رووداو - سلێمانی
گوڵفرۆشی یەکێکە لە پیشە نوێیەکان لە سلێمانی و نزیکەی دوو ساڵە گوڵفرۆشەکان لەسەر شەقام و ترافیکەکان دەبینرێن.
حەمید عەلیزادە، یەکێکە لەو گەنجانەی لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووەتە سلێمانی و لەسەر شەقامەکان گوڵدەفرۆشێت. عەلیزادە بەشی ئەندازیاری زانکۆی هەمەدانی تەواوکردووە، بەڵام بەهۆی بێکاری هاتووەتە سلێمانی. وەک خۆی دەڵێ "پێشتر لە شەقامەکانی تاران گوڵفرۆشەکانم دەبینی، بەڵام لە باشووری کوردستان ئەو کارە نەبوو، بۆیە بڕیارمدا ئەم کارە بکەم".
ئاکار کەریم یەکێکی دیکەیە لە گوڵفرۆشەکان، ئەو بەیانیان لە بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکان دەخوێنێت و لە کاژێر 03:00ـی ئێوارەوە تاوەکو 23:00 لە شەقامی سالم گوڵ دەفرۆشێت. بەگوتەی خۆی "ئەوانەی گوڵ دەكڕن؛ زیاتر گەنجەکانن و بەدوای ئەوانیشدا ئافرەتانی بەتەمەن".
نرخی هەر گوڵێک سێ هەزار دینارە، رۆژانە 40 گوڵ لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار