وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

نەجمەددین كەریم: عەبادی هێرشی نەدەكردە سەر كەركووك ئەگەر بیزانیایە كورد یەكە

لەلایەن نامۆ عەبدوڵڵا 22/11/2018
نەجمەددین كەریم: دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی خۆم رادەگەیەنم
نەجمەددین كەریم: دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی خۆم رادەگەیەنم

رووداو - واشنتن

زیاتر لە ساڵێكە لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوە و كەسێكی عەرەب بە وەكالەت لە شوێنەكەی دانراوە. ئێستا لە ئەمریكایە و بە كارەكانی ئینستتیوتی كورد لە ئەمریكا و سەنتەری دیراساتی سیاسی لە زانكۆی فلۆریدا خەریكە. سەرەڕای دوورخستنەوەی لە حیزبەكەی، بەڵام ئامادە نییە دەستبەرداری سیاسەت بێت. د.نەجمەددین كەریم، پارێزگاری لەكارلادراوی كەركووك لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی كوردستان دەكات و دەڵێت پارتی حەز دەكات یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ بەشداری بكەن. لەو باوەڕەشدایە بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حكومەتی داهاتووی كوردستاندا دەكات.

رووداو: هەستت چۆن بوو لە ماوەی ساڵی رابردوودا، بەهۆی ئەو شكستەی بەسەر پرۆژەی دەوڵەتی كوردستاندا هات؟

نەجمەددین كەریم: ئێمە لەگەڵ ریفراندۆمدا بووین، وامانكرد ریفراندۆم لە كەركووكیش بكرێ‌. ئەوە بڕیارێك بوو كە هەموو خەڵكی كوردستان دەیانویست. هەموو حیزبە سیاسییەكان دەیانویست. هەروەها یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی و تەنانەت لە نەخشەڕێگەكەشی كردبووی بە مەرج، ئەگەر ریفراندۆم بكرێ‌، دەبێ‌ لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی  هەرێمی كوردستانیش بكرێ‌. ئێمە باوەڕمان بەو ریفراندۆمە هەبوو، ئەگەر باوەڕمان پێی نەبووایە، بەو شێوەیە كارمان بۆی نەدەكرد. بە بڕوای من ریفراندۆم سەركەوتوو بوو، ریفراندۆم شكستی نەهێناوە. 

رووداو: بەڵام شكستی هێنا لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی بۆی دانرابوو كە دروستكردنی دەوڵەت بوو. 

نەجمەددین كەریم: جا ئێمە بە پێچەوانەی ئەوانەی كە ریفراندۆمەكە كرا و هاتن پەنجەیان نیشان دەدا و دەیانگوت ئەمڕۆ خۆشترین رۆژی ژیانمانە... ئەمڕۆ ئاواتی میللەتی كورد هاتەدی. بەڵام لەدوای ئەوەی كێشەكان روویاندا هەموویان خەتاكەیان خستە ئەستۆی چەند لایەنێك و چەند كەسێك، لەوانە جەنابی كاك مەسعود و بەندە لە كەركووك. لە ئەمریكا بەو جۆرە كەسانە دەگوترێ‌ (fair weather people) واتە  "دۆستی رۆژی خۆش". ئەگەر كەشوهەوا خۆشبوو دێنە دەرەوە، كە كەشوهەوا ناخۆشبێ‌ خۆیان دەشارنەوە. راستە ریفراندۆمەكە كێشەی تێكەوت، بەڵام ئەوە غەریب نەبوو كە تۆ هەنگاوێكی وا گەورە بنێی بەرەو سەربەخۆیی. لە یەكەم رۆژیشەوە روونكرابووەوە كە ریفراندۆم یەكسەر بەمانای سەربەخۆیی نییە، بەڵكو پرۆسەیەكە دەكەویتە قسەكردن لەگەڵ رژێمی بەغدا. لەگەڵ لایەنەكانی دیكە، تاوەكو دەگەیتە رێككەوتنێك دەربارەی ئەو پرۆسەیە. بۆیە من ریفراندۆم بەوە دانانێم كە سەركەوتوو نەبووە، بە پێچەوانەوە زۆریش سەركەوتوو بوو. رۆژی ریفراندۆم لە كەركووك بە راستی كەرنەڤاڵێك بوو، نەك تەنیا كورد، بەڵكو عەرەب و توركمان و ئاشوورییەكانیش تاڕاددەیەك بەشداریان تێدا كرد. 

رووداو: دوای ریفراندۆم هەستت چۆنە، ژیانت ئاسایی بووەتەوە؟ چۆن ژیان بەسەر دەبەی؟

نەجمەددین كەریم: بەدڵنیاییەوە ئاسایی نەبووەتەوە، چونكە پێشتر لە كەركووك بووم و لەوێ‌ پارێزگار بووم. ئیشم دەكرد و خزمەتی خەڵكم دەكرد. پۆستەكەی من گرنگ نییە، بەڵام من هەموو رۆژێك دڵم لەلای خەڵكی كەركووكە. لەو كارانەی بەرامبەر خەڵكی كەركووك دەكرێ‌. هەر ئەو رۆژانە لە (رووداوی ئینگلیزی) خوێندمەوە كە رێگە بە هەزاران خەڵك دراوە بێنە ناو كەركووك و زەوی و ماڵی كەركووكییەكان داگیر بكەن. ئەمە بۆ ئێمە زۆر ناخۆشە، چونكە هاووڵاتیانی خۆمان پێشتر بە سەربەستی دەژیان، ئەمڕۆ شكۆیان نەماوە. ئەوانەشی تووشی ئەمەیان كردوون نەك بەرگرییان لێناكەن، تەنانەت خۆیان لەگەڵ ئەو هێزانە هەڵدەكوتنە سەر ماڵان.

رووداو: ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، كاتێك ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە كەركووك دەبینی، ئەو رووداوە هیچ كاریگەری نەبووە. ئەوانەی رۆڵیان لەو رووداوە هەبوو، سەركردەكانی یەكێتی بوون، كەچی یەكێتی لە جیاتی ئەوەی كورسییەكانی كەم بكات، كورسییەكانی زیادی كرد لە پەرلەمانی كوردستان، ئایا ئەوەی لە كەركووك روویدا، بەلای خەڵكی كوردستانەوە گرنگ نەبوو؟ 

نەجمەددین كەریم: ئێمە لە تەمەنێكی گەنجییەوە لە نێو بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستانداین. جاران ئەگەر یەكێك گومانی لەسەر بووایە پەیوەندی لەگەڵ رژێم هەیە، بە خائین دادەنرا. كە تۆ نیوەی خاكی كوردستان تەسلیمی دوژمن بكەی، ئەوە زۆر زۆر لەوە گەورەترە. سەبارەت بە زیادوكەمكردنی كورسی، ئەگەر تەماشا بكەی، من وەكو چاودێرێك تەماشای ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەم كردووە. پارتی دیموكراتی كوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئیشی كردووە. حیزبێكە سەركردایەتی ریفراندۆمی كردووە. دەنگەكانیشی زۆر زیادی كرد، هەم لە پەرلەمانی عێراق، هەمیش لە پەرلەمانی كوردستان. هەڵبەتە لایەنیش هەیە لە ناوچەی سەوز دەڵێت ئەو ئەنجامەی لەو ناوچانە بەدەستهاتوون بەشێوەیەك بووە واقیعەكە وا نەبووە و دەستكاری كراوە.

رووداو: لە مەسەلەی دانوستاندنی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، بەهیچ شێوەیەك باسی سەربەخۆیی كوردستان نەكرا، ئایا خەونی دەوڵەتی كوردی دوای گشتپرسی تەواو بوو؟

نەجمەددین كەریم: یەكەم، خەونی دەوڵەتی كوردی هی حیزبێك و كەسێك نییە، هی میللەتێكە. ئەو خەونە هەر دێتەدی، چونكە ئەوە ئیرادەی میللەتێكە. راستە لەوانەیە ئەو ریفراندۆمە و ئەو هێرشانەی كرایە سەر كوردستان، بووبنە هۆی دواكەوتنی. تۆ باسی پێكهێنانی حكومەت دەكەی. لە دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەت بەهیچ شێوەیەك باسی سەربەخۆیی كوردستان ناكرێ‌. لەدوای 2003وە وەكو سەركردایەتی كورد، هەوڵی ئەوە درا كە حكومەتێكی فیدراڵی دیموكراتی راستەقینە دروستبكرێ‌ و كورد بەشداری تێدا بكات وەكو شەریكێك، نەك وەكو ئەوەی شتێكی درابێتێ‌. دەستوور دانرا، بەڵام حكومەتی عێراق پێشێلی كردووە و جێبەجێی نەكردووە، لە مادەی 140ەوە، لە یاسای فیدراڵی، لە مەسەلەی پێشمەرگە. زیاتر لە 60 ماددەی دەستوور پێشێلكراوە، بەشێكی زۆریشیان پەیوەندییان بە كوردستانەوە هەیە. ئێستا جارێكی دیكە ئەو پرۆسەیە دەستپێدەكاتەوە. ئەمە دوایین چانسە دەدرێتە حكومەتی عێراق، چونكە ئەگەر حكومەتی عێراقیش نەتوانێ‌ ئەو دەستوورە جێبەجێ‌ بكات، هەر كورد نییە ناڕازی بێ‌ لەو حكومەتە، بەسرا، حیللە، كەربەلا، نەجەف، رومادی، مووسڵ. هەمووی ناڕازییە. ئەم حكومەتە ئەگەر خۆی نەگرێ‌، ئەم وڵاتە دروست نەبووەتەوە. ئەم وڵاتە تا ئێستا وەكو پاپۆڕێكە دەشڵەقێ‌ بەمدیو و ئەودیودا. ئەگەر خۆی راست نەكاتەوە، لەوانەیە نقوم بێ‌ و وڵاتەكەش نەمێنێ‌. جا بۆیە مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستان هەردەمێنێ‌ و هەر ماویشە.

رووداو: رەخنەگرانی سەربەخۆیی دەڵێن كاتی گشتپرسی نەبوو، چونكە كوردستان خاوەن ئابوورییەكی بەهێز نییە، ئەگەر توركیا و ئێران سنوورەكانی لەسەر دابخەن، ئەوە تووشی قەیران دەبێ‌. بۆچی پێش ئەوە بیرتان لە بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهێز و فرەڕەنگ نەكردەوە؟

نەجمەددین كەریم: جارێ‌ ئەگەر ئێمە تەماشای مێژووی گەلانی دیكە بكەین كە بەرەو سەربەخۆیی رۆیشتوون، هیچیان نە دەستووریان هەبووە، نە حكومەتیشیان هەبووە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیێنێ‌ كە نابێ‌ ئەو كارانە بكەین. تەنانەت ئەگەر سەربەخۆش بین و هەموو سنوورەكانیش كرابنەوە، ئێمە دەبێ‌ كشتوكاڵ زیندوو بكەینەوە. كشتوكاڵ ئاسایشی خۆراكە، ئەوە زۆر گرنگە بۆ ئێمە. جگە لەوەی ئاسایشی خۆراكت دابین دەكات، خەڵكێكی زۆریشت بۆ دەخاتە سەر كار. ئێستا هەرچی خەڵكی لادێیە لە ناو شارە. تۆ كشتوكاڵ زیندوو بكەیتەوە خەڵكێكی زۆر دەخەیتەوە سەر كار. خۆ دەوڵەتی عێراق سنووریشی هەیە، هەموو دونیا دانی پێداناوە، بەڵام دەبینی بە تەواوی پشتی بە نەوت بەستووە، بۆیە باری ئابووریی عێراق خراپە. ئەو خۆپیشاندانانەی ئەمدواییە بووە هۆی ئەوەی عەبادی سەرنەكەوێ، چونكە لە رووی ئابوورییەوە فەشەلی هێنا. هەلی پێدانەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران لەسەر سینییەكی زیو پێشكەشی عەبادی كرا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیدارەی ئابووری خراپ بوو، پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردستان خراپ بوو، ئەوانەی زۆر پشتیوانیشیان دەكرد، بە تایبەتی باڵیۆزی ئەمریكا و نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش، هەموو حیسابەكانیان هەڵە دەرچوو. بۆ؟ چونكە تۆ دەبێ‌ گرنگی بە میللەتەكەت بدەی، نابێ‌ پشت بە كەسێكی دیكە ببەستی كە دواتر سەرت بخوات، چونكە میللەتەكەت دەزانێ‌ تۆ چ دەكەی، خزمەتت كردووە یان نا. 

رووداو: دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشبینی چ جۆرە حكومەتێك دەكەی لە كوردستان؟ ئایا پێتوایە ئەو گرژیانەی بەهۆی گشتپرسییەوە دروستبوون لە نێوان پارتی و یەكێتی، ئەوەندە گەورەیە كە پارتی بیەوێ‌ حكومەت دروستبكات بەبێ‌ ئەوەی یەكێتی بەشدار بكات؟

نەجمەددین كەریم: بەبۆچوونی من و بەپێی ئەو قسانەی لەگەڵ ئەو لایەنانە كردوومن كە دانوستاندن دەكەن، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە حكومەت بە بەشداری یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ دروست بكات. لەگەڵ یەكگرتووش، بەڵام یەكگرتوو رایگەیاندووە كە بەشداری ناكات. بە بۆچوونی خۆم گۆڕان بەشداری لە حكومەتدا دەكات. یەكێتیش بەشداری دەكات. پارتیش دەزانێ‌ لەگەڵ هەموو ئەو ناكۆكیانەی كە هەیە و ئەو كارانەی پێش و دوای ریفراندۆم روویاندا، رێگە لەوە ناگرێ‌ ئێمە لە حكومەتێكدا لە كوردستان پێكەوە كار بكەین، تەنانەت لە بەغداش یەكهەڵوێست بین لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە كوردستانەوە هەیە، بەڵام هەموو لایەكیش دەبێ‌ لەمەودوا ئاگادار بێ‌ كە بڕیارێكی گەورە دەدرێ‌ دەبێ‌ یەكڕیزی كورد زامن بكرێ‌. بە بڕوای من ئەگەر بهاتایە یەكڕیزی كورد هەبووایە، هەروەها ئەو لایەنەی كە لەگەڵ ریفراندۆمیش بوو، بە تایبەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەگەر ئەو كارە نەكرایە، ئەوانەی كە هێرشیشیان كردە سەر كوردستان و تەنانەت هەڵوێستی ئەمریكا و ئەوروپاش بە جۆرێكی دیكە دەبوو، بەڵام كە بینییان ناكۆكی لەنێو كورد هەیە، ئیستغلالی ئەوەیان كرد. لەوەدا بۆچوونی ئەمریكا و ئێران یەكیگرتەوە كە ئێمە دەزانین نێوانیان چەند خراپە.

رووداو: ئەوە راستە، زۆرجار كە لەدوای پرێس كۆنفرانسەكان (لە دەرەوەی ریكۆرد) قسە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی دەكەم، لێیان دەپرسم بۆچی ئێوە دژی هێرشەكەی سەر كەركووك نەوەستانەوە، لە كاتێكدا حەشدی شەعبی كە ئێران پاڵپشتیان دەكات، بەشدارییان لەو هێرشەدا كرد؟ ئەوان دەڵێن ئێمە ئەوە بە هێرش نابینین، هەست دەكەین بە تەنسیق لەگەڵ خۆتان كراوە.

نەجمەددین كەریم: بەدڵنیاییەوە وایە، بەڵام ئەوە دوولای هەیە. لەلایەك ئەو بەرپرسە ئەمریكیانەی كە كاروباری عێراقیان بەدەستەوە بوو، سەبارەت بە ریفراندۆم و سیاسەتی عێراق، پێیانخۆشبوو كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەو كارە بكات. بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتەی خۆیان سەربخەن. بەڵام ئەگەر ئەوە نەبووایە ئەوانیش نەیاندەتوانی بە ئاشكرا دژی ریفراندۆم بن و بڵێن ئێمە دژین و ئەوە كارێكی خراپە. ئێرانیش دەیزانی ئەمریكا هیچ ناكات، زیاتر پاڵیان بە حەشدی شەعبییەوە نا و هێزەكانیان ناردە كەركووك و ناوچەكانی دیكە. من لەو باوەڕەدام عەبادیش ئەو هێرشەی نەدەكردە سەر كەركووك، ئەگەر بیزانیایە كورد یەكە و هێزی پێشمەرگە پێكەوەیە و لایەكی ناكشێتەوە. تەنانەت حەیدەر عەبادی گوتبووی ئەمە بڕیاری كۆتایی من نەبووە كە كراوە.  

رووداو: لە دەرەوە بە تایبەتیش رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان زۆر باسی پەرتەوازەیی هێزی پێشمەرگە دەكەن، دەڵێن پێشمەرگە وەلائی بۆ كەس هەیە نەك خاك، بەرچاوترین نموونەش رووداوەكەی كەركووكە. ئێستا پارتی 45 كورسی هەیە، ئایا هەلێك بۆ پارتی نەهاتووەتە پێش كە بە یاسا هێزی پێشمەرگە یەكبخات و پاشان بە پراكتیكی یەكیبخات؟

نەجمەددین كەریم: كە شەڕی داعش دەستیپێكرد، ئەوكات ژەنەراڵ باربێرۆ لە عێراق بوو، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبوو، راسپێردرا و داوای لێكرا كە وا بكات هێزی پێشمەرگە یەكبخات و ببێ‌ بە هێزێكی پرۆفیشناڵ كە هی وڵات بێ‌ و لەژێر كۆنترۆڵی حیزبدا نەبێ‌. هاتە لای من لە كەركووك و لێی پرسیم. من گوتم ئەوەی كە ئێستا هەیە زۆر زەحمەتە بكرێ‌ بە یەك، چونكە ئەو دوو هێزە سەرەكییەی لە كوردستان هەن، هێزی پارتی و یەكێتین. وەكو هێزێكی نیزامی دژی داعش وەستانەوە. لە كەركووك پێشمەرگەی پارتی و یەكێتی شەهید دەبوون، لە یەك بەرەدا بوون دژی دوژمن، بەڵام كە هاتە سەر بەرژەوەندی حیزبی، لە 16ی ئۆكتۆبەر جیابوونەوە. یەكێتییەكان بە قسەی یەكێتیان كرد، پارتییەكان مانەوە. بۆ ئەوەی لە كوردستان هێزێكی نیشتیمانی دروست ببێ‌، دەبێ‌ دەست بە تەجنیدی ئیجباری بكەین. واتە هەموو كەسێك كە تەمەنی گەیشتە 18 ساڵ، بۆ ماوەی ساڵێك ساڵ و نیوێك خزمەت بكات. ئەو كاتە منداڵی فەقیری تێدا دەبێ‌، منداڵی دەوڵەمەندی تێدا دەبێ‌. كە ئەمەت كرد، ئەوانەی ئێستا وردە وردە خانەنشین دەبن. لە مێژووی ئەمریكادا دوو شت رەش و سپی تێكەڵ كرد، یەكێكیان سوپا و ئەوەی دیكەشیان وەرزش. ئێمە دەبێ‌ بەو جۆرە بیری لێبكەینەوە. ئەگینا ئەگەر تۆ بێیتە سەر ئەوە، شەڕی ناوخۆ بووە، ئەو برای شەهید بووە، ئەو لەوێ‌ شتێكی بەسەرهاتووە، ئەو شتانەیان قەت لەبیر ناچێ‌. 

رووداو: دوایین پرسیارم، ئایا داهاتووی د.نەجمەدین چی دەبێ‌؟ بەردەوام دەبی لە سیاسەتكردن لە كوردستان، یان دەگەڕێیتەوە سەر كاری پێشووت وەكو پزیشك لە ئەمریكا.

نەجمەددین كەریم: من لە 13 ساڵییەوە یەكەمجار لە رێگەی یەكێتی قوتابیانەوە تێكەڵ بە سیاسەت بووم، دوای ئەوە لە ناو پارتی، پاشان بووم بە پێشمەرگە. دوای ئەوەی كە هاتوومەتە ئەمریكا ئەو هەموو ساڵە وەكو سەربەخۆیەك ئیشم كردووە. خزمەتی هەموو پارچەكانی كوردستانم كردووە. خزمەتی هەموو حیزبەكانیشم كردووە، بە پارتییەوە، بە یەكێتییەوە. من كە گەڕاومەتەوە كوردستان لەسەر داوای خوالێخۆشبوو مام جەلال بووە. تا مام جەلال مابوو، متمانەیەكی تەواوم بەو ئیشانە هەبوو كە دەمكرد، پاڵپشتییەكی گەورەم هەبوو. من لەنێو حیزبیشدا نەبم، كوردایەتی خۆم هەر دەكەم. سیاسەتی خۆم هەر دەكەم، چونكە ناتوانین وازی لێبێنین. ئەمە شتێكە كە ئێمە پێی گەورەبووین، بە تایبەتی ئێمەی كەركووكی. 

رووداو: پرۆژەیەكی تایبەتت هەیە، وەكو هەواڵ بە ئێمەی بڵێی؟

نەجمەددین كەریم: چاوەڕێین دروستبوونی حكومەتی عێراق تەواو ببێ‌ و بزانین لە كوردستان چۆن دەكرێ‌، ئەوكات بڕیار دەدەین. ئێمە لێرە ئینستتیوتی كوردیمان هەیە لە واشنتن، ئێستاش بەردەوامە. سەنتەری دیراساتی سیاسیمان لە زانكۆی فلۆریدا دامەزراندووە. پرۆژەی یەكەمی من رزگاركردنی خەڵكی كەركووكە لەو نەهامەتییەی بەسەریان هاتووە.


کۆمێنتەکان

 
ھەڵۆ بەرزنجەیی | 23/11/2018
ھەزاران سڵاوی کوردستانی رازاوە بە نێرگز و ریحان پێشکەش بە د. نەجمەدین ھەڵویستە مەردانەکەی بۆ ریفەراندۆم دەستی کاک نامۆش نەڕزێ
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Rizgar Khoshnaw | 10/12/2018 09:03:40 ص
هه‌ زار ڕه حمه ت له گۆڕتان بەشیر موشیر و مامۆستا نه به ز .
Rebwar | 10/12/2018 12:48:56 م
Ruhhy ba bahasht shadbet
رەسمەن ئینفیسالی بوو
| 10/12/2018 | (2)
Hawas kakaey | 10/12/2018 10:20:17 ص
توركمانه كان پشتيان به توركيا قايمه ،مه سيحيه كان پشتيان به ئه مريكا قايمه ، ئه ى كاكه يى داماو پشت به كى ببه ستيت بو ئه وه ى وزاره تى ...
رووداو پشکی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە کابینەی نۆیەم ئاشکرا دەکات
| 10/12/2018 | (1)
كاميران بامه رنى | 09/12/2018 01:52:07 ص
وهگرتنی خه لاتی روزنه مه وانی UN پیروزت بئت هه رسه رکه وتوییت. بابه ته که ت زور گرنگ و له جئگا و کاتی خویدایه هیفیدارم لایه نه به رپرس و هه مو کوردیک...
فرهاد | 10/12/2018 09:28:46 ص
كاك مةجيد دةستت خوش بةراستي ئةوةى جنابت و نامو لةو جةند سالةى رابردوو كردتان تايبة ت لة ماوةى شةرى داعش بة ناسان\نى كور ئةو بة ناو فةرمانكةى...
ئەو دەرفەتەی کە کورد خەریکە لەدەستی دەدات
| 5/12/2018 | (9)
ئەختیار یارئەحمەد بەگ | 09/12/2018 10:26:56 ص
زۆر بە داخەوە بۆ دواماڵئاوایی گەورە پیاو مامۆستای خەمخۆری ڕاستەقینەی خەباتی کوردایەتی دکتۆر جەمال نەبەز. هەموومان مەبەستم نوخبەی ڕۆشنفکر، خەمخۆرانی...
Rizgar Khoshnaw | 10/12/2018 09:11:52 ص
بلیمه تێک ماڵ ئاوایی لێ کردین ، ڕۆحت شاد .
پرۆفیسۆر د.جەمال نەبەز کۆچی دواییکرد
| 8/12/2018 | (4)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

 سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆی هەولێری پزیشكی بەردەوامە دوێنێ کاژێر 10:38 |

سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆی هەولێری پزیشكی بەردەوامە

بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو زۆرتر
ئەمڕۆ لە سلێمانی و شەممە لە دهۆک پشكنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ دەکرێت دوێنێ کاژێر 09:47 |

ئەمڕۆ لە سلێمانی و شەممە لە دهۆک پشكنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ دەکرێت

ئەنتیتۆباکۆ زاراوەیەکی تەندروستی جیهانییە و بە زۆرتر
پشکنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ دەستپێدەکات 12/12/2018 |

پشکنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ دەستپێدەکات

ژمارەی بەشداربووان 9000 کەسی تێپەڕاندووە زۆرتر
0.219 seconds