وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

مەلا بەختیار: لە خەڵوەتێکی سیاسیدام و خەریکی نووسینی پرۆژەیەکیشم

لەلایەن گۆڤەند مستەفا 25/12/2018
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
رووداو - هەولێر

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ئێستا لە خەڵوەتێکی سیاسی خۆمدام و خەریکی نووسینی پڕۆژەیەکیشم، کە دوای سەری ساڵ پێشکەشی جێگری سکرتێری گشتی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی دەکەم.

لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رەنج سەنگاوی پێشکەشی کرد، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە.

دەقی بەشێکی هەڤپەیڤینەکەی مەلا بەختیار لەگەڵ رووداو

رووداو: بۆچی ئێستا لە کۆبوونەوە فەرمییەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نابینرێیت؟ ئایا ئێستا لەوێ دەوام ناکەی؟

مەلا بەختیار: نەخێر.

رووداو: بۆچی؟

مەلا بەختیار: دەتوانم بڵێم لە خەڵوەتێکی سیاسی خۆمدام، هاوکات خەریکی نووسینی پرۆژەیەکیشم کە پێشکەشی بەڕێز جێگری سکرتێری گشتی، مەکتەبی سیاسی، سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەندی بکەم، کۆی ئەو بۆچوونانە و رەخنانە و هەڵسەنگاندنانە، ئەو هەست و هەڵوێستانەی کە هەمە، دەمەوێت لەو پرۆژەیە پێشکەشیان بکەم.

رووداو: کەی ئەو پرۆژەیە پێشکەش دەکەیت؟

مەلا بەختیار: ئینشائەڵڵا دوای سەری ساڵ.

رووداو: پێشکەشی جێگرانی سکرتێری گشتی دەکەیت ؟

مەلا بەختیار: پێشکەشی هەموویانی دەکەم.

رووداو: بە دیاریکراوی ناوەڕۆکی پرۆژەکەت چی دەبێت ؟

مەلا بەختیار: ناوەڕۆکەکەی بە هەڵسەنگاندنی رابردووی یەکێتی دەستی پێدەکەم، بە کۆنگرەکاندا دێمەخوارەوە، هەڵەکان کە کراون، سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قۆناخەکانی رابردوو، هەموو ئەو گەندەڵی و ئەو رەفتار و کردارە ناپەسندانەی کە بوون بە مایەی ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەنێوان دوو هەڵبژاردن لە 2014 بۆ 2018، 213 هەزار دەنگ دابەزیوین، لە سلێمانی 90 هەزار دەنگ دابەزیوین، لە هەڵەبجە 7 هەزار 916 دەنگ دابەزیوین، لە گەرمیان 5 هەزار و شتێک دابەزیوین، لە هەولێر دابەزیوین. وایلێهاتووە لە سلێمانی کە قەڵای سەوزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە یەک کاندیدی سەنتەری سلێمانیمان پێ دەرنەچووە بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئەوانەی کە دەرچوون، (هەڤاڵ زیاد) دەرچووە کە خەڵکی ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجەیە، (هەڤاڵ سەلمە) دەرچووە کە خەڵکی چەمچەماڵە، لە هەولێر تەنها برای شەهید شاخەوان دەرچووە، ئەویش خەڵکی دێهاتی هەولێرە، کۆی ئەم دۆخە، کۆی ئەم نیگەرانیانە و ئەو رەخنانەی ساڵەهای ساڵە لەناو یەکێتیی نیشتمانی هەیە، من رەنگە تاوەکو ئێستا 50 وتارم لەسەر ئەم دۆخەی یەکێتی، کاریگەری یەکێتی، نیگەرانییەکانی کەسوکاری شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، ئەندامانی یەکێتی، کۆی ئەو تێبینی و رەخنە و بۆچوونانەی لە ساڵانی رابردوو، نەک هەر من بەسەدان هەڤاڵی یەکێتی هەیانبوو، خۆشم هەمبوو، لە کۆبوونەوەکان باسم کردوون، دۆکیۆمێنتم هەیە کە باسم کردوون، وتارم بە مێژوو و رۆژ و بە سەعات لە هەموو رۆژنامەکان هەبووە.

رووداو: ئەو پرۆژەیە کاریگەری دەبێت لە کاتێکدا پێشووتر ئەو هەموو هەوڵەت دابێت و کاریگەری نەبووبێت ؟

مەلا بەختیار: من ئەگەر بزانم کاریگەرییەکی سیحری دەبێت، دەمێکبوو پێشکەشم کردبوو، جارێکیان کۆڕێکم بەست لە زانکۆی سلێمانی بەناوی سازان یان ترازان، بەڕێز محەممەد حاجی مەحموود هەڵساو گوتی مەلا بەختیار دەبێت بڕیار بدات نابێت کۆڕ ببەستێت، منیش گوتم ئەگەر بمزانیبا بتوانم بڕیار بدەم و گۆڕانکاری بکەم نەدەهاتم کۆڕ ببەستم و حەقیقەتەکان بە خەڵک بڵێم.

بۆیە من پێموابێت زۆرم هەوڵدا نەگاتە ئەو وتارانە، نەگاتە ئەو پرۆژەیە، زۆرم هەوڵدا نەگاتە ئەو نیگەرانییەی کە من مەلا بەختیارم و بێم لە خەڵوەتی ماڵی خۆمدا بیر لە ئاییندەی حیزبەکەی خۆم و رێبازی مام جەلال بکەمەوە.

رووداو: کەوایە ئەمە تووڕە بوونە، یان بە داوای لێبووردنەوە کە دەستەواژەی تۆران بەکاردەهێنم، تۆرانە یان خەڵوەتە؟

مەلا بەختیار: هیچیان نییە، من لە خەڵوەتدام بۆ فۆرماتکردنی هەڵوێستێکی نوێ بەپێی ئەم قۆناخە، بەپێی ئەرکەکانی ئەو قۆناخە، بەپێی گۆڕانکارییەکانی ئەو قۆناخە، من پێموابێت هەڵوێست زۆر گرنگە، هەڵوێست دوور رمای یەکێتییە، بەبێ هەڵوێستێکی نوێ، بەبێ خوێندنەوەی هاوکێشە نوێیەکان، دیارە نوێیەکان و رووداوە نوێیەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وایلێهات.

رووداو: کەواتە بۆ ئەوانەی چاوەڕوانتن یان ئەوانەی دەیانەوێت زانیاری زیاتر بزانن، بە دیاریکراوی کەی دەگەڕێیتەوە مەکتەبی سیاسی و کەی دەستبەکاردەبیتەوە وەکو لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی؟

مەلا بەختیار: هێشتا بڕیاری وام نەداوە.

رووداو: پێتوانییە بەمزووانە ئەو بڕیارە بدەی؟

مەلا بەختیار: نازانم.

رووداو: بۆچی هەندێک کەس پێیوایە تووڕەبوونەکەتان زادەی ئەوەیە کە بەرگەی رای زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتیت نەگرت بۆ هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆککۆمار؟

مەلا بەختیار: زۆربەیەک کە هەڵە دەکات، قەت لەو کەمینەیە باشتر نییە کە هەڵەی نەکردووە، ئەنجامەکەشی دەبینین، زۆرینەی هەڵەش هەیە، زۆرینەیەک لەسەر بنەمای دیراسە، زۆرینەیەک لەسەر بنەمای ژینگەی تەندروستی حیزبێک، لەسەر بنەمای گفتوگۆیەکی هەڤاڵانە، زۆرینەیەک کە توانیبێتی هەموو هاوکێشەکان باش بخوێنێتەوە و هەرە خەڵکە زیرەکەکە بە توێژینەوەیەکی هەمەلایەنە، ئەو زۆرینەیە گەڵاڵەی بیر و بۆچوونەکانی بکات جیایە، بەڵام زۆرینەیەک لە زەرفی دوو سەعات چەند تەکەتولێک کۆببێتەوە و بێت و بیروڕای دەرەوەی حیزبەکە بێت لەناو حیزبەکە بکات بە بڕیاری حیزبەکە، ئەم جۆرە زۆرینەیە گفوگۆ زۆر هەڵدەگرێت.

رووداو: ئێستاش سووریت لەسەر بیرو بۆچوونەکانت، پێتوایە بڕیاری گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح هەڵەبوو؟

مەلا بەختیار: من دژی گەڕانەوەی کاک بەرهەم نەبووم، با ئەوە رۆشن بێت لەلاتان، نەک دژی نەبووم، بەڵکو چوار مانگ پێش ئەوەی بگەڕێتەوە، سێ مانگیش پێش ئەوەی ئەوەی ناوی نا هاوپەیمانی و هاودید و ئەوانەی دروست بکات، چووم پێمگوت ببە بە تینگ سیاوپینگ مەبە بە گورباتشۆف، وتی یەعنی چی؟ گوتم تینگ سیاوپینگ سزایاندا بەرگەی گرت، گورباتشۆف هەموو یەکێتی سۆڤیەتی و ئەوروپای رۆژهەڵاتی رووخاند و گوتی باشتر دروستیدەکەم، بەڵام ئەو هیچیان دەرنەچوو، بەرهەم ساڵحە، ئێستا بەو رێگەیەی کە بووە بە سەرۆکی کۆمار من هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.

رووداو: پێتوایە بۆ کوردستان و پرسی ناوچە جێناکۆکەکان دکتۆر فوئاد مەعسوم تێدەپەڕێنێت و دەتوانێت لەو زیاتر بکات؟

مەلا بەختیار: من نامەوێت بابەتەکە بە کەسی بکرێت، من پێموابێت هەرسێ سەرۆکی سیادییەکەی لە عێراق هەیە بە زروفی ئیستسنائی بوون بە سەرۆک، محەممەد حەلبووسی لە پێکهاتەی پڕ لە کێشەی سوننە و بە رێگەی تایبەتی بووە بە سەرۆکی پەرلەمان، جەنابی عادل عەبدولمەهدی، هێزە شیعەکان رێکنەکەوتن بوو بە کاندیدی رێکنەکەوتنی هێزە شیعییەکان، بەڕێز بەرهەم ساڵحیش، هێزە کوردستانییەکان رێکنەکەوتوون، بەو دابەشکارییەی کە جەنابی مام جەلال کاتی خۆی رێکیخستووە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاندیدی کردووە و دۆستەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێیانپەڕاندووە، بۆیە مەسەلەکە تەنها کاک بەرهەم نییە.

رووداو: مەبەست لە پرسی کوردە پەیوەست بە پۆستی سەرۆککۆمار، ئەگەر هەر کەسێکی دیکە بووایە هەمان پرسیار دووبارە دەکەمەوە، پێتوایە دکتۆر فوئاد مەعسوم تێدەپەڕێنێت لە گلەیی و گازندانەی کە خەڵک هەیانبوو لێی پەیوەست بە مومارەسەکردنی دەستوور، ناوچە جێناکۆکەکان، پەیوەست بەو هەموو هەلومەرجەی کە خۆت وەکو خانەقینییەکی دڵسۆز بۆ ناوچەکەی خۆت، خۆت گلەییت لێی هەیە؟

مەلا بەختیار: جەنابی مام جەلال ئەوەی تێنەپەڕاند، جەنابی مام جەلال کە رابەری هەموومانە هەموومانی لە تەلەبەییەوە پێگەیاندووە و بووین بەوانەی کە هەین ئێستا، ئایا جەنابی مام جەلال توانی ماددەی 140 جێبەجێ بکات لەدوای 9 ساڵ لە پەسندکردنی؟ جەنابی مام جەلال توانی هێزی پێشمەرگە پڕچەک بکات لەدوای ئەوەی لە دەستوور دانی پێدانراوە؟ جەنابی مام جەلال توانی کێشەی نەوت و غاز چارەسەر بکات؟ جەنابی مام جەلال توانی مەسەلەی بودجە و مووچە چارەسەر بکات؟ جەنابی مام جەلال لەوپەڕی گەورەیی خۆی توانی رێ لە جەنابی مالیکی بگرێت سوپا نەنێرێت بۆ کەرکووک و خانەقین. 

رووداو: بەڵام لەبەر چاوی مام جەلال ماڵی دووزییەکان نەسووتێنراوە و بێدەنگ بێت.

مەلا بەختیار: بەڵام لەبەرچاوی مام جەلال هێز نێردرا بۆ خانەقین، لەبەرچاوی مام جەلال هێز نێردرا بۆ کەرکووک، لەبەرچاوی مام جەلال گەورەترین کێشە لە نێوانی جەنابی مالیکی و جەنابی کاک مەسعود دروستبوو، من دەمەوێت ئەوە روونبکەمەوە، کە دەوڵەتی عێراق تا ئێستا دەوڵەتێکە بە خواروخێچی دروستکراوە، نە بە حیزبێک و نە بە سەرکردەیەک و سەرۆکێک ئەوم دەوڵەتە خواروخێچە کە لە 1921 دروستکراوە راستناکرێتەوە بە بڕیارێک.

کێشەی کەرکووک، خانەقین، شنگال و ئەوانە کێشەیەکن رێک 97 ساڵە هەیە، لە بەیانی ئازار لەسەر ئەوە تووشی شەڕ بووین، حکومەتەکەی شێخ مەحموود نیوەی کێشەکانی ئەوەبوو، ساڵی 1984 خۆم ئەندامی شاندی دانوستانکاربووم، نیوەی کێشەکانمان لەسەر کەرکووک بوو کە تیکچووینەوە، من نامەوێت کاک بەرهەم بارکەم، من دەمەوێت بڵێم ئەگەر ئەو کێشانەش نەتوانێت چارەسەر بکات، مەسەلەکە ئەوە نییە ئەو ناتوانێت، مەسەلەکە عێراق وایە.

رووداو: دەتوانی روونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەوە بدەی رۆژێک دەردەکەوێت ئەگەر بڕیارێک رای زۆرینەش بێت هەڵەیە یان راستە..

مەلا بەختیار: زۆر ئاساییە، زۆرجار زۆرینەی هەموو حیزبەکانی دونیا زۆرجار بە هەڵەدا دەچن، هۆکاری هەڵەکردنی زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی یان زۆرینەی سەرکردایەتی حیزبەکانیش لەو وڵاتە لەو ناوچەیەی ئێمە زۆر زۆرە، زاراوەیەک لە زانستی سیاسەت هەیە پێی دەڵێن (الاقلية الصائبة) کەمینەیەکی راست، ئەو زاراوەیە چۆن دروست بووە؟ لە ئەنجامی زۆرینەی نا سائیب دروستبووە.

رووداو: خۆت سەر بە کامەیانی؟

مەلا بەختیار: من بەش بە حاڵی خۆم.. کۆنووسی کۆبوونەوەکانم ماوە، قسەکان ماوە، ئەو گفتوگۆیە ماوە کە لە مەکتەبی سیاسی کرا و دەیانگوت کاک بەرهەم و 140 هەزار دەنگە دەیانهێنینەوە بۆ ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، منیش رام وابوو 400 دەنگی هاوپەیمانیش ناهێنینە ناو یەکێتی، ئەو دەنگەشمان نەهێنا، بە بەڵگەی ئەوەی لە هەڵەبجە کاک بەرهەم لە سەرکردایەتی و دەرەوەی سەرکردایەتیش دۆستی زۆربوو، کەچی حەوت هەزار دەنگ دابەزیوین.

رووداو: واتە هێشتا خۆت بە کەمینە راستەکە دەزانی و پێتوایە پێشبینییەکانت بەدیهاتووە؟

مەلا بەختیار: ئاواتەخوازم پێشبینییەکانم بەدی نەیێت، ئاواتەخوازم کاک بەرهەم لە بەغدا سەرکەوێت، ئاواتەخوازم وەزیری دادمان دەستکەوێت، ئاواتەخوازم پارێزگاری کەرکووک بگەڕێتەوە، ئاواتەخوازم هەموو هاوپەیمانی و هاودیدەکانی کاک بەرهەم بگەڕێنەوە ناو یەکێتی، ئاواتەخوازم رەونەقێکی جوانتر بدرێت بە یەکێتی و بەهۆی ئەوانەوە کۆنگرەیەکی گۆڕانکاری سەرکەوتوو ببەسترێت، من ئاواتم ئەوەیە، بەڵام گومانم هەیە بەدیبێت.

رووداو: سەبارەت بە کۆنگرەی یەکێتی، کۆنگرە نەکرا، بەڕای ئێوە دەبێت کەی یەکێتی کۆنگرە بکات؟ ئایا خۆت ئامادەی بۆ کۆنگرە؟

مەلا بەختیار: کۆنگرە تێپەڕی، لە راستیدا ئەو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسییە بەخۆشمەوە بەرپرسیاریێتی ئەنجامنەدانی کۆنگرە دەکەوێتە ئەستۆمان، حەقە کۆنگرە لێمان ببێچێتەوە، ساڵ بەساڵ بۆ کۆنگرە دوادەخەین.

رووداو: پێویستە کەی بکرێت؟

مەلا بەختیار: بە رای من ئەگەر لە بەهاری ئەمساڵی تێبپەڕێنین مەترسی لەسەر چارەنووسی یەکێتی هەیە، کە لە ئێستا متمانەمان کەمتر بێت و کێشەمان لەنێوخۆماندا زۆرتر بێت، لە ئێستا زیاتر پەیوەندی یەکێتی و حیزبە سیاسییەکان خراپتر بێت.

رووداو: وەکو کەسی مەلا بەختیار ئامادەی بۆ کۆنگرە؟

مەلا بەختیار: بەڵێ، من زۆرم پێخۆشە جارێک دیکە هەموو ئەو سەرکردانە، هەموو ئەو مەکتەبی سیاسییانە، هەموو ئەوانەی ئومێدیان هەیە لە کۆنگرە خۆیان لە بێژنگ بدەن تموحیان هەیە بۆ ئۆرگانە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هیوادارم هەموومان خۆمان و کردەوەکانمان بە کونیەی کاروبارمان، بە کونیەی رەفتارمان، بە کونیەی هەڵوێستمان، بە گوتارەکان و بۆچوونەکانمان، بە هەموو ئەوەی کردوومانە، ئایا بنکەی جەماوەی یەکێتی پێمان رازییە یان ناڕازییە ئەوە کۆنگرە دەزانێت.

رووداو: ئارەزووی ئەوەت هەیە ببیت بە سکرتێری گشتی، یان چاوەڕوانی ئەوەت هەیە کوڕێکی مام جەلال ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت؟

مەلا بەختیار: نەخۆم ئارەزووم هەیە هەرگیزاو هەرگیز، ئەوە کۆنگرە دەریدەخات ئەم قسەیەم چەند راستە، نە باوەڕیشم بە پلەو پایەی سکرتێری ماوە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نە باوەڕیشم بە رەهایی لەگەڵ ئەوەیە کوڕێکی ماڵی مام جەلال یان کوڕێکی بنەماڵە بچووکەکانی دیکە کە خۆیان بە بنەماڵە دەزانن کەسی ئەمانە بتوانێت ببێت بە کەسی یەکەم، چونکە کەسی یەکەم کاریزمایە، بە واستە و بە تەکەتول و بەچەکدار و بە پارە کاریزما دروست نابێت.

رووداو: ئێستا کەس بە ئەکتیڤبوونی خۆی خۆی نەکردووە بە ئەمری واقیع لەلای تۆ؟

مەلا بەختیار: هەرگیزاو هەرگیز، بە دە ساڵی دیکەی بەو ئەکتیڤییە کاریزما دروست ناکەن.

رووداو: دوای مام جەلال ئەم بڕوایەت لەلا دروست بوو، یان هەمیشە لەگەڵ بنەماڵەدا نەبووی؟

مەلا بەختیار: هەمیشە لەگەڵ بنەماڵەدا نەبوومە، 19 رۆژ لەگەڵ جەنابی مام جەلال بووم کاتێک لە عەمان نەخۆش کەوتبوو، 19 دانە رۆژ لەگەڵی بووم، هەموو رۆژێک 6 بۆ 8 سەعات لە ژوورەکەی دادەنیشتم، رۆژێکیان پرسیارێکم لێکرد، گوتم: جەنابی مام جەلال مقۆ مقۆ هەیە گوایە یەکێک لە کوڕەکانت ئامادە دەکەی بۆ ئەوەی ببێتە جێنشینت.. توڕە بوو گوتی مەلا بەختیار هەر کەسێک ئەو پرسیارەی لەمن بکردابایە نەدەبوو تۆ بیکەی، گوتم بۆ مام؟ گوتی تۆ هاوڕێی تەمەنمی من ناناسیت، گوتی من بە هەموو تەمەنم دژی ئەوەبووم یەکێک کوڕەکەی یان کوڕەزایەکەی یان کەسوکاری لەدوای خۆی بکات بە خەلیفە، گوتیشی خۆ من خەلیفە دروست ناکەم ئێوە لە کۆنگرە کێ دادەنێن داینێن، گوتی هەر دە پەنجەم ببڕن ئەوە ناکەم.

رووداو: پێشبینیت بۆ ئەنجامی کۆنگرە چییە؟ وەکو سیاسەتڤانێک کە هەندێکجار پێشبینی رووداوەکان دەکەی، کە ئەمە پێویستە تایبەتمەندی زۆربەی سیاسەتڤانان بێت.

مەلا بەختیار: ئومێدم زۆرە بە کۆنگرەیەکی سەرکەوتووی گۆڕانکاری، توانای خۆشم بۆ ئەوە دەخەمە کار کە یەکێتی لەدوای کۆنگرە وابێتە دەرەوە کە رەخنە لەخۆی بگرێت، هەڵەکانی راست بکاتەوە، هەموو ئەو نیگەرانییەی لە کەسوکاری شەهیدان تا کۆتایی کەس ئەمە بە راستگۆیی بڕەوێنینەوە، نەک لەناو کۆنگرە پەیمانی ئاکار ببەستین و لەدوای 24 سەعات لەبیرمان بچێتەوە، ئومێدم وایە و بەش بە حاڵی خۆم پێموایە لەو کۆنگرەیەی یەکێتی یان گۆڕانکاری دەکات سەراپا، نەک لە سەرکردایەتی، بەڵکو لە هەموو ئۆرگانەکانی لە پەیڕەوی لە پرۆگرامی، یان ئەگەر گۆڕانکاری ناکات ئەگەر هەبێت پێیوابێت دەتوانێت بە تەوافوق کۆنگرە ببات بەڕێوە، من تەسەورم وایە تازە قۆناخی تەوافوق لە مێژووی ئێمە بەسەرچووە، ناتوانێت یەکێتی بکاتەوە بە یەکێتییەکەی جێی متمانەی خەڵک.

رووداو: پێتوایە کۆنگرە گۆڕانی جەوهەری دروستبکات و کەسانێک بێنێتە پێشەوە کە ئێستا کەمتر لەسەر شانۆی سیاسی بڕیار دروستکەرن ؟

مەلا بەختیار: من تەسەورم وایە ئەگەر لە 70%ـی ئۆرگانەکانی یەکێتی لە سەرەوە بۆ خوارەوە بگۆڕین، هیشتا یەکێتی چوار تا پێنج ساڵی دەوێت تاوەکو متمانە بگێڕینەوە ناو خەڵک، ئەوەندە متمانەمان لەدەستداوە لە ناو خەڵکدا، 213 هەزار دەنگمان دابەزیوە لە نێوان هەڵبژاردن، چوار مەوالیدیشی چووەتە سەر حیسابم نەکردووە. 213 هەزار دەنگ.

رووداو: ئەو دەنگانە چوون بۆ کوێ ؟

مەلا بەختیار: بۆ ئەوانەی رەخنەیان لەسەر ئێمە هەیە، بۆ ئەو خەڵکەی کە جیاواز لە ئێمە بیر دەکەنەوە.

رووداو: بەڵام هەندێک کەس بڕوای وایە هێشتاش لەگەڵ هەندێ گرووپ و حیزبدا بەس بۆ گۆشتی خێر دوو ماڵن، ئایا ئەمە راستە؟

مەلا بەختیار: نەخێر، هەرگیز راست نییە.

رووداو: یەکێتی 21 کورسی هێناوە، دەبێت یەکێتی داوای چی بکات لەگەڵ پارتی، نیوە بە نیوە لەگەڵ پارتی حکوم بکەن، یان بە رێژەی دەنگەکان؟

مەلا بەختیار: پارتی 45 کورسی هێناوە، ئێمەش 21ـمان هێناوە، واتە دوو بەرامبەری ئێمە و چوار کورسیشیان لە ئێمە زیاترە، بۆ وامان لێهات جارێ پێویست دەکات ئەو ژمارانە بەراورد بکەین، خۆ ئەمە کەم نییە، من بەش بە حاڵی خۆم بە نسبەت یەکێتییەوە بە پاشە کشەیەکی گەورەی دەزانم بەڕاستی، وامانکردووە پارتی 45 کورسی بهێنێت و ئێمە 21 کورسی بهێنین، بەشێک لە هۆیەکانی بەرزبوونەوەی دەنگەکانی پارتی لە ئەنجامی هەڵەکانی ئێمەیە، ئەو بێمتمانەییەی ئێستا ئێمە هەمانە، ئەو هەڵانەیە کە بە بەردەوامی  دەیکەین.

رووداو: دوو هۆکار بخەڕوو کە بۆ واتان لێهات.

مەلا بەختیار: یەکەم: سیاسەتەکانمان هەڵەی زۆری تێدایە، دووەم: رەفتار و کرداری بەشێک لە بەرپرسەکانمان و بەشێک لە پۆستەکانی حکومەتمان و سزا نەدانی گەندەڵکاران، واتە ئێمە بەقەد پارتیش نەمانتوانیوە گەندەڵکاران سزا بدەین تاوەکو ئێستا، پارتی دوومانگ جارێک دوو بۆ سێ گەندەڵکار سزا دەدات ئەگەر بۆ ئارایشتیش بێت سزای دەدا، بەڵام ئێمە یەک گەندەڵکاریشمان پێ سزا نەدراوە، هەموو گەندەڵکارەکانی حکومەت و نا حیزب لەلای ئێمە ئیعتباری زیاتر پەیدا دەکەن، هەموویان ئیعتباری زیاتر پەیدا دەکەن. خەڵک چۆن متمانە بە ئێمە دەکات کە ئێمە نەتوانین ریزەکانی خۆمان پاک بکەینەوە، کە نەتوانین لە ئاستی متمانەی کەسوکاری شەهیدان و هەڤاڵان و ئەندامانی خۆماندا بین، ئاڵوگۆڕ لە هەموو سیاسەت و خۆمان و لە پۆستەکانی خۆمان و ئۆرگانەکانی خۆمان بەدیبهێنین.

رووداو: ئێوە لە شاخ لە نێو ئەدەبیاتی یەکێتی قسەیەکی مەشهورتان هەبوو تا ئەو رادەیەی زۆرجار خۆتان وەکو سەرکردەکان نوکتەشتان هەیە لەسەری، رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن، ئەی رەخنەی چی لەخۆت دەگری؟ خۆت چ رۆڵێکت هەبووە لە دابەزینی دەنگەکانی یەکێتی؟

مەلا بەختیار: ئەمە دەهێڵمەوە بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوەو کۆنگرە و بۆ ویژدانی کادیرەکان، بۆ راپرسی ئەگەر من کەمتەرخەم بووم، ئەگەر من ئیشەکانم نەکردووە، ئەگەر من کۆمپانیام هەیە، ئەگەر من هەڕەشەم لە سەرمایەدارەکان کردووە، سەرانەم لێوەرگرتوون، ئەگەر من بازگەکانی خانەقین و دەوروبەری کە خۆم نفوسێکی باشم هەیە لە خانەقین دابەشمکردووەتە سەر خۆم، ئەگەر من تەنکەرە نەوتی دزی دەبەم، ئەگەر من لە نەوتەوە بۆ جەوتەوە دەبەم، ئەگەر قەڵەمم نییە، ئەگەر پێشبینی رووداوەکانم نەکردووە، ئەگەر ئەکتیڤترین سەرکردایەتی نەبووم لە نووسینم، لە تەحلیلم، لە پێشبینیم، ئەگەر بەشداری کۆنگرەکانی دونیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دانوستاندنەکانی عێراق و کوردستان و هەڵوێستم نەبووە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان، ئەگەر من لە شەوو رۆژێکدا 13 بۆ 14 سەعات دەوامم نەکردبێت، ئەگەر زۆرترین سەردانی کەسوکاری شەهیدانم نەکردبێت، ئەگەر یەک هاتبێتە ئۆفیسەکەی من بە نیگەرانیی چووبێتە دەرەوە و لە یەکێتی نیگەرانم کردبێت، حەقی وایە دەرم بکەن.

رووداو: ئێستا ئێوە 21 کورسیتان هەیە، دەبێت داوای چی بکەن؟ نیوە بە نیوە لەگەڵ پارتی حکوم بکەن، یان بە رێژەی دەنگەکان؟

مەلا بەختیار: من گوتوومە و ئێستاش دەیڵێمەوە، با برادەرانی پارتی باش بزانن، من گوتوومە یەکێتی یەک کورسیشی هەبێت ئێمە هەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانین، ئەمە حەقیقەتێکە ئەگەر بە هەڵەش راڤەیدەکەن ئەمجارەش وەکو جاری پێشوو با بەهەڵە راڤەی بکەن، یەکێتی هێزی هەیە، مێژووی هەیە، یەکێتی شەرعیەتی قوربانیدان و سەنگەرەکانی پێشەوەی گیان بەختکردنی هەیە، لەبەرئەوە هیچ حکومەتێک لە کوردستان، سەرەڕای ئەوەی رەخنەشم هەیە لە حیزبکەم و هەڵوێستیشم هەیە، ئێستاش هیچ حکومەتێک لە کوردستان بەبێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مۆفەق نابێت، ئایا یەکێتی بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن پۆستەکانی پێدەدرێیت، کە 21 کورسیمان هەیە؟ لە گۆڕان زیاترمان هەیە، لە هەموو حیزبە ئیسلامییەکان زیاترمان هەیە، کەواتە پارتی نابێت بیر لەوە بکاتەوە بەپێی 21 کورسی، ئەگەر لەگەڵ نەوەی نوێ دانوستاندن بکات لەبەر ئەوەی ئەوەندە کورسی هەیە، لەگەڵ ئێمەش دانوستاندن بکات لەبەر ئەوەی 21 کورسیمان هەیە، ئەگەر هەر لەبەر کورسییەکان دانوستاندن لەگەڵ ئێمە دەکات... با ئەمنی سلێمانی لە کاتی لێقەوماندا بەرگرییکردن لە ناوچەکانی سەوز یان لە کەرکووک و هەر شوێنێکی دیکە با بدات بە حیزبەکانی دیکە، کە دەیەوێت بەپێی سەنگی هەڵبژاردن لەگەڵیان مامەڵە بکات، با پارتی ئەمە بکات، ئەگەر بەیانی و دووبەیانی داعش لە شوێنێکی دیکە سەریهەڵدا ئەو حیزبانەی دەیەوێت بەپێی سەنگی هەڵبژاردن حکومەتیان لەگەڵ تەشکیل بکات، ئەگەر پارتی توانی دیفاعکردن لە بستێکی خاکی ئەم کوردستانە و ناوچەکانی سەوز بدات بەو حیزبانە، با لەگەڵ ئێمەش بەپێی سەنگی هەڵبژاردن لەگەڵ ئێمەش رێکبکەوێت، ئەگەر ئێمەش جیاوازین لەو حیزبانە لە هەرشوێنێک دووژمنێکی ئەو ئەزموونە بێتە پێشەوە، شەهیدانی یەکێتی ژمارەکانیان زیاترە، قوربانییەکانی یەکێتی لە هەموو لایەک زیاتر دەدرێت، کەواتە نابێت تەنها بەپێی کورسی لەگەڵ ئێمە بکرێت.

رووداو: واتە دەتانەوێت بەقەد پارتیتان پێبدرێت وەکو 50 بە 50 ؟

مەلا بەختیار: نا من بەقەد پارتی ناڵێم، دەڵێم یەکێتی لەدوای پارتی نابێت وەکو حیزبەکانی دیکە کە کورسیان هەیە حیسابیان بۆ بکرێت، یەکێتی ئیعتباری زیاترە.

رووداو: ئەنجامی دەنگەکان هاوکێشەکانی لە هەموو بوارەکاندا گۆڕیوە، بۆ نموونە زۆر ئەوەی کە پارتی و یەکێتی شانازی پێوە دەکەن، خۆزگە هێزێکی پێشمەرگەی نیشتمانی یەکگرتووتان دروستکردبایە، کە دروستتان نەکردووە، حەز دەکەم بزانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەکو جاران هەمووی سەوز نییە، دەنگدەرێک هەیە دەنگی داوە بە نەوەی نوێ، دەنگی داوە بە پارتی، دەنگی داوە بە بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمانە لە حاڵەتی یەکلاکردنەوەی هەندێک کێشە وەلائیان هەیە بۆ حیزبەکانیان، ئایا ئەمە راستە یان نا؟

مەلا بەختیار: ئەمەش بەهۆی هەڵەی ئێمەوەیە کە هێزی پێشمەرگە ئامادەیە بە بڕیاری یەکێتی خۆی بەخت بکات، بەڵام لە کاتی دەنگداندا دەنگ بە لایەکی دیکە دەدات.

رووداو: بەڵام مەرج نییە لەمەودوا بە بڕیاری ئێوە خۆی بەخت بکات، ئەگەر ئێوە وایلێبکەن تەنیا وەکو دەستکەوتی خۆتان سەیری پێشمەرگەی کوردستان بکەن، رەنگە ئەوان نیگەران ببن لێتان، ئایا ئەمە راستی نییە؟

مەلا بەختیار: تا ئێستا کە قسە دەکەین، بە بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتی لە چوارچێوەی ستراتیژی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو پێشمەرگانەی یەکێتی، ئاسایشی یەکێتی، دژە تیرۆری یەکێتی گیانیان بەختکردووە، جارێ هەلومەرجی دیکە نەهاتووەتە پێشەوە بڕیاری یەکێتی جێبەجێ نەکەن تاوەکو حکومەتی پارتی یان برادەرانی پارتی بێن بڵێن وەڵا لەبەر ئەوەی هێزەکانتان بە قسەی ئێوە ناکەن، تا ئێستا هیچ هێزێک لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یاخی نەبووە، وەکو گریمانەش ئەگەر حیسابی بۆ دەکەی، دەبێت چاوەڕێ بکەین، ئێمە لە دانوستاندن داین، ئێستا یەکێتی هێزی هەیە، ئێستا پارتی خۆشی ناتوانێت ئەو حەقیقەتە فەرامۆش بکات، کە بە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان کە لە بادینان هێناویەتی بتوانێت تەحەکوم لە سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و کۆیە بکات و بەیانی و دووبەیانیش بتوانێت لە کەرکووکیش تەحەکوم بکات، ئەوە خانەقین خۆم دەزام هیچ لایەک ناتوانێت تەحەکومی تێدا بکات، بۆیە دەبێت هەموومان ئەو هاوکێشەیە باش بخوێنینەوە، من بەش بە حاڵی خۆم لایەنگری ئەوپەڕی پەیوەندییەکی زۆر باش تا راددەی رێککەوتنێکی ستراتیژی نوێم لەگەڵ پارتی، بەڵما هاوکێشەکە باش بخوێنینەوە.

رووداو: بڕوای تۆ وایە یان کەسانی دیکەش ؟

مەلا بەختیار: من بڕوام وایە، ئەو بڕوایە ئێستا من هەمە زیادی کردووە لەناو یەکێتی کەمی نەکردووە.

رووداو: ئەگەر پارتی بڵێ دوو جێگر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، تۆ لەگەڵ ئەوەدایت یەکێتی رازی بێت؟

مەلا بەختیار: من خۆم بەش بەحاڵی خۆم پێمخۆشە یەک پۆست بێت، یەکێتی حەقی خۆیەتی بڵێ یەک جێگری سەرۆکوەزیران هەبێت، با ئەزموونی شکستخواردوو دووبارە نەکەینەوە باشە، ئەمەی کە پینە و پەڕۆ بکەین حکومەتێک تەشکیل بکەین بمانەوێت ئیشی زۆر گەورە بکات، بەڕاستی بە پینەو پەڕۆ حکومەتی نوێ تەشکیل ناکرێت، بە سەرۆکایەتی کاکە مەسروور بارزانی کە لە ئێستاوە پیرۆزبایی لێدەکەم، ئێمە با نێین بە رەد فعل پۆست زیاد بکەین، با بێین بە واقیعی وەکو پۆستی بەرپرسیاریێتی سەریری بکەین کە بتوانێت ئیشەکانی بکات.

رووداو: وەکو لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆت گلەییت هەیە لە ئینفرادی گرووپێک، خۆت گلەییت هەیە لە ئەدای حیزبەکەی خۆت، بەڵام ئایا حەق بە پارتی نادەی کە دڵشکاو بێت بەرامبەرتان کە لە هەندێک لە قۆناخدا ئینفرادتان کردووە و بەپێی ئیستحقاقی کورسی مامەڵەتان کردووە لەگەڵ پارتی، ئێستاش دەتانەوێت پارتی کورسی حیساب نەکات و وەکو جاران مامەڵە لەگەڵ ئێوە بکات، ئەمە دژ بە یەک نییە ؟

مەلا بەختیار: من چەند جارێک ئەو قسەیەم کردووە، دوورکەوتنەوەی ئێمە لە رێککەوتنی ستراتیژی پارتی هەڵەبوو کراوە، نەدەبوو لیستە هاوبەشەکانی کە هەمانبوو ئێمە بە دوو لیست داببەزین، ئەمە هەڵەبوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لێی بەرپرسە، بەڵام ئەو هەڵەیە بە کاردانەوەی پارتی چارەسەر ناکرێت.

رووداو: هەر تۆ پێتوایە هەڵەیە، یان کۆدەنگییەک هەیە لەسەر ئەو بابەتە؟

مەلا بەختیار: نەخێر زۆرێک پێیانوایە.. کاتی خۆی جەنابی مام جەلال زۆر زۆری پێناخۆش بوو لە رێککەوتنی ستراتیژی بچینە دەرەوە و بە لیستی جیا دابەزین، بیرمە لە کەرکووک کۆبوونەوەکەمان کرد، ناوی کەس ناهێنم هەندێک لە هەڤاڵان پێداگربوون لەسەر جیابوونەوەی لیستەکەمان، گوتی هەڵەن، بەڵام مادام پێداگری دەکەن بچن خۆتان تاقی بکەنەوە، ئێستاش پێموابێت ئەو هەڵەیەمان کردووە، بەڵام ئەو هەڵەیە بە رەد فعلی پارتی یان بەوەی مادام یەکێتی هەڵەی کردووە پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای ئەوەی یەکێتی هەڵەی کردووە نەکەین، یەکێتی بە قودرەتەکانی کە هەیەتی دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و حکومەتی لەگەڵ پێکبێندرێت، هەڵەکانیش کە هەیەتی با پارتی رەخنەی لیبگرێت، بەڵام هەڵەکان نەکرێن بە کۆسپ لەبەردەم دروستکردنەوەی هاوکێشەی هاوسنەگی لە کوردستان، ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە ئەمە بکەین.

رووداو: ئەو هەڵانە ئەوەی بەغداشی تێدایە کە پەلەکرا لە مەسەلەی حیساب نەکردن بۆ ئەو سیاسەتە تەوافوقەی لە نێوانتاندا هەبوو؟ ئەگەر رێککەوتنی ستراتیژیشتان لە گرێژ نەچووبێت، خۆ جۆرێک لە پرەنسیپ و بڕوابوونتان بە سیاسەتی تەوافوقی مابوو لە نێوانتاندا.

مەلا بەختیار: من خراپترین شت کە لەوەی بەغدا و پێش بەغداش کراوە، خراپترین شت کە دەیبینم زەرەری بۆ میللەتەکەمان و ئەزموونەکەمان هەیە ئەوەیە، کە متمانەی نێوان ئێمە و پارتی لاواز بووە، ئەمە بە خراپترین شت دەبینم، دەستکەوت لای من گرنگ نییە، متمانە لەلای من گرنگە، جاری وا هەیە لەسەر بنەمای متمانە دەتوانی زۆر دەستکەوتی گەورە بۆ نەتەوەکەت بەدی بهێنیت، بەڵام جاری وا هەیە کە متمانە لاواز دەبێت، بەهێزی زیاتریش کە لەوەی هەمانە ناتوانین بەدەستی بهێنینەوە.

رووداو: بە راشکاوی هەڵسوکەوتی هەڵەتان بەرامبەر بە پارتی کرد لە بەغدا؟

مەلا بەختیار: بەڵێ، هەم لە بەغدا هەم لە کوردستان کۆمەڵێک موزایەداتی نابەجێ هەیە لە دوو سێ ساڵی رابردوو، هەمووی زەرەری یەکێتی و قازانجی پارتی بوو، پارتیش لە هەندێک جومگە بەڕاستی وەکو حاکم تەسەروفی دەکرد لەگەڵ یەکێتی، ئەم حاکمیەتە، من لە کۆبوونەوەکانیش ئەمەم گوتووە پارتی با حاکمیەت تەسروف بکات لەگەڵ یەکێتی هەڵەیە، یەکێتیش بە موزایەدە تەسروف بکات لەگەڵ پارتی هەڵەیە.

رووداو: بەڕای تۆ کێ باشە ببێتە جێگری سەرۆکوەزیران لە یەکێتی؟

مەلا بەختیار: قوباد.

رووداو: هەر ئەوت پێباشە؟

مەلا بەختیار: بەڵێ، چونکە قوباد لە تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەرچوو، ئەوەی بایۆمەتری، پاشەکەوتی مووچە، ئەم بەدبەختیانەی بەسەر ئەم حکومەتەدا هات، هەموو قەیرانەکانی حکومەتەکانی رابردوو بە میرات بۆ ئەو حکومەتە مایەوە، بانکی بەتاڵی وەرگرت لەگەڵ کاکە نێچیرڤان بارزانی، بانکەکان بەتاڵ بوون، بانکەکان سێ ملیار و 600 ملیۆن دۆلار قەرزار بوون کە حکومەتیان وەرگرتووە، نرخی نەوت لە 111 دۆلارەوە هاتە سەر 22 دۆلار، حکومەتی عێراقی کێشەی بودجەو مووچەی لەگەڵ چارەسەر کردین، لە رووی بابەتییەوە قەیرانێکی گەورەبوو، دەبووایە ئەم حکومەتە نەمێنێت، ئەگەر ئەو رێوشوێنە لەسەر دەستی ئەو حکومەتە و ئەو کابینەیە دانەنرایە بۆ بایۆمەتری، بۆ زیاتر لە 150 هەزار کەس زیادە مووچە و دوو مووچەی وەرگرتووە و دزیکراوە و گەندەڵی کراوە، ئەگەر ئەمانە ئاڵوگۆڕ نەبووایە، رووسیاش نەبووایە، رووس نەفت کە تەبەنای کڕین و فرۆشتنی نەوتی کرد لە کاتی قەیرانەکەو لە کاتی ریفراندۆمدا...

رووداو: ئەمە رێکلام نییە بۆ کۆنگرە ؟

مەلا بەختیار: نا نا، رێکلام نییە بۆ کۆنگرە هەرگیز، ئەمە راستییەکی مێژووییە بچن با شارەزا ئابوورییەکان قسەی لەسەر بکەن، من خۆ شارەزای ئابووری نیم، لەو ماوەیە کۆمیتەی تەنفیزی ئۆڵۆمپیم برد بۆ لای بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، کێشەکانی چارەسەر کرد، من مەمنووینم، گوتی وەڵا هەر کێشەی ئێوەی چارەسەر نەکردووە مەلا بەختیار، کێشەی حکومەتیشی چارەسەر کردووە، گوتیان چۆن، گوتی ئەو منی نارد بۆ رووسیا گوتی بڕۆ لە رووسیا کێشەکەمان چارەسەر دەکرێت، گوتی چووم بۆ رووسیا ئەگەر رووسنەفت نەبووایە، ئەگەر ئەو گرێبەستەی ئێمە لەگەڵ رووسنەفت نەبووایە حکومەتەکەی ئێمە دەڕووخا لە کاتی قەیرانی مووچە.

رووداو: کەواتە ئەو گرێبەستەی کرا جەنابت پێشنیازت بۆیکرد؟

مەلا بەختیار: گرێبەستەکە نا، من پێشنیازی چوونی شاندی سەرۆکایەتی حکومەت بۆ لای رووسیا و بۆ لای جەنابی سەرۆک پووتین لەسەر پێشنیار من بوو.

رووداو: رای یەکێتی ئەوەی سەرۆکوەزیران یەک جێگری هەبێت و یەکێتی بێت، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش گۆڕان بێت، ئایا ئەوە بۆچوونێکی راستە بەلای تۆ؟

مەلا بەختیار: ئەم پێشنیازە لە ئەجێندای کۆبوونەوەکاندا باس نەکراوە و لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش گفتوگۆ نەکراوە تاوەکو من بتوانم قسەی لەسەر بکەم، هەرگیز ئەم پێشنیازە نەکراوە نە لەلایەن پارتییەوە ئەو پێشنیازە کراوە، نە لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانیشدا هاتووەتە ئاراوە.

رووداو: پێتباشە؟

مەلا بەختیار: من پێمباشە پۆستە سیادییەکان و بەرپرسیاریێتی پۆستە سیادییەکان لە نێوانی پارتی و یەکێتی بێت باشترە، من ئەوەم پێ باشترە، بۆ ئەو قۆناخەش ئەوەم پێ باشترە، چونکە وەکو گوتم ئەو ئیماکانییەتەی لەبەردەستی ئەو دوو حیزبەدایە دەتوانن کارەکانیان سەرکەوتوو بکەن و لایەنەکانی دیکەش پشکی خۆیان بەپێی ئیستحقاقی خۆیان وەربگرن و رێزیشیان لێبگیرێت، ئەو هەڵانەی لە رابردوو بەرامبەریان کراوە دووبارە نەبێتەوە.

رووداو: لەو بڕوایەدایت هەڵە بەرامبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان کراوە؟

مەلا بەختیار: بەڵێ، من ئێستاش دەیڵێم نەدەبوو پەرلەمان دابخرێت و وەزیرەکانیان دەربکرێت.

رووداو: ئەی هەڵەی خۆتان بەرامبەر بە گۆڕان ؟

مەلا بەختیار: گۆڕان ئەوەی بە ئێمەی کردووە، مەعلوومە کە دائیمەن رەخنەی لە ئێمە هەبووە، ئێمە لێرە لەسەر دەسەڵاتی محەلی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشێک لە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێکردووە... من جارێکیان لەگەڵ خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دانیشتبووین، کاک سەعدی و من بووین لەگەڵیان دانیشتبووین، کاک جەلال جەوهەر گوتی ئێوە رێککەوتنە خۆجێییەکانتان جێبەجێ نەکردووە، گوتم پێتوایە چەند لە سەدمان جێبەجێ کردووە؟ گوتی نازانم، گوتم بە نزیکەیی گوتی ئەوپەڕی 50%، گوتم تۆش 10% هەڵمەتی میدیاییمان لەسەر رابگرە.

رووداو: ئەگەر حیزبەکەت داوات لێبکات پۆستێکی سیادی وەربگریت، ئامادەی وەریبگری؟

مەلا بەختیار: نەخێر، من خۆشم بۆ پۆستی سەرۆککۆماری کاندید نەکردبوو، ئەمە بەڕاستی بەشێک لە پڕو پاگەندە نابەجێیەکانە کە کراوە، بە بەڵگەی ئەوەی من سیڤیم نەناردووە بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نەبوو، نە لە سەرکردایەتی یەکێتی خۆم کاندید کردووە، نە سیڤیشم پۆ پەرلەمانی عێراق ناردووە، کۆبوونەوەکەشم بەجێهێشت.

رووداو: واتە هەڵوێستەکانی پێشوو ئەوەی پەیوەندی بە کاک بەرهەم ساڵحەوە هەبوو زادەی خواستی کەسی نەبووە، چونکە وا لێکدانەوەی بۆ کرا؟

مەلا بەختیار: هەرگیز، حەزدەکەم بزانن ئەسڵەن بە نهێنی کاک بەرهەمم بینیوە تەکلیفم لێکردووە ئەو هاوپەیمانییە دروستنەکات و هەڵەکانی سۆشیالیست و ئاڵای شۆڕش و گۆڕان دووبارە نەکاتەوە، خۆم تەکلیفم لێکردووە بە حزووری برای بەڕێزم کاک دلێری سەید مەجید، من زۆرم پێ خۆشبوو ئەوە نەکات، پێش دروستکردنی هاوپەیمانی ئێمە بە شێنەیی کێشەکانمان چارەسەر بکەین لەگەڵیدا، بەڵام ئەو لەبری ئەوەی بە فەرمی و بە شێنەیی کێشەکان چارەسەر بکات ئەوەی کە منی نیگەران کردووە ژێر بەژێر کێشەکانی چارەسەر کرد.

 

رووداو: هێشتا پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی ئاسایی نەبووەتەوە لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و کێشەی سەرۆکایەتی کۆمار، ئەو پەیوەندییە کەی و چۆن ئاسایی دەبێتەوە؟

مەلا بەختیار: پێموابێت کەمێک قورسە ئێستا، کەمێک قورسە بەڕاستی، ئومێدەوارم شاندی دانوستاندکاری یەکێتی بە یەک تیم و بە بەرنامەی دیراسەکراوی واقیعی گفتوگۆکانی بکات، دانوستاندنەکە بۆ پێکهێنانی حکومەت هەلێکی باشە بۆ ئەوەی متمانە دروستبکەینەوە لەنێوانی خۆمان. ئەگەر پەرلەمانیش کەوتەوە کار، بێگومان لەناو پەرلەمانیش دەبێت کەشی دەسەڵاتی یاسادانان، کەشی متمانە دروستکردن بێت بۆ ئەوەی بەڕاستی یەکێتی و پارتی، ئینجا هەردوو لامان و لایەنەکانی دیکەش متمانە دروستبکەینەوە بۆ ئەوەی کابینەی نۆیەم سەرکەوتنی گەورەتر بەدەستبهێنێت.

رووداو: بۆچی یەکێتی پێشوازی لە هێنانەوەی تەرمی بیرمەندی گەورەی کورد د. جەمال نەبەز نەکرد؟

مەلا بەختیار: وەڵا من نازانم، دەوامی فەرمی ناکەم، لە فەیسبووکەکەی خۆشم بۆ ئەو شادڕەوانە شتێکی جوانم نووسی لە کاتی خۆی. لەڕووی ئایدۆلۆجییەوە جەمال نەبەز هەم لە ئێمە هەمیش لەگەڵ پارتی هەمیشە ناکۆکبووە، لەگەڵ هەموو حیزبەکانی دیکەش ناکۆکبووە. ئەو یەکێک بوو لە رابەرە گەورەکانی کاژیک کاتی خۆی، هەمیشە لەگەڵ بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی بە ئایدۆلۆجیەت و فەلسەفەیەی خۆی باوەڕی پێی هەبوو، بەڵام پیاو ناتوانێت لاری لەوە هەبێت کە جەمال نەبەز قەڵەمێکی گەورە بوو، بیرمەندێکی گەورە بوو.

رووداو: بەڵام پێتوانییە وەکو یەکێتی دەبوایە لەوەتان ببووریبا کە رەخنەی لێگرتوون، پێشوازی لێ نەکەن؟ 

مەلا بەختیار: نازانم دەبێت لەوانە بپرسی کە ئێستا لە کۆمەڵایەتی ئێمە ئیش دەکەن، لە مەڵبەندی سلێمانی ئیش دەکەن، خۆی رۆڵەی ئەم شارەیە.

رووداو: خۆت بە لاتەوە پرسیار نەبوو؟

مەلا بەختیار: منیش کە بینیم لە تەلەڤزیۆن پێم سەیر بوو.. حزوری یەکێتی زۆر کزبوو.

رووداو: جەمال نەبەز رەخنەی لە پارتیش گرتووە، بەڵام لەبەر هەڵوێستە نیشتمانییەکانی پارتی گوێی بەو شتانە نەدا.

مەلا بەختیار: من پێم سەیر بوو حزووری یەکێتی زۆر کزبوو.

رووداو: لەم رۆژانەدا گوتارێکتان بڵاوکردەوە لەسەر مەترسییەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان و باسی چەند پێشبینییەکی پێشووتری خۆتان دەکەن کە زۆریشی بەدیهاتوون، ئایا لەو باوەڕەدای رۆژئاوای کوردستان نابێتە دیفاکتۆیەک وەکو هەرێمی کوردستان و لەنێو دەچێت؟

مەلا بەختیار: دوای کشانەوەی ئەمریکا دۆخێکی مەترسیدار رووبەڕوویان بووەتەوە، لەڕاستیدا من دەمێکە ئەو زەنگە لێدەدەم، گوتارەکان و کۆڕەکانم ماوە، چاوپێکەوتنەکانم ماوە، دەمێکە ئەو زەنگە لێدەدەم بەڵام بە داخێکی زۆرەوە، یەکەم: قەت نەدەبوو جەنابی سەرۆکی ئەمریکا ئەو بڕیارە بدات، دەبوو راوێژ بکات لەگەڵ پەیەدە، لەگەڵ دەوروبەرەکەی دڵنیایی ئەوە بدات پەیەدە تووشی کارەسات نەبێت، دەبوو ئەمانە بکرێت بەڵام نەیکرد، لە بەرامبەریشدا زۆر هاوارمان کرد پەیەدە لەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی رۆژئاوا سوڵحێک بکات وەکو پێویست نەیکرد. زۆر هاورامان کرد نێوانی پەیەدە و پارتیی دیموکراتی کوردستان چاکبکەینەوە بەداخەوە لەوە سەرکەوتوو نەبووین، زۆر هاوارمان کرد ئیدارەکردنی وڵاتێک بە ئایدۆلۆجیەت ناکرێت بە ئاڵا شەکاندن و وێنە بەرزکردنەوە ناکرێت، زۆر ئەو قسانەمان کرد، کەم گوێمان لێگیرا، لە هەندێک شوێندا هەر گوێشمان لێنەگیرا.

من پێموایە وەکو هەرێمی کوردستان نابێت بە ئەمری واقیع، ئاواتەخوازم وابێت، بەڵام وەکو هەرێمی کوردستان نابێت، ئەگەر رووسیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە پشتیوانی پرۆسەیەکی تازە بکەن، لەو گفتوگۆیە کە بۆ نووسینی دەستووری سووریا لە جنێڤ هەیە، پشتیوانی مافەکانی کورد و مەسیحییەکان و درووزییەکان و هەموو ئەوانە بکرێت، دەستوورەکە بەشێوەیەک بنووسرێتەوە دەستبەری مافەکانیان بێت، من پێموابێت لە کارەسات دووردەکەونەوە، بەڵام ئەوە نەکەن لێیگەڕێن ئاوها، دەوڵەتەکانی ئیقلیمی لێیگەڕێن، بۆ حکومەتی سووریای ئێستا لێیگەڕێن، من پێموابێت کارەساتی گەورە دەقەومێت.

رووداو: ئێوە دەڵێن هەوڵماداو گوێمان لێنەگیرا، بەڵام بە کردەوە پشتیوانی هەردوو رێککەوتنی هەولێر و رێککەوتنی دهۆکتان نەکردووە وەکو یەکێتی، کە بەسەرپەرشتی بارزانی لەنێوان پەیەدە و ئەنەکەسە ئەنجامدرا، چونکە ئێوە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی پەیەدەتان دەکرد، ئەوەش ئەوانی سوورتر کرد لەسەر سیاسەتی خۆبەڕێوەبردنی تاکلایەنە و وەدەرنانی ئەو لایەنانەی کە مەیلیان بۆ پارتیی دیموکراتی کوردستان هەیە، ئەمە سیاسەتێکی هەڵە نەبوو؟

مەلا بەختیار: زانیارییەکەت راست دەکەمەوە، یەکەم ئێمە پشتیوانی هەردوو کۆبوونەوەکەمان کردووە، وەکو پشتیوانی، نووسیمان ئەو دوو کۆبوونەوەیە کارێکی باشە، دەبێت بڕیارەکانی جێبەجێبکرێن. لە کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ پەیەدە لەگەڵ هاوسەرۆکەکانی ئەوکاتی پەیەدە کە ئاسیا و ساڵح موسلیم بووە دانیشتین لەگەڵیان و گوتوومانە پابەندی ئەو بڕیارانە بن و ئەو کارانە جێبەجێبکەن.

رووداو: من لە پرسیارەکەم گوتم بە کردەوە... بە نووسینم نەگوت..

مەلا بەختیار: بە کردەوەش پشتیوانیمان کردووە، فشارمان کردووە و دۆستەکانی خۆمان لە رۆژئاوای کوردستان هانداوە بۆ ئەوەی پابەندی بڕیارەکان بن و لە کێشە خۆیان دووربخەنەوە، زۆریش هەوڵمانداوە پەیەدە لەگەڵ برایانی پارتی پەیوەندی باشیان هەبێت، بەپێچەوانەوە ئێمە رەخنەمان هەیە لە کۆبوونەوەی هەولێر و دهۆک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیی نەبووە.

رووداو: رەخنەکەی ئێوە چییە؟

مەلا بەختیار: رەخنەکەی ئێمە ئەوەیە لە کۆبوونەوەکان و رێککەوتنەکانیادا نەبووین، با سەرۆکایەتی هەرێمیش کردبێتی، سەرۆکایەتی هەرێم دەیتوانی یەکێک لە حکومەتی کوردستان ببات بۆ کۆبوونەوەکان، هیچ وەزیرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان بۆ کۆبوونەوەکان نەبرد.

رووداو: دیارە ناتێگەیشتنێک هەیە، ئەوەی هەیە دەگوترێت ئەسڵەن ئێوە دڵساردبوون لە کۆبوونەوەکە.

مەلا بەختیار: من بۆ مێژوو دەیڵێم، ئەو قسانەشم لەگەڵ جەنابی کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان و هەموویان کردووە. ئێمە بەدرێژایی ئەو ماوەیە پێداگریمان لەسەر باشترین پەیوەندی نێوان پەیەدە لەگەڵ پارتی و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە، قەت ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان شتێکمان لە دژایەتی پارتی نەکردووە. ئەوەدندی من زانیارم هەبێت قەت شتی وامان نەکردووە.

رووداو: رۆژئاوای کوردستان بە چ شێوەیەک دەتوانێت بمێنێتەوە، قامشلۆش بەدەردی عەفرین نەچێت؟

مەلا بەختیار: تەنها لەڕێگەی کۆنگرەی جنێڤ و دانوستاندنێک لە نێوانی هێزە کوردستانییەکان لەگەڵ دەوڵەتی سووریا، ئەمە باشترین گرەنتییە. دەبێت شاندی پەیەدە و هێزە کوردستانییەکان بچێتە تاران، بەغدا، وەکو چووەتە پاریس بچێتە وڵاتانی دیکە و رووسیا بۆ ئەوەی ئەو پشتیوانییە پەیدابکەن کە لە پرۆسەی دانوستاندندا مافی کورد و لایەنەکانی دیکەش لە سووریا دابینبکرێت.

رووداو: لەم رۆژانە سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی سیاسی سووریای دیموکرات کرد کە سەر بە پەیەدەیە، ئایا ئەوە رێگە راستەکەیە بۆ پەیەدە یان رێگەی دیمەشق رێگە راستەکەیە؟

مەلا بەختیار: ئەوە یەکێکە لە کەناڵەکان بۆ پشتیوانیکردنی پرۆسەکە، بەڵام ئەمە ناتوانێت هەموو هاوکێشەکان لە قازانجی کورد و رۆژئاوای کوردستان کۆتایی پێبێنێت، نەخێر رێگەی دیکە زۆرە دەبێت بیگرنەبەر.

رووداو: کامیان رێگە دروستەکەیە بە شێوەیەکی عەمەلی تر فەرەنسا و وڵاتانی دیکە یان دیمەشق؟

مەلا بەختیار: پێش فەرەنسا رووسیا کاریگەری زیاترە لە سووریا، چەند جارێکیش چوونەتە رووسیا و بەرپرسانی رووسیایان بینیووە، لەدوای رووسیا من پێموابێت کۆماری ئیسلامی ئێرانیش رۆڵێکی گرنگی هەیە لەناو سووریا، عێراق رۆڵێکی گرنگی هەیە لەناو سووریا، دەبێت لەسەر هەموو ئەمانە کار بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن چارەسەرێک بۆ ئەمە بدۆزینەوە، پارتی و یەکێتیش رۆڵێکی باش دەبینن لەوە ئەگەر هەموو توانای خۆمان بخەینەگەڕ.

رووداو: ئێوە وەکو یەکێتی و پارتی چۆن دەتوانن یارمەتی پەیەدە و ئەنەکەسە بدەن بۆ رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق.

مەلا بەختیار: ئەو بەیاننامەیەی جەنابی کاک مەسعود دەریکرد، کە نیگەرانە.. ئەوەندەی منیش ئاگاداربم لە پشتی پەردەوە ئیش دەکات بۆ ئەوەی چارەسەر بدۆزرێتەوە بۆ ئەو کاتە، ئێمەش لەڕێگەی خۆمانەوە وەکو یەکێتی باش ئاگادارم کە هەم بەیاننامەمان دەرکردووە هەمیش حەرەکەمان هەیە بۆ ئەوەی جۆرێک لە چارەسەر کە گونجاو بێت لەگەڵ دۆخی ئێستای سووریا بدۆزرێتەوە.

رووداو: باشە ئەگەر تۆ هەر لەو خەڵوەتە سیاسییەی خۆتدابی، دەتوانی هیچ رۆڵێکت هەبێت لەو ماوەیەدا لەڕێگەی ئەو کەناڵانەوە یان لەطێگەی هەوڵە هاوبەشەکانی یەکێتی و پارتی لەگەڵ پەیەدە و ئەنەکەسە.

مەلا بەختیار: بەڵێ دەتوانم.

رووداو: کەواتە هێشتا زۆر لە خەڵوەتدا نیت؟

مەلا بەختیار: خەڵوەت بۆ کاروباری حیزبی ناوخۆم، کە هاتە سەر ئەرکی نەتەوەکەم، کە هاتە سەر ئەوەی من مساهەمە بکەم لە رواندنەوەی هەر مەترسییەک لە مەترسییەکان، هیچ درێغییەک ناکەم.

رووداو: پێکهێنانی حکومەتیش ئەرکێکی نەتەوەییە؟

مەلا بەختیار: بەڵێ.

رووداو: هیچ ئاماژەیەک لەلایەن دیمەشقەوە پیشاندراوە کە ئەوان ئامادەن بۆ رێککەوتن لەگەڵ کورد؟

مەلا بەختیار: 26ی ئەیلوولی رابردوو، بەڕێز وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی ئێمە ئامادەین لەسەر ئۆتۆنۆمی لەگەڵ برا کوردەکانمان لە زمنی نەسیجی سووری گفتوگۆ بکەین، ئەوە ئەرشیڤ و بچن سەیری بکەن. 26ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، وەزیری دەرەوەی قسەی فەرمی دەوڵەتەکەی کردووە، خۆ قسەی ئێمەی نەکردووە، ئەمە دەرگایەکی کردووەتەوە لەو دەرگایە بچینە ژوورەوە هەرچی پێمان دەکرێت بیکەین.

رووداو: ئەی بۆ ناچن؟

مەلا بەختیار: وا خەریکن، ئێستا گفتوگۆ هەیە لە نێوانی پەیەدە و دەوڵەتی سووریا؟

رووداو: هەرێمی کوردستان خۆی دەتوانێ چیدیکە بکات بۆ پاراستنی کوردانی رۆژئاوا، هەروەها، کەسی سەرۆک بارزانی بە هاوکاری حیزبەکانی باشووری کوردستان؟

مەلا بەختیار: پێموایە دەبێت بە زووترین کات، یەکەم هەموو حیزبە کوردستانییەکانی باشوور بەیاننامەیەک دەربکەین داوای چارەسەری سیاسی بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکەین. دووەم شاندێک پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی هەر پایتەختێک لە دونیا ئیقلیم ئامادەبێت پێشوازی لە شاندە هاوبەشەی باشووری کوردستان بکات بچین هەڵوێستی خۆمان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانی سووریا و رۆژئاوا دەرببڕین و پشتیوانی بکەین.

رووداو: سەرۆک بارزانی دەتوانێت چی بکات؟

مەلا بەختیار: دەتوانێت یارمەتی دروستکردنی ئەو شاندە بکات، کۆبوونەوە رەسمییەکان هەمووی بێنێتە هەولێر، هەموومان یارمەتی بدەین بتوانین ئەو کارانە بکەین.

رووداو: خۆت خەڵکی خانەقینی، لە ئەنجامی هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر پێشمەرگە و دەسەڵاتی کوردی لە خانەقین، کەرکووک، شنگال و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی دیکە نەما، دەسەڵاتی کوردی کەی دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە؟

مەلا بەختیار: بەداخەوە 16 ئۆکتۆبەر یەکێکە لەو کارەساتانەی کە بەرم نادات لە مێژووی خۆماندا.

رووداو: ئەوەش لەناو رەخنەکان و پڕۆژەکەتدا هەیە؟

مەلا بەختیار: ئەویشی تێدایە... بەرم نادات بەهیچ شێوەیەک، بەڵام دەمەوێت دەرفەتێکم پێبدەیت لەسەر وشەی خیانەت قسە بکەم، لە ئەدەبیاتدا زۆر دەبیستم باسی خیانەت دەکرێت، من دەمەوێت بۆ یەکەمجار هەندێک راستیی بڵێم. چوار هەڵەی ستراتیژی لە مێژووی ئێمەدا هەیە، ناتوانم بڵێم ئەمە خیانەتە، هەڵەی ستراتیژی هەیە، هەڵەی ستراتیژی 66 بۆ 70، هەڵەی ستراتیژی کۆتاییهێنانی شۆڕشی ئەیلوول، هەڵەی ستراتیژی 31ی ئاب، هەڵەی ستراتیژی 16ی ئۆکتۆبەر، ئەمانە هەڵەی ستراتیژین لە مێژووی ئێمەدا، نابێت ئەو هەڵەی ستراتیژیانە قبووڵبکەین و تیزابی پێدانەکەین باشە، واباشە ساڕێژی بکەین.

خائین ئەو کەسەیە کە خۆی فرۆشتبێت بە کاملی، هەرگیز لە سەنگەری نیشتماندا نەمابێت، هەرگیز لە سەنگەری نەتەوەییدا نەمابێت، پێم ناڵێی ئەگەر مەسەلەکە خیانەتە مامۆستا برایم ئەحمەد و مام جەلال لە ساڵی 1970 بۆ دەچنەوە لای بارزانی و بارزانی بۆ دەرگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی یەکبگرنەوە؟ واتە ئەو پیاوە بەو هەموو ئەزموونە و لە خۆیەوە دەرگای کردەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ جەلالی رێکبکەوێتەوە؟ چونکە لە قووڵایی و رەهەندێکی گەورەوە سەیری پرسی کوردی کرد ئەو دەرگایەی کردەوە، پێم ناڵێی لەدوای 1975 کە شۆڕش نەما یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەو هەموو رەخنەیەی لەسەر پارتی هەیبوو بۆ لە دیمەشق مام جەلال کاک مەسعود دەبینێ و گفتوگۆ دەکات بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەک ببەستن.

رووداو: پێشووتر ئەگەر نیگەرانییەکت لە 16ی ئۆکتۆبەر هەبوو، ئێستا هەندێک رووداوی دیکەت لەگەڵیدا ریزکرد، ئەمە بۆ کەمکردنەوەی رەخنەکانی پێشووتە، یان پاشەکشەیە لە رەخنەکانی پێشووت؟

مەلا بەختیار: بەپێچەوانەوە پێموابێت لەسەر 16ی ئۆکتۆبەر بەڕوونی قسەم کرد، مەجالی پرسیاری تۆم نەهێشتەوە، من دەڵێم بە کەلیمەی خیانەت و بە مۆری خیانەت ناتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین، من دوو رۆژ لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر پەیامێکم بڵاوکردەوە دەڵێم با لێکۆڵینەوە بکەین، قسەکردن بە کاردانەوە ناتوانێت هیچ شتێک چارەسەر بکات، ئەگەر لەسەر ئەو رەخنانە بمێنینەوە و مۆری رەش رەش لەنێوچاوانی یەکدی بدەین، دەبووایە قەت یەکێتی و پارتی گفتوگۆ نەکەن، بەدرێژایی مێژوو من لەناو هەموو رووداوەکانی یەکێتی و پارتیم، کردیشمان.

رووداو: کورد باوەڕێکی زۆری بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق هەیە، ئەو باوەڕە هیچ شتێکی کرداری لێ سەوز دەبێت بۆ ئەو ناوچانەی کە باسمان کردن؟

مەلا بەختیار: کاتی خۆی گوتارێکم نووسی، سەرۆکێکی باش یان دەستەبەر، من پێموابێت هێشتا دەستەبەرمان لەگەڵ بەڕێز عادل عەبدولمەهدی نییە. من 40 ساڵە لەگەڵ بەڕێز عادل عەبدولمەهدی دۆستی یەکین، رێک لە زستانی 1978ـەوە دەیناسم تاوەکو ئێستا، پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆکوەزیرانیش تەشریفی هێنایە سلێمانی و یەکێک لەو کەسانەی بینی من بووم. گوتی دەمەوێت بەیاننامەیەک دەربکەم بڵێم نامەوێت کاندیدی سەرۆکوەزیران بم، گوتم نەکەی، کوڕەکەی دانیشتبوو، گوتی بۆچی؟ گوتم تۆ دەبی بە سەرۆکوەزیرانی رێکنەکەوتنی شیعەکان، گوتی چۆن دەزانی؟ گوتم خۆم لە بەغدا دێمەوە پێموابێت لەسەر کەس رێکناکەون، لە ئەنجامدا بازەکە لەسەر تۆ دەنیشێتەوە و لەسە تۆ رێکدەکەون، سەرۆکوەزیرانی رێکنەکەوتن دەبیت، گوتی حیساب بۆ ئەو قسەیە بکەم باشە، حیسابی بۆ کرد بەیاننامەکەی دەرنەکرد و بوو بە سەرۆکوەزیران.

رووداو: کەواتە بەپێی ئەو شیکردنەوەیە بێت هیچی لێ سەوز دەبێت؟

مەلا بەختیار: باشتر لە هەموو سەرۆکوەزیرانەکانی دیکە من رەچاوی چاکەی لێدەکەم، بەڵام هێشتا ئەمە بەو مانایە نییە دەبێت رێککەوتنی کۆنکرێتی لەگەڵدا بکەین.

رووداو: بەڕای بەڕێزتان کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران بەکوێ دەگات؟ پێویستە کورد چ هەڵوێستێکی هەبێت لەو نێوەندەدا، بەتایبەتی کوردی رۆژهەڵات؟

مەلا بەختیار: ئەگەری شەڕ دوورە، بەڵام بەو مانایە نییە بە رەهایی رەتبکرێتەوە، وەکو یەکێک لە گریمانەکان ئەگەر لاوازیش بێت حیسابی بۆ دەکەم لە نێوانی ئەو دووانە، پێشموایە ئێران کۆریای باکوور نییە، من ئەو قسەیەم بە جەنابی کونسوڵی ئەمریکا گوت، گوتوومە ئێران کۆریای باکوور نییە ئاڵای سپیتان بۆ بەرزبکاتەوە، ئێران وڵاتێکی زۆر بە ئەزموونە، سەرکردایەتییەکی زۆر بە ئەزموونی هەیە، توانایەکی سەربازی، ئیداری و ئابووری یەکجار زۆری هەیە، ئێران کیشوەرە و وڵات نییە، وڵاتێکە لە 7 وڵات پێکهاتووە.

پێموایە ئەمریکا زیاد لە پێویست عێراق باردەکات بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر ئێران، ئەمریکا ئەگەر بیەوێت سەیری کوردستانیش وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران بایکۆت بکەین و هەموو سنوورەکان دابخەین، ئەم بە ئێمە ناکرێت کێشە قووڵ دەبێت و رەنگدانەوەی زۆر نێگەتیڤی لە عێراق و ناوچەکە و بەدیاریکراویش لە کوردستان دەبێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە ئێران ناتوانێت هاوکێشەکە بگۆڕێت، ئێران لە توانایدا هەیە هاوکێشەکە بگۆڕێت، دوو دەوڵەتی ئەنجوومەنی ئاسایش لەگەڵیەتی، رووسیا و چین، یەکێتی ئەوروپا لەگەڵیەتی.

رووداو: وەکو گریمان ئەگەر روویدا کورد هەڵوێستی چی بێت؟

مەلا بەختیار: دەبێت بێلایەن بین، دژی شەڕ بین و بێلایەن بین.

رووداو: هێشتا هەر لە ماڵەوە دەبیت.

مەلا بەختیار: بەڵێ.


 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Azad Azad | 16/03/2019 03:46:26 م
والله‌ وه‌بیلاهی گه‌ر پارتی نیوه‌ی پۆسته‌كانی خۆشیان بداته‌ یه‌كیه‌تی به‌ته‌ئكید یه‌كیه‌تی له‌ به‌ینی خۆیان ڕێك ناكه‌ون باشتر وایه‌ پارتی هه‌وڵ و...
یەکێتی: بەشداریمان لە کابینەی نوێی حکومەت پەیوەستە بەوەی هاوبەشێکی راستەقینە بین
| 16/3/2019 | (1)
ئیسماعیل عەبدوڵا | 16/03/2019 08:51:18 ص
چۆن بتوانم دەنگ بدەم؟
Azad Azad | 16/03/2019 08:57:23 ص
هونەری فیلمی دۆکیومێنتاری لەبارەی ئازارەکانی گه‌لی كورد به‌گشتیی به‌درێژای ١٠٠ ساڵی ڕابرد و کیمیا باران کردنی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆمەڵکوژی کردنی...
لە بەریتانیا فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەبارەی کیمیابارانی هەڵەبجە نمایشکرا
| 16/3/2019 | (2)
mohammad kurdish kurdstan | 15/03/2019 03:25:34 م
أن شاءالله‌ بۆخاتری عه‌رشی په‌روه‌ردگاری پیرۆز به‌م رۆژی هه‌ینیه‌ هه‌رچی بكوژان و تاوانانی ئه‌م ڕووداوه‌ بوون سه‌رشۆر و ریسوا ودونیا و قیامه‌تبن أن...
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بەتووندی سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ى نیوزلەندا ده‌كات
| 15/3/2019 | (1)
REALMADRIDCF | 15/03/2019 02:34:00 م
ئەگەرلەسەردەستی پێرێزڕیاڵ مەدریدهەڵنەستایەوەئەواهاندەران دەیان هەوێت دەست لەکار بکێشێتەوە
پلانێکی شاهانە لە یانەی شاهانە
| 26/2/2019 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

0.407 seconds