وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

فایەق گوڵپی: لە گەرمەی ئەنفالدا یەكێتی دەیویست دانوستاندن لەگەڵ رژێم بكات

لەلایەن کاوە ئەمین 25/3/2019
فایەق گوڵپی: شەڕی قرناقە و پشتئاشان لە تۆڵەی گرتنی مەڵبەندی سێ بوو لەلایەن بەرەی جودەوە
فایەق گوڵپی: شەڕی قرناقە و پشتئاشان لە تۆڵەی گرتنی مەڵبەندی سێ بوو لەلایەن بەرەی جودەوە

رووداو - سلێمانی

بەشی سێیەم

دكتۆر فایەق گوڵپی، پێشمەرگە و كادیری دێرینی یەكێتی لە درێژەی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ بەرنامەی پەنجەمۆری كەناڵی رووداو، باسی شەڕی قڕناقە و پشتئاشان دەكات و دەڵێت "شەڕەكە شەڕی سەپاندنی هێز و باڵادەستیی یەكێتی بوو". لە بارەی مفاوەزاتی یەكێتی و رژێمی بەعسیش لە ساڵی 1983 دەڵێت "یەكێتی باری ئابووری و سیاسی خراپ بوو، ئێران پشتی تێكردبوو، بۆیە پێویستی بە مفاوەزات بوو". هەروەها دەڵێت یەكێتی لە گەرمەی ئەنفالدا دەیویست گفتوگۆ لەگەڵ رژێم بكات، بەڵام رژێم رەتیكردەوە.
 
رووداو: شەڕی قرناقە و پشتئاشان بۆچی روویدا؟

فایەق گوڵپی: ئەو شەڕە لەسەر دەسەڵات بوو، هەموو هێزێكی سیاسی ئەوكات دەیویست باڵادەستی خۆی بەسەر هێزەكانی دیكەدا بسەپێنێ‌. دوای 1983 كۆمەڵێك گۆڕانكاری روویاندا، یەكێتی هێرشی كردە سەر هێزەكانی حسك لە نزیك چیای ئاسۆس. دوای چەند رۆژێك حیزبی شیوعی و حسك كەمینیان دانا و سەرباز و شەماڵیان شەهید كرد. دواتر بەرەی جود هێرشیان كردە سەر مەڵبەندی سێی یەكێتی و گرتیان. یەكێتیش هێزێكی كۆكردەوە لە سەرگەڵوو. نەوشیروان مستەفا سەركردایەتی شەڕەكەی دەكرد. دەتوانین بڵێین ئەو شەڕە وەڵامی شەڕەكەی گرتنی مەڵبەندی سێ بوو لەلایەن بەرەی جودەوە. بە هەرحاڵ ئەوە شەڕێكی خراپ بوو. جیاوازیش بوو لە شەڕەكانی دیكە، چونكە خەڵكێكی مەدەنی تێدا كوژرا، بەڵام لە هەموو بەرەكان وانەبوو. شیوعییەكان لە هەندێك شوێن گیانیان پارێزراوبوو. بۆ نموونە مەلا ئەحمەدی بانیخێڵانی و كەریم ئەحمەد بەدیل گیران، هیچیان لێنەكرا، ئەوان كەوتبوونە بەرەیەك كە ئازاد هەورامی سەرپەرشتی دەكرد. حەز دەكەم ئەوە بڵێم پێشمەرگەی كۆیە و هەولێر كە پێشتر گورزیان بەركەوتبوو، بە تایبەتی شەهیدكردنی شەماڵ زۆر كاری تێكردبوون، شەماڵ زۆر هاوكاری شیوعییەكانی كردبوو، بەبێ‌ ئەوەی شەڕ بكات شیوعییەكان شەهیدیان كردبوو. ئەو شەڕە لەكەیەكە بە نێوچەوانی هێزە سیاسییەكانی باشووری كوردستانەوە.

رووداو: رادیۆی یەكێتی رۆڵی چی بوو لەو شەڕەدا كە ئەوكات گوتاری توندی لە دژی بەرەی جود دەخوێندەوە؟

فایەق گوڵپی: لەبەرئەوەی شەڕی قرناقە و پشتئاشان دوای گرتنی مەڵبەندی سێ‌ و شەهیدكردنی شەماڵ و سەرباز بوو، پێشمەرگەی یەكێتی زۆر تووڕە بوون. تەنانەت تووڕە بوون لە مەلا بەختیاریش، چونكە مەلا بەختیار لە مەڵبەندی یەك شەڕی شیوعییەكانی نەكرد و لەگەڵ بەهائەددین نووری رێككەوتن. خۆزگە هەڵوێستی هەموو برادەرانی بەرەی جودیش وەكو بەهائەددین نووری بووایە. وەكو برادەرانی پارتی بووایە كە ئەوكاتە لە شارباژێڕ بوون. هی یەكێتیش وەكو مەلا بەختیار بووایە. ئەوكاتە ئەو شەڕە دروست نەدەبوو.

رووداو: لە هاوینی 1983 یەكێتی دروشمی خۆی لە ئۆتۆنۆمییەوە دەگۆڕێ‌ بۆ مافی چارەنووس، ئەمە تاكتیك بوو یان ستراتیژ؟

فایەق گوڵپی: ئێمە سەرەتا وامانزانی ستراتیژە، بەڵام مافی چارەنووس زۆر شت دەگرێتەوە، تەنیا سەربەخۆیی ناگرێتەوە. مافی چارەنووس دەستەواژەیەكی سیاسی تا ڕاددەیەك هی سەردەمی لینینە، حوكمی زاتی، سەربەخۆیی و فیدراڵی و كۆنفیدراڵیش دەگرێتەوە. بەڵام ئەوكاتە كە لە حوكمی زاتییەوە بگۆڕێ‌ بۆ مافی چارەنووس، هەنگاوێك بوو بۆ پێشەوە. دوای چەند مانێگێك كە كەوتینە گفتوگۆ لەگەڵ رژێم، سەیرمان كرد مافی چارەی خۆنووسینەكە لە گفتوگۆكە باس ناكرێ‌. رۆژێك چووم بۆ ژوورەكەی مام جەلال كە مولازم عومەر و كاك نەوشیروان و د.فوئادیش لەوێ‌ بوون، پرۆژەیان چی بێ‌ بۆ گفتوگۆ؟ هەموویان لە دەوری حوكمی زاتی دەسووڕانەوە. دوایی د.فوئاد گوتی: با ئێمە داوای حوكمی زاتی پێشكەوتوو بكەین. یەكێتی دەیانویست شتێك لە بەیاننامەی 11ی ئادار زیاتر یان گەرنتییەك وەربگرن.

رووداو: هەندێكجار خەڵكی مەدەنی لەنێو شارەكان هاتوون نێوبژیوانی حیزبەكان بكەن، تۆ لە بیرەوەرییەكانتدا باسی جەمالی حەمەعەلی، برای شەهید نووری حەمەعەلی دەكەی، بۆچی كاك نەوشیروان نەیویست بیبینێ‌؟

فایەق گوڵپی: لە دەڤەری شارەزوور و هەورامان، حسك و شیوعی سێ‌ كادیری یەكێتییان گرتبوو: مام جافر، جەمیل هەورامی و شەوكەوت حەمەساڵح، هەرسێكیان خەڵكی تەوێڵە بوون. ماڵی مام جافر پەیوەندییەكی زۆر بەهێزیان لەگەڵ ماڵی نووری حەمەعەلی هەبوو. مام جافریش پوورزای منە. جەمالی حەمەعەلی هاتبوو بۆ ناوچەی خۆشناوەتی. من ئەوكاتە لە بارەگای كاك نەوشیروان بووم. ناردیان بە شوێنمدا گوتیان پیاوێك لە سلێمانییەوە هاتووە ئیشی پێتە. كە چووم بینیم جەمالە. گوتی: جافر گیراوە، دەبێ‌ شتێك بكەین نەیكوژن، بۆیە دەمەوێ‌ كاك نەوشیروان ببینم. منیش چووم بۆ لای كاك نەوشیروان، بەڵام زۆر بە داخەوە بە شێوازێكی زۆر توند وەڵامی دایەوە و گوتی: من بە هیچی نازانم و نامەوێ‌ بیبینم. پێمگوت: ئاخر بۆ مەسەلەی جافر هاتووە، ئەو پیاوە خزمی منە، هاوڕێی منداڵیی منە، زۆر هاوكاری كردووم. زیندانی سیاسی بووە، ئێستا كادیری كۆمەڵەیە. ئەو ئەسڵەن ئەو بابەتەی بەلاوە گرنگ نەبوو. منیشی بەلاوە گرنگ نەبوو كە چۆن وەڵامی جەمال بدەمەوە.

رووداو: تۆ لە یادەوەرییەكانتدا باسی شاعیر حەمەسەعید حەسەن دەكەی كە لەسەروبەندی گفتوگۆدا یاخی دەبێ‌، ئەمە چۆن بوو؟

فایەق گوڵپی: هێشتا گفتوگۆ دەستی پێنەكردبوو. حەمەسەعید حەسەن لە راگەیاندن بوو، پێشمەرگەی یەكێتی بوو. ئەوكاتە دەنگوباسێك هەبوو كە حكومەتی عێراق یەكێتی نووسەرانی كوردی هەڵوەشاندووەتەوە و كردوویەتی بە لقێك لە یەكێتی نووسەرانی عێراق. لەسەر ئەم مەسەلەیە نووسەران بۆچوونی جیاوازیان هەبوو. هەندێك لە نووسەرانی شار لەگەڵ بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بوون. یەكێك لەوانەی كە لەگەڵی نەبوو حەمەسەعید حەسەن بوو كە ئەو كاتە لە شاخ بوو. 

نامیلكەیەكی لەسەر ئەو نووسەرانە نووسی. هێرشێكی توندی كردبووە سەریان. ئێمەش واماندەزانی كە ئەوە هەڵوێستی یەكێتی و شۆڕشە. بە پێچەوانەوە سەركردایەتی یەكێتی پشتیوانی ئەوانەی شاریان كرد، دژی حەمەسەعید حەسەن زۆر هەڵوێستی ناخۆشیان نیشان دا. یەكێك لەوانەی كە زۆر دژایەتی حەمەسەعید حەسەنی كرد كاك نەوشیروان بوو. ئیدی حەمەسەعید وازی لە یەكێتی هێنا. شیعرێكی نووسی ئیهانەی زۆری سەركردە و شاعیر و ئەدیبانی كوردی كردبوو.

رووداو: ئەگەر باسی كوشتنی وریای مام وەهابی سەعاتچی بكەین، ژمارەیەك كادیری شۆڕشی ئەیلول لە سلێمانی تیرۆر كران. بۆچی دەستی تۆمەت بۆ نەوشیروان مستەفا درێژ دەكرێ‌؟

فایەق گوڵپی: من موقیم بووم لە فریاكەوتنی سلێمانی، رۆژێكیان بریندارێكیان هێنا فریای نەكەوتین، یەكسەر مرد. پرسیمان كێیە؟ گوتیان ئەوە سدیقەفەندییە. كادیرێكی دیاری شۆڕش بووە، رۆڵێكی خراپی هەبووە بە تایبەتی لە دژی شۆڕشگێڕەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. دوای ئەوە شەفیق ئاغا و نووری حەمەعەلی و زۆر كادیری دیكەی پارتی شەهیدكران، ئەمە هەمووی ئیغتیال بوو. بەڵام من تەنیا نووری حەمەعەلیم دەناسی كە بە پێوانەی خۆم كەسێكی نەتەوەیی بوو. خراپەیەكم لێ‌ نەبینیبوو. دوایی كە چوومە شاخ، مەسەلەی وریا هاتە پێشەوە، من ئەوكات لە سەرگەڵوو بووم. گوتیان جەبار فەرمان گرتوویەتی و كوشتوویەتی. بۆچی كوژرا؟ لەبەر ئەوەیە كە نامەیەكیان داوەتێ‌ بچێ كەسێك ئیغتیال بكات، ئەو ئیشەی نەكردووە. نەك هەر ئەوەی نەكردووە، كەسەكەشی ئاگادار كردووەتەوە. 

رووداو:كەسەكە كێ‌ بوو؟

فایەق گوڵپی: فوئادی مەجید میسری بوو. ئاگاداری كردبووەوە كە من راسپێردراوم بۆ كوشتنی تۆ، بەڵام من ئەو ئیشە ناكەم. ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە ململانێكانی نێو كۆمەڵەوە هەبوو. وریا ئەوكاتە بووبوو بە دەستەی داش عێراقییەكانی كۆمەڵە. هەر ئەوانیش ئامۆژگارییان كردبوو كە شتی وا نەكات. دوای ئەوەی ئیشەكەی نەكردبوو، داوایان لێكردبوو بچێتە سەرەوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكەن، بەڵام وریا رەتیكردبووەوە. ئەوكاتە بارەگای رێكخراوی كۆمەڵە لە هەڵەدن بوو، دەستگیریان كرد و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كرد، جا بە لێدان بوو.. بە ئەشكەنجەدان بوو، وریا لە ژێر لێكۆڵینەوەدا مرد. 

كە وریا مرد پشێوییەكی گەورە دروستبوو. ئینجا بابەتی ئیغتیالات هاتەوە بەرباس. كە وریا بەرپرسی ئیغتیالاتی كۆمەڵە یان هی یەكێتی بووە لە نێو شاری سلێمانی و نهێنی ئاشكرا كردووە، بۆیە یەكێتی ئیجرائاتی لەگەڵ كردووە. دوای راپەڕینیش من چووم بۆ سەقز، لەوێ‌ بەڕێكەوت سوارئاغای برای دەروێش ئاغام بینی، گوتی: منیش ناوم لە لیستی ئیغتیالاتدا بوو، بۆیە رامكرد و هاتمە دەرەوە. ئەم ئیغتیالاتەی یەكێتی دەیكرد لە سلێمانی دوو ئامانجی هەبوو، یەكەم: تۆڵەی شەهیدەكانی خۆی بكاتەوە كە لە شوێنەكانی دیكە بە دەستی پارتی كوژرابوون. دووەم: كۆنترۆڵی سلێمانی بكات. زۆر كەس پێیوایە ئەگەر ئەو كادیرانەی پارتی بەو شێوەیە لەنێونەچووبان، سەروەتێكی سیاسی بوون بۆ پارتی. لە هەمانكاتدا پارتییەكانی دیكەش ترسان و ئیشیان نەكرد، یەكێتی بە تەواوی كۆنترۆڵی شاری سلێمانی كرد.

رووداو: مەلا بەختیار ویستی مەسەلەی وریا لە كۆنفرانسی سێی كۆمەڵە باس بكات، بەڵام نەیكرد، هۆكاری چی بوو؟

فایەق گوڵپی: مەلا بەختیار هەڕەشەی دەكرد كە مەسەلەی كوشتنی وریا بەكاردێنن بۆ لێدان لە سكرتێری كۆمەڵە. بەس لە كۆنفرانس مەلا بەختیار هیچی بە كاك نەوشیروان نەگوت. پێدەچێ‌ مەلا بەختیاریش لە هەندێك شوێنی دیكە وەكو كاك نەوشیروانی كردبێ‌. پێدەچێ‌ رێككەوتنێكیان كردبێ‌. پێدەچێ‌ وای هەست كردبێ‌ زۆربەی ئەندامانی كۆنفرانس ئەو بۆچوونەی مەلا بەختیاریان پێ‌ قبوڵ نەبێ‌. مەسەلەی وریا كۆتایی هات تا 2014 ئەو نامانەی كاتی خۆی لای وریا بوون، لە گۆڤاری لڤین بڵاوكرانەوە. مانای وایە ئەم نامانە لای یەكێك پارێزراون. 

رووداو: باس لەوە دەكرێ‌ كە مام جەلال تووڕە بووە و گوتوویەتی ئەگەر مەسەلەی ئەو ئیغتیالانە راست بێ‌ واز لە یەكێتی دێنم.

فایەق گوڵپی: دیارە من ئاگاداری هەموو شتێك نیم، بەڵام مام جەلالیش لە كۆنفرانسی سێی كۆمەڵە وتارێكی پێشكەش كرد، لەوێ‌ بڕیاری تیرۆركردنی ئەو مەلایانەی دا كە قسە بە یەكێتی دەڵێن.

رووداو: جا جێبەجێ كرا؟

فایەق گوڵپی: بەڵێ‌. ئەوكات مفاوەزات بوو، من لە تەواری دەوامم دەكرد، رۆژێكیان بریندارێكیان هێنا، گوتیان ئەوە مەلا ئەحمەدی خانەقایە. دكتۆر دارا چارەسەری دەكرد، كە مەیلی بەلای ئیسلامی و پارتیشدا هەبوو. بە دەست عیلاجی دەكرد و بە دەمیش جنێوی بە یەكێتی دەدا. سەیری منیشی دەكرد.

رووداو: بۆچی گفتوگۆ لە نێوان حكومەتی عێراق و یەكێتی دروستبوو، لە كاتێكدا لایەنەكانی دیكە هەموو لە شاخ بوون و پرسیان بە هیچ كەسێك نەكرد؟

فایەق گوڵپی: یەكێك لە سیاسەتە جێگیرەكانی كورد لە باشووری كوردستان، خەباتی چەكداری بۆ سەربەخۆیی كوردستان نەكردووە، بۆ ئەوە بووە گوشار بخاتە سەر حكومەتی عێراق و ناچاری بكات گفتوگۆی لەگەڵ بكات. سەبارەت بە یەكێتیش لەو كاتانە رۆژ بە رۆژ پێشمەرگەی زیاد دەبوو، هێزی پەیدا دەكرد، بەڵام كێشەیەكی هەبوو ئێران دەرگای بۆ نەدەكردەوە، دەبووایە دەرگایەك بۆ خۆی بكاتەوە، ئەو دەرگایەش عێراق بوو. زۆربەی دانوستاندنەكان چ لایەن ئێمەوە چ لەلایەن رژێمەوە بۆ چارەسەری پرسی كورد نەبووە. هەموو فێڵیان لە یەكدی كردووە. حكومەتی عێراق كاتێك لاواز بووە یان بەهێز بووە، داوای دانوستاندنی كردووە. لایەنە سیاسییەكانی خۆشمان بەهەمانشێوە. سەیری دانوستاندنی یەكێتی بكە لە ساڵی 1983 چۆن دانوستاندنی كردووە، لە كۆتایی 1985 چۆن بووە، كاتێك ئێران دەرگای لێدەكاتەوە، پشت لە عێراق دەكات. لە ساڵی 1988 لە گەرمەی ئەنفالەكان، نوێنەری دیبلۆماسییەتی یەكێتی بووە، هەوڵی داوە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بكات، عێراق نەیكرد. دانوستاندنەكەی یەكێتی لەگەڵ رژێم لەبەر بارە سیاسی و ئابوورییەكەی بوو، مام جەلال خۆی لە نووسینەكانی باسی دەكات دەڵێ باری ئابووریمان زۆر خراپ بوو. كێشەی یەكێتی ئەوەیە كە ئەندامەكانی دیسپلینێكی رێكوپێكیان نییە. بەگوێی سەرووی خۆیان ناكەن. 

رووداو: لە كاتی مفاوەزات ژنهێنان بووبووە شتێكی باو لە نێو یەكێتی، وا بزانم تۆش هەوڵێكت دا؟

فایەق گوڵپی: بەڵێ‌ وابوو،  لە كاتی مفاوەزات پێیاندەگوتین ژن بێنن. منیش جارێكیان چووم بۆ شار دەرمان بكڕم. دەعوەتی سەڵاح چاوشین بووم، لەوێش ئەبوو شەهابم بینی. گوتی با ژنت بۆ بێنین، هەندێك هەوڵمان دا، شوكر سەركەوتوو نەبووین.

رووداو: دەڵێن كاك نەوشیروان هەمیشە خۆی بە قوتابی مام جەلال زانیوە، ئەوە وایە؟

فایەق گوڵپی: بەڵێ‌. من كە لە سلێمانی گەڕامەوە دەرمانەكەمانم هێنا، لە مزگەوتەكەی مەرگە مام جەلال و كاك نەوشیروان كۆبوونەوەیان بە پێشمەرگەكان دەكرد. مام جەلال رەخنەی زۆری لە كادیرەكان گرت. كە نابێ‌ ئەوەندە بچنە شار و تەحەڕوش بە هێزەكانی حكومەت بكەن. سنووری دەسەڵاتی ئێمە و حكومەت دیارە. یەكێك لە كادیرەكان كە كۆمەڵە بوو و موخالەفەی زۆری كردبوو، هەستایە سەرپێ‌ و ویستی كاك نەوشیروان بەكاربێنێ‌ و بەرگریان لێ‌ بكات. ئیدی كاك نەوشیروان قسەكەی پێ‌ بڕی و گوتی: من قوتابی مام جەلالم. من قەناعەتم هەیە ئەمە وابووبێ‌، تا دوای ئەنفال، بەڵام دواتر ئەو قوتابی و مامۆستایە نەما و هەردووكیان بوون بە مامۆستا.

رووداو: لە كاتی گفتوگۆكان تۆ لە مام جەلال و كاك نەوشیروان نزیك بووی، بەڵام لە مەلا بەختیاریش دوور نەبووی، بە تایبەتی دوای ئەوەی مەلا

بەختیار تووشی رووداوێكی هاتوچۆ دەبێ‌، پێیان ناخۆش نەبوو؟

فایەق گوڵپی: با پێیان ناخۆشبوو. كێشەی من ئەوە بوو چۆن لە منداڵییەوە تەمەڕوودم كرد لە پارتی، هەندێك تایبەتمەندیم هەبوو لە نێو یەكێتیش دەمپاراستن. مەبدەئیەن دژی ئاڵای شۆڕش و داش عێراقییەكان بووم. كوردستانی بووم. بەڵام لەگەڵ ئەو مامەڵەیە نەبووم كە لەگەڵیان دەكرا، كاك نەوشیروان زۆر توند بوو لەگەڵیان. ئەو ماوەیەی لەلای ئەوان بووم لە ئاوەژێ‌، مام جەلال زۆر پێیخۆشبوو كە لێیان نزیك كەوتمەوە، منی بە خەڵك دەناساند، بەڵام دوای ئەوەی مەلا بەختیار هات بۆ ئەوێ‌، دوای ئەوەی كە لەوێ‌ دەرچوو وەرگەڕا. منیش پزیشك بووم ئەخلاقی سیاسیم رێی پێنەدەدام وازی لێ‌ بێنم، كاك نەوشیروان بە هەزار حاڵ گوتی بڕۆ. زۆری پێ خۆش نەبوو. 

رووداو: دەڵێن بەرپرسانی كۆمەڵە و یەكێتی مامەڵەی خراپیان لەگەڵ پێشمەرگە دەكرد. ئەمە بۆ؟

فایەق گوڵپی:  وا بوو. بەسەر منیش هات. رۆژێكیان ئافرەتێكیان هێنابوو، گوتیان ئەوە پزیشكە وەری بگرە، منیش پرسیارم لێكرد چیت خوێندووە، ئەویش گوتی: هیچم نەخوێندووە، پێشمەرگەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕان بووم، نەخۆش كەوتم، نزیكەی 50 رۆژ لە نەخۆشخانە مامەوە لەوێ‌ فێری دەرزی لێدان و پێدانی دەرمان بووم. رێكخستنی ژنان هەواڵیان بۆ ناردم كە ئەو ژنە وەرنەگرم، چونكە ماوەیەكی زۆر لە ماڵی یەكێك لە موستەشارەكان بووە. منیش گوتم: ئەوە دكتۆر نییە و رەنگە كێشەمان بۆ دروست بكات، بۆیە وەریناگرم، بەڵام بڕیاریاندا بەندم بكەن و دەریشم بكەن، بەڵام باشبوو ئەنجوومەنی سەرگەڵو و شەهید هاوڕێ‌ جەبار كە ئامر كەرت بوو، فریام كەوت و بەرگریان لێكردم. ئەوان زۆر شتی مەزاجیان دەكرد.

رووداو: لە سورداش كە كۆبوونەوە گەورەكە كرا لە نەورۆزی ساڵی 1984 خەڵك كە مامەڕیشەی بینیوە، ئەوەندەی گرنگیان بە مامەڕیشە داوە، گرنگیان بە مام جەلال و كاك نەوشیروان نەدرا، لەسەر ئەوە بوو كە سزا درا؟

فایەق گوڵپی: خەڵك زۆر گرنگی بە مامەڕیشە دا، من لە بیرەوەرییەكانم لە سێ‌ شوێن باسم كردووە. من لەگەڵ ئەبوو شەهاب لە رۆژهەڵاتی كوردستان بووین، گوتی ئەم نیوەڕۆیە دەعوەتی مامەڕیشەین. من وامدەزانی كەسێكە هەر دەزانێ‌ تەقە بكات، بەڵام بارەگایەكی دانابوو لە خانووی ئاغایان دەچوو. پێشوازییەكی زۆر گەرمی لێكردین. قسەی زۆر مەعقولی دەكرد. پێش ئامادەكاری بۆ شەڕی قڕناقە و پشتئاشان هاتە سەرگەڵوو، شەوێك لەلای من بوو. بەیانی چووین بۆ ناو دووكان و بازاڕ لە خەڵكی دەپرسی تۆ من دەناسی، ئەگەر بیگوتبایە نەخێر، دەیگوت من مامەڕیشەم. واتە حەزی دەكرد خەڵك بیناسێ‌. مامەڕیشە ئەو بەیانییەی كە رۆیشت منی بەجێهێشت بەرەو قڕناقە و پشت ئاشان، بە زۆر وێنەیەكی خۆی لەسەر مێزەكەی من دانا. پێمگوت رەسمی تۆم بۆچییە، دەیگوت نا قەینا با لەلات بێ‌. سەعات و نیوێك دواتر دوو خوێندكاری زانكۆ هاتن بۆ لام، گوتیان بەس یەك داواكاریمان هەیە. وێنەیەكی مامەڕیشەمان دەوێ‌. پێمگوتن ئەگەر كەمێك زووتر بهاتنایە دەتانبینی، ئەو وێنەیەی جێهێشتووە با بۆ ئێوە بێ‌. چالاكییەكانی لە گەرمیان دەنگی دایەوە، ناویان نابوو پیاوە ئاسنینەكە. نەورۆزی ساڵی 1984 من خۆم شایەتم. مامەڕیشە بەرنەدەكەوت. مێكزەمینێكی پێبوو، كوڵەبالێكی هەورامی لەبەردابوو، ئەو خەڵكە شوێنی كەوتبوو. كەس لە مام جەلال و نەوشیروان مستەفای نەدەپرسییەوە. بەڵام دوای ئەوە مامەڕیشەیان بانگ كرد، ئایا سەرپێچی كردبوو، ئایا لەسەر ئەمە رقیان لێ‌ هەڵسا. ماوەیەك دەستبەسەر بوو.

رووداو: مام جەلال گوتبووی دەبێ‌ ئەو دكتۆر فایەقە دەبێ‌ 100 كیلۆمەتر لە من دووربێ‌.

فایەق گوڵپی: ئەوە لەسەر كێشەیەك بوو كە مام جەلال كۆمەڵێك خەڵكی لەسەر سزادا. ئەوكات د.شوان كە خزمی مام جەلالیش بوو داوای لە مام جەلال كردبوو كە من بگەڕێمەوە نەخۆشخانە، ئەویش گوتبووی نەخێر، دەبێ‌ ئەو دكتۆر فایەقە 100 كیلۆمەتر لە من دوور بێ‌. ئیدی من چوومەوە شار لەوێ‌ بەشداری خولێكی راهێنانم كرد بۆ ماوەی حەوت مانگ. ئیدی تا ساڵی 1987 مام جەلالم نەبینیەوە.


کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
نیشانەکردن : فایەق گوڵپی
1478 ژمارەی بینین

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

ره شید | 13/04/2019 05:18:11 م
ده ست خوش کاک " مامه ند" هه موو خه لکی کوردستان دلنیا بن کابینه ی نوی ؛ کوردستانیکی نوی پیشانی جیهان ده داتن !ئیمه سه رده که وین .
ستراتیژی كابینەی تازە
| 12/4/2019 | (1)
ئاسۆ | 12/04/2019 01:29:39 م
سڵاوو ڕێز، سەرەتا سپاس بۆ نوسینی ئەم بابەتە. هەر وەک بەڕێزتان ئاماژەتان بە نەبوونی دیپڵۆماسی دیجیتاڵی کورد کردووە،بەڵام، لە هەمانکاتدا لە کوردستان بە...
ستار | 12/04/2019 07:15:58 م
ده ست خۆش ڕاست ئه فه رمی های تاك له هه مو بواره کاندا ڕۆڵی کاریگه ری گێراوه له په یوه ندی و ئاڵو گۆڕی زانیاریدا
بارزانی لە سریلانكا
| 12/4/2019 | (3)
Aso | 12/04/2019 04:18:07 م
کاتێک لە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان ئاڵای عێراق شەکاوەیە و مووچەی خەڵکی کوردستان لە بەغداوە دێت ، دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕەچاوی ...
کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر هۆشداریی دەداتە هەرێمی کوردستان
| 12/4/2019 | (1)
Peshwaz | 12/04/2019 04:06:32 م
بيزه حمه ت بوچى او زانياريانه كو اكه نه وه له خلقى پردى
23 گوندی شارۆچکەی بەرکاری زاخۆ چۆڵکراون
| 12/4/2019 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

دەرمانێکی شەکرە رێگە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەگرێت 12 کاژێر لەمەو بەر |

دەرمانێکی شەکرە رێگە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەگرێت

مەترسییەکە بەرێژەی %20 - 40 کەمدەکاتەوە زۆرتر
رووداو لە سوودان؛ ئاگری ناڕەزایەتیی خەڵک نەکوژاوەتەوە 19 کاژێر لەمەو بەر |

رووداو لە سوودان؛ ئاگری ناڕەزایەتیی خەڵک نەکوژاوەتەوە

چاوەڕێی هەنگاوی کرداری دەکەن زۆرتر
 پزیشكانی بەریتانیا بەدەست گرفتە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن 23 کاژێر لەمەو بەر |

پزیشكانی بەریتانیا بەدەست گرفتە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن

زیاتر لە چارەگێكی پزیشكانی بەریتانیا لە دۆخێكی زۆرتر
0.218 seconds