رووداو - هەولێر
رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری رابردوو، بەتەواوی هاوکێشەکانیان لە کەرکووک گۆڕی، ئێستا لەبری کورد، حکومەتی عێراق لەو پارێزگایە باڵادەستە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی سێ ساڵە، لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 سەرۆکی بۆ دەستنیشان نەکراوە.
رۆژێک دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، کۆشکی سپی جەختی کردەوە ئەو رووداوانە ئەو راستییەیان نەگۆڕیوە، کە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، هێشتا ناوچەی کێشەلەسەرن، ئەمەش بەو واتایەیە خاوەنداری بەغدا بۆ کەرکووک و ئەو ناوچانە، هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.
هەفتەی رابردوو فوئاد مەعسووم سەرۆککۆماری عێراق لە کەرکووکەوە رایگەیاند "ماددەی 140 ماددەیەکی دەستوورییە و دەمێنێ تاوەکو ئەوکاتەی جێبەجێ دەکرێت".
لە دوایین هەڵوێستی نێودەوڵەتی هاوشێوەشدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئیلیزێ رایگەیاند "پێویستە ماددەی 140ـی دەستووری عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان جێبەجێ بکرێت".
بەپێی ماددەی 140 ـی دەستووری عێراق، ئەرکی دەسەڵاتی جێبەجێکاری عێراقە تەواوی ئەم ماددەیە جێبەجێ بکات و قۆناخەکانی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و لەکۆتاییشدا گشتپرسی لە کەرکووک و ناوچەکێشەلەسەرەکانی دیکە ئەنجام بدات بۆ دیاریکردنی خواستی دانیشتووانی ئەو ناوچانە.
هەرچەندە بڕیاربوو ئەو ماددەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2007 جێبەجێ بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، سێ ساڵیشە لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140، سەرۆکی بۆ دەستنیشان نەکراوە.
بابەکر سدیق، بەرپرسی نووسینگەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە کەرکووک دەڵێ "ئەگەر دەیانەوێ ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، شاندی دانوستاندکاری کورد بچێتە بەغدا، دەبێ یەکێک لە پرسەکان باسکردنی کاراکردنەوەی لیژنەکە بێت و بەڕەزامەندیی هەردوولا سەرۆکی بۆ دەستنیشان بکرێت، بۆ ئەوەی کارەکانی راپەڕێنێت. من، داواشم کردووە لە بودجەی 2018 ـی عێراقدا بودجە بۆ ماددەی 140 دیاری بکرێت، ئەمە بۆ ئەوەیە جارێکی دیکە دەستبەکار بکەینەوە و ئۆفیسەکان بەردەوام بن".
بەرپرسی نووسینگەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە کەرکووک هەروەها دەڵێ "ئێستا زیاتر لە 15 هەزار خێزانی ئاوارە ماونەتەوە و قەرەبوو نەکراونەتەوە، لەهەمان کاتدا زیاتر لە هەشت هەزار خێزانی عەرەبی هاوردە ماونەتەوە قەرەبوو نەکراونەتەوە، بۆیە پێویستە پرسەکە بجوڵێنینەوە بۆ گەڕاندنەوەی زەوییەکان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعس".
ئەوەی بەهای ماددەی 140ـی دەستووری عێراق زیاتر دەکات، جەختکردنەوەی حکومەتی عێراقە لەسەر پابەندبوون بەو دەستوورە و جێبەجێکردنی یەکە یەکەی ماددە و بڕگەکانیێتی. شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 و کێشەی خاک، کورد کارتێکی کاریگەری بەدەستەوەیە ئەویش کشانەوەیە لە پرۆسەی سیاسی.
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار



