رووداو - سلێمانی
مستەفا موەفەق گەنجێکی تەمەن 32 ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانییە. لە دوای قۆناخی سەرەتاییەوە بەردەوام کێشی زیادی کردووە، تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 300 کیلۆ.
قەڵەویی ژیانی رۆژانەی مستەفای سەختکردووە، بەردەوامیش کێشی لەزیادبووندایە. بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی، لەبەردەم مزگەوتی گەورەی سلێمانی سیواک و تەزبیح دەفرۆشێت.
مستەفا موەفەق لەنێو خەڵکدا خۆشەویستە و بە "دەروێش مستەفا" بانگی دەکەن. هاونیشتمانیان دەڵێت، نزیکەی 20 ساڵە لەو بازاڕەدا کاردەکات.
بەهۆی زۆری کێشییەوە بە زەحمەت دەتوانێت بڕوات، ئێستا لە ژوورێکدا بە تەنیا دەژی. بێجگە لە نەخۆشییەکەی چەند ساڵێکیشە تووشی نەخۆشییەکانی شەکرە و پەستانی خوێن بووە. مستەفا دەشڵێت "ناتوانم بە پاڵکەوتنەوە بخەوم چونکە ئەگەری هەیە بخنکێم".
مستەفا ئاماژە بەوەدەکات، بەهۆی قەڵەوییەکەیەوە لە خۆشییەکانی ژیانی وەک گەنجێک بێبەشبووە. جگەلەوەش دایکی و دوو براکەی پشتیان تێکردووە و ئەوەش هێندەی دیکە دڵی شکاندووە.
بەهۆی قەڵەوییەکەی، وەک خۆی دەڵێت، هەندێکجار بۆ ماوەی کاژێرێک چاوەڕێدەکات و تاوەکو تاکسییەک دەوەستێت و دەیگەیەنێتە بازاڕ. مستەفا دەڵێت، لەم رۆژانەدا بۆ مامەڵەیەک چووەتە هەڵەبجە، سێ تاکسی رۆیشتووە ئینجا چوارەم تاکسی رازیبووە لەگەڵیدا بچێتە هەڵەبجە.
د. هیوا ئەحمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی روونیدەکاتەوە، وەک چۆن کەسێک گوللەی بەرکەوتووە و مەترسی جدی لەسەر ژیانی هەیە، مستەفاش بەهەمانشێوە پێویستە بە کتوپڕی چارەسەری نەخۆشییەکەی بکرێت، ئەگینا گەرەنتی نییە ماوەیەکی دیکە بژی.
داڕشتنەوە: حەکیم داود