وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

كونسوڵی ئەمریكا: كوردستانێكی بەهێزمان لەنێو عێراقێكی فیدراڵدا دەوێت

لەلایەن ئەیوب نووری 4/12/2017
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ كین گرۆس، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر

رووداو- هەولێر

كین گرۆس، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (تۆڕی میدیایی رووداو) باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات و سەرسوڕمانی خۆی نیشان دەدات كە گەلی كوردستان هەست بە فەرامۆشكردنیان دەكەن لەلایەن ئەمریكاوە، بە تایبەتی دوای رووداوەكانی كەركووك. كین گرۆس دەڵێت: "سیاسەتی پشتگوێخستنی كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئارادا نییە". گرۆس پێیوایە ئەوكاتە دەتوانێ‌ بڵێت پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق ئاسایی بوونەتەوە كە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بكرێنەوە. ئەم هەڤپەیڤینە ئەمشەو دووشەممە كاژێر 21:00 بە كاتی هەولێر لە تەلەڤزیۆنی رووداوەوە پەخش دەكرێ‌.

رووداو: سەرەتا با بەوە دەستپێبكەم كە ئاگادارم لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا لێرە لە هەولێر چاوتان بەسەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كەوت. دەتوانی پێمان بڵێی باسی چیتان كرد؟

كێن گرۆس: راستە لەگەڵ سەرۆكوەزیران كۆبووینەوە، باڵیۆزی ئەمریكاش هاتبوو، دیدارێكی زۆرباشمان لەگەڵی هەبوو، باسی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەمریكامان كرد، هەروەها پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا، زۆر باش بوو، بە تێروتەسەلی باسی هەموو ئەو شتانەمان كرد كە ئێستا روودەدەن، هەروەها باسی كۆمەڵێك رێگەمان كرد كە چۆن بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین.

رووداو: لە سێ ساڵی رابردوودا شەڕی دژی تیرۆر بابەتێكی زۆر گرنگ بووە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی لەعێراق. ئەمریكاش لەبەرەی پێشەوەی ئەم جەنگەدا بووە لەدژی تیرۆر و گرووپی داعش. هەموو لایەنێكیش ئێستا باسی شكستی داعش دەكەن، لانیكەم لەڕووی سەربازییەوە، بەڵام تا چەند هەڕەشەی تیرۆر لەسەر كوردستان و عێراق ماوە؟

كێن گرۆس: بەشێوەیەكی سەرەكی داعش لەڕووی سەربازییەوە لێرە، لە عێراق، شكستی هێناوە، بەڵام هێشتا پاشماوەیان لە هەموو عێراق و لە هەموو سووریا و زۆر ناچەی دیكە ماوە، چونكە زنجیرەیەك هێرشی تیرۆریستیمان بینیوە، تێبینی ئەوەشمان كردووە كە دەشێت شانەی نوستووی داعش مابێت و دەشێت خۆیان رێكبخەنەوە، بۆیەش تاوەكو ئێستا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بە هاوبەشی كاردەكەین بۆ ئەوەی هاوشان لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆر شەڕ بكەین، چاویشمان لەوەیە بەردەوامی بە هەوڵەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بدەین و لەگەڵ پیشمەرگە كاربكەین و مەشق و پێداویستیی سەربازییان پێشكەش بكەین. 

  دەمانەوێت لەگەڵ پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بین 

رووداو: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چۆن پێگەی پێشمەرگە هەڵدەسەنگێنێ، چونكە هەموو دەزانین كە هێزەكانی پێشمەرگە بەشێكی سەرەكی بوون لەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی كە ساڵی 2014 دروستبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. ئێستا كە داعش لەناودەچێ، پێشمەرگە پێگەی ئێستای چۆنە و لێرە بەدواوە چۆنی دەبینی؟

كێن گرۆس: هەرچەندە لەڕووی سەربازییەوە شكستمان بە داعش هێناوە، بەڵام وەكوو گوتم تاوەكو ئێستاش نیگەرانی هەڕەشەكانی تیرۆریزمین، ئەمەش خاڵێكی گرنگە، نەك هەر لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەڵكو لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو جیهاندا. بۆیەش دەمانەوێت لەگەڵ پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بین، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە داعش جارێكی دیكە دەرناكەوێتەوە، بۆیەش پەیوەندی زۆر نزیكمان لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە بەغدا و هەولێر و شوێنەكانی دیكە هەیە، تاوەكو رێگە لەوە بگرین.
 بۆ شەڕی تیرۆر پەیوەندی زۆر نزیكمان لەگەڵ پێشمەرگەدا هەیە 

رووداو: دەتوانین بڵێین ئەو هاوكارییە داراییەی كە كۆنگرێسی ئەمریكا بڕیاری دا بدرێت بەپێشمەرگە، دەكەوێتە چوارچێوەی ئەو پلانەوە بۆ هێشتنەوە و پشتگیریكردنی پێشمەرگە وەك هاوپەیمانێك لە شەڕی دژی تیرۆر. دەزانم ئەمە یەكەمجار نییە هاوكاری دارایی پێشمەرگە دەكەن، بەڵام ئایا ئەوەندەی ئاگادار بی ئەم هاوكارییە داراییە بەردەوام دەبێ لە ئایندەدا؟

كێن گرۆس: ئەمە خاڵێكە كە ئێستا كۆنگرێسی ئەمریكا تاوتوێی دەكات و لە پاڵ زۆر خاڵی دیكەدا بڕیاری لەسەر دەدات، بەڵام پێموایە خەڵكانێكی زۆر بڕوایان وایە كە پێشمەرگە هاوبەشێكی گرنگ بووە نەك بۆ ئەمریكا بەڵكو بۆ حكومەتی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی. بۆیەش دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی پێشمەرگە هەر ئاوها هاوبەشێكی باشمان بن لەو شەڕەی لە دژی تیرۆریزم دەیكەین. 
 پێم سەیرە كورد هەست بكەن ئەمریكا پەراوێزی خستوون

رووداو: لە جەنگ و رووبەڕووبونەی تیرۆردا بەبۆچوونی من هیچ ناكۆكییەك نەبووە لەنێوان لایەنەكاندا. ئەمریكا و هەولێر و عێراق، هەموو لەسەر ئەوە كۆك بوون كە دەبێ شەڕی تیرۆر بكرێ، بەڵام لەرووی سیاسییەوە یەك دنیا ناكۆكی لەنێوان ئەم لایەنانەدا هەیە. لەیەك مانگی رابردوودا بەتایبەت پەیوەندییەكان لەنێوان هەولێرو حكومەتی ناوەند بەتەواوی تێكچوون. هەردوولاش بەردەوام دەڵێن پێویستە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن. سەركردەكانی كورد دەڵێن ئەوان هەمیشە ئامادەن بۆ گفتوگۆ، بەڵام ئێوە هەوڵتان داوە بۆ رازیكردنی سەركردەكانی عێراق بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ؟

كێن گرۆس: وەكوو خۆشت گوتت ئێمە لە نزیكەوە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە هەولێر و حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە بەغدا كاردەكەین، ئێمە پشتگیری لە دیالۆگێكی بنیاتنەر دەكەین، هەوڵەكانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز لە ناو عێراقێكی ئازاد و پێشكەوتوو و دیموكراتدا دەبێت، بۆیەش گفتوگۆكانمان لە هەولێر و لە بەغدا بەردەوامن، تاوەكو بزانین ئایا كۆمەڵێك كێشە هەن كە تێیدا ئێمە بتوانین هاوبەشەكانمان لە یەك نزیك بكەینەوە و دوو لایەنەكە بتوانن دیالۆگی بنیاتنەریان هەبێت و هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن. 
ژمارەی هێزەكانمان لە عێراق زیاد ناكەین

رووداو: لای خەڵكی ئێرە، بەتایبەت مانگی رابردوو، هەستێك دروست بوو كە كورد فەرامۆش كراوە، هەر بۆیە ئێستا لەهەركاتێكی دیكە زیاتر هەم بەرپرسانی هەرێم و هەم خەڵكی ئاساییش پێویستیان بەوەیە بزانن كە هاوڕێ و هاوپەیمانانی كورد هەر لەگەڵیان ماون. تۆ پێتوایە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لێرە دەبێ و لەئێستا و قۆناغی داهاتوودا لەگەڵ كورد هەنگاو دەنێ؟

كێن گرۆس: نایشارمەوە خۆم پێم سەیر بوو كە بۆچی لەدوای رووداوەكانی مانگی رابردوو ئەو هەستی پشتگوێخرانە هێندە خێرا دروستبوو. سیاسەتی پشتگوێ خستنی كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئارادا نییە. وەكوو پێشتریش گوتم بڕوامان بە حكومەتی هەرێمی كوردستانێكی زۆر بەهێز لە ناو عێراقدا هەیە. هیچكات نیازی ئەوەمان نەبووە و بێگومان ئەوە سیاسەتەشمان نەبووە كە هەرێمی كوردستان پشتگوێ بخەین. كار دەكەین بۆ ئەوەی پەیوەندی بەهێزمان لەگەڵ حكومەتی كوردستاندا هەبێت. ئەو پەیوەندییانەش كە لەڕابردوودا هەمانبووە بەردەوام دەبن و هیوادارین لە داهاتوودا پەرەیان پێبدەین. بۆ نموونە پلانی دروستكردنی كۆنسوڵخانەیەكی نوێمان لێرە هەیە، كە وجودی ئێمە لێرە جێگیرتر دەكات و پیشانیشی دەدات كە ئێمە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ پابەند دەبین بە دۆستە كوردەكانمانەوە.
  دەبێ كێشەی فڕۆكەخانەكان بۆ وەبەرهێنەرەكانمان چارەسەر بكەین

رووداو: لە بەرپرسانی ئەمریكا و حكومەتی ئەمریكاوە بیستوومانە كە پشتگیری حكومەتەكەی نێچیرڤان بارازانی و جێگرەكەی قوباد تاڵەبانی دەكەن. ئایا ئەمەش هەر بەشێكە لەو سیاسەتەی ئەمریكا كەدەڵی هەرێمێكی كوردستانی بەهێزیان دەوێ لەناو عێراقێكی بەهێزدا؟ ئایا بۆ ئەمریكا گرنگە كە هەرێمی كوردستان لەسەرپێی خۆی بوەستێ؟

كێن گرۆس: بەڵێ باش و جێی متمانەن، وەكوو گوتم ئێمە بۆ ساڵانێكی دوور و درێژ هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی و حكومەتەكەی بووین، دەشمانەوێت ئەمە بەردەوام بێت. بۆیەش دەڵێم بەڵێ دەمانەوێت لە نزیكەوە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بكەین، باسی تیرۆریزمان و زۆر شتی دیكەمان كرد كە دەتوانین پێكەوە كاریان لەسەر بكەین، بۆیەش دەمانەوێت لەگەڵ ئەم حكومەتەی ئێستادا كاربكەین.

رووداو: لەدوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی مانگی ئەیلول، حكومەتی ناوەندی عێراق كۆمەڵێ هەنگاوی گرتەبەر و ژمارەیەك سزای بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپاند، یەكێك لەوانەش داخستنی دوو فڕۆكەخانەكەی هەرێمی كوردستان بوو كە زۆر بەخراپی كاری لێرە كردووە، بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێ بۆ بینینی كەسوكار گەشت بكەن، یان بڕۆنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەری پزیشكی یان رۆژنامەنووسان و كارمەندانی رێكخراوە خێرخوازییەكان. پێموایە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەڕێز تیلەرسن خۆیشی گوتی كە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بابەتەی باسكردووە. كەواتە ئەمریكا هەوڵیداوە بۆ رازی كردنی عێراق بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكان؟
 زۆر كەس بەرژەوەندییان لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە

كێن گرۆس: لەگەڵ هەردوو حكومەتەكە قسەمان كردووە، مەبەستم حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدایە، باسی گرنگی بەرەوپێشچوونمان كردووە، بۆیەش زۆر كێشە هەن كە جێی ناكۆكین، حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق هێشتا لەگەڵ حكومەتی عێراق یەكلا نەبوونەتەوە. بۆیەش لەگەڵ هەردوو حكومەتەكە قسەمان كردووە و باسی پێویستی لێكنزیكبوونەوە و باسكردنی ئەو كێشانەمان كردووە، هەروەها ئەوەی كە چۆن پردێك دروست بكەین بۆ ئەوەی ئەو ناكۆكییانە چارەسەر بن. ئاشكرایە كە داخستنی فڕۆكەخانەكان كاریگەرییەكی ناخۆشی لەسەر ئەو خەڵكە هەبووە كە لێرە دەژین كە هەندێكیان بۆ ساڵانێك لێرە ژیاون، وەكوو خۆیشت ئاماژەت بۆ كرد بۆ ئەوانەی لە بواری هاریكاریدا كار دەكەن و پێویستیان بە هاتوچۆیە و دەبێت لێرە دەربچن و دواتر بۆ گەڕانەوە تووشی گرفت دەبن. ئێمە دەمانەوێت ئەم كێشانە چارەسەر بن، بۆیەش هانی هەردوو لایەن دەدەین دەست بە گفتوگۆی بنیاتنەر بكەن.

رووداو: ئەی وەڵامی سەركردەكانی عێراق و كورد چییە بۆ ئەو بیرۆكەیەی كە دەبێ بیر لەهەنگاوی دواتر بكەنەوە. گرنگە سەیری داهاتووی بكەی و رابردوو لەبیركەی ئەگینا هەتا ئاوڕ بۆ رابردوو بدەیتەوە و یەكتر تۆمەتبار بكەی شتەكان تەنیا ئاڵۆزتر دەبن. ئایا ئامادەن بۆ ئەو پێشنیازە یان خەریكی گەمەی سەرزەنشتكردنی یەكتر دەكەن؟

كێن گرۆس: نایشارمەوە هەردوو لایەن هەڵەیان هەبووە، بەڵام وەكوو خۆیشت گوتت خاڵی سەرەكی ئەوەیە چاومان لە داهاتوو بێت، واتە پێویستە چی بكرێت، دەزانین گشتپرسییەكە كرا و دەشزانین ئەنجامەكەی چی بوو، دەشزانین پاش گشتپرسیی چی روویدا، بەڵام ئێستا ئەوەی  دەبێ بیكەین ئەوەیە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێین، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە كوردستانێكی بەهێز لەناو عێراقدا هەیە. ئەمەش ناكرێت تاوەكو دۆخێكی ئاسایی نەیەتە ئاراوە، دۆخی ئاساییش واتە ئەوەی كە فڕۆكەخانەكان بكرێنەوە، پەیوەندی ئاسایی هەبێت لەنێوان حكومەتی هەرێم  و حكومەتی ناوەندیدا. بەڕای من ئەمە بۆ ئێمە و بۆ هەردوو حكومەتەكە گرنگە كە پەی بەوە بەرن كە ریزبەندێك بۆ كێشەكان هەیە، چونكە ژمارەیەك كێشە هەن كە دوو حكومەتەكە یان لایەنەكان لەسەری ناكۆكن، بۆیەش دەبێ لەسەر چۆنێتی چارەسەرەكە بڕیار بدەن، كێن ئەوانەی قسە لەسەر كێشەكان دەكەن، ئامانجەكان چین. بۆیەش مەسەلەكە ئاوها سادە نییە كە من و تۆ لەسەر شتێك ناكۆك بین و بمانەوێت چارەسەری بكەین، بەڵكو زۆر لایەن بەرژەوەندییان لەمەدا هەیە، زۆر بابەتی تایبەت هەن كە دەیانەوێت باسیان بكەن، لەوانەش بابەتی پەیوەندیدار بە بودجە و گومرك و كۆچبەران و ڤیزا. بۆیەش مەسەلەكە تاوەكو رادەیەك لەوە ئاڵۆزترە كە بڵێین با فڕۆكەخانەكان بكرێنەوە، وابزانم هەموو حەز دەكەین ئەمە لە داهاتوویەكی نزیكدا رووبدات و هەردوو حكومەت كۆببنەوە و لەسەر ئەو پرسە قسە بكەن.

رووداو: باسی گرنگیی ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكەت كرد، هەر بۆیە با بێینە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان. لێرە پەرلەمان بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ هەڵپەسێردرابوو كە كاری كردبووە سەر پرۆسەی سیاسی، بەڵام ئێستا تا رادەیەك دەستی بەكارەكانی كردووەتەوە. تۆ كردنەوەی پەرلەمان چۆن دەبینی لەم خاڵە بەدواوە، بەتایبەت بۆ ئەنجامدانی ئەو بەرنامەی ریفۆرمەی كە سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو یان بۆ خولقاندنی كەشێكی دیموكراسی لێرە بەدواوە؟

كێن گرۆس: وابزانم ئەوەی وادەكات ئێوە هێندە پێویستتان بە پەرلەمان بێت، ئەوەیە كەشێكی دیموكراتیكتان هەبێت و لەسەر ئەرزی واقیع خاوەنی دیموكراسی بن. پێویستە نێردە و نوێنەری هەڵبژێردراوی خۆتان لەوێ هەبێ‌، وەكوو دەشزانیت لە چەند مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنێك بەڕێوەیە. لە پەرلەمان نوێنەری خەڵك هەن كە یاساكان دەردەكەن و هەوڵی بەرەوپێشبردنی ژمارەیەك پرۆگرام دەدەن، ئاشكرایە كە ئەو كاتەی پەرلەمان هەڵپەسێردرابوو یان دانیشتنەكان بەڕێوە نەدەچوون، هیچ یاسایەكیش دەرنەدەكرا و بە هۆی وەستانی كاری پەرلەمان، زۆر پرۆگرام هەبوون كە وەستابوون. چاومان لەوەیە لێرە دیموكراسییەكی پەرلەمانی ببینین و پەرلەمان بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و ئەو یاسایانە پەسند بكات كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانن.

رووداو: یەكێك لەو هۆكارانەی كە بارودۆخەكەی ئاڵۆز و خراپ كرد لێرە لە هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی ناوەند تێكدا، ئەو رووداوانە بوو كە مانگی رابردوو  لە كەركووك و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان روویدا. لەگەڵ پێشڕەوی سووپای عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ ئەو ناوچانە، ئەمریكا زۆر زوو راگەیاندنێكی بڵاوكردەوە كە دڵنیایی دا بەخەڵك لێرە. خۆم بەیاننامەكەم خوێندەوە كە دەیگوت بوونی سوپای عێراق لەو ناوچانە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێ كە ئەم ناوچانە لەدەستووردا پێیاندەگوترێ ناوچەی ناكۆكی لەسەر، دەبێ بە هاوبەشی ئیدارە بكرێن. لەم رووەوە پێگەی ئەمریكا حاڵی حازر چییە؟

كێن گرۆس: ئێمە بڕوایەكی بەهێزمان بەمە هەیە، ئەمانە بۆ ساڵانێكی زۆر ناوچەی ناكۆكی لەسەر بوون، بۆیەش ئەوەی كە كێ ئەو ناوچەیەی لەڕووی فیزیكییەوە كۆنتڕۆڵ كردووە هیچكات بەو مانایە نییە كە ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی ئەو لایەنە دایە. ئەمەش ئەو شتەیە كە لە راگەیەندراوەكەدا جەختی لێكراوەتەوە، واتە ئەو ناوچانە ناوچەی كێشە لەسەرن و ئێستاش پێویستە كار لەسەر رێككەوتنێك لە نێوان بەغدا و هەولێر بكرێت، كە چی لەو ناوچانە بكرێت، كێ دەسەڵاتی یاسایی بەسەر ناوچەكانەوە دەبێت و كێ ئیدارەی ناوچەكان دەكات، بەڵام ئێمە پشتگیری لە ئیدارەی هاوبەشی ناوچەكان دەكەین، پێمانوایە ئەمە پرسێكە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دەتوانن و پێویستیشە لە نزیكەوە كاری لەسەر بكەن بۆ ئەوەی چارەسەری بكەن.   

 

  كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا لەوە ئاڵۆزترە بڵێین با فڕۆكەخانەكان بكرێنەوە
رووداو: لەكاتی كاركردنی خۆمدا لەو ناوچانە بینیومە كە هەموو هێزەكان و خەڵكی ئاساییش پێیان باشترە هێزی بێلایەن پارێزگاریی لەو ناوچانە بكەن. لەمبارەیەوە ئەمریكا چی دەكات؟ ئایا هێزی زیاتر دەنێرێن بۆ ئەو ناوچانە كە لێرەو لەوێ دەیبیستین؟

كێن گرۆس: بڕوا ناكەم بەنیاز بین ژمارەی هێزەكانمان لە عێراق زیاد بكەین، بەڵام ئێمە پشتگیری لە هەموو ئەو هەنگاوانە دەكەین كە بۆ ئاسایشی ئەوێ بن،  لەوانەش ئاسایشی كەركووك بۆ ئەوەی خەڵكی كەركوك بتوانن بگەڕێنەوە. بۆیەش جۆرێك لە میكانیزم هەیە كە دەشێت بە دانوستاندن لە نێوان بەغدا و هەولێر دایبنێین، ئێمە وەكوو ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دیكە دەتوانن یارمەتیدەر بین. بێگومان ئەمە ئەو شتەیە كە ئێمە پشتگیری لێدەكەین، بەڵام زیادكردنی ژمارەی هێزی سەربازی لێرە بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێك چالاكی دیاریكراو لە پلانماندا نییە، بەڵام دەمانەوێ دڵنیا بین لەوەی توانیمانە هانی هاوكارییەكان لە نێوان بەغدا و هەولێر بدەین، خۆشحاڵیش دەبین ئەگەر ئێمە و لایەنەكانی دیكە بتوانین لەم بوارەدا یارمەتیدەر بین.

رووداو: كاتێك شەڕی دژی داعش لە عێراق بەردەوام بوو، لەبیرمە ئەو كاتە و ئێستاش ئەمریكا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەرێمی كوردستنیاش باسیان لەوە كردووە كە زۆر گرنگە ئەو خەڵكانەی ئاوارە بوون، بتوانن بگەڕێنەوە شارەكانی خۆیان، بەڵام ئێستا زۆربەیان هەر لەناو كامپەكانی هەرێمی كوردستان گیریان خواردووە، خەڵكی مووسڵ و دیالەو تكریت و ئەنباریان تێدایە. ئەوان دەڵێن حكومەتی عێراق رێگایان پێ نادات بگەڕێنەوە. ئەمریكا و هاوپەیمانان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی چییان كردووە لەپێناو ئەوەی كە ئەو خەڵكانە رۆژێ لەرۆژان دەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟
  1.3 ملیار دۆلارمان لە ئاوارەكان خەرج كردووە

كێن گرۆس: حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق زۆر دەست و دڵكراوە بووە لە هاوكاریكردنی ئەو خەڵكەی بە هۆی شەڕەوە ئاوارە بوون، كە لە هەندێك كاتدا گەیشتبووە دوو ملیۆن ئاوارە و نزیك 3000 پەنابەر لەناو سنوورەكانی هەرێمی كوردستانی عێراقدا بوون. ئەمە بارێكی زۆر بووە بەسەر شانی ئەوانەوە، راستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەوڵی هاوكاریكردنی كوردستانی داوە، بەڵام دیسانیش ئێمە پێزانینمان بۆ كارەكانی حكومەتی كوردستان و خەڵكی هەرێم هەیە كە لەو كاتە سەختەدا پێشوازییان لەو خەڵكە ئاوارەیە كردووە. ئێمە لە دوو ساڵ و نیوی رابردوودا نزیك 1.3 ملیار دۆلارمان بۆ هەوڵ و هاوكارییە مرۆییەكان لە سەرانسەری عێراق خەرجكردووە، بەڵام بەشی زۆری ئەو هاوكارییە چووە بۆ ئەو شوێنانەی زیاترین ژمارەی ئاوارە و پەنابەری لێبووە. ئێمە هاوكاری ژمارەیەكی زۆر رێكخراومان كردووە كە كارە مرۆییەكان دەكەن، جیا لەمە دەمانەوێت و لە رێگەی هەندێك لەو رێكخراوانە و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دڵنیا بینەوە لەوەی ئاسایش لەو ناوچانە هەیە تاوەكو ئەو خەڵكە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونكە ئەوان دەگەڕێنەوە ئەگەر بزانن لە كاتی گەڕانەوەیاندا پارێزراو دەبن، بەڵام هاوكات دەمانەوێت بڕیاری گەڕانەوە ئازادانە و بەویستی كەسەكان خۆیان بێت. ئەوەی تۆ ئاماژەت بۆی كرد، واتە ناچاركردنی خەڵك بە دەرچوون لە كەمپەكان پێش ئەوەی ئامادەگی دەرچوونیان هەبێت و هەست بە پارێزراو بوون بكەن، بۆ ئەمەیان ئێمە ئەوەندەی لە دەستمان بێت لەگەڵ حكومەتی ئێرە و حكومەتی بەغدا لە هەوڵداین بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە ئەم حاڵەتە لەئارادا نییە، بەڵكو دەرفەتی گەڕانەوە بۆ هەموو كەس هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە و ژیانی خۆیان دەستپێبكەنەوە و ببن بە بەشێك لەو كۆمەڵگایەی كە پێشتر بەشێك بوون لێی.

رووداو: كاتێك ئەو خەڵكانە هەڵدەهاتن كاری سەرەكی ئەوە بوو كە پێشوازییان لێ بكرێ و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین بكرێ و بپارێزرێن. بەڵام ئێستا بەپێی قسەكانی تۆ كارەكان دەبێ لەشار و شارۆچكەكان بكرێ بۆ ئەوەی رێگا خۆش بكرێ تاوەكو خۆبەخشانە بگەڕێنەوە.

كێن گرۆس: بەڵێ، واتە هەلومەرجەكە بە جۆرێك رێكبخرێت كە بتوانن ئەمە بكەن، واتە بتوانن بڕیاری ئەوە بدەن و هەست بە پارێزراو بوون بكەن لەو ناوچانە و بتوانن بگەڕێنەوە. وەكو خۆت گوتت لە هەموو ناوچەكانی عێراقەوە خەڵك ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، بۆیەش دەمانەوێت ئەوەندەی بكرێت دڵنیا بینەوە لەوەی كە ئاوارەكان كاتێك هەستیان كرد لە ناوچەكانی خۆیان پارێزراو دەبن دەرفەتی ئەوەیان هەبێت بگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگەی خۆیان.

رووداو: سروشتییە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵدەدات بۆ بونیادنانی پەیوەندی پتەو لەگەڵ هاوپەیمانەكانی، لەدوو دەیەی رابردووشدا هەرێمی كوردستان خۆی بەهاوپەیمان و دۆستی ئەمریكا زانیوە. تۆ ئێستا پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمریكا چۆن دەبینی؟

كێن گرۆس: هەست دەكەین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتی عێراق لە بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بەهێزە، خۆت ئاماژەت بۆ كرد كە لە پاش رووداوەكانی دوو مانگی رابردوو جۆرێك لە گۆڕان لە هەستی خەڵكی كوردستاندا روویدا. بەڵام سیاسەتی ئێمە نەگۆڕاوە، بیركردنەوە و هەستمان بەرامبەر كوردستان نەگۆڕاوە. بۆیەش دەمانەوێت بۆ هەموو لایەك جەخت لەوە بكەینەوە كە ئێمە تاوەكو ئێستاش خۆمان وەكوو هاوبەشی ئێوە دەبینین لە هەرێمی كوردستان، دەمانەوێت دڵنیاش بینەوە لەوەی كوردستان بەشێكی بەهێزە لە عێراقێكی یەكپارچەی فیدراڵی پێشكەوتوو. ئەمە ئامانجی ئێمەیە و دەمانەوێت لەگەڵ ئێوە و بەغدا كار بكەین بۆ ئەوەی بەو ئامانجە بگەین.

رووداو: مەبەستی ئەوەیە لەئەمریكا یان لێرە لەكوردستان حكومەتەكان دەگۆڕدرێن، بەڵام پەیوەندی و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان هەر بەردەوام دەبن.

كێن گرۆس: بەڕای من ئێمە كۆمەڵێك ئامانجی هاوبەشمان هەیە، شەڕی داعش یەكێك لەو ئامانجە هاوبەشانەیە. بەڵێ ئێمە كۆمەڵێك ئامانجی هاوبەشمان هەیە، بۆیە وەكوو بینیویشمانە پێموانییە گۆڕانی ئیدارە لە ئەمریكا و شوێنەكانی دیكە سیاسەتی ئێمە ناگۆڕێ. ئێمە دەمانەوێت لە نزیكەوە كار بكەین لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ ئەوەی بەسەر زۆر كێشەدا زاڵ بین كە رووبەڕووی هەموومان دەبێتەوە.

رووداو: دیارە هەوڵەكانی ئەمریكا لێرە راناوەستن، بەتایبەت لە كاتێكدا كە هەرێمی كوردستان پێویستی بەناوبژیوان هەیە و چەند رۆژ لەمەوبەر سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی پێویستمان بە هاوكاریی لایەنێكی سێیەم هەیە بۆ لێكدانەوەی دەستووری عێراق، چونكە هەردوولا لێكدانەوەی خۆیان هەیە كە ئەمەش بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات. كەواتە دەتوانین بڵێن ئەمە تەنیا سەرەتای پرۆسەیەكی دوورودرێژە و هەوڵەكان بەردەوام دەبن بۆ دروستكردنی عێراقێكی سەقامگیر و پەیوەندییەكی باشتر لە نێوان هەولێر و بەغدا؟

كێن گرۆس: بێگومان ئەمە ئامانجمانە، ئەگەر بتوانین لەم بوارەدا یارمەتیدەر بین و هەردوو لایەن حەز بكەن یارمەتیان بدەین ئەوە ئێمەش دڵخۆش دەبین بە هاوكاریكردنیان لەمبارەیەوە. چونكە هەست دەكەین ئەمە بۆ عێراق و بۆ كوردستان و بۆ ناوچەكە گرنگە كە پەیوەندییەكی باش لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەبێت. بۆیەش ئەگەر بتوانین لەمبارەیەوە یارمەتیدەر بین و هەردوو حكومەتەكە داوامان لێبكەن یارمەتیان بدەین ئەوە ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە یارمەتیان دەدەین.

رووداو: لەكۆتاییدا پێمخۆشە پرسیارێك بكەم دەربارەی ئابووری. لەرابردوودا رووماڵی چەندین بۆنەم كردووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆمپانیا و سەرمایەداری ئەمریكی پێیان خۆش بووە بێنە ئەم هەرێمە كە ئەمەش دڵنیاییە بۆ خەڵكی ئێرە. ئایا ئێستاش هەمان بایەخ و ئارەزوو هەیە یان هاندان هەیە لەلایەن باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەوە بۆ سەرمایەگوزاریی ئەمریكی كە لەم هەرێمە بمێننەوە؟

كێن گرۆس: بەڕای ئێمە ئەمە زۆر گرنگە، راستییەكەی ئەمە یەكێك لە ئامانجەكانی ئێمە دەبێت بۆ ئەمساڵ، ئەم ماوەیە لە بری ئەمە فۆكەسێكی زۆرمان لەسەر گشتپرسی رووداوەكانی دوای گشتپرسیی بوو، چونكە گشتپرسیی سەرنجی هەموو لایەنەكانی لەسەر ئەم مەسەلەیە لادا. بەڵام ئەمەی باست كرد یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئێمەیە، دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی پەیوەندییەكان لە نێوان ئەمریكییەكان و كورد و كۆمپانیا ئەمریكییەكان و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستاندا بەردەوام بن، واتە لە نێوان خەڵكی هەردوو لادا، خۆی ئەمە شێوازی دروستی پەیوەندییەكانە كە تێیدا خەڵكی هەردوو لا قازانج دەكەن، واتە خەڵكی ئێرە و خەڵكی ئەمریكا پەیوەندییەكی بازرگانی بەهێزتریان هەبێت. ئاشكرایە كە دەبێ كێشەی فڕۆكەخانەكان چارەسەر بكەین و دڵنیابین خەڵك دەتوانن بە ئاسانی بێنە ناو كوردستان و دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لێرە ببینن. ئەمە ئەو شتەیە كە ئەمساڵ كاری لەسەر بكەین.
 بەرنامەی داهاتوومان كاركردنە لەبواری وەبەرهێنان لە كوردستان

رووداو: منیش هیوادارم هەموو لایەك بتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن و رێگایەك بدۆزنەوە بۆ دەرچوون لەم بنبەستە. زۆر سوپاس بۆ تۆش بەڕیز كێن گرۆس بۆ هاتن بۆ ئێرەو ئەنجامدانی ئەم چاوپێكەوتنە.

كێن گرۆس: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و هیوادارم جاری داهاتوو ببیستین كە هەموو شتەكان گۆڕاون و بۆ هەموو لایەنێك باشتر بێت.

 

کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

hogir adil | 14/12/2017 05:38:43 ص
proud of you dear hero
Karkuk | 14/12/2017 05:40:46 ص
Deliri Bawery To Peshmargay
عوسمان بایدەمیر بەهۆی بەکارهێنانی ناوی کوردستان سزادرا
| دوێنێ کاژێر 07:50 | (3)
rizgar | 12/12/2017 10:38:45 م
به ڕێزم هه‌ ڤال من له گه ڵتم ، قسه کانت زۆر جوانن ، به ڵا م ئه گه ر شه ڕ ڕویدا ئه وا به شێکی زۆری کورد پاڵپشتی عیڕاق ئه که ن . ئه شبێت به...
Haidari | 13/12/2017 07:59:58 ص
Dast xosh qsekant zor rasten
قوباد قەوماندی!
| 12/12/2017 | (6)
Rebwar | 13/12/2017 06:31:46 ص
dastxosh
حەشدی دوای داعش
| 13/12/2017 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

شاندێکی نێودەوڵەتی پێشێلکارییەکانی داعش و حەشدی شەعبی و پەکەکە تۆماردەکات 9 کاژێر لەمەو بەر |

شاندێکی نێودەوڵەتی پێشێلکارییەکانی داعش و حەشدی شەعبی و پەکەکە تۆماردەکات

شاندێکی یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی گەیشتە زۆرتر
  هەڵوێستی حکومەتی سووریا لەبارەی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان 10 کاژێر لەمەو بەر |

هەڵوێستی حکومەتی سووریا لەبارەی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان

بەشار جەعفەری وەسفی پەیامنێرێکی رووداو دەکات زۆرتر
وێنەگرتن لەنێو هەردوو حەرەمی مەککە و مەدینە قەدەخەکرا 11 کاژێر لەمەو بەر |

وێنەگرتن لەنێو هەردوو حەرەمی مەککە و مەدینە قەدەخەکرا

هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزادەدرێت زۆرتر
0.234 seconds