وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

رێباز حەملان: ساڵی 2019 ئەنجامی هەنگاوە گرنگەکانمان دەردەکەون

لەلایەن سەرباز سیامەند 19/9/2018
هەڤپەیڤینی وەزیری دارایی لەگەڵ شاهۆ ئەمین
هەڤپەیڤینی وەزیری دارایی لەگەڵ شاهۆ ئەمین

رووداو-هەولێر

لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، زۆرترین سەرنجەکان لەسەر دۆخی ئابووری کوردستانە، بەتایبەتی ئەوەی کە لە داهاتوودا حکومەت چ پلانێکی هەیە بۆ ئابوورییەکی گەشەدار و، دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان. 


وەزیری دارایی و ئابووری یەکێکە لەو کەسایەتییە کاریگەرانەی حکومەت کە نەخشی هەیە لە دابینکردنی ئەو مووچەیەی کە لە داهاتی ناوخۆ و دەرەکی کۆدەکرێتەوە، هەر 30 رۆژ جارێک پابەندە بەوەی مووچەی خەڵکی کوردستان دابین بکات. 

هاوکات لە دەربازکردنی کوردستان لەو قەیرانە ئابوورییەی کە دووچاری بووبوو، رێباز حەملان رۆڵێکی باشی هەبووە و لەم هەڤپەیڤینەدا زۆر زانیاری ئاشکرادەکات لەبارەی رۆشتنیان لە حکومەت و گەڕانەوەی وەک وەزیرێکی سەربەخۆ بۆ نێو کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، هەنگاوی زۆر گرنگمان بڕیوە و لە ساڵی 2019 ئەنجامی تەواوی ئەمانە دەردەکەون.

رووداو: یەکەمجار کابینەی هەشتەمی حکومەتی کوردستان بە بەشداری فراوانی حیزبەکان پێکهێندرا و گۆڕانیش یەکێک بوو لەو بەشداربووانە. بەڕای تۆ، بەشداریپێکردنی ئەو حیزبانە لە حکومەتدا بەشێوەیەکی فراوان، بەتایبەتیش گۆڕان، کارێکی دروستبوو؟ 

رێباز حەملان: بەڕای من، یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد لە هەموو دۆخەکان، لە هەموو قۆناخەکان زۆر گرنگە و زۆر زەروورە. کابینەی هەشت کە دروستبوو نیەتی هەموو قیادەی کوردیی لەو کاتەدا، بەتایبەتی بەڕێز سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەبوو کە جۆرێک لە یەکڕیزی، جۆرێک هەماهەنگی لەنێوان هەموو لایەنە سەرکەوتووەکان کە چووبوونە پەرلەمانی کوردستان، پێکەوە حکومەتێک دروستبکەن حکومەتێکی ئەوەندە بەهێز بێت کە رووبەڕووی هەموو دۆخەکان کە لە داهاتوودا دروست دەبوو، ببێتەوە و لە هەمووشی گرنگتر ئێمە لەو کاتەدا کە ئەم کابینەیە دروستبوو لەسەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی نوێی بەغدا بووین، یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد لە کابینەی هەشتدا وایکرد کە کورد لەوێش یەکڕیز بێت بۆ دروستبوونی کابینەی نوێ، کە ئەوکات بەرێز عەبادی پێکهێنا. 

رووداو: مامەڵەی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکوەزیران لەگەڵ وەزیری هەموو حیزبەکانی دیکەی ناو حکومەت چۆن بوو، بەتایبەتیش خۆت وەک ئەو کات وەزیرێکی بزوتنەوەی گۆڕان هەستت بە چی دەکرد؟ 

رێباز حەملان: راستیەکەی کە تۆ داخڵی کابینەیەکی نوێ دەبیت یان بە نیسبەت ئەو کاتی بزوتنەوەی گۆڕان کە یەکەمجاربوو بەشداری لە دەسەڵات بکات و، لە پێگەیەکی گرنگی دەسەڵاتدا کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی وەرگرت، کە لە کوردستان سێ سەرۆکایەتی هەبوو: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران. لە سێ سەرۆکایەتییەکەدا یەکێکیان بەدەست بزووتنەوەی گۆڕانەوە بوو. لەوەش زیاتر ئەوەبوو لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دوو وەزارەتی سیادی گرنگ کە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی بوون درانە بزووتنەوەی گۆڕان، واتە بزووتنەوەی گۆڕان لە جومگەیەکی گرنگی دەسەڵاتدا پێگە و مەکانەتی خۆی هەبوو. بە نیسبەت مامەڵەی جەنابی سەرۆکوەزیران، بەڕاستی هیچکاتێک بەوەی کە لە وەزیرەکانی پێش خۆمانەوە بیستبوومان لە کابینەکانی رابردوودا؛ ئەو کابینانەی کە بەڕێز کاک نێچیرڤان سەرۆکایەتی کردووە هیچکات ئەوەندە دەسەڵات لای وەزیرەکان نەبووە، بە تایبەتیش ئەو رێککەوتنە دڵخۆشکەرەی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەو سەردەمەدا هەبوو وایکرد کە دەسەڵاتی زیاتر یاخود پێگەیەکی زیاتر لای وەزیرەکان هەبێت. هەر ئەو کاتەش کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک مەسعود، کە ئەو کات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، ئێمەی وەک وەزیرەکانی گۆڕان بانگهێشتی سەرۆکایەتی هەرێم کرد و لەوێ زۆر رێزی لێگرتین و هەموو پشتیوانییەکی بۆ دەربڕین. باسی سێ قۆناخی جیاوازی لەگەڵ بەڕەحمەت بێت جەنابی کاک نەوشیروان کرد کە لە راپەڕین و لە بەرەی کوردستانی و لە نووسینەوەی دەستووردا؛ سێ قۆناخی گرنگی لەگەڵ جەنابیان بەسەر بردبوو. بۆیە هیوای خواست کە لەگەڵ ئێمەش قۆناخێکی باش کە حکومەتێکی سەرکەوتووە (بەسەر ببەن) و هەموو ئەو کەموکورتیانەی کە لە رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان وەک ئۆپۆزیسیۆن باسیکرد، داوای لێکردین کە بە فیعلی لە ناو حکومەتدا بەرجەستەی بکەین و ئەویش پشتیوانمان دەبێت. 

رووداو: تۆ وەک وەزیری دارایی و ئابووری، هەموو دۆسیەی دارایی و ئابووری کوردستانت لەبن دەستدا بووە؟ 

رێباز حەملان: من وەک وەزیری دارایی و ئابووریی، لەوانەیە هەندێک شت کە لە تەوەقوعی خۆشمدا نەبووبێت لەبەردەستم بووە یاخود هەندێک گۆڕانکاریی کە کردوومە وەک وەزیری دارایی و ئابووریی لەوانەیە لە کابینەکانی پێشووتردا نەبووبن. بۆ نموونە، ئەمری واقیعی هەرێمی کوردستان وابووە کە لەم دەڤەرەی کە پێی دەڵێن زۆنی زەرد هەموو ئەو کەسانەی کە گۆڕاون دەبوایە لە پارتی نزیکبوونایە یان پارتی بووبنایە. لە دەڤەری ئەولاش کە پێی دەڵێن زۆنی سەوز و ئێستاش زۆرنی سەوز و نیلی ، ئەبوایە لە یەکێتی نیشتمانی و دواتریش بزوتنەوەی گۆڕان (بوونایە)، بەڵام بۆ یەکەمجار لێرە من بەڕێوەبەری گومرگی حاجی ئۆمەران کە شوێنێکی زۆر زۆر ستراتیژییە و دەروازەیەکە لە دەروازە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان کەسێکم داناوە بزوتنەوەی گۆڕان بووە و کەسەکەش جەنابی کاک نەوشیروان بەڕەحمەت بێت ئیختیاری کردووە کە کێ دادەنرێت لەو پۆستە.ئەوە کرانەوەیەکی گەورە بوو بەڕووی کابینەی هەشت و بەڕووی وەزیرەکانی گۆڕان، بەتایبەتی کە تۆ دەسەڵاتی ئەوەندەت هەبێت کەسێک لە شوێنێکی وا گرنگدا بگۆڕیت؛ پارتییەک لابەیت و کەسێکی گۆڕان دابنێیت. بۆیە من پێموابوو دەرگایەکی باشبوو، هەم بۆ نزیکبوونەوە و هەم بۆ باشترکردنی کوردستان و هەم بۆ ئەوەی ئێمە پێکەوە ئیش بکەین، کە تۆ دەتەوێت ئیش بکەیت شەرت نیە لە چ حیزبێک بیت، شەرت ئەوەیە ئەوەی ئیشەکە دەکات ئەدای چۆنە. 

رووداو: رای نەوشیرون مستەفا لە سەر حکومەتی کوردستان چۆن بوو؟ چی بوو؟ 

رێباز حەملان: بەڕەحمەت بێت کاک نەوشیروان شتێک قەناعەتی پێینەبوایە قەت نەیدەکرد و هیچ هێزێکی دەرەکی و ناوخۆییش نەیدەتوانی تەئسیر لەو بکات یاخود لە ژێر هیچ زەختێکدا هیچ ئیشێک بکات. بۆیە بەشداریکردنی نەوشیروان مستەفا یاخود قەراردانی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حکومەت بکات بەوپەڕی قەناعەت و دیراسەکردنەوە بوو و بەوپەڕی ئامادەباشیشەوە بووە. زۆرجار باسی رێبازی نەوشیروان مستەفا کە بەڕاستی من بە شانازییەوە باسی دەکەم، دەکرێت. ئێستا ئەگەر بچینە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی لە گردی زەرگەتە بەشێکی زۆر لەو گوتە جوانانەی کە جەنابی کاک نەوشیروان گوتوویەتی، بۆ نموونە لەسەر حکومەت ئێستاش لە مەکۆی سەرەکی هەڵواسرە و دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک قەڵایەکە و بەرهەمی سەد ساڵی خەباتی گەلەکەمانە. ئێمە رەخنەمان زۆر لێی هەیە، بەڵام سێ رێگامان لەبەردەستە: یان بیڕوخێنین یان بێدەنگ بین یان شوێنە خراپەکانی چاک بکەینەوە. هەر لە کۆتایی وتەکەیدا جەنابی دەڵێت بۆیە ئێمە بڕیارمانداوە بەشداربین لە چاککردنەوەی شوێنە خراپەکان". مانای ئەوەیە رێبازی نەوشیروان مستەفا بۆ رووخاندنی ئەم حکومەتە و لەناوبردنی ئەم حکومەتە نەبووە. 

رووداو: ئەی ئامانج چییە لە ناشیرینکردنی حکومەت؟ 

رێباز حەملان: من پێموایە، ئێستا بەڕەحمەت بێت جەنابی مام جەلالیش نەماوە. هەندێک کەس لەوێش یاخود لە گۆڕانیش کە کەسێک لە ژیاندا نەمابێت تەنیا کارە باشەکانی باشترە بڕۆیت. تۆ ئەڵێی من لە سەر رێبازی ئەو بەردەوامم، بەڵام لەملاوە شتێک دەکەیت. من پێموانیە ئەوە لەگەڵ ئەو رێبازەی ئەودا گرتویەتەیەبەر... 

رووداو: پێتوایە ئەوەی ئێستا هەندێک بەرپرسی گۆڕان یان کاراکتەرەکانی ناو حکومەت دەیکەن، ئەمە لادانە لەو رێبازە؟ 

رێباز حەملان: من پێموانیە سەرکردایەتی گۆڕان بەو شێوازە بیریانکردبێتەوە، بەڵام هەندێکجار کەسانێک لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان لەوانەیە بە ئاراستەیەکی دیکەیدا بەرن. ئەگینا وەک سەرکردایەتی لە کۆبوونەوەکانی نێوان وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان و، وەفدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە چوونەتە لای بزوتنەوەی گۆڕان یاخود بزوتنەوەی گۆڕان هاتبێت، بەراستی هەردوولا لە ئەنجامی کۆبوونەوەکان ئاسوودە بوون لەگەڵ یەکدی. تەفاهومێکی باش هەبووە. بۆیە کاتێک کە تۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاخود هەندێک پەرلەمانتار وتارێک، لێدوانێکی جیاواز دەبیستیت، پێموایە برادەران خۆیشیان تووشی سەرسوڕمان دەبن لەو وتاری ئەو برادەرانە.   

رووداو: تۆ ئەوکات و ئێستاش یەکێکی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نەوت و غاز، لەوکاتەوە و ئێستاش  بە تەواوی ئاگاداری دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانیت؟

رووداو: ئێمە 5 کەس ئەندامی ئەنجوومەنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانین، کە ئەوانیش بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی، وەزیری سامانە سرووشتیەکان، وەزیری پلاندادان و بەندەش وەکو وەزیری دارایی و ئابووری. سکرتێری ئەنجوومەنی نەوت و غاز هەیە کە لەهەمان کاتیشدا سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانیشە. ئەو ئەنجوومەنە کۆدەبێتەوە لەسەر ئەو داهاتەی لەماوەی مانگێکدا پەیداکراوە یاخود لەماوەی چەند مانگێکدا پەیداکراوە تێكڕایەکەی وەردەگیرێت. لەوێ کۆمەڵێک بڕیار دەردەچێت دوای ئەوەی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی نەوت و غاز واژووی لەسەر دەکەن ئینجا لە ئەنجوومەنی وەزیران دادەبەزێنرێت و گشتاندنی پێدەکرێت. وەزارەتەکانیش هەریەک بەپێی تایبەتمەندی خۆی جێبەجێی دەکات. کارەکانی دیکە لەبارەی ئەوەی ئاگاداریم یان نا، ئێمە ئێستا کۆمپانیای دیلۆیتمان هەیە، کە راپۆرت بۆ هەر 5 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نەوت و غاز دەنێرێت، کە سکرتێری ئجوومەنی نەوت و غاز رێکی دەخات. ئەم راپۆرتە تەواوی داهات، تەواوی خەرجی، تەواوی ئەو پێداویستیانەی کە بەکارهێنراوە، تەواوی بەرهەمهێنانی نەوت بە فرۆشتنی لە رێگەی بۆرییەوە یان لە رێگەی تەنکەرەوە هەمووی دیاریی دەکات، هەموو ئەمانە بەراپۆرت بۆمان دێت و رەخنە و تێبینییەکانمان لەوبارەیەوە دەدەین، دوایی دێتەوە ئەنجوومەنی وەزیران دواتریش ئینجا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

رووداو: هەر لەسەرەتاوە کە لەناو حکومەت بووی وەکو وەزیری دارایی ئەوکاتە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا مابوو، ئێوەش لە حکومەت دابوون، دەمەوێت بلێم نەوشێروان مستەفا تاوەکو چەند لە کاری وەزیرەکانی بزوورتنەوەی گۆڕان رازی بوو؟

رێباز حەملان: هیچ کاتێک هەرمرۆڤێک ئیشێک یان پۆستێکی هەبێت بڵێیت 100% سەرکەوتووە ئەمە راست نییە، بەڵام بەشێکی باش لە ئەدای ئێمە رازی بوو. هەروەها کێشە و گرفتمان لەناوخۆ هەبووە وەکو هەر حیزبێک، وەکو پەرلەمانتارەکانیش هەندێکیان لەسەر یەکێک لە وەزیرەکان یان چەند دانەیەکیان، هەڵبەتە زۆرتر لەسەر بەندەبووە لەبەر ئەوەی من وەزیری دارایی بوومە و خۆشمان لەگەورەترین قەیرانا بووین. مووچە دواکەوتبوو کێشە هەبوو، چەندجار فشاری زۆر لەمن دەکرا، چەند جارێک سەردانی جەنابیانمان دەکرد. وەک هەمیشە رۆژانی پێنجشەممە کە دەگەڕاینەوە بۆ سلێمانی پرسیاری دەکرد، ئێمە باسی کار و چالاکییەکانی خۆمان دەکرت. ئەو رەخنە و تێبینیانەی جەنابی لەسەر ئێمەی هەبوو پێمانی دەگوت. ئەو هەمیشە جەختی لە یەک شت دەکردەوە لە ئەدای هیچ کەسێک وەزیر بێت، پەرلەمانتاربێت یان لەناو حیزبدا بێت لەسەر ئەساسی وتی وتی بڕیاری نەدەدا. لەسەر شتی بەڵگەدار بڕیاری دەدا و لەبارەی ئەو ئەدایەشەوە خۆی لێکۆڵینەوەی دەکرد، نەک بەوشێوەیەی کێ چی وت و کێ چی نەوت. لە داراییش جا تۆ لە گۆڕان بی یەکێتی بی یان پارتی، کە تۆ پارەت لەبەر دەستبوو یاخود کەسێک بووی ئیشی پارەت لەبەر دەستبوو رۆژانە تووشی ئەوەدەبیت کەوا خەڵکی داوای شتت لێدەکات و تۆ نایکەی، ئەو لەسەر ئەو شتە شەخسیەی خۆی بڕیار لەبارەی تۆوە دەدات، لەسەر ئەوە بڕیار نادات تۆ بەگشتی چی بۆ خەڵکی دەکەیت. بۆیە پێموابوو تاڕادەیەکی باش لە کارەکان رازی بوو، پشتیوانمان بوو، ئامۆژگاری دەکردین، لەکوێیا هەڵەیەکمان بکردایە زوو بۆی راست دەکردینەوە.

رووداو: چۆن بوو تۆ گەڕایتەوە ناو حکومەت و وەزیرەکانی دیکەی گۆڕان نەگەڕانەوە، خۆت بووی بە پارتی؟

رێباز حەملان: پرسیارێکە زۆر زۆرم پێ خۆشە کە جەنابت لەمنت کرد. یەکەم، من نەبووم بە پارتی. دووەم، جۆرێک لە فکرەیەک دروستبووە کە تۆ پارتی بی یان یەکێتی بیت عەیبەیە. ئەگەر پارتی و یەکێتی عەیبەن بۆچی ئەو حیزبانە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان دانوستاندنیان لەگەڵدا بکەن بۆ ئەوەی بێنەوە ناو حکومەت یاخود بەشداربن لە حکومەت، یاخود لەسەر سادەترین شت دانیشتنیان لەگەڵ دەکەن. ئەو قسانەی لەو کۆبوونەوانە لەگەڵ پارتی و یەکێتی دەیکەن بەداخەوە هەندێکی ئەوەنییە کە لە راگەیاندنەکان و لەدەرەوە بڵاودەکرێنەوە. گەڕانەوەی منیش بۆ ناو حکومەت لەسەر کۆمەڵێک ئەساس بووە، وەکو کەسێکی سەربەخۆ گەڕاومەتەوە بۆ ناو حکومەت. خۆم لەناو پەرلەمانی کوردستان و لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان و وەک وەزیری دارایی و ئابووری سوێندم خواردووە، لەڕاستیدا لە حکومەت ئێمە وەکو مۆڵەتێک پێماندرابوو، کە خۆی کێشەکە لەگەڵ حکومەت نەبووە. هیچ کات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان نەبووە. چەندینجاریش ئەمەی وتووە، بەڵام کێشەکە لەناو پەرلەمانی کوردستاندا بوو، ئەو ناتێگەیشتنە دروستبوو لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی، کە لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بوو، لە کۆتاییدا لەبەر ئەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەلای بزووتنەوەی گۆڕان بوو تەنها بزووتنەوەی گۆڕان دوورخرایەوە، ئەگینا ئەو حیزبانەی دیکەش هەمان فیکرەیان هەبوو کە ئێمە لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەمانبوو. ئەوەشی جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە دووساڵ پەرلەمانی کوردستان پەکخرا و ئەم هەموو کێشەیە لە کوردستاندا روویاندا، نائارامی و ناسەقامگیری لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بوو دروستبوو، کەچی یاساکە ئێستا بە هەفتەیەک تێشپەڕێنرا و ئەم هەموو کێشەیەش رووینەدا، هەر هەمان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان بوون و من هیچ شتێکی جیاوازم نەبینی. کە ئەمە هەر بەو سادەییە دەکرا، بۆ هەر لە ساڵی 2015 نەکرا؟ بۆ ئەم خەڵکە تووشی ئەو کێشەیە کرا؟

رووداو: بۆچی نەکرا؟

رێباز حەملان: دیار نییە هۆکارەکەی چییە کە نەکراوە، بەڵام هەقە ئەو پرسیارە لە بزووتنەوەی گۆڕان و لەو حیزبانە بکرێت، بۆ ئەوکات نەتانکرد بۆ ئێستا دەکرێت. هەر هەمان یاسابوو، هەر ئەو یاسایەبوو کە وایلێکرا. سەبارەت بەگەڕانەوەی من بۆ ناوحکومەت، من لە 12-10-2016 دوای تێپەڕبوونی ساڵیک بەسەر ئەوەی لە حکومەت دوورخرابووینەوە یادداشتێکم نووسی بۆ ژووری حکومەت و پەرلەمان لە بزووتنەوەی گۆڕان، گوتم؛ ئەوە ساڵێکە ئێمە دوورخراوینەتەوە کاتی ئەوەیە ئێمەی وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕەسمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆمان لە حکومەت رابگەیەنین. بەڕێز مستەفای سەید قادر، کە سەرۆکی تیمی بزووتنەوەی گۆڕان بوو لە حکومەت گوتی؛ پێمباشە کۆبوونەوەی هەموو تیمەکانی حکومەت دروستبێت بە بەڕێوەبەرە گشتییەکانیشەوە، کۆبوونەوەیەکی فراوان رێکخرا و بەکۆی دەنگ، کە ئەوکاتە کاک نەوشیروان لە لەندەن بوو کاک عومەری سەید عەلی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی دەکرد گوتیان نەخێر نابێت ئێمە لە حکومەت بکشێینەوە. بەهیچ شێوەیەک ئەمە ئەجێندایەکی باش نییە لە حکومەت بکشێینەوە.

رووداو: بۆچی پێیان باش نەبوو لە حکومەت بکشێنەوە؟

رێباز حەملان: لەبەر ئەوەی گوتیان لەوانەیە پارتی ئەوەی پێ خۆشبێت لە حکومەت بکشێینەوە. گوتیان بۆ لە پرۆسەکە بکشێینەوە کێ نالێ لە داهاتووا ئەوە چارەسەر نابێت. لەکاتێکدا وردە وردە ئێمە دوور دەکەوتینەوە و ماوەی حکومەت کەم دەبوویەوە. بەشێوازێک بوو من وام لێهات گوتم لەوانەیە من شتێکی زۆر هەڵەم کردووە کە پێشنیازی کشانەوەم لە حکومەت کردووە، بۆیە رەتیان کردەوە. بۆ ساڵی دوای ئەوە من کاتێک هاتمەوە، کە بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی لە پرۆسەی حکومەت بچێتە دەرەوە. سەیرم کرد حکومەت لە دۆخێکی هێندە نالەبارابوو کە بەغدا هیچ مامەڵەیەکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەدەکرد، هیچ کاتێک نوێنەرەکانی حکومەتی هەرێمی نەدەبینی و رەتیدەکردەوە. چونکە دوای ریفراندۆم بوو. لەلایەن وڵاتانی هەرێمییەوە دژایەتی حکومەت دەکرا، دەرگاکانمان لێ داخرابوون، فڕۆکەخانەکان داخرابوون، لە دۆخێکی زۆر ناهەمواردابووین، لەوەش ناخۆشتر دۆخێکی دارایی زۆر خراپ دەگوزەرا. چونکە وەزیری لێ نەبوو کۆمەڵێک کێشە هەبوو. خاڵێکی گرنگ هەبوو لەمانە، ئەویش ئەوەیە ئەگەر نیشتمانپەروەری و وڵاتەکەت خۆش دەوێت لەکاتی خۆشی و پارەبوون و لەکاتی بوونی پشتیوانی، هەموو کەس دەتوانێ بێت پۆست وەربگرێت و ئیدارەی شتەکان بکات. چونکەهەمووشتێک لەبارە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە شان بدەیتە بەر بەرپرسیارییەتییەک کە قورس بێت. ئەوەشی کە داوای لەمن کردووە بگەڕێمەوە سەر کارەکەم سەرۆکوەزیران بووە کە لەسەرەتای کارەکەم لە 2015 کە لەپۆستەکەم دوورخرامەوە دوای مانگێک جەنابی سەرۆکوەزیران پەیوەندی پێوەکردم کە ئێمە پێویستمان بە وەزیری دارایی هەیە.

رووداو: داواکەت قبووڵکرد؟

رێباز حەملان: نەخێر قبووڵم نەکرد، لەوبارەیەوەش بزووتنەوەی گۆڕانم ئاگادار کردەوە کە داوایەکی وا کراوە. ئەو برادەرانە بۆم باسکردوون کە چەند جارێک پەیوەندیم پێوەکراوە. لەم دۆخەیا بەڕێز کاک نێچیرڤان و بەڕێز کاک قوبادیش بە سیفەتی جێگری سەرۆکوەزیران پەیوەندییان پێمەوەکردووە کە بگەڕێمەوە، بۆیە شتەکە ئاوا بووە. دووەم مرۆڤ بەقسەکردن و بەوتاردان ناتوانێت بەشداریی بکات لە گۆڕانکاری، بەڵکو بەکردەوە دەکرێت. من نالێم 100% بەڵام بەشێكی ئیشەکانم ئەوە دەڵێن کەمن گۆڕانکاریم کردووە. من کە گەڕامەوە مووچە 50%ی پاشەکەوت کرابوو، کە گەڕامەوە دۆخێكی زۆر ناهەموار هەبوو، زەختێکی زۆر هەبوو، ئێستا ئێمە لە چ دۆخێکداین. تۆ سەیری ساڵێک لەمەوپێش بکە حکومەت هاتووەتە چی؟ من ناڵێم ئەمە هەمووی هەوڵی من بووە، بە تەئکید هەوڵی یەکەمی هی جەنابی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیرانە، بەڵام ئەوە هی یەکێتی و پارتییە کە بەس ئەوان لە حکومەتەکەدا مانەوە و شانیان دایە بەر بەرپرسیارێتی، بەڵام منیش بەشداربووم لە بەشێکی زۆر لەمەدا.

رووداو: ئێستا داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان چەندە؟

رێباز حەملان: داهاتی هەرێمی کوردستان لەبەر چاوی خەڵکی کوردستان روونە کە دوو سەرچاوەی داهاتمان هەیە، کە داهاتی نەوتی و داهاتی دیکەمان هەیە. داهاتی نەوتیمان رۆژانە 350 هەزار بەرمیل نەوتە و بە 10 دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت دەیفرۆشین. لەبەر چەندین هۆکار لەبەر ئەوەی ئێمە دەوڵەت نین، لەبەر کۆمەڵێک پێداویستی رۆژانە کە لەوانەیە بۆ ئێمە قورستر بووبێت. 

رووداو: ئەی ئێستا بە چەند دەیفرۆشن، کە ئێستا نرخی هەربەرمیلێک نەوت 67 دۆلارە؟

رێباز حەملان: هەر بەرمیلێک نەوت بە60 بۆ 67 دۆلار دەفرۆشین، کە دەکاتە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلارێک، لەوپارەیە نزیکەی 320 ملیۆن دیناری دەدرێتەوەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پێدانی مووچە، ئەوەی دیکەش دەدرێتەوە بە قەرزی ئەو کۆمپانیایانەی نەوتیان بەرهەمهێناوە، بەشێکیشی دەدرێتەوە بەو کۆمپانیایانەی کە پێشەکی پارەی نەوتیان داوە. دوو خاڵ زۆر گرنگە کە بەڕێزت ویستت باسی بکەیت، باسی قەرزت کرد.

رووداو: ئەم قەرزە تاکەی هەر دەدرێتەوە؟

رێباز حەملان: قەرز دامەزراوەیەکی لەناو ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دروستکراوە، بەناوی ئیدارەدانی قەرز، کە لەداهاتوودا دەهێنرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری. بڕێکی زۆر لەو قەرزانە دراوەتەوە. بۆ نموونە ئێمە تاوەکو ئیستا لە داهاتی نەوت 320 ملیۆن دۆلار قەرزی بانکە ئەهلییەکانمان داوەتەوە، کە ئەوە زۆر گرنگە بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە ئاستی دەرەوە. سەیری بانکەکان دەکەیت لە تورکیاوە هاتوون، لە لوبنان و لە دەرەوە هاتوون، کە بانکێکی نێودەوڵەتی هەبوو پارەی لەلای حکومەتی هەرێم بوو ئەوە بۆ ناوبانگی حکومەت خراپە. ئێمە ئێستا جەنابی سەرۆکوەزیران رەزامەندی لەسەر 100 ملیۆن دۆلاری دیکەش دەربڕیوە کە بدرێت بەو بەڵێندەرانەی بەشێکی کەم لە پڕۆژەکانیان ماوە و تەواو نەکراوە بۆ ئەوەی تەواوی بکەین یاخود هەندێک پڕۆژە هەیە تەواو بووە و پارەکەیمان نەداوە. وادەکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا بازاڕ ببووژێتەوە.

رووداو: بەمەزندەی ئێوە چەندی دیکە پێویستە بۆ ئەوەی قەرزەکان ساف بکرێت؟

رێباز حەملان: حەزدەکەم ئەوە بڵێم ئێمە لەکوێ بووین و هاتووینەتە کوێ، ساڵێك لەمەوبەر لەدوای ریفراندۆم ئێمە هەموو دەرگاکانمان لێ داخرا. هەموو وڵاتەکان دژمان بوون، عێراق ئەیوت ئێوە نەمێنن من مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان دەکەم. ئیستا ئێمە فڕۆکەخانە و دەروازەکانیشمان کراوەتەوە. کۆنسوڵخانەکان هەموویان وەکوجاران بەزیادەوە ئیشەکانی خۆیان دەکەن. لە هەمووی گرنگتر لەدوای ریفراندۆم وەزیری بازرگانی عێراق و ئیرانمان هێنا لە هەولێر کۆنفرانسێکی بووژانەوەی کەرتی ئابووری بەڕێوەچوو. بۆ ئەوەی جەنابت و خەڵکی کوردستانیش دڵنیابن ئێمە هەوراز و نشێوی زۆرمان بینی. ئێستا بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین زۆر زۆر لە قەرزەکان دراونەتەوە.

رووداو: ئێستا داهات باشە؟

رێباز حەملان: داهات باشە، بەڵام ئێمە تاوەکو ئەو قەرزانە ساف نەکەین ناتوانین بچینە ئەو رێژەیە و بچێنە قۆناخی دووەم. 

رووداو: کە ئێوە دەڵێن داهات تاوەکو ئەندازەیەکی باش باشبووە، دەمەوێت بپرسم ئەی بۆچی تاکو ئێستا پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران هەرماوە؟

رێباز حەملان: ئەگەر مووچەی تەواوی هەرێمی کوردستان بدەین دەبێت 880 ملیار دینار هەموو مانگێک بدەین. ئێستا هەموو مانگێک 725 ملیار دینار ئەدەین بەو پاشەکەوتەی ئێستا هەیە، کە نزیکەی 30%ی پاشەکەوت کراوە، کە جاران 50% و زیاتریشی تێدابوو. لە رۆژی یەکەمەوە کە دەستکاری پاشەکەوتمان کرد و بەشێکیمان چاککرد، بەشێكی پشتیوانی ئێمە ئەو داهاتەیە کە لەبەغداوە دێت، کە هەموو مانگێک 317 ملیار دینار دەنێرێت. لە وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانیش 378 ملیار دینار بۆ مووچە دێت و ئەوەی دیکەش لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابینی دەکەین، کە گومرگ و زەریبە و رسووماتی فەرمانگەکانە. بەڵام بیرمان نەچێت داهاتیش باش بووبێت ئێمە خەرجیمان هەیە، خۆ هەر مووچە نییە. جاری دیکەش باسمکردووە کە دەڵێی داهات باشبووە خەڵک بەس بیری لەلای مووچەیە. 683 هەزار فەرمانبەرمان هەیە. 700 هەزار خانەنشینی سەربازی و مەدەنی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، کەمئەندامان و چاودێری کۆمەڵایەتی ئەمانەشمان هەیە. ئەمە نزیکەی ملیۆنێک و 380 هەزار کەس مووچە وەردەگرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن کەس دەژیت. کە بیر لە ژیانی خەڵک دەکەیتەوە بەس بیر لە ژیانی مووچەخۆر ناکەیتەوە، ئەی بەڵێندەر، کاسبکار، بازاڕ، ئەی هاونیشتمانی؟

