وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

بەشیر حەداد: ناهێڵم هیچ یاسایەكی دژ بە كوردستان تێپەڕێنرێت

لەلایەن سیروان عەباس 26/9/2018
د.بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ رووداو: وێنەی پەرلەمانتار لە دەرەوە هێندە ناشیرینە، شەرم دەكەی بڵێی پەرلەمانتارم
د.بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ رووداو: وێنەی پەرلەمانتار لە دەرەوە هێندە ناشیرینە، شەرم دەكەی بڵێی پەرلەمانتارم
رووداو- هەولێر

لەنێو باخچە گەورەكەی ماڵەكەی خۆی لە گەنجان ستی لە هەولێر دانیشتبوو، چەند میوانێكی هەبوون كە هەموویان بە توركمانی قسەیان دەكرد، ئەویش هەر بە توركمانی وەڵامی دەدانەوە. زۆر كەس وا دەزانن توركمانە، بەڵام ئەو دەڵێت كوردم و توركمان نیم. د.بەشیر خەلیل حەداد كە هەفتەی رابردوو بە جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا، هەولێرییەكان هەر بە مەلا بەشیر دەیناسن. ساڵانێك مزگەوتەكەی هێندە قەرەباڵغ بوو، خەڵك لە نوێژی هەینیدا بە چواردەوری مزگەوتەكەیدا لەسەر جادە سەفیان دەبەست، بەڵام لە 2009 بەدواوە تێكەڵی سیاسەت بوو، دوای ئەوەی لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی خۆی بەربژێر كرد. لەم خولەی پەرلەمانیش بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. 
د.بەشیر، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باس لەوە دەكات كە بۆچی لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی جێگری سەرۆكی پەرلەماندا دەنگی نەهێنا و هەڵبژاردنەكەی كەوتە خولی دووەم. 


رووداو: خۆ كاندیدكردنت بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، لەسەر داوای كێ بوو؟ خۆت یان پارتی؟

د.بەشیر حەداد: كاندیدكردنم بۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای خۆم نەبوو، بەڵكو لەسەر داوای برادەران بوو لەنێو پارتی، منیش بە داواكەیان رازی بووم. دواتر داوایەكی دیكەیان لێكردم كە بەربژێرم بكەن بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، من لە سەرەتادا گوتم رەنگە ئەوە ئەركێكی قورس بێت و لە فراكسیۆنەكەمان كەسانی شارەزاتر هەبن، بەڵام دیار بوو سەركردایەتی پارتی سووربوون لەسەر ئەوەی كە من ئەو پۆستە وەربگرم، منیش ئەو داوایەم رەتنەكردەوە، شانی خۆم دایە بەر ئەو بەرپرسیارێتییە.

رووداو: دەڵێن خودی مەسعود بارزانی داوای لێكردووی ئەو پۆستە وەربگری؟

د.بەشیر حەداد: داوام لێكرا، ئیدی لەهەر شوێنێكەوە بووبێ.
  پارتی سووربوو لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرم


رووداو: بۆچی لە خولی یەكەم دەنگت نەهێنا؟

د.بەشیر حەداد: دوو هۆكار هەبوون، هۆكاری یەكەم ئەوە بوو كە رۆژی یەكەم دانیشتنەكە درێژەی كێشا، لە 11:00ی پێشنیوەڕۆ دەستیپێكرد تاوەكو 7:00ی ئێوارە بەردەوام بوو، نزیكەی 8 كاژێر لە دانیشتندابووین و تەنانەت نانی نیوەڕۆ و ئێوارەمان نەخوارد، ئەندامانی پەرلەمان زۆر ماندووبوون. ئەو ماندووبوونە وای لە هەندێك پەرلەمانتار كرد بچنە دەرەوە، هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ كاژێر 6:30 دواكەوت، نزیكەی 50 پەرلەمانتار لەبەر ماندووێتی هۆڵەكەیان جێهێشت و وایانزانی هەڵبژاردنی من وەكو جێگری دووەم یەكلایی بووەتەوە و دەنگی پێویست دەهێنم، لەبەر ئەوەی رێككەوتن كراوە، بەڵام ئەو ئامادەنەبوونە دەنگی لەمن كەمكردەوە چونكە من دوو ركابەرم هەبوو، لە فراكسیۆنی یەكگرتوو موسەننا ئەمین و لە فراكسیۆنی كۆمەڵیش ئەحمەد حاجی رەشید ركابەرم بوون. ئەوانیش ژمارەیەك دەنگیان برد، ژمارەیەك دەنگی سپی و دەنگی بەتاڵیش هەبوون كە هەموو ئەوانە لە من رۆیشتن. هۆكاری دووەمیش ئەوە بوو كە بەداخەوە هەر لەنێو خۆمان نەك لەنێو لایەنەكانی شیعە و سوننە، هەندێك پەرلەمانتاری كورد هەواڵێكی ناڕاستیان سەبارەت بە من لەلای برایانی شیعە بڵاوكردبووەوە گوایە من كەسێكی توندڕەوی جیهادیم و دژی ئەهلی بەیتم. زۆر خراپ وێنای منیان كردبوو، ئەمەش كاریگەرییەكی خراپی هەبوو.

رووداو: كێ‌ بوون ئەوانەی لۆبییان لە دژ كردی؟

د.بەشیر حەداد: بەشێوەی لۆبی نەبوو، بەشێوەیەكی نهێنی ئەو كارانەیان دەكرد، هەندێكیشیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تۆمەتیان بڵاودەكردەوە، بەڵام رووبەڕوو هیچ دژایەتییەكیان نەكردم.

رووداو: ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ موسەننا ئەمین و ئەحمەد حاجی رەشید چۆنە؟
  پەرلەمانتارانی كورد بە شیعەكانیان گوتبوو گوایە من دژی ئەهلی بەیتم


د.بەشیر حەداد: موسەننا ئەمین لە جەولەی یەكەمی دەنگدانەكە كە زانی دەنگی پێویست ناهێنێت كشایەوە، بۆ جەولەی دووەم من و ئەحمەدی حاجی رەشید ماینەوە، دوای ئەوەی دەنگی زۆرینەم هێنا، هەردووكیان هاتن پیرۆزباییان لێكردم. هەموو فراكسیۆنەكانیش پیرۆزباییان لێكردم، منیش گوتم لەگەڵ ئەوەی هەندێ لە پەرلەمانتارە كوردەكان مامەڵەیان باش نەبوو لەگەڵم، بەڵام من هەر بەشێوەیەكی باش مامەڵەیان لەگەڵ دەكەم.

رووداو: ئێوە پێش دەنگدانەكە قسەتان لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەكێتی كرد، ئەوان بەڵێنیان پێدای كە دەنگت بدەنێ؟

د.بەشیر حەداد: بەڵێ كۆبووینەوە و هاوئاهەنگیمان كرد، لەسەر ئاستی سەرۆكی فراكسیۆن و ئەندامانیش رامان گۆڕییەوە و پێمانگوتن كە ئێوە دەنگ بە بەربژێری ئێمە دەدەن یان نا، گوتیان چاوەڕوانی وەڵامی سەركردایەتی دەكەین، چەند خولەكێك بەر لە دەسپێكردنی دانیشتنەكەش دووبارە پرسیارمان لێكردنەوە دیسان گوتیان چاوەڕوانی سەركردایەتین، بەڵام دوای دەنگدانەكە گوتیان دەنگمان پێداوی، ئیدی نازانم دەنگیان داوە یان نا.

