حکومەتی عێراق مەرج لەسەر وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان دادەنێت

08-03-2018
فەلاح نەجم
نیشانەکردن وەزارەتی ئەوقاف حەج عێراق
A+ A-

رووداو - هەولێر

حکومەتی عێراق مەرج لەسەر وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنێت و نزیکەی 200 دۆلار لەسەر هەر عەمرەکارێک زیاددەکرێت.


نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەبەراورد بەساڵی رابردوو، نرخی گەشتی عەمرە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، چونکە حکومەتی عێراق مەرجی لەسەر ئێمە داناوە کە هێڵی ئاسمانی عێراقی عەمرەکاران بگوازێتەوە، ئەوەش سەرەڕای وەرگرتنی پشکی خۆی لەو پارەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عەمرەکارانی وەردەگرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەگەر حکومەتی عێراق رێگەبدات کێبڕکێ لەنێوان هیڵە ئاسمانییەکان دروستبێت نرخی عەمرە هەرزانتر دەبوو، بەڵام بەهۆی ئەو قۆڕخکارییەی عێراق ، ناتوانین نرخی عەمرە لە 900 دۆلار کەمتر بکەینەوە لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بە 700 دۆلار گەشتی عەمرە ئەنجامدەدرا."

لەدوای راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، رۆژی 7-3-2018 رێگەدرا تەنیا بۆ گەشتی عەمرە یەکەم فڕۆکە لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بەرەو سعودیە بفڕێت.

لەدوای راگەیاندنی دەستپێکردنەوەی گەشتی عەمرە لەشاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان 4 هەزار کەس ناویان بۆ ئەنجامدانی گەشتی عەمرە تۆمارکردووە، ساڵی رابردوو تاوەکو مانگی سێ 8 هەزار کەس گەشتی عەمرەیان ئەنجامدابوو، بەگشتیش ساڵی رابردوو 19 هەزار کەس گەشتی عەمرەیان ئەنجامداوە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە