رووداو- سلێمانی
لە یەکەمین كۆنگرەی دامەزراندنی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ، بەرهەم ساڵح بە 627 دەنگ لەکۆی 684 دەنگ بە سەرۆكی ئەو قەوارەیە هەڵبژێردرا.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: "لە چەند رۆژی داهاتوو دوو هەڵبژاردن لەنێو هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ئەنجام دەدرێت ، یەکەمیان هەڵبژاردنی 40 کەسە بۆ ئەنجوومەنی گشتی یاخود جڤاتی گشتی ، کە هاوشێوەی سەرکردایەتی حیزبەکانی دیکەیە ، لەو 40 کەسە 7 کەسی دیکە بە بەرهەم ساڵحەوە دەبنە ئەنجوومەنی جێبەجێکردن، کە رۆڵی مەکتەبی سیاسی دەبینێ و بارەگای سەرەکیان لە هەولێر دەبێت، پاشان بارەگای دەڤەرەکان دیاری دەکەن .
پەیامنێری رووداو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دوای ئەوەی لە 27ی مانگی رابردوو مۆڵەتی لە عێراق وەرگرت، خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 12ی ئایار ئامادە دەکەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتووە، بڕیارە سبەی پێنجشەممە 11-1-2018 کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ئەنجام بدرێت ، بە مەبەستی هاوپەیمانییەتی هاوبەشی ئەو سێ حیزبە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک ، موسڵ، دیالە و خانەقین و ئەو ناوچە کوردستانیانەی دەکەونە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ، بەڵام لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هێشتا خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە.






