رووداو - سلێمانی
شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، سەردانی مەڵبەندی یەکی یەکێتی کرد لە سلێمانی، لە کۆبوونەوەکەشیاندا عارف تەیفوور رایگەیاند: بە بێ یەکێتی حکومەت پێکناهێنین.
سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا عارف تەیفوور، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە رایگەیاند "لە پێکهێنانی حکومەتی بنکە فراواندا زەرەرمان کرد، حکومەتی بنکەفراون بووە هۆکاری ئەوەی ئێمە و یەکێتی بەتەنیا بمێنینەوە، لایەنەکانی دیکە لە کات و ساتێکی ناخۆشدا بەجێیانهێشتین، کاتێک شەڕی داعش هەبوو، کاتێک کە قەیرانی دارایی هەبوو، فشارێکی زۆرمان لەسەربوو، بەڵام ئێمە و یەکێتی ماینەوە و ئیدارەی حکومەتەکەمان کرد تاوەکو گەیشتینە هەڵبژاردن و تاوەکو ئێستاش".
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، عارف تەیفوور دەڵێ "هەر لایەنێک بەشداربێت لەگەڵمان، دەبێت پەیمان بدات یان رێککەوتنی لەگەڵ بکرێت، کە دەبێت نەفەسی درێژبێت لەگەڵماندا، لە قەیران و لە خۆشی و ناخۆشیدا بەردەوامبێت لەگەڵمان و لە نیوەی رێگا جێمان نەهێڵێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە ئومێد دەخوازێت لە ماوەیەکی نزیکدا پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکات و دەڵێ "ئێمە لیژنەیەکمان پێکهێناوە، لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ لایەنەکان دەکەوێتە گفتوگۆ، بەدڵنیاییەوە پێش هەموو لایەنەکان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی رای ئەوانیش وەربگرین، پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە گفتوگۆ دەکەین".
پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا 45 کورسی و یەکێتی 21 کورسیان بەدەستهێنا. عارف تەیفوور دەڵێ "تائێستا رامانوایە لەسەر ئیستحقاقی هەڵبژاردن حکومەتی ئاییندە پێکبهێنین، پێمانوایە ئیستحقاقی هەڵبژاردن باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی هەرکەسێک بە مافی خۆی بگات، وەکو پەرلەمانی عێراق خاڵ دابنێین و لەسەر بنەمای ئەو خاڵە پۆستەکان دابەشبکرێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە نایشارێتەوە وەکو پارتی "کێشەمان نابێت لە تەواوکردنی نیساب، بەڵام پێویستمان بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە، بەبێ یەکێتی ناتوانین ئەو حکومەتە بەتەنیا ئیدارەبدەین، بۆیە هەوڵدەدەین لەگەڵیاندا رێکبکەوین".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا حاكم قادر، ئهندامی دهستهی كارگێڕی مهكتهبی سیاسی یهكێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند " یهكێتی باشتر لەو واقیعە تێدەگات، یەکێتی و پارتی دوو لایەنی سەرەکین، دوو هێزن، بەپێی ئەو پێگەیەی یەکێتی هەیەتی هەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و هەم لەسەر ئاستی عێراق، ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت، دەبێت هەوڵیش بدەین حکومەتی ئەمجارە حکومەتێکی تەندروست بێت، بۆیە وەکو یەکێتی بەشداری حکومەت دەبین و بەشدارییەکی کاریگەرمان دەبێت، لەسەر بنەمای شەراکەتێکی راستەقینە لەنێوان ئێمە و پارتیدا، یهكێتی نیشتمانی کوردستانیش شاندی خۆی بۆ گفتوگۆ ئامادەکردووە، ئەو نیگەرانییەی لەنێوان پارتی و یەکێتیشدا هەیە دەتوانین بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەری بکەین".
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار