رووداو - هەولێر
پەرلەمانی کوردستان یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی پەسندکرد، کە لەلایەن پارتی و گۆڕانەوە دوو پڕۆژەیاسا بۆ ئەو پرسە پێشکەشکرابوون.
بەپێی یاساکە، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامنادرێت، کە بڕیارە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
لە ماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە، کارکردن بە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ژمارە 2ی ساڵی 2017 بەردەوام دەبێت. هەروە دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کار و ئەرکە دارایی و کارگێڕییەکانی بەردەوام دەبێت و لەژێر سەرپەرشتی ئەنجوومەنی وەزیران کارەکانی ئەنجامدەدات.
لە ماددەی سێیەمی یاساکەدا هاتووە، پێویستە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی دوو وەرزی گرێدانی ساڵی یەکەمیدا لەژێر رۆشنایی پێوەرە گشتییە دەستوورییەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بدات.
فراکسیۆنەکانی پارتی، گۆڕان و یەکێتی دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە دا و بە زۆرینەی دەنگ کە 39 پەرلەمانتار بوو پەسندکرا، 15 پەرلەمانتاریش دژی بوون.
فراکسیۆنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە نەدا. یەکگرتوو داوادەکات پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێتەوە. کۆمەڵیش داوایکرد هەڵبژاردنەکەی لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
د.ڤالا فەرید، سەۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "ناوەڕۆکی یاساکە تەنیا پەیوەستە بە هەڵپەساردنی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم. لە ماددەی 1ی یاساکەدا هاتووە، کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نادرێت، یاسای دابەشکرنی دەسەڵاتەکانی بەردەوام دبێت، کە چۆن دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم دابەشکراوە، ئەو یاسایە بەردەوامی دەبێت، واتە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لە کارە گارگێڕی و داراییەکان بەردەوام دەبێت و سەر بە سەرۆکایەتی ئەنجوومی وەزیران دەبێت، لە ماددەیەکی دیکەشیدا هاتووە، لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بڕیار لەسەر چارەنووسی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم دەدرێت بەو شێوەیەی کە هەیە".
ڤالا فەرید گوتی: "دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم لە هەموو کارە کارگێڕی و داراییەکانی بەردەوام دەبێت لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران".