وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

کوردستان

واشنتن پۆست: ئەوانەی لە سووریا مەشقی ئەمریكی وەردەگرن، یەكتر دەكوژن

لەلایەن رووداو 10/1/2017
 چەكدارێكی عەرەب: فێری ئایدۆلۆژیای یەپەگە نەبین، ناتوانین بچینە نێو مەشقەكانی دیكە
چەكدارێكی عەرەب: فێری ئایدۆلۆژیای یەپەگە نەبین، ناتوانین بچینە نێو مەشقەكانی دیكە

رووداو- هەولێر

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی لە راپۆرتێكیدا دەڵێت، یەكینەكانی پاراستنی گەل (YPG)، خەریكن ئایدیۆلۆژیای عەبدوڵڵا ئۆجالان، سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)، لەنێو چەكدارە عەرەبە گوندنشینەكانی دەوروبەری رەققەی سووریا بڵاودەكەنەوە، لەكاتێكدا راهێنەرانی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەمریكی مەشق و راهێنانیان پێشكەش دەكەن.

راپۆرتەكە لە یەكێك لە كەمپەكانی مەشقی سەربازیدا ئامادەكراوە كە پێشتر قوتابخانەی ئامادەیی بووە و ئێستا چەكدارانی عەرەبی تێدا بۆ جەنگی دژی داعش ئامادە دەكرێ. لەم كەمپەدا 250 چەكداری عەرەب هەن كە لەلایەن فەرماندە كوردەكانەوە كۆكراونەتەوە و ئامادە دەكرێن بۆ ئەوەی دواتر مەشقی سەربازی لە هێزەكانی ئەمریكا وەربگرن.

بە گوێرەی راپۆرتەكەی (واشنتن پۆست) زۆرینەی ئەو چەكدارانە خەڵكی گوندەكانی دەوروبەری رەققەن كە پایتەختی دیفاكتۆی داعشە، چاوەڕێش دەكرێ لە جەنگی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەم شارەدا كەڵكیان لێ وەربگیرێت. رەققە شارێكی زۆرینە عەرەبە و كۆنتڕۆڵكردنەوەی یەكێكە لە ئامانجە سەرەكییەكانی سوپای ئەمریكا.

مەرجی بەشداریكردن لە مەشق

بەڵام ئەم چەكدارە عەرەبانە تەنیا مەشقی سەربازی وەرناگرن، بەڵكو بە گوتەی مامۆستاكانیان، بەرلەوەی رەوانەی ئەو جۆرە مەشقانە بكرێن، دەبێ یەكەمجار كۆمەڵێك وانە سەبارەت بە ئایدیۆلۆژیای عەبدوڵڵا ئۆجالان فێر ببن. بەبۆچوونی ئامادەكاری راپۆرتەكە، دیمەنی پۆلەكان دەریدەخات كێشەی جەنگی ئەمریكا لە دژی داعش لە سووریا چەندە ئاڵۆز و هەمە لایەنە "چونكە بزووتنەوەیەكی كوردی كە خۆی بە شوێنكەوتووی ئایدیۆلۆژیایەكی دژی سیاسەتی ئەمریكا دەزانێ، ئێستا بووە بە نزیكترین هاوپەیمانی ئەمریكا لە دژی داعش".

راپۆرتەكە ئەوە دەخاتەڕوو كە یەكینەكانی پاراستنی گەل (YPG)، هەوڵی جێبەجێكردنی بیرۆكەكانی ئۆجالان لەو ناوچە كوردییانە دەدەن كە لە چوار ساڵ و نیوی رابردوودا و بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی سوپای سووریا، لەلایەن یەپەگەوە ئیدارە دەكرێن.

لە دوو ساڵی رابردوودا هێزەكانی یەپەگە پەیوەندییەكی نزیكیان لەگەڵ حكومەتی ئەمریكادا دامەزراندووە، بەگوێرەی راپۆرتەكە، هۆكاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە یەپەگە لەم ماوەیەدا توانیویەتی، بە هاوكاریی هێرشی ئاسمانی، هاوكاریی سەربازی و سەدان راوێژكاری سەربازیی ئەمریكا، ناوچەیەكی زۆر لەژێر دەستی داعش دەربكات.

بەڵام دەستكەوتەكانی یەپەگە هەر لە ناوچە كوردییەكانی سووریادا كورت نەبووەتەوە، لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا و پاش دامەزراندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات، یەپەگە خەریكە دەچێتە نێو ئەو ناوچانەش كە زۆرینەی دانیشتووەكانی عەرەبن. بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریكییەكە، ئەمە "دەكرێ لە درێژخایەندا نەك هەر جەنگێكی ئەتنیكی لەو ناوچانە (لە نێوان كورد و عەرەب) هەڵبگیرسێنێ، بەڵكو رەنگە جەنگێكی بەرفراوانتر لە جەنگی نێوخۆیی سووریا بخاتەوە".

نیگەرانییەكانی توركیا

توركیا یەكینەكانی پاراستنی گەل بە لقێك لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەزانێت، بۆیەش رەخنەی توند لە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ ئەم هێزە دەگرێ. سەرەتای ئەم مانگەش بیناڵی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا، لە گوتارێكدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەكەی داوای كرد "ئەمریكا رێگە نەدات هاوپەیمانێتی ستراتیژیی نێوان ئەمریكا و توركیا، بەهۆی هاوكارییەكانی بۆ یەپەگە كێشەی تێبكەوێت".

ئیدارەی ئێستای كۆشكی سپی هێزەكانی یەپەگە بە یەكێك لە نزیكترین هاوبەشەكانی لە جەنگی دژی داعش لە سووریا دەبینێ. تیمی ترەمپ هەتا ئێستا بەشێوەیەكی روون هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە چۆنێتی تێكشاندنی داعش و رۆڵی هێزەكانی یەپەگە لەم پڕۆژەیەدا نەخستووەتەڕوو. ئێستا رووسیا، ئێران و سووریا لەگەڵ توركیا هەڵوێستەكانیان لە یەكدی نزیك كردووەتەوە بۆ ئەوەی قەیرانی سووریا یەكلایی بكەنەوە، لەم حاڵەتەدا بەشداری سەربازیی ئەمریكا لە جەنگی سووریادا ئاڵۆزتر دەبێت.

بەمەبەستی كەمكردنەوەی نیگەرانییەكانی توركیا و رێگریكردن لە روودانی جەنگی نێوان كورد و عەرەب، سوپای ئەمریكا چەك و هاوكارییە سەربازییەكان پێشكەش بە هێزەكانی سووریای دیموكرات دەكات كە لە چەكداری كورد، عەرەبی سوننە و سریان پێكهاتووە. لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا ئامانجی ئەمریكا (پاش شكستهێنانی پڕۆژەی پێگەیاندنی چەكدارانی سوپای ئازاد) ئەوە بوو كە هێزێك لە چەكدارە عەرەبەكان پێكبهێنێت، توانای ئەوەیان هەبێت شارێكی وەكوو رەققە بگرنەوە و دواتریش ئیدارەی ئاسایشەكەی بكەن، بەم شێوەیەش لە كاریگەریی هێزە كوردییەكان كەم بكاتەوە.

ئەمریكییەكان ئاگادار نین

بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكا و راوێژكارە ئەمریكییەكان بە رۆژنامەی واشنتن پۆستیان راگەیاندووە، ئەوان ئاگایان لەوە نییە چەكدارە عەرەبەكان تیۆری سیاسی ئۆجالانیان پێ بگوترێتەوە، بەر لەوەی رەوانەی مەشقە سەربازییەكان بكرێن. راوێژكارێكی سەربازیی ئەمریكا لە سووریا كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێ، دەڵێت "ئێمە نازانین ئەوان بەرلەوەی بێنە لای ئێمە چییان فێر دەكرێت".

بەڵام بەرپرسانی ئەمریكی لە وەڵامی نێردراوی واشنتن پۆستدا دانیان بەوەدا ناوە كە هێزە كوردییەكان سێ چارەكی هێزەكانی سووریای دیموكرات پێكدەهێنن و لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگی دژی داعشیش بەشدارن، هەر بۆیە پشكی شێریان لە هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا بەردەكەوێت.

حكومەتی ئەمریكا لە بۆنە و كۆبوونەوەی جیاوازدا جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە دژی ئەوەن كورد هەرێمی نوێ لە سووریا دروستبكات، بەڵام وەك لە راپۆرتی رۆژنامە ئەمریكییەكەدا دەردەكەوێ، هێزەكانی یەپەگە روانگە و روئیای خۆیان لەو ناوچە عەرەبییانەدا بڵاودەكەنەوە كە كۆنترۆڵیان دەكەن.

ماریا فانتاپی، لێكۆڵەر لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی پێیوایە "هاوكاریی سەربازی (ئەمریكییەكان) متمانەی ئەوەی بە یەكینەكانی پاراستنی گەل داوە كە هێزەكانیان بەرەو دەرەوەی ناوچە كوردییەكانیش جووڵە پێبكەن و تموحەكانیان تەنانەت سنوورەكانی ئەودیوی سووریاشی كردووەتە ئامانج".

بەبۆچوونی فانتاپی، فراوانبوونەوەی سنووری نفوزی ئەو هێزانە "ئاماژەی سیاسی گەورەی هەم بۆ سووریا و هەم بۆ وڵاتانی دراوسێ تێدایە".

كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتیك

لیزا سڵای، ئامادەكاری راپۆرتەكەی واشنتن پۆست، لە بەشێك لە راپۆرتەكەیدا دەڵێت "كوردەكان سووربوون لەسەر ئەوەی تیۆری سیاسیی ئۆجالانت بۆ روون بكەنەوە كە تێكەڵەیەك بوو لە ماركسیزم و خەونە یۆتۆپییەكانی مورای بوكچین"، كە تیۆریسیەنێكی چەپی ئەمریكایە و لە تەمووزی 2006 كۆچی دوایی كرد. بوكچین تیۆریسیەنی كۆمۆنیزمی ئانارشیستی و دامەزرێنەری سۆسیالیزمی ژینگەپارێز بوو كە بڕوای بە دەسەڵاتی جڤاك و كۆمەڵەكان هەبوو.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، ئەم تیۆرە سیاسییە لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوە و سڕینەوەی دەوڵەتدایە، بۆ ئەم مەبەستەش رێگەدەدرێ جڤاكەكان خۆیان كاروباری خۆیان بەڕێوەبەرن. ئەم تیۆرە بە "كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتیك" یان "نەتەوەی دیموكراتیك" ناودەبردرێ كە تێیدا فۆكەسێكی زۆر دەخرێتە سەر یەكسانیی ماف و دەرفەت بۆ هەموو خەڵك.

لە راپۆرتەكەی (پۆست)دا ئاماژە بەوە دەكرێ كە ئۆجالان سەرەتا ئەم بیرۆكەیەی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا و وەرگرتنی جۆرێك لە ئۆتۆنۆمی بۆ كوردی ئەو پارچەیە دانابوو، بەڵام هەمان روانگە ئێستا لە سووریاش پیادە دەكرێت "لە كاتێكدا سووریا تێكەڵەیەكە لە كورد، توركمان، مەسیحی و عەرەب".

نوسرەت ئەحمەد خەلیل كە چاودێریی وانەگوتنەوە بە چەكدارە عەرەبەكان دەكات، بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە، ئەوان بە دوای ئەوەوە نین سنوورەكان دەستكاری بكەن، بە جۆرێك كە قەوارەیەك بۆ كورد دامەزرێنن، بەڵكو دەیانەوێ پەیڕەوی لە روئیای ئۆجالان بكەن و لە سووریا و دەرەوەی سووریا سنوورەكان نەهێڵن.

لەمبارەیەوە خەلیل بە رۆژنامەكەی گوتووە "ئێمە كۆنفیدراڵیزممان تەنیا بۆ كورد ناوێت، بەڵكو بۆ هەموو سووریا داوای ئەم سیستەمە دەكەین، ئێمە لە نێوان ئەم ناوچەیە (ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی یەپەگە) و ئەو ناوچەیە (ناوچەكانی دەرەوەی كۆنترۆڵی یەپەگە) سنوورێكی جوگرافی بەدی ناكەین".

شتێك بە ناوی دەوڵەت نییە!

ئامادەكاری راپۆرتەكە سەردانی یەكێك لە پۆلەكانی وانەگوتنەوەی ئایدیۆلۆژیای سیاسی لە گرێسپی كردووە. گرێسپی شارۆچكەیەكە لەسەر سنووری نێوان توركیا و سووریا كە زۆرینەی دانیشتووەكانی عەرەبن و لە ساڵی 2015 لەژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی داعش دەركرا. لە یەكێك لە پۆلەكاندا عەگید ئیبراهیم كە مامۆستایە، پرسیار ئاراستەی چەكدارە عەرەبە بەشداربووەكان دەكات. یەكێك لە پرسیارەكانیش ئەوە بوو كە "دەوڵەت چ رۆڵێك بۆ گەلێكی دیموكراتیك دەگێڕێت؟" دواتر عەگید خۆی وەڵام دەداتەوە "شتێك نییە ناوی دەوڵەت بێت، دەوڵەت ئامرازی سەركوت و چەوساندنەوەیە".

پاشان یەكێك لە چەكدارەكان دەپرسێ: "چ جیاوازییەك لە نێوان (بیرۆكەی) گەلی دیموكراتی و دروشمەكەی حیزبی بەعسی سووریدا هەیە؟" كە بۆ ماوەی چوار دەیەیە حوكمی سووریا دەكات. مامۆستاكە لە وەڵامدا گوتی حیزبی بەعسی سووری پشتگیریی عەرەبەكانی دەكرد، بەڵام تیۆرەكانی ئۆجالان هەموو گرووپە ئەتنیكی و ئاینییەكان دەگرێتەوە.

لە دوای وانەكان، ئامادەكاری راپۆرتەكە لەگەڵ ژمارەیەك لە بەشداران قسەی كردووە. لوئەی شەممەری كە هاوینی 2016 لە رەققە رایكردووە، خۆشحاڵیی خۆی بە قەبووڵكردنی ئایدیۆلۆژیای یەپەگە دەربڕی و بە "دایكێكی دیموكراتیك" وەسفی كرد كە "لە نێوان منداڵەكانیدا جیاوازی ناكات"، بەڵام موسعەب عیسا شێخ، خەڵكی رەققە، گوتبووی "ئەگەر رازی نەبین بەشداری لەو كۆرسانە بكەین، ناتوانین بچینە نێو مەشقەكانی دیكەشەوە (واتە مەشقە سەربازییەكان). بۆیە هەر دەبێ فێری ئەمە (واتە ئایدیۆلۆژیای یەپەگە) ببین".

دەسەڵاتێكی "پاوانخواز"

بەپێی راپۆرتەكەی واشنتن پۆست، شرۆڤەكاران و رەخنەگرانی یەپەگە گومانیان هەیە لەوەی ئایدیۆلۆژیای ئەم گرووپە یەكسانیخواز و دیموكرات بێت، لەبەرئەوەی "لە ناڕەزایەتی خۆش نابن، وێنەی ئۆجالان لە مەیدانەكانی شار و نووسینگەكانی ئیدارەی شارەكان دەبینرێت، هەر وەكوو چۆن وێنەكانی ئەسەد باڵیان بەسەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سووریادا كێشاوە".

رەعنا خەڵەف، توێژەر لە پەیمانگای شاهانەی بەریتانیا، بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە كە ئەگەرچی ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەكان كاروباری رۆژانەی خەڵكی ناوچەكە بەڕێوەدەبەن، بەڵام دەسەڵاتی راستەقینە لە دەستی كۆمەڵێك فەرماندەی سەربازیی پشتی پەردەدایە كە لە ریزی پەكەكەدا دژی سوپای توركیا شەڕیان كردووە. خەڵەف كە پێشتر راپۆرتێكی لەسەر حوكمڕانیی پەیەدە بۆ پەیمانگای شاهانە ئامادە كردووە، گوتی "بە كردار ئەوانیش هێندەی هەموو ئەوانی دیكە پاوانخوازن".

واشنتن پۆست ئاماژە بە دەستگیركردن و دوورخستنەوەی ئەو كوردانەش دەكات كە ئەندام یان لایەنگری پارتە كوردییەكانی دژی یەپەگەن. چالاكڤانێكی خەڵكی منبج گوتبووی یەپەگە لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی سووریا دەكاتە ئامانجی هەڵمەتەكانی. ئەم چالاكڤانە لە دژی یەپەگە و داعش كەمپینی رێكخستووە، بە گوتەی خۆی یەپەگە داوای لێكردووە خۆی بەدەستەوە بدات، بۆ ئەوەی گوشاریشی لەسەر دروستبكەن براكەیان دەستگیركردووە. ئەم چالاكڤانە خۆی لە شوێنی دیكەی سووریا دەژی و لە ترسی گیانی براكەی نەیوێراوە ناوی خۆی بۆ رۆژنامە ئەمریكییەكە ئاشكرا بكات.
 
منبج و بەهەڵەداچوونی ئەمریكییەكان

شاری منبج كە دەكەوێتە باكووری پارێزگای حەڵەب، لە مانگی ئاب لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكرات لەژێر كۆنترۆڵی داعش دەرهێنرا. دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە، ئەمریكییەكان باسیان لەوە كرد كە منبج نموونەیەكی جوانی رادەستكردنەوەی دەسەڵاتە لەلایەن هێزە كوردییەكان بە عەرەبەكانی ناوچەكە، دوای ئەوەی شارەكە لە چەكدارانی داعش پاك كرایەوە. بەڵام ئارۆن ستاین، لێكۆڵەر لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیك، بە واشنتن پۆستی راگەیاندووە كە ئەو عەرەبانەی منبج بەڕێوەدەبەن، هەر لایەنگری یەپەگەن، هەربۆیە لە چاوی توركیا و دانیشتووانی ناوچەكەوە جیاواز نین لە هێزە كوردییەكان.

چەكدارە عەرەبەكان بە مەبەستی بەشداری لە جەنگی كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە مەشقیان پێدەكرێ، بەڵام بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریكییەكە، 250 چەكداری عەرەب كە بەم دواییە مەشقیان پێكراوە، ئاگادار كراونەتەوە لەوەی ئەوان لە جیاتی رەققە رەوانەی حەڵەب دەكرێن، بۆئەوەی رووبەڕووی ئەو چەكدارانە ببنەوە كە توركیا پشتگیرییان دەكات. ئەبوو ئەمجەد عەدنان، فەرماندەی چەكدارە عەرەبەكانی منبج، ئەوانە بە چەكداری "توركیای تیرۆریست" ناودەبات.

بەڵام لێكدژییەكە لێرەدایە كە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئەو چەكدارانەشن كە توركیا هاوكارییان دەكات، بەم پێیەش یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا هاوكاریی دوو هێز دەكەن كە لەدژی یەكدی دەجەنگن.

گوتەكانی ئەبوو ئەمجەد ئەگەری ئەم سیناریۆ و واقیعە لێكدژە پشتڕاست دەكاتەوە. فەرماندە عەرەبەكە كە وێنەی سكرینی مۆبایلەكەی وێنەیەكی ئۆجالانە، بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئاشكرا كردووە كە "ئێمە ژمارەیەك بەندكراومان لایە ئەمریكییەكان مەشقیان پێكردوون، توركەكانیش خەڵكانێكی ئێمەیان بەندكردووە كە ئەوانیش مەشقی سەربازییان لەلای ئەمریكییەكان وەرگرتووە".



ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

muhamad ahmad | 17/07/2017 09:41:47 م
باشە یانی ئەو پڕۆژە تەواو باشە بۆچی من بەو پڕۆژەیەم نەزانی 😭
Hoshyar rasul ahamad | 17/07/2017 11:11:26 م
Dasta. Xosh
زۆرتر لە 3000 کەس بەهۆی پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ واز لە جگەرە دەهێنن
| 17/7/2017 | (3)
احمد حسن زێڕۆ | 17/07/2017 08:54:43 م
ده‌ستخۆش قوربانی .. ئه‌مریكا له‌ مێژه‌ ئه‌ودوو كه‌له‌بابه‌ به‌خێو ده‌كا و ڕاهێنانی شه‌ڕیان پێده‌كا هه‌موو ئامانجی ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه‌ ئاگری شه‌ڕی...
ئێران وەك دراوسێی ئیسرائیل
| 17/7/2017 | (1)
Azad Azad | 17/07/2017 08:07:18 م
نه‌ته‌وه‌ یه‌ك گرتوه‌كان به‌ته‌مان به‌رنامه‌ی پرۆسه‌ی ئاشته‌وای عیراقن ؟؟؟ ئه‌م كاره‌ش محاڵه‌ له‌ عیراقدا، له‌وانه‌شه‌ به‌ته‌مای ئه‌وه‌بن ئه‌گه‌ر...
راپۆرتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی گشتپرسی لە ئەنجوومەنی ئاسایش
| 17/7/2017 | (1)
Adam sollymann | 17/07/2017 03:39:55 م
هه ر سركفتي بي كجا من
کچە کوردێک لە ئەڵمانیا لەنێو 180 قوتابی یەکەم دەبێت
| 17/7/2017 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

خوێی چێشت هەڕەشەیە بۆ بۆڕییەکانی خوێنی نەوجەوانان 14 کاژێر لەمەو بەر |

خوێی چێشت هەڕەشەیە بۆ بۆڕییەکانی خوێنی نەوجەوانان

پزیشکانی ئەڵمانی هۆشداریدەدەن زۆرتر
رۆژانە دوو خولەک راکردن ئێسکی خانمان بەهێزدەکات 16 کاژێر لەمەو بەر |

رۆژانە دوو خولەک راکردن ئێسکی خانمان بەهێزدەکات

توێژینەوەیەکی بەریتانی دەریخستووە زۆرتر
ئازاری ئافرەتانی میسر لە نێو ئۆپێڕایەک نمایش دەکرێت 23 کاژێر لەمەو بەر |

ئازاری ئافرەتانی میسر لە نێو ئۆپێڕایەک نمایش دەکرێت

چیرۆکی ئۆپێڕاکە لە کتێبێکی نەوال سەعداوی زۆرتر
0.25 seconds