال بە سەڵاح رەشیدی گوت كە تەنیا بە ئەمری خۆی، یان دوای نەمانی خۆی یاداشتەكانی بڵاوبكاتەوە

رووداو: هیچ داوایەك لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە هەبووە بۆ ئەوەی لەوێ‌ دەستبەكار بی بۆ كەیسی گشتپرسی و سەربەخۆیی؟

ئازاد جوندیانی: ئەو كاتەی دەستم لەكاركێشایەوە هەڵمەتێكی توندی چەواشەكارانە كرایە سەر من. روونكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پشتگیرییەكی مەعنەویی گەورە بوو بۆ من. ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕی لە هەر شوێنێك بتوانم خزمەت بكەم، بۆیە ئەوەم وەكو پێشنیازێك وەرگرت و سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەم.

رووداو: دوایینجار كەی بارزانیت بینی؟

ئازاد جوندیانی: دوای ئەوەی دەستم لەكاركێشایەوە چوومە خزمەتی و میوانداری كردم، زۆر بابەتمان پێكەوە باس كردووە، بەڵام تەركیزمان لەسەر چۆنیەتی سەرخستنی ستراتیژی سەربەخۆیی بوو.

رووداو: خەڵكێكی زۆری یەكێتی پرسیار دەكەن دەڵێن مەبەستی ئازاد جوندیانی لە ئیشكردن لەسەر سەربەخۆیی ئەوەیە ببێتە پارتی؟

ئازاد جوندیانی: لە نامەكەدا بە روونی باسم كردووە كە لەپێناوی ستراتیژی سەربەخۆیی كاردەكەم، بڕوا ناكەم ئێستا پێویستی بەوە هەبێت لەپێناوی سەربەخۆیی ببمە پارتی، بەڵام ئەگەر رۆژگارێك رۆڵی من ئەوە بوو لە پارتییەوە بچم كار بۆ سەربەخۆیی بكەم، ئامادەم بچم بیكەم، ئەگەر لەنێو یەكگرتووش بێت دەچم دەیكەم هەروەكو پێشتر لەنێو یەكێتی كردوومە. نە پارتی داوای لێكردووم ببمە پارتی، نەخۆشم دەمەوێ‌ بچمەوە نێو مەعەممای حیزبی. لەبەر ئەوە نییە پارتیبوون عەیب بێت. هەزاران تێكۆشەری گەورە لەنێو پارتی هەن و هەزار تێكۆشەری گەورەش لە نێو پارتی سەریان نایەوە، لەوانە باوكم. بەڵام لەوانەیە ئەو خزمەتەی لە دەرەوەی حیزب دەتوانم بیكەم بۆ سەربەخۆیی، لەنێو حیزب نەتوانم بیكەم. 
 
نابێ‌ بەبێ‌ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان پەكەكە لێرە هەبێت

رووداو: بابەتی دروستكردنی فەوج لەلایەن پارتییەوە بۆ تۆ چەند راستە؟

ئازاد جوندیانی: نزیكەی 500 خزمم لەنێو هێزەكانی یەكێتیدان، ئەوانە زۆریان حەزدەكەن شوێنیان بگوازنەوە، بە كورتییەكەی سیستەمی حیزبایەتی وایە، ئەوانە لە رێگای منەوە بوونەتە یەكێتی و پێشمەرگە و  چەكداری یەكێتی، كە من لەنێو یەكێتی نەماوم، ئەوانیش حەز دەكەن بێنە شوێنێك لە منەوە نزیك بن.

رووداو: بەهۆی وازهێنانی تۆ لە یەكێتی ئەوان ئازار نەدراون؟

ئازاد جوندیانی: لەوانەیە شتی وا روویدابێت، بەڵام خۆ من قاید فەیلەق نیم، ئەو هەموو چەكدارەم بۆ چییە. رەنگە تەنیا پێویستم بە 10 تا 15 كەس بێت ئەوپەڕی، ئەو پاسەوانانەی منیش كە خزمی خۆمن و لەگەڵ منن، ماوەی سێ‌ مانگە لە یەكەی 70 مووچەكانیان بڕاوە بەداخەوە.

 

نیشانەکردن : ئازاد جوندیانی
18408 ژمارەی بینین

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Azad Azad | 23/07/2017 03:55:48 م
به‌ته‌ئگید ئێران عیراق داگیر ده‌كات شه‌ڕ و كوشتار و ماڵ وێرانی زۆر ده‌بێت ئه‌مانه‌ش قه‌ومی ره‌شی شیعه‌ ماڵیانم به‌قورگرت..!!!!!
عێراق و ئێران رێککەوتنێکی سەربازیی واژۆ دەکەن
| 23 کاژێر لەمەو بەر | (1)
ئارام رسوڵ مامەند | 20/07/2017 09:05:09 م
دەست خۆش کاک ئاکۆ، وتارەکەت زۆر جوان و لە جێگای خۆیەتی، بەڕاستی ڕیفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆی تاقیکردنەوەیەکە بۆ هەمو جیهان و من پێم وایە کومەڵگای...
بژار | 23/07/2017 11:58:58 ص
ده‌ست خۆش!!! به‌ڵام من تێناگام كوردانی سوید ئیشو كاریان چیه‌ بۆ هه‌ڵوێستیان نیه‌؟؟؟؟ به‌ڵام لێیان ناگرم سۆسیال بدراگیان ده‌برێت بۆیه‌ هه‌ڵوێستیان...
حكومەتی سوێد دژی رای میللەتانە
| 19/7/2017 | (3)
Farhad Rashid
Farhad Rashid | 23/07/2017 10:56:17 ص
وةلا نازانم وةستانى مووجة بة مةفهومى ئيوة جؤنة بة سى رؤز مووجةى يةك دةزكايةك دابةش دةةكةن كار وا بروات تا دوو مانكى تر خةلك مووجةى ثى نادريت
وەزارەتی دارایی: بەهیچ شێوەیەک دابەشکردنی مووچە ناوەستێت
| دوێنێ کاژێر 08:40 | (1)
aland | 23/07/2017 09:41:41 ص
Dast tan khosh
ئه‌مشه‌و ریال مه‌درید ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌
| دوێنێ کاژێر 10:40 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

لە سویسرا بە مشاری کارەبایی هێرشکرایە سەر خەڵک 3 کاژێر لەمەو بەر |

لە سویسرا بە مشاری کارەبایی هێرشکرایە سەر خەڵک

پێنج کەس بریندار بوون زۆرتر
ژنە پزیشکێک لە بەغدا بە چەقۆ کوژرا 5 کاژێر لەمەو بەر |

ژنە پزیشکێک لە بەغدا بە چەقۆ کوژرا

لەماوەی 48 کاژێردا دوو پزیشک لە بەغدا کوژراون زۆرتر
 6 کاژێر لەمەو بەر |

"حکومەتی عێراق بۆ پێشمەرگە: جارێ هێرشکردنە سەر حەویجە پێویست نییە"

هێشتا حەویجە، چوار ناحیە و 500 گوند لەدەست زۆرتر
0.25 seconds