وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

ئیرەج مەسجدی: دكتۆر بەرهەم لە دۆستانی كۆماری ئیسلامییە و ئێمە لێی رازین

لەلایەن هیوا جه‌مال 15/11/2018
ئیرەج مەسجدی: پەیوەندی ئێستامان لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئێجگار باشە
رووداو - بەغدا
 
ئیرەج مەسجدی، كەمتر لە دوو ساڵە باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێرانە لە عێراق، پێیوایە لەسەردەمی ئەودا پەیوەندییەكانی عێراق و ئێران زۆرتر بەرەو پێشچوون، بە تایبەتی لە رووی ئەمنی و ئابوورییەوە. داعش لە عێراق نەما. هاوردەی گاز و وزەش بۆ عێراق زیادی كردووە كە ئەو دەڵێت پێویستە غازەكەیان بگاتە هەرێمی كوردستانیش. 

ئیرەج مەسجدی، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات و دەڵێت پەیوەندیییەكان ئێستا ئێجگار باشن. سەبارەت بە پەیوەندییەكانیشیان لەگەڵ پارتی و یەكێتی، دەڵێت "پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ یەكێتی زیاتر نین لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ پارتی... رەنگە پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی زیاتریش بێ‌"

رووداو: ئێران وەكو هێزێكی ناوچەیی بەردەوام لە ناوچەكە و لە عێراقیش رۆڵی هەبووە، ئێستا رۆڵی ئێران لە عێراقدا چۆنە و چۆن هەڵیدەسەنگێنن؟ 

ئیرەج مەسجدی: ئێران بەپێی ئەو سنوورە دراوسێیەتییە بەرفراوانەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا هەیەتی، هەروەها بەپێی پەیوەندییە كولتووری و سیاسی و مێژووییەكان. وەكو دوو وڵاتی موسڵمان و دراوسێش سروشتییە كە پەیوەندییەكانمان بەهێز و بەرفراوان بن، پەیوەندییەكان لەدوای ساڵی 2003 و كەوتنی سەدام گەشەیەكی زیاتریان بە خۆوە بینیوە، وەك چۆن لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بە هەمانشێوە.

رووداو: پاش ئەوەی بەڕێزتان بوون بە باڵیۆز لە عێراق، پەیوەندییەكان چۆنن؟ 

ئیرەج مەسجدی: لەم خولەی باڵیۆزبوونی مندا، خۆشحاڵین و سوپاس بۆ خوا پرسی داعش كە هەڕەشەی لە عێراق و ناوچەكانی كوردستان دەكرد یەكلابووەتەوە. ئەو ناوچانەی داگیری كردبوو وەرگیراونەتەوە. خاڵی دووەم: پەیوەندییەكانی ئێمە لە بواری ئابووریدا گەشەیان كردووە، بۆ نموونە لەو ماوەی دوو ساڵەدا هەناردەی غاز و كارەبای ئێران و هەناردە بازرگانییەكانی ئێران گەشە و پێشكەوتنێكی تا رادەیەك باشیان هەبووە. 

رووداو: چۆن دەڕواننە پێكهاتەی نوێی حكومەتی عێراق، بە سەرۆكایەتی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی؟ 

ئیرەج مەسجدی: ئاغای دكتۆر عەبدولمەهدی لەو هاوڕێ و كەسانەن كە پەیوەندییەكی مێژوویی و رابردوویەكیان لەگەڵ ئێراندا هەیە و بە تەواوەتی دەیناسین، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ بەڕێزیان و حكومەتەكەی بەڕێزیان بنیاتنەر و ئەرێنی دەبێ. ئێمە بۆ سەركەوتنی حكومەتی عێراق لە بوارە جیاجیاكاندا ئامادەگی خۆمان راگەیاندووە بە بڕوای من بەڕێز دكتۆر عادل عەبدولمەهدی كەسایەتییەكی هەڵكەتووە، زانایە، مرۆڤێكی بە بەرنامەیە. ئەو بەرنامەیەی كە بۆ حكومەتەكەی خۆیان رێكیان خستووە، بەرنامەیەكی شموولی و باشە، ئەگەر بتوانن جێبەجێی بكەن و بتوانن ئەو پرس و كێشانەی كە هەن چارەسەر بكەن، دەتوانێ حكومەتێكی سەركەوتوو بێ.

رووداو: رۆڵی ئێران لە هاوكاریكردنی دكتۆر عادل عەبدولمەهدیدا چی دەبێ؟

ئیرەج مەسجدی: هاریكارییەكان هەمەلایەنەن، هەم هاوكارییە سیاسییەكان لەخۆدەگرێ، بەشێكی گرنگیشی هاوكارییە ئابوورییەكان دەبێ. لە رووی كولتووری و كۆمەڵایەتیش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات یەكجار بەرفراوانن. ساڵانە زیاتر لە 6 بۆ 7 ملیۆن كەس لە نێوان هەردوو وڵاتدا هاتوچۆ دەكەن، جا بۆ زیارەت بێ یان بۆ مەبەستی گەشتیاری و پزیشكی بێ. لەڕووی ئەمنیشەوە، لە قۆناغی داعش هاوكارییەكانمان سەربازی، راوێژكاری و پێدانی چەك و لۆجیستیك و راهێنان بوون. سروشتییە كە دوای داعش ئەو هاوكارییانە لە بواری تەكنیكی، لۆجیستیكی، راهێنان و راوێژكاریدا بەردەوام دەبن.

رووداو: بەردەوام دەبن...

ئیرەج مەسجدی: بەڵێ ئەمە بەستراوەتە بە پێویستییەكانی عێراق، واتە هەرچی عێراقییەكان پێویستیان بۆ نموونە بە كەرستەی تەكنیكی یان چەك یان هاوكاری جیاجیا بێ، بەپێی پێویستی و داوای حكومەتی عێراق ئێمەش دڕێژە بە هاوكارییەكانمان دەدەین. 

رووداو: دیدگاكانی بەرهەم ساڵح چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئیرەج مەسجدی: ئاشنایەتمان لەگەڵ بەڕێز بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری بەڕێز، بۆ سەردەمی خوالێخۆشبوو تاڵەبانی دەگەڕێتەوە، بەڕای من هەڵبژاردنی ئەو دەتوانێ یارمەتی عێراق بدات، هەم بۆ پێشكەوتنی عێراق و هەم بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم. هەمیش لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و عێراق. وەها دێتە بەر چاوم و هیواداریشم وابێ دكتۆر بەرهەم كە هەر چۆنێك بێت ئەو لە یەكێتیی نیشتمانییە و لە دۆستانی كۆماری ئیسلامییە، هەم لە ماوەی سەرۆكایەتی خۆیاندا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی پەرە پێبدەن و هەمیش لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بە هەمانشێوە.

رووداو: واتە لە ستافی د.بەرهەم رازین، بەتایبەتیش یەكێك لە گەورە راوێژكارەكانی كە ئاراسی شێخ جەنگییە و دۆستێكی نزیكی ئێرانە؟ تێڕوانینتان بۆ ستافەكەی چۆنە؟ 

ئیرەج مەسجدی: گرنگ خودی دكتۆر بەرهەمە، واتە سەرۆكایەتی كۆمار. دەكرێ كەسانێكی زۆر لەگەڵیدا هاوكار بن، یان راوێژكار بن یان لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی كۆماردا لەگەڵی بن، مەسەلە گرنگەكە سەرۆككۆمار و خۆی و ئیدارەی ئەوە، كە پەیوەندی زۆر باشیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئەمە لە رابردوودا و لە ئەمڕۆكەشدا هەر وایە. دڵنیام لە داهاتووشدا ئەم پەیوەندییانە زۆرتر و باشتر دەبن. بەڵام كەسانی جیاواز، لەوانەش دۆستانی دكتۆر بەرهەم و كەسانێك كە لەگەڵ ئێراندا نزیكن یان پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران لە رابردوودا زیاتر یان كەمتر بووە، بێگومان ئەو كەسانە دەتوانن یارمەتیدەر بن، واتە رۆڵی راوێژكاری یان هاوكارییان لەگەڵ سەرۆككۆماردا هەبێ، بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان بەرەو پێشەوە بچن.

رووداو: واتە بە شێوەیەكی گشتی لە د.بەرهەم رازین؟

ئیرەج مەسجدی: بەڵێ ئێمە لێی رازین.

رووداو: هەندێك لە وەزیرەكان، بە تایبەتیش وەزیرە سوننەكان، كە دەگوترێ رەگ و ریشەی بەعسییان هەیە و ئێستا لە ناو حكومەتەكە عەبدولمەهدی دان. ئەم مژارە تاوەكو چەندە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران گرنگە و هەتا چەندە جێگەی سەرنجیەتی؟

ئیرەج مەسجدی: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی بە هەر كەسێك دابێ و هەر وەزیرێكیان هەڵبژاردبێ، ئەو هەڵبژاردنە جێگەی رێز و پشتیوانی ئێمەیە، ئیدی چ سوننەكان یان كوردەكان یان شیعەكان بن. بۆیە روانینی ئێمە روانینێكی تایفی نییە، واتە نایەین بپرسین ئەمە لە چ گروپ یان حیزب یان تایفە و مەزهەبێكە، نەخێر، ئەوەی بۆ كۆماری ئیسلامی گرنگە ئەوەیە ئاخۆ ئەم وەزیرە یان ئەو بەرپرسە یان سەرۆككۆمارە یان حكومەتەكە هەڵبژێردراوی پەرلەمانن یان نا. 

رووداو: قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران دەستیان پێكردووە، چاوەڕوانی ئێوە لە حكومەتی نوێی عادل عەبدولمەهدی چییە لەبارەی ئەو سزا نوێیانەوە؟

ئیرەج مەسجدی: چاوەڕوانی ئێمە لە عێراقییەكان ئەوەیە كە دەبێ بەرژەوەندییەكانی خەڵكی عێراق و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات لەبەرچاو بگرن. چاوەڕوانی ئێمە لە حكومەتی عێراق و هەر حكومەتێكی دیكەی جیهان، بە ئەوروپییەكان و ئەوانی دیكەشەوە، ئەوەیە كە نابێ بەرژەوەندییەكانی خۆیان و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بكەنە قوربانی سیاسەت و خواستەكانی ئەمریكا. ئەوەی كە خۆیان چ پەیوەندییەكیان لەگەڵ ئەمریكییەكاندا هەیە باسێكە، چونكە ئەمە پەیوەندی بە بۆچوون و پەیوەندییەكانی خۆیانەوە هەیە، لەوانەش عێراق، بەڵام ئەو پەیوەندییانە نابێ كاریگەری لەسەر لاوازكردنی پەیوەندییەكانی ئێران و عێراق هەبێ‌.

ئەوەی بە بۆچوونی من گرنگە ئەوەیە كە خەڵكی ئێران و خەڵكی عێراق، حكومەتی ئێران و حكومەتی عێراق دەبێ بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەبەرچاو بگرن. ئێمە دەكرێ چ چاوەڕوانییەكمان لە وڵاتێكی دۆست و برا و موسڵمان و دراوسێی وەكو عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێ؟ چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە كە دۆستایەتی خۆیان لەگەڵ ئێران بەهێز بكەن و زۆر بە راشكاوی بە ئەمریكییەكان بڵێن ئێمە و ئێران پێویستمان بە یەكدییە، ئەمە ناكرێ بكەوێتە ژێر كاریگەری سیاسەتەكان و سزاكانی ئێوەوە، هەڵبەت سروشتییە كە ئێمە ئەو چاوەڕوانییەمان لە حكومەتی عێراق هەیە.

رووداو: نوێنەری هەرێمی كوردستان لە تاران میوانی بەرنامەكەی من بوو، لەبارەی هاوكاری و هاوئاهەنگی نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش لەبارەی سزاكانەوە. ئەو گوتی پێویستە ئێرانیش هەندێك لە كاڵاكان كە لە ئێرانەوە دێ رێگری لێنەكات بۆ عێراق. ئایا ئێران لە دوای سزاكانیش بەردەوام دەبێ لە هەناردەكردنی كاڵاكانی بۆ عێراق؟ 

ئیرەج مەسجدی: پەیوەندییەكانی ئێستای ئێمە لەگەڵ هەرێم پەیوەندییەكی یەكجار باشن، بە پەیوەندییە سیاسییەكانیشەوە. ئێستا كۆماری ئیسلامی دوو نوێنەرایەتی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، واتە كۆنسوڵخانەی سلێمانی و كۆنسوڵخانەكەی هەولێر. سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەكانیش دەبێ بڵێم لە سنوورەكانی نێوان ئێران و كوردستان، واتە سنووری باشماغ، پەروێزخان  تەمەرچین ، پەیوەندییەكی ئابووریی بەهێز لە نێوان ئێران و عێراق لە ئارادایە. بۆیەش خەڵكی كورد و حكومەتی هەرێم سەتاسەت جێگەی رێز و خۆشەویستی كۆماری ئیسلامین. 

رووداو: هەر لە پەیوەندی لەگەڵ كورد و عێراق و هەرێمی كوردستان و بەغدادا، حكومەتی عێراق رایگەیاند ناردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی تانكەرەوە رادەگرێ، ئەم بڕیارە تاوەكو ئێستا جێبەجێكراوە و نەوتە راگیراوە؟

ئیرەج مەسجدی: ئێمە رێككەوتنێكمان بۆ ئاڵوگۆڕی نەوت لەگەڵ عێراقدا هەبووە و ئێستاش هەمانە، بەڵام لەبارەی شێوازی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە و بەهێزكردنەكەی ئەوە هەیە كە ئاخۆ بە تانكەر بێ یان بۆ نموونە بە شێوازێكی دیكە، ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوودا بۆ هێڵی بۆڕی نەوتی بگۆڕێ.

رووداو: پرسیارەكەی من ئەوەیە هەڵوێستی ئێوە لەسەر بڕیارەكەی حكومەتی عێراق لەبارەی راگرتنی هەناردەكردنی نەوت بۆ ئێران لە رێگەی تانكەرەوە چییە؟

ئیرەج مەسجدی: ئێمە ئێستا خەریكی دانوستاندنین.

رووداو: وەزیری نەوتی ئێران لە كۆبوونەوەی ئۆپێك بە (رووداو)ی راگەیاند بۆڕی نەوت لە نێوان عێراق و ئێراندا دەبێ، بەتایبەتیش بۆ نەوتی كەركووك. ئەم بڕیارە كەی جێبەجێ دەكرێ و كەی ئەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە؟

ئیرەج مەسجدی: ئەو پڕۆژەیە دانوستاندن و لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكرێ. ئێستا لە قۆناغە بەراییەكانی خۆی دایە، یەكێك لە بابەتە جێی بایەخەكانی نێوان ئێمە و عێراقە.

رووداو: ئیستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و ئێراندا چەندە، بە تایبەتیش لەدوای داعشەوە؟ 

ئیرەج مەسجدی: قەبارەی ئاڵۆگۆڕمان لە ساڵی رابردوودا 6.5 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا بوو، ئەمساڵیش ئەمە زیاتر دەبێ. پێموایە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ بگاتە ژمارەیەكی نزیك لە 8.5 ملیار دۆلار. باسی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان دەكەم، بەڵام لەگەڵ ئەمەدا فرۆشتنی كارەباش هەیە، فرۆشتنی غازی سروشتی بە عێراق هەیە. من هیوادارم هێڵی غازی ئێران بە كوردستانیشەوە ببەسترێتەوە، دەبێ لەگەڵ دۆستانی هەرێم و حكومەتی ناوەندی دانوستان بكەین بۆ ئەوەی بتوانین غازی ئێران بێجگە لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاست لە ناوچەكانی باكووری عێراق و هەرێمی كوردستانیش سوودی لێوەربگیرێ. جیا لەمە بوارەكانی تەكنیكی و ئەندازیاریش هەن، كۆمپانیاكانی ئێران پڕۆژەی زۆریان هەیە، هەم لە هەرێمی كوردستان و هەم ناوچە جیاجیاكان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق. بۆیەش ئاستی ئاڵوگۆڕەكانمان لە كەرتی غاز و كارەبا و بازرگانی پێكەوە نزیكەی 10 ملیارە لە ساڵێكدا. لە بواری خزمەتگوزارییە تەكنیكی و ئەندازیارییەكانیشدا، ئێستا كۆمپانیاكانی ئێمە نزیكەی 10 ملیار دۆلار گرێبەست و پڕۆژەیان هەیە.

رووداو: پێشتر راتانگەیاندبوو كە لە شەڕی داعشدا بە بڕی سێ‌ ملیار دۆلار هاوكاری عێراقتان كردووە، لەو هاوكارییە چەندی بۆ هەرێمی كوردستان بووە؟

ئیرەج مەسجدی: ئێران لە شەڕی داعشدا جیاوازی نەكرد لە نێوان هەرێم و ناوچەكانی دیكە. واتە ئێمە هەم لە كوردستان و هەمیش لە ناوچەكانی پەیوەندیدار بە حكومەتی ناوەندی كۆمەكی و پشتگیریمان كردوون. خودی بەڕێز بارزانی، كە ئەو كات سەرۆكی هەرێم بوون و بەڕێز جەنابی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێزانینی خۆیان بۆ ئێران دەربڕی و بە فەرمی سوپاسیان كرد، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە كۆماری ئیسلامی لە شەڕی داعشدا هەم لە پاڵ خەڵكی كورد بوو، واتە لە تەنیشت پێشمەرگە بوو، هەم لە پاڵ هێزە چەكدارەكانی عێراق بوو.

رووداو: دەگوترێ ئێوە هاوكاری و هاوئاهەنگیتان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستاندا كردووە بۆ ئەوەی لە شنگال بمێننەوە، ئەمە راستە؟

ئیرەج مەسجدی: نەخێر راست نییە.

رووداو: هیچ پەیوەندییەك لە نێوان ئێوە و پارتی كرێكارانی كوردستاندا نییە؟

ئیرەج مەسجدی: نەخێر، چونكە ئەوان ئەگەر بێن لە ناوچەكانی عێراقەوە دێنە ناوەوە، واتە یان لە باكووری عێراق یان لە ناوچەكانی هەرێم، لەوێش كۆماری ئیسلامی هیچ حزوورێكی نییە، دەستمان لەو ناوچانەدا نییە.

رووداو: ئێوە پەیوەندیی بەهێزتان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە، پەیوەندیتان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە لایەك و بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەكەی دیكەوە چۆنە؟

ئیرەج مەسجدی: ئێمە هەر لە رابردووەوە، واتە لە پێش 1991ی زایینیەوە كە پارتی بەشێكی زۆری لە ئێران بوون، لەگەڵ خوالێخۆشبوو بەڕێز ئیدریس بارزانی و لەگەڵ بەڕێز كاك مەسعوود بارزانی و سەركردەكانی دیكەی پارتی كە ئێستا ئەگەر بمەوێ ناویان بهێنم دەتوانم ناوی 100 كەست پێ بڵێم، پەیوەندییەكی زۆرباشمان هەبوو. پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیش زۆرباش بوون. لەگەڵ بەڕێز خوالێخۆشبوو نەوشیروان و گۆڕانیش بەهەمانشێوە. ئێران لەگەڵ حیزبە كوردییەكان، واتە پارتی، یەكێتی و گۆڕان و پارتە دیكەش، پەیوەندیی زۆر ئەرێنی هەیە و پێمانوایە ئەمانە هەموویان دۆستی كۆماری ئیسلامین. كۆماری ئیسلامی وەكو وڵاتێكی دۆست و دراوسێ و برا مامەڵە و دۆستایەتی لەگەڵ هەموو حیزبە كوردییەكاندا دەكات. 

رووداو: باشە بۆچی پەیوەندییەكە لەگەڵ هەندێكیان بەهێزترە، بۆ نموونە پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی بەهێزترە لەچاو پارتی؟

ئیرەج مەسجدی: نا زۆر نییە... پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ یەكێتی زیاتر نین لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ پارتی. پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی و پارتیش هەن، هەردوو رەوتەكە بەو پێیەی یەكێكیان میراتی بەڕێز تاڵەبانییە، كە رێزێكی زۆرمان هەیە بۆی، ئەوەی دیكەشیان بەڕێز بارزانییە كە دۆست و برای ئازیزی ئێمەن. كێ دەڵێ پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمیان زیاترە و لەگەڵ ئەوەی دیكەیان كەمترە؟ نەخێر پەیوەندییەكان لەگەڵ هەردوولا هەن، رەنگە لەگەڵ پارتی زیاتریش بێ، ئێمە حەز دەكەین پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو حیزبە كوردییەكاندا هەبێ.

رووداو: چاوەڕوانی ئێوە لە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان چییە، كە بەنیازە پێكبهێنرێ؟

ئیرەج مەسجدی: ئێمە هیوای سەركەوتن بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەخوازین، پێویستیان بە هەر كۆمەكی و هاریكارییەك بێت، ئێمە هاوكارییان دەكەین. بەڕای من هەرێمی كوردستان پێگەیەكی جیۆپۆلیتیكی و ناوچەیی زۆر گرنگی هەیە لە وڵاتەدا، بۆیەش پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێم پێگە و بەهایەكی گرنگی بۆ كۆماری ئیسلامی هەیە. بۆچوونی ئێمە و هیوا و داوای ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوەیە كە بۆ ژیانی خۆش و خۆشگوزەرانی و پێشكەوتنی و گەشەی خەڵكی هەرێم ئەوەندەی بۆیان دەكرێ هەوڵی زیاتر بدەن، خزمەتی زیاتر بكەن. ئێمەش وەكو كۆماری ئیسلامی لەگەڵیانین، یارمەتییان دەدەین، پەیوەندییە ئابوورییەكانمان دەتوانێ یارمەتییەكی گەورە بە هەرێم بكات، بۆیەش زۆر هیوام بە حكومەتی هەرێمە. بە بۆچوونی كۆماری ئیسلامی و بە بۆچوونی خۆشم، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئیدارەیەكی زۆرباشیان لە هەرێمی كوردستاندا كردووە، گۆڕانكاری زۆر گەورە لە هەرێم روویان داوە، پێشكەوتنی زۆری بە خۆوە بینیوە، زۆر خۆشحاڵ دەبین كە هەرێمی كوردستان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر پێشبكەوێ و ببێتە شوێنێكی یەكجار پێشكەوتوو و نایاب و لەئاستی بەرزدا. دڵنیابن ئێرانیش لە تەنیشت هەرێم وەكو برا و دۆست درێژە بە پشتیوانی خۆی دەدات.

رووداو: بەڵام لە ماوەی رابردوودا گلەییتان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكاندا مامەڵەكردنیان زیاتر لە توركیاوە نزیكە. هێشتا ئەو گلەییەتان ماوە؟ 

ئیرەج مەسجدی: ناتوانین بڵێین گلەیی بووە. بەڵكو بتوانم ئەو رستە راست بكەمەوە. هەرێمی كوردستان دوو سنووری هاوبەشی گرنگی لەگەڵ توركیا و ئێران هەیە. بە بڕوای من پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا زۆر سروشتییە. ئەوان دەتوانن سوود لە توانا و ئیمكاناتی توركیا وەربگرن، هەمیش دەتوانن سوود لە كۆماری ئیسلامی وەربگرن. بەڵام سروشتییە كە ئێمە وەكو كۆماری ئیسلامی، چونكە من باڵیۆزی ئێرانم، حەز دەكەین ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ ئێران زۆر بەهێزتر و زیاتر بن. ئێمە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ شوێنەكانی دیكەدا رەتناكەینەوە، چونكە ئەمە پەیوەستە بە پێویستییەكان و زەڕوورەتەكان، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە چاوەڕوانی و خواست و هەوڵی ئێمەوە هەیە ئەوەیە كە هەرێم پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی، كە دەتوانێ رۆڵی گەورەی لە هاوكارییەكاندا هەبێ، قووڵتر بكاتەوە و پەرەیان پێبدات و زیاتریان بكات.

رووداو: مژارێكی دیكە كە زۆر جار لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا كێشەیە یان دەبێتە وردە كێشە، مژاری حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە، با بڵێین ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران. لە ماوەی رابردوودا حیزبی دیموكرات مووشەكباران كرا، دەگوترا كۆمەڵێك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان چاودێرییان كردووە، كە لە كەركووكەوە هەڵساون، ئەمە راست بوو؟

ئیرەج مەسجدی: ئۆپۆزیسیۆن واتە رەوتێك، حیزبێك، گروپێك یان دەستەیەك كە رەخنەگری دەوڵەتن و ناكۆكن لەگەڵی. ئەمە كێشەی تێدا نییە و لە هەموو دونیا هەیە. بەڵام كاتێك چەكی گرتەدەست لەدژی حكومەت، ئەمە ئیدی رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی نییە، بەڵكو دەبێ بە گروپێك رووخێنەر و چەكدار. من لە ئێوە دەپرسم، ئەگەر لە هەرێم گروپێك هەبێ كە هی خودی هەرێمیش بێ و دەست بۆ چەك بەرێ بۆ ئەوەی دژی هەرێم بێتە مەیدان، حكومەتی هەرێم خۆ دانانیشێ سەیری بكات، بەڵكو بێگومان جڵەوی دەكات و بەرەنگارییان دەبێتەوە. سەبارەت بە حیزبی دیموكرات یان ئەو حیزبانەی دیكە كە دەكرێ هەبن، ئەوەی كۆماری ئیسلامی دەیویست ئەوە بوو كە ئەو حیزبانە چالاكی سیاسی بكەن، چالاكی كۆمەڵایەتی بكەن و پڕوپاگەندە بكەن، تەنانەت لە هەرێمی كوردستانیش بن، ئێمە كێشەمان نەبوو، بە حكومەتی هەرێم، بە پارتی و یەكێتی و بەو حیزبانە خۆیشیان گوتراوە كە چالاكییەكانی ئێوە بەو ئاراستەیە، واتە بە ئاراستەی ئاشتیانە و ناچەكداری، لە روانگەی كۆماری ئیسلامییەوە قەبووڵكراوە و دەتوانن ئەو چالاكییانە بكەن، بەڵام كاتێك ئەو حیزبە بێ و لە ناو سنوورەكانی ئێراندا ئۆپەراسیۆنی چەكداری بكات، بێگومان كۆماری ئیسلامی بەرەنگاری دەبێتەوە، ئیدی بە مووشەك بێ یان بە فڕۆكە و تۆپخانە بێ.

رووداو: پێشتر هەندێك لە بەرپرسانی حیزبی دیموكرات، تەنانەت لە بەرنامەكەی منیشدا، داوایان كردبوو، لەگەڵ ئێران دانوستاندن و دیالۆگ بكەن، بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك. ئێوە هیچ گفتوگۆیەكتان نییە لەگەڵیان بۆ ئەوەی لەڕووی سیاسییەوە كار بكەن، نەك لە رێگەی چەكدارییەوە؟

ئیرەج مەسجدی: رەنگە دانوستاندنی راستەوخۆمان نەبووبێ، بەڵام لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە پەیام هەبووە، كرۆكی مەسەلەكەش ئەوە بووە كە رێگەتان پێنادرێ ئۆپەراسیۆن و هەوڵی چەكداری بكەن، ئێستاش كۆماری ئیسلامی هەر لەسەر ئەو رێچكە و بۆچوونە دەڕوات، حیزبە كوردییەكانی ئێران، ئەگەر بیانەوێ لە هەرێمی كوردستان بن، نابێ هەلومەرجەكانی هەرێم خراپ بەكاربهێنن، ئەمە زیانی خەڵك و حكومەتی هەرێمیشی لێدەكەوێتەوە، چونكە ئەوان دەبێ ژیانێكی خۆشیان هەبێ، نابێ لەدژی كۆماری ئیسلامی چالاكی چەكداری بكەن.

رووداو: ئێوە وەكو كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەن، لە چوارچێوەی خودموختاریدا لەگەڵ كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دانوستاندن بكەن یان ئەو حیزبانە بگەڕێنەوە ئێران؟

ئیرەج مەسجدی: چونكە ئەوانە گروپی چەكدارین...

رووداو: ئەی ئەگەر چەكدار نەبن و چەك دابنێن؟

ئیرەج مەسجدی: چونكە ئەوانە چەكدارن، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ناتوانین لەگەڵیاندا بسازێین. سەیركە، یاسای حیزبەكان لە ئێران هەیە، ئێستاش لە هەڵبژاردنەكان و مەسەلەكانی دیكەدا زۆر حیزبی سیاسی هەن، بەڵام گروپی وەكو مونافقین (موجاهیدینی خەڵق) یان هەر ئەم حیزبی دیموكراتە چەكیان لە دەستە، لە چوارچێوەی یاسا و دەستووری كۆماری ئیسلامی دەرچوون، بۆیەش ئاساییە كە كۆماری ئیسلامی نەتوانێ هیچ دانوستاندنێكی ئاشتیانەی هەبێ لەگەڵیان.

رووداو: لە ماوەی رابردوودا، گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان كرا، ئیلنوور چەڤیك، گەورە راوێژكاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەبارەی گشتپرسییەوە گوتی "پێویست ناكات توركیا هیچ بكات بۆ رێگریكردن لە گشتپرسی، چونكە ئێران نەخشەیەكی زۆر بەفراوانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گشتپرسی ئامادەكردووە". بۆچی ئێران زیاتر لە وڵاتانی دیكە دژی گشتپرسی بوو؟ 

ئیرەج مەسجدی: سیاسەتی ئێران زۆر روون بوو و زۆر روونە، ئێمە ئەم هەڵوێست و بۆچوونەمان بە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و بە دۆستانی خۆمان لە پارتی و یەكێتیش راگەیاند كە دژی جیابوونەوەی كوردستان لە عێراقین. بەڵام بۆچی؟ ئایا هۆكارەكەی ئەوەیە ئێمە دژی خەڵكی كوردین؟ نەخێر. بەڵكو گوتمان ئێران وەكو سیاسەتێكی بنەڕەتی دژی دابەشبوون و پارچەپارچەبوونی عێراقە، ئەگەر ئەم دابەشبوونە لە هەر ناوچەیەكی دیكەی عێراقیش بێ، هیچ جیاوازی نییە، لە بەسڕە بێ، لە پارێزگاكانی دیكە بێ. كۆماری ئیسلامی لەوێوە كە پێیوایە دابەشبوونی وڵاتانی ئیسلامی و دراوسێ سیاسەتێكە كە لە دەرەوەی ناوچەوە بانگەشەی بۆ دەكرێ و دەورووژێنرێ، بۆیە ئێمە وەكو كۆماری ئیسلامی ناتوانین قەبووڵی بكەین. بۆیەش بابەتەكە كوردستان نییە، باسەكە لەسەر گشتپرسی یان خوشك و براكانمان لە كوردستان نییە، بەڵكو ئێمە زۆر بە روونی و بە راستگۆییەوە بە دۆستانی هەرێمی كوردستانمان راگەیاند كە ئێران دژی ئەم باسی جوداخوازییەیە، ئەمڕۆكەش هەمان هەڵوێستمان هەیە. ئەمە شتێكی نوێ نییە.

رووداو: بە گوتەی هەندێك بەرپرس و لایەنی هەرێمی كوردستان، ئێران هەوڵی لەتكردن و دابەشكردنی هەرێمی كوردستان دەدات، ئەمە راستە؟

ئیرەج مەسجدی: نەخێر، ئەمە بە هیچ شێوەیەك راست نییە. دانوستاندنكانی ئێمە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێز جەنابی نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكی بەردەوام بەڕێوەچوون، ئەمەش هەم لە هەرێم بووە و هەمیش لەو گەشتانەی بەڕێز نێچێرڤان بارزانی بۆ تاران هەیانبووە، پەیوەندییەكانی ئێمە زۆر دۆستانەن، ئەوەی كە ئێمە هەوڵبدەین هەرێم تووشی رووخان و هەڵوەشانەوە ببێت یان پارچە پارچە ببێ، ئەمە بەهیچ شێوەیەك راست نییە. ئێوە ئێستا لە هەرێمی كوردستانن، ئایا ئێوە هەوڵێك یان كارێك لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە دەبینن لەدژی هەرێم؟ شتی وەها لە ئارادا نییە. 

رووداو: بەتێڕوانینی ئێران كێشەی كەركووك لە عێراقدا چۆن چارەسەر بكرێ؟ 

ئیرەج مەسجدی: بەڕای ئێمە ئەمە پرسێكە پەیوەندی بە حكومەت و دەستووری عێراق و حكومەتی هەرێمەوە هەیە، ئێمە قسەی تێدا ناكەین، بە هەر شتێك یان بە هەر بەرژەوەندیی و شێوەیەك كە حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم رێكبكەون، ئێمە هەم رێزی لێدەگرین و هەم پشتگیریشی دەكەین.

 

کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
نیشانەکردن : ئیرەج مەسجدی
2192 ژمارەی بینین
بابەتی زیاتری هیوا جه‌مال
بەغدا.. شارێك بەبێ هاووڵاتی

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Rizgar Khoshnaw | 10/12/2018 09:03:40 ص
هه‌ زار ڕه حمه ت له گۆڕتان بەشیر موشیر و مامۆستا نه به ز .
Rebwar | 10/12/2018 12:48:56 م
Ruhhy ba bahasht shadbet
رەسمەن ئینفیسالی بوو
| 10/12/2018 | (2)
Hawas kakaey | 10/12/2018 10:20:17 ص
توركمانه كان پشتيان به توركيا قايمه ،مه سيحيه كان پشتيان به ئه مريكا قايمه ، ئه ى كاكه يى داماو پشت به كى ببه ستيت بو ئه وه ى وزاره تى ...
رووداو پشکی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە کابینەی نۆیەم ئاشکرا دەکات
| 10/12/2018 | (1)
كاميران بامه رنى | 09/12/2018 01:52:07 ص
وهگرتنی خه لاتی روزنه مه وانی UN پیروزت بئت هه رسه رکه وتوییت. بابه ته که ت زور گرنگ و له جئگا و کاتی خویدایه هیفیدارم لایه نه به رپرس و هه مو کوردیک...
فرهاد | 10/12/2018 09:28:46 ص
كاك مةجيد دةستت خوش بةراستي ئةوةى جنابت و نامو لةو جةند سالةى رابردوو كردتان تايبة ت لة ماوةى شةرى داعش بة ناسان\نى كور ئةو بة ناو فةرمانكةى...
ئەو دەرفەتەی کە کورد خەریکە لەدەستی دەدات
| 5/12/2018 | (9)
ئەختیار یارئەحمەد بەگ | 09/12/2018 10:26:56 ص
زۆر بە داخەوە بۆ دواماڵئاوایی گەورە پیاو مامۆستای خەمخۆری ڕاستەقینەی خەباتی کوردایەتی دکتۆر جەمال نەبەز. هەموومان مەبەستم نوخبەی ڕۆشنفکر، خەمخۆرانی...
Rizgar Khoshnaw | 10/12/2018 09:11:52 ص
بلیمه تێک ماڵ ئاوایی لێ کردین ، ڕۆحت شاد .
پرۆفیسۆر د.جەمال نەبەز کۆچی دواییکرد
| 8/12/2018 | (4)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

 سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆی هەولێری پزیشكی بەردەوامە دوێنێ کاژێر 10:38 |

سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆی هەولێری پزیشكی بەردەوامە

بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو زۆرتر
ئەمڕۆ لە سلێمانی و شەممە لە دهۆک پشكنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ دەکرێت دوێنێ کاژێر 09:47 |

ئەمڕۆ لە سلێمانی و شەممە لە دهۆک پشكنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ دەکرێت

ئەنتیتۆباکۆ زاراوەیەکی تەندروستی جیهانییە و بە زۆرتر
پشکنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ دەستپێدەکات 12/12/2018 |

پشکنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ دەستپێدەکات

ژمارەی بەشداربووان 9000 کەسی تێپەڕاندووە زۆرتر
0.219 seconds