وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

کوردستان

كۆسرەت رەسوڵ؛ پێشمەرگەیەكی دڵسووتاو

لەلایەن مەحموود یاسین کوردی 4/10/2017
فەرەیدوون عەبدولقادر:  مام جەلال بە كاك كۆسرەتی دەگوت شێرەكەی یەكێتی و هەولێر
فەرەیدوون عەبدولقادر: مام جەلال بە كاك كۆسرەتی دەگوت شێرەكەی یەكێتی و هەولێر

رووداو – هەولێر

عەبدوڵڵا رەسوڵ عەلی كە دواتر بە (كۆسرەت) ناسرا و هەمووان ناوە راستەقینەكەیان لەبیر كرد، لە 1/7/1952 لە گوندی شیواشۆكی سەر بە قەزای كۆیە لەدایك بووە. ساڵی 1968 پەیوەندی بە یەكێتی قوتابیانی كوردستانەوە كردووە. ساڵی 1974 دەبێتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و لە كۆتایی ساڵی 1975 پەیوەندی بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە دەكات و دەبێتە سەرپەرشتیاری رێكخستنی خوێندكاران. 

بە 180 هەزار دینارەوە رۆیشت

بەهۆی جموجوڵ و چالاكییەكانی، ساڵی 1977 لەلایەن رژێمی بەعسەوە زیندانی دەكرێت، یەكێك بووە لەو پێنج ئەندامەی كۆمەڵە كە سەرەڕای ئەشكەنجەیەكی زۆر، بەڵام هیچ نهێنییەكیان نەدركاند، بۆیە هەمان ساڵ ئازاد كراوە. ساڵی 1980 بووەتە لێپرسراوی ریكخراوی هەولێری كۆمەڵەی رەنجدەران، هەر لەو ساڵەدا چالاكییەكیگەورە ئەنجامدەدات، ئەویش بردنی پارەیەكی زۆری رژێمی ئەوسای عێراق بووە بۆ پێشمەرگە.

بەكر مستەفا، لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی سێی یەكێتی كە هاوڕێی نزیكی كۆسرەت رەسوڵە، باسی رووداوی پارە بردنەكەی بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی "ساڵی 1980 كاك كۆسرەت سەرپەرشتی چالاكییەكی كرد و توانی 180 هەزار دیناری ئەوكات لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەولێر بە هاوكاریی كۆمەڵێك پێشمەرگەی قارەمان بڕفێنن. دواتر پارەكەیان تەسلیمی سەركردایەتی یەكێتی كرد، ئەوكات ئەو بڕە پارەیە زۆر زۆر بوو".

جفرەی "باوكی رێناس"

كۆسرەت رەسوڵ، ساڵی 1984 بە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵە و یەكێتی هەڵبژێردراوە. لە 14/8/1984 دەبێتە پێشمەرگە، ساڵی 1988 دەكرێتە لێپرسراوی مەڵبەندی سێی یەكێتی. كۆسرەت رەسوڵ لە ساڵی 1977 هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو ئەمیرە كردووە و كچێك و شەش كوڕیان بووە. ساڵی 1985 بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەی هەلیكۆپتەر لە سماقوڵی، بە سەختی بریندار دەبێ. ساڵی دواتر لە هەمان ناوچە و هەر بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەوە دوو لە كوڕەكانی بە ناوەكانی (ئاراس و پێشڕەو) شەهید دەبن. كوڕێكی دیكەشی بە ناوی رێباز، بەر لە 15 ساڵ بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لەدەستداو ئەوەش كاریگەریی زۆری لەسەر جێهێشتووە.

هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ خاوەنی شەش كوڕ بووە، بەڵام رێناس دەبێتە كۆدی نهێنیی كۆسرەت رەسوڵ بۆ ئاگاداركردنەوەی شانە چەكدارە نهێنییەكان لە نێو شاری هەولێر لە راپەڕینەكەی بەهاری 1991دا كە ئەوكات كۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی بەرەی كوردستانی بوو بۆ پارێزگای هەولێر. 

كۆسرەت رەسوڵ، لەبارەی جفرەی "باوكی رێناس" پێشتر لە لێدوانێكدا بە (رووداو)ی گوتبوو: "بیرۆكەی ناوی (باوكی رێناس) و بەكارهێنانی وەك وشەی نهێنیی راپەڕینی هەولێر بیرۆكەی خۆم بوو، ساڵی 1991 كە ئەوكات ماڵمان لە مەهاباد بوو، رێناسی كچم تەمەنی كەمتر لە سێ‌ ساڵ بوو، زۆر پەیوەست بوو بەمنەوە، منیش زۆر زۆرم خۆشدەویست، بۆیە حەزم كرد بە دانانی ئەم ناوە خۆشەویستی خۆمی بۆ دەربڕم".

سەبارەت بە دەستپێكی راپەڕین لە هەولێر، كۆسرەت رەسوڵ دەڵێ‌: "بە شانە چەكدارەكانی برووسك و رێكخراوی هەولێرم گوت كە وشەی نهێنیمان (باوكی رێناس) دەبێ و هەركات لە دەنگی گەلی كوردستانەوە گوێتان لەم پەیامە بوو: (لە باوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی برووسك) ئێوە لە ناوەوە دەستپێبكەن و ئێمەش لە چەند لایەكەوە هێرش دەكەین بۆ ئازادكردنی شاری هەولێر".

 نەوت و كۆسرەت رەسوڵ

لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لە ساڵی 1992، كۆسرەت رەسوڵ بووە ئەندامی پەرلەمان. دواتر لە ساڵی 1993 دەكرێتە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران تاوەكو ساڵی 1996. مام جەلال لە كتێبی (دیداری تەمەن)دا كە بە یاداشتەكانی تاڵەبانی هەژمار دەكرێ، دەڵێت: "كۆسرەت رەسوڵ یەكەمجار سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی كرد بۆ پشتگیریكردنی و پێیگوت ئەگەر لەگەڵ مام جەلال پشتگیریم نەكەن، ئەو پۆستە وەرناگرم".

لە ماوەی سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵدا، جگە لەوەی هەردوو حیزبە سەرەكییەكە (پارتی و یەكێتی) دووچاری شەڕێكی سەختی نێوخۆیی بوون، بەڵام بۆ یەكەمجار توانرا بە ئەندازیار و كرێكاری كورد و پێداویستیی نێوخۆیی لە 1993 نەوت لە شیواشۆك دەربهێنرێ. دوای رووداوەكانی 31ی ئابی 1996 و دابەشبوونی كوردستان بۆ دوو ئیدارە، كۆسرەت رەسوڵ بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ئیدارەی سلێمانی) دانرا تاوەكو ساڵی 2001. دواتر دەبێتە بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

كۆسرەت رەسوڵ و چاكسازییەكانی یەكێتی

كۆسرەت رەسوڵ، لە زۆربەی ئەو پڕۆژانەی بەناوی چاكسازی و گۆڕانكارییەكانی نێو یەكێتی ئامادە دەكران، تێدا بووە، هەر لە واژۆكردنی پرۆژەیەكی هاوبەش لەگەڵ عومەری سەید عەلی و چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پێشووی یەكێتی، تاوەكو دروستكردنی ناوەندی بڕیار.
 
لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی نەوشیروان مستەفا لە پۆستی جێگری سكرتێری گشتی لە ساڵی 2006، كۆسرەت رەسوڵ زیاتر چووە پێشەوە و تاڵەبانی بە بڕیارێك كردیە جێگری خۆی، لە كۆنگرەی سێیەمیش لە ساڵی 2010 جارێكی دیكە لەسەر پێشنیازی تاڵەبانی دەكرێتە جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی. 