رووداو: کەی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو پاشەکەوتەی مووچە بەتەواوەتی هەڵبگرێت، دەبێت داهات بگاتە چەند ئەم بڕیارە بدات؟

رێباز حەملان: دەبێت داهاتەکە بگاتەوە ئەو رێژەیەی کە ئێمە لە ساڵی  2015 پێمان بوو بۆ ئەوەی بتوانین پێی بژین، بۆنمونە بەغدا لە ساڵی 2015 هەندێکجار دوو مانگ جارێک بودجەی حاکیمە و سیادەی دەنارد، بەڵام ئێستا هیچ شتێک نانێرێت. لە ساڵی 2014ەوە بەشە بودجەمان بڕاوە. ئەوەی خۆمان لەسەر پێی خۆمان وەستاندووەتەوە ئەو سیاسەتی داراییەیە کە هەرێمی کوردستان پیادەی دەکات. ئەگینا ئەگەر باسی سەرچاوەی دەرەکی بکرێت هیچ پشتوانییەک ناکرێین. ئێمە ملیۆن و نیوێک ئاوارە بەخێو دەکەین. باشە رەنگە خەڵکی بڵێت ئەو ئاوارانە یوئێن یان رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پشتیوانیان دەکەن، باشە مەسەلەی ئەمنیەتیان، ئاوەڕۆیان، بابەتی دابینکردنی ئاویان، رێگاوبانیان، مەکتەب و خەستەخانەیان و دەرمانیان، هەمووی ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینی دەکەین. خەڵکی هەقی خۆیەتی کە گلەیی لە کەمی کارەبا دەکەن، بەڵام باوەڕ بکە ئێمە هەموو مانگێک 112 ملیار دینار دەدەین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆ پێداویستی کارەبا.

رووداو: ئەی ئەو کارەبایەی دەفرۆشرێت بە خەڵک، پارەکەی نایەتەوە؟

رێباز حەملان: پارەکەی هەمووی نایەتەوە، یاخود بەچەک دێتەوە هەمووی بە نەقد نایەتەوە، 25%ی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پارەی کارەبا دەدەن. 

رووداو: هەر لەسەر مووچە دەوەستم، هەندێک خەڵک هەن کە موستەهەقن، خاوەن پێداویستی تایبەتن خەڵکێکی لەوبابەتە پێویستییان بە مووچەیە، بەڵام مووچەکانیان بڕاوە، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کە لەسەر پشکی یەکگرتوو بوو کشایەوە، دەڵێت؛ بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مووچەی ئەوانە بڕاوە. دەمەوێت بزانم ئەم بڕیارە چۆن بووە؟

رێباز حەملان: سەرۆکوەزیران لە هەموو کۆبوونەوەیەکدا بەناوی جەنابی و جەنابی جێگری سەرۆکوەزیران سیاسەتی گشتی حکومەت باس دەکات. لەو ماوەی رابردوودا و چی بووە باسی دەکات. باسی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەرەوە لەگەڵ بەغداد کە دۆخمان چۆنە، دواتر دەرفەت بە وەزیرەکان دەدات بۆ ئەوەی باسی وەزارەتەکانی خۆیان دەکەن. ئەوە وەزیرەکانن پێشنیاز بۆ سەرۆکوەزیران دەکەن کە وەزارەتەکەیان کێشەیەکی هەیە بەدواداچوونێکی هەیە پێویستی بە رای ئەنجوومەنی وەزیرانە بڕیاری لێوەبدات. سەرۆکوەزیران لە هیچ وەزارەتێک بڕیارێکی دەرنەکردووە تا لە وەزارەتەکەوە تەواو دیراسەت نەکرابێت. لە 5-4-2016ـەوە ئەو بڕیارە دراوە، ئەم بڕیارە بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بردوویەتیە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر دووبابەت، کە چاودێری کۆمەلایەتی خێزان و کەمئەندامانە. لە هەردوو بابەتەکە باسی ئەوەکرا کە گەندەڵی کراوە، ناعەدالەتی کراوە. بۆنموونە خێزان هەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی بۆ بڕیوەتەوە ئافرەت هەیە مێردی نەماوە یان وازی لەمێردەکەی هێناوە یاخود جیابوونەتەوە و دوایی شوی کردووەتەوە. ئەمان داوایانکردووە کاکە دەبێت ئەوە ببڕدرێت، ئەمە بۆ نموونە. یاخود لە کەمئەندامان باسی ئەوە کراوە هەیە 50%ی بۆ دیاریکراوە و هیچ کەمئەندامیش نییە.  بۆیە لەسەر پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران پێکهێنراوە و سەرۆکوەزیران ئیمزای لەسەر پێکهێنانی لیژنەکە کردووە نەک لەسەر بڕینەکەی و گوتوویەتی ئەم لیژنەیە با دیراسەتی هەردوو بابەتەکە بکات.

رووداو: ئەی بۆ بڕاوە؟

رێباز حەملان: سەرۆکوەزیران داوایکردووە دیراسەی هەردوو بابەتەکە بکەن و ئەنجامەکەیمان بۆ بێننەوە بۆ ئەوەی بزانین بە دەقیقی ئێمە مووچەی چەند کەس دەدەین. بەهیچ شێوەیەک نەبڕاوە، بەڵکو وەستێنراوە تاوەکو ئەنجامی لیژنەکە دێتەوە.

رووداو: ئێستا داهاتی نەوت مانگانە لەکاتی خۆیدا دەگاتە دەست وەزارەتی دارایی؟

رێباز حەملان: بەتەیکید، ئێمە لەبەر ئەوەی کێشەی بانکیمان هەیە لە حكومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە لەرێگەی بانکی ئەهلییەوە ئەم پرۆسەیە دەکرێت، بەڵام پرۆسەکە لەچاو رابردوو زۆر جیاوازە. ئێستا مانگانە ئەو پارەیەی کە دێتەوە هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێری لیژنەیەکدایە و لەژێر چاودێری وەزارەتی دارایی و ئابووریدایە. وەکو بۆ جەنابت و بینەرانیشم روونکردەوە هەموو ئەو داهاتە نایەتەوە هەرێمی کوردستان. بەشێكی هەر لەدەرەوە لە فرۆشتنی کۆمپانیاکانی نەوتەوە دەچێتە سەر ژمارە حیسابی ئەو کۆمپانیایانەی کە ئێمە قەرزاریانین. ئەوە نییە پارەکەی بێتەوە کوردستان و دیسان ئێمە بیاندەینەوە. چونکە ئەم هێنان و بردنە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر دەوەستێت بەهۆی ئەوەی حیسابی بانکی (سو)ی دەچێتەسەر. بۆیە ئێمە کولفەیەکمان گەڕاندووەتەوە کە هەر لەدەرەوە دەدرێتەوە. تەنیا ئەو بەشە دێتەوە کە دەیدەین بە مووچە.

رووداو: ماوەیەک سەرۆکوەزیران تیمێکی راسپاردبوو بۆ ئەوەی لە وەزارەتی دارایی چاکسازی سیستەماتیک بکەن، ئیشی ئەم تیمە گەیشتووەتە کوێ؟

رێباز حەملان: ئیشی ئەم تیمە هەنگاوی زۆرگرنگ و باشی بڕیوە. رێکخستنەوەیەکی باشی بە وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە. سیستەمی ئەلیکترۆنیمان دەستپێکردووە کە گرنگترین بابەتە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە دارایش. بەشێکی زۆری گومرگ و دەروازەکانمان کردووە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی. بەشێکی زۆری باجەکانمان کردووە. ئێستا لە بانکەکان خەریکین کە سیستەم بۆ بانکەکان دادەنێین. جاران وەزارەتی دارایی سیاسەتی دارایشی دەبرد بەڕێوە و ئیدارەی سیولەشی دەکرد. ئێستا سیولەمان بۆ بانکی مەرکەزی وازلێهێناوە. لقی بانکی مەرکەزی ئێستا لەهەولێرە ئەو ئیدارەی سیولەمان بۆ دەکات. ئێمە وەکو وەزارەتی دارایی و ئابووری تەنیا ئیدارەی مالی ئەم وڵاتە دەکەین. چونکە ئەگەر لەرابردووا ئەمە هەبووایە ئەم قەرزی بانکە ئەهلیانە نەدەهات بۆلای حکومەت. ئێستا بۆ نمونە هەر سەیارەیەک کە داخیلی هەرێمی کوردستان دەبێت ئێمە دەزانین چی داخیل بووە، تەعریفەکەی چییە نرخەکەی چییە. بۆیە هەنگاوی زۆر گرنگمان بڕیوە و لە ساڵی 2019 ئەنجامی تەواوی ئەمانە دەردەکەون.

رووداو: دەمەوێت لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی حکومەتی لێت بپرسم کە چووە پەرلەمان بەڵام پەسەند نەکرا، کە دەیتوانی پاشەکەوت هەلبگرێت، بۆچی پەسند نەکرا؟

رێباز حەملان: ببوورە کاک شاهۆ بامن شتێک بۆ جەنابت راست بکەمەوە، ئەم یاسایە پەسندکرا و دەنگیشی پێدرا هەموو شتێکی تەواو بوو، کە بوو بە خۆپیشاندان و کۆبوونەوە و گردبوونەوەی لەسەر دروستبوو سەرۆکایەتی پەرلەمان دیسان یاساکەیان گەڕاندەەوە بۆ هۆڵی پەرلەمان. ئەگینا یاساکە کۆتایی هاتبوو. لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بوو.

رووداو: بەڵام چەند فراکسیۆنێک لەگەلی نەبوون؟ فراکسیۆنی یەکێتی بە ئاشکرا دەڵێ ئێمە لەگەڵی نەبووین، بۆنمونە یەکێک لەپاساوەکان ئەوەیە بودجەی وەزارەتی ناوخۆ خانەنشینی دەبوو بە 200 هەزار دینار، کە زۆر کەمە.

رێباز حەملان: بۆماوەی دوو هەفتە لە بەیانی تاوەکو شەوێکی درەنگ بەندە وەکو وەزیری دارایی و ئابووری، د. ئامانج وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، کاک کەریم سنجاری وەکو وەزیری ناوخۆ، نوێنەری وەزارەی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێز مامۆستا مەحموود وەکو وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالەکان هەموومان لەوێ بووین. لەگەڵ پەرلەمان رۆژانە لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵیان بووین. پرسیاریان هەبوو وەڵاممان داونەتەوە. لەکۆتاییدا ئەم پڕۆژەیاسایە بە کۆی دەنگ تێپەڕی و بە زۆرینەی دەنگیش رۆیی. واتە دوای ئەمە ئەم رەخنانە دروستبوو وەلا ئێمە رەخنەمان هەیە. ئەی ئەوکاتەی کە لەوێ بووین بۆ گفتوگۆکان نەکرا. بۆ لەمیانەی گفتوگۆکاندا ئەم قسانە نەکرا. خۆ هەمووی دیراسەکرا بڕگە بەبڕگە و ماددە بە ماددە خوێندراوەتەوە و لەسەر کۆی بڕگە و ماددەکان گفتوگۆ کراوە ودەنگی لەسەر دراوە، ئینجا بە کۆی یاساکەش دەنگ دراوە. بۆیە من پێم سەیرە لەسەر ئەوە، ئەگەر ئەم یاسایە تێپەڕێنرایە بڕی 100 ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێندرایەوە. بەوەش زۆر بەئاسانی پاشەکەوتی مووچە نەدەما.ئێستاش ئەوان دەڵێن ئێمە ئامادەین بۆ کۆبوونەوە، بەڵام وەزیری دارایی ئامادە نەبووە. بەڵام من بچم بۆ پەرلەمان ئەمان دوو بابەت باس دەکەن. ئەلێن؛ لە 400 هەزار دینار کەمتر نەبێت، لەسەر 300 هەزار دینار رێککەوتین. ئەوەی دیکەشیان دەڵێن دەرماڵە حکومەت خۆی چاکی بکات، کە زۆربەی دەرماڵەکان بە یاسایە و دەبێت پەرلەمان هەمواری بکاتەوە.

رووداو: پرۆژەی بایۆمەتری چەند پارەی بۆ حکومەت گەڕاندەوە؟

رێباز حەملان: پرۆژەی بایۆمەتری بەسەرکەوتوویی کۆتاییهات، بەڵام بەڕاستی تاوەکو ئێستا ئەنجامێکی بەرجەستی وای نەبووە بۆ ئەوەی بتوانم لەم بەرنامەیە بۆ جەنابتی باس بکەم. بەڵام لە ئەنجوومەنی وەزیران ئۆفیسێکی تایبەت هەیە بەم بابەتە، ئەوان وەڵامی باشتریان لەلایە. بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو نەنجامە نەبووە کە من باسی بکەم، بەڵام ئیش و هەوڵێکی باشی تێدا دراوە.

رووداو: سەبارەت بە دەروازە سنووریەکان دەمەوێت لێت بپرسم لەسەر ئەو مەلەفە لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتوونەتە کوێ؟

رێباز حەملان: لەسەر ئەو مەلەفە دووجار لێکتێگەیشتنی باشمان ئیمزاکردووە لەسەر گومرگ و لەسەر دەروازەکان. لەسەر ئیزدیواجیەتی باجیش رێککەوتووین و ئێستا کاری پێ دەکەین. بەس لەسەر گومرگ و باج ئەوان سەیتەرەی سەفرەیان داناوە کە بۆ بازرگانەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە گرفتێکی گەورە، کە دووجار گومرگیان لێ وەردەگیرێت. ئێمە بە ئەمریکییەکان، بە یوئێن، بە سندووقی نەقدی دەولیمان گوتووە، بە بانکی نێودەوڵەتی و بە عێراق خۆیشمان گوتووە. ئێمە ناڵێین یەک دەوڵەتین و هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، باشە چۆن دەبێت لەناو وڵاتێکدا دوو گومرگ هەبێت.

رووداو: بەپێی یاساش نابێت؟

رێباز حەملان: ئیمزامان کردووە لەسەر ئەوەی کە ئیلتیزام بکەین بە تاریفەی گومرگی و بە تەسعیلی گومرگی بەغداوە، بیکەین بەیەک، بەمەرجێک ئەو بازگەیە لابەرن. تاوەکو ئێستا لایان نەبردووە.

رووداو: داهاتی ناوخۆیی دوای زیادکردنی باج و گومرگ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند زیادی کردووە؟

رێباز حەملان: رێژەیەکی باش زیادیکردووە، بەڵام وەکو بۆم باسکردی ئەو داهاتانەی کە بۆ ئێمە دێتەوە زۆربەی بەکاش نییە بەڵکو زۆربەی بە چەکە. ئەمەش کارئاسانی بۆ ئێمە نەکردووە بەشێك لە كێشەکانمان چارەسەر بکات. ئەگەر تۆ بە ژمارە بڵێیت فەرق دەکات ئەگینا بەکاش کەمە. سیولەمان کەمە. ئەزانی فەرقەکەشی لەچیایە، فڕۆکەخانەکانمان داخرابوو ئێستا کراوەتەوە. دەروازەکانمان داخرابوو ئێستا کراونەتەوە. هەروەها گەشەسەندنێکی باش لەڕووی وەبەرهێنانیش هەیە. خاڵێکی دیکە کە مرۆڤ دەبێت بە ویژدانەوە باسی بکات ئەویش ئەوەیە کە جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەورێکی گرنگی لە باشکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی لەگەڵ ئێران لەگەڵ تورکیا و باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا هەبووە، ئەمە وایکرد سەقامگیری دروست ببێت. چەندە ئارامی سەقامگیری هەبێت باری ئابووری ئەو وڵاتە بەرز دەبێتەوە.

