رووداو - سلێمانی
ئەو کەسەی لە نۆڕینگەکەی خۆی سێ گوللـەی لە دکتۆر کەمال دا، لە سلێمانی دەستگیرکرا و "دانی بە تاوانەکەیدا ناوە".
دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە 72 کاژێر لە رووداوی تەقەکردن لە دکتۆر کەمال ئەحمەد سەعید، پزیشکی نەشتەرگەریی گشتی لە سلێمانی، هێزەکانی پۆلیس توانییان تەقەکەرەکە دەستگیربکەن.
عهمید ئاسۆ تهها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ (چوارشەممە) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "راستەوخۆ دوای رووداوەکە دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد، بەهۆی گرنگیی رووداوەکە چەند ئەفسەرێکمان راسپارد بۆ ئەوەی سەرەداوێکمان دەستبکەوێت، سەرئەنجام کاژێر 12:00ـی ئەمڕۆ 5-12-2018 توانیمان ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە، دەستگیربکەین".
عهمید ئاسۆ تهها زانیاریی لەبارەی تەقەکەرەکە ئاشکراکرد و، رایگەیاند "ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە لەدایکبووی ساڵی 1982ـە، دانیشتووی دەرەوەی سلێمانییە، بەناوی (هـ. ع. ک.) و پیشەی کاسبە. پێشتر دەمانچەیەکی جۆری میکارۆڤی کڕیوە بۆ ئەوەی ئەو تاوانەی پێ ئەنجامبدات، هەر دوێنێش دەمانچەکەی فرۆشتووەتەوە".
لەبارەی هۆکاری تەقەکردنەکە، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "هۆکاری ئەو رووداوە ئێمە جێیدەهێڵین بۆ لێکۆڵینەوە، بۆ ئەوەی دادگا بڕیاری لەبارەوە بدات، چونکە لەوانەیە قسەیەکی ئێمە ببێتە هۆی ئەوەی ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە سوودی لێ وەربگرێت و، لەدەستمان دەربچێت، بۆیە زۆرجار کە ئێمە بێدەنگین، دەزانین بۆچی بێدەنگین".
بەهۆی ئەو رووداوی تەقەکردنە لە دکتۆر کەمال، پزیشکان و خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان لە سلێمانی و هەولێریش خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و، پزیشکانی سلێمانی بۆ ماوەی 24 کاژێر نۆڕینگەکانیان داخست. بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا دڵنیایی دایە پزیشکان و، رایگەیاند "ئەرکی سەرشانی ئێمە و هەموو دەزگا ئەمنییەکانە ئەو دکتۆرە بەڕێزانە بپارێزین، هەرکاتێک پێویستییان بە ئێمە بێت لە خزمەتیانداین".
لەبارەی رەوشی تەندروستیی دکتۆر کەمال، دکتۆر سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند "تەندروستی دکتۆر کەمال بەویستی خوا لە کاتەکانی پێشتر، باشترە و باشتریش دەبێت، هیوادارین بە زووترین کات بگەڕێتەوە ناو ماڵ و منداڵەکەی خۆی".
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار