کاردانەوەی شەڕەكەی سنووری شنگال لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

03-03-2017
سیروان عەباس
 چالاكڤانان داوادەكەن خۆپیشاندانی سەرتاسەریی ئاشتییانە بۆ رێگریكردن لە شەڕی براكوژی بكرێت
چالاكڤانان داوادەكەن خۆپیشاندانی سەرتاسەریی ئاشتییانە بۆ رێگریكردن لە شەڕی براكوژی بكرێت
A+ A-

رووداو - هەولێر

دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزیی لەنێوان دوو هێزی کوردی لە سنووری قەزای شنگال، کاردانەوەی خێرای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە.

هاونیشتمانییانی سڤیل، چالاکڤانانی مەدەنی و سیاسییەکان راو و بۆچوونی خۆیان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەربڕی و بەشی هەرە زۆریان سەرکۆنەی براکوژییان کرد.

نما نەریمان، ئەو منداڵەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە ئەستێرەیەکی دیار و بە (نمەی فەیسبووك)، لەڕێگەی وێنەیەکەوە دژایەتی خۆی بۆ شەڕ دەربڕیوە و لەنێو لەپی دەستیدا ئەو هەستەی خۆی راگەیاندووە.

بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم رووبەڕووبوونەوەیە بە گوناهی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK دەزانن، بەشێکی دیکەشیان بەپێچەوانەوە ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان PDK.

بەشێک لە سیاسییەکانیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ دەربڕینی هەستی خۆیان قۆستەوە، عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان HDP لە پۆستێکدا نووسیویەتی: "شەڕی براکوژی کارەساتێکی کوردە و خیانەتە لە شەهیدانی کۆبانێ و کوردستان".

بەشێکی دیکە لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەڕێگەی شیعرەوە دژایەتی خۆیان بۆ شەڕی براکوژی دەربڕیوە، بەجۆرێک ئەو شیعرانەی عەبدوڵڵا پەشێو و فایەق بێکەس بۆ دژایەتی براکوژییان نووسیوە، بەماوەیەكی كەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی. هەندێکی دیکە خۆیان بە شیعر دژایەتییان بۆ شەڕی براكوژی دەربڕیوە.

چالاکڤانانیش زۆرترین پۆستیان لەسەر رووداوەکە کرد و بەشێکیان بۆ سەرکۆنەکردن و دووبارەنەبوونەوەی ئەو رووداوە، داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەریی ئاشتییانەیان کرد.

وێنەکەی نێردراوی رووداو ناسر عەلی لەگەڵ پێشمەرگەیەک و شەڕڤانێک کە بەیەکەوە نان دەخۆن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆرترین دەستاودەستی پێکرا و وەکو بەڵگەیەک بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە سەیرکرا.

رۆژی هەینی 3-3-2017، لە بازگەیەکی کۆمەڵگەی خانەسۆر كە دەكەوێتە نزیک شارۆچكەی سنوونێ، شەڕەتەقە لەنێوان پێشمەرگەی رۆژئاوا و یەبەشەی سەر بە پەکەکە روویدا، لەئەنجامدا شەڕڤانێک گیانی لەدەستدا، سێ شەڕڤان و چوار پێشمەرگەش برینداربوون. دوای چەند كاژێرێكیش كۆتایی بە شەڕ و ئاڵۆزییەكە هێنرا و رەوشەكە تاڕادەیەك ئاساییكرایەوە.


پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە