وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

کوردستان

پارتی و یەكێتی 114 هەزار پێشمەرگەیان هەیە

لەلایەن مەحموود یاسین کوردی 4/4/2017
 بەرپرسی مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگەی یەكێتی: پارتی هێزی لە ئێمە زیاترە
بەرپرسی مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگەی یەكێتی: پارتی هێزی لە ئێمە زیاترە

رووداو- هەولێر

تا دێت ژمارەی چەكبەدەستەكان لە كوردستان زۆرتر دەبێ‌ و لێرەو لەوێ‌ باسی دروستكردنی هێزی تازە دەكرێ‌. ئەندامێكی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ژمارەی بەشێك لەو هێزانە ئاشكرا دەكات و دەڵێت وەزارەتی پێشمەرگە 42 هەزار میلاكی هەیە، بەڵام پارتی و یەكێتی بە هەردووكیان 114 هەزار پێشمەرگەیان هەیە. 

بەپێی بەدواداچوونێكی (رووداو)، جگە لە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی یەكێتی و پارتی، دژە تیرۆری پارتی و یەكێتی. زیاتر لە 250 هەزار كەسی چەكدار لە هەرێمی كوردستان هەن كە زۆربەیان سەر بە حیزبەكانن، یان هێزی وڵاتان و حیزبی پارچەكانی دیكەی كوردستانن.

لە چەند رۆژی رابردوودا دروستكردنی هێزی نوێ‌ لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و پاسەوانی سنوور لە هەڵەبجە و سۆران، مەسەلەی پێكەوەنانی یەكەی سەربازی ناڕە‌سمیی لە هەرێمی كوردستان زیاتر كردووەتە جێی باس. ئەمەش ئاماژە بۆ ئەگەری بەهێزبوونەوەی لۆردەكانی جەنگ و جەنگسالاری دەكات كە ناسەقامگیری لە كوردستان قووڵتر دەكاتەوە.

بەڵام سەرۆكی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بەدووری دەزانێ‌ ئەو هێزانە ببنە مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان. ئاری هەرسین دەڵێت "سەرەڕای یەكنەخستنی سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام ئەو هێزانە لە ژێر كۆنترۆڵی راستەوخۆی كاك مەسعود بارزانی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانن و هیچ مەترسییەكیان نییە".

ئاری هەرسین لەبارەی ئەو هەوڵانەی لەلایەن هەندێك كەسایەتی و سەرۆك عەشیرەتەكانەوە دەدرێت بۆ ناونووسكردنی گەنجان لە ریزەكانی حەشدی شەعبی یان هێزەكانی دیكە، دەڵێت "ئەوە خۆفرۆشییە، ئەو سەرۆك عەشیرەت و كەسایەتیانەی ئەو كارە دەكەن تەنیا مەبەستیان وەرگرتنی ئیمتیاز و گوشارخستنە سەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستانە".

114 هەزار پێشمەرگەی پارتی و یەكێتی!

هەرچەندە لەدوای راگەیاندنی كابینەی یەكگرتنەوەی ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لە 2005دا بڕیاری تێكەڵكردنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان درا، بەڵام پارتی و یەكێتی تەنیا 14 لیوای هاوبەشیان دروست كرد و هێشتا ژمارەیەكی زۆری هێزی چەكدار لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە ماون.

قادر وەتمان رەزگەیی، ئەندامی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی ژمارەی ئەو هێزانەی كە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە ماون، گوتی "بەپێی ئەو ئامارەی بە ئێمە دراوە، وەزارەتی پێشمەرگە 42 هەزار میلاكی هەیە. هەرچی یەكەی 70ی یەكێتییە زیاتر لە 56 هەزار پێشمەرگەی هەیە و یەكەی 80ی پارتیش زیاتر لە 58 هەزار پێشمەرگە دەبن".

جگە لە پێشمەرگە، هێزی دیكەش لە كوردستاندا هەن كە لەسەر پارتی و یەكێتی حیسابن. لەوانەش هێزەكانی زێرەڤانی و هێزی ئامادە. رەزگەیی ژمارەی ئەو هێزانەشی ئاشكرا كرد و گوتی "لە هەرێمی كوردستان 51 هەزار پێشمەرگەی زێرەڤانی هەن كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، لەگەڵ نزیكەی 10 هەزار پۆلیسی بەرگریی فریاكەوتن كە ئەوانیش سەر بە وەزارەتی ناوخۆن".

یەكێتی: پارتی هێزی لە ئێمە زیاترە

مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگەی یەكێتی بە (رووداو)ی گوت: "یەكخستنی هێزی پێشمەرگە لەژێر یەك چەتردا پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە، ئێمە وەكو یەكێتی 18 لیوامان هەیە و پارتیش زیاتری هەیە، لەگەڵ برادەرانی پارتی دەیان كۆبوونەوەمان كرد ئینجا 14 لیوای هاوبەشمان دروستكرد، ئەگەر كێشە سیاسییەكان چارەسەربن و یەكڕیزیی نێوماڵی خۆمان پتەو بكەین، یەكخستنی پێشمەرگە زۆر قورس نییە".

حسك 3000 پێشمەرگەی هەیە

جگە لە پارتی و یەكێتی، سەرجەم حیزبەكانی بەرەی كوردستانی، پێشتر مەكتەبی عەسكەرییان هەبوو، بەشێك لەو حیزبانە تێكەڵی حیزبەكانی دیكە بوون یان چالاكییان نەماوە، بەشێكیشیان بە فەرمی مەكتەبی عەسكەرییان هەڵوەشاندەوە، لەوانەش ئیسلامییەكان (بزووتنەوە و كۆمەڵ). ئێستا تەنیا حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان هێزی هەیە و بەشداری لە شەڕی داعشدا كردووە.
ماوەیەك لەمەوبەر دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە پارتی هێزێكی تایبەت بۆ حسدك لە چوارچێوەی یەكەی هەشتا دروست دەكات، بەڵام ئەو حیزبە ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە.

ئەندامێكی سەركردایەتی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە 3000 پێشمەرگەمان هەیە كە زۆربەیان كادیری حیزبی و پێشمەرگەی دێرینن، ماوەی سێ‌ ساڵە بەبێ‌ بەرامبەر شەڕ دەكەین، یەك دیناریان وەكو مووچە لە وەزارەتی پێشمەرگە وەرنەگرتووە، ئێستا دەمانەوێ‌ ئەو هێزە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە وەكو هێزی نیشتمانی رێكبخەین".

ئەندامەكەی سەركردایەتی حسدك دەڵێت جگە لەو سێ‌ هەزار پێشمەرگەیە، سریەیەك و سەدان پێشمەرگەیان لە لیوا هاوبەشەكان و یەكەكانی 70 و 80دا هەیە.

هێزەكانی پەكەكە لە باشووری كوردستان

مێژووی هاتنی پەكەكە بۆ سنووری باشووری كوردستان بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، بەڵام لەدوای راپەڕینی ئاداری 1991ەوە هێزەكانی خۆی لەو بەشەی كوردستان زیاتر كرد، بەتایبەتی لە قەندیل، ئامێدی، زاخۆ و بەمدواییەش لە شنگال.

زیاتر لە 15 ساڵە، نزیكەی 5000 گەریلای پەكەكە لە ناوچە جیاجیاكانی باشووری كوردستان، چەند هەرێمێكیان بۆ خۆیان دامەزراندووە، تەنیا لە سنووری پارێزگای دهۆك چوار هەرێمیان دامەزراندووە بە ناوی هەرێمەكانی (زاپ، ئۆرەمار و گارە لە سنووری ئامێدی، هەرێمی حەفتانین لە سنووری قەزای زاخۆ) هەروەها ناویشیان لە قەندیل ناوە "هەرێمی پاراستنی میدیا"، جگە لەوەش لە ناوچەی كەرسێ‌ لە دامێنی چیای شنگال و لەنێو سەنتەری قەزای شنگال بارەگا و بازگەیان هەیە، ئەوە جگە لەو هێزانە كە بۆ كوردی ئێزدی لە شنگال دروستیان كردووە. لە هەموو ئەو شوێنانەش سەربازگەی مەشق و راهێنانی هەیە بۆ ئەوانەی دەبنە گەریلا.

بەپێی بەدواداچوونی (رووداو)، پەكەكە شەش هێزی جۆراوجۆری لە باشووری كوردستان دروستكردووە یان پاڵپشتییان دەكات، بەتایبەتی لە شنگال. بەپێی بەدواداچوونێكی پێشووی هەفتەنامەی رووداو، لەوەتای پەكەكە پێی ناوەتە شنگالەوە، زیاتر لە 700 كوردی ئێزدی كردوونەتە شەڕڤان.

حەوت حیزبی رۆژهەڵات لە باشوور هێزیان هەیە

جگە لە هێزی پەكەكە و لقەكانی، حەوت حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستانیش هێزیان لە باشووری كوردستان هەیە، ئەوانیش هەر دوو دیموكراتەكە، هەر سێ‌ حیزبی كۆمەڵە و پارتی ئازادیی كوردستان كە ئەوەی دواییان بە زیاتر لە 100 پێشمەرگە بەشداری لە شەڕی دژی داعش دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) ژمارەی هێزەكانی سەر بە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە باشوور نزیكەی 3000 كەس دەبن.

محەممەد ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە (رووداو)ی راگەیاند: "وەكو حیزبی دیموكراتی كوردستان هێزێكی كەممان لە باشووری كوردستان بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل هەیە، زۆربەی هێز و پێشمەرگەكانی ئێمە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ناوچە سنوورییەكانن".

پێشتر باس لە هەوڵێك دەكرا بۆ نەهێشتنی چالاكییەكانی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن بەغداوە، دەنگۆی ئەوەش هەبوو كە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكن بۆ دەركردنی حیزبەكانی نەیاری ئێران.

قادری رەتیكردەوە كە هێزی حیزبەكانی رۆژهەڵات هەڕەشە بن لەسەر ناوچەكە و گوتی "ئێمەو حیزبەكانی رۆژهەڵات لە باشووری كوردستان نەبووینەتە مەترسی، بە پێچەوانەوە ئێمە پاڵپشت و پشتگیری ئەزموونی هەرێمی كوردستان بووین، لە سەروبەندی هێرشی داعشیشدا هێزەكانمان رەوانەی بەرەكانی شەڕ كرد، ئەگەر لەبەر گوشاری ئێران و دروستنەبوونی هەستیاری نەبووایە، هێزی زیاترمان دەنارد".

توركیا 18 بنكەی سەربازیی هەیە

بەبیانووی بوونی هێزەكانی پەكەكە لە باشووری كوردستان و مەترسییان لەسەر ئاسایشی توركیا، سوپای توركیا (18) بنكە و بارەگای ئاشكرا و نهێنیی سەربازی و هەواڵگری لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە. جگە لەوە هێزێكی توركیا لە نزیك باشیك جێگیركراوە كە لە 1200 سەرباز پێكدێت. 500 چەكداری دیكەش لە بامەڕنێ و 500 كۆماندۆسیش لە ناوچەی كانی ماسین.

سوورچییەكان پەشیمان كرانەوە

جگە لەو هەوڵانەی لەلایەن حەشدی شەعبی دەدرێن بۆ ناونووسكردنی گەنجانی كورد بە تایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە سلێمانی، ماوەیەكە باس لە دروستكردنی هێزێكی دیكەش دەكرێ‌ لە دەڤەری سۆران كە هێزەكە سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت.

سەردار عومەر ئاغای سوورچی كە سەرپەرشتی دروستكردنی ئەو هێزەی دەكرد، بە (رووداو)ی راگەیاند، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدای كردووە، بەڵام رەتیكردەوە كەسی یەكەمی پشت دروستكردنی ئەو هێزە لەبەغدا ئاشكرا بكات.

سەردار سوورچی گوتی "ئەو هێزە بڕیار بوو لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، تایبەت بۆ عەشیرەتی سوورچی دابمەزرێ‌، هێزەكەش لە 3000 چەكدار پێكدەهات و سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبوون، بەڵام وازمان لە بیرۆكەی دروستكردنی هێنا". سوورچی هۆكارەكەی روونكردەوە و گوتی "بۆ دروستكردنی ئەو هێزە، سەردانی بەغدام كرد، بەڵام برادەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كارەیان پێناخۆشە، ئێمەش هیچ كارێك ناكەین زیان بە هەرێمی كوردستان بگەیێنێ".

عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی و بەرپرسی لقی ئەو حیزبە لە سۆران دەڵێت ئەوان هۆشدارییان داوەتە ئەو كەسانەی بەنیازبوون لە ناوچەكە هێز دروستبكەن.

عەلی عەونی بە (رووداو)ی گوت "لەو دەڤەرەی ئێمە باسی ناونووسكردن بۆ دروستكردنی هێزێك لەلایەن سەردار عومەر ئاغای سوورچی كرا، ئێمەش ئاگادارمان كردەوە كە دروستكردنی ئەو هێزە جێگای قبوڵكردن نییە و رێگەی پێنادرێت، ئەویش گوتی كە كارێك ناكات زیان بە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت".

حەشدی كاكەیی چی لێهات؟

حەشدی شەعبی سەرقاڵی پێكهێنانی فەوجێكە لە كاكەییەكانی داقووق و تائێستا زیاتر لە 600 كاكەیی خۆیان ناونووس كردووە.

پۆڵا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی داقووق لەبارەی دروستكردنی فەوجی كاكەییەكان بە (رووداو)ی گوت "تاوەكو ئێستا هێزی كاكەیی دروستنەكراوە، بەڵام هێزێكی حەشدی نیشتمانیی سوننەكان كە سەر بە حەشدی شەعبییە، لە گوندی جدیدەی تازە خورماتوو جێگیركراون كە پێكهاتوون لە عەرەب، توركمان و كورد و تاوەكو ئێستا 200 چەكداریان لەو ناوچەیە جێگیر بوون".

هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە:

14 لیوای هاوبەشی پارتی و یەكێتی: 42 هەزار پێشمەرگە
هێزی پاراستنی ئێزدیخان (حەیدەر شەشۆ): 4000 چەكدار
لیوای جەزیرە (عەرەبەكانی رەبیعە و زوممار): 2000 چەكدار
فەرماندەیی شنگال (قاسم شەشۆ): 10 هەزار چەكدار

ئەو هێزانەی لەسەر پارتی حیسابن

یەكەی 80 لە وەزارەتی پێشمەرگە: 58 هەزار پێشمەرگە
زێرەڤانی كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە: 51 هەزار چەكدار
هێزی لەشكری "رۆژ"ی سەر بە زێرەڤانی: 8000 چەكدار
دژە تیرۆری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
هێزەكانی ئاسایش (پارتی)

ئەو هێزانەی لەسەر یەكێتی حیسابن

یەكەی 70ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە: 56 هەزار پێشمەرگە
هێزی بەرگریی فریاكەوتن: 10 هەزار چەكدار
هێزە رەشەكە، سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە.
هێزەكانی دژە تیرۆر
هێزەكانی ئاسایش (یەكێتی)

هێزەكانی سەر بە پەكەكە

یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە).
یەكینەكانی پاراستنی شنگال (یەپەشە).
یەكینەكانی ژنانی شنگال (یەژەشە).
هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە).
هێزی پاراستنی ئاسایشی ئێزیدخان.
هێزی دژەتیرۆر كە تازە دروستكراوە و لەلایەن پارتی ئازادی دیموكراسی ئێزدی (پادا) سەرپەرشتی دەكرێت.

هێزەكانی دیكە:

حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان: 3000 پێشمەرگە
هێزەكانی سوپای توركیا: 2200 سەرباز
پەكەكە: 5000 گەریلا
حسدك:  3000 پێشمەرگە


ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Bawer | 13/12/2017 06:10:35 م
Dastkkhosh sarkawtubet
عوسمان بایدەمیر بەهۆی بەکارهێنانی ناوی کوردستان سزادرا
| 9 کاژێر لەمەو بەر | (1)
rizgar | 12/12/2017 10:38:45 م
به ڕێزم هه‌ ڤال من له گه ڵتم ، قسه کانت زۆر جوانن ، به ڵا م ئه گه ر شه ڕ ڕویدا ئه وا به شێکی زۆری کورد پاڵپشتی عیڕاق ئه که ن . ئه شبێت به...
Haidari | 13/12/2017 07:59:58 ص
Dast xosh qsekant zor rasten
قوباد قەوماندی!
| دوێنێ کاژێر 08:22 | (6)
Rebwar | 13/12/2017 06:31:46 ص
dastxosh
حەشدی دوای داعش
| 21 کاژێر لەمەو بەر | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

ژمارەی تووشبووان بە وەناق لە یەمەن گەیشتە 283 کەس 7 کاژێر لەمەو بەر |

ژمارەی تووشبووان بە وەناق لە یەمەن گەیشتە 283 کەس

34 کەسیان مردوون زۆرتر
تۆماری دەنگدەران گەورەترین ئاستەنگی بەردەم هەڵبژاردنە 13 کاژێر لەمەو بەر |

تۆماری دەنگدەران گەورەترین ئاستەنگی بەردەم هەڵبژاردنە

هەڵسوڕاوێکی گۆڕان: متمانەمان بە كۆمیسیۆن نییە زۆرتر
0.453 seconds