رووداو: هیچ پەرلەمانتارێك (كورد، شیعە، سوننە، توركمان) بە ئاشكرا پێیانگوتی دەنگت پێنادەین؟
د.بەشیر حەداد: نا، رووبەڕوو نەیانگوت، بەڵام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوو پەرلەمانتاری كورد نووسیبوویان :"شانازی دەكەین كە دەنگمان بە بەربژێرەكەی پارتی نەدا"، بەڵام رووبەڕوو بە خۆمیان نەگوت.

رووداو: داوات لە ئەحمەدی حاجی رەشید كرد بكشێتەوە؟

د.بەشیر حەداد: نەخێر، خۆم و فراكسیۆنەكەشم ئەو داوایەمان نەكرد، بەڵام كەسی دیكە داوایان لێكرد.

رووداو: كێ بوون؟

د.بەشیر حەداد: فراكسیۆنە عەرەبییەكان، لە شیعە و سوننە پێیانگوت كە دەنگی لە د.بەشیر كەمترە و بكشێوە، بەڵام قایل نەبوو.

رووداو: چوار ساڵی ئایندەی پەرلەمانی عێراق چۆن دەبینی؟
  پێكهێنانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان زۆر بە زەحمەت دەبینم 


د.بەشیر حەداد: ئومێد دەخوازم چوار ساڵی داهاتوو چوار ساڵی جیاواز بێ لە خولەكانی رابردوو، لەگەڵ سەرۆك و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بەو جۆرە رێككەوتووین كە ئەم خولە خولێكی پڕ ئیش و جیاواز بێت. كاری یەكەممان ئەوەبێ كە هەیبەت و شكۆی پەرلەمان بگێڕینەوە، شكۆی پەرلەمانتار بگێڕینەوە، چونكە وێنەی پەرلەمانتار لە شەقام زۆر ناشرین بووە، وای لێهاتووە شەرم بكەیتەوە بڵێی من ئەندامی پەرلەمانم، پەرلەمانتار بە كەسێكی هەلپەرست و خۆپەرست وێناكراوە كە هەمیشە خەمی خۆی بێت و خەڵكی فەرامۆش كردبێ، ئەمەش دیاردەیەكی خراپە كە لە عێراق و كوردستان بڵاوبووەتەوە. رێزنەگرتن لە دەزگاكانی یاسادانان و جێبەجێكردن، رێزنەگرتن لە سیمبول و سەركردەكان سەرەتای داڕووخانی دەروونییە بۆ هەر میللەتێك، بۆیە كاری ئێمە گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتاران. ئەویش بە كاركردنێكی جددی و خەمخۆری و چوونە نێو خەڵك، نابێ خۆمان قەتیس بكەین لەنێو چوار دیواری پەرلەماندا و دەبێ بچینە نێو خەڵك. یەكەم هەنگاویشمان لەم بارەیەوە سەردانمان بوو بۆ پارێزگای بەسرە و كۆبوونەوەمان بوو لەگەڵ خەڵكەكە و كێشە و گرفتەكانیانمان بینی و بڕیاریشمان داوە ناوەناوە سەردانی شارەكان بكەین. سەردانی داهاتوومان بۆ هەڵەبجە، ئەنبار و مووسڵ دەبێت، بۆ ئەوەی خەڵك بزانن كە ئیدی ئێمە تەنیا لەنێو پەرلەمان و ناوچەی سەوز نابین و لە ناوچەكەی خۆمانەوە دەچینە ئەو ناوچانەی كە بێخزمەتن و ژیان تێیاندا ئەستەمە. ئێمە بەو سەردانانە و گرنگیدان بەو یاسایانەی كە لە خزمەتی خەڵكدان و ژیان و پێداویستییەكانیان دابین دەكات، دەتوانین ئەم متمانەیە بگێڕینەوە، ئەمە ئامانجی یەكەممانە. ئامانجی دووەمیشمان ئەوەیە كە ئێمە وەكو نوێنەرانی كوردستان وێنەیەكی جوان نیشانی عێراق بدەین و پەیوەندییەكی جوان لەنێوان هەولێر و بەغدا، كورد و عەرەب دروستبكەین و بیگەڕێنینەوە ئاستی جارانی خۆی، هەروەها هەوڵێكی جیددیش دەدەین بۆ دروستكردنی یەكڕیزی و هاوئاهەنگی لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان.

رووداو: چ پلانێكتان بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی بەسرە هەیە؟

د.بەشیر حەداد: كە چووینە بەسرە، لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگاكە، نوێنەرانی بەسرە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پارێزگار، بەڕێوەبەری پۆلیس، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان و سەرۆك هۆزەكان كۆبووینەوە و پێنج كاژێر گفتوگۆمان لەگەڵ كردن، دوای گوێگرتن و راگۆڕینەوە لەگەڵیان، راپۆرتێكمان ئامادەكرد و لە دانیشتنی 25ی مانگ دەخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە و ژمارەیەك وەزیر بانگهێشت دەكەین بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی بتوانین گوشارێك لەسەر حكومەت دروستبكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەسرە.

رووداو: دەتانەوێ چی بۆ هەڵەبجە بكەن؟

د.بەشیر حەداد: ئێمە لە بەرنامەماندایە سەردانی هەموو شارەكان بكەین، هەڵەبجەش وەكو هەموو شارەكانی دیكە لە بەرنامەی كارەكانماندایە، بەڵام ناتوانم بڵێم كەی سەردانی هەڵەبجە دەكەین، بچینە هەر شارێك سەیری واقعی ژیانی خەڵك دەكەین، خزمەتگوزاری هەیە یان نا، كەموكوڕییەكان چین، چونكە هەندێ شار هەن بڕیاری بەپەلەیان پێویستە و هەندێ خزمەتگوزاریش هەن، ئەگەر دواشبخرێن رەنگە ئاسایی بێت. ئێمە هەوڵدەدەین ئەوانە بكەینە یاسایەك و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدەین. كە چووینە هەڵەبجە، لەوێ بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین چی بكەین.

رووداو: چوار ساڵی رابردوو پڕبوو لە پیلانگێڕی دژی كورد، تۆ ئێستا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی، چ بەرنامەیەكت هەیە بۆ ئەوەی لە چوار ساڵی داهاتوودا رووبەڕووی پیلانەكان لە دژی كورد ببیتەوە؟ 

د.بەشیر حەداد: پەرلەمان گەورەترین دەزگای چاودێری و یاسادانانە، دەبێ بەشێك بێ لە چارەسەر و لە وڵاتدا ئەو رۆڵە بگێڕێ، ئێمەی پەرلەمانتارانی كوردستانی كە لە بەغداین و نزیكەی 58 كەسین، ئەگەر نەتوانین رێگری لە دوژمنكارییەك یان پیلانگێڕییەك دژ بە كوردستان بكەین، ئەی بوونی ئێمە لەوێ بۆ چییە؟ بۆیە وا پێویست دەكا هەموومان لەوێ وەكو یەك دەست و دیوار بین بەرامبەر بە هەر هەوڵ و پرۆژەیاسایەك كە بیانەوێ دژ بە كوردستان دەریبكەن. بەتایبەت من كە لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانم هەموو هەوڵی خۆم دەخەمەگەڕ بۆئەوەی نەهێڵم هیچ یاسایەك دژ بە هەرێمی كوردستان تێپەڕێنرێت.

رووداو: هیچ پلانێكی تایبەتت هەیە بۆ رێگریكردن لە هەر هەوڵێكی دژ بە كورد؟
  دوای بەسرە سەردانی هەڵەبجە و مووسڵ و ئەنبار دەكەین


د.بەشیر حەداد: ئێمە وەكو یەك تیم كاردەكەین، بەڵام من راوێژ بە هەموو لایەنە سیاسییەكانیش دەكەم  بۆ ئەوەی بەرچاومان روون بێت كە چی دەكەین و چیمان پێدەكرێ. جگە لەمانەش دەتوانم پەیوەندییە كەسییەكانی خۆشم لەگەڵ كەسایەتییە عێراقییەكان بەكاربهێنم بۆ ئەوەی دید و تێڕوانینی ئەوان بەشێوەیەكی ئەرێنی بەرامبەر بە كورد بگۆڕم.

رووداو: لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەبوو، هیچ هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لەو خولەشدا ئەم فراكسیۆنە دروست بكرێتەوە؟

د.بەشیر حەداد: ئەمە ئومێدی هەرە گەورەمانە، بەڵام بەداخەوە زۆر بە زەحمەتی دەبینم، چونكە هەر لە سەرەتاوە تووشی شۆك بووین كە ئێمە لەلایەن خۆمانەوە دژایەتی كراین و رێگریمان لێكرا، ئومێدی من وایە وەكو یەك تیم كار بكەین، بەڵام بە زەحمەتیشی دەبینم.

رووداو: پۆستەكەی تۆ چ گرنگییەكی بۆ كورد هەیە، خۆ لە خولی رابردووش كوردێك جێگری سەرۆكی پەرلەمان بوو، بەڵام چەندین یاسا لە دژی كورد دەركران؟

د.بەشیر حەداد: ئەم پۆستە دەسەڵاتی خۆی هەیە، یەكێك لە دەسەڵاتەكان ئەوەیە كە هەموو ئەو پرۆژە یاسایانەی دەخرێنە بەرنامەی كارەوە، دەستەی سەرۆكایەتی گفتوگۆی لەسەر دەكات و دەبێ هەرسێكیان لەسەری رازیبن، بۆیە من دەسەڵاتی خۆم بۆ هەر پرۆژە یاسایەك بەكاردێنم كە لە بەرژەوەندی كوردستان بدات، گۆڕانكاری تێدا دەكەم و ئەو ماددە و بڕگانە دەگۆڕم كە دژی كوردستانن.

رووداو: زۆر قسە لەسەر كڕینی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكرێ‌، تەنانەت خالید عوبەیدی كە یەكێك بوو لە بەربژێرەكان دەڵێت ئەو پۆستە بە 30 ملیۆن دۆلار كڕدراوە، ئایا پەرلەمان هیچ لێژنەیەكی بەدواداچوون بۆ ئەو تۆمەتانە دروست دەكات؟

د.بەشیر حەداد: یەكێك لە هەنگاوەكانی گەڕاندنەوەی شكۆی پەرلەمان ئەوەیە كە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری و دادگای فیدراڵی و دادگاكان بكەین، بۆ ئەوەی هەر كەسێك پەرلەمانتار بێ یان لە دەرەوەی پەرلەمان، ئەگەر قسەیەكی وەهای كرد یاخود ویستی ناوی كەسێك بزڕێنێ یان تۆمەتی بۆ هەڵبەستێ، ئێمە دەستبەجێ داوابكەین لە دادگا كە لێپێچینەوە لەم قسەیە بكات و لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو كەسەدا بكا، ئەگەر قسەكەی بە بەڵگە سەلماند با یاسا رێوشوێنی خۆی بگرێتەبەر، ئەگەریش وانییە با بەگوێرەی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسەدا بكرێ.

رووداو: ئەو رێكارە دژی خالید عوبەیدی دەگرنەبەر؟

د.بەشیر حەداد: بێگومان، چونكە ئەگەر وا نەكەین سبەی چاوپۆشی لە كەسانی دیكەش دەكرێ. ئەمەش دەبێتە شاڕێیەك بۆ ئەوەی پەرلەمان نەتوانێ كارەكانی خۆی راپەڕێنێت، خەڵكێك هەن دەیانەوێ شكۆی پەرلەمان بشكێنن و ناوی پەرلەمانتار بزڕێنن و وێنەیان لای خەڵك ناشرین بكەن. من نە بینیومە و نە ئاگام لە مەسەلەی فرۆشتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە، هەرگیز باوەڕیش بەوە ناكەم، چونكە ئەو قسانەشی لەسەر من كرا راست بوو؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، رەنگە ئەوەش هەر قسەیەكی لەوجۆرە بێت. لەكاتی ئاوادا بۆ سڕینەوەی سیاسی تۆمەتی لەو جۆرە زۆر هەڵدەبەسترێت، بە داخەوە.  

کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
نیشانەکردن : بەشیر حەداد
2235 ژمارەی بینین
بابەتە پەیوەندیدارەکان
د. بەشیر و عەقڵی كوردی

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

سید عبیداله رحمن | 15/10/2018 06:07:32 م
ده سخوش پارتی زور غه در خه یانه تی لیکراوه به لام له به رانبه ر خه لکی کوردستان و میژووی گه له که ی و ئازادیخوازانی جیهاندا سه ربه رز و سه رفیرازه و...
Rebwar | 15/10/2018 08:33:31 م
Dastxosh
سەفقەی سەرۆککۆمار
| 15 کاژێر لەمەو بەر | (4)
سید عبیداله رحمن | 15/10/2018 06:17:16 م
کاک "هیمن" ده سخوش به داخه وه راستی بو چوی "پیاو عیلاجی نه بی به حه لیفی دایکی ده لی خاله "!وادیاره کوردستان ده که ویته ده ستی جیلیکی نوی تاله بانی و...
پۆست شازدەی ئۆکتۆبەر
| 18 کاژێر لەمەو بەر | (1)
Rebwar | 15/10/2018 12:42:26 م
Dastxosh
Darbaz | 15/10/2018 04:36:05 م
هيچيان لة هيچيان باشتر نينه
ئەوجارە پارتی لوغمی چاندووە
| 22 کاژێر لەمەو بەر | (5)
حه مه ره سول | 06/10/2018 05:16:54 م
نوسينه نه كانت خوى قوتابخانه يه كه به راستى حسن علوي راستى فه رمووه كه وه سفى نوسينه كانتى كردوه وه وتوويه تى( لم يلد ولم يولد) منيش هاورام و ده...
کاوسێن | 15/10/2018 02:57:06 م
هیوادارم ئەم نوسینەی تۆ ببێتە سەرەتایەک بۆ نوسینەوەو ئاشکراکردنی ئەو بەسەر هاتانەی بەسەر کادیر وئەندامانی کۆمەڵەدا هات لەسەر جیاوازی بیروراو هەلوێستی...
كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان هه‌ڵوه‌شایەوە.. یان هه‌ڵیانوه‌شانده‌وه‌ ؟
| 5/10/2018 | (5)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

لە بەسرا زیاتر لە سەد هەزار کەس بە ئاوی پیس ژەهراویبوون 11 کاژێر لەمەو بەر |

لە بەسرا زیاتر لە سەد هەزار کەس بە ئاوی پیس ژەهراویبوون

پۆخڵیی ئاوەکە شەش هێندەی ئەوەیە کە بە نەشیاو زۆرتر
ڤیاگرا خراوەتە نێو بەشێک لە جگەرە ئەلیکترۆنییەکان 17 کاژێر لەمەو بەر |

ڤیاگرا خراوەتە نێو بەشێک لە جگەرە ئەلیکترۆنییەکان

دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی هۆشداری دەدات زۆرتر
برسیێتی و بەدخۆراکییەکی گەورەتر بۆ یەمەن بەڕێوەیە 20 کاژێر لەمەو بەر |

برسیێتی و بەدخۆراکییەکی گەورەتر بۆ یەمەن بەڕێوەیە

گەورەترین برسیێتی دەبێت لە 100 ساڵی رابردوودا زۆرتر
0.172 seconds