رووداو- هەولێر
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێ، تاوەکو یەک کوردی بەشەرەف مابێت نابێت قبوڵ بکات کەرکووک بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ.
مەلا بەختیار ، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چلەی ماتەمینی مام جەلال لە دەباشان رایگەیاند: "هەموو جۆرە سەرکەوتنێکی سەربازی بە پلانگێڕی غروری تێدایە و ئەو غرورەش نابێتە حەقیقەتی سیاسی و ئیداری، باشترین شتیش ئەوەیە کە بگەڕێینەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن و دەستوور، دادوەری هەموو لایەکمان بێت".
عەدنان موفتی: پێویستە کێشەکان بەدانوستاندن چارەسەر بکرێن
عەدنان موفتی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر ئارامگەی مام جەلال بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە هەموو کاتێکدا مام جەلال هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی دەدا. دەبێت ئێستاش لەسەر هەمان رێبازی مام جەلال لەسەر میزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن.
فەریدوون عەبدولقادر: مەترسی گەورە لەسەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکە هەیە
فەریدوون عەبدولقادر سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێ، ئەگەر لایەنە کوردییەکان ناوماڵی خۆیان رێکنەخەن، ئەوا کوردستان رووبەڕووی کارەساتی گەورەتر دەبێتەوە.
فەرەیدوون عەبدولقادر لەمیانی بەرێوەچوونی چلەی مام جەلال لە دەباشان بە رووداوی گوت، مەترسی گەورە لەسەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش هەیە.
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