بەوێنە و ڤیدیۆ: مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی مام جەلال

06-10-2017
رووداو @Rudawkurdish
 تەرمی مام جەلال لە دەباشان و نزیک ماڵی خۆی بەخاک دەسپێردرێت
تەرمی مام جەلال لە دەباشان و نزیک ماڵی خۆی بەخاک دەسپێردرێت
نیشانەکردن مام جەلال
A+ A-

رووداو - هەولێر

تەرمی مام جەلال، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە دەباشانی سلێمانی لە نزیک ماڵەکەی خۆی بەخاکسپێردرا.

مەراسیمی بەخاکسپاردنەکە بە ئامادەبوونی سەرکردە باڵاکانی کوردستان و بە بەشداری دەیان هەزار هاونیشتمانیی بەڕێوەدەچێت. قوباد تاڵەبانی، کوڕی جەلال تاڵەبانی لە مەراسیمەکەدا گوتارێک بەناوی بنەماڵەکەیەوە دەخوێنێتەوە.

کاژێر 11:00 ی ئەمڕۆ هەینی بە کاتی باشووری کوردستان، تەرمی مام جەلال لە ئەڵمانیاوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت لەگەڵ خێزانەکەی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی گەیێندرایەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

دوای سازکردنی مەراسیمێکی پرۆتۆکۆڵی و شکۆدار و دانانی تاجەگوڵینە لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراق و باشووری کوردستان و بەشێک لە میوانەکان بەرەو مەزگەوتی گەورە بەڕێکرا، دوای نوێژلەسەرکردنیشی لەنێو ئاپۆڕایەکی زۆری جەماوەر بە دروشمی "مام جەلال نامرێ، کێ سەروەرە مامە، کێ رابەرە مامە" بەرەو دوایین مەنزڵگەی لە دەباشان بەڕێکرا.

 
لە رێگەی دەباشان دەیان هەزار کەس لە پێشوازی تەرمی مام جەلال بوون و گوڵبارانیان کرد، سەتان کەسیش بەدەم گریان و چاوی پڕ فرمێسکەوە خۆیان بەو ئۆتۆمبێلەدا هەڵواسی کە تەرمی مام جەلالی تێدابوو، بافڵ تاڵەبانی کوڕی کە خۆی لەثێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە دانیشتبوو، تکا و رەجای لە خەڵک دەکرد رێگە بە ئۆتۆمبێلەکە بدەن بگاتە دەباشان، هێزە ئەمنییەکانیش پشتێنێکی ئەمنییان بەدەوری ئۆتۆمبێلەکەدا دروستکردبوو بۆئەوەی خێراتر بگاتە شوێنی مەبەست.


لە رێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمەکەیدا فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، د.یوسف محەممەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، محمەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، نوێنەری شای ئوردن، مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش، شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پەیەدە، نوێنەری نووری مالیکی، ئەیاد عەللاوی، سەلیم جبووری، نوێنەری حەیدەر عەبادی، عەممار حەکیم، عادل عەبدولمەهدی، کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر، نوێنەری سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بەشدار بوون.

قوباد تاڵەبانی، کوڕی دووەمی مام جەلال و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی باوکیدا لە گردی دەباشان، پەیامی بنەماڵەکەی خوێندەوە و سوپاسی خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستانی کرد بۆ سەرەخۆشی و پەیامی هاوخەمی و هاوسۆزییان.


لە گوتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی پەیامێکی ئاراستەی حیزبەکان و خەڵکی کوردستان کرد و رایگەیاند: "بەدەر لە حیزبایەتی و رەنگی جیاواز و بۆچوونی جیاواز، وەکو وەفایەک بۆ مام با ئەو یەکڕیزی و تەباییە بپارێزین. ئێمە ئەمڕۆ لە دۆخێکی ئاڵۆزدا دەژین، پێویستمان بەو یەکڕیزییە هەیە و پێویستمان بەوە هەیە سوود لە وانەکانی مام وەربگرین."


دوای پێنج ساڵ لە نەخۆشکەوتنی، مام جەلال، سکرتێری گشیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق، رۆژی سێشەممە 3-10-2017 لە تەمەنی 84 ساڵیدا لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد. سبەی شەممە یەکەم رۆژی پرسەکەی لە سلێمانی و، رۆژی یەکشەممەش لە سلێمانی، هەولێر، کەرکووک، شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەچێت.

بەهۆی کۆچی دوایی مام جەلال، باشووری کوردستان هەفتەیەک، حکومەتی عێراق سێ رۆژ و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان سێ رۆژ ماتەمینییان راگەیاند، لە پارێزگای سلێمانیش رۆژی یەکشەممە 8-10-2017 کرایە پشوو. سەرکردەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانیش پەیتا پەیتا پەیام و بروسکەی ماتەمینییان بۆ بنەماڵەکەی و گەلی کوردستان و عێراق نارد.










کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە