وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

عومەر شێخمووس: مەترسی بەبنەماڵەكردنی ‌حیزب یەكێكە لە كێشەكانی یەكێتی

لەلایەن نەوزاد مەحموود 25/12/2018
عومەر شێخمووس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی بۆ (رووداو): پێویستە لە كۆنگرە رۆڵ و پلەی بافڵ تاڵەبانی دەستنیشان بكرێ
عومەر شێخمووس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی بۆ (رووداو): پێویستە لە كۆنگرە رۆڵ و پلەی بافڵ تاڵەبانی دەستنیشان بكرێ

رووداو - سلێمانی 

عومەر شێخمووس، یەكێك لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، ئێستا لە سوید دادەنیشێ. لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) كە لەرێگەی ئیمەیلەوە لەگەڵی كراوە، باسی هۆكاری دووركەوتنەوە لە كاری حیزبی دەكات و هەروەها كێشەكانی ئێستای نێوخۆی یەكێتی رووندەكاتەوە و دەڵی "ناروونی دارایی یەكێتی و رێزنەگرتن لە پەیڕەو و پرۆگرامی حیزبەكە و مەترسی بە بنەماڵەییبوونی حیزبەكەیە" عومەر شێخمووس، وەڵامی زۆر پرسیاری دیكە لە بارەی یەكێتی و داهاتووی حیزبەكە، دەداتەوە.

رووداو:  لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی، تەنیا تۆ و د.فوئاد مەعسوم لەژیاندا ماون. د. فوئاد دەڵێ بە نووسینەوەی یاداشتەكانی سەرقاڵ دەبێت و تۆش  لە كاری حیزبی دووركەوتوویتەوە، بۆچی ناتەوێ بگەڕێیەوە؟

عومەر شێخمووس:  پاش ژیانێكی زۆر لە ئینگلیزستان و سوید وەك دوو وڵاتی دیموكراتی نموونەیی، شێوەی كاری حیزبی لە كوردستان، لەگەڵ بۆچوون و سرووشتی من ناگونجێت. بێگومان تەمەن و رەوشی تەندروستیش رۆڵی خۆی دەبینێ. هەروەها، پێویستە ئیتر كادری گەنج و لێوەشاوە بێنە پێش و ئەو ئەركە وەربگرن.

رووداو: لەو ساڵانە ‌یەكێتی بە دەست كێشەی نێوخۆییەوە دەیناڵاند و زۆرجار ناكۆكییەكان لە‌گرێژنە ‌دەردەچوون، بەڵام ئێوەی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی هیچ پرۆژە ‌و هەوڵێكی چارەسەرخوازانەتان نەبوو، ئایا هۆیەكە ‌ئەوەبوو لە چارەسەری ‌كێشەكان نائومێد بوون؟

عومەر شێخمووس: راستییەكەی بە نهێنی و بێدەنگی، هەوڵێكی زۆرمان دەدا. بەڵام زۆر بەداخەوە بێئەنجام بوو، چونكە ناكۆكییەكان سیاسی و فكری نەبوون.

رووداو: ئێستا لەنێو یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی، وەك كاپتنێكی چالاك و بڕیاربەدەست دەردەكەوێ. ئەو بەرهەم ساڵحی گەڕاندەوە نێو یەكێتی، پێتوایە ‌بافڵ تاڵەبانی، ئێستا ئامادەبێت بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی؟

عومەر شێخمووس: رۆڵێكی زۆر باشی بینیوە و بەردەوامە لەسەر ئەو رۆڵە. بۆ ئایندە، پێویستە كۆنگرە رۆڵ و پلەی ئەو دەستنیشان بكات.

رووداو: جیاوازییەكانی ئەو یەكێتییەی ئێستا هەیە لەگەڵ یەكێتیی 20 ساڵ لەمەوبەر چییە؟

عومەر شێخمووس: یەكێتی جاران زۆر زیندوو بەهێز بوو.، بەڵام ئێستا لاوازتر بووە لەبەر ناكۆكییەكانی ناو ریزەكانی و جیابوونەوەی هەندێ لە كادرە سەرەكییەكانی و كۆچی دوایی هەڤاڵ مام جەلال، بەڵام پاش هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستان ز بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، هەست بە هەستانەوەی زۆر بەهێزی ورە و رۆڵی یەكێتی دەكرێ 

رووداو:  دەكرێ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، وەك چارەسەربوونی بەشێك لە كێشە نێوخۆییەكان سەیر بكرێ؟

عومەر شێخمووس: بەڵێ. گەڕانەوەی دكتۆر بەرهەم بۆ ناو یەكێتی، هێز و توانایەكی زۆر دەداتە حیزبەكە. زەمینەش خۆشدەكات بۆ چارەسەربوونی بەشێك لە كێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكە.

رووداو: ئێستا گەنجەكانی نێو یەكێتی هەرچەندە پۆستی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسییان نییە، بەڵام بەردەوام وەك چارەسەرسازی كێشەكان و بڕیاردەری یەكێتی دەردەكەون، وەك بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، تۆ لە نزیكەوە كارت لەگەڵ كردوون؟ پێتوایە ئەوان بۆ هەستاندنەوەی یەكێتی كاریگەربن؟

عومەر شێخمووس: ئەو گەنجانە، قوباد و لاهور و بافڵ، ژمارەیەك خەڵكی دیكە، توانیویانە جەماوەر و كادر و ئەندامانی یەكێتی بەشێوەیەكی بەهێز بخەنەوەگەڕ. هەتاوەكو ئێستا كاریگەرییان دیارە و لەبەرچاوە. ئومێدەوارم بتوانن رۆڵێكی پۆزەتیڤ ببینن لە پرۆسەی گۆڕانكاری و ریفۆرمی پێویست لەناو یەكێتی.

رووداو:  ئێستا مەلا بەختیار لەماڵەوە دانیشتووە و زوویر بووە، لەوماوەیە ‌قسەت لەگەڵ نەكردووە؟

عومەر شێخمووس: بەڵێ قسەم لەگەڵ كردووە. دوو بۆ سێ جار پەیوەندیم پێوەكردووە. پێمباشە واز لە زوویربوون بهێنێ و بگەڕێتەوە سەركارەكانی لەناو مەكتەبی سیاسیدا.

رووداو: بەبڕوای تۆ دانیشتنی مەلا بەختیار زیان لە یەكێتی دەدات؟

عومەر شێخمووس: بەڵێ، ئەوە گومانی تێدا نییە. لەبەرئەوەی كاك مەلا بەختیار خاوەن ئەزموونێكی دەوڵەمەندی پێشمەرگایەتی، رێكخستن، فكری و سیاسییە. هەروەها كەسێكی زۆر چالاكە و لەدەستدانی سەركر‌دەیەكی لێوەشاوەی وا بە زیانی‌ یەكێتی و هەر حیزبێك تەواو دەبێ.

رووداو: جارێكی دیكە یەكێتی پۆستی سەرۆككۆماری وەرگرتەوە، پێتوایە ئەو پۆستە تاوەكو چەند دەتوانێ رۆڵی هەبێت بۆ بەهێزكردنی یەكێتی؟

عومەر شێخمووس: هەر لەسەرەتاوە هەست بە جۆرە هەستانەوەیەك دەكرا. باوەڕ و متمانە بەخۆیان و تواناكەیان لە بەرزیدابوو. هەروەها شانازیكردن بە كارەكانیان لە ئەنجامی سەركەوتنە رێژەییەكە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق بوو، بەتایبەتی لە سلێمانی. 

دوورنییە ئەمە ببێت بە فاكتەر و هەوێنی پرۆسەیەكی باش و ئەرێنی بۆ گۆڕانكاری و ریفۆرم لەناو هەیكەل و رێكخستنەكانی یەكێتی بەتایبەت بەستنی كۆنگرە. 

رووداو: ئێستا پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی باش نین، تۆ هۆكاری تێكچوونی پەیوەندی نێوانیان چۆن لێكدەدەیەوە؟

عومەر شێخمووس: ئەو گرژیانە كاتین و پەیوەندییان بە هەڵبژاردنەكانەوە هەبوو. ئێستا دەبینین كە بەشێوەیەكی واقیعییانە هەموو لایەنەكان دەستیان كردووە بە گفتوگۆی جددی بۆ رێككەوتن و هاوكاریی یەكدی. دوور نییە رەوشی شڵەژاو و ئاڵۆزی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەش، زیاتر هانیان بدات بۆ رێكخستنی نێوماڵی كوردستان.

رووداو:  كاك نەوشیروان و  مام جەلال بەدوای یەكدا كۆچی دواییان كرد، ئایا ئەوە بەمانای ئەوە دێ كە سلێمانی سەركردەی ژیر و كارناس و وریای نەمابێ بۆ بەڕێوەبردن؟

عومەر شێخ مووس: نەخێر، سلێمانی خاوەنی سەدان كەسایەتی و سەركردەی ژیر و كارناسە كە بتوانن رۆڵ و شوێنی مام جەلال و كاك نەوشیروان بگرنەوە. مام جەلال نیوە كۆیی و نیوە كەركوكی بوو. كاك نەوشیروانیش شارەزووری بووە. ئەگەر پێوەر یان پێوانەیەكی سلێمانیانەش بەكار بهێنین، ژنەكانیشیان نیوە سلێمانین.

رووداو:  تۆ یاداشتەكانی خۆت نووسیوەتەوە؟

عومەر شێخمووس: لە ساڵی 2010، كاك نەوزاد عەلی ئەحمەد، كتێبێكی نووسی لەسەر ژیانی سیاسیم، بەناوی (پشكۆیەك لە خۆڵەمێشدا). ئەمساڵ چاپی دووەمی دەرچوو. هەروەها لەلایەن كاك یاسین حوسێن كرا بە عەرەبی و لە سلێمانی و قاهیرە چاپكرا. بەمنزیكانەش بە كرمانجی و لاتینی لە ستوكهۆڵم و دیاربەكر چاپ دەكرێت. ئێستا بۆخۆشم  خەریكی نووسینی یاداشتەكانی خۆمم بە ئینگلیزی.

رووداو: چ شتێك لە دۆخی نێوخۆی یەكێتی تۆ زۆر نیگەران دەكات؟

عومەر شێخمووس: دەكرێ بڵێین چەند خاڵێك. یەكێكیان پێویستی جیاكردنەوەی سەروەت و سامانی یەكێتی لە موڵكی تایبەتی و شەخسییە. هەروەها پێویستی دانانی میزانییەیەكی دیاریكراوی ساڵانە بۆ حیزب و كاری رێكخراوەیی. دووەمیش، رێز نەگرتنە لەپەیڕە و پرۆگرام و دەزگاكانی سەركردایەتی. سێیەم مەترسی بەبنەماڵەكردنی ‌حیزبە.

رووداو: لەم ماوەیە بەشداریی كۆنفرانسێكت كردبوو، ئەو كۆنفرانسە لەبارەی چی بوو؟ چۆن بەشداریت كرد؟

عومەر شێخمووس:  لەگەڵ چەندین كەسایەتی سەربەخۆ و بەناوبانگی سووریا، هەوڵدەدەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتییانە بۆ رەوشی سووریا. ئەمە سیێەمین كۆبوونەوە بوو.

رووداو:  یەكێتی ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەوەی كۆنگرە ببەستێ، دەتەوێ بۆ بەشداری لەو كۆنگرەیە بگەڕێیتەوە كوردستان؟ 

عومەر شێخمووس:  بێگومان، زۆرم پێخۆش دەبێت.

رووداو:  ئەگەر داوات لێبكەن خۆت هەڵدەبژێرییەوە؟

عومەر شێخمووس: نەخێر، پێم باشترە  گەنج  و ژنی زیاتر لەسەركردایەتی یەكێتیدا هەبن. دوور نییە ئاما‌دەبم بەشداریی لە ئەنجوومەنێكی بچكۆلەی پیران یان راوێژكاری بكەم كە لە 10 - 15 كەس پێكبێ.


 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Azad Azad | 16/03/2019 03:46:26 م
والله‌ وه‌بیلاهی گه‌ر پارتی نیوه‌ی پۆسته‌كانی خۆشیان بداته‌ یه‌كیه‌تی به‌ته‌ئكید یه‌كیه‌تی له‌ به‌ینی خۆیان ڕێك ناكه‌ون باشتر وایه‌ پارتی هه‌وڵ و...
یەکێتی: بەشداریمان لە کابینەی نوێی حکومەت پەیوەستە بەوەی هاوبەشێکی راستەقینە بین
| 16/3/2019 | (1)
ئیسماعیل عەبدوڵا | 16/03/2019 08:51:18 ص
چۆن بتوانم دەنگ بدەم؟
Azad Azad | 16/03/2019 08:57:23 ص
هونەری فیلمی دۆکیومێنتاری لەبارەی ئازارەکانی گه‌لی كورد به‌گشتیی به‌درێژای ١٠٠ ساڵی ڕابرد و کیمیا باران کردنی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆمەڵکوژی کردنی...
لە بەریتانیا فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەبارەی کیمیابارانی هەڵەبجە نمایشکرا
| 16/3/2019 | (2)
mohammad kurdish kurdstan | 15/03/2019 03:25:34 م
أن شاءالله‌ بۆخاتری عه‌رشی په‌روه‌ردگاری پیرۆز به‌م رۆژی هه‌ینیه‌ هه‌رچی بكوژان و تاوانانی ئه‌م ڕووداوه‌ بوون سه‌رشۆر و ریسوا ودونیا و قیامه‌تبن أن...
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بەتووندی سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ى نیوزلەندا ده‌كات
| 15/3/2019 | (1)
REALMADRIDCF | 15/03/2019 02:34:00 م
ئەگەرلەسەردەستی پێرێزڕیاڵ مەدریدهەڵنەستایەوەئەواهاندەران دەیان هەوێت دەست لەکار بکێشێتەوە
پلانێکی شاهانە لە یانەی شاهانە
| 26/2/2019 | (1)
0.282 seconds