رووداو: لەسەر چ بنەمایەک سەرۆکوەزیران دەڵێت؛ ئابووری هەرێمی کوردستان گەشەی باشتر دەکات و خۆشگوزەرانی باشتر بۆ خەڵک دێت؟

رێباز حەملان: لەسەر ئەو بنەمایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان زۆر باشە، پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانمان زۆر باشە، جەنابی سەرۆکوەزیران سعودیەکانی داوەتکردووە لە ئاستی زۆر باش هاتن لە چەند مانگی رابردوو گەورەترین کۆنفرانسمان لە هەولێر کردووە، کە ئەوانە دێن وەبەرهێنان دەکەن. دەوڵەتانی دیکە دێن، تورکەکان دێن، بەشێکی زۆر لە ئیمارات خەریکن دێنە ئێرە. هەروەها پەیوەندیە باشەکانمان لەگەڵ بەغدا، بەغداش لەوە تێگەیشت کە بەبێ هەرێمی کوردستان، بەبێ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان و بەبێ حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، ناتوانێت هیچ بڕیارێک لەسەر عێراق بدات. بۆیە ئێمە لە دۆخێکی زۆر باشی سیاسی و ئابووریشداین. لەوەش گرنگتر بەشێکی زۆری قەرزەکانمان دابەزاندووە. جەنابی سەرۆکوەزیران کە ئەو قسانە دەکات دەزانێت لە ساڵی داهاتوو ئێمە دەچینە دۆخێکی دیکەوە. دەمەوێت یەک قەوسم بدەیتێ بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەردەوام ئەمەمان گوتووە و بەوپەڕی قەناعەتەوە قسەمانکردووە، هەموو باشبوونێکی هەرێمی کوردستان، هەموو خۆڕاگرییەکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ خۆڕاگری مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان. ئەوە ئێمە وەکو حکومەت قەرزارین و قەت ئەوەمان لەیاد ناچێت، جارێکی دیکە سوپاسیان دەکەینەوە. بەڵام دڵنیابن ئەو پڕۆژەیاسایە تێپەڕێت بەشێکی دیکە لە مەسەلەی کێشەی ئێمە و بەغدا لەمەسەلەی بودجە و داهاتی بودجە بۆمان زیاد بکرێت و داهاتەکانی خۆشمان و لە نەوتیش کە قەرزەکانمان بەشێکی زۆری درایەوە دیسان ئەو داهاتە دێتەوە دەستمان، بە دڵنیاییەوە ئەو بەشەی کە ماوە لە پاشەکەوتی مووچە چارەسەری دەکەین.

رووداو: پێتوایە سەقفێکی زەمەنی بۆ چارەسەری ئەو بابەتە هەبێت؟

رێباز حەملان: دروستبوونی حکومەتی داهاتووی بەغدا بەرچاو روونییەکی باش دەدات بە ئێمە کە ئەگەر بەشێوەیەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵە بکات کە مافەکانمان دابین بکات و بودجەی هەرێمی کوردستان بدات، بەدڵنیاییەوە کێشەکەی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت. ئەمە یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکان سەیری حکومەتی داهاتووی عێراق بکەین.

رووداو: لە هەموو دەروازە سنوورییەکان جگە لە گومرگ پارەی دیکە لە شوفێر و بارهەڵگرەکان وەردەگیرێت، بێگومان ئەو پارەیەش دەچێتەوە لای حکومەت، ئایا ئەو کۆمپانیایانەی سەروکاری ئەمە دەکەن هەموویان سەر بە پارتی و یەکێتین؟

رێباز حەملان: هیچ کۆمپانیایەک نەنووسراوە ئەمە سەر بە پارتی یان سەر بە یەکێتییە، ئەو کۆمپانیایانە هاتوون داوای مۆڵەتیان لە حکومەت کردووە بەپێی یاسا بەشێکی گرنگ لە داهاتەکەیان لەنێوان 20% بۆ 25% دێتەوە بۆ حکومەت. جگە لەوەش ئێمە زەریبەشیان لێ دەسەنین. هەرچی کەلوپەلێکیش هاوردە دەکەن گومرگی خۆی دەدات. بۆیە ئەوانە تەنها رێکخستنی ئیشەکانیان کردووە. بۆ زانیاری جەنابیشت ئەگەر تۆ بڵێیت بەس یەکێتی و پارتییە، بەدڵنیاییەوە حیزبی دیکەش هەیە کۆمپانیای هەیە و بەس ئەوە زۆرتر هەر باسی یەکێتی و پارتی دەکرێت.

رووداو: حیزبی دیکە، لەناو حکومەتن؟ لە دەرەوەن؟

رێباز حەملان: لە دەروەن.. بەڵێ هەیە.

رووداو: باشە ئەگەر لە مانگی 11 دا ئەمریکا سزاکانی خۆی لەسەر ئیران قورستر کرد، ئێوە دەروازە سنووریەکان بەتایبەتی لەگەڵ ئێران دەهێڵنەوە؟

رێباز حەملان: پرسی دەروازە سنوورییەکان بابەتێکی سیادیە، بۆیە لەکۆتاییدا دەبێت دەوڵەتی عێراق بڕیاری لەبارەوە بدات. ئێمە هەرێمێکین سەر بە عێراقین، بەڵام جەنابی سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەمریکییەکان قسەی کردووە و پێی گوتوون کە ئێمە خەتی سوورمان بۆ دیاری بکەن کە ئێمە لەگەڵ ئێران چیبکەین، ئەگینا ئێمە لەڕووی بازرگانییەوە ناتوانین بیوەستێنین. پێداویستیەکانی خەڵک لەرووی خواردن و بیناسازی لە ئێرانەوە بۆ نموونە بۆمان دێت. ئێمە چوار دەروازەی نێودەوڵەتیمان لەگەڵ ئێراندا هەیە. بۆیە ئەمریکییەکانیش بە ئێمەیان گوتووە کە دڵنیایی بدەین بە بازرگانەکان کە بەدڵنیاییەوە ئێمە 100% دەرگا داناخەین، لە داهاتوودا بۆتان دیاریی دەکەین کە نابێت ئالوگۆڕ بکرێت لەنێوان هەردوولادا، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەرگا داناخرێت. 

رووداو: چ قسەیەک یان مژدەیەکی باش هەیە بە خەڵکی کوردستانی بدەیت؟ بەتایبەت لەڕووی باشکردنی گوزەران و ئابوورییەوە لەو ماوە نزیکەدا؟

رێباز حەملان: من خەڵک و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە، کە حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی جیاواز دەبێت لە کارکردن، لە چاکسازی و لە بەرەو ریفۆرم و هەروەها حکومەتی داهاتوو دێتە سەر ئامادەباشییەکی باش، کە لەم کابینەی حکومەتەدا کراوە. بەڕاستی کابینەی 8 ئامادەکارییەکی زۆر باشی کردووە بۆ دەرچوون لە زۆربەی ئەزمەکان، چ لەڕووی سیاسی بێت یان لەڕووی ئابوورییەوە. مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە بە باشبوونی ئەو چەند خاڵەی باسمانکرد پاشەکەوتی مووچە نامێنێت.

رووداو: پڕۆژەیاسای چاکسازی هەندێک پەرلەمانتاری پارتی پێشنیاز دەکەن لەم خولەی پەرلەمان هەر دوای هەڵبژاردن بە رۆژێک یان چەند رۆژێک تێپەڕێنرێت، تۆ پشتگیری ئەوە دەکەیت؟

رێباز حەملان: ئەگەر حیزبایەتی، ئەگەر عەقڵیەتی بەر تەلەڤزیۆن و خۆ دەرخستن نەبێت، بە رۆحێکی نیشتمانیانە ئیش بکەین بەیەکەوە کە یەکتر نەشکێنین، دەتوانین لە یەک رۆژدا ئەو یاسایە تێپەڕێنین، بەڵام من بێم قسەیەک بکەم واقیع بێت و تۆ بێی لەسەر تەلەڤزیۆن بە جۆرێکی دیکە باسی بکەی، ناگەینە ئەنجام. بۆیە من هیوادارم ئەگەر بە رۆحییەتێک بچینە ناو پەرلەمانەوە ئەو یاسایە تێپەڕێنین و دوایی کە هاتینە دەرێ، هەموومان بەو رۆحیەتە قسە بکەین کە لەناو پەرلەماندا بووە، بەدڵنیاییەوە تێدەپەڕێت.

رووداو: یاساکە تێپەڕی، ئیدی پاشەکەوتی مووچە نامێنێت؟

رێباز حەملان: خۆ ئەوە نییە کە یاساکە تێپەڕێ پاشەکەوتی مووچە نەمێنێت. دەبێت ئامادەکاری بۆ بکرێت.

رووداو: زیاتر لە 100 ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە؟

رێباز حەملان: بەڵێ، ئەی ناڵێم دەبێت ئامادەکاری بۆ بکەیت. ئەوەنییە بۆ رۆژی دەرچوونی یاساکە و بۆ بەیانی پاشەکەوت نەمێنێت. دەبێت ئەو پارەیە بگەڕێتەوە. چونکە ئەوە بەشێکی چارەسەری ئەو کارە خراپانە دەکات کە لە رابردوودا روویداوە. تۆ ئەو پارەیەت دێتەوە دەست، کە هاتەوە دەست بە دڵنیاییەوە. لەمەودوا تۆ ناتوانیت شتێک هەبێت لە خەڵکی بشاریتەوە. داهاتەکە دیارە و ئەوکاتە خەڵکیش قبووڵی ناکات.

رووداو: یەک شت هەیە مەبەستم بوو لەسەری قسە بکەم، لەگەڵ حکومەتی عێراق بڕێک پارە وەردەگرن، ئەو پارەیە بەپێی ئەو رێژەی 12% زیاترە کە حکومەتی عێراق لە بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە یان رێککەوتنە؟

رێباز حەملان: هیچ جۆرە رێژەیەک نییە، هەر پارەیەکە و دەماندەنێ بەناوی مووچە، ئەگینا ئێمە 725 ملیار بەو پاشەکەوتەوە دەدەین بۆ مووچە ئەوان 317 ملیار دەنێرن. باشبوو باسی ئەوەت کرد، یەک کێشە هەیە با خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرچاوی روون بێت. داهاتی نەوت هی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەموو 5ی مانگێک بەدەستمان دەگات، بەڵام ئەوەی بەغدا لەدوای 20ی مانگەوە دێت، بۆیە جار هەیە دابەشکردنی مووچە خاو دەبێتەوە یان چەند رۆژێکی بەین دەبێت، ئەوە ئەوەیە هۆکارەکەی. یەکسەر لە راگەیاندن بڵاودەبێتەوە وەزارەتی دارایی لە دابەشکردنی مووچە وەستا، ئێمە بەردەوامین لە دابەشکردنەکە بەڵام هاتنی پارەکەی بەغدا دەکەوێتە دوای 20ی مانگەوە. ئەگینا ئێمە ئیلتیزاممان کردووە و هەموو 30 رۆژ جارێک مووچەمان دابەشکردووە. خاڵێکی دیکەش کە گرنگە هەوڵی جەنای سەرۆکوەزیرانی زۆر تیابوو کە لەگەڵ بەڕێز عەبادی قسەیکرد. لە جەژنی رەمەزان و جەژنی قوربان وەزارەت و شوێن هەیە لە 20 رۆژ جارێک مووچەی وەرگرتووە نەک 30 رۆژ جارێکیش، بەڵام کە لەوسەرەوە پێنج رۆژ دوابکەوێت دەڵێن وەڵا ئیلتیزامیان نەکرد، باسی 20 رۆژەکە ناکات.

رووداو: زۆرباشە بەرەو کۆتایی دەچین، چۆن بوو بە رەشیقی و بە باریکی لەپڕا دەرکەوتیت؟ چەند کیلۆت کەمکردووە؟

رێباز حەملان: من زیاتر لە 70 کیلۆم کەمکردووە، بەس بە 3 ساڵ، هەوڵێکی زۆرم داوە لەگەڵی، هەندێکجار رەخنەی دروستکەر زۆر گرنگە. من سوپاسی هەموو کەسێک دەکەم کە رەخنەم لێ بگرێت دروستکەر بێت. جا بۆ خۆم بێت یان بۆ ئیشەکانم بێت. بەشێکی رەخنە وایکرد کە من بەڕاستی بەخۆمدا بچمەوە. بۆیە لەماوەی سێ ساڵدا توانیومە ئەوە بکەم. 

رووداو: رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بووی

رێباز حەملان: هیوادارم قسەکانمان بە باشی بگاتە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و دڵنەواییەک بێت کە ئێمە ئیتر لەو رەشبینییە دەرچین بەرامبەر بە حکومەتەکەمان بەرامبەر بە کیانەکەمان، ئێمە هەموومان پێکەوە لەو وڵاتە بەیەکەوە دەژین، خراپ بشکێتەوە بۆ هەموومانە و باش بشكێتەوە بۆ هەموومانە.

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان


 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Rizgar Khoshnaw | 10/12/2018 09:03:40 ص
هه‌ زار ڕه حمه ت له گۆڕتان بەشیر موشیر و مامۆستا نه به ز .
Rebwar | 10/12/2018 12:48:56 م
Ruhhy ba bahasht shadbet
رەسمەن ئینفیسالی بوو
| 10/12/2018 | (2)
Hawas kakaey | 10/12/2018 10:20:17 ص
توركمانه كان پشتيان به توركيا قايمه ،مه سيحيه كان پشتيان به ئه مريكا قايمه ، ئه ى كاكه يى داماو پشت به كى ببه ستيت بو ئه وه ى وزاره تى ...
رووداو پشکی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە کابینەی نۆیەم ئاشکرا دەکات
| 10/12/2018 | (1)
كاميران بامه رنى | 09/12/2018 01:52:07 ص
وهگرتنی خه لاتی روزنه مه وانی UN پیروزت بئت هه رسه رکه وتوییت. بابه ته که ت زور گرنگ و له جئگا و کاتی خویدایه هیفیدارم لایه نه به رپرس و هه مو کوردیک...
فرهاد | 10/12/2018 09:28:46 ص
كاك مةجيد دةستت خوش بةراستي ئةوةى جنابت و نامو لةو جةند سالةى رابردوو كردتان تايبة ت لة ماوةى شةرى داعش بة ناسان\نى كور ئةو بة ناو فةرمانكةى...
ئەو دەرفەتەی کە کورد خەریکە لەدەستی دەدات
| 5/12/2018 | (9)
ئەختیار یارئەحمەد بەگ | 09/12/2018 10:26:56 ص
زۆر بە داخەوە بۆ دواماڵئاوایی گەورە پیاو مامۆستای خەمخۆری ڕاستەقینەی خەباتی کوردایەتی دکتۆر جەمال نەبەز. هەموومان مەبەستم نوخبەی ڕۆشنفکر، خەمخۆرانی...
Rizgar Khoshnaw | 10/12/2018 09:11:52 ص
بلیمه تێک ماڵ ئاوایی لێ کردین ، ڕۆحت شاد .
پرۆفیسۆر د.جەمال نەبەز کۆچی دواییکرد
| 8/12/2018 | (4)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

 سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆی هەولێری پزیشكی بەردەوامە دوێنێ کاژێر 10:38 |

سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆی هەولێری پزیشكی بەردەوامە

بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو زۆرتر
ئەمڕۆ لە سلێمانی و شەممە لە دهۆک پشكنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ دەکرێت دوێنێ کاژێر 09:47 |

ئەمڕۆ لە سلێمانی و شەممە لە دهۆک پشكنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ دەکرێت

ئەنتیتۆباکۆ زاراوەیەکی تەندروستی جیهانییە و بە زۆرتر
پشکنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ دەستپێدەکات 12/12/2018 |

پشکنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ دەستپێدەکات

ژمارەی بەشداربووان 9000 کەسی تێپەڕاندووە زۆرتر
0.844 seconds