كۆسرەت رەسوڵ لە جووڵانەوەی سیاسیدا كەسێكی پراگماتیكە، تا دروستكردنی باڵی ناوەندی بڕیار لە ئەیلولی ساڵی رابردوو، لە هەموو هەوڵێكی چاكسازی و گۆڕانكاری لەنێو حیزبەكەیدا بووە، بەڵام تا كۆتایی لەگەڵ هەڤاڵەكانی نەچووە. ئەمەش بەلای هەندێك لە یەكێتییەكانەوە وا لێكدەدرێتەوە كە "كۆسرەت رەسوڵ هاوڕێی نیوەی رێگایە".

كەسێكی نزیكی ئەو بە (رووداو)ی گوت: "كاك كۆسرەت لە هەموو جوڵانەوەیەكی چاكسازی و گۆڕانكاری لە نێو یەكێتی دەوری هەبووە، بەڵام لە یەكەم دەقەوە بە هەموو ئەو كەسانەی راگەیاندووە هەتا پرۆژەكان لەنێو یەكێتی بن لەگەڵی دەبێ‌، بەڵام لە دەرەوەی یەكێتی پشتگیری هیچ پرۆژەیەك ناكات، پێشتریش بە كاك نەوشیروانی گوتبوو، ئەمجارەش بە بیری كاك بەرهەمی هێنایەوە".

دەستگیركردنی سەددام

دوای یەكگرتنەوەی ئیدارەی هەولێر و سلێمانی و دامەزراندنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ لە 21/6/2006 وەك جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستنیشان دەكرێ‌. لە ئاداری 2012 بۆ جاری دووەم پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانی پێ سپێردرایەوە.
بەكر مستەفا دەڵێت كە كۆسرەت رەسوڵ رۆڵی هەبووە لە دەستگیركردنی سەدام حوسێن، سەرۆكی رژێمی پێشووی عێراق و تەها یاسین رەمەزان، ئەندامی سەركردایەتیی حیزبی بەعسدا. ئەمەش بەهۆی بەهێزیی پەیوەندی ئەو لەگەڵ ژمارەیەك سەرۆك هۆزی عەرەب لە مووسڵ و تكریت.

"لە گەنجێك زیاتر ئیش دەكات"

سەرەڕای هاتنەپێشی هەردوو كوڕەكەی: دەرباز و  شاڵاو كە دووەمیان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە و ئەوی دیكەشیان وەزیری ئاوەدانكردنەوەیە لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەڵام كۆسرەت رەسوڵ هێشتا پێگەی بەهێزی خۆی لەدەست نەداوە. دەرباز كۆسرەت لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) لەبارەی تەندروستیی باوكییەوە دەڵێ‌: "باوكم هێندەی گەنجێك و بگرە زیاتریش كار دەكات هەم بۆ یەكێتی و هەمیش بۆ گەلی كورد. باوكم لە كۆنگرەی سێی یەكێتی داوای دەستلەكاركێشانەوەی كرد، بەڵام جەنابی مام جەلال قبوڵی نەكرد".

پشتی بارزانی بەرنەدا

لە مەسەلەی گشتپرسیدا كۆسرەت رەسوڵ ئەو بۆچوونەی هەندێك لە یەكێتییەكانی رەتكردەوە كە دەڵێن: "رەفیقی نیوەی رێگایە". ئەو یەكێك بوو لەو سەركردانەی لە سەرەتاوە تاوەكو كۆتایی لەگەڵ گشتپرسی بوو، ئەمەش بە پێچەوانەی هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی كە رۆژێك لەگەڵ گشتپرسی بوون و رۆژی دواتر داوای دواخستنیان دەكرد.

رۆژی 7/6/2017 لایەنە سییاسییەكانی باشووری كوردستان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و بڕیاریاندا گشتپرسی لە 25ی ئەیلول بەڕێوەبچێت، كۆسرەت رەسوڵ لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەرایەتی یەكێتی دەكرد و پشتیوان و جێبەجێكاری سەرەكی پرۆسەكە بوو، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) گوتی: "بۆ مێژوو دەڵێم: جەنابی كاك كۆسرەت لەو كۆبوونەوەیەدا بە جەنابی سەرۆك بارزانی گوت ئەگەر بە تەنیاش بمێنیتەوە من لەگەڵت دەبم". 

زۆربەی هێزە عێراقی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان بەڕێوەچوونی گشتپرسیان لە كەركووك بە ریسك و یاریكردن بە ئاگر وەسف دەكرد، بە تایبەتی ژمارەیەك سەركردە و بەرپرسی باڵای یەكێتی لە كەركووك لەگەڵ ئەنجامدانی گشتپرسی نەبوون لەو شارە بە بیانووی كەمیی دەنگ و دروستبوونی ئاژاوە لە نێوان پێكهاتەكان، بەڵام بەهۆی سووربوونی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لیژنەی باڵای ریفراندۆم و سپاردنی ئەركەكە بە كۆسرەت رسوڵ لە كەركووك، پرۆسەكە بەبێ‌ كێشە و گرفت كۆتایی هات و بەرزترین  رێژەی بەشداری و دەنگی بەڵێی تۆمار كرد. 

رۆژی 28/9/2017 بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ كۆبوونەوە. بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵ و هەوڵە بەردەوامەكانی كۆسرەت رەسوڵ لە سەرخستنی پڕۆسەی گشتپرسی بە تایبەت لە كەركووك و سوپاس و دەستخۆشی لێكرد.

بەكر مستەفا كە راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستانە بۆ كاروباری سەربازی، دەڵێ‌: "من لە نزیكەوە ئاگاداری كۆبوونەوە و دۆخی چەند شەوی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم بووم، رۆڵ و سووربوونی كاك كۆسرەت و پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ جەنابی كاك مەسعود نەبووایە زەحمەت بوو ریفراندۆم لە كەركووك بكرابایە، بەڵام كاك كۆسرەت توانی قەناعەت بە هەموو كادیر و سەركردەكانی یەكێتی بكات كە ریفراندۆم لەو شارە بكرێت باشە و هیچ كێشەو گرفت روونادات. سوپاس بۆ خوا هەر واش بوو".

بەكر مستەفا هەروەها دەڵێت: "كەركووكییەكان كاك كۆسرەتیان خۆشدەوێت، چونكە دووجار داعش ویستی ئەم شارە داگیربكات، ئەگەر هیمەتی كاك كۆسرەت نەبووایە، شكاندنی داعش ئاسان نەبوو. كاك كۆسرەت لە راپەرینی 1991 رۆڵی لە ئازادكردنی ئەو شارە هەبوو، بۆیە لەم ریفراندۆمەش هەر ئەو رۆڵی سەرەكی هەبوو".

جەنگاوەرێكی ئازا

كۆسرەت رەسوڵ بەهۆی سەركردایەتی شەڕ و هێرشەكانی پێشمەرگە بۆ سەر رژێمی پێشووی عێراق، ناوبانگی زۆری پەیدا كرد. فەرەیدوون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەو بارەیەوە بە (رووداو)ی گوت: "كاك كۆسرەت لە هەموو داستانەكاندا رۆڵی سەرەكیی هەبووە و خۆی سەلماندووە، مام جەلال زۆر ستایشی دەكرد و بە شێرەكەی یەكێتی و هەولێر وەسفی دەكرد، بە بیرم دێت لە داستانی رزگاری رۆڵی سەرەكی هەبوو كە 120 رەبیەی دوژمن و چوار  فەوج تێكشكێندران و 180 سەربازی عێراق بەدیلگیران، ساڵی 1987 لە هێرشی شارۆچكەی تەقتەق، پاشان شەڕی دێگەڵە و میشراق كە ئەمانە لە مێژووی یەكێتی داستانی گەورە و پر لە دەستكەوت بوون، كاك كۆسرەت لە داستانی سەری رەش توانی دەست بەسەر 2000 پارچە چەكدا بگرێت".

 فەرەیدوون عەبدولقادر ئاماژە بە هەڵوێستی كۆسرەت رەسوڵ دەكات لە دانانی نەخشە و پلان بۆ هێرشكردنە سەر كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك لەلایەن پێشمەرگەكانی یەكێتی بە هاوكاریی سوپای ئێران لە دژی رژێمی بەعس كە هێرشەكە لە رۆژی 10/10/1988 كرا. فەرەیدوون عەبدولقادر دەڵێت: "بۆ مێژوو كۆبوونەوەكە لە ماڵی من بەڕێوەچوو، كاك كۆسرەت پێی كارێكی خراپ بوو، لەگەڵی نەبوو، گوتی بەشداریی ناكەم".

ئێستا لە غیابی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی و دروستكردنی قەوارەیەكی سیاسیدا لەلایەن بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتییەوە، كۆسرەت رەسوڵ كەسی یەكەمی یەكێتییە و لە رووداوەكانی چەند رۆژی پێش گشتپرسیدا قسەی كۆتایی و یەكلاكەرەوەی یەكێتی هەر لای كۆسرەت رەسوڵ بوو. 

كۆسرەت رەسوڵ بۆ (رووداو): كاتێك رێبازی كوڕم بیر دەكەوێتەوە دڵم دەسووتێ‌

رووداو: ئەگەر پێشمەرگە و سیاسەتوان نەبوویتایە، چ پیشەیەكت هەڵدەبژارد؟

كۆسرەت رەسوڵ:  حەزم دەكرد پارێزەر بم، بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەكانی خەڵك بكەم.

رووداو: حەزت لە دەنگی چ گۆرانیبێژێكە؟

كۆسرەت رەسوڵ:  تەحسین تەها و حەسەن زیرەك

رووداو: خولیای چ جۆرە وەرزشێكی، هاندەری چ هەڵبژاردە و یانەیەكی؟

كۆسرەت رەسوڵ: حەزم لە تۆپی پێیە. هاندەری یانەی مانچستەر یونایتدم، ئەویش لەبەر دڵی دەرباز و شاكێو.

رووداو: خۆشترین شوێن بە لای تۆ كوێیە؟

كۆسرەت رەسوڵ: لە كوردستان دۆكان. لە جیهانیش ئیتاڵیا.

رووداو: حەزت لە چ جۆرە خواردنێكە؟

كۆسرەت رەسوڵ:  هەموو جۆرە خواردنێكی كوردەواری دەخۆم.

رووداو: جگە لە مام جەلال، حەز لە نوكتەی كێ‌ دەكەی؟

كۆسرەت رەسوڵ: نوكتەكانی كەمال شاكر.

رووداو: قسەی دڵی خۆت لای كێ‌ دەكەی؟

كۆسرەت رەسوڵ: هەندێ كات قسەی دڵی خۆم لای كەس ناكەم.

رووداو: حەز دەكەی بەناوی باوكی رێناس بانگت بكەن یان ناوێكی دیكە؟

كۆسرەت رەسوڵ: هیچ جیاوازییەكی نییە بەهەر ناوێك بانگم بكەن.

رووداو: سەختترین ئازار لە ژیانتدا بینیبێتت چییە؟

كۆسرەت رەسوڵ: ئەشكەنجە و ئازاری بەندیخانەی بەعس لە ساڵی 1977

رووداو: رێبازی كوڕت چ مانایەكی هەیە بۆ تۆ؟

كۆسرەت رەسوڵ:  كە بەبیرم دێتەوە دڵم دەسووتێ.

رووداو: چ ئامۆژگارییەك بەردەوام بە بیری منداڵەكانت دەهێنییەوە؟

كۆسرەت رەسول: خزمەتی خەڵك بكەن و بەوەفا بن بۆ كورد، خۆتان دووربگرن لە هەموو شتێك كە كاریگەریی خراپ بكاتە سەر ناوبانگتان.

کۆمێنتەکان

 
کاروان موحەممەد | 4/10/2017
سوپاس بۆ ڕووداو بۆ ئەم هەڤپەیڤین و دیدارە کە پڕە لە زانیاری. من لە ژیانمدا یەکێتی نەبوومە، هەموو عائیلەکەمان لایەنگری پارتین، من هەرزوو لە قۆناغی یەکێتیی قوتابیان وازم لە حزبایەتی و مزبایەتی هێنا بەڵام وازم لە کوردایەتی و داکۆکیکردن لە کورد نەهێنا و بەردەوامیشم بە نووسین. دەمەوێت بڵێم، من بەڕێز کاک کۆسرەتم لە بەر دوو هۆ زۆر خۆش دەوێت : یەکەم بە هۆی ئەوەی کە کوردێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر و دڵسۆزە بۆ دۆزی گەلەکەی، دووەم لە بەر ئەوەی کە پیاوێکی ئازا و قارەمانە، برینەکانی و نەخۆشیەکەشی بەڵگەی قارەمانێتیی ئەو پیاوەن. ئینجا بەم دواییەش کە دیتم زۆر بە جددی مەسەلەی ڕیفیراندۆم و مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردی وەرگرتووە و کاری لە سەر دەکات و مەسەلەی حزبایەتی و مزبایەتیی وەلاوە ناوە و لەگەڵ بارزانی بە جددی مەسەلەکەیان وەرگرتووە و کار بۆ ئەو ئامانجە دەکات کە نیو ملیۆن کوردی بۆ بوونەتە قوربانی، یەک دەریا خوێنی بۆ ڕژێندراوە، خەونێک کە تەمەنی سێ سەدە و بیست و پێنج ساڵە چونکە ئەحمەدی خانی لە ناو داستانی "مەم و زین"دا باسی کورد و دەوڵەتی کوردیی کردووە لە ساڵی ١٦٩٢! هەر بژیت و تەمەندرێژ بیت کاک کۆسرەتی کوردپەروەر و قارەمان.
نیشانەکردن : كۆسرەت رەسوڵ
49946 ژمارەی بینین

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

hogir adil | 14/12/2017 05:38:43 ص
proud of you dear hero
Karkuk | 14/12/2017 05:40:46 ص
Deliri Bawery To Peshmargay
عوسمان بایدەمیر بەهۆی بەکارهێنانی ناوی کوردستان سزادرا
| دوێنێ کاژێر 07:50 | (3)
rizgar | 12/12/2017 10:38:45 م
به ڕێزم هه‌ ڤال من له گه ڵتم ، قسه کانت زۆر جوانن ، به ڵا م ئه گه ر شه ڕ ڕویدا ئه وا به شێکی زۆری کورد پاڵپشتی عیڕاق ئه که ن . ئه شبێت به...
Haidari | 13/12/2017 07:59:58 ص
Dast xosh qsekant zor rasten
قوباد قەوماندی!
| 12/12/2017 | (6)
Rebwar | 13/12/2017 06:31:46 ص
dastxosh
حەشدی دوای داعش
| دوێنێ کاژێر 08:14 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

شاندێکی نێودەوڵەتی پێشێلکارییەکانی داعش و حەشدی شەعبی و پەکەکە تۆماردەکات 5 کاژێر لەمەو بەر |

شاندێکی نێودەوڵەتی پێشێلکارییەکانی داعش و حەشدی شەعبی و پەکەکە تۆماردەکات

شاندێکی یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی گەیشتە زۆرتر
  هەڵوێستی حکومەتی سووریا لەبارەی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان 6 کاژێر لەمەو بەر |

هەڵوێستی حکومەتی سووریا لەبارەی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان

بەشار جەعفەری وەسفی پەیامنێرێکی رووداو دەکات زۆرتر
وێنەگرتن لەنێو هەردوو حەرەمی مەککە و مەدینە قەدەخەکرا 7 کاژێر لەمەو بەر |

وێنەگرتن لەنێو هەردوو حەرەمی مەککە و مەدینە قەدەخەکرا

هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزادەدرێت زۆرتر
0.203 seconds