وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

کوردستان

ئێوارەیەک لە ماڵی مام جەلال

لەلایەن رووداو 4/10/2017
مام جەلال
مام جەلال

بڕوا بەرزنجی

مام جەلال و 17ی شوبات و ئاییندەی سووریا

چەند هەفتەیەک دوای رووداوەکانی 17ی شوبات و رۆژانی دوایی لە سلێمانی و دەوروبەری، کە هاوکات شۆڕشی وڵاتانی عەرەبی کە ناونرا"بەهاری عەرەبی"، گەیشتبووە سووریا. مام جەلال سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی، لە بەغداوە گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی لە گردی دەباشانی سلێمانی.

رۆژێک دوای گەڕانەوەی لە ئێوارەیەکی سەرەتای بەهاردا، ژمارەیەک نووسەر و رۆژنامەنووسی دەزگا و ناوەندە راگەیاندنەکانی نزیک لە یەکێتی، سەردانی مام جەلال-مان کرد، لە دەباشان، کە من وەک نوێنەری دەزگای رۆشنگەری چاودێر بەشداربووم.

لەگەڵ گەیشتنمان مام جەلال لەبەردەم دەرگای ژورەکەیدا چاوەڕێی دەکردین، کاتێک تەوقەم لەگەڵ کرد بەتەواوی هەستم بە ماندوویی و پیرێتی کرد، بەڵام لە قسەکردن و یادەوەریی و بیرتیژیدا هەر ئەو مام جەلالە بوو کە لە منداڵییەوە لە خەێاڵمدا بوو. هەندێک لەو نوسەرانەی هاتبوون پێشتر کتێبی خۆیان بۆ ناردبوو، بەشێکیانی خوێندبووەوە و، بەدەم بەخێرهێنانەوە سەرنجی خۆی دەوت. لەبەرامبەر ماڵەکەی گەنجێکی زۆر دەیانخواردەوەو گۆرانیان دەگووت، بەپێچەوانەی ئێستاوە کە قەدەخەیە ، بێجگە لە چەند پاسەوانێک کەسم نەبینی لەماڵی سەرۆک کۆمار، بەجۆرێک لە ماڵی بەرپرسێکی گەورەی کوردی نەدەچوو!

دوای "چا" خواردنەوەیەک، وتی یەکەمین دیداری ئەم جارەم لە سلێمانی لەگەڵ ئێوەدایە، من هەمیشە گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ نوسەران و رۆژنامەنووسانم پێخۆشە و بە زەروریەتی دەزانم، ئینجا فەرمووی لێکردین بۆ ژوری کۆبوونەوە، سەرەتای قسەکان، د.شێرکۆ عەبدوڵڵا قسەی کرد، وەک سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی نووسەران، کە قسەکانی دوو بەش بوون، بەشێکی لەبارەی ناڕەزایی و رەخنەی شەقام لەبارامبەر دۆخی ئەوکاتی دوای رووداوەکانی 17ی شوبات و رۆژانیی دوایی، کە تا رادەیەکی زۆر ئازایانە رەخنەی خەڵکی گەیاندە مام جەلال، بەشی دووەمی قسەکانی لەبارەی داوای یەکێتی نووسەران و نوسەرانی رێکخراوەکەیان بوو.

دوای ئەو کۆمەڵێک نووسەر و رۆژنامەنووسیتر قسەیان کرد، کە هەندێکیان داوای تایبەت و بچووک بوون، یان تەنها خۆشحاڵی دەربڕین بە بینینی مام جەلال، لەبەرئەوەی من گەنجترینیان بووم، لە دوای ئەوان نۆرەی قسەکردنم بەرکەوت، پرسیار و قسەم زۆربوو، هەوڵمدا زیاتر پرسیار بکەم، پرسیم چارەسەری ئێوە بۆ داوای خۆپیشاندەران چییە؟ چونکە ئەوەی روودەدات لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدایە و بەڕێزت بەرپرسی یەکەمیت لێی؟، وتی:"پێش هەموشتێک دەمەوێت بڵێم شەهیدەکانیان بە شەهیدی خۆمان دەزانم و چیش پێویست بێت بۆ بریندارەکان دەیکەین، هاتوومەتەوە تا لە نزیکەوە گوێم لەداوای خۆپیشاندەران بێت، ئێمە ئامادەین بەدەم زۆرینەی داواکانیانەوە بچین، بەڵام بیرتان نەچێت ئێمە بەشێکین لەم حکومەت و دەسەڵاتدارییە نەک هەمووی، بۆیە بەتەنها ناتوانین داواکان جێبەجێ بکەین، داوای خۆپیشاندەران رەوایە، ئەگەر گۆڕان و دوو حزبە ئیسلامییەکە یاریی سیاسی بە داواکانیانەوە نەکەن، دوێنێ ئێوارە پێش گەڕانەوەم نووری مالیکی هەندێ بەڵگەی بۆ ناردوم، کە ئاگاداری تەداخولی دەرەوە هەین، بۆیە نووسخەیەکم داناوە بۆ مامۆستا عەلی باپیری بنێرم". من ویستم بپرسم بۆ عەلی باپیر و مام وتی ئەوەم لێ مەپرسە.

هەر ئەوکات، هەفتەیەک دەبوو زاوایەکی ئەسەد کوژرابوو، مام جەلال نامەیەکی بۆ خوشکی بەشار نووسیبوو، پرسیم، " بەڕێز مام جەلال، هەموو ئازادی خوازێک چاوەێی کەوتنی بەشارە، چی وادەکات لەم کاتەدا نامە بۆ خوشکی بەشار بنووسیت"، وتی:" بابەتێکی باشت باسکرد، یەکەمین ئێمە دۆستایەتییەکی کۆنمان هەیە و رۆژانێکی زۆر ئێمەیان لە ماڵی خۆیاندا پاراستووە و هاوکاری شۆڕشەکەیان کردووین، منیش واناسراوم بە وەفام بۆ دۆستە کۆنەکانم بە پێکەنینەوە ، دوهەمین ئێستایش کۆمەڵێک شۆڕشگێری کوردانی باکوور لە ماڵی ئەسەد بێنە دەرەوە لە هەر کوێی دنیابن دەیانگرن و رادەستی تورکیایان دەکەنەوە، سێهەمینیش کە حەزدەکەم رای خۆمتان پێبڵێم، ئەوەیە کە بەشار ناڕوخێت. لەوانەیە تا نزیکی دیمەشقیش بکەوێتە دەستە هێزەکانیتر، تیرۆر و تەقینەوە و جەنگی زۆر رووبات، بەڵام بەشار دەمێنێتەوە و حاڵەتی سوریا وەک هیچ وڵاتێکیتر نییە و مەحاڵە رۆیشتنی بەشار".

مام جەلال، وەک ئەوەی پێشتر حەزیکردبێت یەکێک ئەو پرسیارەی لێبکات، درێژەی بە قسەکانیدا لەوبارەیەوە و بەوردی باسی ئەو هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکیانەی سووریای کرد، کە وادەکات بەشار نەڕوخێت و وتیشی ئەوە لە بەرژەوەندی کوردە کە بەشار لاوازدەبێت بەڵام ناڕووخێت، "برایانی کورد لەوێ دەتوانن سوود لەو بۆشاییە ببینن و کیانێک بۆخۆیان دروست بکەن و ئێمە لەسەر خەتین لەگەڵیان و لەوانەیە بتوانن تا فیدراڵی بەدەست بێنن".

پرسیم، ئایا بۆم هەیە سود لە وتەکانت ببینم بۆ بڵاوکردنەوە؟، وتی:"نەخێر، تکایە ئەوەی دەیڵێم تەنها بۆ خۆتانە نەک بڵاوکردنەوە".

ئێستا لەم وتارەدا، وا هەندێک لە قسەکانی ئەو ئێوارە، کە لە یادمدا ماون، دەیگێڕمەوە، چونکە لە ئێستادا مام جەلال لە پۆستی سەرۆک کۆماریدا نییە و تا رادەیەکی زۆر لە دنیایی سیاسی و بەرپرسیارێتی دوورکەوتووەتەوە.

مام جەلال لە نێو شەمەندەفەری میزۆپۆتامیادا



ساڵی پار، کتێبی "شەمەندەفەری میزۆپۆتامیا" کە یادەوەری نووسەر و رۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورکیا" جەنگیز چاندار"ە،  لە سلێمانی و بە ئامادەبوونی خۆی بڵاوکرایەوە.

چاندار، کتێبەکەی پێشکەشی مام جەلال کردووەو وەک لە کتێبەکەیدا باسی دەکات لە 1964 وە یەک دەناسن و بوون بە هاوڕێ.

یادەوەرییەکانی چاندار، پڕ زانیارین و بەشێکن لە مێژووی خەباتی سیاسی کورد، کە بە دیدێکی مێژوویی و بە زمانێکی رۆژنامەنووسانە نووسراوە.

ئەوەی لێرەدا بۆ من گرنگە، چاندار باسی بینینی مام جەلال و گفتوگۆکردن لەبارەی ئایندەی سووریاوە دەکات لە هەمان ئەو رۆژانەی کە لە بەغداوە گەڕایەوە بۆ سلێمانی، کە دواتر مام جەلال چووە هەولێر.

ئەو رۆژنامەنووسە تورکە، کە هەمیشە دەوری گرنگی هەبووە لە کۆشکی چان کایە، بۆ راوێژکردن لەبارەی چارەسەری پرسی کوردەوە، دەڵێت، ئەوکاتەی "بەهاری عەرەبی" گەیشتبووە سووریا و چاوەڕیی کەوتنی بەشاربووین، رۆژێک لە هەولێر میوانی نێچیرڤان بارزانی بوم، خۆم ئامادەکردبوو بچم بەرە و فڕۆکەخانە و بگەڕێمەوە بۆ تورکیا، نیچیرڤان بارزانی وتی، مام جەلال و کاک مەسعود کەمێکیتر کۆبوونەوەیان هەیە و منیش دەچم بۆ ئەوێ، بۆ نایەیت ئەوانیش ببینیت و ئەوکات بڕۆیت، منیش بەخۆشحاڵییەوە چوم.

بەگوتەی جەنگیز، لەگەڵ چا خواردنەوەیەک مام جەلال پرسیویەتی هەواڵی لای ئێوە چییە؟ چۆن دەڕواننە دۆخی سوریا؟.

چاندار دەڵێت: وتم ئێمە لە تورکیا، سەرۆکایەتی و حکومەت و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و نوخبەی رۆشنبیر و میدیاکارانیش چاوەڕێی رووخانی بەشارین و ئەوە شتێکی حەتمییە کە دەڕوخێت و لە بەرژەوەندی تورکیا کۆتایی دێت.

ئەو دەڵێت، کاک مەسعود تەواو هاوڕام بوو هه‌مان قسه‌ی منی هه‌بوو، بەڵام مام جەلال توڕەبوو، وتی ئەوەی تۆ دەیڵێیت هەمووتان بە هەڵەیا چوون، سووریا ناڕووخێت، ئێوە بە چاوی میسر و لیبیا و تونس سووریایش دەبین، دەکەونە هەڵەوە.

چاندار دەڵێت، لە دڵی خۆمدا وتم، من و مام جەلال هاوڕێین، قەیچێکا با ئەو وابیربکاتەوە، دواتر بیکردنەوە هەڵەکەی خۆی دەبینێت.

بەڵام ئەو کاتەی من لە هۆڵەکە دانیشتبووم و هێشتا کتێبەکەم نەخوێندبووەوه‌و چاندار خۆی ئەم قسانەی دەگێڕایەوە، بیرم لە دانیشتنی ئەو ئێوارەیش بوو، کە لەبارەی سووریاوە زۆر بە وردی هەمان قسەی بۆ ئێمەیش کرد، تاڵەبانی بابەتی ئایندەی سوریایی زۆر لاگرنگ بوو، رای وابوو، ئاییندەی سووریا راستەوخۆ پەیوەندی بە کێشەی کوردیشەوە هەیە، ئەو نەیدەشاردەوە کە تا بەشار لاوازبێت قازانجی کوردە بەڵام نەکەوێت، چونکە دەیزانی ئۆپۆزیسیۆنی سووری کێن!

نەخشەڕێگای ئازادکردنی ئۆجەلان



مام جەلال دوای پرسیار و قسەی ئامادەبووان بێجگە لە وەڵامدانەوە، شیکردنەوەیەکی بۆ دۆخی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی کورد لەو گۆڕانکارییانەدا کرد، یەکێک لەو پرسانەی جێی بایەخ بوو بۆ من، باسی نەخشەڕێگایەک بوو بۆ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە هەر لەو دانیشتنەدا کەسایەتی سیاسی نزیک لە پەکەکە و دۆستی تاڵەبانی، محەمەد ئەمین پێنجوێنی هاتبوو، سەرۆک کۆمار روو لە پێنجوێنی وتی پێکەوە سەرقاڵی ئامادەکاری نەخشەڕێگەیەکین بۆ چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان، کە کاریگەری گەورەی لەسەر رۆژئاوای کوردستانیش دەبێت، بۆ ئەوەیش هەوڵی ئازادکردنی ئۆجەلان دەدەین بە سێ قۆناخ، قۆناخی یەکەم ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە بهێنرێتە ئیستەنبوڵ و دەستبەسەر بێت، قۆناخی دووەم ئازادبێت لە ئۆفیسێکدا کاری سیاسی و کۆبونەوە و بینینی ڕۆژانە بکات بێ دەرچون لەو ئۆفیسە، قۆناخی سێهەم کە قۆناخی ئاشتی تەواوەتیە، ئۆجەلان ئازادبکرێت.

ئاماژەی بەوەیشکرد، بۆ ئەو مەبەستە لە هەوڵی دروستکردنی کۆمیتەیەکی ئاشتەوایدان، کە مام جەلال و سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا و ئەگەر پێویستیکرد رووسیاو چینیش بەشداربن تێیدا، وتیشی قسەم لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکاندا کردووە و ئامادەباشی پیشانداوە.

تاڵەبانی بیرێکی زیرەک و خەیاڵی گەورەی سیاسی هەبوو، سیاسییەک خەون و خەیاڵەکانی لە هاوسیاسییەکانی گەورەتربوو، کە ئێستا یەکێتی بەدەردی بێ ئامانجی و بێ خەونی سیاسییەوە دەناڵێنێت، کە خەونەکان لە دێگەڵە دەرناچن و لە هەنێ پۆست و بیرەنەوتەکاندا ژەنگی کردووە، بەڵام ئەوەی تاڵەبانی باش بیری لێنەدەکردەوە، کات بوو، ئەو کە قسەیدەکرد، بیری لای گۆچانەکەی دەستی نەبوو، کە ئەوە گۆچانەکەی سەردەمی شاخ و شۆڕش نییە، کە ترسێکی گەورەبوو بۆ بەرپرسانی حیزبەکەی، بەڵکو ئێستا گۆچانی پیری و کۆتایی ڕێیە.!

ئەو ساتە بیری وتارێکی خۆمم کەوتەوە، کە ساڵی 2009 لە رۆژنامەی چاودێر بڵاومکردەوە بە ناوی "تاڵەبانی و مێژوو"، کە خۆکاندیدنەکردنەوەی مام جەلال_م بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بە زەرورییەت زانیبوو، تا ببێتە نموونەیەکی دیموکراسی بۆ مێژووی نوێی عێراق و کوردستان، هەروەک یادداشتەکانی بنوسێت، کە بەشێکی گەورەیە لە مێژووی عیراق و کوردستان، کە زیاتر لە نیو سەدە ئامادەبوونێکی دیار و گەورەی هەیە لەنێو ئەو مێژووەدا.

گفتوگۆیەکی نەکراو، نانێکی نەخوراو



لە کۆتایی ئەو بینینەدا، ویستم داوای گفتوگۆیەکی تایبەت لە تاڵەبانی بکەم، لەبارەی مەرگ و بیرکردنەوەی سەرۆکێک لەو بابەتە فیکریی و بێ وەڵامە، کە دوای کتێبی "مردن بەڕێوە" کە گفتوگۆم لەگەڵ دەستەبژێرێک لە ئەدیبان کردبوو لەوبارەیەوە، دەمویست لەگەڵ دەستەبژێرێکی سیاسیش گفتوگۆ بکەم، بەڵام بەهۆی وێنەگرتنی زۆر و هەنێ داوا و قسەیتری ئامادەبووانەوە نەمتوانی ئەو بەڵێنە لە مام جەلال وەربگرم.

بەڵام ئومێدێکیترم هەبوو کە ئەو گفتوگۆیە بڕەخسێنم، ئەویش تاڵەبانی داوای لێبوردنی کرد، له‌وه‌ی بۆ نانی ئێواره‌ میوانداری میوانه‌کانی ناکات، کە بەهۆی ڕێگری دکتۆرەکانی و هێرۆخانەوە، ناتوانێت ئێواران نان بخوات و ئەگەر میوانیشی هەبێت ناتوانێت نانی باشیان لەگەڵ نەخوات، بەڵام پەیمانیدا لە گەڕانەوەی داهاتویدا میوانییەکی تایبەت بۆ رۆژنامەنوسان و نوسەران رێکبخات. 

لەقسەکەی خۆیەوە قسەیەکی رۆماننوسی کۆچکردوو محەمەد موکری_م بیرکەوتەوە، کە جارێک گێڕایەوە، لە شاخ بارەگای نووسەران نزیک بووە لە مام جەلالەوە، ئەویش زوو زوو "دەعوەت"ی کردون، وتویەتی حەزدەکەم گفتوگۆ بکەین، بەڵام دواتر هێرۆخان پێیان ده‌ڵێت، ئەوەی لەبەر خۆیەتی و دەیەوێت بەهۆی میوانداری ئەوانەوە نانی چەور و بە دڵی خۆی بیخوات. بەڵام ئەوە دوا بینین بوو، تەندروستی مام جەلال کۆتایی بە گفتوگۆکە و "دەعوەتەکەیش هێنا.!


 

نیشانەکردن : مام جەلال ,
22893 ژمارەی بینین
بابەتە پەیوەندیدارەکان
تورکیا لە دوای عەفرین

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Maher husssein | 23/04/2018 12:24:10 م
هەرێ بە پاشەکەوتە یان بە بێ پاشەکەوت
خشتەیەکی نوێی مووچە راگەیێندرا
| دوێنێ کاژێر 02:32 | (1)
Rebwar | 23/04/2018 11:39:08 ص
Dastxosh
ره شید | 23/04/2018 12:11:39 م
ده سخوش "کاک ریبوار" خوشه ویستی و سوزداری به شی زوری خه لکی به شه ره فی کوردستان بو پارتی ریشه یی و چه سپاوو نه هادینه یه ؛ پارتی ئه زانی چی ده وی و...
پارتی بۆ وا بێمنەتە؟
| دوێنێ کاژێر 08:13 | (2)
ناظم بابان | 23/04/2018 10:04:11 ص
هيوادارم ليستى 162ى يه كيتيى 80 كورسى بهينيت*****
 سەنتەرێکی ئەمریكی: 70%ی خەڵکی کوردستان دەنگ بە حیزبە کۆنەکان دەدەنەوە
| دوێنێ کاژێر 08:24 | (1)
Azad Azad | 23/04/2018 08:18:36 ص
والله‌ به‌رێزان ئه‌مه‌ راستی و دروستی كۆمه‌ڵگای مه‌حروم كراوی گه‌نجی فه‌قیره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوراست به‌ په‌رده‌پۆش كردنی ئافره‌ت و نه‌زه‌ر حه‌رامه‌...
نرخی ماچكردنی پۆستەری ژنەكە بووە 100 ملیۆن دینار
| دوێنێ کاژێر 09:44 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

ترەمپ: رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران کارەساتە 5 کاژێر لەمەو بەر |

ترەمپ: رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران کارەساتە

ماکرۆن: رێککەوتننامەکە بۆ ئاسایشی ناوچەکە گرنگە زۆرتر
شاندێکی ئەمریکا: پشتگیریی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکەین 5 کاژێر لەمەو بەر |

شاندێکی ئەمریکا: پشتگیریی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکەین

جەخت لە هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان زۆرتر
0.734 seconds