رووداو - سلێمانی
عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لەکاتی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی مام جەلال لە دەباشان رایگەیاند: تاڵەبانی لە دڵی 40 ملیۆن کوردا دەمێنێتەوە.
بایدەمیر رۆژی شەممە 7-10-2017 لەگەڵ شاندێکی حیزبەکەی کە لە سەرپیل کەمال بای، پەروین بوڵدان و کۆمەڵێک بەرپرسی دیکە پێکهاتبوو، چوونە گردی دەباشان و تاجە گوڵینەیان لەسەر گۆڕی مام جەلال دانا.
بایدەمیر لەوێ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "مام جەلال دوێنێ بەردەوامی دایە خەباتی تەواوی گەلی کورد و لە دڵی 40 ملیۆن کورد دەمێنێتەوە"، گوتیشی: "مام جەلال کاریگەری لەسەر هەرچوار پارچەی کوردستان هەبوو".
بایدەمیر رایشگەیاند: "مام جەلال تەواوی تەمەنی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد تەرخانکرد و دوێنێش هەموو گەلی کوردی کۆکردەوە، بۆیە پێویست دەکات ئەو یەکڕیزییەی هەیە لەنێو کورد بەردەوامبێت".
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح